“ئۆژن دیلاکروا/ Eugene Delacroix” یەکێک لە ناسراوترین شێوەکارە رۆمانتیکەکانی فەڕەنسایە. بەرهەمەکانی دیلاکروا خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندین بۆ نموونە: گێڕانەوە دراماتیکەکان، جووڵە خێرا و لەنەکاوەکان و فۆرمی گەورە. قەبارەی زەبەلاحی بەرهەمەکانی ئەم شێوەکارە بینەر تووشی سەرسوڕمان دەکات. دیلاکروا بەبکارهێنانی رەنگی نەرم و هەروەها تیشک و سێبەر لە بەرهەمەکانیدا، لەسەر هونەرمەندانی جیلی داهاتوو بەتایبەت “ئەمپرسیۆنیستەکان” کاریگەرییەکی قووڵی هەبوو؛ هەروەها جەخت کردن لەسەر بابەتە نەگونجاو و سەرسوڕهێنەرەکان بووەتە سەرچاوەی ئیلهامی سەمبۆلیستەکان/ هێماخوازەکان). دیلاکروا شێوەکارێکی چالاک بوو و 9140 بەرهەمی هونەری لێ بەجێماوە کە بریتین لە شێوەکاری بە رەنگی رۆن، پاستیل و ئاوڕەنگ و کێشانەوەی جۆراوجۆر.
یەکێک لە بەناوبانگترین تابلۆکانی ئەم شێوەکارە فەڕەنسییە تابلۆیەکە بە ناوی “ئازادی ڕێپیشاندەری خەڵک/ Liberty Leading the People”. دیلاکروا لەم کارەدا چەمکی ئازادی لە شێوەی ژنێکدا وێنا کردووە.
ئەم ژنە ئاڵایەکی بەرز کردووەتەوە و لە شۆڕشی 1830ـدا خەڵک بەرەو سەنگەرەکان رێنوێنی دەکات. ئەم تابلۆیە لەکاتی بڵابوونەوەیدا هەرای نایەوە. حکومەت بەخێرایی تابلۆکەی کڕی و پاش 16 ساڵ، رێک پاش شۆڕشی 1848، بە فەرمانی “ناپلئۆنی سێهەم” نمایش کرا.
دیلاکروا لەم بەرهەمەدا خۆی وەکوو یەکێک لە ئەندامانی “پاراستنی نەتەوەیی” لە لای راستەوە نمایش کردووە.
خاک _ پشکۆ کامەران