و. موحمهد وهسمان
خەزعەل ماجدی-بڵاوکردنەوەی دارئەلشروق -١٩٩٨
(يەك)
مرۆ لە ھەوڵداندا بۆئەوەی لە ژیان وژینگە(کۆمەڵگە وسروشت و دیاردەکانی) بگات و بتوانێت ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات,بەگشتی بە سێ شێوازی بیرکرنەوەدا تێپەڕبووە:
– بیرکردنەوەی جادوویی و پێوارزانی(السحروالعرافة).
-بیرکردنەوەی دینی .
-بیرکردنەوەی زانستیی ئەزموونەکی.
بیروبۆچۆنەکانی سەبارەت دیاردەسروشتیی وکۆمەڵایەتییەکان و ژینگە, ھەمیشە لەگۆڕان و پەرەسەندن دابووين.
مرۆ (١,٧) ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەرکەوتووە ، لەدوو چاخی بەردینی کۆن(العصر الحجري القدیم) (Paleolithe) (12000-500000 پ.ز) و چاخی بەردینی ناوەڕاست (Mesolithic) (8000– 12000 پ.ز) پ.ز (العصر الحجري المتوسط ) ، ئاستی بیرکردنەوە و باوەڕی لەئاستی جادوو و پێوارزانیدا ( پێشبینکاری ) (السحروالعرافة)بووە ، لەنزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ پ.ز ,لەچاخی بەردینی نوێ (Neolithic) (العصر الحجري الحدیث ) ( 8000 – 5000 پ.ز)و چاخی بەردینی مسین(العصر الحجري النحاسی) (Chalcolithic) ( 5000 -3000 پ.ز) . سەرەتای دەرکەوتنی دین-ئایین بووە .
چاخەکانی پێش مێژوو, مرۆ (٩٩٪)ی ژیانی خۆی لەمێژووی کۆن بەسەربردووە, چاخە مێژووییەکان بەھەمو شارستانییە ناسراوەکانەوە, تەنیا ڕێژەی (١٪)کەیە.
مرۆ بیروبۆچۆنەکانی سەبارەت دیاردەکان و ژینگە ھەمیشە لەگۆڕان و پەرەسەندن دابوون., لەھەموو قۆناغەکانیدا, ھەر لە قۆناخی بیرکردنەوەی جادووییەوە، وەک ئامرازێکی زانین و ھەڵسوکەوت کردن لەگەڵ ژینگە(سروشت و دیاردەکانی) پەیدابووە،بۆئەوەی لێیان تێبگات و بتوانێت ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات..
لەجادووگەریدا، پشتی دەبەست بە دروستکردنی پەیوەندی (نادروست) لەنێوان ھۆ و ئەنجام، ھەر لەم قۆناغەشدا ترس و سام و بەپیرۆزدانان ، گەڵاڵەبوو ، لە ئاگر دەترساو ھەوڵی بندەست کردنی دەدا و ھەوڵی دەدا لێی تێبگات و سوودی لێ ببینێت, بەڵام نەیتوانی ھەموو دیاردەکان بەم ڕێسازییە (منھج) لێکبداتەوە، ناچار ڕێگایێکی دیکەی ھەڵبژارد لە کانگای ملکەچ بوون و رازی کردنی ھێزی پشت دیاردەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو و بە پیرۆزدانان و بەمەزن دانانی دەستی پێکرد، ھەر لە ئافراندنی ئاسمان و زەوی و مرۆڤ دیاردەکانی دیکەوە .
لەجادوودا مرۆڤ خۆی ھەوڵیدەدا ڕەفتار و ھەڵسوکەوت لەگەڵ دیاردە سروشتیەکە بکات و بیگۆڕێت بەھۆی ھێزی خۆی، یا لێکدانەوەی جادوویی بەپێی یاساکانی ھاوشێوەیی و پەیوەندی و لەیێکبەستنی نادروستی ھۆو ئەنجام، واتە خاوەن بیری جادوویی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیاردەکە ھەڵسوکەوتی دەکرد.
بەمجۆرە، مرۆڤ لەھەوڵی بۆ تێگەیشتن و کۆنترۆڵکردن و ھەڵسوکەوت کردن لەگەڵ ژینگە و دیاردە سروشتیەکان بیروبۆچۆنەکانی سەبارەت دیاردەکان و ژینگە دەگۆڕان و پەرەیان دەسەند.
جادوو:توانبەدەرەییەکان(الخارقیات) نییە، ڕێسای ھزری ھەیە ، ھۆ و ئەنجام دێنێتەوە, بەڵام بە نادروستی بە یەکیان دەگەیەنێت. زانای زانستی ئایینەکان (جیسی فریزر) دوو ڕێسا دەستنیشان دەکات بۆ جادوو : پەیوەندی و ھاوشێوەیی.
ئەم یاسایانە زاڵ بوون بەسەر ھۆشی مرۆڤـ،بۆ ماوەی دوو ملیۆن ساڵ ,تا گەیشتە ئەم ئاستە لەبیرکردنەوە و لێکدانەوەی دیاردەکان، جادووگەری, تا کە رێگەی زانین بوو ، تا قۆناخەکانی دیکەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە دروستکردنی لادێ و شار و پەرستگە و پێکھاتنی دین.
لەجادووگەریدا پەیدابوونى ڕێوشوێنەکان (طقوس), ,سەرەتای بیروبۆچوونی مرۆیە سەبارەت ژین و ژینگەی .
ئەم بابەتە پوختەی بیروبۆچوونەکانی د.خەزعەل ماجیدی لەخۆدەگرێت,وەک لە کتێبی (سحر البدایات التکوین فی ریعان فجرە ,دار النایا للنشر,سوریە,٢٠١١),بدایە السحرل ٢٧١-٢٨٨ و بدایە العرافە ل ٢٨٩-٢٩٨,وچەند سەرچاوەیێکی دیکە.
بیرکردنەوەی جادوویی و پێوارزانی
بیرکردنەوەی جادوویی و پێوارزانی (السحر و العرافة),يا پێواردۆزی لەسەر ئەم بنچەنەیە دامەزراوە ، کە مرۆڤ باوەڕی ھێناوە بەوەی ھێزێک لە گەردوون و دیاردەکانیدا ھەیە ، ھێز یا وزەیێک لە گەردوون و سروشت و ژیاندایە ، بەڵام لەبیری خۆی دا شێوەی پێنەبەخشی بوو ، یا چییەتی( ماھة) نەزانی بوو ، بەدوو ڕێگا ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەم ھێزە دەکرد :
١- یا ئەوەتە ھێما و ئاماژەکانی ئەم ھێزەی لێکدەدایەوە ، وەک ئەوەی ئەو ھێزە پەیامی بۆ بنێرێت و ئەو راڤەیان بکات, ئەوەیان پێوارزانی (پێواردۆزی)(پێشبینی کردن) (العرافة)بوو, (پێوار:بزر,نادیار) ، بەڵام جادوو (السحر)پێچەوانەی ئەم پرۆسەیە ، مرۆڤ خۆی وەک خاوەن ھێزێک دەبینی ، دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر ھێز و وزە دەرەکییەکە ، واتە مرۆڤ پەیامی دەنارد بۆ دیاردەکە ، ھەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی دیاردەکەی دەدا ، وەک ، زاڵ بوون بەسەر با ، رووبار ، .. ھتد .
ئەوانەی ئەم توانستەشیان ھەبوو ، ژمارەیان کەم بوو ، ھەبوو ھەر نەیدەزانی خاوەن ئەم توانستەیە تا دەرفەتی بۆ دەڕەخسا بۆ نواندنی . کەواتە ویستی مرۆڤ بۆ کۆنترۆڵ کردنی سروشت ، واتە جادوو. جادووش یاسای تایبەتی خۆی ھەیە :
یەکەم : ھاوشێوەیی (لەیێک چوون ).
دووەم : پەیوەندی (الاتصال) .
بۆ نموونە ، گەر بیویستبایە زیان بەکەسێک, یا شتێک بگەیەنێت ، ھاوشێوەی وی ، بۆنموونە بوکەڵەیێکی دروست دەکرد و زیانی بە بووکەڵەکە دەگەیاند ، باوەڕی وابوو زیان بەو کەسە دەگەیەنێت کە ویستوویەتی زیانی پێبگەیەنێت . بەھەمان شێوە گەر بیویستبا ئاژەڵێک ڕاو بکات ، ھەر وای دەکرد, یا وێنەی دەکێشا ، ئەمە پرۆسەی جادوو کردنە .
ئەم باوەڕەش ساختەیە و لێکدانەوەیەکی ساختە و نادروستە ، لەئەنجامی لەیەک بەستنی بە ھەڵەی ھۆ و ئەنجامە . ئەمەش زانستی ساختەیە .
دووەم : پەیوەندی و تێکبەستەیی ، واتە باوەڕی وابوو گەر شت و دیاردەیێک پەیوەندی ھەبێت بە کەسێک یا شتێک, گەرلەو جیاش بێتەوە (وەک مووی پرچی مرۆڤ) ھەر پەیوەندی دەمێنێت – بە باوەڕی جادووکەرەکە – و کار لەخاوەنەکەی دەکات گەر بسووتێندرێت … یا …
ئەوەشیان تێکبەستنی ھەڵەی ھۆ و ئەنجامە . لەبەر ئەوەی پەیوەستە بە دیاردە و شتی سروشتییەوە ، بەزانستی ساختە داندراوە .
بەمجۆرە جادوو و پێوارزانی (السحر و العرافە) پشت بە باوەڕ بوون بە بوونی ھێز و وزەیێک لە گەردوون و سروشت و ژیان و دیاردەکان دەبەستێت ، بەڵام شێوە و چییەتی دیار نەکردبوو و بەھەڵە ئەنجام ھۆکانی بەیەک دەگەیاند .
پێکھاتەکانی جادوو و پێوارزانی نزیک بوون لە پێکھاتەکانی ئایین :
١-ڕێو ڕەسم (الطقس)
٢-وشە (کاریگەری وشە)
٣-ئەفسانەی کورتی جادوویی
لەبەرانبەردا پێکھاتەکانی ئایین – وەك دينى سؤمەرى- دەوەستن لە :
پێکھاتە سەرەکییەکان:
١- بیروباوەڕ (المعتقد) (Belief)
٢- ئەفسانە (الاسطورە) (Mytho)
٣- ڕێوڕەسم (الطقس) (Ritual)
٤-دیدگا بۆ دوای مردن (الاخرویات) (Eschatology)
پێکھاتە ناسەرەکییەکان :
١- ئاکار و ڕێسازانی (Ethic and jurisprudence) (الاخلاق و الشرائع)
٢- -ژینامەی پیرۆز (السیرة المقدسة) (Holy Biography)
٣-گرۆگەری-کۆمەڵگەری
٤-گیانگەری (سۆفیگەری)و نھێنییەکان( الروحیانیة و الاسرار) (Spirituality and secrets )
مرۆڤ لە چاخە بەردینییەکۆنەکان ، یەکەم شێوەی جادوو و پێوارزانی پەیڕەو کردووە ، زانایان ناویان ناوە بە :
– شێوازی ھاناگەری (فیچیزم (الفتیشیە) (التمائمیە)(Fichisme, (جادووگەری تاکەکەسی ):
ئەم جۆرە جادووە لەسەر بنچینەی ئەم بۆچوونە دامەزراوە, ھاناخواز دەڵێت : ئەو ھێزە گەردوونیەی لە ھەموو شتێک دایە ، کۆ دەبێتەوە لەشتێکی دیاریکراو ، بەپیرۆز دانانی ئەم شتە ، لەوەوە دێت ئەو ھێزە گەردوونییەی تێدایە و لێی دەردەکەوێت وا دەکات تاکانە بێت لەنێو شتانی دیکە ، مرۆڤ دەشێ مایەیێک یا شتێک دروست بکات ھاوشێوەی شتە بنجیەکە پێی دەوترێت هانابەند(نووشتە )(التمیمە) و لەو باوەڕەدایە ئاماژە بێت بۆ شتە پیرۆزە بنجییەکە و پڕبێت لەو ھێزە گەردوونییە .
(هانابەند) (Amulet) (التمیمە) ، بەکارھێنەری لەو باوەڕەدایە زیان و خراپەی لێ دوور دەخاتەوە ، یا تەندروستی باش دەکات ، سەرەتا شتی سروشتی بوون ، بەردی بەنرخ ، یا پارچە داری دەگمەن … ھتد دواتر کە نووسین دۆزرایەوە ، ئەم نووسینە بوو بەو ھێزە جادووییەی لە شتەکان دابوو .
نووشتە دوو جۆرن :
تەلیسم : ئەوەی بەخت و خۆشی دێنێت و بەخت دەکاتەوە . نووشتەی پەناگری (تعویذە) بۆ پاراستن لە مەترسییەکان .
٢-زیندەگەری (الاحیائیە) (گیانگەری – الارواحیە) Animisme -ئەنیمیزم).
بیرو بۆچوونێکی جادوویی کۆن بوو ، لەوباوەڕە دابوو ھەموو شتێکی گەردوون گیانێکی دیاریکراوی ھەیە ، ئەم گیانەش بەشێکە لە گیانی گەورەی لە گەردوون دایە . ھەندێ ھۆزی ئەفەریقی بەم گیانە گەورەیە دەڵێن (مانا) . بەمجۆرە ھێزی فیتشی بوو بە گیان (روح) ، جادووکاران -لەو باوەڕەدابوون- پەیوەندیان لەگەڵ ئەم گیانە دەبەست و خواست و ویستەکانی خۆیانیان پێ جێ بەجێ دەکرد ، بە باوەڕی ئەوان و ئەوانەی باوەڕیان بەم بۆچوونە دەکرد ، بەمجۆرە گوایە کاری توانبەدەر دەکەن و چارە و چاکبوونەوە لەنەخۆشی و زیان گەیاندن بەدوژمنانیان ئەنجام دەدەن .
دواتر شێوەی سێیەمی جادووکاری دەرکەوت :
٣-تەوتەمگەری (الطوطمیة)( Teutemisme):
(جادووگەری بەکۆمەڵ),
بەبیرو بۆچوونی ئەم شێوە جادووگەرییە ، ئەم ھێزە, یا گیانە لە ئاژەڵێک, یا جانەوەرێک, یا مایەیێکی دیاریکراودایە و پەیوەندی خزمایەتی و خوێن لەنێوان مرۆڤ ئەم شتەدا ھەیە واتە ھۆزەکە – لەوباوەڕەدا بوون – لەباپیرە گەورەکەیان ، لەکۆندا ، فیل ، یا تیمساح یا دار کاژ یا فڵانە ئەستێرە بووە و ئەوان لەوەوە کەوتونەتەوە ، بۆیە بەپیرۆزیان دادەنا و بە (تەوتەم) دەناسرا .
بەپێی بیرو بۆچوونی ئەوتەمێتی ، پێویستە ھەموو ئەندامانی ئەو ھۆزە بەھیچ جۆرێک زیان بەم تەوتەمە نە گەیەنن ، ڕێیان پێنادرێت ، گۆشتی بخۆن یا ھەر زیانێکی دی پێبگەیەنن ، ھەتا ئەو تەوتەمەش لەگەڵ ھۆزی دیکە لەڕێیەوە یەکدەگرن ڕێگری دەکرێ لەزیان پێگەیاندنی .
لای سۆمەرییەکان جادووگەری ھەبووە , کاھینە سۆمەرییەکان ،
جادووی چاکەخوازیان دەکرد : نووشتە و دەرکردنی گیانی خراپەکار، کاھینەکان پێیان دەوتن (ئەشیبو) ، ھاوشێوەی پزیشکی گیانی ، یا دەروونی بوو ، کاری پزیشکی جەستەیی تەواو دەکرد ، شاری ئەریدۆ شوێنی بەرایی کاھینانی ئەشیبو بوو ، بیرو بۆچوونەکانیان پەیوەست بوو بە خواوەندی ئاو و پەندگری(حکمە) و جادوو (ئیا) ، خواوەندی ناوەندیی شاری ئەریدۆی سۆمەری بوو .
٤- شامانگەری( الشامانیە ) (Shamanisme)
(جادووگەری دووکەسی)
کاھینی( ئەشیبو )نووشتە وپەناگەری لەمایەی جیاجیا دروست دەکرد ، وەک قوڕ و دارو برونز ، داوی گرێ دەداو ، بووکەڵەی و پەیکەری بچووکی دروست دەکرد ، بۆ زاڵ بوون بەسەر دێوەزمە (تارمايى-شبح) و ئامادەکردنی ئاژەڵی قوربانی ، بۆ پێشکەش کردنی لەبری نەخۆش ، و سوودی لەجنۆکە و شەیتان و خوداوەندەکان دەبینی بۆ کارەکەی وەک : کالا ، سەربازانی جیھانی خواروو ، ئوتوکو, سەرکردەکانی خراپەکاری و چاووزار … ھتد.
جادوو لە مێژووی کۆندا باو بوو ، گرنگیەکی زۆری ھەبوو ، لەدوا کات خزایە نێو ئایینە فرە خواوەندييەکان – وەك ئایین -دينى سؤمەرى- لە ڕێوڕەسمی جیاجياياندا خۆی نواند .