هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
شه‌ریف پاشای خه‌ندان، یه‌که‌م سه‌رکرده و سیاسه‌تکاری کورده که بانگه‌شه‌ی درووست‌کردنی ده‌وڵه‌تی کوردستانی کردووه و، له‌و پێناوه‌دا ساڵانێکی زۆر له ئه‌وروپا تێکۆشاوه. سه‌ره‌تا وه‌ک چاکسازیخوازێک له ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا کاری کردووه و پشتیوانی رژێمی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی کردووه، کاتێک رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌وانی بۆ ده‌رکه‌وتووه به‌رامبه‌ر کورد، وازی له بیری چاکاسازی له نێو ده‌وڵه‌تی عوسمانی هێناوه و راسته‌وخۆ بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی خه‌باتی کردووه و تێ کۆشاوه.
ئه‌م نووسینه‌ی به‌رده‌ستتان، سه‌ره‌تایه‌که له ژیان و خه‌باتی یه‌که‌م دیپلۆماتی کوردی سه‌ربه‌خۆخواز. بێ گومان بێ که‌م و کوڕی و هه‌ڵه نییه، وه‌ک ئاماژه‌شم پێ داوه، سه‌ره‌تایه‌که و وه‌ک ده‌روازه‌یه‌که بۆ ناسینی ئه‌و ئه‌و سیاسییه‌ی شه‌یدای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بووه و له‌و پێناوه‌دا خه‌باتێکی زۆری کردووه.
شه‌ریف پاشا کوڕی سه‌عید پاشای کوڕی حوسێن پاشای ئه‌حمه‌د ئاغای خه‌ندانه. باوکی شه‌ریف پاشا که‌سایه‌تییه‌کی ناودار بووه، چه‌ندین پۆست و پایه‌ی له ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌بووه و دواهه‌مینیان سه‌رۆکی شوورای ده‌وڵه‌ت بووه.
شه‌ریف پاشا، ساڵی 1865 له دایک بووه، له سلێمانی چۆته خوێندنگه‌ی خواجه‌کان و، له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حموودی حه‌فید هاوپۆل بووه و ده‌رسی خوێندووه. له‌وێ فێری زمانه‌کانی تورکی عوسمانلی، عه‌ره‌بی، فارسی بووه، پاشان چۆته ئه‌سته‌مبوڵ و فێری زمانه‌کانی یۆنانی، ئیتاڵی، فه‌ره‌نسی بووه.
له ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا پله‌ی فه‌ریق وه‌رده‌گرێت و دواتر له قوتابخانه‌ی سه‌ربازی (سانت-سیر) له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا، ساڵی 1889 پله‌ی ژه‌نه‌ڕاڵی وه‌رده‌گرێت. ساڵی 1890 خێزان پێكه‌وه‌ده‌نێت، هاوسه‌ره‌كه‌ی كچی عه‌باس حیلمی و ئامۆزای مه‌لیك فاروقی پاشای میسر بووه.
ساڵی 1898 ده‌نێردرێته سوید و ده‌کرێته نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی عوسمانی له سوید به پله‌ی ( باڵوێزی فهقولعاده)، له‌وێ ده‌بێته دۆستی شای سوید، هه‌ر له سویدیش فێری زمانی سویدی و ئینگلیزی ده‌بێت. له‌و ماوه‌ی له سوید ده‌بێت، دوو خه‌ڵاتی شاهانه وه‌رده‌گرێت ( نیشانه‌ی شمشێر، ئه‌ستێره‌ی باکوور).
ساڵی 1900 په‌یوه‌ندی به کۆمه‌ڵه‌ی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی ده‌کات و ناوی نهێنی رێکخراوه‌یی (کورده) ده‌بێت. هه‌ر له سوید، سه‌ره‌تای ناکۆکی له نێوان ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا و، ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌رده‌که‌وێت. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا، داکۆکی له ئیتیحاد و ته‌ره‌قییه‌کان ده‌کات و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێ. به‌هۆی پێگه‌ی به‌رزی باوکییه‌وه سوڵتانی عوسمانی چاوپۆشی له‌م کاره‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌کات.
دوای گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن ئیتحادییه‌کانه‌وه، له ساڵی 1908 ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌سته‌مبوڵ. له ئه‌سته‌مبوڵ به‌هاوکاری چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی کورد ( ئه‌مین عالی به‌درخان، شێخ عه‌بدولقادری شه‌مزینی، چه‌ندین که‌سی تر) یه‌که‌م کۆمه‌ڵه و رێکخراوی سیاسی کوردی به‌ناوی ( کورد ته‌عاون و ته‌ره‌قی جه‌معیه‌تی) داده‌مه‌زرێنن و رۆژنامه‌یه‌کیش به‌ناوی ( کورد ته‌عاون و ته‌ره‌قی غه‌زه‌ته‌سی) بڵاوده‌که‌نه‌وه، که پیره‌مێردی شاعیر، سه‌رنووسه‌ری ده‌بێت.
دواتر به‌هۆی تاکڕه‌وی و دیکتاتۆری ئیتیحاد و ته‌ره‌قییه‌کان، کۆمه‌ڵه کوردییه‌که‌ی ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا و رۆشنبیره‌کانی دیکه‌ی کورد داده‌خرێت و، ناکۆکی ده‌که‌وێته نێوان شه‌ریف پاشا و ئیتیحادییه‌کان، به‌هۆیه‌وه ساڵی 1909 ده‌چێته پاریس. له‌وێ پارتێکی نه‌یار دژی ده‌وڵه‌تی ئیتیحاد و ته‌ره‌قییه‌کان، به‌ناوی حیزبی رادیکاڵی عوسمانی داده‌مه‌زرێنی و، گۆڤارێک به‌ناوی مه‌شرووتیه‌ت، بڵاو ده‌کاته‌وه.
له‌و ساڵانه‌ی له پاریس ده‌ژی، ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا، هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌کی فراوان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تکار و ناوه‌نده جیهانییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه دابمه‌زرێنێ و له دۆزی کورد ئاگاداریان بکاته‌وه. سه‌ره‌تا هه‌وڵ ده‌دات له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا مافه‌کانی کورد به‌ده‌ست بهێنێ و بۆ ئه‌و پرسه تێ ده‌کۆشێت.
له سه‌ره‌تاکانی ده‌ستپێکی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م له 1914، ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا، هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئینگلیزی به‌ریتانیا ببه‌ستێ و، له بارودۆخ و خواسته‌کانی کورد ئاگاداریان بکاته‌وه. نامه ده‌نێرێ بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و پێیان ده‌ڵێ: کورد هاوکاری هاوپه‌یمانه‌کان ده‌کات، به‌مه‌رجێ شتێک بۆ کورد دابین بکه‌ن. ئه‌م نامه‌یه یه‌که‌م کاری دیپلۆماسی نه‌ته‌وه‌یی بووه، که جیاوازبووه له کاره‌کانی پێشووی ژه‌نه‌ڕاڵ، که زیاتر مه‌یلی به‌لای چاکسازی و مافی کورد، له نێو ده‌وڵه‌تی عوسمانییدا ده‌چوو.
پێش ته‌واو بوونی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ کورددا وتووێژ بکا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سێر بیرسی کۆکس ی نوێنه‌ری به‌ریتانیا، له شاری مارسیلیای فه‌ره‌نسی چاوی به ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا ده‌که‌وێت. ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌مه به هه‌لێک ده‌زانێت و درووست‌کردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی، وه‌ک داواکاری کوردان و پێشنیار ده‌یخاته به‌رده‌م کۆکس.
ساڵی 1918 دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ی مێژووی کورد و نووسینی کوردناسه‌کان، له که‌سێکی پان عوسمانیزمهوه وه‌رده‌چه‌رخێ به‌ره‌و که‌سایه‌تییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کورد و بیری کوردایه‌تی ده‌که‌وێته مێشک. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا په‌یوه‌نده‌ی ده‌کات به سه‌رکرده‌کانی ئه‌و ده‌می کورد ( شێخ مه‌حموود، سمکۆی شکاک،سه‌ید ته‌های نه‌هری) و له‌باره‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردییه‌وه راوێژیان له‌گه‌ڵ ده‌کات.
له ساڵی 1918 دوای ته‌واوبوونی جه‌نگ، هه‌وڵه دیبلۆماسییه‌کانی خۆی چڕتر ده‌کاته‌وه و دوو نامه ده‌نێرێ بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا. له نامه‌کاندا ئاماژه به زوڵم و زۆری تورکه‌کان ده‌کات و ده‌ڵێ نامانه‌وێ له‌گه‌ڵیاندا بژین، داوای ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌کات و رایده‌گه‌یه‌نێت که به‌هۆی بیری خێڵه‌کی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه‌وه ئه‌سته‌مه سه‌رۆکێک هه‌ڵبژێردرێت، چونکه هه‌ر خێڵێک سه‌رۆک خێڵه‌که‌ی خۆی له‌وانی تر پێ گه‌وره‌تره. هه‌ر له‌و نامانه‌دا ئاستی پێگه‌یشتووی شه‌ریف پاشا ده‌رده‌که‌وێت و، ئاماژه به‌وه ده‌کات سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته ده‌بێ که‌سێکی شاره‌زا و لێهاتووبێت، هه‌م له بواری ئیداری و هه‌م له‌بواری سیاسی و سه‌ربازی بتوانێ ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته بکات و بیگه‌یه‌نێته که‌نارێکی ئارام. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ش له خودی ژه‌نه‌ڕاڵدا هه‌بووه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و کێشانه ڕوونه‌دات ئاماده‌یه سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌ئه‌ستۆ بگرێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و نامانه ئه‌نجامێکی ئه‌وتۆی نه‌بووه و له لایه‌ن به‌ریتانیاوه بایه‌خێکی پێ نه‌دراوه.
له سه‌روبه‌ندی به‌ستنی کۆنگره‌ی ئاشتی، ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌ست ده‌کاته‌وه به چالاکی دیپلۆماسی و له 6-2- 1919 لە پاریسەوە نامەیەک بۆ سەرۆکی کۆنگرەی ئاشتی دەنێرێت، له‌باره‌ی داواکاری و خواستەکانی کورد. شەریف پاشا خۆی بۆ به‌شداریکردن له‌و کۆنفرانسە ئامادە دەکات، کە چارەنووسی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات. شێخ عەبدولقادری شێخ عوبەیدوڵای نەهری، لەگەڵ ئەمین عالی بەدرخان، بەناوی (کۆمەڵەی تەعالی کوردستان) لە ئەستەمبوڵ، لە رێگای کۆمیساریای ئەمریکی و ئینگلیزی و فەڕەنسییەوە لە ئەستەمبوڵ، ڕایدەگەیەنن کە شەریف پاشا بۆی هەیە لە کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکان ببێتە نوێنەری داخوازییەکانی گەلی کورد. لە هەمانکاتدا نامەشیان لەم بارەیەوە بۆ ئەنجوومەنی کۆنفڕانسەکە نووسیووە.
لە هەمانکاتدا لە باشووری کوردستان، شێخ مەحموودی مەزبەتەیەکی بە خه‌ڵک و عەشایەری کورد مۆرکرد. بەگوێرەی ئەمە، شەریف پاشا کرا بە نوێنەری کوردەکان لە (کۆنفڕانسی ئاشتی لە پاریس) بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی میللەتی کورد. ئەم مەزبەتەیە بە قەڵەمی ڕەفیق حیلمی، لە شاری سلێمانی نووسراوە بە به‌ر چاوی مێجەر نوئێلەوە. کە هاوکات نامەیەکیشی لەگەڵدا بووە و بە رەشید زەکی کابان و سەید ئەحمەد بەرزنجی، رەوانەی پاریس کراوە، بەڵام ئینگلیزەکان لە حەلەب رێگەیان لەو دوو نوێنەرە گرت و نەیانهێشت نامەکە بگاتە کۆنفرانسەکە لە پاریس!
ئەمە جگە لەوەی پێشووتریش پەیوەندی بەستووە لەگەڵ سمکۆی شکاک و شێخ مەحمود و سەید تەهای نەهری و سەرکردە چەکدارەکانی کوردەوە و راوێژی پێکردوون دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
هەروەها جگە لەوان ڕێکخراوە سیاسییە کوردیەکانی وەک (تەعاون و تەرەقی کورد، هیوا، تەشکیلاتی ئیتجتماعی، فیرقەی دیموکراتی کورد، جەمیعەی ئیستقلالی کوردستان) نامەی پشتیگری و نوێنەرایەتیان نارد بۆ شەریف پاشا، تا وەکو نوێنەری کوردان تێ‌بکۆشێ لە پێناو مافەکانی کورد.
ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی لەو دەمەدا بەشێوەیەک لە شێوەکان کوردانی چوارپارچەی کوردستان، یەکدەنگ و هاو هەڵوێست بوون لەبارەی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردییەوە، بۆ ئەو مەبەستەش شەریف پاشایان کردۆتە نوێنەری خۆیان! یاخود ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش بیری سه‌ربه‌خۆیی خوازیان نه‌بووبێت، به‌ڵام ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشایان وه‌ک نوێنه‌ری خۆیان ده‌ستنیشان کردووه و، شه‌ریف پاشاش به‌ناوی کورده‌وه داوای ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی بۆ کورده‌کان کردووه.
هەروەها شەریف پاشا، لە دووکاتی جیاوازدا لەگەڵ سێر بیرسی کۆکس، نوێنەری بەریتانیا لە فەڕەنسا کۆدەبێتەوەو بیری دەخاتەوە کە پێویستە بەریتانیا، لە داخوازییەکانی کورد بکۆڵێتەوە!
شەریف پاشا له 22- 3-1919 به‌ناونیشانی سه‌رۆک وه‌فدی کوردان، به‌شداری کۆنفرانسی ئاشتی ده‌کات، که له پاریس به‌رێوه‌چوو. تێیدا یاداشتنامەیەک لەبارەی داخوازییەکانی میللەتی کوردەوە پێشکەشی کۆنفرانسه‌که دەکات. له ناوه‌ڕۆکی یاداشتنامه‌که‌یدا وێڕای ئه‌وه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز و خاوه‌ن مێژوو و کو‌لتوور ده‌ناسێنێ، ئاماژه به شاره کوردییه‌کان و مێژووی کورده‌کان ده‌کات. هاوکات له چوارچێوه‌ی یاداشتنامه‌که‌یدا نەخشەیەکی کوردستانیشی لەگەڵدا بووە. ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی که ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا کێشاویه‌تی و پێشکه‌شی کۆنفرانسی ئاشتی کردووه، وه‌ک یه‌که‌مین نه‌خشه‌ی کوردستانی گه‌وره ده‌ناسرێت که له ئاستێکی فه‌رمی و نێوده‌وڵه‌تیدا به‌کارهێنرابێت. له سه‌ره‌کیترین داواکارییه‌کانی یاداشتنامهکهشیدا داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد دەکات.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا که جیهان گۆڕانکاری زۆری تێدا روویداوه و گۆڕانکارییه‌کان خێرا بوون، له نێوان مانگی حه‌وت و ده‌ی ساڵی 1919 ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا، دوو نامه ده‌نێرێت بۆ به‌لفۆڕی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و تێیدا داوای ده‌وڵه‌تێکی کوردی ده‌کات. هه‌روه‌ها پێشنیار ده‌کات که سه‌ره‌تا ئه‌و ده‌وڵه‌ته به نهێنی ئاماده بکرێت و پاشان بخرێته به‌رده‌م کۆنگره‌ی گه‌لان. هه‌ر له‌و نامانه‌دا ئه‌وه راده‌گه‌یه‌نێت، که کوردان ئه‌وه‌یان وه‌ک سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی کوردی هه‌ڵبژاردووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، نامه‌یه‌ک بۆ نوێنه‌ری به‌ریتانیا له به‌غدا ده‌نووسێت، تێیدا ره‌زامه‌ندی ده‌نووێنێت به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی به‌سه‌رۆکایه‌تی ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا، به‌ڵام نوێنه‌ری سامی له به‌غداد ره‌تی ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ کوردان خێڵه‌کین و هه‌ستی خێڵه‌کییان هه‌یه نه‌ک نه‌ته‌وه‌یی. هه‌ر ئه‌وکاتیش ناکۆکی له نێوان ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا و شێخ عه‌بدولقادری نه‌هری دروست ده‌بێت، به‌وه‌ی شێخ داوای ئۆتۆنۆمی ده‌کات و بروسکه ده‌کات بۆ کۆنگره‌ی ئاشتی و، ژه‌نه‌ڕاڵیش خه‌ون ده‌بینێ به دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی.
پاشان به‌هۆی هه‌وڵه‌کانی ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا و داخوازی کورده‌کانه‌وه، له رێکه‌وتنامه‌ی سیڤه‌ر له ساڵی 1920، به‌گوێره‌ی ماده‌کانی (62، 63، 64) پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کوردی وه‌ک مافی کورد، دیاری ده‌کرێت و ده‌وڵه‌تی تورکیاش به‌مه رازی ده‌بێت. له باشووری کوردستانیش شۆرشی شێخ مه‌حموود، سه‌ر هه‌ڵده‌دات و دژی ئینگلیز ده‌وه‌ستێ، هاوکات نوێنه‌رانی شاره‌کانی (ئورفه، وان، به‌تلیس، مه‌ڵاتیا، ده‌رسیم، دیاربه‌کر) باکووری کوردستان له رێگه‌ی نوێنه‌ره‌کانیانه‌وه رایده‌گه‌یه‌نن نایه‌وێ له تورکیا جیا ببنه‌وه! به‌مه‌ش خه‌ونی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا له‌گۆڕ ده‌نرێ و رێکه‌وتنامه‌ی لۆزانیش ئه‌مه ده‌چه‌سپێنێت.
دوای ئه‌وه‌ش ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا، له هه‌وڵ و تێکۆشانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت و چه‌ندین دیدار ئه‌نجام ده‌دات و چه‌ندین نامه بۆ سه‌رکرده و باڵوێزخانه‌کان ده‌نێرێ. له‌وانه، دووجار نامه بۆ مۆسۆلینی سه‌رۆکی ئیتاڵیا ده‌نێرێ، له باره‌ی پرسی کورده‌وه.
دواجار ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا بێ ئومێد ده‌بێت و واز له کاری دیپلۆماسی ده‌هێنێت و له‌گه‌ڵ که‌ریمه‌ی کچی و زاوا ئیتاڵیه‌که‌ی ده‌چێت بۆ ئیتاڵیا و له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌ژی. ساڵی 1951 هه‌ر له ماڵی که‌ریمه‌ی کچی، له شاری ناپۆلی ئیتاڵیا، له ته‌مه‌نی 86 ساڵی مردووه و ته‌رمه‌که‌یان بۆ میسر گواستۆته‌وه. تا ئێستاش نازانرێ له کوێ نێژراوه و گۆڕ غه‌ریب ماوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده وه‌سیه‌تی ئه‌وه‌بوو دوای مردنی ته‌رمه‌که‌ی بسووتێنن و خۆڵه‌مێشه‌که‌ی فرێ بده‌نه ده‌ریاوه، چونکه خۆی به که‌سێکی بێ نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ ده‌زانی.
سه‌رچاوه‌کان:
1- کتێبی ژەنەڕاڵ شەریف پاشا: یەکەمین سیاسەتمەداری کورد کە داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ کورد کرد .نووسینی: د.فەرهاد پیرباڵ
2- دوو نامەی دیپلۆماتی ژێنێڕاڵ شەریف پاشای خەندان، لە بەڵەگەنامە نهێنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا. وەرگێڕانی لە فرانسییەوە د. نەجاتی عەبدوڵا.
3- پۆرترێتی یه‌که‌م دیپلۆماتی کورد، ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا. نووسینی: د. نه‌جاتی عه‌بدوڵا. له بڵاوکراوه‌ی رۆڤار بڵاوکراوه‌ته‌وه.
وێنه‌ی دوو و سێ له کتێبه‌که‌ی د. فه‌رهاد پیرباڵ وه‌رگیراوه.
وێنه‌ی سێهه‌م، ئه‌و نه‌خشه‌یه‌یه که ژه‌نه‌ڕاڵ پێشکه‌شی کۆنفرانسی کرد.