چوار شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 9 2024
Home / ناوداران / شۆڕشگێری كورد شێخ عەبدولسەلامی بارزانی 1887-1914

شۆڕشگێری كورد شێخ عەبدولسەلامی بارزانی 1887-1914

18644583_1425642930851149_738808580_n

 شيخ عبدالسلام

ئا: كەریم شارەزا

شێخ عەبدولسەلام بارزانی كوڕی شێخ محەمەدی كوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەكەمی بارزانی یەو براگەورەی مەلا مستەفای بارزانی ی نەمرە. لە دەوروبەری ساڵی 1887 دا لە گوندی بارزان چاوی ژیانی هەڵێناوەو لەتەمەنی شەش ساڵیدا بنچینەكانی ئایینی ئیسلامی‌و فیقهو عیرفانی تەسەوفی خوێندووەو لە دوای كۆچی دوایی شێخ محەمەدی باوكی لە ساڵی 1903 دا بووەتە شێخی ڕابەڕی ڕێبازی نەقشەبەندی لە تەكیەی بارزان‌و دەڤەرەكەی.
شێخ عەبدولسەلام كە سایەتییەكی بیركراوە بوو، بۆیە هەر زوو كەوتە داواكردنی چاكسازیی كۆمەڵایەتی‌و ئابووری‌و نیشتیمانی‌و دەیویست زەوی‌و زار بەسەر جووتیاراندا دابەش بكرێ‌و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بە یەكسانی ڕێك بخرێ‌و مزگەوت لەهەموو گوندەكاندا دروست بكرێ تاكو ببێتە مەڵبەندێكی ئایینی‌و كۆمەڵایەتی‌و دەرس خوێندن‌و زانست فێربوون.
بەم جۆرە شێخ عەبدولسەلام لەو تەمەنەی لاوییەوە هەستی نیشتیمانی وای لێكرد بیر لە دوا ڕۆژی میللەتەكەی بكاتەوەو بە شێوازی خۆی خزمەتی بكات. پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەرۆك هۆزەكانی كورد بەست نەك هەر هۆزەكانی دیكەشدا، بۆ لادانی زوڵم‌و زۆرداری لەسەر كوردو ڕزگاركردنیان لە چنگ ستەم‌و چەوساندنەوەی عوسمانیەكان. بۆیە ئەو زاتە كەوتە گەڕان بەدوای ڕێگایەكدا بۆ ئازادیی نەتەوەكەی‌و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی كرد بە سەردانی سەرۆك هۆزو شێخەكانی ڕێبازی قادری‌و نەقشەبەندیی لەلایەك‌و پەیوەندیی كردنی بەڕێكخراوە كوردییەكانی وەك(كۆمەڵی تەعالی‌و تەرەقی كورد)‌و(كۆمەڵەی هێڤی)‌و (كۆمەڵەی سەربەخۆیی كورد). هەروەها پەیوەندیشی بەشێخ مەحموودی حەفید‌و شێخ عەبدولقادری نەهری‌و سمكۆی شكاكەوە كردو هۆشیاریی سیاسی لەلای گەشەی كرد.
لە بەهاری 1907 دا شێخ عەبدولسەلام چووە سەردانی (شێخ نووری محەمەد بریفكانی)ی شێخی ڕابەری تەكیەی قادری لە بادینان‌و لەوێ لەگەڵ سەرۆك هۆزەكانی كوردو پیاوە ئایینییەكاندا كۆبوونەوەو ئەم داخوازییانەی خوارەوەیان بە تەلەگرافێك نارد بۆ سوڵتان عەبدولحەمید لەئەستەمبول:-
1-زمانی كوردی لەناوچە كوردییەكاندا بكرێتە زمانی ڕەسمی.
2-خوێندن لە قوتابخانەكاندا بەزمانی كوردی بێت.
3-قایمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیەو كارمەندو كاربەدەستان لەوانەبن كە كوردی دەزانن.
4-باجەكان وەكو خۆیان بمێننەوە بەمەرجێك لە چاككردنەوەی ڕێگاوبان‌و كردنەوەی قوتابخانە لە ناوچە كوردییەكاندا خەرج بكرێن.
سدیق دەمەلووجی دانەری كتێبەكەی(ئەمارەتی بادینان) دەڵێ:
وێنەی ئەو تەلگرافە بۆ شێخ عەبدولقادری نەهری‌و ئەمین عالی بەدرخان‌و فەریق شەریف پاشا ناردراو لەو كۆبوونەوە گشتییەدا هەموو ئامادەبووان سوێندی پیرۆزیان خوارد كە ئەم داخوازییانە بپارێزن‌و وازیان لێ نەهێنن.
كاتێك كە سوڵتانی عوسمانی ئەو بروسكەیەی پێگەیشت یەكجار پەست بوو‌و ئەمەی بە دەرچوون لەفەرمانی میری‌و داواكردنی جیابوونەوە دانا. بۆیە جاڕی جەنگی ڕاگەیاندو لە كۆتایی 1907 دا هێزێكی گەورەی سەربازی ناردە سەر بارزان‌و هیچ كام لەو سەرۆك هۆزانەی سوێندی پیرۆزیان خواردبوو بەر بەستی سوپاكەی نەكرد، تەنیا هێزی بارزان بە سەركردایەتی شێخ عەبدولسەلام ماوەی دوو مانگ بەرگریی كرد تاكو شێخ ناچار بوو بۆ ماوەی ساڵێك لە ناوچەكەی خۆی دووركەوێتەوەو بچێتە ناو تیارییەكان‌و لەلای مارشەمعوون بمێنێتەوەو ڕێزێكی زۆری لێ بگیرێ‌و سەركردەی سوپای عوسمانی بارزان‌و دەڤەرەكەی سووتاندو هەرچی هەبوو تاڵانی كردو ژن‌و منداڵیش بەدیل گیران‌و لەو ڕووداوەدا مەلا مستەفای بارزانی برا بچووكی كە تەمەنی جارێ لەدەوروبەری سێ چوار ساڵان دەبوو لەگەڵ دایكی بە بەر ئەو هەڵمەتەی بەدیل گرتنە كەوتن‌و لە بەندیخانەی مووسڵ گیران.
بەڵام شێخ عەبدولسەلام زۆر لەلای تیارییەكان نەمایەوە بەڵكو لە ساڵی 1908 دا گەڕایەوە بارزان‌و پیاوەكانی لەخۆی كۆكردەوە ‌و لە پشت چیای شیرین خۆیان قایم كردو هێرشێكی توندو لەناكاویان كردە سەر ئەو هێزەی عوسمانیەكان‌و توانیان بماڵن‌و ناوچەكەیان لێ پاك بكەنەوەو لە ئاكامی ئەم سەركەوتنە مەزنە حكومەتی عوسمانی داوای وتووێژی كردو ئاشتی هاتە دی‌و بەپێی ئەو ڕێككەوتننامەیە گیراوەكان بەردران‌و قەرەبووی زیانەكانیان كرایەوە.
ئەو ئاشتی‌و ئارامیە تا سەر نەبوو، چونكە كاتێك (سلێمان نەزیف)ی دیاربەكری لەساڵی 1913 دا كرا بەوالی ویلایەتی مووسڵ سوپایەكی گەورەی ناردە سەر بارزان بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی. ئەویش كە زانی هێزەكەی لە ڕووی ژمارەو چەك‌و تفاقەوە هاوكوفی ئەو هێزە زۆرەو پڕ چەكەی ئەو والیە نیە، كشایەوەو ڕووی كردە كوردستانی ئیران‌و بوو بە میوانی سەید تەهایی نەهری لەگوندی (ڕاژان)ی نزیك شاری ورمێ.
سوڵتانی عوسمانی بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام خەڵاتێكی گەورەی تەرخانكردبوو بۆ هەر كەسێكی بەزیندوویی یا بە مردوویی بیگرێ، لەو دەمەدا شوێنی خۆی گۆڕی‌و چووە لای سمكۆی شكاك‌و هەردووكیان چوونە (تفلیس)ی پایتەختی جۆرجیا‌و چاویان بە نێردراوی قەیسەری رووس كەوت‌و ئەویش بەڵێنی پشتگیری كردنی كوردی پێدان بۆ رزگار كردنیان لە چنك حوكمی عوسمانی.
لە گەڕانەوەییاندا شێخ عەبدولسەلام و پێشمەرگە یاوەرەكانی بە گوندی (گەنگەچین) تێپەڕین، سۆفی عەبدوڵڵای گەورەی گوندەكە لێی پاڕایەوە میوانی بێت، ئەویش بە قسەی كردوو بووە میوانی. كەچی ئەو سۆفی عەبدوڵڵا یە پیاوێكی چەپەڵی هەناو ڕەشی خایەن بوو، بەشەو شێخ عەبدولسەلام‌و هەرسێ پێشمەگە یاوەرەكەی گرتن‌و دانی بەدەست سوپای عوسمانیەوەو پارەی خیانەتكارییەكەی وەرگرت.
شێخ عەبدولسەلام بەقوڵبەستی ناردرا بۆ بەندیخانەی مووسڵ‌و پاش دادگایی كردنێكی ڕواڵەتی كەسلێمان نەزیف پێكی هێنابوو خۆی‌و هەر سێ یاوەرەكەی بە لەسێدارەدان حوكمدران‌و لە ڕۆژی 14/12/1914 دا ئەو حوكمە ناڕەوایە جێبەجێ كرا.
بە شەهید كردنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی میللەتی كورد پێشەوایەكی مەزنی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستانی لەدەست چوو ‌و شێخ ئەحمەدی بارزانی برای لە تەمەنی 18 ساڵیدا بووە جێ نشینی‌و ئەویش هەمان ڕێبازی شۆڕشگێریی گرتەبەر.

*سەرچاوە: لە كتێبی –مەسعود بارزانی- بارزانی‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد. وەرگێڕانی سەعید ناكام –چاپی یەكەم- چاپخانەی خەبات- دهۆك 1998)ەوە ئامادەكراوە.

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو

‎ ‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو‎ئامادەكردنی/ئوسامە حەسیب ‎شێخ سەعیدی پیران …