Home / بەشی مێژووی كورد / تەنگ و دەربەندەکانی سەر چەمی قەڵاچوالان و یەکگرتنەوەی لەگەڵ زێی خواروودا

تەنگ و دەربەندەکانی سەر چەمی قەڵاچوالان و یەکگرتنەوەی لەگەڵ زێی خواروودا

نووسینی: فرانسیس م. هاڵی، کە ساڵی ١٩٢١ پزیشکی نەشتەرگەری مەدەنی بووە لە سلێمانی

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

تێبینیی وەرگێڕ

“چەند سەرنجێک لەسەر گەشتێکی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٢١دا”

ئەم گەشتە ساڵی ١٩٢١ پزیشکێکی نەشتەرگەری بەریتانی ئەنجامیداوە، لە کاتێکدا کە لەگەڵ ئیدارەی ئینگلیزدا بۆ کاروباری تەندروستی لە سلێمانی بووە، لە دوای شکستی حکوومەتی یەکەمی “شێخ مەحموود” لەو شارەدا. ئەم پزیشکە بۆ کاری تەندروستی و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر نەخۆشی مەلاریا ئەم گەشتە و گەشتی پێشتریشی کردووە و بە باری هێستر داودەرمانی زۆریشی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ چارەسەری نەخۆشییە باو و بڵاوەکانی ئەو سەردەمە و بەتایبەتی مەلاریا. ئەم پزیشکە لە پاڵ کارەکەی خۆیدا و لە گەڕانیدا بە ناوچەکانی دوکان، کۆیە، ڕانیە، مەرگە، قەڵادزێ، ماوەت و شارباژێڕ سەرنجی خستووەتە سەر ئاڕاستە و رێرەوی ئاوی قەڵاچوالان و ئەو تەنگ و دەربەندانەی پێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لە ئاستی قەشان و ماوەت و تا دەڕژێتە زێی بچووک یان زێی خوارووەوە و، بەراوردی کردووە لەگەڵ ئەو نەخشانەی سوپای بەریتانیا کە تا ئەو دەمە باو بوون و، لەم رووەوە کەموکووڕییەکانی دەست نیشان کردووە و خۆیشی نەخشەیەکی بۆ ڕیرەوی ئاوەکە کردووە. پاشان ئەمە دەکاتە باسێک و سوودی دەبێت بۆ باسێکی تر لە سەر ئەم ناوچەیە کە لە ساڵی ١٩٢٢دا لە گۆڤاری جوگرافیی سەر بە کۆمەڵەی شاهانەی جوگرافیای بەریتانیدا The Geographical Journal – The Royal Geographical Society بڵاوبووەتەوە و دواتر هەر ئەم باسە و وردەکاریی ئەو گەشتە لە ژمارە (٢)ی بەرگی LXXXVI ساڵی ١٩٣٥ هەمان گۆڤاردا بڵاوبووەتەوە. ئەم باسە لە کاتی خۆیدا خزمەتێکی باشی بە سوپای بەریتانیا و ئیدارەی ئینگلیز کردووە لە سلێمانی و بۆ ئێستای ئێمەش خزمەتێکی باشە بە ئەرشیف و مێژووی وڵاتمان، کە تا ئێستاش یان نانووسرێتەوە یان هەر بە نیوەچڵی شتێکی لێ هەڵدەکڕووزێنین. منیش لە ناو هەندێک سەرچاوەی لای خۆمدا کە چاوم بە گۆڤارەکەدا خشاند و ناوی “قەڵاچوالان” سەرنجی راکێشام، پاش خویندنەوەی بەپێویستم زانی بیکەمە کوردی و بە دڵنیاییەوە لە سوود بەدەر نابێت و هەر هیچ نەبێت هەستێکمان لا دروست دەکات کە پەڕۆیەک لەوان دابدڕین.

تێبینیی گۆڤاری جوگرافیی کۆمەڵەی جوگرافیای شاهانەی بەریتانی

The Geographical Journal – The Royal Geographical Society

لە گۆڤاری جوگرافیی شاهانەی بەریتانیی ژمارەی شوباتی ١٩٢٢دا (بەرگی ٥٩، ل ١٤٦) ئێمە تیبینییەکمان بڵاوکردەوە لەبارەی “ڕاستکردنەوەی نەخشەی لەشکری دیجلە لەسەر دەڤەری زێی خواروو” بە پشتبەستن بە نامەیەک لە بەڕێز “سی. سی. گاربێت”ەوە، لە سکرتاریەتی عێراق، کەوا کورتەیەکی ڕاپۆرتی پزیشکی نەشتەرکاری مەدەنیی سلێمانی لە ٢٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٢١ بۆ ناردووین بێ ئەوەی ناوی بهێنێت و ئەمەی خوارەوەی تێدایە ” بە شێوەیەکی تایبەتی ئاڕاستە و رێڕەوی ڕاستەقینەی ڕووباری قەرەچۆلان دەستنیشان کراوە بە T.C. 230 کەوا ئاڕاستە و ڕێڕەوەکە بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ زێدا لە چوارگۆشەی A. A. 4 (B)، بەڵام ڕاستییەکەی ئاڕاستەی رێڕەوەکەی بەرەو باکوورە و یەکگرتنەوەکە لە چوارگۆشەی A. A. 7 (A) و نزیکەی پەنجا میل زیاتر لەسەرەوەی ڕێڕەوی زێیە و ناوچە شاخاوییەکانی ماوەت دەبڕێت بە چەند دەربەند و تەنگی هێجگار قووڵ و سەختدا تێدەپەڕێت”.

نامەکەی بەڕێز گاربێت هیچ نەخشەیەکی لەگەڵ نەبوو تا چەند مانگێک لەمەوبەر، کە لەسەر داواکارییەک بۆ نەخشەکە و بە پێویستیی ئەوەی کە دەستمان بکەوێت، نامە و نامەکارییەکە سەری بۆ ئەوە کێشایەوە کە ناوی نووسەری ڕاپۆرتەکەمان بۆ ئاشکرا ببێت، کەوا ئێستا لە هندستانە و ڕەزامەندیی دەربڕیوە داوای باس و خواسی ئەم دۆزینەوەیەی لێبکەین و وا ئێستا بە خۆشحاڵییەوە بڵاوی دەکەینەوە. ئەو ناوچە بەرفراوانەی نەخشەکەی مستەر هاڵی گرتبوویەوە ئێستا بە پێوەرێکی نیو ئینج ڕووپێویی کراوە و نەخشەکە (خەریتەکە) لە لایەن بەشی ڕووپێویی ئێراقەوە بڵاوکراوەتەوە و بەزەروورەت جێگەی ئەو نەخشە سکێچەی گرتووەتەوە کە لەو کاتەدا دروستکراوە و ئێستا بەتاڵ کراوەتەوە. ئێستا ئێمە کۆپییەکی فۆتۆستاتمان لە نەخشە بنەڕەتییەکە گرتووەتەوە (فۆتۆستات واتە ئامێری لەبەرگرتنەوە بە وێنەگرتنی فۆتۆگرافی – وەرگێڕ) کە دۆزینەوە بنەڕەتییەکەی بەڕێز هاڵی دەردەخات لەبارەی تەنگ و دەربەندەکانی قەرەچۆلانەوە (یان بە شێوەیەکی ڕاستتر بڵێین قەڵاچوالان). ڕێنووسی ناوەکان لە پەیپەرەکەی بەڕێز هاڵیدا هاوشێوەی نەخشەکانی ڕووپێویی ئێراق کراوە. رێنووسەکە گەلێ جیاوازە لەوەی کە لە شیتەکانی پێشتری ڕووپێویی هندستاندا بەکاردەهێنرا. ئەو ناوانەی کە لە لایەن بەڕێز هاڵییەوە بەکارهاتوون و لەسەر نەخشەی عێراق دەرنەکەوتوون بە خەتی لار italic چاپکراون، چونکە پێدەچێت کە لە هەندێ حاڵەتدا ڕەنگدانەوەی فۆنەتیکی گۆکردنی ناوچەیی بن وەک لەوەی دەقاودەق گواستنەوە بن لە وشەی نووسراوەوە. ئەم سەرنج و تێبینیانە پەیوەندییان بە گەشتێکەوە هەیە کەوا نووسەر ەنجامیداوە، کاتێ کە پزیشکی نەشتەرگەری مەدەنی بووە لە سلێمانی یان دەڤەری باشووری کوردستان و دواتر لە ساڵی ١٩٢١دا لەگەڵ عێراقدا بوو بە خاکی ماندێتکراو (ئینتیداب).

دەقی نووسینەکەی فرانسیس م. هاڵی:

ئەم ناوچەیە لەو دەمەدا کە من لە بارەیەوە دەنووسم لە لووتکەی شاخەکانی خوار ڕەواندزەوە درێژ بووەتەوە، کە زنجیرە چیاکانی Gurmanjan Gedik Nuchewan لە باکووریەوە بەرەو ڕووباری سیروان لە باشوورەوە و لە سنووری وڵاتی فارس لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوای گوندی چەمچەماڵ بنکە و بارەگای حاکمی سیاسی لە سلێمانی بوو. ئەو ناوچەیەی دەکەوێتە جوغزی ئەم گەشتەوە بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە، کە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان هەردوو مەملەکەتی ئاشوور و میدیا بووە یان خاڵی جیاکەرەوەی قەڵەمڕەوی شا و سوڵتانە و لە ئێستادا عێراقە. زاگرۆس، کواتراس، زارا، زاراسپە ناوی جۆراوجۆری ئەو زنجیرە چیایەن کە هەردە و تەپۆڵکەی بانی ئێران لە دەشتاییەکانی دیجلە و فورات جیادەکاتەوە، کە لە چەرخ و ڕۆژگاری کۆنەوە ناسراوە و ئەمڕۆ ناوێکی هاوبەشیان نیە. لە ئارگۆت داغ و قەندیل داغەوە لای باکوورەوە بۆ هەورامان داغ و دەربەندی تاقی گڕەوە Tak – i – Girreh لە باشوور. زنجیرە چیاکە ناوی جیاجیای ناوچەیی وەردەگرێت لەو گوندانەوە کە نزیکیەتی یان هەندێک لە لووتکە بەرز و ناودارەکانی. زنجیرە چیاکان یەکبینە لە باکووری ڕۆژئاواوە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات دادەکشێن و بە شێوەیەکی سروشتیش دۆڵ و شیویان تێدەکەوێت.

ئەو نەخشانەی کە لەو کاتەدا بەردەست بوون ئەوانە بوون کە لە لایەن سوپاوە بەکاردەهاتن لە هێرشی میزۆپۆتامیادا و ئاستی تۆکمەیی و وردەکارییان جیاواز بوو. سنووری نێوان وڵاتی فارس و ئێراق بە روونی دیاری کرابوو لە لایەن کۆمیسیۆنی سنوورەوە لە ساڵی ١٩١٣دا و ئەو ناوچانەش کە پەیوەندییان بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە هەبوو لە لایەن کارتۆگرافەرە تورکی و بەریتانییەکانەوە (داڕێژەرانی نەخشەکانی سنوور) ئاگاداری دەدرا. لە نێو ئەمانەدا گەلێ بۆشایی هەبوون کەوا شوێنی گوندەکان و شوێنە سرووشتییە دیارەکانی تێدا دەستنیشان دەکرا بە پێی زانیارییەکانی ناوچەکە و گێڕانەوەی ئەو گەڕیدانەی بە وڵاتەکەدا تێپەڕیبوون، بەڵام گێڕانەوە جۆراوجۆرەکانیان بەیەکەوە گرێدراو نەبوون و بچڕبچڕ بوون. ناوە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی شاخ، ڕووبار، ڕاڕەو یان دۆڵ و شیو، چۆڵکردنی هەندێک گوند و پەیدابوونی هەندێکی تریان ڕێگر بوون لە دروستکردنی نەخشەی ڕێکوپێک و تەگەرەیان دەخستەڕێی. نەبوونی بایەخی بازرگانی و باری ناسەقامگیری ناوچەکە وایکردبوو کە ڕووماڵ و ڕووپێوییەکی تەواوی دەڤەرەکە مەحاڵ بێت بێ دەستێوەردانی سەربازی و بەم ڕەنگە نەخشەکانمان هەردوک زانیاریی نوێ و ئەوانەشیان تێدابوو کە دەگەڕایەوە بۆ ڕۆژگاری چێسنی، ئەینسوێرس، لایارد، ڕیچ، لینچ و گەڕیدەکانی تری سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم. گەشتەکە لەم گێڕانەوەیەدا باس لە بەدواداچوونی بەراوردکاریی تووشبوون بە نەخۆشیی مەلاریا دەکات لە نێوان گوندەکانی چیا و دۆڵەکان و ئەوانی دەشتاییەکاندا. من گەشتەکەم لە سلێمانییەوە بە سواری ئەسپ دەستپێکرد و بە ئۆتۆمبیلە رێیەکی تاڕادەیەک باشدا ماوەی نزیکەی ٤٥ میلم بڕی بە سەر ناوچەیکی بەرز و نزمدا بەرەو دوکان لەسەر زێی خواروو. ڕێگەکە لە دەسپێکەوە بە دۆڵی تانجەرۆدا هەڵکشا و لە نزیکەی نیوەی ڕێگا لووتکە شاخی پیرەمەگروونمان هاتەڕێ، کە بەرزییەکەی دە هەزار پێ دەبێت و لە سەر زنجیرەیەکە مل بەرەو ڕۆژهەڵات دەنێت. کاتێ کە لە چەمی تابین دەپەڕیتەوە دۆڵی سوورداشت دێتەڕێ کە بەرەو باکوور دەکرێتەوە و ڕێگەکە بە ناو تۆقەڵە داربەڕوو و باخە گوێزدا تێدەپەڕێت.

بەرەو ڕۆژهەڵات هەوراز و نشێوی سەختی زنجیرە چیاکانی سورداش بەردەوام دەبێت و لێرەدا شوورەیەکی نیمچە بازنەیی و پاشماوەی قەڵا و قایمکارییەکی سەردەمی بابان بە ڕاسەری گوندێکی پیس و ناقۆڵا دەردەکەوێت کەوا چیاکان ناوەکەیان لێوە وەرگرتووە کە ئەویش سورداشە. دواجار لێژاییەکی تووش و سەخت بەرەو چەمی زێی خواڕووت دەبات، کە بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەکرێتەوە و لە ئاسۆشەوە بە لێژایی و کەندەڵانەکانی دەربەندی شێخ سمایل دادەخرێت. ئەوجا بە ئاڕاستەی باکوور و ڕۆژئاوا لەوبەری ڕووبارەکەوە قەدپاڵی چیا و گردەکان بە دارستان داپۆشراوە، بەڵام لووتکەی ڕووتەنی چیای کۆسرەت داغ کە بەرزییەکەی شەش هەزار پێیە زۆر بە زەقی دەردەکەوێت. هەروەها لە ڕۆخی باکووری زێوە کەلاوەی قەڵایەک لە سەر بەرزاییەکە و بە ڕاسەری لێژاییەکی زۆر تووش و سەختەوەیە و پێی دەڵێن قەڵای دوکان، کە پاشماوەیەکی دەسەڵات و قەڵەمڕەوی بەگەکانی ڕەواندزە (لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا). هەڵبەت کارێکی نابەجێ نیە کە وایدابنێیت ئەمە ئەو هێڵە دێرینەی ڕێگەی شاهانەی وڵاتی فارس بووبێت لە سوسەوە بۆ سەردیس، لەو بەشەی نێوان ئەربیل (ئەربیلا) و دەربەند و ڕاڕەوەکانی زاگرۆسدا (لە ڕۆژهەڵاتی قەسری شیرینەوە). وا دێتە بەرچاو ئەمە تاقە ڕێگەی ئاسان و سروشتی بێت لەم دەڤەرەدا و پاشماوە و شوێنەواری پردە کۆنەکان و بوونی ژمارەیەکی زۆر گرد و تەپۆڵکەی دەستکرد بەڵگەن بۆ بوونی هێڵێکی زۆر کۆنی پەیوەندیکردن و رەنگە مەوداکەی لە هەولێرەوە بە کۆیسنجەقدا تێپەڕیبێت و لە نزیک دوکانەوە لە زێ پەڕیبێتەوە و پاشان بە دۆڵی سلێمانیدا بەرەو دەشتی شارەزوور تێپەڕیبێت لە باشوورەوە (کە ئەمە سیازورۆسی دێرینە، کەوا مەڵبەندی پێشتری ئاگرپەرستیی ساسانییەکان بووە و پڕە لە گرد و تەپۆڵکەی دەستکرد و کێلی بەردینی سەر گۆڕەکان) و ئەوجا بە قەراخ ڕووباری سیرواندا بەرەوخوار بووەتەوە بۆ دیالە و بە دەربەندی تاقی گڕە و Tak – i – Girreh دەروازەی زاگریکای Zagricae نزیک حەلواندا تێپەڕیوە.

لە دوکان، کە گوندێکی دە دوانزە ماڵییە و دەکەوێتە سەر ڕۆخی چەپی زێکەوە، پەڕینەوە بە هۆی کەڵەکەوەیە (چەند لقە دارێکە بەسەر پێستی ئاژەڵی فوودراوەوە) لە کاتی لافاودا، یان بە پێ دەپەڕنەوە لە بوار و شوێنە تەنکاوەکاندا. ئێرە شوێنێکی زۆر پیس و پڕ لە ئەسپێ و مێروو بوو، من هەمیشە لە گەشتدا خۆم لێ لادەدا و وام پێباشتر بوو لە ڕووبارەکە بپەڕمەوە و لە ماڵە پاک و خاوێنەکەی کوێخا مستەفای میوانپەروەردا بخەوم (کوێخا واتە سەرۆک) لە گوندی گوڵنێسی Gulnesi. بەهەرحاڵ، پەڕینەوە هیچ وەختێک کارێکی زە‌حمەت نەبوو، چونکە قووڵیی ئاوەکە هەر تەنها دوو پێ دەبوو و ڕاستییەکەی من لێڤییەکی سوارەی کوردم بینی لە ئاوەکە پەڕییەوە بێئەوەی ئاوزەنگییەکەیشی تەڕ ببێت. بەڵام دەبوو بە کەمێک ئاگاییەوە بپەڕیتەوە ئەوبەر چونکە لافاو هەندێ شوێنی دڕیبوو و چاڵ و چۆڵیی تێخستبوو، بۆیە دەبوو رێنمایەک لە پێشتەوە بە پێ بدات لە ئاوەکە. سەعاتە ڕێیەک بە سواری بە لاپاڵە خز و ترسناکەکانی هەیبەت سوڵتان داغدا دەتگەیەنێتە گوندە دوورەدەست و ئارامەکەی گوڵنێسی، کە لە شیوێکی قووڵی پڕ لە کێڵگە و مەزرای سەوزە و باخ و باخاتدایە و جۆگە ئاوێکی بچووکی بەلادا تێدەپەڕێت. شۆڕبوونەوە بۆ دۆڵی گوڵنێسی بە سەر تاوێر و چینە بەردی خز و هەڵوەریوی لاپاڵەکەدا بە ڕۆژی ڕووناکیش قورس و پڕ لە مەترسییە و کە تاریکیش داهات ئەوە خراپتر. لە بۆنەیەکی پێشتردا کە درەنگ گەیشتم، یەک لە هێسترە بارهەڵگرەکانم کە بە دەرمان بارکرابوو قاچی خزا و بەرەوخوار هەڵدێرا و لە تاریکیدا لە چاو ونبوو، هێسترەوانەکەش کە جڵەوەکەی گرتبوو لەگەڵیدا گلا. لە تاریکیی بنی شیوە قووڵەکەوە دەنگێکی سامناک دەهات و من پێشبینیی ئەوەم دەکرد کەوا بڕێکی زۆری ئەو دەرمانانەی لەگەڵ خۆم بردبوون فەوتاون، وەک کەنین و خوێی ئیپسۆم و حەبی ڕەوانی. بەڵام کاتێ گەیشتمە ئاقاری گوند تەماشام کرد هێستر و هێسترەوانەکەش و بارە دەرمانەکەش بەتەواوی سەلامەتن و سەیر ئەوەبوو کە تەنها زیان ڕووشانی سمت و کەفەڵی هێسترەکە بوو سەرباری ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی دووسەد پێ بەرەوخوار خزابوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر توانیبووی هاوتایی خۆی ڕابگرێت. بۆ سبەی بەیانی بە سواری بە دۆڵەکەدا هەڵکشام بەرەو شانی خوارووی چیای کۆسرەت، کە لە دەشتی ڕانیە جیای دەکردمەوە و پاش هەڵکشانی نزیکەی سەعاتە رێیەک بۆ سەر لووتکەکەی دیمەنێکی هێجگار جوان و دڵڕفێنم هاتە بەرچاو لە ڕۆژهەڵات و باکوورەوە. لە خوارەوە دەشتاییەکی گەورە چاو دەکەم کە زێ پێچاوپێج دەیبڕێت و ئەویش دەشتی بیتوین (یان ڕانیە) لە باکوورەوە و دەشتی مەرگە لە باشوورەوە. لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتیشەوە تەنگی دەربەندی ڕانیە دەبینرێت لەگەڵ ئەو هێڵەی ئاسۆس داغدا کە لە خوارووی تۆقەڵە چیای کورکوت داغەوە کۆتایی دێت و هەندێک دوورتر بەرەو ڕۆژهەڵات زنجیرە چیای زەبەلاحی قەندیل داغ دەبینرێت (کە دە هەزار پێ بەرزە) لەگەڵ چیاکانی سنووری وڵاتی فارسدا. لەوێوە بەرەوخوار داکشام تا گەیشتمە دەشتەکە و لەوێوە بە شیوێکدا کە بەرەو زێ دەڕۆیشت چوومە گوندی میرزا ڕۆستەم کەوا کەڵەکێکی لێبوو بۆ پەڕاندنەوە لە زێ. ئەم گوندە بەناوێ بوو بۆ پیسی و مێروو و مێشوولەی لەو جۆرەی کە من بەدوایدا دەگەڕام.

لە نەخشەی کۆمەڵەی جوگرافیای شاهانەدا لەمەڕ تورکیای ئاسیایی و سووریا و ڕۆژئاوای وڵاتی فارسدا، کە لە ساڵی ١٩١٧دا دەستکاری کراوە و ڕاستکراوەتەوە، ڕووباری قەڵاچوالان، کە جێی بایەخی ئەم پەیپەرەیە، بە هێڵی خاڵ خاڵ دیاری کراوە کە بە دەشتی مەرگەدا تێدەپەڕێت و ڕێک لەوبەری گوندی میرزا ڕۆستەمەوە دەڕژێتە زێوە و ڕاست لە پشتی ڕاڕەوی شێخ سمایلەوە و لە چیاکانی پشتی سوورداشەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام لەڕاستیدا ڕووبارێکی قەوارە ئاسایی بەرچاو نەدەکەوت و دواتر کە بە سواری لە ناوچەکەدا سووڕامەوە لام بەرجەستە بوو. بەهەرحاڵ، من لە بەری ڕاستی زێوە بەردەوام بووم لەسەر ڕۆیشتن بە نێو دەشتە پڕ گژوگیاکەدا و لە تەنکاوێکی چەمی بەسەڵام Basalam پەڕیمەوە و بە هەردوو گوندی قوڕەشینە و بازمووسیاندا گوزەرم کرد و لای ئێوارە گەیشتمە بارەگای جێگری حاکمی سیاسی، کەوا کەپرێکی تازە دروستکراوە و دووسەد یاردە لە ڕێگەی ڕانیەوە دوورە. جێگری حاکمی سیاسی بە تاقی تەنها لێرە دەژی و نەوەد میل لە سلێمانییەوە دوورە کە بارەگای سەرەکیی حاکمی سیاسی لێیە و بنکەکەی ئەم لێرە بە تەنها پێکهاتووە لە ماڵەکەی، ئۆفیسێک لە لای خواری گردەکەوە، شوێنی نیشتەجێی کارمەندانی پێویست و بنکەیەکی بچووک بۆ لێڤییەکان. ئەم هەندێک جار بەزمی راوە بەرازی کێوی رێکدەخات لەگەڵ خەڵکی خێڵەکیی ناوچەکەدا و بەرازەکان لە ژاژ و بێشەڵانەکانی چەمی بەسەڵام دەردەپەڕێنران و بە ئەسپەوە شوێنیان دەکەوتن و هەر لەسەر زینەوە تەقەیان لێدەکردن. لەم ڕاوە بەرازانەدا دەسکەوتی باش بەدەست دەهات. پیاوە کوردەکان لە مەیدانی ڕاودا زۆر خێرا بوون بەڵام زۆر دەستیان ڕاست نەبوو.

تەنگی دەربەند (مەبەستی دەربەندی ڕانیەیە کە هەر بە کوردییەکەی نووسیوێتی – و) زۆر بەرتەسکە و پێیدا تێپەڕبوون زەحمەتە و بەڵام خۆشبەختانە درێژییەکەی تەنها سەد و پەنجا یاردە لە مابەینی زنجیرە تیغ ئاساکانی ئاسۆس داغدا. کەمێک لە ڕۆژئاوای ڕاڕەوەکەوە پاشماوەی قەڵا و قایمکارییەکی دێرین هەبوو، بەڵام هی چ سەردەمێک بوو ئەوە دەستنیشان نەکراوە و ئەستوور و تۆکمە بووە. لە ترۆپکی ئەو شاخ و بەرزاییانەوە کە بە ڕاسەری ڕاڕەوەکەوە بوون دیمەنی زۆر ژوان و سەرنجڕاکێش بوون، لە هەردوو بەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دەشتەکانی پشدەر و ڕانیەدا. دەشتی ڕانیە بەناوبانگە بە بەروبوومی تووتن بەڵام زۆر بە خراپی ناوی ڕۆیشتووە لەبارەی نەخۆشیی مەلاریاوە. لەو ماوەیدا کە لێرە مامەوە بە سواری چووم بۆ گوندی ڕانیە کە نزیکەی حەوت میل لە باکووری دەربەندەوەیە. گوندەکە، کە دەکەوێتە بنی گردێکەوە، زۆر پیس و ناخۆشە و مەلاریا تەنگی پێ هەڵچنیوە. بە ئاڕاستەی باکوور دۆڵ و شیوە پڕ لە دارستانەکانی ناوچەی شاور بەرەو کەندەڵانی گەرووی مەنجەڵ هەڵدەکشێن کە دەکەوێتە سنووری ناوچەی ڕەواندز کە لە ژێر دەسەڵاتی تورک یان خێڵەکانی سەر بە تورکدایە و ڕێگایەکی پێچاوپێچی سەخت و هەڵەت لە بەرزایی شەش هەزار پێوە بەرەو دۆڵەکانی ڕەواندز دەچێت. ئەو گوندانەی دۆڵی شاور کە من لە ساڵی ١٩٢١دا سەردانم کردوون بە جوانی کەوتبوونە نێو دارستان و باخ و بێستان و لاپاڵە تەڵان تەڵانەکانی تووتن و کشتوکاڵی تر. تووتنی شاور ناوبانگێکی ناوچەیی زۆر بەرزی هەیە و بۆن و بەرامێکی سروشتیی تایبەتی هەیە.

ئێمە (واتە جێگری حاکمی سیاسی و من) بۆ ڕۆژی دواتر بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات ڕۆیشتین بۆ سەردانی بابەکر ئاغای سەرۆکی کوردە پشدەرییەکانی قەڵادزێ، لە دەشتی پشدەری ڕۆژهەڵاتی دەربەندی ڕانیە. لە دەروازەی ئەو ڕێڕەوەوە کە زێی لێوە سەرچاوە دەگرێت قەڵایەکی بەردینی نیمچە ڕووخاو هەیە و ئێمە پاش تێپەڕاندنی ئەو قەڵایە نزیکەی سەعات و نیوێک بە سواری ڕۆیشتین و گەیشتینە قەڵادزێ، کەوا گوندێکی بچووکە لە بنی گردێکدا. بابەکر ئاغا بەوە ناسراوە کە پیاوێکی باشە و دڵسۆزی حکوومەتە و ئەم خەسڵەتە تاڕادەیەک لە ناو کورددا دەگمەنە. ئەم پیاوە بە شێوەیەکی هەمیشەیی چاوی چەپی داپۆشیوە و کەس نازانێت نەخۆشییە یان برینە پێوە، بەڵام من دەنگۆیەکم بیستووە کەوا لە گەنجیدا گرەوی لەگەڵ کەسێکدا کردووە و شتێکی زۆر قورسی هەڵگرتووە کە بووە بە هۆی تەقینی دەماری خوێن لە چاویدا. لە لای ڕۆژهەڵاتەوە شاخەکانی سنوور دەوری دەشتی پشدەریان داوە و ڕێڕەوی وەزنەیان پێدا تێپەر دەبێت بەرەو وڵاتی فارس. هەردوک وەزنە و کێلەشین کە لە ناوچەی ڕەواندزن وا باسیان لێوە دەکرێت کە ئەو ڕێرەوە بن گوایە هیراکلیۆسی (هەرقەل – و) ئیمپراتۆری بیزەنتی لای دەریاچەی ورمێوە پێیاندا تێپەڕ بووبێت بۆ شەڕی نەینەوا لە هێرشی سێیەمیدا دژ بە فارسەکان (٦٢٦ – ٦٣٧ پ. ز). ئەمە هەردوکی ڕێی تێدەچیت، بەڵام ڕێڕەوی کێلەشین و دۆڵ و شیوەکانی زێی گەورە ڕاستەوخۆتر و گونجاوترن لەگەڵ گێڕانەوە هاوچەرخەکاندا. بەم پێیە، تێپەڕبوون بە رێڕەوی کێلەشین، ڕەواندز (ئۆراڤا)، ئاسکی کەڵەک (یان گردەمەک) لە بوارەکانەوە یان بە کەڵەک بووە بۆ نەینەوا. من بە سواریی ئەسپ بەم ڕێڕەوەدا تێپەڕیوم و پێموایە گونجاو بووە بۆ گوزەرکردنی لەشکرێکی راهاتوو بە باری شەڕوشۆڕی سەختی وەک لەشکرەکەی هیراکلیۆس. پاشان بە سواری قەڵادزێمان بەجێهێشت بە نێو ناوچەیەکی پڕ لە دارستاندا و بە گوندی دەشتێودا تێپەڕین کە شوێنی رەسەنی بەگزادەی پشدەر بوو (واتە سەرۆک خێڵ)، کەوا گۆڕستانی بنەماڵەکەیانی لێبوو و لەوێوە پاش ڕۆژێکی درێژ و پڕ لە ماندووبوون بە سنووری وڵاتی فارسدا گەیشتینە گەرەماوە، کە گوندی “عەباسی سەلیم ئاغای برای بابەکر”ە. لێرەدا دەبێت سەرنجی ئەوە بدرێت کەوا عەشیرەتی پشدەر پەیوەندییەکی پتەویان هەیە بە هەردوو دیوی سنوورەوە و بەشێکیشیان بە شێوەیەکی جێگیر لە وڵاتی فارس نیشتەجێن و بەشێکی زۆریشیان لەمدیو لە مانگەکانی هاویندا ڕوو دەکەنە چیاکانی وڵاتی فارس و وەک خۆیان دەڵێن دەچنە کۆهستان (کوێستان – و) یان ناوچە سارد و فێنکەکان. لە ڕۆژئاوای رێڕەوەکەمانەوە کە دەکەوتە نێو دۆڵەکانەوە چیاکانی ئاسۆس داغ و کوڕکوڕ داغ هەڵکشابوون (٦٠٠٠ پێ) لەپشتی دەربەند و تەنگە قووڵەکانی زێوە. لە یەکێک لەم شیوانەدا کە لە چایخانەیەک لاماندا بۆ چای خواردنەوە (واتە دوکانی چای خواردنەوەی سەر ڕێگا)، هەر بۆ کەیف و خۆشیی ئێمە شەڕە سەگێکیان سازکرد لە نێوان دوو سەگی رکابەری پاسەوانی رانە مەڕەکانی ئەو نزیکانەدا. سەگەکان زۆر زل و دڕ و تیسک درێژ بوون، بەڵام هەرچەندە ئەوان بە چاکی و بوێرانە شەڕیان دەکرد کەچی دیمەنەکە بە هیچ شێوەیەک مایەی خۆشحاڵی نەبوو بۆ کەسێکی وەک من کە سەگی خۆشدەویست و لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان زۆر کەیفیان پێدەهات و بە شێوەیەکی تایبەتی چێژیان لێ وەردەگرت.

پێش ئەوەی بگەینە گەرەماوە Garamawa “عەباس ئاغا” بە یاوەریی هێزێکی بەرچاوی سوارە لە پێشوازیماندا بوون و بە ناوچەیەکی سەخت و هەڵەتدا یاوەرییان کردین بۆ گوندەکەی خۆی، کەوا کەوتبووە شیوێکی پڕ مەزرا و باخ لە ئاوڕێژی چیای زەردکە داغدا Zerdka Dagh کە ٤٧٠٠ پێ بەرز بوو لای ڕۆژهەڵاتەوە، کە سنووری وڵاتی فارس پێکدێنێت. ئەم نیشتەجێیەی عەباس مەڵبەندێکی ئەریستۆکراتی بوو کەوا مۆرکی هەڵسوکەوتێکی نەرم و نیان و نەریتی وڵاتی فارسی هەبوو وەک لەوەی سەرۆکێکی کوردی ئاسایی بێت. ئێمە لەسەر کورسیی دارینی کەوانەیی نەمسایی دانیشتین و بە چەقۆ و چەتاڵ لەسەر خوانی نانخواردن بەکارهێنا، کە پڵاوێکی هێجگار بە تام و لەزەت بوو، لە هەمان کاتیشدا بە سەرسوڕمانەوە لە دیوارەکانمان دەڕوانی کە وێنەی رەنگاوڕەنگیان پیادا هەڵواسرابوو، وەک دیمەنی جەنگی ڕووس – تورک و پۆرترێتی سوڵتان و خاوەن شکۆی ئێمە شا ئێدواردی حەوتەم و نەوەکانی شاهانەی. لە پشتی گوندەوە رەزە ترێی نێو تەڵانەکان بە لاپاڵەکاندا هەڵکشابوون بەرەو لووتکە ڕووتەنەکانی گرد و چیاکان. پاشان لە شوێنێکی تەختکراوی نزیک بە کانیاوێک و لە ژێر سیبەری کۆمەڵە دارێکی کۆندا و دوور لە بێزارکردنی مێشوولە بە ئارامی خەومان لێکەوت. هەڵبەت عەباس ئاغا کە زەوییەکی زۆری لە خاکی کوردستانی باشووری بەدەستەوەیە، سەر بە حکوومەتی وڵاتی فارس بوو چونکە بەشی زۆری مڵکەکانی دەکەوتە ئەوێوە و گەرەماوەی نیشتەجێشی رێک دەکەوتە سەر سنوور، ئەگەرچی ئەو جەختی لەسەر دەکردەوە کە بە دیاریکراوی لە وڵاتی فارسدایە.

بۆ ڕۆژی دواتر، بە یاوەریی عەباس سوار بووم و بەرەوخوار بوومەوە بە لاپاڵی جوانی بە دارستان داپۆشراوی چیای تاڵش داغدا شۆڕبوومەوە بۆ سەرچاوەکانی سەرەوەی ئاوی زێی خواروو، کە لێرەدا بە شیوێکی قووڵی نێو چیاکاندا دەڕوات کە بە دارستان داپۆشراون. ئەوجا بۆ لای ڕۆژئاواوە زێ یەکسەر بەرەو باکوور پێچدەکاتەوە بە ناو تەنگ و دەربەندە زەبەلاحەکاندا بە درێژایی ڕۆژهەڵاتی بنی تۆقەڵە شاخی بەرز و هەزار بە هەزاری کوڕکوڕ داغ، کە بە شێوەیەکی دیار زاڵ بوو بە سەر ئەو ناوەدا. کاتێ گەیشتینە ڕووبارەکە تەماشا دەکەم عەباس ئاغا پردی تایەتی دووبارە دروستکردووەتەوە .Pirt – i – tyet پێکهاتەی پردەکە بریتی بوو لە کۆڵەکەی بەردی زل زل و سەرەوەشی بە داری ئەستوور دارەڕا کرابوو، پاشان چەپوڕاست لقەداری خرابووە سەر. من وا تێگەیشتم کەوا ئەم کارەی بۆ خێر کردووە و بۆ بەخشینی گوناحێک ئەگەر کردبێتی. من لەم شوێنەدا کە زێ بووبوو بە سنوور دۆعاخوازیم لە “عەباس” کرد و بەدرێژایی قەدپاڵە بە دارستان داپۆشراوەکاندا بەرەوخوار بوومەوە بۆ ناوچەی ماوەت کە دەکەوتە شوێنێکی بەرزی ڕاسەری ڕووبارەکەوە. لێرە لە دامێنی گوندی عیسا ئاواوە بە روونی تێکەڵبوونی ئاوی قەڵاچوالان لەگەڵ زێدا دەبینرێت کە پێشتر بەتەواوی شوێنەکەی دەستنیشان نەکرابوو. ڕووباری قەڵاچوالان بە دیاریکراوی لە باشوورەوە سەرچاوە دەگرێت و بەرەو باکوور پێچدەکاتەوە تا دەڕژێتە زێوە. ئێمە لە ڕیکردن بەردەوام بووین بە نێو گرد و چیا بە دارستان داپۆشراوەکاندا و بۆ لای ئێوارە گەیشتینە ماوەت و لەوێ شەو لای مودیر ماینەوە (مەبەستی بەڕێوەبەری ناحیەیە – و). بارەگاکەی بەڕێوەبەر هێند هاوشێوە بوو لەگەڵ کۆمەڵگە چیاییەکەدا کە وام لێدەکات بەکورتی باسێکیان لێوە بکەم. گوندە شاخاوییەکان بەعادەت لە قەدپاڵی گرد و چیاکاندا دروست دەکرێن و خانووەکان بەزۆری چین لەسەر چین لەسەر یەکتر بەرز دەبنەوە و لەهەمان کاتیشدا ڕەزە مێوەکان بەرزاییەکانی سەرەوەیان داپۆشیوە و مەزراکان و باخ و باخات و تووتن شیوەکانی خوارەوەیان گرتووەتەوە. بە گشتی ئەم گوندانە دەوڵەمەندتر و پاکتر و زۆر جوانتریشن لەو گوندانەی کەوتوونەتە پێدەشتەکانەوە و بە شێوەیەکی سرووشتی ئاوی باش و سازگاریان لەو کانیاوانەوە بۆ رەخساوە کە لە قەدپاڵی شاخ و کێوەکانەوە سەرچاوە دەگرن. گوندی پێدەشتەکان بە شێوەیەکی سرووشتی نیشتەجێی هەژار و پیس و پۆخڵن و ئاویان کەمە و کشتوکاڵیشیان شتێکی ئەوتۆ نیە و بەشی خۆیان ناکات.

شێوەی ئاسایی خانووبەرەی کوردی لە بەرد و قوڕ دروست دەکرێت و یەک نهۆمە و بنمیچ یان ساپیتەی ژوورەکان نزمە بە داری دووکەڵاوی دارەرا دەکرێت و پاشان گڵەبان دەکرێت. پەنجەرەکان بریتین لە کونی ناڕێکوپێک لە دیوارەکاندا و ئەرزی نێو ژوورەکانیش گڵە و ئاگردانێکی کراوە لە ناوەڕاستیدایە. لە گوندە شاخاوییە گەورەکاندا و بەتایبەتی کە بەرەو سنووری وڵاتی فارس دەچیت خانووی گەورە دەبینرێت لەگەڵ بەرهەیوان و پەنجەرەی باشدا، بەڵام ئەمانە بە عادەت شوێنی نیشتەجێی شێخ و ئاغان و زۆربەی خانووە پەرپووتەکان لەو شێوازەن کە لەسەرەوە باسمان کردن. هەڵبەت گوندی پێدەشتەکان لەڕووی پاکوخاوێنییەوە لەمان باشتر نین، بەڵکو بەزۆری لە کەڵەکە کردن و هەڵچنینی پاشەڕۆی ئاژەڵ درووست دەکرێن و سواغدان و سەرگرتن و کاروباری تریان وەک ئەوانیترە. لە گوندە شاخاوییەکاندا بە هۆی زۆریی ئاوەوە بابەتی پاکوخاوێنی ئاسانتر ڕادەگیرێت و لە هەندێک شوێنیش بەو هۆیەوە ئاودەستی باشیان هەیە و ئاوەڕۆی بۆ کراوە ئەگەرچی تاک و تەرایشە. کاتێ کە ماوەتم بەجێهێشت بە لای ڕۆژئاوادا پێچمکردەوە و بە هەندێک زنجیرە چیا و هەورازی ناڕەحەتدا هەڵکشام و دواتر شۆڕبوومەوە بۆ تەنگێکی چاوەڕوان نەکراو کە لەپڕ زەوییەکە بۆ نزیکەی دوو هەزار پێ لێژبووەوە و لە بنی شیوێکی تەواو قووڵ و تاریکەوە بەحاڵ جۆگە ئاوێک دەبینرا و کە تەماشای لای ڕاستت دەکرد دیار بوو لەگەل زێدا تێکەڵ دەبن، بەڵام کە تەماشای لای خوارت دەکرد رێڕەوەکەیت بە روونی چاو دەکرد کەوا لەسەرخۆ بە ناو گرد و چیاکاندا ڕێیدەکرد و ئەمە ئاوی قەڵاچوالان بوو. کە بە ڕاسەری ئەو دەربەندە تەنگەبەرانەدا دەڕۆیشتین چەندین گوندی بچووک بچووکی دوور لە ئاڕاستەکەی من دەردەکەوتن و لەملاشەوە هێسترەوانەکانم ترسی ئەم چەم و چخوردە دایگرتبوون.

ئاوی قەڵاچوالان، لەجیاتی ئەوەی لە ٣٦ پلەی باکوور و ٤٥ پلەی ڕۆژهەڵات دا بڕژێتە زێی خوارووەوە، وەک لە نەخشەکانی تا ساڵی ١٩٢٢ پیشاندەدرێت، لەڕاستیدا ٣٥ میل بە لای ڕۆژهەڵاتەوە دەڕژێتە ناوی. بەڵام ئەگەر چاودێریی ڕێڕەوەکەی بکەیت نزیکەی ٦٠ میل دوورتر دەکەوێتەوە بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاوەکەوە. تەنگ و دەربەندەکانی ئاوی قەڵاچوالان کە بە زنجیرە چیاکانی ماوەتدا گوزەر دەکات بەتەواوی تێپەڕکردنیان مەحاڵە کاتێ کە ئاوی زیاد دەکات تەنانەت بۆ ئەسپسواری تاکیش چونکە هیچ ڕێگە و بوارێکی تێپەڕین نادات. پێدەچێت هەڵەی نەخشە دروستکەرەکانی جاران (کارتۆگرافەرەکان) لەو گریمانەیەدا بێت کەوا ڕووبارێک زنجیرە شاخێکی بەردەوام ناپێکێت و وایدەنوێنیت کە دیوارێکە ناسمێت، وەک تێبینی دەکرێت، تا پشکنینی ورد تەنگەبەرە ئاودڕەکانی دەرخست. هێڵی کەمترین بەرگری بە هێڵی خاڵ خاڵ پیشاندراوە بە درێژایی کەندڕ یان ئاودڕەکانی خواروو لە زنجیرە چیای ماوەتدا و ئەگەری گومان لەم بارەیەوە نیە، چونکە من خۆم بە شەخسی رێرەوی ئاوەکەم بینیوە تا بەیەکگەیشتنی لەگەڵ زێدا لە خوارووی گوندی عیسا ئاواوە بەرەو سەرەوە بۆ ناوچەی شارباژێڕ، کە لەوێ ناوچەکە بە ئاوی قەڵاچوالان دەناسرێت. بۆ خوارەوە نزیکتر لە شوێنی بەیەکگەیشتنەکە یەک لە دوای یەک پێیدەوترێت ئابی قەشان، ئابی ماوەت و ئابی عیسا ئاوا (ئاب لێرەدا بە مانای زێ یان ڕووبار دێت) کە وێکدێتەوە لەگەڵ ناولێنانە لۆکاڵییە ئاساییەکەدا (مەبەست لێرەدا چەم یان ئاوی قەڵاچوالانە کاتێ تێپەڕ دەبێت بە شوێن یان گوندی جیاجیادا و لە ئاستی هەر یەکەیان ناوی ئەو شوێنە وەردەگرێت – و).

پاش بەجێهێشتنی ماوەت، من بە سواریی ئەسپ بەرەوخوار بوومەوە بۆ پردی قەشان Pirt – i – Qashan، کە وادێتە بەرچاو بنیاتێکی لاواز بێت بەسەر ڕووباری قەڵاچوالانەوە (یان قەشان)، کە لە خاڵێکدا درووستکراوە ئاوەکە خەریکە دەچێتە تەنگی زۆر گەورە و زەبەلاحەوە، کە بەرزاییەکانی ماوەت دەپێکێت بۆئەوەی بگاتە زێ. پەڕینەوە لەمە و پاشان سەرکەوتن بۆ رێڕەوێک بە قەراخ نزمایی و شیوێکدا چوومە دۆڵە دوورودرێژە بەرتەسکەکەی دۆڵبێشکەوە کە ڕێگەکە تێیدا بە ژێر سێبەری داردا دەڕوات لە نێوان لاپاڵە بە دارستان داپۆشراوەکان و زنجیرە شاخەکانی نێڵەزەن و بەردیودا Nelazen and Bardiu تێدەپەڕێت لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە، هەر لە دووبارە دەرکەوتنی ڕووباری قەڵاچوالان لە نزیک گوندی کونەماسییەوە. لێرەوە ناوچەکە زۆر پانوپۆڕ و بەپیت دەبێت و ڕووبارەکەش لە دۆڵەکەدا بەربڵاو دەبێتەوە و لاپاڵی چیا و گردەکان سەوزایی دایاندەپۆشێت. پاش ماوەیەکی کەم لە نزیک مۆکەبەوە لە ئاوەکە پەڕیمەوە و بینیم لەوێدا چەمی سیوەیلی تێدەڕژێت کە لە ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. لێرەدا بەرزیی چیاکان لە پێدەشتی سلێمانیی دابڕیم، کە دۆڵێکی بەرتەسکی بە دارستان داپۆشراودا بەرەو رێڕەوی قەیوانی بردم و لەوێوە لابەلا داکشامە خوارەوە و لە پاش نزیکەی هەشت سەعات بە سواریی رێکردنی پڕ ماندووبوون گەیشتمەوە سلێمانی.

چەند سەرنجێکی وەرگێڕ:

هەندێک هەڵە لە ڕێنووسی ناوی شوێنەکاندا هەیە هەوڵمداوە ڕاستی بکەمەوە بە یارمەتیی خەڵکانی شارەزای ئەو ناوچانەی لێرەدا ناویان هاتووە و هەندێکیشیان هەر وەک خۆیان هێشتوومانەتەوە لەبەر نەبوونی زانیاریی پێویست، یان نەمان و گۆڕانی ئەو شوێنە کۆنانە و نەبوونی زانیاری لەبارەیانەوە لە ئێستادا و بۆمان ساغ نەبووەتەوە.

ناوی وڵاتی ئێران لێرەدا بە وڵاتی فارس هاتووە، کە تا ئەو دەمەش ناوە ڕەسمییەکەی لە ڕۆژئاوا بەو شێوەیە بووە و وڵاتی فارس لە ساڵی ١٩٣٤ دا بە ڕەسمی کراوە بە ئێران.

دەتوانرێت سوود لەم نووسینە و لە بەڵگەنامە و نەخشەکانی بەریتانیا وەربگیرێت لەسەر ئەم ناوچەیەی خۆمان کە جاران لە ژێر دەسەڵاتیاندا بووە، لە بارەی ناوە جوگرافییەکانەوە کە زۆر ورد بوون تێیدا و بەو جۆرەی خەڵکە رەسەنەکەی ناوچە جۆراوجۆرەکان گۆیان کردووە ئاوهایان نووسیوە وەک مێتۆدێکی زانستی، نەک بەو شیوەیەی داگیرکەرانی تر یان تەنانەت خۆشمان کە ناوە ڕەسەنەکان دەشێوینن.

سەرچاوە:

گۆڤاری جوگرافیی کۆمەڵەی جوگرافیای شاهانەی بەریتانی

ژمارە (٢)، بەرگی LXXXVI ساڵی ١٩٣٥

The Geographical Journal

The Royal Geographical Society, London

Vol. LXXXVI No. 2

August 1935

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …