Home / په‌رتووكخانه‌ / فەلسەفەی مێژوو / ئیغتراب له‌ ئاین و فه‌لسه‌فه‌ و ماتریالیزمی سروشتی و ماتریالیزمی مێژوویی

ئیغتراب له‌ ئاین و فه‌لسه‌فه‌ و ماتریالیزمی سروشتی و ماتریالیزمی مێژوویی

ئئ

ئه‌نوه‌ر نه‌جمه‌دین

اغتراب = استلاب = Alienation *

لە کوردیدا: زەوتکاری، زەوت کردن

ئیغتراب بە واتای ئیستلاب دێت، واتە لە پەیوەندیەک دەدوێت کە دەکەوێتە سەروو توانای تاکەوە، تاکی مرۆیی هیچ نیە لە ئاستیدا، بوونەوەرێکی زەلیلی پەڕگیرو ملکەچ نەبێت بۆ هێزێک کە دەکەوێتە سەروو خۆیەوە، ئیتر ئەو هێزە؛ جارێک وەک یەزدان، جارێک وەک سروشت، جارێکی تر وەک مێژوو باسی لێوە دەکرێت، هێزێک کە زاڵە بەسەر تاکە مرۆییەکاندا.

سەرچاوە فیکریەکانی ئیغتراب:

مێژووی ئەم کۆنسێپتە، دەگەڕێتەوە سەر فەلسەفەی چەرخی ڕۆشنگەریی فەرەنسی: ڕۆسۆ لە فەرەنسا، دواتریش گۆتە، شیلەر، هیگڵ، فۆیەرباخ، مارکس لە ئەڵمانیادا، گەرچی بەر لەوانیش، گەلێ لە فەیلەسووفان، باسیان لە ئیغتراب کردووە. لە فەیلەسووفانی هاوچەرخیشدا، سارتەر، دۆرکهایم، ماکس ڤیبەر، هتد، باس لە ئیغتراب دەکەن. ئەمانەیش تێکڕا لە قوتابخانەی جیاوازدا خۆیان دەنوێنن.

ئیغتراب لە ئایندا:

کۆنسێپتی ئیغتراب لە ئایندا، بەواتای جیابوونەوە (الانفصال- separation) هاتووە، جیابوونەوەی مرۆڤ لە یەزدان، جیابوونەوەی مرۆڤ لە ئارەزووەکانی، لە سروشت. لە تێڕوانینی ئاینیەوە، ئیغتراب هیچ نیە نامۆیی مرۆڤ نەبێت بە نیشتمانە بەرزەکەی، نیشتمانە ئەسمانیەکەی، یەزدان.

ئێغتراب لە فەلسەفەی ئایدیالیستیدا:

ئیغتراب لە هیگڵیانیزمدا:

لە هیگڵیانیزمدا، وەک هیگڵ خۆی دەڵێت: “دین ناوەڕۆکێکی هاوبەشی هەیە لەگەڵ فەلسەفەدا، تەنها لە شێوەدا جیاوازن … فەلسەفە هیچ ئایدیایەکی نیە دەربارەی شتێکی دیاریکراو .. ناوەڕۆکەکەی هەمان شتەو هەر ئایدیایشە، -ئایدیایەکی گشتگیر کە دەبێت هەر لە سەرەتاوە، بەشێوەیەکی ڕەها، خاڵی دەستپێکردن بووبێت. ڕەهایش لە فەلسەفەدا پێویستە هەروەک ئایدیا بێت” (هیگڵ، مختارات -1).

بەم واتایە، هیگڵ هەر لە سەرەتاوە، لە ئایدیایەکی ڕووتەوە دەست پێدەکات. بۆیە ئیغتراب لە فەلسەفەکەی ئەودا، واتای جیابوونەوەی بەشە لە گشت (انفصال الجزء عن الكل)، ئەمەیش ئەوکاتە ڕوودەدات کە عەقڵی ڕەها (بیری ڕەها – یەزدان) سروشت و مرۆڤ دروست دەکات، وە ئیتر ئەوکاتە بەوە بەشێکی خۆی؛ لە دەرەوەی خۆیدا دەخاتەڕوو، ئەو بەشە نامۆیە بەخۆی. هیگڵ ئەمە بە ئیغترابی هۆشمەندیی دادەنێت لە جیهانی سروشت و هەموو شتێکی نێو سروشت، بە دابەشبوونی خودو بابەت (الذات والموضوع) ی دادەنێت. هەر لەبەر ئەمە، ڕزگار بوون لەم ئیغترابە، کۆتاییهێنانە بە پرۆسیسی نامۆیی و بەو حاڵەتەی لە فەلسەفەکەی هیگڵدا بە نەفی کردن ناودەبرێت، ئەمەیش کردەیەکە دەبێت مرۆڤ خۆی پێی هەستێت. عەقڵی ڕەها دەگەڕێتەوە بۆ یەزدان، ئەوەیش سەروەرێتی ئەوە بەسەر سروشتدا. بۆیە مێژوویش هیچ نیە، هەوڵی هەمیشەیی مرۆڤ نەبێت بۆ تێگەیشتن لە سروشت و لەوەیشەوە گەشەی هۆشیاریی مرۆڤ خۆی تا ئاستی تێگەیشتن بە بوونی ڕەها (یەزدان).

ئیغتراب لە ماتریالیزمی سروشتیدا:

ئیغتراب لەلای فۆیەرباخ:

فەلسەفەکەی فۆیەرباخ، تەواوی تێزەکانی هێگڵیانیزم ڕەتدەکاتەوە: فۆیەرباخ یەکێتی ماتریالیستانەی بوون، دەخاتە جیگای یەکێتی ڕوحانی بوون. بۆیە بەلای فۆیەرباخەوە، دەبێت مرۆڤ واز لە ئایدیای یەزدانی بهێنێت و جەوهەری مرۆیی خۆی بدۆزێتەوە. لەلای ئەو، دین داننانێکی ناڕاستەوخۆیە بە مرۆڤدا وەک سەروەری جیهان. لە فەلسەفەکەی فۆیەرباخدا کە فەلسەفەی سروشتیە، ئیغتراب ئاینەو چیتر نا.

ئیغتراب لە ماتریالیزمی مێژووییدا:

ئیغتراب لەلای تۆماس هۆبز:

لەگەڵ ئەوەی هۆبز لە ماتریالیزمی بەچاوبینراودا دەوەستێت، بەڵام باسەکەی ئەویش لەم بابەتەدا، خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ دەکرێت. لە فەلسەفەکەی هۆبزدا، ئیغتراب لە پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵەوە دروست دەبێت، بەلای ئەوەوە، مرۆڤ هیواکانی وەدی نایەت لە ڕێگای دەوڵەتەوە نەبێت، بۆیە لە دواییدا، لەو فەلسەفەیەوە، دەگەینە ئەوەی گوایە مرۆڤ لە دەولەتی عەلمانیدا، ئیغتراب جێدەهێڵێت. ئەمە لەکاتێکا دەوڵەت، بەتایبەت دەوڵەتی مۆدێرن، دەوڵەتی عەلمانی، دواین ئاستی ئیغترابی ئینسانیە لە مێژوودا. لەوێدا ئیستلابی ئینسانی، گەیشتۆتە بەرزترین لووتکەی.

ئیغتراب لەلای کارل مارکس:

لەلای مارکس، مرۆڤ خۆی بەدەستی خۆی، جیهانێکی لە ئیغتراب (استلاب) دروست کردووە. ئەو جیهانە، چ پەیوەندیەکی بە جیهانێکی میتافیزیکیی شارراوەوە نیە. مرۆڤ خۆی سروشتی ئینسانیی خۆیی دروست کردووەو خۆیشی دەیگۆڕێت، ئەمەیش بە گۆڕینی یاسا ئابووریەکان لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەسەندندا. مرۆڤ پەیوەندیی بەرهەمهێنانی دروست کردووەو دەیگۆڕێت، دام و دەزگای پێکهێناوە، ئایدیا دروست دەکات، هەموو ئەمانەیش لە مێژوودا دەبنە واقیع و پێشینەی هەموویشیان، دابەشبوونی کاری کۆمەلایەتیە. هەر بەم مانایەیش، سەرچاوەی مارکس مێژووە نەک هیگڵیانزم -فەلسەفەی ئایدیالیستی- وە یان سروشگەرایی -فەلسەفەی ماتریالیستیی سروشتی-، مارکس لە ماتریالیزمی مێژووییەوە دەست پێدەکات. مرۆڤ خۆی، وە لەسەر زەوی، ملکەچی یاسا ماتریالیستیەکانی مێژووەو هەر ئەو یاسایانەیش تووشی ئیغتراب -استلاب- ی کردووە.

پوختە:

مرۆڤ لە کۆمەڵدا دەژی و هەر لە کۆمەڵیشدا بە “شت” کراوە، واتە سەلبی هەموو ئازادیەکیشی لێکراوە. مرۆڤ کۆیلەی یاسای ئابووری و پەیوەندیە ماتریالیستیە مێژووییەکانێتی.

لە هیگڵیانیزمدا، جیهان بەرهەمی ڕوحەو هەر لە ڕوحیشەوە سەلب کراوە، بەڵکو لە ڕوحەوە هاتۆتە دەرەوە. بۆیە هەموو شتیک لە سروشتدا، لە مێژوودا، لە مەعریفەدا، سەلب کراوی ڕوحە، واتە لەژێر دەسەڵاتی ڕوحدایە. نە سروشت و نە مرۆڤ و نە مێژوو، توانای جووڵەیەکی ئازادانەیان نیە، بەڵکو هەموویان ملکەچی جووڵەیەکی لۆژیکیی دیالەکتیکین کە هیچ نیە عەقڵی ڕەها نەبێت. بۆیە هیگڵ، بە هەردوو مانای پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ، کۆنسێپتی ئیغتراب بەکاردەهێنێت. بەپێچەوانەوە، مارکس تەنها لە مانایەکی نێگەتیڤدا، ئیغترابی ئینسانی دەپشکنێت. بۆیە بەلای مارکسەوە، دەبێت ئیغتراب (ئیستلاب) لەناوببرێت، ئەمە مادام مرۆڤ خۆیی لە ئیغترابدا وون کردووە. وە لەکاتێکا هیگڵ تەنها فەلسەفیانە لە ئیغتراب دەدوێت، مارکس شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو مێژووی مرۆڤایەتی و دەکەوێتە پشکنینی پرۆسێسێکی مێژوویی بەکردەوە.

مارکس ئیغتراب دەبەستێتەوە بە کارەوە، کاری کرێگرتە. مرۆڤ خۆی خەریکی بەرهەمهێنانە، بەڵام لە ڕێگای کارەوە، دەبێتە کۆیلەی بەرهەمەکانی، نامۆ دەبێت بە بەرهەمەکانی. واتە بەرهەمەکەی دەستی خۆی، سەلبی دەکات، دەیچەوسێنێتەوە. بۆیە هەڵە نیە ئەگەر بڵێین، مارکس ئەو کۆنسێپتەیشی لە فەلسەفەو میتافیزیکا ڕزگار کردو هێنایەوە نێو مێژوو.
دواین شێوەی ئیستلابی ئینسانی، لە ئیستلابی کارگەردایە. مارکس دەڵێت: هەتا شتومەک زیاتر بێت، جیهانی هەژاریی فراوانتر دەبێت، هەتا نرخی کاڵا، نرخی شتە مردووەکان بەرزتر ببێتەوە، نرخی مرۆڤ نزمتر دەبێتەوە. واتە ئیغتراب لەلای مارکس، واقیعێکی نێگەتیڤە، پێناسەی مرۆڤی شێواندووە، مرۆڤ تەنها بە کارێکەوە خەریکە، ئیتر زیهنی وە یان جەستەیی، وە هەموو مەعریفەیشی بەستراوە بەو سنوورە بەرتەسکەی ژیانەوە لە سایەی دابەشبوونی کاردا. مرۆڤ ملکەچی مرۆڤە لەکاردا، بۆیە هیچ بریارێکی ئازادانەی نیە سەبارەت بە ژیانی خۆی. لە هەرەمی دەسەلاتیشدا، هەموو ڕۆژێک و هەموو چرکەساتێت، ئەو استلابە ئینسانیە دەبینێتەوە. بریاری ژیانی ئەو، لە دەستی کەسانی تردایە. وە لە کاتێکا کۆمەڵگای مەدەنی، کۆمەڵگای سەرمایەداریی، بە ماف، هەموو ئازادیەکانی مرۆڤی سەلب کردووەو تەنها بریارێکی سیاسی بۆ هێشتۆتەوە کە ئەویش بەشداری کردنە لە هەڵبژاردندا هەر چوار ساڵ جارێک، ئەوا هەر ئەو مافە دیموکراسیە، خودی دیموکراسیەت خۆیشی دەکاتە ئیغتراب، ئیستیلابی ئینسانی.

گەورەترین فاکتەری مێژوویی ئیغتراب ڕکابەریی نێو ئەم سیستمەیە، بەڵکو خودی ڕکابەریی خۆی ئیغترابی ئینسانیە، تاککەوتنی مرۆڤە، پەڕگیریە لەیەکتر، هەستی تەنهاییە، لێکدابڕانە، هەستی بێ تواناییە، ئەو هەستەی مرۆڤ دەگەیەنێتە ئاستی خۆکوشتن. دیموکراسیەت، بەرهەمی ئەو تاکگەراییەیە.
ئا ئەم ئیغترابە لەلای مارکس، بە پێچەوانەی هەموو فەیلەسووفانەوە، حاڵەتێکی ئەبەدی نیە لە ژیانی مرۆڤدا، بەڵکو وەختیەو دەبێت کۆتایی پێبێت. ئیغتراب سروشتێکی ئینسانیی لەخۆگرتووە، واتە ئیغتراب سیفەتی چینێک نیە لە چینە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵکو خەسڵەتێکی ئینسانیەو هەردوو چینە کۆمەلایەتیەکەی نێو کۆمەڵگای مۆدێرنی سەرمایەداریی دەگرێتەوە.

مارکس دەڵێت: “چینی خاوەندارو چینی پرۆلیتاریا نوێنەری هەمان ئیغترابی ئینسانین. بەڵام چینی یەکەم لەم ئیغترابەی خوددا، جێگیربوون و گەشەو هێزی تایبەتی خۆی دەبینێت، بەڵکو ڕووخساری بوونی ئینسانیی تێدا دەبینێت. بەڵام چینی پرۆلێتاریا، لە ئیغترابە زاتیەکەی خۆیدا، هەستی تێشکاوی دەکات، هەستی لاوازیی تایبەتی خۆی دەکات و حەقیقەتی بوونی نائینسانی تێدا دەبینێت .. ئا لەم بنکەیەدا، خاوەنداری تایبەتی نوێنەری لایەنی خۆپارێزەو پرۆلێتاریا نوێنەری لایەنی ڕووخێنەر. وە لەکاتێکا یەکەمیان هەڵدەسێت بە پارێزگاری ئەو بنکەیە، دووهەمیان هەڵدەسێت بە تێکوپێکشکاندنی (مارکس، العائلة المقدسة، ل : ٤١).

کەواتە، دوای ئەم گەشتە کورتە، پێناسەی ئێمە چیە بۆ ئیغتراب؟

ئیغتراب ئستلابی ئینسانیە، ئەم ئیستلابە، بە هەموو وەهمە فیکریەکانی مرۆڤەوە، لەناوچوونی نیە بەبێ لەناوبردنی ئەو ئیستلابە. مرۆڤ بوونەوەرێکە لە دەرەوەی خۆیدا، لە دەرەوەی کۆمەڵگای ئینسانیدا؛ بوونەوەرێکە لە جەنگەڵێکدا گیری خواردووە کە پێی دەگووتریت کۆمەڵگای سیاسی -جیهانی سیاسی-. بۆیە هەتا مرۆڤ ئەو جیهانە جێنەهێڵێت، ئیغترابی ئینسانیی جێنەهێشتووە، هەتا هەموو ئەو هێزە داگیرکارانە لەناو نەبات، ئازادیی نیە لە هەڵسوکەوتە ئینسانیەکانیدا، ئیتر ئەمە بە دەوڵەت و دیموکراسیەتیشەوە. بەواتا، مرۆڤ تەنها بە ڕزگاربوونی لەکاری کرێگرتە، واتە بە گەڕانەوە بۆ ژیانە کۆمۆنیەکەی، بە گەڕانەوە بۆ ژێر سێبەری سیستمی خۆبەڕێوەبردن، لە ئیغتراب -ئیستلاب- ڕزگاری دەبێت، تەنها لە کۆمەڵگایەکی لەوجۆرەدا، مرۆڤ دەتوانێت، ئازادانە کۆمەڵگاکەی ڕێک بخات، ئازادانە ووزەی جەستەیی و زیهنی خۆی گەشە پێ نادات.

مارکس ئەو کۆتاییە بەم جۆرە دەبینێت: تێپەڕاندنی ئیغتراب هەمیشە لە شێوەی ئیغترابەوە دەست پێدەکات. ئیغتراب لە ئەڵمانیادا وەک هۆشیاریی خود دەبینرێت (یەزدان و عەقڵی ڕەها)، لە فەرەنسا گەیشتۆتە ئاستی یەکسانیی سیاسی، لە ئینگلترە بۆتە پێداویستی ماتریالیستیی بەکردەوە کە هەر خودی خۆی بۆتە پێوەری خۆی (مارکس).
بەواتا ئیتر لەوێ، ئیغتراب، ئاستی هۆشیاریی خودو یەکسانی سیاسیی تێپەڕاندووە، ئیتر شێوە ڕاستەقینەکەی ئیغتراب وەک خۆی دەبینرێت، نەک وەک ئەوەی فەلسەفەی ئایدیالیستی و فەلسەفەی سروشتی لێی دەدوێن، وە لەوێ دیارە کە ئیغتراب نە پەیوەندیی بە ئاسمانەوەیەو نە بە یەکسانی سیاسیییش چارەسەر دەکرێت، دەبێت مرۆڤ ئیغتراب تێپەڕێنێت بە یەکجاری، ئەوەیش لە تێپەڕاندنی چینە کۆمەڵایەتیەکان و دەسەڵاتی سیاسیدایە کە مافی سیاسی و یەکسانی سیاسی بۆ مرۆڤ دابین کردووە نەک پێداویستیە ئینسانیەکان، نەک ئازادی لە ئیغتراب. ئەوەیش تەنها لەڕیگای سەرکەوتنەوەیە بەسەر پەیوەندیەکانی بەرهەمهینانی سەرمایەدارییدا، ئیتر با هەموو فەیلەسووفانی جیهان یەک بگرن لەسەر ئەوەی ئیغتراب هەر مەملەکەتێکە لە ئایدیا نەک واقیعێکی مێژوویی ماتریالیستی کە لە دابەشبوونی کاری کۆمەلایەتیدا خۆی دەنوێنێت.
٢٨ / ١ / ٢٠١٩
____________________________________
* گەر لە ئەسڵی ووشە لاتینیەکەوە (ئالینەشین – Alienation) بچینە ئەم باسەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ تێدەگەین، ئەو ووشەیە لە کوردیدا، هەڵە بەکاردەهێنرێت. ئەو ووشەیە لە کوردیدا، بە مانای (نامۆ-نامۆبوون) بەکارهێنراوە. بەڵام ئەو ووشەیە لە مانا فەلسەفی و دواتر ماتریالیستیەکەیدا، بە واتای (استلاب-اغتراب) دێت، گەرچی یەکێک لە مانا زمانەوانیەکانی، نامۆییە کە گەلێجار لەم باسەدا، مانای غەریبی دەگەیەنێت.

About دیدار عثمان

Check Also

گرفتی داروین

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری بیردۆزەکەی داروین بۆ دەرکەوتن و پەرەسەندنی زیندەوەران بەردی بناغەی زانستی زیندەوەرزانییە. بەشێکی …