مه‌لا ڕه‌شیدبه‌گی بابان ئه‌و زانا مه‌زنه‌ی كورد كه پێش 75 ساڵ له ئه‌سته‌مبوڵی دووره وڵاته‌وه هه‌ردوو صه‌حیحی بوخاری و موسلیمی كردۆته كوردی
عه‌بدوڵڵا مه‌لا ئه‌حمه‌د، ئه‌حمه‌دئاوایی
كاتێك كه لاپه‌ڕه‌كانی دیرۆكی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه، ده‌بینیـن له گشت سه‌رده‌مه‌كاندا چه‌ندین زانای به توانا و كه‌م وێنه هه‌ڵكه‌وتوون، به‌ڵام به داخه‌وه زۆریان ڕۆژگار ته‌پ و تۆزی بێ ڕهحـمانهی خۆیی به‌سه‌ردا داون و شاردونیهتیهوه، زۆریشیان به‌هۆی باری ناله‌باری له مێـژینهی وڵاتی كورده‌وارییه‌وه په‌ڕیوه‌ی ناوچه و وڵاتانی تری غه‌ریبـی بوون، به‌ڵام هه‌ندێكیان ئازایانه له تاراوگه‌شه‌وه خه‌می نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان له بیـر نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی پێیان كرابێت، له خزمه‌تی ڕۆشنبیـريی نه‌ته‌وه‌كه‌یان و ته‌نانه‌ت زمانی نهتهوهییشیاندا درێغییان نه‌كردووه، به‌م كاره‌شیان هه‌م ناوی خۆیانیان به پارێزراوی له مێـژوودا هێشتۆته‌وه و هه‌م به‌شێك له ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیانیان به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه‌كه‌یان جێبه‌جێ كردووه، كه ده‌چێته چوارچێوه‌ی به كوردیكردنی شوناسی زانسته ئیسلامییه‌كان و گونـجاندنیان له گه‌ڵ ژینگه‌ی وڵاتی كورده‌واریدا، له نێوان ئه‌و زانایانه‌دا (مامۆستا مه‌لا ڕه‌شیدبه‌گی بابان) هه‌یه، كه زیاتر له (30) ساڵی ته‌مه‌نی خۆی له ئه‌سته‌مبوڵى پایته‌ختی ئه‌وسای جیهانی ئیسلامی‌دا به‌سه‌ر بردووه، به‌ڵام شان به شانی ئازاری غوربه‌ت چه‌ند به‌رهه‌مێكی پڕ بایه‌خ و مه‌زن و مێـژوویی پێشكه‌ش به كتێبخانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه، به‌تایبه‌تی كه ئه‌م زانا گه‌وره‌یه پێش (75) ساڵ له ئه‌سته‌مبوڵی دووره وڵاته‌وه هه‌ردوو مه‌زنه په‌ڕتووكی صه‌حیحی بوخاری و موسلیمی كردۆته كوردی، كه دوو مه‌زنتـرین سه‌رچاوه‌كانی فه‌رمووده‌ن له كه‌له‌پوور و ڕۆشنبیـریی ئیسلامی‌دا.
ناو و ڕه‌چه‌ڵه‌ك و پێگهیشتنـی
مه‌لا ڕه‌شید به‌گی بابان، ناوی مه‌لا حه‌مه ڕه‌شیدبه‌گی كوڕی فه‌تاح به‌گی كوڕی محه‌مه‌د به‌گه، باپیـرانی ده‌چنه‌وه سه‌ر فه‌قێ ئه‌حـمه‌دی دارهشـمانهیی له ناوچه‌ی پشده‌ر، ئه‌م زانایه له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1868 له دایكبووه، دوای كه‌مێك پێگه‌یشتنی وه‌ك هه‌موو فه‌قێیه‌كی وڵاتی كوردهواری ڕێگای گوند و شاره‌كانی كوردستانی گرتۆته‌به‌ر به‌مه‌به‌ستی ده‌ستخستنی زانست و خوێندنی زانسته شه‌رعییه‌كان له‌لاى مامۆستا پایه به‌رزه‌كانی كوردستان، به‌و هۆیه‌وه چووه‌ته سه‌رگه‌ڵوو، سنه، بانه و ته‌نانه‌ت شاری موسڵیش، تا دواجار به ئاكامی دڵی خۆی له ده‌ستخستنی زانست گه‌یشتووه، له لایه‌ن زانای پایه‌به‌رز” مامۆستا مه‌لا عهبدولڕهحـمانی پێنجوێنـی”یـهوه، ئیجازه‌ی عیلمیی – مه‌لایه‌تی بۆ نووسیوه، كه زۆرینه‌ی وانه‌كانی له‌لاى ئه‌و خوێندووه، پاشان ده‌ستی به خزمه‌تی ئاییـن و گه‌له‌كه‌ی كردووه، گهڕاهوهتهوه بۆ شاری سلێمانی و بووته مامۆستای مزگه‌وتی شێخ سه‌لام، پاش ماوه‌یه‌ك خزمه‌ت له‌م مزگه‌وته و چه‌ند مزگه‌وتێكی تر، بووه‌ته مامۆستای مه‌دره‌سه‌ی ڕوشدییه‌ی عه‌سكه‌ری هه‌ر له شاری سلێمانی، له‌و كاره‌ى به‌رده‌وام بووه تا ساڵی 1912، واته دوو ساڵ پێش چه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، له‌و مێـژووه به دواوه كوردستانی به‌ره‌و ئه‌سته‌مبوڵ به جێهێشتووه و جارێكى ديكه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، مه‌لا ڕه‌شيد له شاری ئه‌سته‌مبوڵی پایته‌ختی ئه‌و كاتی جیهانی ئیسلامى بووه‌ته پارێزه‌ر، دواتر بۆته دادوه‌ر و له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ى به‌رده‌وا بووه تا له ساڵی 1935دا خانهنشیـن كراوه.
خێـزان و نه‌وه‌ی
مامۆستا مه‌لا ڕه‌شیدبه‌گی بابان، له ماوه‌ی ژیانیدا سێ ژنی هێناوه، یه‌كه‌ميان دوای ئیجازه وه‌رگرتنی له مامۆستا مه‌لا عهبدولڕهحـمانی پێنجوێنی، مامۆستا مه‌لا عهبدولڕهحـمان برازایه‌كی خۆیی لـێ ماره ده‌كات، له‌م ژنه كوڕێك و دوو كچی هه‌بووه، كوڕه‌كه ناوی عه‌بدوڵڵا عه‌ونی بووه، كه مه‌دره‌سه‌ی ڕوشدییه‌ی عه‌سكه‌ری له شاری سلێمانی ته‌واو كردووه، پاشان چووه بۆ ئه‌سته‌مبوڵ و له‌وێ بووه‌ته “ئه‌فسه‌ری ده‌ریاوانی”، یه‌كێك له كچه‌كانیشی دایكی هه‌ريه‌كه له:د.كه‌مال فوئاد و د.جه‌مال فوئاد و د.ئیحسان فوئاده، و پاشان له ژنی دووهميشی كوڕێكی هه‌بووه به ناوی به‌هجه‌ت نه‌وزاد، كه له توركیا خوێندوویه‌تی و بۆته پڕۆفیسۆر، له ژنی سێیه‌میشی كه له توركیا هێناویه‌تی تاقه كچێكی هه‌بووه.
په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ دۆسته‌كانی له ناوه‌وه‌ی وڵات
مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید به‌گی بابان، كه كه‌وتۆته غه‌ریبی و دووره وڵات، ئه‌مه وای لێ نه‌كردووه دۆسته‌كانی له بیـر بكات، به‌ڵكو به‌رده‌وام و به پێی بۆ لوان له په‌یوه‌ندیدا بووه له‌گه‌ڵیان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه هاوڕێی نزیك و هاوفهقێی ده‌ورانی خوێندنی بوون، بۆیه ئه‌گه‌ر چاوێك به‌و نامانه‌دا بگێڕین كه له توركیاوه ناردوونی بۆ سلێمانی، به ڕوونی ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌نده په‌رۆشی هه‌واڵی وڵات و دۆستانی بووه، وه‌ك له نامه‌یه‌كیدا كه بۆ هاوفه‌قێ و دۆستی خۆی (مامۆستا مه‌لا حسهینـی پیسكه‌ندی) نووسیوه، تیایدا ده‌ڵێت:”… ئیـرتیحالـی باباعهلـی –غفراللّه له- مووجیبـی ئه‌سه‌فێكی زۆر بوو، خوا مه‌لاكانی تر – پیـر و جوانیان- سه‌لامه‌ت بكا، زۆریان بكا و ته‌وفیقیان بدا له سه‌ر نه‌شری عیلم …… چاوی مه‌لا سه‌لام ماچ ئه‌كه‌م، خوا سه‌لامه‌تی بكا و ته‌وفیقی بدا، شێخ نوری شێخ باباعهلـی چۆنه؟ وا هه‌یه كه جێی باوكی بگرێته‌وه؟ شێخ جه‌لال چۆنه؟ مه‌لا سه‌عید چۆنه؟ مه‌لای تازه پێگه‌ییون یا نه؟ لوتفه‌ن بۆم بنووسه!”.
به تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر قوڵ و دۆستانه‌ی له گه‌ڵ هاوفه‌قێ و دۆستی گیانی به گیانی “مامۆستا مه‌لا حسهینـی پیسكه‌ندی”دا، هه‌بووه، ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی وا گه‌رم له نێوان دوو برای شیـریشدا نییه، نامه و باسه‌كانی ناو دوو توێی په‌ڕتووكی (إِقتِران النیـریْن فِی مَجمَعِ البَحرَیْن – كۆكراوه‌ی فه‌رمووده‌كانی هه‌ر دوو په‌ڕتووكی بوخاری و موسلیم به زمانی كوردی) شایه‌تی ئه‌م ڕاستییه‌ن.
هه‌ندێك له كاروباره‌كانی له وڵاتی توركیا
مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید به‌گی بابان، له ساڵی 1912 ڕۆيشتووه بۆ ئه‌سته‌مبوڵ به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه بكرێته قازی له سلێمانی و فه‌رمانی فه‌رمی سوڵتان له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێته‌وه، به‌ڵام له‌كاتی گه‌شتى ئه‌مدا جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ههڵگیـرساوه و ئه‌میش كراوه به ئه‌فسه‌ر –چابگ ئیحتیاگی به‌شی ئیعاشه- و دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕ كراوه به دادوه‌ر له شاری ئهگنه، و تا ساڵی 1934 له سه‌ر ئه‌و كاره ماوه‌ته‌وه، كه خانهنشیـن كراوه ڕۆيشتووه بۆ شاری بۆرسه و ماوه‌یه‌كیش له‌وێ مه‌لا و وتاربێـژی مزگه‌وتی ئهمیـر سوڵتانی بوخارا بووه، دوای ماوه‌یه‌ك له خزمه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ شاری ئه‌سته‌مبوڵ و بووه به مه‌لا و وتاربێـژی مزگه‌وتی (لالهلـی)، ئه‌مه‌ش ناونیشانی توركیای بووه:( ئه‌سته‌مبوڵ، لالهلـی، ئاقسهرای جادهسـی، نومره 27 خانهده، حاكمی موته‌قاعید ڕه‌شیدبه‌گی بابان!).
به‌رهه‌مه‌كانی مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید به‌گی بابان
یه‌كه‌م: په‌ڕتووكی (إِقتِران النیـریْن فِی مَجمَعِ البَحرَیْن – فه‌رمووده‌كانی هه‌ر دوو په‌ڕتووكی بوخاری و موسلیم به زمانی كوردی)، بێگومان هه‌ردوو په‌ڕتووكی (صه‌حیحی بوخاری) و (صه‌حیحی موسلیم) دوو مه‌زنتـرین و ڕاستتـرین سه‌رچاوه‌ن له سه‌رچاوه‌كانی ئیسلام، له دوای قورئانی پیـرۆز، كه هه‌زاران فه‌رمووده‌ی ساغی پێغه‌مبه‌ریان له‌خۆگرتووه، كه ته‌واوی گهلانـی مسوڵمان به‌درێژایی زیاتر له هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ وه‌ك دوو سه‌رچاوه‌ی بێ خه‌وش په‌سه‌ندیان كردوون، له‌م ماوه زۆره‌دا كه‌س به بیـریدا نه‌هاتووه ئه‌م دوو سه‌رچاوه مه‌زنه بكاته كوردی، تا دواجار مامۆستا مه‌لا ڕه‌شیدبه‌گی بابان، له ساڵی 1940 به‌دواوه، واته دوو ساڵ پێش كۆچی دوایی، ده‌ستی به ئه‌نـجامدانی ئه‌م كاره كردووه و فه‌رمووده‌كانی هه‌ر دوو په‌ڕتووكه‌كه‌ی پێكه‌وه كۆكردوونه‌ته‌وه و دووباره‌كانی لابردوون، دواجار (3965) فه‌رمووده ده‌رچوون، هه‌مووی زۆر سه‌ركه‌وتووانه و له ماوه‌ی (22) مانگدا وه‌رگێڕاوه بۆ زمانى كوردی، (43) ڕۆژ پاش ته‌واوكردنی ئه‌م كاره پیـرۆزهی كۆچی دوایی كردووه! پاشانیش له نۆ به‌رگدا له چاپ دراوه، خۆشی له‌گه‌ڵ ئه‌نـجامدانی كاره‌كه‌یدا هه‌ر به‌شێكیی كه ته‌واو كردووه به پۆسته‌دا ناردویه‌تییه‌وه بۆ شاری سلێمانی بۆ لای هاوفه‌قێ و دۆستی گیانی به گیانی خۆی “مامۆستا مه‌لا حسهینـی پیسكه‌ندی” و ئه‌ویش زۆر دڵسۆزانه پاراستوونی.
دوای كۆچی دوایی مامۆستا مه‌لا حسه‌ین، كه‌وتووه‌ته لای مامۆستا مه‌لا سه‌لامی كوڕی مامۆستا مه‌لا حسه‌ین و دیسان ئه‌ویش زۆر دڵسۆزانه یادگاره‌كه‌ی باوكی و دۆسته‌كه‌ی باوكی پاراستووه، تا دواجار و له شه‌سته‌كاندا گه‌یاندویه‌تییه ده‌ست مامۆستا مه‌لا عهبدولكهریـمی موده‌ڕیس، ئه‌ویش داوا ده‌كات له (مامۆستا محه‌مه‌د عه‌لـی قه‌ره‌داغی) كه “به‌رگ – به‌رگ” ئاماده‌ی چاپی بكات، مامۆستای قه‌ره‌داغیش دڵسۆزانه به‌م كاره هه‌ستاوه و له ماوه‌ی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ته‌واوی په‌ڕتووكه نایابه‌كه‌ی (إِقتِران النیـریْن فِی مَجمَعِ البَحرَیْن)ـی، له نۆ به‌رگدا و به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورده‌وه پێشكه‌ش به كتێیبخانهی كوردی كردووه.
گرنگی ئه‌م په‌ڕتووكه له‌وه‌دایه كه زانایه‌كی كورد و له وڵاتی غه‌ریبیدا هه‌رده‌م له خه‌می نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیدا بووه و دواجار توانیویه‌تی ئه‌م شاكاره پێشكه‌ش به نه‌وه‌كانی نیشتیمانه‌كه‌ی بكات، كه به ڕاستی به‌رهه‌مه‌كه‌ی له بابه‌تی خۆیدا تاقانه‌یه و تا ئه‌و كاته و ماوه‌یه‌كی زۆریش دوای ئه‌و كاته هیچ زانایه‌كی كورد به كارێكی به‌رفراوانی له‌م شێوازه هه‌ڵنه‌ساوه، و بۆشاییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له كتێبخانه‌ی كورده‌واریدا پڕ كردۆته‌وه، و ته‌نانه‌ت كه‌سانی پسپۆڕی بواری زمانی كوردی ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت زمانی ئێستای كوردی به‌راورد بكه‌ن به زمانی ڕابردووی كوردی، ئه‌وا ئه‌م په‌ڕتووكه یه‌كێك له باشتـرین سه‌رچاوه‌كانه بۆ بواری به‌راوردكاری زمانه‌وانی كوردی له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا، و پاشان ئه‌م په‌ڕتووكه هه‌م سه‌لـمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه هه‌ر زانایه‌كی كورد ئه‌گه‌ر بۆیشی نه‌لوابێت له ناوخۆی ووڵاتدا بـمێنێته‌وه و كه‌وتبێته غه‌ریبی، ئه‌گه‌ر مه‌یلی لـێ بووبێت، ئه‌وا هه‌ر توانیویه‌تی له دووریشه‌وه بێت خزمه‌تێك به نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات، و نـموونه‌ی له‌م جۆره‌یش زۆرن، كه به هیمـمهت ترینیان مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید به‌گی بابانه، كه هه‌م خزمه‌تی به نه‌ته‌وه‌كه‌ی گه‌یاندووه و هه‌م توانیویه‌تی ناوی خۆی له مێـژووی گه‌له‌كه‌یدا به زیندوویی بهێڵێته‌وه، و شایه‌نی باسه به‌رگی یه‌كه‌می ئه‌م په‌ڕتووكه له ساڵی (1974) و به‌رگی دووه‌می له ساڵی (1982) و به‌رگی سێیه‌می له ساڵی (1985) و به‌رگی چواره‌می له ساڵی (1987) و به‌رگی پێنجه‌می له ساڵی (1987) و به‌رگی شه‌شه‌می له ساڵی (1988) و به‌رگی حه‌وته‌می له ساڵی (1989) و به‌رگی هه‌شته‌می له ساڵی (1990) و به‌رگی نۆیه‌می له ساڵی (1990)دا، چاپكراوه.
و شایه‌نی باسه، كه به‌ڕێز مامۆستا حه‌سه‌ن پێنجوێنـی، له ساڵی (1996)دا، له (زانكۆی ئیسلامیی جیهانی) له وڵاتی “پاكستان” سه‌رقاڵی خوێندنی ماسته‌ر بووه له شه‌ریعه‌تی ئیسلامی‌دا، بۆیه بۆ تێـزی ماسته‌ره‌كه‌ی بڕیاری داوه كه له سه‌ر ئه‌م پهڕتووكهی مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید به‌گی بابان و میتۆدی نووسه‌ره‌كه‌ی تیایدا بنووسێت، و دواجار لیـژنه‌ی زانستیی زانكۆكه پێی ڕازی بوون، و بۆیه ئه‌م ناونیشانه‌ی كردۆته ماسته‌رنامه‌ی خۆی، به ناوی (العلامه البابانی ۆ منهجه فِی إِقتِران النیـریْن فِی شرح الصَّحیحَیْن)، و به هۆیه‌وه پله‌ی ماجستێـریان پێداوه، و له ساڵی (1999)دا، هه‌ر له وڵاتی پاكستان به چاپی گه‌یاندووه.
دووه‌م: په‌ڕتووكی (قه‌واعیدی نهحـو و صه‌رفی كوردی – یاسا و ڕێساكانی ڕێزمانی كوردی): ئه‌م په‌ڕتووكه په‌ڕتووكێكی گرنگ و بایه‌خدار و به كه‌ڵكه، و دیسان ئه‌میشیان نیشانه‌ی خهمـخۆری ئه‌م زانایه بووه بۆ گه‌له‌كه‌ی، كه له دوور وڵاتیشه‌وه له خه‌می یاسا و ڕێساكانی ڕێزمانی كوردی و زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا بووه، و به‌ری ڕهنـجێكی زۆری ئه‌م مامۆستا مه‌زنه‌یه، و له مه‌یدانی خۆیدا به یه‌كێك له نۆبه‌ره‌كانی بواری (قه‌واعیدی نهحـو و صه‌رفی كوردی – یاسا و ڕێساكانی ڕێزمانی كوردی) دهژمێـردرێت، و سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕاست و جێگای بایه‌خه بۆ هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی ئهكادیـمی كه له‌و باره‌یه‌وه بدرێت، و ئه‌م په‌ڕتووكه ته‌نها یه‌ك نوسخه‌ی هه‌یه، كه ئه‌ویش له ناو ده‌ستنووسه‌كانی كتێبخانه‌ی (مامۆستا شێخ موحهمـمهدی خاڵ)دا پارێزراوه.
شیاوی باسه كه جه‌نابی مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید به‌گی بابان په‌ڕتووكێكی تریشی هه‌یه به ناوی (الدّرر النّچیدَه فِی شرح مَنڤوُمَه الفریدَه) و به‌ڵام دوور نییه كه ئه‌م زانا پایه‌به‌رزه چه‌نده‌ها نووسراوی تری هه‌بن كه ئێمه هه‌واڵیان نهزانیـن، چونكه زانایه‌كی وا كه خاوه‌نی ئه‌و توانا به‌رز و قه‌ڵه‌مه جوان و هه‌سته ناسكه بێت، بڕوا ناكرێ (32) ساڵ له ژیانی له وڵاتی توركیا به سه‌ر بردبێت و گه‌لـێ به‌رهه‌می نایابی تیادا نه‌نووسیبێت؟! به تایبه‌تی كه بزانیـن توانای ئه‌م مامۆستا مه‌زنه ئه‌وه‌نده زۆر بووه كه توانیویه‌تی له ماوه‌ی (22) مانگدا و له ته‌مه‌نی سه‌روو حه‌فتا ساڵییه‌وه هه‌ر دوو په‌ڕتووكی (صه‌حیحی بوخاری) و (صه‌حیحی موسلیم) پێكه‌وه كۆ بكاته‌وه و بیانكاته كوردی و جگه له وه‌رگێـڕان ته‌نانه‌ت كورته ڕاڤهیهكیشیان له سه‌ر بنووسێت، و یان به ته‌نها حه‌وت مانگ! ڕاڤه‌ی (الـمَنڤوُمَه الفریدَه)ـی، پێشه‌وا سیوگی بكات، بێگومان كاروباری زانستییانه‌ی تریشی كردووه، كه ئێمه لێی ئاگادار نیـن، و هه‌روه‌ها ئه‌م مامۆستا مه‌زنه ئاره‌زووی شیعر و هه‌ڵبه‌ستی هه‌بووه، و له ناو دوو توێی په‌ڕتووكی (إِقتِران النیـریْن فِی مَجمَعِ البَحرَیْن)دا، شیعری هێناوون، كه شیعره‌كانی بریتیـن له به كوردی كردنی هه‌ندێك شیعری ناو كتێبه‌كه به شیعر، بۆیه دوور نییه كه شیعر و چامه و شتی نایابی هه‌بێت، و له‌وانه‌یه ته‌نانه‌ت دیوانی شیعریشی هه‌بووبێت، به‌ڵام ئه‌م لایه‌نانه به ئێستایشه‌وه هه‌ر شاراوه‌ن، و ته‌نها بۆچونن و ده‌بێت بدركێنـرێن.
نموونه‌یه‌ك له شیعره‌كانی مه‌لا ڕه‌شیدبه‌گی بابان:
خودا عهفـــــوم بكه، و ڕه‌حمت ببێ پێم
له ژێر سێبه‌ری خۆتا، بـــكــــــــــهی جێم
لـــــــــــــه ڕۆژێكا، كه غه‌یری سێبه‌ری تۆ
په‌نا نابێ، له گه‌رمیی ئـــــــــــــــــــاگری تۆ
(حسێن ( )) و من، لــــــــــــه ژێریا دابنیشیـن
له فه‌زڵی تۆوه، هیچ زه‌حمه‌ت نه‌كێشین
له یه‌كتر ئێسته هـــــهرچهنــــد كه دوورین
به ســــــــــــــــــــهر پردی صیراتا ڕا ببورین
وه‌كوو عه‌كاشه لـــــــــــــــهو حه‌فتا هه‌زاره
بچین داغڵ بـبـیـن، بــــــــــهو مێرغ و زاره
قه‌بووڵ كه‌ی لێم، خودایه، ئه‌م دۆعایه
به فه‌زڵ و ڕه‌حمه‌تت، له‌م دوو برایه( )
كۆچی دوایی: مامۆستا مه‌لا ڕه‌شید به‌گی بابان، دوای به‌سه‌ربردنی زیاتر له (74) ساڵ ته‌مه‌ن، كه نزیكه‌ی (30) ساڵی له تاراوگه‌دا به‌سه‌ربردووه، سهرهنـجام له به‌رواری 13/3/1942 و ته‌نها (43) ڕۆژ پاش ته‌واوكردنی هه‌ر نۆ به‌رگه‌كه‌ی په‌ڕتووكی (إِقتِران النيـريْن فِي مَجمَعِ البَحرَيْن) كۆچی دوایی كردووه.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
(1) محه‌مه‌د عه‌لـی قه‌ره‌داغی: إِقتِران النيـريْن فِي مَجمَعِ البَحرَيْن.
(2). مامۆستا مه‌لا عهبدولكهریـمی موده‌ڕیس: عُلَماءُنا فِـي خِدمَةِ العِلْمِ وَ الدين ، چ1، به‌غدا، 1983، ل207 – 208.
(3) مامۆستا مه‌لا عهبدولكهریـمی موده‌ڕیس: بنه‌ماڵه‌ی زانیاران، ، چ1، به‌غدا، 1984، ل453 – 455.
(4) مُحَمّد زَكي حسيـن أَحْمَد: إِسهام عُلَماء كوُرْدستانِ العِراق فِي الثّقافَةِ الأِسلامِيّة، هه‌ولێـر، 1999، ل 118 – 256.
(5) بابه شێخ مه‌ردۆخ ڕۆحانی: مێژووی ناودارانی كورد، و.ماجید مه‌ردۆخ ڕۆحانی، چ1، ئهكادیـمیای كوردی، هه‌ولێـر، 2011، ل 697.
(6) مامۆستا مه‌لا گاهیـر به‌حركه‌یی: مێـژووی زانایانی كورد، چ1، هه‌ولێـر، 2010، ل373 – 374.
(7) محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی: بوژاندنه‌وه‌ی مێژووی زانایانی كورد له ڕێگه‌ی ده‌ستخه‌ته‌كانیانه‌وه، ب7، ل269 – 282 .
(8) بابه‌تێك به ناونیشانی جه‌مال بابان: إِقتِران النيـريْن فِي مَجمَعِ البَحرَيْن، گۆڤاری ڕۆشنبیـری نوێ، ژ(10و 11)، 1974