مه‌غۆله‌كان چه‌ند هۆزێكی دواكه‌وتوو ئه‌وپه‌ڕی باكوری چین بوون، هه‌میشه له نێوان خۆیان خه‌ریكی شه‌ڕ و ناكۆكی بوون، جه‌نگاوه‌ری ئازا و دلێر بوون، كاتێك تیموجین وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌غۆله‌كان ده‌ركه‌وت و هۆزه‌كانی یه‌كخست و ناسناوی جه‌نگیزخانی لێ نرا، واته فه‌رمانڕه‌وای جیهان، ئیتر مه‌غۆله‌كان بوون به گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆریه‌تی مێژووی مرۆڤایه‌تی و 32 ئیمپراتۆر و ده‌وڵه‌تی ئه‌وكاتیان تێك‌شكاند و له ژاپۆن و كۆریای ئێسته‌وه تا ڤیه‌نا و له‌وپه‌ڕی باكوری كیشوه‌ری ئاسیاوه تا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هیندستان په‌لیان هاوێشت، نهێنی سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وام و تاڵ نه‌كردنی تامی شكست لای مه‌غۆله‌كان چییه و بۆچی هه‌میشه له جه‌نگه‌كان براوه ده‌بوون، چه‌ند نهێنیه‌كی مه‌غۆله‌كان له‌وباره‌وه بزانه.
یه‌كه‌م: مه‌غۆله‌كان له منداڵییه‌وه جه‌نگاوه‌ر بوون، به‌ر له هاتنی جه‌نگیزخان و هه‌ر له دێر زه‌مانه‌وه مه‌غۆله‌كان كوڕه‌كانیان له ته‌مه‌نی زۆر بچووكه‌وه فێری ئه‌سپسواری و تیرهاوێژی و ڕم ده‌كرد و تا ده‌گه‌یشتنه ته‌مه‌نی گه‌نجییه‌تی، ئه‌زموون و شاره‌زایی و مه‌شقێكی زۆر چاكیان پێ كرابوو له شه‌ڕكردن دا، جیا له‌وه‌یش خۆیان جۆره‌ها چه‌كیان دروست ده‌كرد و پێویستیان به هاورده‌كردنی چه‌ك نه‌بوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ی پێویستیان بوو سه‌ركرده‌یه‌ك بوو كه یه‌كیان بخات و به‌ره‌و داگیركردنی دنیا ئاراسته‌یان بكات، ئه‌مه‌یش دواجار ده‌ركه‌وت و جه‌نگیزخان ده‌ركه‌وت و مه‌غۆله‌كانی كرده خاوه‌نی گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆر له مێژوودا.
دووه‌م: پیرۆزكردنی جه‌نگیزخان و دروستكردنی ئه‌فسانه، جه‌نگیزخان دوای یه‌كخستنی مه‌غۆله‌كان ناوی گۆڕدرا بۆ جه‌نگیزخان واته فه‌رمانڕه‌وای جیهان، ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی له كۆنه‌وه بوونی هه‌بوو، كه باسی له‌وه ده‌كرد، ئه‌گه‌ر مه‌غۆله‌كان یه‌ك بگرن ده‌توانن فه‌رمانڕه‌وایی جیهان بكه‌ن، به ته‌واوی هێزێكی گه‌وره‌ی مه‌عنه‌وی به سه‌ربازانی مه‌غۆل به‌خشیبوو، پیرۆزكردنی جه‌نگیرخانیش به وه‌دیهێنه‌ری ئه‌و ئامانجه ئاسمانییه به ته‌واوی مه‌غۆله‌كانی خسته ژێر ڕكێفی جه‌نگیرخان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و قبووڵنه‌كردنی زۆر ئه‌سته‌م بوو، ئه‌مانه بوونه هۆی خاڵی هه‌ره به‌هێزی مه‌غۆله‌كان و كه سه‌رچاوه‌ی ئه‌وه بوو سه‌ربازانی مه‌غۆل هیچ كات شكست قبووڵ نه‌كه‌ن.
سێیه‌م: وه‌حشیگه‌ری و دڕنده‌یی بۆ شكاندنی ئه‌ژنۆی دوژمن، ستراتیجێكی تری جه‌نگیزخان ئه‌وه بوو كه سوپاكه‌ی زۆر به دڕنده نیشانی دوژمن بدات، بۆیه گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵكوژی ده‌كرد و ئه‌و ده‌یگوت، گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن ئه‌وه‌یه كه ببینم دوژمنه‌كه‌م شكست بخوات و سه‌ركرده‌كانی له‌به‌رده‌مم بكه‌ونه سه‌ر ئه‌ژنۆ، دووكه‌ڵی شاره‌كانیان ئاسمان دابپۆشێ و كه‌سوكاریان تا له ژیان ماون له نێو فرمێسك نقووم ببن و كچ و ژنه‌كانیان له باوه‌شی سه‌ربازه‌كانمان بن.
به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌وه، سه‌ربازانی مه‌غۆل 40 ملیۆن كه‌سیان كوشت، كه بۆ ژماره‌ی دانیشتووانی ئه‌و كات، یه‌كجار زۆر بوو، به به‌راوردكردنی به ژماره‌ی ئێسته‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی، ده‌كاته 280 ملیۆن مرۆڤ، ئه‌مه‌یش به ته‌واوی ناوبانگی وه‌حشیه‌تی ئه‌وانی بۆ وڵاتان ئاشكرا كرد، بۆیه هه‌رزوو سه‌ربازی وڵاتان كاتێك ناوی له‌شكری مه‌غۆل ده‌هات ئه‌ژنۆیان ده‌له‌رزی، ئه‌مه‌یش به سوودبینین بوو له پروپاگنده و بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ و كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر ده‌روونی دوژمنه‌كان، جه‌نگیزخان زۆر به زیره‌كی و وریایی ئه‌م كاره‌ی كرد و هۆكارێكی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنه‌كان بوو.
چواره‌م: په‌یكه‌ر و سیسته‌می سه‌ربازی پێشكه‌وتوو، هه‌رچه‌نده مه‌غۆله‌كان هۆزی دواكه‌وتوو بوون، به‌ڵام پاش هه‌ندێ سه‌ركه‌وتنیان، جه‌نگیزخان سوپاكه‌ی به ته‌واوی كرده سوپایه‌كی یه‌كگرتوو و پێشكه‌وتوو، هه‌ر 10 كه‌سێك ده‌بوون به ئه‌ربانس، 10 ئه‌ربانس زونیان پێك ده‌هێنا كه ده‌یكرده 100 سه‌رباز، 10 زون مینگانیان دروست ده‌كرد، كه ده‌یكرده هه‌زار سه‌رباز، 10 مینگان تومانیان دروست ده‌كرد كه ده‌یكرده 10 هه‌زار سه‌رباز، جیا له‌وانه‌یش 10 هه‌زار سه‌ربازی زۆر به‌هێز و ده‌سته‌بژێر بۆ پاسه‌وانیكردنی جه‌نگیزخان دانران.
سه‌ربازه‌كان ئازادی زۆریان هه‌بوو و تاكه به‌رپرسیار لێیان فه‌رمانده‌كه‌یان بوو، هه‌ر ئه‌ویش له به‌رانبه‌ر فه‌رمانده‌كانی تر له هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك به‌رپرسیار ده‌بوو، جیا له‌وه‌یش پێڕه‌وكردنی سیاسه‌تی تاڵانی و وێرانكردنی شاره‌كان و دابه‌شكردنی ده‌سكه‌وته‌كانی جه‌نگ به‌شێكی بۆ سه‌ربازه‌كان وایكردبوو به رووحێكی به‌رزه‌وه و به خێراییه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌وه هه‌ڵمه‌ت به‌رن و شار و وڵاته‌كان داگیر بكه‌ن.
پێنجه‌م: سوبوتای نهێنی سه‌ركه‌وتنی مه‌غۆله‌كان له پشتی په‌رده‌وه، هه‌رچه‌نده جه‌نگیزخان ڕابه‌ری مه‌غۆله‌كانی ده‌كرد و ناوی ئه‌و به فره‌وانی چووه مێژووه‌وه، به‌ڵام چوار سه‌گه‌كه‌ی جه‌نگیزخان گه‌وره‌ترین ڕۆلیان له سه‌ركه‌وتنه‌كانی بینی، كه یه‌كێكیان سوبوتای بوو، به گه‌وره‌ترین ستراتیج و جه‌نه‌رالی سه‌ربازی مه‌غۆل داده‌نرێ و به باوكی ته‌ڵه و هه‌ڵه‌خه‌ڵتاندنی دوژمن له جه‌نگ و بواری سه‌ربازی له جیهان ناوده‌برێ.
سوبوتای سه‌ركردایه‌تی 20 هه‌ڵمه‌تی گه‌وره‌ی كرد و 32 ده‌وڵه‌تی داگیركرد و به‌شداری له 65 جه‌نگ كرد، بێ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێكیان بدۆڕێنێت و له چینه‌وه تا ڤیه‌ننای خسته ژێر ڕكێفی ئیمپراتۆریه‌تی مه‌غۆله‌وه.
له یه‌كه‌م ده‌رفه‌ت كه جه‌نگیزخان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی تواناكانی به سوبوتای دا، پاشه‌كشه‌ی كرد و خه‌ریكبوو سه‌ربازانی مه‌غۆل لێی هه‌ڵبگه‌ڕێنه‌وه و هه‌واڵ گه‌یشته جه‌نگیزخان و تووڕه بوو، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا تاكتیكێكی سوبوتای بوو بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی دوژمن دواتر سه‌رجه‌میانی كۆمه‌ڵكوژ كرد و پێگه‌ی لای مه‌غۆله‌كان به‌گشتی و جه‌نگیزخان به تایبه‌تی به‌م كاره زۆر به‌رز بووه‌وه.
سوبوتای سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵمه‌تی ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی خوازرمی و ڕووس و جۆرجی و ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتی كرد و تا ڤیه‌ننا هه‌نگاوی نا.
شه‌شه‌م: چوار سه‌گه‌كه‌ی تیمۆجین، ئه‌و چوار جه‌نگاوه‌ر و جه‌نه‌راله مه‌زنه‌ی مه‌غۆله‌كان به كۆڵه‌گه‌ی سه‌ركه‌وتن و فره‌وانخوازییه‌كانی مه‌غۆل داده‌نرێن، كه بریتین له “جیبی و كۆبلای و جیلمی و سوبوتای” ده‌گوترا ئه‌وان جه‌سته‌یان له پۆڵا به‌هێزتره و ده‌سته‌كانیان وه‌كو مقه‌ست و سه‌ریان له به‌رد و شمشێره‌كانیان موگناتیسی گه‌یشتنه به رووحی دوژمن.
وشە – باز ئه‌حمه‌د