چوار شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 4 2024
Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / شار له‌ هزرى ئيسلاميدا

شار له‌ هزرى ئيسلاميدا

د.رسول ابراهيم رسول

زانكۆى ڕاپه‌رين/ كۆليژى زانسته‌ مرۆڤايه‌تييه‌كان/ به‌شى مێژوو

Rasul.ibrahim@uor.edu.krd

    پێشه‌كى:

     له‌دواى قۆناغى دۆزينه‌وه‌ى كشتوكاڵ و هه‌نگاوه‌كانى نيشته‌جێبوونى مرۆڤ و كۆبوونه‌وه‌يان له‌شوێنێكدا سه‌ره‌تاكانى دروستكردنى شاره‌ سه‌ره‌تاييه‌كان له‌شێوه‌ى هه‌وارگه‌ى كشتوكاڵى ده‌ستيانپێكردووه‌[1]، گه‌شه‌كردنى مێژوويانه‌ى ئه‌و نيشنگه‌ كشتوكاڵيانه‌ و زيادبوونى پێداويستيه‌ مادى و نامادييه‌كانى خواستى قه‌باره‌ و چۆنيه‌تيان گه‌شه‌ بكات و ورده‌ ورده‌ شار بێته‌ ئاراوه[2]، ئيدى شار و شارنشينى وه‌ك ديارده‌يه‌كى كۆنى ناو مێژوو، بابه‌تێكى گرنگى په‌يوه‌ست به‌ ژيانى جڤاكى مرۆڤايه‌تييه‌، سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنيان له‌ڕوى چۆنيه‌تى و چه‌ندييه‌تييه‌وه‌ قۆناغى جياوازيان بڕيوه، بۆيه‌شه‌ زۆر بۆته‌ جێى مشتومڕ و لێكۆڵينه‌وه‌، له‌وانه‌ش ئه‌و لايه‌نه‌ى كه‌ زۆر جێى بايه‌خ بووه‌، پلانڕێژى شار و دونيابينى نه‌ته‌وه‌ جياوازه‌كانه‌، كه‌ به‌درێژايى قۆناغه‌كان هه‌ريه‌كه‌يان له‌ ڕوانگه‌ى پێويستى و كه‌ره‌سه‌كانى به‌رده‌ست و ئاستى گه‌شه‌ى شارستانيان ڕۆڵيان له‌ گه‌شه‌كردن و نه‌خشه‌ و چۆنيه‌تى بنياتنانى شاره‌كان له‌مێژوودا بينيووه‌.

  له‌مباره‌يه‌شه‌وه‌ قۆناغێكى گرنگى ئه‌م گه‌شه‌كرده‌نه‌ش ماوه‌ى مێژووى ئيسلاميه‌، به‌تايبه‌تيش سه‌رده‌مى خيلافه‌تى عه‌بباسى(132-656ك/ 749- 1258ز)، نه‌خاسمه‌ خودى كرۆكى ئيسلام كه‌ وه‌ك ئاينێكى مه‌ده‌نى بابه‌خى زۆرى به‌م لايه‌نه‌ داوه‌، ئه‌مه‌ و دونيابينى زانايانى موسڵمان له‌مباره‌يه‌وه‌ جێگه‌ى بايه‌خ و گرنگى پێدانن، چونكه‌ له‌ڕاستيدا شارانگه‌ڕا و وڵاتناسانى موسڵمان به‌پشت به‌ستن به‌ ده‌قه‌كان و ڕوداوه‌كانى پێشينانى ئيسلام كۆمه‌ڵێ بنه‌ما و پره‌نسيپى گرنگيان بۆ پێشخستنى شاره‌كان و به‌ شاردانانى شوێنه‌كان داناون، ئه‌مه‌ و ڕۆڵى گرنگيان له‌ بابه‌تى پلانڕيژى شار (تخطيط المدينة) دا بينيووه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ ئمڕۆ له‌ زانستى جوگرافياى شاردا به‌ (ماسته‌ر پلانى شار) ناسراوه‌، بۆيه‌ قابيلى لێكۆڵينه‌وه‌ و قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌.

   له‌م چوارچێوه‌يه‌شدا توێژينه‌وه‌كه‌ وڵامى چه‌ند پرسێكى گرنگ ده‌داته‌وه‌، مه‌به‌ست له‌ چه‌مكى شار له‌رووى زمانه‌وانى و زاراوه‌ييه‌وه‌ چييه؟‌ ئه‌و ده‌قه‌نه‌ى له‌مباره‌يوه‌ بوونه‌ بنه‌ما بۆ لێكدانه‌وه‌ى لاى گه‌ڕيده‌ و شارناسانى موسڵمان چين؟ چۆن له‌هزرى ئيسلاميدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ ئه‌و بنه‌ما و پرنسيپانه‌ چين كه‌ بۆ شار به‌مه‌رج گيراون؟ چۆن شوێنێك ده‌توانرێن به‌شار هه‌ژماربكرێت؟ جياوازى نێوان شار و شارۆچكه‌ و ئاوايى چييه‌؟ ئه‌مانه‌ و چه‌ندا پرسيارى ديكه‌، كه‌ وايانكردووه‌ له‌ گۆشه‌نيگاى جياوازه‌وه‌ ڕاڤه‌ و شيكارى بۆ شار بكرێت، كه‌ به‌شێك له‌مانه‌ش ده‌بنه‌ جێى بايه‌خى ئه‌م توێژينه‌وه‌يه‌. بێگومان بۆ نوسينى ئه‌م توێژينه‌وه‌يه‌ش پشت به‌ ميتۆدى وه‌سفى و شيكارى به‌ستراوه‌، سه‌ربارى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ق و لێدوان و ڕوداوى پێشينانى مێژووى ئيسلامى، به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌يان سه‌رچاوه‌ى ڕه‌سه‌ن و ژێده‌رى زانستى نوێ، ئه‌وه‌ى په‌يوه‌نديشى به‌ پێكهاته‌ى توێژينه‌وه‌كه‌شه‌وه‌ هه‌يه‌ ئه‌و له‌ چوارچێوه‌ى دوو باسى سه‌ره‌كى خۆى ده‌بينێته‌وه‌، سه‌ربارى ئه‌و پێشه‌كيه‌ و ئه‌نجامه‌كان و ليستى سه‌رچاوه‌كان.

 

لێكدانه‌وه‌ى چه‌مكى شار (المدينة) له‌ڕووى زمانه‌وانى و زاراوه‌ييه‌وه‌:

  • له‌ڕووى زمانه‌وانييه‌وه‌ :

     وه‌ك هه‌ر چه‌مك و زاراوه‌يه‌كى ديكه‌ لێكدانه‌وه‌ و شرۆڤه‌ى جياواز بۆ چه‌مكى شار (المدينة)شكراوه‌، ئه‌وه‌ى تايبه‌ت به‌م باسه‌ش قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، زياتر له‌ چوارچێوه‌ى دونيابينى ئيسلام و وڵاتناس و شارناسه‌ مۆسڵمانه‌كانه‌، ئه‌مه‌ و هه‌ندێ جار شرۆڤه‌ى توێژه‌‌رانى نوێى بوارى زانستى جوگرافياى شار خراونه‌ ڕوو، سه‌ربارى جياوازى بۆچونه‌كان بۆ ناساندنى چه‌مكى شار (المدينة)، له‌ ديدگاى جياوازه‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ چه‌ند بنه‌مايه‌ك پێناسه‌ كراوه‌، له‌وانه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى قه‌باره‌ و وه‌زيفى و ميژوويى و كارگيرى و ئايينى و كۆمه‌ڵناسييه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌ ده‌خرێته‌ ڕوو كورته‌يه‌كى ئه‌م ناساندنانه‌يه[3]، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى قۆناغه‌ مێژووييه‌كه‌، به‌هه‌رحاڵ له‌ ڕووى زمانه‌وانيه‌وه‌ چه‌مكى شار (المدينة) به‌ كۆ (مدن يان مدائن) به‌شوێنك ده‌وترێت كه‌ خه‌ڵك تێدا كۆده‌بنه‌وه[4]، به‌ ماناى په‌ناگه‌ و په‌نايه‌ك بۆ كۆبونه‌وه‌ى خه‌ڵكيش هاتووه[5]، ڕاى واش هه‌يه‌ كه‌ (المدينة) له‌ وشه‌ى (دين)ه‌وه‌ وه‌رگيرابێت‌، كه‌ ئه‌ويش به‌ ماناكانى (الملك و الحكم) دێت، هه‌روه‌ك ده‌وترێت (الدين – السلطان –ملكته –الحكم)[6]، هه‌روه‌ك له‌ قورئانى پێرۆزيشدا{فَلَوْلا إِنْ كُنْتُمْ غَيْرَ مَدِينِينَ}( الواقعة/86) (غَيْرَ مَدِينِينَ)به‌ (أَي غَيْر مَمْلُوكِيْن) راڤه‌كراوه[7]، لاى به‌شێك له‌ زمانه‌وانانيش له‌ بنچينه‌دا وشه‌ى (دين) به‌ وشه‌يه‌كى ئارامى ده‌زانرێت، لاى ئاشورى و ئه‌كه‌ديه‌كانيش به‌ ماناى( قانون يان قاضي)يش هاتووه‌، كه‌ خه‌سڵه‌تێكى ئايينى و كارگێڕى و سياسى به‌ زاراوه‌ى (مدينة) به‌خشيووه[8]، له‌ ڕوانگه‌ى كۆمه‌ڵناسيشه‌وه‌ شار به‌ هاوتاى ئومه‌ دانراوه[9]، له‌ قورئانى پيرۆزيشدا زاراوه‌ى (المدينة) (سێزده‌)جار هاتووه‌، كه‌ (چوار) له‌وانه‌ مه‌به‌ست لێيان (المدينة المنورة)يه، چ جاى شار و شارۆچكه‌ى ديكه‌ش[10]، ‌به‌ئاماژه‌ى (القرى و القرية)ش هاتوون كه‌ مه‌به‌ست شار ده‌گه‌يه‌نن[11]، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌رى گرنگى چه‌مكه‌كه‌ و بابه‌تى په‌يوه‌ستبوونى ژيانى شارستانى و مه‌ده‌نى و په‌يوه‌ندى به‌ سسته‌مى سياسى و كارگيڕى ئاين به‌ شارستانيه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

      به‌م شێوه‌يه‌ ئه‌وه‌ى له‌ مانا جياوازه‌كانى زمانه‌وانى شار ده‌كرێت تێبينى بكرێت، له‌ هاومانا نزيكه‌كانى وه‌ك( الملك و الحكم و قاضي و الدين و قانون) و سه‌ربارى شوێن و كۆمه‌ڵێ خه‌ڵك، هه‌موو ئه‌مانه‌ پێويستيه‌كانى شارن، بنه‌ماى گرنگى سه‌رهه‌ڵدان و دروستكردنى، به‌مانايه‌كى ديكه‌، هه‌موو كۆبوونه‌وه‌يه‌كى گروپێكى خه‌ڵك پێويستيان به‌ شوێن هه‌يه‌، پێويستى ڕايكردن و به‌ڕێوه‌بردنى ئيش و كاريشيان بێگومان پێويستى به‌ سسته‌م و ياساگه‌لێك هه‌يه‌، حوكمێكيش بۆ جێبه‌جێكردن و چاودێرى كردنى به‌ڕێوه‌چوونى ئيش و كاره‌كان، كه‌ ئه‌مانه‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌ما و سسته‌مى شار يه‌كده‌گرنه‌وه‌، كه‌ زياتر له‌لێكدانه‌وه‌ى زاراوه‌ييه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مايانه‌ ده‌كرێته‌وه‌.

  2- له‌ڕووى زاراوه‌ييه‌وه‌:

    له‌ڕووى زاراوه‌يشه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ڕوانگه‌ى جياوازه‌وه‌ و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما شار پێناسه‌ كراوه‌، له‌وانه‌‌ به‌شێك پێان وايه‌ يه‌كێك له‌ پێناسه‌ باوه‌كانى ئه‌وه‌يه‌، كه‌ شوێنى نيشته‌جێبوونى گروپێك‌ له‌ مرۆڤه‌، كه ‌به‌ چالاكييه‌كانيان وێنايان كردووه‌، به‌مه‌ش شار ته‌نها خانووبه‌ره‌ نييه‌، به‌ڵكو جێگاى مرۆڤى رێكخراو و چينه‌كان و بنه‌ماڵه‌كانه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌گرێته‌ خۆ، گروپێك له‌ دانيشتوان و ڕابردوو و كۆن بوونى شار كه‌ ناسێنه‌رى ژيارى مرۆڤه‌ و شێوه‌ى نيشته‌جێبوونه‌، كه‌ له كه‌‌لتوورى شاريان وه‌رگيراوه[12]، ياخود بريتييه‌ له‌ ڕووبه‌ڕێك له‌ زه‌وى كه‌ دانيشتوان تێدا كۆبوونه‌وه‌ و له‌سه‌رى ده‌ژين، يان بريتييه‌ له‌ شوێنى كۆبۆنه‌وه‌ى مرۆڤى خاوه‌ن ژيار، شوێنێكه‌ كه‌ تيايدا گروپ و ده‌سته‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى جياواز له‌ زمان و كه‌لتور تيايدا كۆده‌بنه‌وه[13]، شوێنێكه‌ بۆ يه‌كه‌م پله‌ى پێگه‌يشتنى كۆمه‌ڵايه‌تى مرۆڤ، جياوازه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى گوندى، به‌ شوێنێكى كۆمه‌ڵايه‌تى ته‌واو دانراوه[14]، له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنى جياوازى بارى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسى و كارگێرى به‌ هۆكارى نه‌بوونى پێناسه‌يه‌كى ستاندار بۆ شار ده‌زانرێت، به‌هه‌رحاڵ ده‌كرێت به‌ له‌به‌رچاوگرتنى بارى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و شوێنى شار له‌ دابه‌شبوونى جوگرافياى كاردا و مۆرفۆلۆژى شار، ده‌كرێت به‌گشت ئه‌و ئاوه‌دانيانه‌ى كه‌ ژماره‌ى دانيشتوانيان چه‌ند هه‌زار كه‌سێكه‌ و به‌شى زۆريان له‌بوارى ئابووريدا له‌ سێكته‌رى ناكشتوكاڵى كار ده‌كه‌ن، به‌شار داده‌نرێن[15].

   هه‌رچى تايبه‌تيشه‌ به‌ پێوه‌ره‌كانى به‌شار دانانى شوێنێك، ئه‌وا سه‌ربارى ڕا جيايى له‌ نێو جوگرافى ناس و ميژوو نووسانى كۆن و نوێش، هه‌ر يه‌كه‌يان كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و پێوه‌ريان بۆ ناساندنى شاره‌كان دارشتوون، كه‌ ده‌كرێت له‌مانه‌دا پوخت بكرێنه‌وه‌:

  • بوونى سنورێكى دياريكراو.
  • دامووده‌زگاى كارگێڕى و سياسى.
  • ئاوى پێويست.
  • بازاڕ و شوێنى كڕين و فرۆشتن.
  • قه‌ڵا و په‌ناگه‌ى سه‌ربازى.
  • بوونى ياسا و سسته‌مێك.
  • ئاسايش و ئارامى. ئه‌مانه‌ و چه‌ند بنه‌مايه‌كى ديكه[16].‌

     كه‌ له‌ڕاستيشدا ئه‌م پێوه‌رانه‌ش بۆ هه‌موو شار و شوينێك و به‌پێى قۆناغ و سه‌رده‌مى ميژووى گۆراون، پێوه‌رێكى جێگير و نه‌گۆر نه‌بوون، به‌ڵكو به‌پێى قۆناغه‌كانى گه‌شه‌كردنى ژيانى شارستانى و داهێنان و زيابوونى ژماره‌ى دانيشتوان، هۆكارگه‌لى ديكه‌، به‌ره‌ به‌ره‌ گۆڕانكارى گه‌وره‌ش به‌سه‌ر گه‌شه‌كردنى شاره‌كانيشدا هاتووه‌، كه‌ بێگومان ڕه‌هه‌نده‌كانى گه‌شه‌كردنيشيان له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكى ترو له‌ سه‌رده‌مێكه‌وه‌ بۆ يه‌كێكى ديكه‌ جياوازبوه[17].

  شار له‌ هزرى ئيسلاميدا:

    لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ ژيانى شارنشينى و شارستانى سه‌ربارى ئه‌وه‌ى بايه‌خێكى مێژوويى گرنگى هه‌يه‌، په‌يوه‌ندييه‌كى زۆريشى به‌ ئايينه‌وه‌ هه‌يه‌، تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ ئاين بۆته‌ سه‌رچاوه‌ى داهێنان و به‌ سه‌رچاوه‌ گرتنى شارستانيه‌ت، له‌ ڕه‌وتى گه‌شه‌كردنى مێژووى مرۆڤايه‌تى و شارستانيدا جێگه‌ و پێگه‌ى ئايين ديار و به‌رچاو بووه‌، زياتر له‌وه‌ش به‌شێكى له‌ شارستانى گه‌لان به‌ ئاينه‌كه‌يانه‌وه‌ ناوزه‌ند كراون، به‌ تايبه‌ت ئاينه‌ ئاسمانيه‌كان به‌گشتى و به‌تايبه‌تيش ئيسلام، بۆيه‌ هه‌ڵده‌گرێت به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ق و سه‌رچاوه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانى و ڕوداوه‌ مێژووييه‌كان، دونيابينى بخرێته‌ ڕوو، كه‌ به‌ كورتى باسيده‌كه‌ين.

    به‌تايبه‌ت لێره‌دا به‌كورتى ئاماژه‌ به‌ به‌شێكى كه‌م له‌شرۆڤه‌ى زمانه‌وانى و زاراوه‌ى شار (المدينة) ده‌كرێت، به‌ تايبه‌ت ئه‌وه‌ى جێى مه‌به‌سته‌ زياتر له‌ ژێر رۆشنايى دونيابينى هزرى ئيسلامى و ديدگاى وڵاتناس و شارانگه‌ڕاو شارناسانى موسڵمانه‌وه‌ لێكده‌درێته‌وه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنى قۆناغى لێكۆڵينه‌وه‌كه‌ و په‌يوه‌نديدارى به‌ مێژووى شارستانى ئيسلامى، له‌ ڕاستيدا زانايانى موسڵمان به‌گشتى بۆ لێكدانه‌وه‌ى سه‌رجه‌م لايه‌ن و كايه‌كانى ژيانى مرۆڤ، به‌ پله‌ى يه‌كه‌م پشتيان به‌سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ئيسلام به‌ستووه‌، كه‌ بريتين له‌ قورئان و فه‌رمووده‌كانى (پێغه‌مبه‌ر)(ص)(كردار و گوفتار)، ئينجا له‌ چوارچێوه‌ى شه‌رعدا ئيجتيهاد و پێوانه‌كردن، به‌هه‌رحاڵ ئه‌م لايه‌نه‌ش وه‌ك لايه‌نێكى گرنگى ژيانى شارستانى و جڤاكى، جێى بايه‌خ و لێدوان و شرۆڤه‌كردن بووه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى چه‌مكى شار(المدنية) به‌ سه‌رچاوه‌كانى ئيسلام و موسڵمانان نامۆ نييه‌، به‌ڵكو ناسراو جێى بايه‌خيش بووه‌، له‌وانه‌ش چه‌ند چه‌مك و زاراوه‌يه‌ك له‌ نموونه‌ى ( مصر، المدينة، القرية، ناوى چه‌ندان شار و ئاوايى و ئاوه‌دانى) له‌ قورئان و فه‌رمووده‌دا هاتووه‌، كه‌ به‌شێكيان ڕه‌هه‌ندى شارستانى و مێژوويان هه‌يه‌[18]، نه‌خاسمه‌ له‌ به‌شێكياندا بنه‌ما و پێوه‌ره‌كانى شاريان تێدا باسكراوه‌، بۆ نموونه‌ هه‌روه‌ك له‌ ئايه‌تى ( 123)ى سوره‌تى (الاعراف)دا هاتووه‌، كه‌ (خواى گه‌وره‌) ده‌فه‌رموێت: {قَالَ فِرْعَوْنُ آمَنْتُمْ بِهِ قَبْلَ أَنْ آذَنَ لَكُمْ إِنَّ هَذَا لَمَكْرٌ مَكَرْتُمُوهُ فِي الْمَدِينَةِ لِتُخْرِجُوا مِنْهَا أَهْلَهَا فَسَوْفَ تَعْلَمُونَ}[19]، هه‌روه‌ك له‌ ڕاڤه‌ى زاراوه‌ى (المدينة)دا كه‌ له‌ ئايه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌، ئاماژه‌يه‌ بۆ شوێنێك كه‌ خه‌ڵك تيايدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ و ده‌ژين، هه‌روه‌ها له‌ ئايه‌تێكى ديكه‌دا هاتووه‌{فَابْعَثُوا أَحَدَكُمْ بِوَرِقِكُمْ هَذِهِ إِلَى الْمَدِينَةِ فَلْيَنْظُرْ أَيُّهَا أَزْكَى طَعَامًا فَلْيَأْتِكُمْ بِرِزْقٍ مِنْهُ وَلْيَتَلَطَّفْ وَلَا يُشْعِرَنَّ بِكُمْ أَحَدًا}[20](سورة الكهف، الاية (19)، كه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى وه‌ك شار و ناوه‌ندى كۆبۆنه‌وه‌ى دانيشتوان هاتووه‌، ئاماژه‌يه‌ بۆ ناوه‌ندێكى كارگيڕى و بازرگانى و كڕين و فرۆشتنيش‌، هه‌ر له‌ هه‌مان سوره‌ت و له‌ ئايه‌تێكى ديكه‌دا هاتووه‌{وَأَمَّا الْجِدَارُ فَكَانَ لِغُلامَيْنِ يَتِيمَيْنِ فِي الْمَدِينَةِ وَكَانَ تَحْتَهُ كَنز لَهُمَا وَكَانَ أَبُوهُمَا صَالِحًا فَأَرَادَ رَبُّكَ أَنْ يَبْلُغَا أَشُدَّهُمَا وَيَسْتَخْرِجَا كَنزهُمَا رَحْمَةً مِنْ رَبِّكَ وَمَا فَعَلْتُهُ عَنْ أَمْرِي ذَلِكَ تَأْوِيلُ مَا لَمْ تَسْطِعْ عَلَيْهِ صَبْرًا} (سورة الكهف، الاية (82)، كه‌ ئاماژه‌ى له‌سه‌ر ئاوه‌دانى و دانيشتوان ئاواكارى و كانزا و كه‌لوپه‌لى ژيانى تێدايه‌.

     نه‌ك نموونه‌ى ئايه‌تى واش له‌ قورئاندا هه‌ن، كه‌ ئاماژه‌ن بۆ به‌شێك له‌ خه‌سڵه‌تى كۆمه‌ڵايه‌تى و هاوسوێى و خزمايه‌تى، هه‌روه‌ك (خواى گه‌وره‌) كه‌ ئاماژه‌ى به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى (موسى)(ع.س) بۆ شار كردووه‌ هه‌روه‌ك ده‌فه‌رموێت: {وَدَخَلَ الْمَدِينَةَ عَلَى حِينِ غَفْلَةٍ مِنْ أَهْلِهَا فَوَجَدَ فِيهَا رَجُلَيْنِ يَقْتَتِلَانِ هَذَا مِنْ شِيعَتِهِ وَهَذَا مِنْ عَدُوِّهِ فَاسْتَغَاثَهُ الَّذِي مِنْ شِيعَتِهِ عَلَى الَّذِي مِنْ عَدُوِّهِ فَوَكَزَهُ مُوسَى فَقَضَى عَلَيْهِ قَالَ هَذَا مِنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ إِنَّهُ عَدُوٌّ مُضِلٌّ مُبِينٌ}[21]( سورة القصص، الاية 15)، شاريش وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكى ئاوه‌دانى و شوێنێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى هه‌مه‌كاره‌ و ئاست جياواز و جۆرى خه‌ڵكى چاكه‌ خواز و خراپه‌كاريش لێى خڕبوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ ئايه‌تێكى ديكه‌دا( خواى گه‌وره‌) فه‌رموويه‌تى: {لَئِنْ لَمْ يَنْتَهِ الْمُنَافِقُونَ وَالَّذِينَ فِي قُلُوبِهِمْ مَرَضٌ وَالْمُرْجِفُونَ فِي الْمَدِينَةِ لَنُغْرِيَنَّكَ بِهِمْ ثُمَّ لا يُجَاوِرُونَكَ فِيهَا إِلا قَلِيلا}[22]( سورة الاحزاب، الاية 60)،  ئه‌گه‌رچى ئه‌مانه‌ نموونه‌ گه‌لێكن بۆ شوێن و شارى دياريكراو، نه‌خاسمه‌ به‌ دياريكراويش ناوى چه‌ند شارێك له‌ قورئانى پيرۆزدا له‌ باسكردنى ڕووداو و مه‌به‌ستگه‌لى جياواز هاتووه‌، له‌ نموونه‌ى ( مكة، أم و قرى، المدينة، يثريب، صنعاء، مأرب، مصر) [23].

    له‌پاڵ ناوى شار (المدينة) نزيكه‌ى(29 جار) زاراوه‌ى ( القرية، القرى، القريتين)ش هاتووه‌، دياره‌ له‌ بنچينه‌دا وه‌ك شوێنى نيشته‌جيبوونى بچوكتر له‌شار[24]، له‌وانه‌ش (8 جار) به‌ شێوازى ناسراو (21 جار)يش به‌ شێوه‌ى نه‌ناسراو هاتوون[25]، ماناى جياوازيش ده‌گه‌يه‌نن، هه‌روه‌ك (خواى گه‌وره‌) ده‌فه‌رموێت: {وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا فِي كُلِّ قَرْيَةٍ أَكَابِرَ مُجْرِمِيهَا لِيَمْكُرُوا فِيهَا وَمَا يَمْكُرُونَ إِلَّا بِأَنْفُسِهِمْ وَمَا يَشْعُرُونَ}[26]( سورة الانعام، الاية 123)، ياخود ده‌فه‌رموێت: {قَالَ الْمَلَأُ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا مِنْ قَوْمِهِ لَنُخْرِجَنَّكَ يَا شُعَيْبُ وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَكَ مِنْ قَرْيَتِنَا أَوْ لَتَعُودُنَّ فِي مِلَّتِنَا قَالَ أَوَلَوْ كُنَّا كَارِهِينَ}[27]( سورة الأعراف، الاية (88))، كه‌ به‌مه‌ست لێره‌ شارى (مدين)ه‌، ياخود{فَلَوْلَا كَانَتْ قَرْيَةٌ آمَنَتْ فَنَفَعَهَا إِيمَانُهَا إِلَّا قَوْمَ يُونُسَ لَمَّا آمَنُوا كَشَفْنَا عَنْهُمْ عَذَابَ الْخِزْيِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَمَتَّعْنَاهُمْ إِلَى حِينٍ}[28]( سورة يونس/ الاية 88)، كه‌مه‌به‌ست شارى (نينوى)يه[29]، وه‌يان {وَمَا أَرْسَلْنَا فِي قَرْيَةٍ مِنْ نَبِيٍّ إِلا أَخَذْنَا أَهْلَهَا بِالْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ لَعَلَّهُمْ يَضَّرَّعُونَ }[30]( سورة الأعراف، الاية 94)، ئه‌مانه‌ ئاماژه‌گه‌لێكن بۆ گوند و ئاوايه‌كانى ده‌وروبه‌رى شار و شوێنانێك دانيشتوانى تێدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ و ده‌ژين[31]، له‌كاتێكدا وشه‌ى (القرية) له‌برى ناوى شاريش به‌كارهاتووه‌، هه‌روه‌ك (خواى گه‌وره‌) ده‌فه‌رموێت: {وَكَأَيِّنْ مِنْ قَرْيَةٍ هِيَ أَشَدُّ قُوَّةً مِنْ قَرْيَتِكَ الَّتِي أَخْرَجَتْكَ أَهْلَكْنَاهُمْ فَلا نَاصِرَ لَهُمْ }[32]( سورة محمد، الاية 13)، كه‌ لێره‌دا (القرية) [33]به‌ماناى شار و باژێر ده‌گه‌يه‌نێت، به‌تايبه‌تيش (مه‌ككه‌)، كه‌ ئه‌و به‌شه‌ى دانيشتوانى كه‌ پێغه‌مبه‌ر(ص)يان به‌ درۆيانزانى و ئازاريان داو وه‌ده‌ريان نا[34]، له‌ئايه‌تێكى ديكه‌دا (خواى گه‌وره‌)ده‌فه‌رموێت: {وَاضْرِبْ لَهُمْ مَثَلًا أَصْحَابَ الْقَرْيَةِ إِذْ جَاءَهَا الْمُرْسَلُونَ (13) إِذْ أَرْسَلْنَا إِلَيْهِمُ اثْنَيْنِ فَكَذَّبُوهُمَا فَعَزَّزْنَا بِثَالِثٍ فَقَالُوا إِنَّا إِلَيْكُمْ مُرْسَلُونَ(14)}(سورة يس، الاية 13-14)، كه‌ شاره‌زايان و ڕاڤه‌كاران ئاماژه‌يان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ مه‌به‌ست له‌ (القرية) له‌ ئايه‌ته‌كه‌دا شارى(أنطاكيه‌ )يه[35].

     له‌ نموونه‌ى ئه‌و ئايه‌تانه‌ى كه‌ له‌مباره‌يه‌ هه‌نه‌، چه‌ند پره‌نسيپ و بنه‌مايه‌كى شار و ته‌نانه‌ت ئاواييه‌كانى ده‌وروبه‌رى شاريش به‌ديده‌كرێن، ياخود شرۆڤه‌ى ڕووداو و ئاماژه‌كانى ناويان زانيارى ورديان له‌سه‌ر پێويستيه‌كانى شار تێدايه‌‌، له‌ نموونه‌ى شوێنێك كه‌ شارى له‌سه‌ر بنياتده‌نرێت و پێويستيه‌كانى ده‌سه‌ڵات و ياسا و بوونى دانيشتوان و ناوه‌ندى بازرگانى و بازاڕ و چين و ده‌سته‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى جياواز، ده‌وروبه‌ريشى به‌ گوند و ئاوايى جۆراجۆر له‌ مه‌ڵبه‌ندى كشتوكاڵى و پاڕێزگارى و كۆمه‌ڵێكى بچوكترى دانيشتوان پێكهاتوون، كه‌وه‌ك پاشكۆى شار و سه‌ربه‌شار ده‌كرێت هه‌ژماربكرێن، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ڕوانگه‌ى شارناسيه‌وه‌ به‌ پێوه‌ره‌كانى به‌شارى دانانى شوێنێك و بنه‌ما سه‌ره‌كيه‌كانى دانراون، كه‌ دواتر هه‌ر قسه‌ى زياتريان له‌سه‌ر ده‌كرێت.

    هه‌رچى تايبه‌تيشه‌ به‌ زاراوه‌كانى شار و ئاوايى له‌ فه‌رمووده‌كانى (پێغه‌مبه‌ر)(ص)دا، ئه‌وا له‌ چه‌ند فه‌رمووده‌يه‌كدا هاوماناى ئه‌و وێنانه‌ى كه‌ قورئان وێناى كردوون له‌ شار و ئاوايى و ئاوه‌دانى هاتوونه‌، نه‌خاسمه‌ به‌دياريكراويش ناوى چه‌ندان شار و گوند و شوێنى جوگرافى له‌ چه‌ندان فه‌رمووده‌دا هاتووه‌، كه‌ له‌ ڕوودا و مه‌به‌ستگه‌لى جياوازدا ناويان هێنراوه‌، به‌تايبه‌ت له‌ ژياننامه‌ و ڕووداوه‌كانى تايبه‌ت به‌ كۆچ و غه‌زا و سريه‌كانى و سوپا و كه‌تيبه‌ و ئه‌و نوێنه‌رانه‌ى بۆ شوێنه‌ جياوازه‌كان ئاڕاسته‌ى كردوون، زانينى ئه‌م زانيارانه‌ش بايه‌خێكى گرنگى جوگرافى و سه‌ربازى بايه‌خداريان له‌ ڕێژينى (پێغه‌مبه‌ر)(ص)دا بينيووه‌، كه‌ به‌شێك بوون له‌ هونه‌رى جه‌نگى و شاره‌زابوون له‌ هه‌ڵبژاردنى گرنگترين رێگا و شوێن بۆ گه‌يشتن به‌ ئامانجى دياريكراو[36]، ڵێكۆڵينه‌وه‌ش له‌ لايه‌نى جوگرافى ڕێژين و ڕووداوه‌كانى سه‌رده‌مى كلاسيكى ئيسلامى و دواتريش خزمه‌تێكى گه‌وره‌ به‌ مێژوو ده‌كات، له‌ ده‌سنيشانكردنى شوێن و شيكاركردنى به‌سه‌رهات و ڕووه‌كاندا[37].

     به‌هه‌رحاڵ ناو هێنانى شار و هاوێنه‌ و نزيكه‌كانى كۆمه‌ڵى زانيارى ئايينى و سه‌ربازى و كارگيڕى و كۆمه‌ڵايه‌تييان له‌ خۆگرتووه‌، كه‌ دواتر له‌ شرۆڤه‌كردن و دارشتنى پێوه‌ره‌كانى شار و شارۆچكه‌ و ئاوايى و بنه‌ماكانى جياكردنه‌وه‌يان له‌يه‌كترى سوديان لێوه‌رگيراوه‌، له‌ڕاستيدا هه‌ر ئه‌و زانياريانه‌ بوونه‌ بنه‌مايه‌كى گرنگ سه‌ره‌تا بۆ لێكدانه‌وه‌ فيقهييه‌كان له‌ هه‌ندێك بابه‌ت، بۆ نموونه‌ پێويستبوونى نوێژى هه‌ينى له‌و شوێنانه‌ى كه‌مه‌رجى ئه‌نجامدانى تێدايه‌، دواتريش له‌گه‌ڵ به‌رفراوانبوونى پرۆسه‌ى فتوحات و سنورى خيلافه‌تى ئيسلاميشدا، ئيدى پێويستى دروستكردنى شارى نوێ و دامه‌زراوه‌كانى، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوه‌رۆكى فه‌رمووده‌كان و بنه‌ماكانى بنياتنانه‌وه‌ى شارى (يثريب – مدينه‌)وه‌ك يه‌كه‌م هه‌نگاوى سسته‌مى ده‌وڵه‌تدارى و شارستانى له‌ميژووى ئيسلاميدا پلانڕێژى بۆ شارى نوێ كرا، زۆرێكيش له‌ شاره‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ر و بنه‌مايانه‌ به‌ ته‌رزێكى نوێ نۆژه‌نكرانه‌وه‌[38]. ‌   ‌

   به‌لێوربوونه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ى ناوه‌رۆكى ئه‌و ئايه‌ت و فه‌رموودانه‌ى كه‌ له‌باره‌ى شار و هاوشێوه‌كانى هاتوون، شه‌رعزان و زانايانى پێشين بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ په‌يوه‌ستن به‌ مه‌ڵبه‌ندى ئاوه‌دانى و پێويستى كۆبوونه‌وه‌ى دانيشتوان به‌ پله‌ى يه‌كه‌م سوديان لێوه‌رگرتن، به‌جۆرێ له‌ ناوه‌رۆكى ئه‌وانه‌وه‌ مه‌رجى كۆبوونه‌وه‌ى موسڵمانانيان بۆ ئه‌نجامدانى نوێژى هه‌ينى له‌ شوێنێك داناوه‌، كه‌ ئاستى ئاوه‌دانى و ژماره‌ى دانيشتوان بگاته‌ ئاستێك كه‌ شار (المدينة) هه‌ژماربكرێت، هه‌ر بۆيه‌ لێكدانه‌وه‌ و ڕاڤه‌ى فيقهيش هه‌ر له‌و مانايانه‌ نزيكه‌، هه‌ر وه‌ك له‌ بابه‌تى پێويستبوونى نوێژى به‌ كۆمه‌ڵى هه‌ينى (واتا بوونى دوانگه‌)تايبه‌تكراوه‌ له‌ ( المدينة) وه‌ك له‌ ڕاڤه‌ى فه‌رمووده‌يه‌كى (پێغه‌مبه‌ر)(د.خ) هاتووه‌، له‌ بوونى ده‌سه‌ڵات و ئيمام و جێبه‌جێكارى ئه‌حكامه‌كان، مه‌رجبوونى له‌ (مصر- شار)دا[39]، زياتر له‌وه‌ش (الماوردي)(مردوو له‌ 450ك/ 1058ز) ڕاى وايه‌ كه‌ ئه‌نجامدانى ڕێگه‌ پێدراو دروست نابێت ته‌نها له‌شوێنێك نه‌بێت كه‌ هه‌روه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت: (وطن مجتمع المنازل) [40]، كه‌ مه‌به‌ست شاره‌ كه‌ شوێنى كۆبوونه‌ى دانيشتوانه[41]‌، ئه‌و جۆره‌ ڕاڤه‌ و شيكردنه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكى لێكدانه‌وه‌ى ماناى زمانه‌وانى و زاراوه‌يى شار يه‌كانگيره‌ و هاومه‌به‌ستن، به‌لاى (الامام ابو حنيفه‌)ش سه‌بارى مه‌رجى شار، مه‌رجى ده‌سه‌ڵات وه‌ك پارێزه‌رى سنوره‌كان و قاضى وه‌ك جێبه‌جێكارى حوكمه‌كان داناوه‌، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت: (تَخْتَصُّ الْجُمُعَةُ بِالْأَمْصَارِ[42]، وَلَا يَجُوزُ إقَامَتُهَا فِي الْقُرَى، وَاعْتُبِرَ الْمِصْرُ بِأَنْ يَكُونَ فِيهِ سُلْطَانٌ يُقِيمُ الْحُدُودَ و وَقَاضٍ يُنَفِّذُ الْأَحْكَامَ) [43]، به‌رئه‌نجامى ئه‌وه‌ى به‌كورتى له‌مباره‌يه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو، به‌ پشت به‌ستن به‌ڕاڤه‌ى شه‌رعزانان، ده‌توانين چه‌ند پێوه‌ڕێك له‌ بنه‌ماكانى شاره‌ ئيسلامييه‌كان دياريبكرێن، له‌وانه‌:

  • بوونى شوێنێك كه‌ شارى له‌سه‌ر دروستده‌كرێت.
  • بوونى ژماره‌يه‌ك ماڵ و دامه‌زراوه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى.
  • بوونى ڕێژه‌يه‌ك له‌ دانيشتوانى نێشته‌جێى و جێگير.
  • پێويستبوونى سسته‌م و ده‌سه‌ڵاتێك.
  • ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى بۆ پاراستنى ئه‌حكامه‌كان.
  • بوونى مزگه‌وتى (الجامع) يان دوانگه‌، كه‌ ئاماژه‌يه‌ بۆ لايه‌نى ئاواكارى قه‌ره‌باڵغى دانيشتوان.

له‌ مێژووى نوێشدا شاره‌زايانى بوارى جوگرافياى شار ژماره‌ و قه‌باره‌ى دانيشتوانيان به‌يه‌كێك له‌ بنه‌ماكانى به‌شاردانانى شوێنێك داناوه[44]، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مايه‌ش شارى گه‌وره‌ و بچوكيان له‌ يه‌كديكه‌ جياكردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و پێوه‌رانه‌يه‌ كه‌ شارناسه‌ موسڵمانه‌كان چه‌ند سه‌ده‌ پێشتر به‌ لايه‌نى كه‌م بنه‌مايان بۆ داناوه‌.‌ به‌تايبه‌تيش وه‌ك خه‌سڵه‌تێكى شاره‌ ئيسلامييه‌كان، بوونى دوانگه به‌لاى شارناس و وڵاتناسه‌ موسڵمانه‌كانه‌وه‌‌ گرنگيه‌كى زۆرى هه‌بووه[45]، به‌گشتيش له‌ پلانڕێژى شاره‌ ئيسلامييه‌كاندا مزگه‌وتى گه‌وره‌(مسجد الجامع) له‌ ناوه‌ندى شار و نزيك بازار دروستكراوه‌، گرنگى ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ دانيشتوانى شار له‌ڕاستيدا له‌ ماهيه‌تى و پايه‌ى ئايينى و كارگێڕى و قه‌زاييه‌كه‌ى دابووه‌، نه‌ك به‌ته‌نها بوونێكى مادى و هه‌يكه‌لێكى روكه‌شى، چونكه‌ به‌پێى پره‌نسيپه‌كانى ئايينى ئيسلام و سسته‌مى سياسى و كارگێڕى ئيسلامى، سه‌ردارى شار ‌له‌ پراكتيزه‌كردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى و جێبه‌جێكردنى فه‌رمان و ئه‌حكامه‌كان به‌رپرسى يه‌كه‌م بووه، هه‌رخۆى به‌رپرسى پاراستنى ده‌ستور و ياسا كارپێكراوه‌كان بووه،‌ كه‌ شار به‌ئاڕاسته‌ى ئارامى و به‌يه‌كه‌وه‌ ژيان دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵايه‌تى ئاڕاسته‌ بكات‌[46]، هه‌ر بۆيه‌شه‌ سه‌رۆكى شار ده‌بێت خاوه‌نى ئاوه‌ز و عه‌قڵى سه‌ليم بێت، زانا و تێگه‌يشتوو و نموونه‌ى ڕه‌وشتى جوان بێت، به‌مانايه‌كى ديكه‌ هۆشياترين و كامڵترين ئه‌ندامى ئه‌و جه‌سته‌يه‌ بێت، وه‌ك دڵ بۆ لاشه[47]، له‌ڕاستيدا ئه‌و پێوه‌ر و پره‌نسيپانه‌ش به‌ به‌راود به‌ تێڕوانين و لێكدانه‌وه‌ى شارناسان و شاره‌زايانى بوارى جوگرافياى شار، بۆ به‌شاردانانى هه‌ر ئاوايى و شوێنێك زۆريكيان به‌ مه‌رج دانراون، كه‌ به‌شێكيان وه‌ك پێويستى نامادى و به‌شێكيشيان وه‌ك پێويستيه‌ مادييه‌كان هه‌ژمارده‌كرێن.

    له‌ڕاستيدا فراوانبوونى سنورى خانه‌ى ئيسلام و موسڵمانبوونى ڕه‌گه‌زه‌ ناعه‌ره‌به‌كان، كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى تێكه‌ڵاوبوونى كه‌لتورى و به‌ره‌به‌ره‌ گه‌شه‌كردنى لايه‌نى شارستانى و چه‌ند هۆكار و پاڵنه‌رێكى ديكه‌، خواستى زانايانى موسڵمان چالاكانه‌ لا له‌ زانستى جوگرافياش بكه‌نه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو لايه‌نێكى گرنگى زانستى بوارى وڵاتناسى و شارناسى ڕێگه‌ى له‌ به‌رده‌م چه‌ندان گه‌ريده‌دا كرده‌وه[48]، كه‌ بۆ به‌مه‌ستگه‌لى جياواز گه‌شتى دوورودرێژى وڵات و هه‌رێم و شاره‌ دووره‌ ده‌سته‌كان بكه‌ن، زانيارى گرنگ و پڕ بايه‌خى هه‌مجۆر له‌ دووتوێى گه‌شتنامه‌كانياندا تۆماربكه‌ن[49]، ئيدى به‌ئامانجى ناساندنى هه‌رێم و شار و دانيشتوان و داب و نه‌ريت و دوورى و كێشانه‌ و پێوانه‌ و داهات و به‌رووبووم و چه‌ندان زانيارى و لايه‌نى زياترى وردى ديكه‌[50]، هه‌ر له‌سه‌ده‌ى (3ك/9ز) به‌دواوه‌ وه‌ك پێويستى سه‌رده‌م و نه‌ريتێكى زانستيش زانا و گه‌ڕيده‌كانى گه‌شتى وڵاتانيان ده‌سپێكردووه[51]، كه‌ بێگومان چ جاى ئه‌وه‌ى خزمه‌تێكى گه‌وره‌يان به‌ مێژوو و كه‌لتورى ئيسلامى كردووه‌، خه‌رمانێكى زانستى هه‌مه‌جۆريشيان له‌سه‌ر ئه‌و شار و وڵاتانه‌ى سه‌ردانيان كردوون تۆماركردووه‌، ئه‌وه‌ نه‌خاسمه‌ بنه‌ما و پره‌نسيپى گرنگيان بۆ جياكردنه‌وه‌ى شار و شارۆچكه‌ و هاوشێوه‌كانيان داناوه‌، به‌مه‌ش خزمه‌تێكى گه‌وره‌يان له‌ بوارى گه‌شه‌كردنى مێژووى شارنشينى و زانستى جوگرافياى شار كردووه. ئه‌وه‌ى لێره‌ جێى مه‌به‌سته‌ به‌كورتى ئاماژه‌ى بۆ بكرێت، دونيابينى و شرۆڤكارى ئه‌وانه به‌سود وه‌رگرتن له‌ بنه‌ما فيقهييه‌كان و كاروكرده‌وه‌ى پێشينانى ئيسلام‌ له‌مه‌ڕ دروستكردنى شار و شارۆچكه‌كان و ئه‌و مه‌رج و لايه‌نه‌ ئاواكارييانه‌ى تێياندا ئه‌نجام دراوه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بزافه‌ شارستانييه‌ى ‌له‌ قۆناغه‌كانى دواتردا موسڵمانان پێيگه‌يشتن، به‌ سود وه‌رگرتن له‌ئه‌زموونى نه‌ته‌وه‌ موسڵمانه‌ ناعه‌ره‌به‌كان و پێشينه‌ى مێژووى شارنشينى و تێكه‌ڵكردنيان به‌ شارستانى ئيسلامى، توانيان ته‌رز و بنه‌ماى نوێيان لێهه‌ڵبينجن و كۆمه‌ڵێ پێوه‌ر بۆ شاره‌كان دابنێن، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مايانه‌ش ئه‌وان سه‌ربارى جياوازى له‌تێڕوانين و ناوهێنانى چه‌مك و زاراوه‌ كارگێڕييه‌كان، به‌ڵام ڕۆڵێكى گرنگيان له‌ گه‌شه‌كردنى بزافى شارنشينى و زانستى جوگرافياى شاردا بينيووه‌، به‌تايبه‌ت تێڕوانينيان بۆ پێناسه‌كردنى شار و باژێر و شارۆچكه‌ و ئاواييه‌كان، بۆ نموونه‌ له‌مباره‌يوه‌ تێڕوانينى (المقدسي) له‌ ديارترينى ئه‌و گه‌ريده‌ و وڵاتناسانه‌ دانراوه[52]، كه‌ له‌مباره‌يه‌وه‌ له‌ دووتوێى سه‌رچاوه‌كه‌يدا زانيارى گرنگى خستۆته‌ ڕوو، هه‌ر وه‌ك توێژه‌ڕێك ڕاڤه‌ى تێگه‌يشتن و لێكدانه‌وه‌ى ئه‌وى به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ربڕينه‌كانى به‌سه‌ر چوار ڕه‌هه‌ندا پۆڵێن كردووه‌، كه‌بريتين له‌ ڕه‌هه‌ندى ( جوگرافى، فيقهيى، عه‌وام، زمانه‌وانه‌كان) [53]، به‌مشێوه‌يه‌ خواره‌وه‌:

يه‌كه‌م: ڕه‌هه‌ندى جوگرافى، كه‌ هه‌روه‌ك ده‌ڵێت: (أعلم أنا جعلنا الأمصار كالملوك والقصبات كالحجاب والمدن كالجند والقرى كالرجالة… واما نحن فجعلنا المصر كل بلد حله السلطان الأعظم وجمعت اليه الدواوين وقلدت منه الأعمال وأضيف اليه مدن الإقليم مثل دمشق والقيروان وشيراز) [54] ، هه‌روه‌ك شاره‌كان به‌ پاشاكان و شارۆچكه‌كان به‌ حاجب و شاره‌دێيه‌كان به‌ سه‌رباز و گونده‌كان به‌ پياوه‌كان چواندووه‌شارى هه‌ر وڵاتێك واتا مه‌ڵبه‌ندى – قصبة- به‌ ناوه‌ندى ده‌سه‌ڵات و شوێنى نيشته‌جێبوونى ده‌سه‌ڵاتدار داناوه‌، كه‌ دامووده‌زگاكانى –ديوانه‌كان- تێدا كۆكراوه‌ته‌وه‌ و كاروباره‌ كارگێڕييه‌كانى هه‌رێمه‌كه‌ى تێدا ڕايكراوه‌، به‌و مانايه‌ى له‌م ڕوانگه‌يه‌وه‌ مه‌رج و پێوه‌ره‌كانى شارى به‌ قه‌ره‌باڵغى و ناوه‌ندى ده‌سه‌‌ڵات و بوونى به‌رپرسى شار و دامووده‌زگا كارگێڕيه‌كانى به‌ستۆته‌وه‌، كه‌ بێگومان هه‌ر شارێكيش بگاته‌ ئاستى ئه‌وه‌ى به‌ شار هه‌ژماربكرێت و ڕووبه‌رێكى جوگرافى و ژماره‌ى دانيشتوان گونجاوى هه‌بێت، پێويستى به‌ به‌رپرس – صاحب المدينة- داموده‌زگاى كارگێڕى و ئايينى و زانستى و كۆمه‌ڵايه‌تى جۆربه‌جۆر هه‌يه‌، له‌ڕاستيدا هه‌ر ئه‌مانه‌ش به‌ پێى به‌شێك له‌ لێكدانه‌وه‌ جوگرافييه‌ نوێيه‌كان و جوگرافياى شار، به‌ مه‌رج و پێوه‌ره‌كانى به‌ شاردانان هه‌ژماركراون[55].

دووه‌م: ڕه‌هه‌ندى فيقهى، كه‌ ڕا و بۆچونيان له‌سه‌ر ماناى شار جياوازه‌، له‌ڕوانگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ شار وا ناسێنراوه،‌ كه ( كل بلد جامع يقام فيه الحدود و يحله أمير و يقوم و بنفقته و يجمع رستاقه) [56]، له‌م ڕوانگه‌يه‌شه‌وه‌ پێوه‌ره‌كانى شار به‌ بنه‌ماى ئايينى و بوونى پارێزه‌رى ئه‌حكام و سنوره‌كان و شارۆكه‌يه‌‌، بوونى ئه‌ميريش بۆ پارێزگارى له‌ ياسا و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كان و شار و ده‌وروبه‌رى به‌مه‌جگيراوه‌، واتا ئه‌و شوێنه‌ى به‌ شار هه‌ژمارده‌كرێت، پێويستى به‌ بوونى مزگه‌وتى –جامع- بوونى ده‌سه‌ڵات و ئيمام و جێبه‌جێكارى ئه‌حكامه‌كانه‌، كه‌ئه‌مه‌ش له‌ بنه‌ما فيقهييه‌كان وه‌رگيراوه‌ و ڕاى شه‌رعزانه‌كانى پێشينه[57].

ڕه‌هه‌ندى سێيه‌م: له‌ڕوانگه‌ى بۆچوون و دونيا بينى عه‌وامه‌وه‌‌، كه‌ پێيان وايه‌( والمصر عند العوام كل بلد جليل) [58]، لێره‌شدا قه‌باره‌ به‌مانا گشتييه‌كه‌ى به‌ هه‌ند وه‌رگيراوه‌، ئاماژه‌ى له‌مجۆره‌ش هه‌نه‌، كه‌ وڵاتناس و شارانگه‌ڕاوان‌ له‌ ميانه‌ى گه‌شت و سه‌ردانيكردنى شاره‌كان وه‌سفى شاره‌كانيان پێكردوون، بۆ نموونه‌ ( مدينة حلوان مدينة جليلة كبيرة) ياخود (همذان بلد واسع جليل القدر كثير الأقاليم والكور) [59]، ئه‌وه‌ى تايبه‌تيشه‌ چواره‌م ڕه‌هه‌‌ند، كه‌ لێكدانه‌وه‌ى زمانه‌وا‌نييه‌، ئه‌وا به‌مشێوه‌يه‌ گوزارشتيان لێكردووه‌ ( المصر كل ما حجز بين حدين) [60]، كه‌ تاڕاده‌يه‌ك له‌ بۆچوونى عه‌وام نزيكه‌ و هه‌رشوێنك سنورێكى دياريكراو هه‌بێت، به‌و خه‌سڵه‌تانه‌ى كه‌باژيڕيك هه‌يه‌تى ده‌شێ به‌شار ناودێر بكرێت.

    به‌گشتى ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ ديدگاى شارناس و وڵاتناس و جوگرافى ناسانى موسڵمان بدرێت، سه‌ربارى جياوازى بۆچوونيان له‌سه‌ر مانا و پێوه‌ره‌كانيان بۆ به‌ شاردانانى شوێنێك و لێكدانه‌وه‌يان بۆ زاراوه‌كانى له‌ نموونه‌ى ( مصر و بلدة و بليد و بليدة و بلد و المدينة و القصبة و رساتيق و الاقليم و تسوج و ) [61]، به‌ڵام به‌كورتى ده‌كرێت پوخته‌ بۆچوونه‌كانيان له‌باره‌ى پێوه‌ره‌كانى شاره‌‌وه‌ به‌مشێوه‌يه‌ بخرێته‌ ڕوو له‌وانه‌:

  • بوونى دوانگه‌.
  • شوێنى جێگيربوونى ئه‌مير.
  • جيبه‌جێكارى ئه‌حكامه‌كان.
  • سه‌رچاوه‌ى داهات و كۆكردنه‌وه‌ى پيتاك –ماڵيات-.
  • بوونى دامووده‌زگاى كارگێڕى و ديوانه‌كان.
  • ڕێكخستن و به‌يه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ى ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى شار.
  • بوونى قايمگه‌ و قه‌ڵا.
  • ئه‌مانه‌ و چه‌ند لێكدانه‌وه‌ و بۆچوونێكى ديكه[62]. ‌‌ ‌  

     دياره‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما و پره‌نسيپانه‌ش له‌ڕووى قه‌باره‌ و ڕووبه‌ر و ژماره‌ى دانيشتوان و بوونى دامه‌زراوه‌ كارگێڕى و زانستى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانيش، شارى گه‌وره‌ و مامناوه‌ند و بچوكيش له‌يه‌كترى جياكراونه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌ (ياقوت الحموي) يه‌كێكه‌ له‌وانه‌ى تێبگه‌ى (شارنشينى و شارۆچكه‌) يان شارى گه‌وره‌ و بچوكى به‌پێى قه‌باره‌ ياخود ئه‌و پێوه‌رانه‌ى ئاماژه‌يان بۆ كرا به‌كارهێناوه، به‌پێى قه‌باره‌يان هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌ى كردووه‌، كه (كوره‌ى وه‌ك ئوستان داناوه‌، هه‌ر ئوستانێك له‌ چه‌ند قصبة يان المدينة پێكهاتووه‌، ئينجا رساتيق له‌ چه‌ند طسوج و طسوجيش له‌ چه‌ند گوندێك) پێكدێت‌‌[63]، له‌ڕاستيشدا شاره‌كان وه‌ك يه‌ك نه‌بوون و ئاست و ژماره‌ى دانيشتوان و قه‌باره‌ و ڕووبه‌رى كارگيڕى ياخود به‌مانايه‌كى هه‌رێمى شار له‌يه‌كترى جياوازببون، ئه‌وه‌ى تێبينى ده‌كرێت زياترله‌سه‌ر بنه‌ماى قه‌باره‌ و سروشت و جۆرى په‌يوه‌نى كۆمه‌ڵايه‌تى و شێوه‌ى ژيانى ئابوورى لێك جياكرابنه‌وه‌، بۆيه‌شه‌ وڵاتناسان له‌ ميانه‌ى سه‌ردانى كردنى هه‌ر شارێك و به‌پێى به‌دواداچوون و ئه‌وه‌ى پێگه‌يشتوون ئاماژه‌يان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ بۆ نموونه‌ شارێكى گه‌وره‌يه‌ و هه‌رێم و كوره‌ى زۆربووه‌، پانتايه‌كى فراوانى هه‌بووه، هه‌روه‌ك(اليعقوبي) ده‌رباره‌ى (همدان) گوتوويه‌تى: (همذان بلد واسع جليل القدر كثير الأقاليم والكور) [64]، به‌ چه‌ندان ده‌ربرێنى تر گوزارشتيان لێكردوون[65].

    به‌شێكى لێكدانه‌وه‌كانيش به‌ پێويستيه‌ مادى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان دانراون، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنى شوێن و پێگه‌ى شاردا پێويستبووه‌ له‌به‌رچاو بگيرێن، له‌مباره‌يشه‌وه‌ (ابن ابي الربيع)(مردوو له‌ 272ك/ 885ز)كۆمه‌ڵێك بنه‌ماى مادى و كۆمه‌ڵايه‌تى بۆ هه‌ڵبژاردنى شوێنى شار داناوه‌، نه‌خاسمه‌ به‌مه‌رجيشى له‌سه‌ر مه‌ليك و ده‌سه‌ڵاتدارى شار داناوه‌، كه‌ هه‌شت ئه‌رك به‌رامبه‌ر به‌ دانيشتوان له‌ئه‌ستۆ بگرێت و جێبه‌جێيان بكات[66]، به‌و سروشته‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌ى كه‌ (خواى گه‌وره‌) به‌ مرۆڤى به‌خشيووه‌، پێويستى و گيانى هاوكارى وايان لێده‌كات له‌ شوێنێك كۆيانبكاته‌وه، هه‌ندێكيان بۆ هه‌ندێكيان ده‌بنه‌ يارمه‌تيده‌ر بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێويستييه‌كانيان، پێويسته‌ مه‌ليكيش ده‌سته‌به‌رى ئارامى پارێزه‌رى ياسا و ڕێوشوێنه‌كان بكات[67]،‌ هه‌روه‌ك (القزويني)يش ئاماژه‌ى كردووه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ بێ پێويستيه‌ مادييه‌كان ناتوانێت درێژه‌ به‌ ژيان بدات، به‌ ته‌نهاش ناتوانێت ته‌واوى پێويستيه‌كانى دابين بكات، هه‌ر له‌ خۆپاراستنى له‌ مه‌ترسيه‌كان و سه‌رما و گه‌رما و په‌يداكردنى بژێوى، بۆيه‌ پێويستى به‌ ده‌سه‌ڵاتێك هه‌يه‌، كه‌ په‌ناگه‌ و شوره‌ و ئارامگه‌يه‌كى بۆ دابينبكات، خه‌ڵكيش هه‌ندێكيان پێويستيه‌كانى هه‌ندێكيان پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ريه‌كه‌شيان پێويستيان به‌ به‌رهه‌مى ئه‌ويتريان، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مايه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنى چه‌ند مه‌رجێك حاكم و فه‌رمانڕه‌واكان شاره‌كانيان ئاواكردوون‌[68].

     دياره‌ هه‌ر له‌به‌ر هۆكارى پێويستى مرۆڤ به‌ تێركردنى پێويستيه‌كانى و يارمه‌تى بۆ پارێزگارى و داكۆكى له‌ خۆ كردنى و دورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسيه‌كان، كه‌ كۆمه‌ڵبونى مرۆڤ به‌ هاوتاى شارستانى بزانرێت‌، ‌شارستانى و ئاوه‌دانى و بيناكاريش به‌بێ كۆمه‌ڵى مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر نابێت، هه‌ر وه‌ك چۆن (ابن خلدون)يش ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانڕه‌وايى له‌ به‌رامبه‌ر ئاوه‌دانى وه‌ك شێوه‌ بۆ ماده‌ داناوه‌، كه‌ له‌ شێوه‌ى خۆيدا وه‌ك پاسه‌وانه‌ بۆ بوونى ماده‌، جيابوونه‌وه‌ى ئه‌م دووانه‌ش له‌ يه‌كترى نه‌گونجاوه‌، واتا ده‌وڵه‌ت به‌بێ ئاوه‌دانى وێنا ناكرێت و به‌دى نايه‌ت، ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتێك هه‌بێ پارێزگارى له‌ ئاوه‌دانى بكات، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگاى شه‌ريعه‌ت و ده‌وڵه‌تدارييه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت[69]، ئيدى بوونى دامه‌زراوه‌ و ئاواكارييه‌ كارگێڕى و سه‌ربازى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان له‌ شاردا، وه‌ك مه‌رج و پێويستى ژيانى شارستانى سه‌يرده‌كرێن[70]، به‌مه‌ش شار وه‌ك ناوه‌ندێكى كۆمه‌ڵايه‌تى و شارستانى كۆمه‌ڵێ وه‌زيفه‌ى كه‌وتۆته‌ سه‌رشان ياخود كۆمه‌ڵێ وه‌زيفه‌ى بينيووه‌.

    ئه‌و ڕاڤانه‌ش كۆمه‌ڵێ بنه‌ماو مه‌رجيان له‌ پێكهاته‌ى مادى و كۆمه‌ڵايه‌تى بۆ شار داناوه‌، بۆ سه‌رپه‌رشتيكردن كاروبار و رێكخستنى ژيانى رۆژانه‌ى تاكه‌كان يان شارنشينان، كه‌ بێگومان ئه‌مانه‌ش به‌ بێ دامه‌زراوه‌ و ده‌زگايانێك و پيشه‌ و پيشه‌كارى و خه‌ڵكى هه‌مه‌كاره‌ نايه‌نه‌ دى، مرۆڤيش وه‌ك كائينێكى كۆمه‌ڵايه‌تى به‌ بێ هاوكارى و پشتيوانى ئه‌وانى دى ناتوانێت پێويستيه‌كانى فه‌راهه‌م بكات، هه‌ندێكێان پێويستيان به‌ هه‌ندێكى ديكه‌يان هه‌يه[71]،‌ ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تێكى مه‌ده‌نى به‌ مرۆڤ به‌خشيووه‌. ڕاى واش هه‌يه‌ كه‌ شار به‌ وێنه‌ى ئه‌ندامێكى زيندووى كۆمه‌ڵايه‌تى وێناكردووه‌، ياخود جه‌سته‌يه‌ك كه‌ ئه‌ندامه‌كانى ته‌واوبن، كه‌ هه‌ر ئه‌ندامێكى بۆ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامبوونى جه‌سته‌كه‌ به‌ باشى كار بكات و ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات، كه‌ جۆراوجۆرن و هه‌ريه‌كه‌شيان ئه‌ركێك ڕايده‌كات، هه‌ندێكيان به‌ سروشت له‌ هه‌ندێكيان باشترن و باشترين ئه‌ندام و سه‌رۆكيشيان دڵه‌، ئه‌ندامه‌كانى ديكه‌ش له‌ باره‌ى پله‌وه‌ جياوازن، كه‌ هه‌ريه‌كه‌يان هێز و كاريگه‌رى و ده‌ست و پێوه‌ندى خۆى هه‌يه‌، به‌ڵام هه‌موويان له‌ ژێر فه‌رمانى دڵ دان و وه‌شوێن و ئامانجى ئه‌و ده‌كه‌ون، ئيدى ئه‌و كامڵترين و هۆشيارترين ئه‌ندامى جه‌سته‌كه‌يه، هه‌روه‌ك پێكهاته‌ى جه‌سته‌ى مرۆڤ كه‌ له‌چه‌ندان ئه‌ندام پێكهاتووه‌ و سه‌ره‌كترين و گرنگترينيان دڵه‌، به‌مه‌ش سسته‌مى مرۆڤى له‌گه‌ڵ سسته‌مى كۆمه‌ڵگه‌دا به‌راورد كردووه‌، به‌م پێيه‌ش سه‌رۆكى شار ده‌بێت هه‌ڵگرى چه‌ند خه‌سڵه‌ت و تايبه‌تمه‌ندييه‌ك بێت، كه‌ له‌ ئه‌ندامه‌كانى ديكه‌ جياى بكاته‌وه‌، بتوانێ وه‌ك دڵ له‌ جه‌سته‌ى مرۆڤدا كار بكات، به‌جۆرێك له‌ جێگه‌ى عه‌قڵى چالاك و يه‌كه‌م بێت[72]، دياره‌ كه‌ شاريش شوێنى نيشته‌جێبوونى سروشتى مرۆڤى خاوه‌ن ژياره‌، به‌ ته‌نهاش له‌ مرۆڤه‌كان و پێداويستيه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان و مادييه‌كان پێكنه‌هاتووه‌، به‌ڵكو كه‌وشه‌ن و ناوچه‌يه‌كى ده‌روونى پێكدێنێ، كه‌ بريتييه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك رێ و شوێنه‌ كرده‌ييه‌كان، كه‌واتا شار خاوه‌نى دوو لايه‌نه‌، لايه‌نى قه‌واره‌يى و لايه‌نى چييه‌تى مرۆڤ، له‌و روه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هزرى ڕێكخراوه‌ له‌ ناوچه‌يه‌كى كه‌لتورى فه‌زاييدا، چييه‌تى مرۆڤيش له‌گه‌ڵ ياساى تايبه‌ت به‌خۆى هاورێ ده‌بێت[73].

   ئه‌و لايه‌نه‌ش كه‌ په‌يوه‌ندى به‌ هزرى ئاواكارييه‌وه‌ هه‌يه‌، وه‌ك لايه‌نێكى شارستانى مادى، كه‌ خه‌سڵه‌تێكى گرنگ و لايه‌نێكى دره‌وشاوه‌ى ناساندنى شارستانيه‌ته‌كانه‌، له‌ ناويشياندا شارستانى ئيسلامى ئه‌وه‌ى له‌ كه‌لتور و كه‌له‌پورى ئه‌و شارستانيه‌ته‌ به‌جێماوه‌، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كى به‌هێزله‌ نێوان هزر و بيرى ئايينى و بوارى پراكتيكى ده‌سه‌ڵاتى كرداريدا هه‌بووه‌، واتا ده‌ق و تێكسته‌ ئاينيه‌كان بوونه‌ بنه‌ما و بزوێنه‌رى داهێنان و ژيانى شارستانى و مه‌ده‌نى كۆمه‌ڵگا به‌گشت بواره‌ جياوازه‌كانيه‌وه‌، كه‌ميش نين ئه‌و دانراوانه‌ى كه‌ له‌باره‌ى داهێنان و بايه‌خدان به‌لايه‌نى ئاواكارى دانراون و ده‌سه‌ڵاتى سياسيشيان له‌سه‌ر ئه‌داكردنيان هانداوه‌، به‌تايبه‌ت له‌ سه‌ده‌ى (3ك/ 9ز)به‌دواوه. له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارييه شارستانيانه‌ى به‌سه‌ر لايه‌نى شارستانى و بزافى زانستى و ڕۆشنبيرى كۆمه‌ڵگه‌ى موسڵماندا هاتوون، به‌رفراوانبوونى بوارى كارگێڕى و سه‌رهه‌ڵدانى ديوان و داموده‌زگاى نوێ و زيادبوونى جموجۆڵى بازرگانى و گه‌وره‌بوونى قه‌باره‌ى شاره‌كان و زيادبوونى ژماره‌ى دانيشتوان، ‌وه‌ك گه‌شه‌ى هزرى و پێويستيه‌كى سه‌رده‌م به‌ سود وه‌رگرتن له‌ تێكست و ڕاڤه‌ى شارستانيانه‌ زانايان كتێبگه‌لێكيان دانان، كه‌ به‌گشتى هێما و ڕێنوێنيكار بوون بۆ خه‌ليفه‌ و لێپرسراوانى ده‌وڵه‌ت هه‌ست به‌رپرسياريه‌تى به‌رامبه‌ر بارودۆخى نوێ بكه‌ن، له‌ شێوه‌ى كۆمه‌ڵێ ئامۆژگارى و زانيارى خرانه‌ ڕوو، به‌مه‌ش به‌شێكيان بوونه‌ بنه‌مايه‌كى گرنگ به‌ لاكردنه‌وه‌ى زياتر به‌ئاڕاسته‌ى فراوانكردنى لايه‌نى ئاواكارى و بيناى دامه‌زراوه‌ و دروستكردنى دامه‌زراوه‌ خزمه‌تگوزارى و كۆمه‌ڵاتييه‌كان و بايه‌خدان به‌ داوه‌رى كۆمه‌ڵايه‌تى، كه‌ به‌شێكيان وه‌ك پلانى شار و پێويستييه‌ مادى و نامادييه‌كانى خراونه‌ ڕوو[74]، كه‌ ئه‌مانه‌ش به‌ مه‌رجى به‌رده‌وامبوونى سه‌ڵته‌نه‌ت و عمران زانراون‌[75]، به‌ يه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كيه‌كانى سسته‌مى سياسى و مه‌مله‌كه‌ت دانراوه‌[76]، ئه‌مجۆره‌ دانراوانه‌ش زۆرن، كه‌ له‌بوارى عمران و سياسه‌ت و كارگيڕى و شارستانيه‌وه‌ دانران[77].

     ئه‌وى له‌مباره‌يه‌شه‌وه‌ تێبينى ده‌كرێت مه‌رجى ده‌وڵه‌تدارى و به‌رده‌وامبوونى به‌ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر پرۆژه‌ى ئاواكارى به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ جۆرێك به‌ روكنێكى گرنگى ئه‌ركه‌كانى فه‌رمانڕه‌وا دانراوه[78]، زياتر له‌وه‌ش پايه‌داربوونى ده‌سه‌ڵاتى فه‌رمانڕه‌واش به‌ هێزى سه‌ربازى و هێز به‌ماڵ و ماڵ به‌ ئاواكاريه‌وه‌ گرێدراون[79]، ئه‌مه‌ش ماناى پێويستبوونى ده‌سه‌ڵاتى سياسى بۆ ژيانى مرۆ ده‌رده‌خات، مانه‌وه‌ و به‌رده‌وابوونيشى به‌ هێزى سه‌ربازى گرێدراوه‌، كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش پێويستى به‌ تێچوو و ماڵ هه‌يه‌، سه‌رچاوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى په‌يداكردنى ماڵيش په‌يوه‌ندى به‌ سياسه‌تى ئاواكارى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى وڵاته‌وه‌هه‌يه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵات خه‌مخۆر و جێبه‌جێكاريه‌تى ده‌بێت ئه‌و زه‌مينه‌يه‌ بڕه‌خسێنێ، له‌ڕێگه‌شيه‌وه‌ ئيش و كه‌سابه‌ت بۆ خاوه‌ن پيشه‌كان و ده‌ستكار و ده‌ستڕه‌نگينان ده‌ره‌خسێت و وڵات ده‌بوژێته‌وه‌ و سوڵتانيش له‌ رێگه‌ى باج و ماڵياته‌وه‌ داهاتى ده‌ستده‌كه‌وێت، كه‌ بۆ پارێزگارى له‌خۆى و وڵات به‌كارى ده‌هێنێت، بۆيه‌ وه‌ستان و كۆتايى ئاواكارى به‌ماناى به‌ره‌وكزبوون و كۆتايى ده‌سه‌ڵات و كزبوونى گيانى به‌رگريش‌ لاى هێزى سه‌ربازى له‌هزرى ئايينيدا لێكدراوه‌ته‌وه‌.

   له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و ئاواكارى و ژيانى ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتن به‌ دوو دوانه‌ى به‌يه‌كه‌وه‌ گرێدراو دانراون، ته‌مه‌نيان به‌يه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌و مانايه‌ى هه‌ركاتێك ده‌سه‌ڵاتى سياسى يان ده‌وڵه‌ت پشتى له‌ كارى ئاواكارى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كرد، ئه‌وه‌ سه‌ره‌تاى نيشانه‌كانى به‌ره‌و كۆتايى چونى ده‌سه‌ڵاتيه‌تى، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نى فه‌رمانڕه‌وا دڕێژبێت ئه‌وا گوند و شار و شارۆچكه‌كان خانوو و كۆشك و دوكان و بازاڕى جۆراوجۆر دروستده‌كرێت[80]، هه‌رچه‌نده‌ مه‌رجيش نييه‌ ماوه‌ى دڕێژى فه‌رمانڕه‌وايى به‌ته‌نها مه‌رجى سه‌ره‌كى بوژانه‌وه‌ى ڕه‌هه‌نده‌ شارستانييه‌كان بێت، به‌ڵكو ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و هۆكارى ديكه‌ وه‌ستاوه‌، له‌ نموونه‌ى سياسه‌تى فه‌رمانڕه‌وا و بارودۆخى سه‌ربازى و ئابوورى و ئاستى گه‌شه‌ى شارستانى و جڤاكى كۆمه‌ڵگاش ڕۆڵ ده‌بينێت. له‌وه‌ى كه‌ به‌كورتى خراڕوو، به‌لێكدانه‌وه‌ و پشت به‌ستن به‌ بۆچون و شرۆڤه‌ى توێژه‌رانى مێژووى شارستانى ئيسلامى، ده‌توانين له‌باره‌ى شار و پێوه‌ر و بنه‌ماكانى ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ين، كه‌ شار وه‌ك شوێنێكى جوگرافى دياريكراو، وه‌ك ناوه‌ندێكى ئاوه‌دانى تواناى له‌خۆكۆكردنه‌وه‌ى ژماره‌يه‌كى له‌ دانيشتوان هه‌يه‌، ئيدى مادام شوێنى كۆبۆنه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئاست و توێژى جياوازه‌، پێويستى ژيان و بژێوى و ڕايكردنى ئيش و كاره‌كانيان ده‌خوازێت كۆمه‌ڵێ دامه‌زراوه‌ و ده‌زگاى سياسى و كارگێڕى و سه‌ربازى و ئايينى و كۆمه‌ڵايه‌تى هه‌بێت، بێگومان به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌مانه‌ش پێويستى به‌ كه‌سانى شاره‌زا و زانا و به‌رپرس و خه‌ڵكى هه‌مه‌كاره‌ هه‌بووه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش شار ده‌كه‌ن به‌ ناوندێكى شارستانى خاوه‌ن سسته‌م و دامه‌زراوه‌، كه‌ له‌رێگه‌ى سه‌ردارى شاره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت و ياسا شه‌رعيه‌كانيش جێبه‌جێ ده‌كرێن، بوونى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريش پارێزگارى له‌ سه‌روه‌ريان و ئه‌حكامه‌كان ده‌كات، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ شرۆڤه‌ و ڕاڤه‌ى شه‌رعزان و شرۆڤه‌كارنى قورئان و فه‌رمووده‌كان تايبه‌ت به‌و ده‌ق و تێكستانه‌ى كه‌ له‌باره‌ى شار و ئاوه‌دانى ژيانى ئاواكارى و بنه‌ماكانى هاتوون وه‌رگيراون، به‌ مانايه‌كى ديكه‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ئيسلام و ئه‌زموونى پێشينانى ئيسلام بوونه‌ هه‌وێنى داهێنان و گه‌شه‌ پێدانى سسته‌مى شارنشينى، به‌ تابه‌تيش ئه‌مه‌ له‌ گه‌شه‌كردنى شاره‌ ئيسلاميه‌كان له‌ قۆناغه‌كانى دواتر پراكتيزه‌ كراوه‌، چ جاى دروستكردنى شارى نوێ و با‌يه‌خدان به‌ لايه‌نى ئاوه‌دانى و دروستكردنى ده‌يان دامه‌زراوه‌ى ئايينى و زانستى و كۆمه‌ڵايه‌تى جۆراوجۆر، له‌ نموونه‌ى (مزگه‌وت و ته‌كيه‌ و خانه‌قا و زاويا و قوتابخانه‌ و بيمارستن و كتێبخانه‌ و دووكان و بازاڕ و خان و )، كه‌ئه‌مانه‌ش ديمه‌نێكى شارستانى گه‌وره‌يان به‌شاره‌كان به‌خشيوه‌ و سيماى ئاوه‌دانى و شارستانى ئيسلامى بوون، كه‌ داهێنانى زۆريان تێداكراو ته‌رز و ستايلى جۆربه‌جۆريان به‌خۆوه‌ بينيووه‌، كه‌ بێگومان پێكهاته‌ و ڕه‌گه‌زه‌ جياوازه‌كانى سنورى خانه‌ى ئيسلام له‌ پێشكه‌وتن و ئه‌و داهێنانانه‌دا رۆڵيان بينيووه‌ و به‌رهه‌مى كۆى پێكهاته‌كانه‌.

      ئيدى شار له‌ ديدگاى شارناسانى موسڵمانه‌وه‌ به‌و ئه‌رك و وه‌زيفه‌ جۆربه‌جۆرانه‌ى كه‌ به‌رامبه‌ر دانيشتوانى له‌ ئه‌ستۆى دابووه‌ پێناسه‌كراوه‌ و ناسێنراوه‌، هه‌ر بۆيه‌شه‌ به‌و پێودانگه‌وه‌ به‌شار هه‌ژماركردن و نه‌كردنى شوێنێك به‌و پێوه‌رانه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئاست و به‌رپرسياريه‌تى شاره‌كان له‌ يه‌كێكه‌وه‌ بۆ يه‌كێكى ديكه‌ و له‌سه‌ده‌مێكه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مێكى ديكه‌ جياوازبووه‌، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و قۆناغه‌ به‌يه‌كێك له‌ قۆناغه گرنگه‌‌كانى گه‌شه‌كردنى مێژوويانه‌ى سسته‌مى شارنشينى و جوگرافياى شاره‌كان داده‌نرێت، كه‌ شارناسا و وڵاتناسا و جوگرافى زانانى موسڵمان له‌م نێوه‌ندا ڕۆڵى مێژوويانه‌ى گرنگيان گێڕاوه‌، به‌مه‌ش خزمه‌تێكى فره‌ ڕه‌هه‌نديان به‌ بزافى شارنشينى و شارستانى مرۆڤايه‌تى كردووه‌.


 

ئه‌نجام/

  • شار و شارنشينى مێژوويه‌كى كۆنى هه‌يه‌، به‌ته‌نها به‌ سه‌رده‌مى خيلافه‌تى ئيسلاميه‌وه‌ په‌يوه‌ست نييه‌، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌ به‌يه‌كێك له‌ قۆناغه‌ گرنگه‌كانى گه‌شه‌كردنى مێژوويانه‌ى شار و سسته‌مى شارنشينى داده‌نرێت، كه‌ بێگومان زانايان و شارناسه‌ موسڵمانه‌كان رۆڵى گرنگيان له‌ پێشخستنيدا بينيووه‌.
  • وه‌ك هه‌ر چه‌مكێكى ديكه‌ شاريش لێكدانه‌وه‌ى جياوازى بۆ كراوه‌، كه‌ به‌سه‌رنجدان له‌ ناوه‌رۆك و ماناى لێكدانه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ بنه‌ما و پێويستيه‌كانى شار دێنه‌وه‌، له‌ بنه‌ما مادى و نامادييه‌كانى كه‌ بۆ دروستكردن و گه‌شه‌كردنى شار پێويستن.
  • ئه‌وه‌ى له‌ مێژوو و هزرى ئيسلاميدا تێبينى كرا، فراوانى دونيابينى زانايانى موسڵمانه‌ بۆ راڤه‌كردنى و لێكدانه‌وه‌ى جياوازى بنه‌ماكانى به‌شاردانانى شوێنێك، كه‌ زياتر له‌ چوارچێوه‌ى ده‌قه‌كان و پێويستييه‌كانى سه‌رده‌م گونجاو بوون، ئه‌مه‌ش دوربينى و شاره‌زايى ئه‌وان ده‌سه‌لمێنيت له‌مه‌ڕ ژيانى شارستانى و مه‌ده‌نى.
  • به‌و بنه‌مايانه‌ش كه‌ دياريكراون بۆ شار و شارۆچكه‌كان، به‌شێكى زۆرى هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه‌ زانستى جوگرافياى شاردا ئمڕۆ بوونه‌ پره‌نسيپى به‌شاردانان، به‌مه‌ش موسڵمانان چ جاى خزمه‌تێكى زۆرى بواره‌كه‌ به‌شداريشيان له‌گه‌شه‌كردنى مێژوويانه‌ى بزافى شارنشينى كردووه‌.
  • به‌و چه‌مك و ناوى شوێن و شار و شوێنانه‌ش كه‌ له‌ دوو سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كييه‌كه‌ى ئيسلامدا هاتوون، سه‌ربارى ئاماژه‌كردنى به‌ ڕووداوگه‌لى جياواز، ئاستى بايه‌خ و گرنگى پێدانى ئيسلام ده‌رده‌خه‌ن، به‌ ژيانى نيشته‌جێبوون و شار و ئاستى بايه‌خدان به‌ لايه‌نى ئاواكارى و شارستانى ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تى دانيشتوان به‌گشتى، هه‌ربۆيه‌ بوونه‌ هه‌وێنى داهێنان و پێشكه‌وتنى ژيانى شارستانى.

په‌راوێز و ليستى سه‌رچاوه‌كان:

[1] وليد جادر، التجمعات الزراعية الأولى، المدينة و الحياة المدنية، ج1، ص64؛ فاروق ناصر الراوي، اقتصاد المدينة العراقية القديمة، المدينة و الحياة المدنية، ج1، ص237.

[2] تقي الدباغ، من القرية الى المدينة الأولى، المدينة و الحياة المدنية، ج1، ص 17.

[3] بۆ زانيارى زياتر له‌سه‌ر پێناسه‌ و بنه‌ماكانى ناساندنى شار به‌ نموونه‌ بڕوانه‌: كايد عثمان ابو صبحة، جغرافية المدن، دار وائل، ط1، (د.م: 2003)، ص38؛ عادل عبدالله خطاب، جغرافية المدن، وزارة التعليم العالي، (بغداد: 1990م)، ص 9.

[4] ابن المنظور، لسان العرب، دار صادر، ط3، (بيروت: 1414 هـ)، ج 13، ص402.

[5] فيروز آبادي، القاموس المحط، مؤسسة الرسالة، الطبعة الثامنة، (بيروت: 2005)، ص1233.

[6] الزبيدي، تاج العروس، دار الهداية، (القاهرة: د.ت)، ج 35، ص55.

[7] سه‌ربارى راڤه‌ى به‌ غَيْرَ مُصَدِّقِينَ وَعَنْ مُجَاهِدٍ: {غَيْرَ مَدِينِينَ} غَيْرَ مُوقِنِينَ. بڕوانه‌: ابن كثر، تفسير القرآن العظيم، المحقق: سامي بن محمد، دار الطيبة، ط2، 1999م، ج7، ص548.

[8] محمد عبدالستار عثمان، المدينة الاسلامية، عالم المعرفة، ( كويت: 1988م)، ص16.

[9] فيروز ابادي، القاموس المحط، ص123؛ الزبيدي، تاج العروس، ج 35، ص55.

[10] سامي عبدالله‌ المغلوث، اطلس الاماكن في القرآن الكريم، مكتبة العبيكان، (الرياض: 2015م)، ص158؛ صبري فارس الهيتي و حسن صالح، جغرافية المدن، مكتبة دار الكتب، (الموصل: 1986م)، ص23.

[11] سامي عبدالله‌ المغلوث، اطلس الاماكن في القرآن الكريم، ص158؛شوقي ابو خليل، أطلس القرآن، ص133، ص169، ص175.

[12] ڕه‌سوڵ ڕه‌بانى، كۆمه‌ڵناسى شار، و.چه‌كۆ ئه‌حمه‌د، چاپخانه‌ى ڕۆژهه‌ڵات، ( هه‌ولێر: 2013ز)، ل 19.

[13] عبدالجبار ناجي، دراسات في تاريخ المدن العربيه‌ الاسلامية، شركة المطبوعات، (بيروت: 2001م)، ص 17.

[14] الفارابي، اهل أراء المدينة الفاضلة، قدم وعلق عليه‌ البير نصري، دار المشرق، الطبعة الثانية، (بيروت: 1986م)، ص117-118.

[15] عه‌بدوڵڵا غه‌فور، شارنشينى له‌باشورى كوردستان، ئه‌كاديمياى كوردى، (هه‌ولێر: 2017ز)، ل17-18.

[16] عبدالجبار ناجي، دراسات في تاريخ المدن، ص19.

[17] صبري فارس الهيتي، جغرافية المدن، ص16؛ عرب دعكور، تاريخ المجتمع الريفي و المدني، دار المواسم، ط2، ( 2004م)، ص 54.

[18] بۆزانيارى له‌مباره‌يه‌وه‌ بڕوانه‌: عاتق بن غيث بن زوير، سامي عبدالله المغلوث، اطلس القرآن الكريم، ص 9 ومابعد؛ معجم المعالم الجغرافية في السيرة النبوية دار مكة للنشر والتوزيع، ، الطبعة الأولى،( مكة المكرمة: 1982)،  ص 13؛ محمد بن محمد حسن شراب، المعالم الأثيرة في السنة والسيرة، دار القلم، الدار الشامية – دمشق- بيروت الطبعة الأولى ، 1411ه، ص 15.

[19] ( فيرعه‌ون به‌ ساحيره‌كانى وت به‌رله‌وه‌ى ئيزن و بده‌م ئێوه‌ چۆن بڕواو به‌ موسى هێنا ئێوه‌ ويستووتانه‌ له‌م شاره‌دا فيڵێك بكه‌ن تا خه‌ڵكه‌كه‌ى لێوه‌ده‌رنێن له‌ دواييدا ده‌زانن)، الطبري، جامع البيان في تأويل القران، المحقيق احمد محمد شاكر، مؤسسة الرسالة، (د.م. 2000)، ج 13، ص33؛ هه‌ژار، قورئانى پيرۆز، ل165.

[20] ( يه‌كێك به‌م دراوه‌ بنێرنه‌ شار با خوارده‌مه‌نيه‌كى پاك بينێ، ئه‌و شاره‌ى كه‌ ڕايانكرد لێى، به‌ڵام به‌ وريايى بجوڵێته‌وه‌ هيچ كه‌سێك پێتان نه‌زانێت)، الطبري، جامع البيان، ج 17، ص627؛ هه‌ژار، قورئانى پيرۆز، ل295.

[21] هه‌روه‌ها بڕوانه‌ ئايه‌ته‌كانى ژماره‌ ( 18 و 20) هه‌مان سوره‌ت.

[22] كه‌ مه‌به‌ست له‌ به‌شێك له‌ دووڕوو خه‌ڵكه‌ خراپه‌خوازه‌كه‌ى شارى مه‌دينه‌يه‌، كه‌ ئاره‌زوومه‌ندى بڵاوكردنه‌وه‌ى خراپه‌كارين و غه‌ره‌زى گه‌نده‌ڵى و نفاق له‌دڵياندا هه‌يه‌. الطبري، جامع البيان، ج 20، ص327.

[23] بۆ نموونه‌ ئايه‌ته‌كانى ديكه‌ بڕوانه‌: (التوبة/101، 120)(الاحزان/60)(المنافقون/ 8)(النمل/ 48)( القصص/15-18-20)(يس/20)(الحجر/67)؛ سامي عبدالله، أطلس الاماكن في القران الكريم، ص158-161؛ شوقي ابو خليل، أطلس القرآن، ص133، 147، 166.

[24] الرازي، مختار الصحاح، ص254؛ الزبيدي، تاج العروس، ج4، ص43.

[25] سامي عبدالله المغلوث، أطلس الاماكن في القرآن الكريم، ص136.

[26] ( هه‌روا تاوانكارانى هه‌ر ئاواييه‌كمان كردۆته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، تا له‌وێدا خه‌ڵك فريوده‌ده‌ن، له‌ڕاستيشدا هه‌ر فێڵ له‌ خۆيان ده‌كه‌ن و هه‌ست پێناكه‌ن). الطبري، جامع البيان، ج12، ص93؛ هه‌ژار، قورئانى پيرۆز، ل143.

[27] (گره‌گره‌كانى هۆزى كه‌ له‌ خۆيان بايى‌ ببون، گوتيان شوعه‌يب ئێمه‌ تۆش و ئه‌و كه‌سانه‌ش وه‌ك تۆ باوه‌ڕيان هێناوه ‌له‌ شارى خۆمان ده‌رده‌كه‌ين، يان دێنه‌وه‌ سه‌ر دينى‌ مه‌ ئه‌گه‌ر حه‌زيش نه‌كه‌ين).هه‌ژار، ته‌فسيرى قورئانى پيرۆز، ل162.

[28] ( بۆچى هيچ شارێك نه‌بوو كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى بڕوا بێنن تا ئه‌و ده‌مه‌ى كه‌ بڕواكه‌يان به‌هره‌يان پێبگه‌يه‌نێت، بێژگه‌ له‌ هۆزه‌كه‌ى يونس كه‌ كاتێ بڕوايان هێنا ئازارى ئابرۆبه‌رمان له‌سه‌ر دونيا لێ لادان و وانكرد كه‌ هه‌تا ماوه‌يه‌ك خۆش ڕابوێرن). هه‌ژار، ته‌فسيرى قورئانى پيرۆز، ل220.

[29] سامي عبدالله المغلوث، أطلس الاماكن في القران الكريم، ص131-132.

[30] ( هه‌ر پێغه‌مبه‌رێكمان بۆ ئاواييه‌ك ناردبێت به‌ناخۆشى و ناره‌حه‌تى له‌ برسيه‌تى و نه‌خۆشى تاقيمان كردوونه‌وه‌ تا به‌ ملكه‌چى بپارێنه‌وه‌‌). ابن كثير، تفسير ابن كثير، ج3، ص449.

[31] عبدالجبار ناجي، دراسات في تاريخ المدن، ص64.

[32] ( زۆر باژێرى ديكه‌ هه‌بوون، له‌ خه‌ڵكى شاره‌كه‌ى تۆ – مه‌به‌ست مه‌ككه‌ يه‌- به‌هيزتربوون، كه‌ تۆيان لێوه‌ده‌رنا، له‌ناومانبردوون و كه‌سيش ده‌هانايان نه‌هاتووه‌). ابن كثير، تفسير ابن كثير، ج7، ص311.

[33] بۆ نموونه‌ى زياتر بڕوانه‌: عبدالجبار ناجي، دراسات في تاريخ المدن، ص63-64.

[34] ابن كثير، تفسير ابن كثير، ج7، ص311.

[35] ابن كثير، تفسير ابن كثير، ج6، ص568؛ شوقي ابو خليل، أطلس القرآن، ص133.

[36] عاتق بن غيث الحربي، معجم معالم الجغرافية في السيرة النبوية، ص 7-8.

[37] محمد بن محمد الشراب، المعالم الاثرية في السيرة و السنة، ص8.

[38] البلاذري، فتوح البلدان، دار الكتب العلمية، الطبعة الاولى، (بيروت: 2000م)، ص 270، ص337.

[39] الشافعي، الكتاب الأم، المحقق: رفعت فوزي عبد المطلب، دار الوفاء المنصورة، الطبعة: الأولى، (د.م: 2001م)، ج2، ص378-379؛ الماوردي، الاحكام السلطانية والولايات الدينية، تحقيق احمد جاد، دار الحديث، (القاهرة: د.ت)، ص 165.

[40] الماوردي، الاحكام السلطانية، ص 165.

[41] مه‌به‌ستى ئه‌م توێژينه‌وه‌يه‌ گفتوگۆكردن نييه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ فيهييه‌، كه‌ڕا جيايشى له‌سه‌ره‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى ئامانجى باسه‌كه‌يه‌ ڕاڤه‌ى پێوه‌ره‌كانى به‌شار دانان گه‌شه‌ى مێژوويانه‌ى سسته‌مى شارنشينييه‌ له‌ مێژووى ئيسلاميدا، بۆ زانيارى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ فيقهييه‌ بڕوانه‌: الشافعي، الكتاب الأم، ج2، ص378؛ الماوردي، الاحكام السلطانية، 165.

[42] المصر- الامصار: به‌ ڕاى شه‌رعزانان به‌شوێنى كۆبوونه‌وه‌ى دانيشتوان كه‌ شوێنى نيشته‌جێبوونى له‌ نموونه‌ خانو و ماڵى تێدابن، نموونه‌ى شاره‌ ئيسلاميه‌كانيش به‌ الامصار ناوبراون. المقدسي، احسن التقاسيم فى معرفة الاقاليم، علق عليه محمدامين الضناوى، مكتبة مدبولي، ط3، (القاهرة: 1991)، ص47؛ فيروز ابادي، القاموس المحط، ص476.

[43] الماوردي، الاحكام السلطانية، 165.

[44] عادل عبد الله خطاب، جغرافية المدن، وزارة التعليم العالي، (بغداد: 1990م)، ص9-10.

[45] ئه‌وه‌ى لێره‌دا خراوه‌ته‌ ڕوو، له‌ ڕوانگه‌ى تێڕوانينى زانا موسڵمانه‌كان و سنورى خانه‌ى ئيسلامه‌، كه‌ئه‌مه‌ گفتوگۆى ڕاجيايشى له‌سه‌ره‌. بڕوانه‌: عبدالجبار ناجي، دراسات في تاريخ المدن، ص101، ئه‌گه‌رنا بۆ شارانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م خانه‌يه‌ مه‌رج نه‌بووه‌ و شارى گه‌وره‌ش بوون و دوانگه‌شيان نه‌بووه‌.

[46] الماوردي، الاحكام السلطانية، ص62.

[47] الفارابي، اراء اهل المدينة الفاضلة، ص 120.

[48] فؤاد قنديل، أدب الرحلة، مكتبة دار العربية، (القاهرة: 2002)، ص67.

[49] له‌ ڕاستيدا جۆرى گه‌شته‌كان جياوازببون هه‌روه‌ك توێژه‌رێك بۆ گه‌شتى جوگرافى و مێژوويى و زانستى پۆڵێنيكردوون، وه‌ مێژووى سه‌رهه‌ڵدان و هۆكار و بايه‌خه‌كانيشى خستوونه‌ ڕوو. بڕوانه‌: فؤاد قنديل، أدب الرحلة، ص19؛ حكيم ئه‌حمه‌د خۆشناو، كورد و كوردستان له‌ ديدى گه‌ريده‌ و وڵاتناسانى موسڵمان(232-626ك/ 846-1229ز)،وه‌رگێڕانى شوكر سلێمان، چاپخانه‌ى موكريانى، چ1، (هه‌ولێر: 2014)، ل19، ل32.

[50] المقدسي، احسن التقاسيم، ص6-7.

[51] بۆ زانيارى ده‌رباره‌يان بڕوانه‌: كراتشكوفسكي، تاريخ الادب الجغرافي العربي، ق1، ص155؛ فؤاد قنديل، أدب الرحلة، ص70.

[52] كراتشكوفسكي، تاريخ الادب الجغرافي، ص208؛ فؤاد قنديل، أدب الرحلة، ص265.

[53] عبدالجبار ناجي، دراسات في تاريخ المدن، ص71؛ محمد عبدالستار عثمان، المدينة الاسلامية، عالم المعرفة، ( كويت: 1988م)، ص16.

[54] المقدسي، احسن التقاسيم، ص47.

[55] هه‌ر ئه‌مانه‌ وايكردووه‌، كه‌ له‌ ڕوانگه‌ى جوگرافى و كارگێڕى و مێژوويى و وه‌زيفى… پێناسه‌ بۆ شار بكرێت. بڕوانه‌: عادل عبدالله خطاب، جغرافية المدن، ص 9.

[56] المقدسي، احسن التقاسيم، ص47.

[57] الشافعي، الكتاب الأم، ج2، ص378؛ الماوردي، الاحكام السلطانية، 165.

[58] المقدسي، احسن التقاسيم، ص47.

[59] اليعقوبي، البلدان، دار الكتب العلمية، (بيروت: 1422 هـ)، ص 75، ص82.

[60] المقدسي، احسن التقاسيم، ص47.

[61] عبدالجبار ناجي، دراسات في تاريخ المدن، ص78؛ محمد عبدالستار عثمان، المدينة الإسلامية، ص20-21.

[62] بۆ زانيارى زياتر بڕوانه‌: عبدالجبار ناجي، دراسات في تاريخ المدن، ص71-76؛ محمد عبد الستار عثمان، المدينة الإسلامية، ص15.

[63] معجم البلدان، دار صادر، ط2،(بيروت: 1995)، ج1، ص 37.

[64] اليعقوبي، البلدان، ص 82.‌

[65] حه‌كيم ئه‌حمه‌د خۆشناو، كورد و كوردستان، ل187-188.

[66] سلوك الممالك في تدبير الممالك، تحقيق: حامد عبدالله ربيع، مطبعة دار الشعب،( القاهرة: 1983م)،  ج2، ص420-422.

[67] ابن ابي الربيع، سلوك الممالك، ج2، ص404.

[68] أثار البلاد وأخبار العباد، دار صادر، (بيروت:1960)، ص7-8.

[69] موقه‌ديمه‌ ئيبن خه‌لدون، وه‌رگێڕانى سه‌عيد به‌شير، چاپ و په‌خشى ڕێنما، چ1، (سلێمانى:2016)، ب2، ل103؛ ابن الازرق، بدائع السلك في طبائع الملك، المحقق: د. علي سامي النشار، النشر وزارة الإعلام – العراق، الطبعة: الأولى،( د.ت)، ج1، ص219.

[70] ابن الازرق، بدائع السلك، ج2، ص273.

[71] قدامه‌ بن جعفر، الخراج و الصناعة الكتابة، دار الرشيد، (بغداد:1981)، ص432.

[72] الفارابي، ارائ أهل المدينة الفاضلة، ص118-120.

[73] ره‌سول ره‌بانى، كۆمه‌ڵناسى شار، ل21.

[74] بۆ نموونه‌ بڕوانه‌: ابن ابي الربيع، سلوك الممالك، ج2، ص420-422.

[75] الطوسي، التبر المسبوك في نصيحة الملوك، ص 44. 

[76] ابن ابي الربيع، سلوك الممالك، ج2، ص407، ص418.

[77] بۆ زانيارى ده‌رباره‌يان بڕوانه‌: محمد عبدالستار عثمان، المدينة الاسلامية، ص23.

[78] ابن الأزرق، بدائع السلك، ج،1، ص 219.

[79] ابن الأزرق، بدائع السلك، ج2، ص 273-274.

[80] ئيبن خه‌لدون، موقه‌ديمه‌، ب2، ل 22.

ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ PDF دابه‌زێنه‌

شار له_ هزرى ئيسلاميدا

About دیدار عثمان

Check Also

فینچینزۆ پیرۆجیا دزەکەی مۆنالیزا

گه‌رمیان حه‌سه‌ن تابلۆ بەناوبانگەکان نوێنەرایەتی سامان و داهاتێکی زۆر دەکەن، هەر ئەمەشە وایکردە دزەکان زیاتر …