ئایا ئەو زانا کوردە شارەزووریە کێ بوو کە لە سەدەی حەڤدەی زانینیدا سۆفیەکانی هیندستان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەیەکی فیکری پەنایان بۆ بردووە و ئەمڕۆ لە کوردستان خوێنەوارەکانمان ناوی نازانن؟
سۆران حەمەڕەش
یەکێک لە دەربڕینە خەستوخۆڵەکانی فەلسەفە، لە دێڕێکدا بەرجەستە دەبێت کە بریتیە لە “خۆت بناسە”. ئەم وتەیە لە سەردەمی دێریندا لەسەر بەرد لە گەورەترین پەرستگەی یۆناندا هەڵکەندرابوو و زۆر جار لە بەڵگەنامە مێژووییەکاندا بە ناوی سوکراتەوە بڵاوکراوەتەوە.
من پێم وایە نەتەوەیەک کە خۆی نەناسێت نەتەوەیەکی ونە و ئەو نەتەوەیە نە دەزانێت مامەڵە لەگەڵ ئێستایدا بکات نە لەگەڵ داهاتوویدا. بە دڵنیایی کورد ئەو نەتەوەیە کە خۆی ناناسێت و بە تەواوی نائاشنایە بە فەرهەنگی خۆی و دوای ئەفسانە و هەقایەتێک کەوتووە کە هی ئەو نیە و ئەوەی کە هی خۆیەتی و شایانی تێگەیشتنە پێی ئاشنا نیە.
ئایا دەشێت شوێنێک لەسەر نەخشەی مانگ بە ناوی زانا و جوگرافیناسێکی کوردەوە بێت و منداڵێکی کورد نەبێت ناوی ئەو زانایە بزانێت و تەنانەت زۆرینەی کەڵە خوێنەوارەکانمان ناویان نەبیستبێت؟ کەچی منداڵەکانمان ماجەلان (Magellan) و کۆڵۆمبس دەناسن و هەندێک جار خوێنەوارەکانمان مشتومڕی توند دەکەن سەبارەت بەوەی کە ئایا کۆڵۆمبس ئیسپانی بووە یان ئیتاڵی یان پورتوگالی.
وا فێرکراوین شانازی بکەین گەر منداڵەکانمان ناوی هەموو فەیلەسوفە یۆنانیەکان بزانن، کەچی سورەوەردی کورد کە فەیلەسوفێکی جیهانیە و بە سەدان لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، زۆرینەمان ناویمان نەبیستووە. نەک ئەوە بەڵکو کورد هێندەی فارس سەرقاڵی شیرازی و فیردەوسی و هێندەی عەرەب عەوداڵی موتەنەبیە.
ئەمە ئەو هەلومەرجەیە کە کوردی تێدا دەژی؛ نەتەوەیەکی فەرهەنگ و ناسنامە ون و شوێنکەوتووی ئەفسانە و هەقایەتە دروستکراوەکانی بێگانە. بە هەڵە لێم تێمەگەن! من دژی ئەوە نیم کە ئاشنای هەموو لایەنێکی زانستی و فەلسەفیی جیهانیی ببین، بەڵام ئایا دەکرێت بچووک و گەورەی جیهان بناسین و لە خۆمان نەگەین؟ ئایا ئەمە بزر بوون نیە کە لە هزر و ڕابردووی فەرهەنگی خۆت نەگەیت؟
نامەوێت لە بابەتەکە دووربکەومەوە، بەڵام لەگەڵ باسکردن و ناساندنی کەسایەتیەکی مێژووییدا، ناکرێت مرۆڤ لە ئاست ئەم بزربوونە سەیر و سەمەرەدا بێدەنگ بێت.
ئەم زانا مەزنەی کە لێرەدا باسی لێوە دەکەم، لەدایکبووی شارەزوورە و ناوی برایم کوردی گۆرانی شارەزووریە. گەر سەرنج بدەیت ناوەکەی یەکەم بنەچە شارەزووریەکەی و گۆران و کورد بوونەکەی دەخاتە ڕوو. شارەزووری لە ساڵی ١٦١٥ ز دا لە شارەزوور لەدایک بووە؛ سەرەتا لە شارەزووردا خوێندوویەتی کە هەتاوەکو ئەو سەردەمە سەنتەرێکی گرنگی زانست و زانین بووە، ئەمجا وەک عەوداڵێکی زانست و زانین، بۆ خوێندن ڕوویکردۆتە ئێران و تورکیا و سوریا و میسر و دوایی لە شاری مەدینە جێگر بووە. هەر چەندە تایبەتمەند بووە لە تەریقەی شاتری و نەقشبەندیدا، بەڵام ئیجازەی لە تەریقەکانی قادری و چەشتیشدا هەبووە. شارەزووری زۆر بواری زانستی خوێندووە و لە ڕووی فیکریەوە زۆر دەوڵەمەند بووە و زۆر وڵات بەمەبەستی دەستخستنی زانست و زانیاری گەڕاوە و دوای چەندین ساڵ خوێندن و خۆ ماندووکردن، لە ساڵی ١٦٦١ و دوای مردنی یەکێک لە مامۆستاکانی بە ناوی قەشاشی، شارەزووری بووە زانای مەزنی بێ ڕکابەری مەدینە لە تەریقەکانی شاتری و نەقشبەندی و قادریدا.
شارەزووری خاوەنی پەنجاو حەوت بەرهەم بووە لە تەسەوفدا و لە دوای مردنی یەکێک لە قوتابیەکانی بە ناوی، عەبدولقادر کوڕی ئەبوبەکر لە ساڵی ١٧١٠ ز دا هەموو کارەکانی ئەو زانایەی لە بەڵگەنامایەکدا تۆمار کردووە (بڕوانە وێنەکە).
بەهۆی کاریگەریی گەورەی لەسەر تەسەوف، هەندێک لە لێکۆڵەرە جیهانیەکان، بەرهەمە فیکرییەکانی شارەزووری بە بناغەی ڕیفۆرمی ئیسلامیی سەدەی هەژدەیەم دادەنێن. بەهۆی ئەوەی کە لە سەدەی حەڤدەیەمدا، زۆرێک لە سۆفیەکانی ئەندەسنووسیا لای ئەو مامۆستا سۆفیە کوردە خوێندوویانە، بۆیە شارەزووری گەورەترین کاریگەریی ئاینیی لەسەر ئەندەنووسیا هەبووە و هەیەتی. ئەمڕۆ شارەزووری کەسایەتیەکی ناسراوی ئەو وڵاتەیە و بە دەیان لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. تەنانەت چەندین خێزان لەو وڵاتەدا ئەمڕۆ لە ژێر کاریگەری سۆفیە کوردەکاندا ناوی منداڵەکانیان دەنێن “کوردی”.
توانای زانستیی ئەم سۆفیە لە ئاستێکدا بووە، تەنانەت کاتێک کە لە سەدەی حەڤدەی زاینیدا کێشەی فیکریی لە نێوان سۆفیەکانی هیندستاندا سەبارەت بە لێکدانەوەی بۆچوونەکانی ئیبن عەرەبی هاتە کایەوە، سۆفیەکانی هیندستان پەنایان بۆ گەورەترین سۆفی سەدەی حەڤدەیەم برد کە ئەو کات شارەزووری بووە و لێکدانەوەی شارەزووری بۆ بابەتەکە بووە هۆی یەکلاکردنەوەی ئەو کێشەیە.
دەستنووس و کتێبە گرنگەکانی براییم کوردی گۆرانی شارەزووی، ئەمڕۆ لە زانکۆکانی هارفرد، تۆکیۆ، ریاز.. دا هەڵگیراوە، کەچی لە وڵاتەکەی خۆیدا نەک هیچ کام لە بەرهەمەکانی هەڵنەگیراوە، بەڵکو زۆرینە ناوی خۆیان نەبیستووە.
هەمیشە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی زانا ئایینیە کوردەکان میانڕەویان بووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەو دەوڵەمەندیە فیکریەی ناوچەکە و پێشینەی ئاشنابوون بە ئاینە جیاوازەکان بووە، هەروەها ئاشناییان بووە بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی کە زۆر جار ڕوانگەی قوتابخانە فیکریە جیاوازەکانی ئەو سەردەمە لە ڕێگای ئەو دوو زمانەوە دەردەبڕان؛ ئەوانە وایان لە زانا کوردەکان کردووە کە هەمیشە ڕۆڵێکی میانڕەو و تایبەتمەند ببینن و نوێنەری خاڵی هاوبەشی ئایینە جیاوازەکان بن و لە تەسەوەفدا پێشڕەو بن؛ شارەزووریش نوێنەری تەواوی ئەو بۆچوونە فیکریە کوردیە بووە.
پێم وایە شارەزووری لە ڕووی بەرهەم و کاریگەریەوە لە مەولانا خالید مەزنتر بووە. سەرەڕای ئەوە، هێشتا زۆر بەرهەمی ئەم زانا گەورەیە چاپ نەکراوە و ئەو حەقەی کە دەبوو پێی بدرێت، پێی نەدراوە. لە هەمووی بێماناتر ئەوەیە هەتاوەکو ئەمڕۆ ئەم سۆفیە گەورەیە لە کوردستاندا نەناسراوە و بە گشتی ناوی نەبیستراوە.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
وێنەکەی شارەزووری وێنەیەکی خەیاڵیە و بناغەی مێژوویی نیە. وێنەکانی تر لیستی هەموو بەرهەمەکانی شارەزووریە کە لە دوای مردنی لەلایەن قوتایبیەکی، لە ساڵی ١٧١٠ ز دا تۆمارکراوە.
Home / ناوداران / ئایا ئەو زانا کوردە شارەزووریە کێ بوو کە لە سەدەی حەڤدەی زانینیدا سۆفیەکانی هیندستان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەیەکی فیکری پەنایان بۆ بردووە و ئەمڕۆ لە کوردستان خوێنەوارەکانمان ناوی نازانن؟
Check Also
كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو
كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراوئامادەكردنی/ئوسامە حەسیب شێخ سەعیدی پیران …