شرۆڤه‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ئه‌مریكی (ساڵی 1973) له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی كورد‌و ئه‌مریكا
پ.د. سه‌عدی عوسمان هه‌روتی
كۆلێژی ئاداب/ زانكۆی سه‌لاحه‌دین- هه‌ولێر
ئاشكرایه كه پێشكه‌وتنی زانست وته‌كنۆلۆجیا ولهنێویشیدا ته‌كنۆلۆجیای زانیاری، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ژیانی مرۆڤی له‌چه‌ندین ڕووه‌وه ئاسانكردووه. دیاره مێژوونووسان و توێژه‌رانی بواری مێژووش سوودی زۆریان له‌م بواره‌دا بینیوه؛ به‌تایبه‌تی كه‌توانیویانه به‌كه‌مترین ئه‌رك وماندووبوون ده‌ستیان بگاته به‌ڵگه‌نامه‌و سه‌رچاوه مێژووییه‌كانی وڵاته دووره ده‌سته‌كان. هه‌روه‌كو ئاسانكاری زیاتریش هه‌ندێ له‌و وڵاتانه خۆیان ده‌ستیانكردووه به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانیان له‌دوو توێی كتێبی چاپكراو یان به‌شێوازی ئه‌لیكترۆنی و له‌شێوه‌ی فایلی (pdf). یه‌كێك له‌و وڵاتانه (ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا)یه كه كاری گرنگی له‌م بواره‌دا كردووه؛ وه‌كو چاپكردنی كتێبی به‌ڵگه‌نامه‌یی (Foreign Relations of the United States, 1969–1976, Volume XXVII, Iran; Iraq, 1973–1976, United States Government Printing Office, Washington 2012.) كه له‌لایه‌ن (فه‌رمانگه‌ی میژوونووسی)ی سه‌ربه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماده‌كراوه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌مریكی تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
من ئه‌و كتێبه‌م به‌شێوه‌ی (pdf) له‌به‌رده‌سته‌و سوودێكی زۆری لێده‌بینم، چونكه ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت بهكوردو كوردستانی تێدایه. به‌ڵام بۆ ئه‌و ووتاره ته‌نیا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی لێوه‌رده‌گرم كه له‌لاپه‌ڕه‌كانی (605- 606)ی كتێبه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌ویش به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می شۆڕشی ساڵانی (1961- 1975)ی باشووری كوردستان، كه به‌هه‌ڵه له‌ئه‌ده‌بیاتی حیزبی و نووسراوه مێژووییه‌كان به (شۆڕشی ئه‌یلول) ناسراوه.([1]) بێگومان ئه‌و شۆڕشه ڕووداوێكی چاره‌نووسازه له‌مێژووی كورددا وبهڵگهنامهكهش یادداشتێكی زۆر گرنگه وبه‌ته‌واوی سیاسه‌تی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا له‌هه‌مبه‌ر كورد و ته‌نانه‌ت عیراقیش ڕوون ده‌كاته‌وه، چونكه له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكاوه نووسراوه كه به‌داڕێژه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته داده‌ندرێ؛ ئه‌ویش (هنری كیسنجه‌ر)([2]) ـه كه یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ریچارد نیكسۆن (1969- 1974) بوو بۆ كاروباری ئاساییشی نیشتیمانی. بۆیه سه‌ره‌تا به‌ڵگه‌نامه‌كه وه‌رده‌گێڕمه سه‌ر زمانی كوردی دواتر شرۆڤه‌ی بۆ ده‌كه‌م. به‌ڵام پێویسته ئه‌وه بڵێم كه ده‌قه وهرگێردراوهكه ته‌واوی ده‌قی به‌ڵگه‌نامه بنه‌ڕه‌تییه‌كه له‌خۆناگرێ، چونكه هه‌ندێ لهدێرهكانی ڕهشكراوهو ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌یان نه‌دراوه، لهكتیبهش ئاماژه به‌وه دراوه‌و ئه‌و شوێنانه له‌نێو دوو كه‌وانه‌ی وه‌ها [ ] داندراون. هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌نامه‌كه خۆی چه‌ند په‌راوێزێكی كه‌می هه‌یه كه به پیته‌كانی (أ) (ب)… له په‌راوێزه‌كانی ووتاره‌كه‌ی خۆم جیامكردوونهتهوه.
ئه‌مه‌ش ده‌قی بهڵگهنامهكهیه:
یادداشتێك له‌یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك بۆ كاروباری ئاساییشی نیشتیمانی (كیسنجه‌ر)
بۆ سه‌رۆك نیكسۆن(أ)
واشنتۆن، 29ی ئادار 1973
بابه‌ت/ به‌رده‌وامیی یارمه‌تی نهێنی بۆ كوردان
له‌ئابی ساڵی ڕابردوو، له‌سه‌ر بنه‌مای داواكاری شای ئێران، تۆ ڕێگه‌تدا به‌ده‌ستپێكردنی یارمه‌تی دارایی نهێنی وپشتیوانی سه‌ربازی بۆ به‌هێزكردنی كوردان به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، له‌پێناو ڕێگه‌گرتن لهچهسپانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌عیراقدا، كه لایه‌نگری سه‌ره‌كی سۆڤیێته له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.(ب)
ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی (CIA) ڕاپۆرتی داوه كه‌زیاتر له‌هه‌زار تۆن چه‌كی بێ به‌ڵگه‌ی سه‌لماندن كه‌له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه دابینكراون، له‌گه‌ڵ ده‌رمان وبه‌تانی پێشكه‌شكراوه (به‌نرخی زیاتر له ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ كهتێچووی كه‌متره له ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[)؛ یارمه‌تی دارایی مانگانه‌ی ئێمه ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ توانای به‌مه‌لا مسته‌فا داوه بۆ ڕاگرتن وبه‌هێزكردنی هێزێكی سه‌ربازی پێكهاتوو له (25) هه‌زار پیاو؛ زانیاری هه‌واڵگری له‌عیراقه‌وه كه له‌باره‌گای چیایی مه‌لا مسته‌فا وه‌رگیراوه ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ یارمه‌تییه‌كانی ئێمه له‌ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه گه‌یه‌ندراوه. (كه له‌ساڵێكدا 4,8 ملیۆن دۆلار ده‌بێ، سه‌رباری چه‌كی نه‌ناسراو وخزمه‌تگوزارییه‌كان) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هاوئاهه‌نگی كراوه له‌گه‌ڵ ]سێ دێر ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[.
مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ماوه‌ی دوازده ساڵی خه‌باتی له‌دژی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق ئێستا له‌هه‌ر كاتێكی دی به‌هێزتره. به‌هێزی ئه‌ویش یارمهتیدهدا بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی مهراییهكان (تملق) و هه‌ڕه‌شه‌كانی عیراق وسۆڤیێت؛ ئه‌مه‌ش هێزێكی جیاكه‌ره‌وه‌ی به‌هێز بۆ شا دابین ده‌كات كه ڕێگربێ له‌وه‌ی گروپه تێكده‌ره‌كان و تیرۆریستان ڕاسته‌وخۆ له‌عیراقه‌وه دزه‌بكه‌ن؛ هه‌روه‌ها دڵه‌ڕاوكێ بۆ ڕژێمی به‌غدا دروست ده‌كات و ناچاری ده‌كات كه‌نزیكه‌ی دوو سێیه‌كی هێزه ووشكانییهكانی له‌باكوور بڵاوه‌پێبكات. ئه‌مه‌ش توانای ئه‌و ڕژێمه كه‌م ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی سه‌ركه‌شی بكات و هێرش بكات.
ڕژێمی به‌عس به‌رده‌وامه له‌پشتیوانیكردنی گروپه تێكده‌ره‌كان وڕادیكالهكان، ئێستا ته‌نانه‌ت له‌ناوچه‌یه‌كی دووری وه‌كو (پاكستان)یش. ئه‌و به‌رده‌وامه لهپارهداركردنی ڕێكخراوه تیرۆریستییه فه‌له‌ستینییه‌كان([3]) وهێشتا وه‌كو یه‌كێك له‌ڕژێمه ههرهناڕازییهكان ماوه‌ته‌وه له‌دژی دانووسانه‌كانی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنه نه‌وتییه‌كان ده‌كات. كۆمپانیا ڕۆژئاواییه‌كان له‌وانه‌یه بتوانن له‌گه‌ڵ حكومهتانێكی میانڕه‌وتر له‌ناوچه‌كه‌دا دانووسان بكه‌ن. ئه‌و ڕژێمێكه كه‌ئێمه ده‌بێ به‌رده‌وام بین له‌فراوانكردنی نائارامییهكهی.
ده‌زگای هه‌واڵگری ناوه‌ندی (CIA) پێشنیاز ده‌كات ئه‌و پشتیوانییه نهێنییه‌ی كه له‌ساڵی ڕابردوو په‌سندت كرد، بۆ ساڵی دارایی 1974 به‌نزیكه‌ی هه‌مان ئاست به‌رده‌وام بێ. مانگانه یارمه‌تی دارایی كاش ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ هه‌روه‌ها یارمه‌تی پێشكه‌شكراوی پزیشكی به ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ له‌گه‌ڵ بڕێكی دیاریكراو له‌یه‌ده‌گی چاوه‌ڕوانكراو كه ده‌قه‌بڵێندرێ به ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ بۆ ساڵه‌كه. سه‌رجه‌می ئه‌مه ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ هه‌بوونی هیتر له ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ پێشنیاز ده‌كرێ وه‌كو یه‌ده‌گی سه‌ربار ئه‌گه‌ر پێویست بێ به‌هۆی هه‌ڵومه‌رجی قورسی شه‌ڕكردن. ]شه‌ش دێر ونیو ڕێگه‌ی ئاشكراكردنیان نه‌دراوه[ ئه‌مه‌ش تێكڕای تێچووی پێشنیازه‌كه ده‌گه‌یه‌نێته (5) ملیۆن دۆلار بۆ ساڵی دارایی 1974.(ج)
ڕاســپارده:
به‌رده‌وامبوونی پشتیوانی شاردراوه بۆ كوردانی ژێر سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی پهسندبكهی (له ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ له‌گه‌ڵ ئه‌مه وه‌كو سه‌ربار ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[ ڕێگه پێبده‌ی چونكه به‌هۆی قورسی شه‌ڕه‌كان كه‌ره‌سته‌ی یه‌ده‌گ پێویست ده‌بێ)، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی كرداره‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی ته‌واوكاری ( له ]كه‌متر لهدرێك ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی نه‌دراوه[) بۆ تێكڕای (5) ملیۆن دۆلار له‌ساڵی دارایی 1974.(د)
په‌راوێزه‌كانی به‌ڵگه‌نامه‌كه وه‌كو ئه‌وه‌ی له كتێبه به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كه‌دا هاتووه:
(أ) سه‌رچاوه:
National Security Council, Nixon Intelligence Files, Subject Files, Iraqi
Kurds, Box 8, 7 April 1969–12 June 1974. Secret; Sensitive; Eyes Only; Outside System. Sent for action.
(ب) بڕوانه:
Foreign Relations, 1969–1976, volume E–4, Documents on Iran and Iraq,
1969–1972, Documents 321 and 322.
(ج) كیسنجه‌ر په‌ره‌گرافێكی ڕه‌شكردۆته‌وه لهڕهشنووسێكی پێشتری ئه‌م یادداشته كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یتی: “ده‌زگای هه‌واڵگری ناوه‌ندی (CIA) باوه‌ڕی وایه كهپرۆگرامه پێشنیازكراوه‌كه‌ی ئه‌و عیراق به‌لاوازی ده‌هێڵێته‌وه، له‌ڕێگه‌ی خۆڕێبهرییهكی كوردی كه‌جێبه‌جێ بكرێ، له‌گه‌ڵ ناكۆكی خهرهوهیهكی سیاسی. له‌و كاته‌دا كه‌شوهه‌وا بۆ فشاری هاووڵاتییان ده‌ڕه‌خسێ له‌پێناو گۆڕینی سیاسه‌ته نه‌یاره‌كانی عیراق. ئه‌مه‌ش تێگه‌یشتنمان باشتر ده‌كات بۆ داینامیكی سیاسی عیراقی- عه‌ره‌بی، به‌م شێوه‌یه‌ش بژارده‌كانمان زیاتر ده‌بن بۆ پیاده‌كردنی هه‌ژمونی سیاسی”.
(National Security Council, Nixon Intelligence Files, Subject Files, Iraqi Kurds, Box 8, 7 April 1969–12 June 1974)
(د) نیكسۆن له (29)ی ئادار پێشنیازه‌كه‌ی په‌سندكرد و له‌سه‌ر ئه‌مه واژۆی كرد، لهتێبینییهكی دامێنی پهسندكردنهكه ئاماژه به‌وه‌دراوه كه ڕیچارد كنێدی له‌سه‌عات (9:35) ی به‌یانی ڕۆژی (30)ی ئادار ئه‌مه‌ی پێڕاگه‌یه‌ندراوه. له (30)ی ئادار كیسنجه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌م بڕیاره‌ی به كۆمیته‌ی (40) ڕاگه‌یاندووه. به‌پێی یادداشتێك كه له‌لایه‌ن ڕۆب ڕۆی ڕاتلیف هاوپێچكراوه، ئه‌و به‌ده‌ستی خۆی مه‌حزه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بۆ كۆمیته‌ی (40) بردووه، تا بیخوێننه‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی مه‌بده‌ئی واژۆی بكه‌ن. ئیتر هه‌ریه‌كه له‌چوار بنه‌مایه‌كه جێگیركران.
(National Security Council, Nixon Intelligence Files, 303 Committee, 40 Committee, NSCIC 1969–1974, Box 7, Minutes 1973, 40 Committee Meetings (Approvals) Minutes 1973, RMN)
دوای خوێندنه‌وه شرۆڤه‌كردنی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه ده‌توانین چه‌ند ڕاستییه‌كی مێژوویی هه‌ڵێنجین كه‌خۆیان له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ده‌بیننه‌وه:
1- هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بهڵگهنامهكهوه به‌دیارده‌كه‌وێ كهپشتیوانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ شۆڕشی كورد له‌م ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر داوای شای ئێران (محه‌مه‌د ڕه‌زا شا 1941- 1979 ) بووه، كههاوپهیمانێكی زۆر نزیكی ئه‌مریكا بوو له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.([4]) بێگومان ئه‌ویش له‌به‌ر چاوه ڕه‌شه‌كانی كورد ئه‌و داوایه‌ی له ئه‌مریكا نه‌كردبوو. به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه بوو كه له‌م ماوه‌یه‌دا كێشه‌ی زۆری له‌گه‌ڵ عیراقدا هه‌بوو، به‌تایبه‌تی كێشه‌ی سنوور.([5]) بۆیه ده‌یویست ئه‌و شۆڕشه‌ی كورد به‌ڕێبه‌رایه‌تی بارزانی، وه‌كو كارتی فشار له‌دژی عیراق به‌كاربهێنێ. له‌ڕاستیشدا ئه‌و زیره‌كانه ئه‌م یارییه‌ی كرد‌و تییدا سه‌ركه‌وتوو بوو، چونكه سه‌ره‌نجام عیراقی ناچار به نه‌رمی نواندن كرد وڕێككهوتننامهی جه‌زائیری ساڵی 1975 له‌نێوانیاندا به‌سترا، كه گورزێكی به‌هێزی ئاراسته‌ی شۆڕشی كورد كرد.([6])
2- بێگومان ئامانجه‌كانی ئێران وپشتیوانی شۆڕشی كورد له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكاش ده‌گونجا، له‌ڕاستیدا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مریكا به‌شێك بوو له(جه‌نگی سارد)ی نێوان بلۆكی ڕۆژئاوا به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا وبلۆكی ڕۆژهه‌ڵات به‌سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی سۆڤیێت؛ چونكه حكومه‌تی به‌عس كه له‌ساڵی 1968 به‌كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی هاتبووه سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌عیراقدا،([7]) دۆست ولایه‌نگری یه‌كێتی سۆڤیێت بوو. به‌تایبه‌تی كه له‌نیسانی ساڵی 1972 (په‌یماننامه‌ی دۆستایه‌تی وهاریكاری عیراقی – سۆڤیێتی) له‌نێوان هه‌ردوولادا مۆركرا، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی قۆناغێكی نوێ بوو له‌هاریكاری زیاتری نێوان حكومه‌تی به‌عس وسۆڤیێت. بێگومان وڵاتانی سه‌ربه بلۆكی ڕۆژئاوا به‌نیگه‌رانییه‌وه سه‌یری ئه‌م پێشهاته‌یان ده‌كرد.([8]) بۆیه كیسنجه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌ی له‌وه‌دا ده‌بینییه‌وه كه‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حكومه‌ته له‌عیراقدا نه‌چه‌سپێ وتووشی كێشه‌ی زۆر ببێ، وه‌كو له‌چه‌ند شوێنێكی یادداشته‌كه‌یدا ڕاشكاوانه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه.
3- كیسنجه‌ر لهیادداشتهكهیدا باسی هه‌ندێ هۆكاری دیكه‌ش ده‌كات كه بوونه‌ته هۆی ناڕازیبوونی ئه‌مریكا له‌حكومه‌تی به‌عس وسیاسه‌ته‌كانی، به‌تایبه‌تی پشتیوانی ئه‌و حكومه‌ته له‌گروپه “ڕادیكال وتوندڕه‌وه‌كان” له‌چه‌ندین شوێنی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛ به‌تایبه‌تی ڕێكخراوه فه‌له‌ستینییه‌كان كه‌دژی ئیسرائیلی هاوپه‌یمانی به‌نازی ئه‌مریكا خه‌باتیان ده‌كرد. بێگومان عیراق به‌توندی دژی دانووسانه‌كانی ئاشتیش بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ی ئه‌مریكا. ئه‌مه سه‌رباری مه‌سه‌له‌ی خۆماڵیكردنی نه‌وت ونیازی حكومه‌تی عیراق بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كانی تایبه‌ت به‌م بواره له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌نێویشیاندا ئه‌مریكا.([9])
4- سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، ئه‌و پشتیوانییه‌ی ئه‌مریكا بۆ شۆڕشی كورد به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌نهێنی بوو، بۆیه ناویان نابوو “پشتیوانی شاردراوه”و هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری ناوه‌ندیش بوو. له‌ده‌قی یادداشتهكهش ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه به‌ڵگه‌ی تێوه‌گلانی ئه‌مریكا به‌ده‌سته‌وه نه‌ده‌ن. به‌تایبه‌تیش چه‌كی دروستكراوی خۆیان نه‌ده‌نه پێشمه‌رگه‌كانی بارزانی. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌بوو كه حكومه‌تی ئه‌مریكا به‌رپرسیاری ڕاسته‌وخۆی كێشه‌كه هه‌ڵنه‌گرێ. هه‌روه‌ها توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ كه له‌كاتی پێویستدا سیاسه‌ت وهه‌ڵویستی خۆی بگۆڕێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش دیاره ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق زانیویانه كه ئه‌مریكا پشتیوانی كورد ده‌كات وله‌ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه كۆمه‌كییه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێته شوێنی مه‌به‌ست.
5- دیاره یارمه‌تییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ كورد هه‌ردوو لایه‌نی دارایی و سه‌ربازی له‌خۆده‌گرت، سه‌رباری لایه‌نی مرۆڤایه‌تی (كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی وبه‌تانی). هه‌موو ئه‌مانه‌ش زۆر گرنگ بوون وبه‌هۆیه‌وه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه زۆر به‌هێزببوون وتواناكانی شه‌ڕكردن و وره‌یان به‌رزببۆوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ش دواتر بووه كێشه‌یه‌ك بۆ شۆڕش، چونكه وایكرد كه به‌ته‌واوی پشت به‌م یارمه‌تییانه ببه‌ستن وله‌كاتی نه‌مانی ئه‌و یارمه‌تییانه شۆڕش تووشی ئاسته‌نگی گه‌وره ببێ، هه‌روه‌كو دواتر ڕوویدا.
6- له‌كۆتاییدا پێویسته سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین كه ئه‌م كۆمهكییانهی ئه‌مریكا بۆ كورد له‌ساڵی 1973 بوو، واته له‌كاتێكدا بوو كهڕێككهوتننامهی ئاداری 1970 له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی كورد وحكومه‌تی عیراق مۆركرابوو. ڕاسته په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا هه‌ندێ به‌دگومانی وكێشه‌ی تێكه‌وتبوو،([10]) به‌ڵام كرده سه‌ربازییه‌كان وه‌ستابوون. كه‌واته ئه‌مریكا وهه‌روه‌ها ئێرانیش هه‌روه‌كو له‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، مه‌به‌ستیان بوو به‌م كۆمهكییانه لایه‌نی كوردی به‌سه‌ركردایه‌تی بارزانی به‌هێز بكه‌ن، تا هه‌ڵوێستیان توند بێ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی ونهچنه ژێر باری مه‌رجه‌كانی عیراق وملكه‌چ نه‌بن بۆ هه‌وڵه‌كانی ناوبژیوانی سۆڤیێت. بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بهرپابێتهوه له‌نێوان هه‌ردوولا و سه‌ره‌نجام عیراق لاواز بێ. له‌ڕاستیشدا هه‌ر واده‌رچوو؛ چونكه سه‌ركردایه‌تی كورد دوای به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی ئه‌مریكا متمانه‌ی زیاتری به‌خۆ بوو، بێگومان ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی. به‌تایبه‌تی كه لایه‌نی به‌رامبه‌ر واته حیزبی به‌عس چه‌ندین هه‌ڵوێستی دوژمنكارانه‌ی به‌رامبه‌ر كورد پیشانداو لهدانووسانهكانیشدا هیچ نه‌رمییه‌كی نه‌نواند.([11])
بێگومان سۆڤیێتیش ئه‌وه‌ی ده‌زانی كهبهردهوامبوونی شۆڕش وهه‌بوونی نائارامی له‌عیراق، خزمه‌تی سیاسه‌ته‌كانی ئهمریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌كات و ده‌رفه‌تی ده‌ستوه‌ردانیان ده‌بێ له‌كاروباری ناوچه‌كه. بۆیه پێشتر ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی گێڕابوو له‌نزیككردنه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی كوردی وعیراقی وبه‌ستنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970.([12])
به‌م شێوه‌یه كورد به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بێ ڕاكێشرایه نێو جه‌نگی سارد وكهوتهبهر لێكه‌وته‌كانی. له‌كۆتاییشدا كه له (6)ی ئاداری 1975 ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر له‌نێوان عیراق وئێران مۆركرا، ئه‌و به‌بێ پشتیوان مایه‌وه‌و یه‌كسه‌ر شۆڕشه‌كه‌ی تووشی نسكۆیه‌كی گه‌وره بوو.
پهراوێزو سه‌رچاوه‌كان:
([1]) ڕاسته شۆڕشه‌كه له‌مانگی ئه‌یلولدا به‌رپابوو، به‌ڵام چۆن ده‌كرێ شۆڕشێك كه چوارده ساڵی خایاندبێ و له‌هه‌موو مانگه‌كانی ساڵدا به‌رده‌وام بووبێ به‌ناوی مانگێكه‌وه ناوبنرێ؟ بێگومان ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووییه وده‌بێ چابكرێتهوه.
([2]) هنری كیسنجه‌ر: سیاسه‌تمه‌دارێكی به‌ناوبانگی ئه‌مریكییه‌و له‌ساڵی 1923 له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی جوو له‌ئه‌ڵمانیا له‌دایكبووه‌و هێشتا له‌ژیاندا ماوه. ئه‌و له‌حكومه‌تی ڕیچارد نیكسۆن وبهدیاریكراوی له‌ماوه‌ی ساڵانی 1968- 1973 ڕاوێژكاری ئاساییشی نیشتیمانی بوو. به‌ڵام له‌ماوه‌ی نێوان 1973- 1977 بووه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و رۆڵێكی دیاری هه‌بوو له‌داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی. به‌تایبه‌تی له‌سیاسه‌تی كرانه‌وه به‌ڕووی چین و ته‌بایی له‌گه‌ڵ سۆڤیێت. هه‌روه‌ها شوێنپه‌نجه‌ی دیاربوو له‌هه‌وڵه‌كانی به‌یه‌كگه‌یاندنی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل، كه دواتر ڕێككه‌وتننامه‌ی (كامب دێڤد)ی ساڵی 1978ی لێ هاته‌كایه‌وه.
([3]) بێگومان ئه‌وانه به‌رگرییان له‌مافه ڕواكانی خۆیان ده‌كرد، به‌ڵام چونكه له‌دژی ئیسرائیل ده‌جه‌نگان بۆیه ئه‌مریكا وا باسیان ده‌كات.
([4]) له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی ئێران وئه‌مریكا له‌م ماوه‌یه‌دا بڕوانه: ژان پیر دیگار، برنار هوركاد، پان ریشار، ایران در قرن بیستم، برگردان: عبدالرضا (هوشنگ) مهدوی، نشر البرز، تهران 1378هـ.ش، ص182- 185.
([5]) بڕوانه: چارلز تریپ، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌مێژووی عیراق، وه‌رگێڕانی: مه‌حه‌مه‌د حوسێن وعهبدولقادر كه‌لهوڕ، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر 2011، ل261- 262.
([6]) له‌باره‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر وكاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر كورد بڕوانه: عیسی پژمان، نهێنی یه‌كانی به‌ستنی په‌یمانی 1975-ی ئه‌لجه‌زایر له‌ئه‌رشیفی ته‌واو نهێنی ساواك، وه‌رگێڕانی: ناسر ئێبراهیمی، سوید 1997.
([7]) له‌باره‌ی ئه‌و كودهتایهو هاتنی حیزبی به‌عس بۆ ده‌سه‌ڵات بڕوانه: ماریون فاروق سلوغلت وبیتر سلوغلت، من الثورة الی الدكتاتوریة/ العراق منذ 1958، ترجمة: مالك النبراسي، منشورات دار الجمل، 2003، ص155- 157.
([8]) له‌م باره‌یه‌وه بڕوانه ده‌قی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی بریتانی له: د. سه‌عدی عوسمان هه‌روتی، كورد‌و كوردستان له‌به‌ڵگه‌نامه‌و سه‌رچاوه مێژووییه‌كاندا، چاپخانه‌ی موكریانی، هه‌ولێر 2014، ل214.
([9]) عیراق له حوزه‌یرانی ساڵی 1972دا بڕیاری خۆماڵیكردنی نه‌وتی خۆی دابوو، به‌ڵام هێشتا كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا خاوه‌ن ئیمتیازه‌كان، به‌تایبه‌تی كۆمپانیای نه‌وتی عیراق (IPC) یهكلانهكردبۆوه كه‌كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی بریتانی بوو. له‌م باره‌یه‌وه بڕوانه: ماریون فاروق سلوغلت وبیتر سلوغلت، م. س، ص196- 200.
([10]) بۆ وورده‌كاری كێشه‌كانی نێوان كورد‌و حكومه‌تی عیراق له‌و ماوه‌یه‌دا بڕوانه: عمار علي السمر، شمال العراق 1958- 1975/ دراسة سیاسیة، المركز العربي للابحاث ودراسة السیاسات، بیروت 2012، ص374- 388.
([11]) بڕوانه: هه‌مان سه‌رچاوه، ص374- 379. لهژێدهرێكدا ڕاشكاوانه ئاماژه به‌وه دراوه كه حیزبی به‌عس ده‌یویست ئۆتۆنۆمی كوردی به‌و شێوازه‌ی كه‌خۆی ده‌یه‌وێ بسه‌پێنی، بۆیه هیچ گوێی به‌داواكارییه‌كانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر نه‌ده‌دا. بڕوانه: ماریون فاروق سلوغلت وبیتر سلوغلت، م. س، ص221.
([12]) له‌و باره‌یه‌وه بڕوانه ده‌قی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی بریتانی له: د. سه‌عدی عوسمان هه‌روتی، پێوه‌ندییه‌كانی عیراق وكوردو سۆڤیه‌ت لهیاداشتێكی ساڵی 1971ی بریتانیادا، (ژین) گۆڤاری بنكه‌ی ژین له‌سلێمانی، ژ 5، ساڵی پێنجه‌م، دیسه‌مبه‌ری 2013، ل248.
پ.د. سه‌عدی عوسمان هه‌روتی
كۆلێژی ئاداب/ زانكۆی سه‌لاحه‌دین- هه‌ولێر
داونلود