وهلی دێوانه، میرزایهكی شاعیر یان شوانێكی نەخوێندەوار
نووسەر:کەمــال ئەحمــەد
شاعیر و لێکۆڵەری ئەدەبیی
بۆ کەسێ دڵـت لـە خەم کەیـل بێ!
تۆ مەجنـونی وێڵ، ئەویش لەیل بێ
داخت بۆ کەسێ، ئەویش داخدار بێ
خەمخۆر و دڵسۆز، هەتا سەر یار بێ
نەک بە وێنەی (شەم) ترسی خوای نەبێ
لە پەروانەکەی هـیـچ ئـــاگـــای نـەبـێ
دەربـەســتـی ئـێـش و ئــــازاری نـەبـێ
ئــاگــای لــە نــاڵـــە و هـــــاواری نەبـێ
خۆشە دڵداری لە هەردوو سەر بێ ..
نەک تۆ بسووتێی، ئەو بێ خەبەر بێ
دڵـە ! دەخـیلـە ! دەســتـم بە دامـان
بێ سوود مەکێشە جەفای بێ سامان.
ئەمە شیعری (وەلی دێوانە) یە.
ئەگەرچی وەلی دێوانە سەرمەشقی شاعیرانە لە شیعری نائومێدی و کڕوزانەوەدا، بەڵام لێرەدا ئامۆژگاری دڵی خۆیی کردووە کە “جەفای بێ سامان” نەکێشێ.
کایەی عەشق و ئەوین، دیارترین کونجی ژیانی مرۆڤن کە تیایا عاتیفە باڵادەستە بەسەر عەقڵدا، ئەمەش وایکردووە زیاتر سەری لە بێ عەقڵییەوە دەربچێ. لایەک زیادەڕۆیی کردووە لە نەوازشنواندا و لاکەی تر بێ باک بووە. مێژووی ئەدەبی کوردی بە تایبەت ژانری شیعر پڕیەتی لەم حیکایەتانە. ئەوە باسێکی تایبەتە و ئێرانی وتەنی “جانبە وە دووی کەوی”. لێرەدا سەرێک ئەدەین لە وەلی دێوانە، کە پاڵەوانی داستانی عەشقێکی ناکامی لەو جۆرەیە.
وێنەیەکی کێشراوی خەیاڵی وەلی دێوانە
هەندێ لە ئەدیب و شارەزایان ئەڵێن خۆشەویستییەکەی (وەلی دێوانە بۆ شەم) دڵدارییەکی تاک جەمسەری بووە. بە مانا وەلی شەمی خۆشویستووەو شەم ئەو خۆشەویستیەی نەبووە بۆ وەلی. لەو شیعرەی سەرەودا ئەو ئاماژەیە هەستی پێدەکرێ.
،،
وەلی دێوانە پێش مردنی، دوو وەسیەتی کردووە، یەکیان بۆ کەسوکارەکەی سەبارەت بە چۆنیەتی کفن و دفنکردنی. یەکێکی تریان بۆ (شـەم).
وەلی دێوانە پێش مردنی، دوو وەسیەتی کردووە، یەکیان بۆ کەسوکارەکەی سەبارەت بە چۆنیەتی کفن و دفنکردنی. یەکێکی تریان بۆ (شـەم) کە ئەمە مانا کەیەتی بە سۆرانی:
گیانەکەم! وا کاتی مردنم هاتووە!
لە کاتی گیانکێشاندا چاوم لە ڕێتە!
ڕۆژی مردنم تەشریف بێنە!
کاتێ گیانستێن، گیانی کێشام، گیانی شیرنمی بردو گوێی پێ نەدا
تۆ بە گریانی بەسۆز شیوەنم بۆ بکە!
خۆت، کفنەکەم بە تاڵی زوڵفەکانت بدروو
لەشم هەڵگرەو بیبە بۆ گۆڕستان!
بەڵام دەخیلتم،
ئەی شای ڕەفتار شیرین! شۆخم! دلبەرم!
تۆ بە دەستی خۆت، بەردی ئەلحەد بنێ سەر سەرم
ئەی گــیـانی نــازدارم!
لەو کاتەدا خاکی گۆڕەکەم بکە بە سەرما
ئەی نــازداری دیدەم!
ئەگەر وەها بکەی! ئەوە تۆ ڕەویەی دڵخوازەکانت بە جێ هێناوە!
ئەگەر وەها بکەی!
تا ڕۆژی ئەلەست، وەفادارەکان نزای خێرت بۆ ئەکەن *.
ڕۆژی ئەلەست: ڕۆژی شەرت و پەیمانە،
لە کوردەواریدا بە ڕۆژی (قال و بەلا) ناسراوە، مەبەست لەو ڕۆژەیە کە خودا لە جیهانی غەیب و نادیاردا ڕۆحی هەموو نەوەی ئادەمی پشتاوپشت هێناو، کۆی کردنەوەو پەیمانی لێ وەرگرتن، پێی فەرموون:( أَڵـسـْتُ بِرَبِّكُمْ ۖ = ئایا من پەردگاری ئێوە نیم؟! )
( قَالُوا بَڵىٰ شَهِدْنَا = وتیان نـابـێت و ناشێ تۆ پەروەردگاری ئێمە نەبی! لە قیامەتیشدا شایەتی ئەدەین تۆ پەیمانت لێ وەرگرتووین کە پەروەردگارمانی!).
گۆری وەلی دێوانە لە قەبرستانی شارۆچکەی سەید سادق ـ پارێزگای سلێمانی
،،
وەلی دێوانە هاوزەمانی شاعیر مەلا عومەری زەنگنە (ڕەنجووری) ژیاوە. مەلا عومەری ڕەنجووری بە دێڕێک شیعر تەمەنی خۆیی لە کاتی نووسینی (میعراج نامەکە)یدا تۆمارکردووە، دواتر بەدێڕێکی تر ساڵی نووسینی (میعراج نامە)کەی دیاریکردووە، بەو پێیەش ڕەنجووری ساڵی ( ۱۱٦٤ی کۆچی) لەدایکبووە، کە بەرانبەرە لەگەڵ (۱۷٥۰ ی زاینی).
بەپێی هەندێ ئاماژە، وەلی دێوانە هاوزەمانی شاعیر مەلا عومەری زەنگنە (ڕەنجووری) ژیاوە. مەلا عومەری ڕەنجووری بە دێڕێک شیعر تەمەنی خۆیی لە کاتی نووسینی (میعراج نامەکە)یدا تۆمارکردووە، دواتر بەدێڕێکی تر ساڵی نووسینی (میعراج نامە)کەی دیاریکردووە، بەو پێیەش ڕەنجووری ساڵی ( ۱۱٦٤ی کۆچی) لەدایکبووە، کە بەرانبەرە لەگەڵ (۱۷٥۰ ی زاینی).
مەلا عومەری ڕەنجووری حەزی لە دۆستایەتی وەلی دێوانە بووە، نامەیەکی بۆ وەلی ناردووە تیایدا داوای لێ کردووە کە پەیوەندییان هەبێت و وەلی نامەی بۆ بنێرێ. وەلی دێوانەش لە وەڵامدا نامەیەکی بۆ (ڕەنجووری) نووسیووە، ناوی چەندین شاعیر و عاریف و زانای گەورەو ناوداری پێش خۆی و کتێبی هەندێکیانی هێناوەو (مەلا عومەری ڕەنجووری)ی بەوان چوواندووە، وەک (نیزامی گەنجەوی، فیردۆسی توسی، جامی، خاقانی، ئەنوەری ئەبی وەردی، سەعدی شیرازی، حافزی شیرازی، صائیبی تەبرێزی، شەوکەت، عیسمەت، مەولانا ڤهیر، فـارابی، فەیزوڵای فازڵ، نـادری، مەسنەویی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی). ئەمەش دەریدەخات کە وەلی دێوانە خوێنەوارێکی چاک بووەو ئاگای لەو کەسایەتییانە هەبووە بۆیە ناویهێناون.
لە پۆلی سێی ناوەندی بووین، مامۆستای وانەی کوردی لە باسی ژیان و شیعرەکانی وەلی دێوانەدا وتی:”وەلی دێوانە خوێنەواریی نەبووە!”
بۆ من ئەمە زۆر جێی سەرسوڕمان بوو، لە پۆلا هیچم نەوت. کاتێ زەنگی پشوو لێیدا دوای مامۆستا کەوتم و پێش ئەوەی بگاتە ئیدارە ڕامگرت، وتم مامۆستا تۆ ئەڵێی وەلی دێوانە خوێنەواریی نەبووە، ئەی باشە ئەم شیعرە جوانانەی چۆن نووسیووە؟
بە لەهجەی سلێمانی (کاف)ـەکەی کردە (چ)،
وتی: نانا.. کوڕم! چـوێرە خوێنەوارییەکی هەر هەبووە!
ئەم درەنگە زانیم، ئەو مامۆستا بەڕێزە چەندە نابەرپرسیارانە ئەو بۆچوونەی بۆ ئێمە گواستۆتەوە، ئاخۆ لە ژیانا، چەندە شتی تر فێر کرابین کە واش نەبووبێ!