ئال سعوود.. لە میرنشینی درعییەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سعوودیە
لە 27 كانوونی دووەم/یەنایەری 1927 شانشینی نەجد و حجاز یەكگرتنیان ڕاگەیاند، “عەبدولعەزیز بن عەبدولڕەحمان ئال سعوود” وەك پاشای وڵاتەكە دیاری كرا و مەككە و ڕیاز دوو پایتەختی وڵاتەكە بوون، لە ساڵی 1932 ناوی وڵاتەكە بۆ شانشینی عەرەبی سعوودیە گۆڕا و ڕیاز بووە تاكە پایتەختی، سعوودیە دوای دامەزراندنی چۆن گەشەی كرد و گەیشت بەو دۆخەی ئێستە و بە چ شێوازێك بەسەر دۆخە سەختەكان زاڵ بوو و تێپەڕی.
شارەزایانی مێژوو مێژووی خانەوادەی ئال سعوود بۆ سێ قۆناغی جیاجیا دابەش دەكەن، بریتین لە قۆناغی دەوڵەتی سعوودیەی یەكەم و دووەم و سێیەم، كە تا 1932 بەردەوام بوو و لەوكاتەوە شانشینی عەرەبی سعوودیەی یەكگرتوو لەو سنوورەی ئێستەی پێك هێنرا.
لە هەردوو پەرتووكی “ناونیشانێكی زیندوو لە مێژوویەكی شكۆدار”ی عوسمان بن عەبدوڵا بن بەشەر و كتێبی “نەتەوەیەك لە پیاوێكدا” عەبدوڵا بن عەبدولموحسین تركی. بە ڕوونی قۆناغەكانی گەشەكردن و سەركەوتن و یەكگرتنی سعوودیە خراوەتە ڕوو.
ئال سعوود و بانگەواز بۆ سەلەفیەت
لە سەدەی پازدەیەمی زاینی، “مانع بن ڕەبیعە موریدی” باپیرە گەورەی ئال سعوود بە خۆی و خانەوادەكەی لە ناوچەی قەتیف بۆ دۆڵی حەنیفە كۆچیان كرد، عەشیرەتەكەیشی لەگەڵی هاتن، بۆ خۆی سەرۆكایەتی هۆزی رەبیعەی دەكرد كە هۆزێكی كۆنی ناوچەكەن و لە دەوروبەری دۆڵی حەنیفە نیشتەجێ بوون.
ناوی ئال سعوود لە ناوی باپیرە گەورەی خانەوادەكەوە سەرچاوەی گرتووە “سعوود بن محەمەد بن مقەرن” كاتێك ئەو خانەوادەیە سەرۆكایەتیی میرنشینی “درعییە”یان گرتە دەست، شاری “درعیە”یان وەك بارەگای سەرەكی میرنشینەكە ناساند لە ساڵی 1682ی زاینی.
بە ڕێكەوت لەو كاتەی محەمەد بن سعوود حوكمی میرنشینەكەی دەكرد، دەستەواژەیەكی ئاینی لە میرنشینی عەینە سەری هەڵدا، كە لەلایەن محەمەد بن عەبدولوەهابەوە خرایە ڕوو، كەخۆی داوای دەكرد ڕووبەڕووی بیدعەی دینی و پاشكۆیەتی خەڵكی تر بهێنن، بەڵام میری میرنشینی عەینیە بەناوی “عوسمان بن حەمەد بن عومەر” دژی وەستایەوە و لە میرنشینەكەی دەری كرد، بۆیە بەناچاری ڕووی لە شاری درعیەی پایتەختی میرنشینەكەی ئال سعوود كرد، میر محەمەد بن سعوود خۆی پێشوازی لێ كرد و هاوپەیمانی و پەیمانی لەساڵی 1745 لەگەڵدا بەست. چیرۆكی دروستبوونی دەوڵەتی سعوودیە بە هاوپەیمانیەتی محەمەد بن سعوود و محەمەد بن عەبدولوەهاب دەستی پێ كرد.
دەوڵەتی سعوودیەی یەكەم 1744 تا 1818
ئەو دەوڵەتە هەر لە میرنشینی درعیە مایەوە و فەرمانڕەواكانی لە خانەوادەی ئال سعوود بوون و درعیەش بە پایتەختی مایەوە، هەریەك لە محەمەد بن سعوود و عەبدولعەزیز بن محەمەد بن سعوود و سعوود بن عەبدولعەزیز و عەبدوڵا بن سعوود، تا ساڵی 1818 فەرمانڕەوایەتییان كرد، لە ماوەی دەوڵەتی یەكەم فەرمانڕەواكانی ئال سعوود توانییان ناوچەی نەجد یەك بخەنەوە، ئەمەش دوای ماوەیەكی زۆر لە شەڕ و كوشتاری دوور و درێژ هەریەك لە میرنشینەكانی “عەینیە، ریاز، خەرج، قەسیم” كۆتایان پێ هات، ئەمەش یارمەتیدەرێكی بەهێز بوو بۆ بڵاوبوونەوەی بیر و ڕامانەكانی محەمەد بن عەبدولوەهاب.
دوای سەركەوتنی ئال سعوود لە یەكخستنی نەجد ڕوویان لە ناوچەی ئەحساو كرد، میرەكانی بەنی خالید شكستیان خوارد و چوونە ناوچەكە و داوای كڕنووشیان لێ كردن، بەڵام میرەكانی بەنی خالید نێردراوێكیان ناردە لای سلێمان پاشای والی عێراقی عوسمانییەكان و عوسمانییەكانیش سێ هەڵمەتی فرەوانیان دژی ئال سعوود و ناوچەكانی ژێر دەستیان ئەنجام دا و بەو هۆیەوە ئەوان بۆ ناوچەكانی ڕۆژهەڵات و باشوور دوور خرانەوە.
لە ساڵی 1792 سعوودیەكان سەركەوتن لە هێنانی قەتەر بۆ پاڵ خۆیان، هەوڵی هێنانی بەحرێنیشیان دا، بەڵام تەنیا پشتیوانی فەرمانڕەواكانی مەسقەتی پایتەختی بەحرێنیان بەدەست هێنا، لە كوێتیش سەركەوتوو نەبوو، چونكە لە 1804 بەریتانییەكان كۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتیان لە بەسرەوە بۆ كوێت گواستەوە، بەهۆی ناكۆكییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عوسمانی لە عێراقدا.
لە ساڵی 1803 سعوودیییەكان پەلیان بۆ ناوچەی حیجاز و ناوچەكانی ژێر دەستی شەریفی مەكە “غالب بن مساعد” هاوێشت، كە سەر بە عوسمانییەكان بوو، هەڵمەتەكانیان بۆ گرتنی ناوچەكان تا یەمەن و شاری عەسیر و تەهامە و نەجران ڕۆیشت. بەڵام لەو ماوەیە لەگەڵ میرنشینی مەسقەت ڕووبەڕووی یەكتر بوونەوە، بەڵام سعوودییەكان توانییان شكست بە سوپاكەی مەسقەت بێنن و پێگەیان بگەیەنن بە ناوچەی خورفكان و تا هەرێمەكانی عەمانیشیان لە 1813 خستە ژێر دەستی خۆیان، لەوكاتە دەوڵەتی سعوودیە ناوچەكانی “نەجد و حیجاز، ئیمارات و كەنداو، عەسیر و حەزرەمووت و حوران تا وڵاتی شام و دەوروبەری بەغدا”ی كۆنتڕۆڵ كردبوو. عوسمانییەكان ناچار بوون ڕێ لە فرەوانخوازییەكانی ئال سعوود بگرن و بۆ ئەو مەبەستەش محەمەد عەلی پاشای والی میسریان بۆ دژایەتیكردنی سعوودیە ڕەوانە كرد و ئەویش توانی بەسەریان سەربكەوێ و دەوڵەتی سعوودیەی یەكەم لە 1818 كۆتای پێ هات.
دەوڵەتی سعوودیەی دووەم 1818 تا 1891
میرنشینی نەجد لە دەست ئال سعوود مایەوە و فەرمانڕەواكانی وەك میر و پێشەوا دەسەڵاتیان تێدا بەڕێوە دەبرد، لە 1820 شازادە “تركی بن عەبدوڵا بن محەمەد بن سعوود” ڕیازی بەجێ هێشت، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو وەك میری ڕیاز دیاری كرابوو لە ساڵی 1818، بەڵام ئەو بۆ دووبارە دەستكردنەوە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سعوودییەی نوێ، شاری ڕیازی جێ هێشت، بۆیە حوكمی ڕیازی دایە دەست كەسێكی میسری و بڕیاری دا وەك پایتەختی دەوڵەتی نوێی سعوودیە ڕیاز بناسێنێت. بەڵام لە ساڵی 1834 لەمیانەی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە و هەوڵە بەردەوامەكانی، شازادە تركی بن عەبدوڵا ڕفێنرا و فەیسەڵ بن تركی شوێنی گرتەوە و ئەو ماوەی فەرمانڕەوایەتی تەنیا دوو ساڵ بوو واتە تا ساڵی 1836 بەردەوام بوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی جارێكی تر محەمەد عەلی پاشا هەڵمەتێكی تری دژی سعوودییەكان دەست پێ كردەوە و بە بێ جەنگ چووە ناو شاری ڕیاز، ئەمەش دوای ئەوەی شازادە فەیسەڵ شارەكەی بەجێ هێشت، خالید بن سعوود وەك فەرمانڕەوای ڕیاز بە هاوكاری سوپای میسر دانرا، بەڵام لە ناوچەی دلم هێزەكانی محەمەد عەلی پاشا و شازادە فەیسەڵ ڕووبەڕووی یەكتر بوونەوە و شازادە فەیسەڵ شكستی خوارد و بە دیل گیرا و ڕەوانەی میسر كرا، تا ساڵی 1838 حوكمی سعوودییەكان بە تەواوی كپ بووەوە.
لە 1840دا بەگوێرەی پەیماننامەی لەندەن، محەمەد عەلی پاشا تەواوی هێزەكانی لە نیمچە دوورگەی عەرەبی كشاندەوە، خالید بن سعوود نەیتوانی بێ هاوكاری هێزەكانی محەمەد عەلی پاشا بەسەر دۆخی ناوچەكە زاڵ بێ، بۆیە كڕنووشی بۆ “عەبدوڵا بن سنیان بن ئیبراهیم و بن سنیان بن سعوود بن محەمەد بن مقەرن” برد و لە بەڕێوەبردنی ناوچەكە بەردەوام بوو تا شازادە فەیسەڵش بن تركی لە 1843 لە گرتووخانەی میسر ڕای كرد و گەڕایەوە ڕیاز، بە گەڕانەوەی سەردەمی دووەمی حوكمی شازادە فەیسەڵ لە میرنشینی نەجد دەستی پێ كردەوە، لە 1865 شازادە فەیسەڵ بن تركی كۆچی دوایی كرد و ئەمەش بووە هۆی هەڵكردنی گەردەلوولێكی گەورە لە ناوەخۆی میرنشینەكە و پلان و دەستوەردانی دەرەكی هاتنە نێو وڵاتەكە بەو هۆیەوە محەمەد بن عەبدوڵا بن ڕەشید میری ناوچەی حائیل ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و پلانی بۆ گرتنی ڕیاز دانا و سوپای ڕەوانە كرد بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی، هەرچەندە عەبدولڕەحمان بن فەیسەڵ هێزەكانی كۆ كردەوە و لە ناوچەی قەسیم ڕووبەڕووی هێزەكانی محەمەد بن عەبدوڵا بووەوە، بەڵام لە شەڕی ملیداو شكستی خوارد و بۆ ڕیاز گەڕایەوە و خانەوادەكەی برد و بەرەو ناوچەكانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشتن، بەڵام لە 1891 عەبدولڕەحمانی بن فەیسەڵ سوپایەكی زۆری كۆ كردەوە و بەرەو ڕیاز گەڕایەوە، كەچی جارێكی تر شكستی خوارد و ناوچەكە بە تەواوی كەوتە ژێر دەستی محەمەد بن عەبدوڵا بن ڕەشیدی میری میرنشینی حائیل، پاشان عەبدولڕەحمان و خانەوادەكەی بەرەو ناوچەی ئەحساو و لەوێوەش بۆ قەتەڕ ڕۆیشتن و دواتر داوای لە دەوڵەتی عوسمانی كرد ڕێگەی بدەن بچێتە كوێت نیشتەجێ بێ و ئەوانیش ڕەزامەندیان دا و 1892 لەگەڵ خانەوادەكەی گواستیانەوە بۆ كوێت.
دەوڵەتی سعوودیەی سێیەم 1902 تا 1932
تا ساڵی 1921 تەنیا میرنشینی نەجد و ئەحساو بوون لە 1922 ناوی بۆ شانشینی نەجد گۆڕا، پاشان بوو بە سوڵتانشینی نەجد و پاشكۆكانی، لە 1926 ناوی شانشنی حیجاز و سوڵتانشینی نەجد و پاشكۆكانی لێ نرا، پاش بووە بووە شانشینی حیجاز و نەجد و لە 1932یش بە فەرمی بە شانشینی عەرەبی سعوودیە ناو نرا و سنوورەكانی هەمان سنووری ئێستەی دەوڵەتی سعوودیە دەگرێتەوە.
چیرۆكی دەوڵەتی سعوودیەی سێیەم بە دەرچوونی شازادە “عەبدولعەزیز بن عەبدولڕەحمان ئال سعوود” لە میرنشنی رەئس خەیمە دەست پێ دەكات، بە یاوەری 60 لە پیاوانی خانەوادەكە و پشتیوانی خۆی بەرەو ڕیاز ڕۆیشت و دواتر پشتیوانانی زیاتر و زیاتر بوون و توانی لە 15 كانوونی دووەم/یەنایەری 1902 ڕیاز كۆنتڕۆڵ بكاتەوە و خەڵكی ناوچەكە بەیعەتیان پێ دا و وەك فەرمانڕەوای خۆیان دیارییان كرد.
لە ئەیلوول/سێپتێمبەری 1904 ئال سعوود لە شنانە بەسەر هێزەكانی میرشنینی بن ڕەشید بە تەواوی سەركەوتن و بەو هۆیەوە عەبدولعەزیز ئال سعوود بە تەواوی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەرێمی نەجد سەپاند و كۆتا بە دەسەڵاتی سەربازی و كارگێڕیی عوسمانییەكان لە نەجد هێنا، كە لەلایەن میرنشینی ڕەشیدیەوە كە بەیعەتیان بە سوڵتانی عوسمانی دابوو دەسەڵاتی عوسمانییەكان جێبەجێ دەكرا، هێزەكانی میرنشینەكەی بن ڕەشید بەرەو چیای شەمەر پاشەكشەیان كرد و دواتر ناكۆكی زۆر لە نێو خانەوادەی ئال ڕەشید دروست بوو و ئال سعوود دەستوەردانیان تێدا كرد و لە ئەیلوول/سێپتێمبەری 1921 كۆتایان پێ هێنان.
دوای ئەوە عەبدولعەزیز بن سعوود دەستی بە هەڵمەت كرد بۆ یەكخستنی نەجد و حیجاز، چونكە عوسمانییەكان لە 1871 لەسەر دەستی مەدحەت عەلی پاشا والی عێراق ئەو ناوچەیەیان كۆنتڕۆڵ كرد كە دەكەوێتە سەر دەریا و ئەمەش وەك دەروازەیەكی گرنگ بوو بۆ ئابووری ئەو وڵاتەی عەبدولعەزیز بن سعوود خەونی پێوە دەبینی، بۆیە دەستی بە هەڵمەت كرد بۆ گرتنەوەی، هەرچەندە هێزەكانی عوسمانی هەوڵی بەرگرییان دا، بەڵام بەرگرییان دادی نەدا و لە 1913 خۆیان ڕادەستی ئال سعوود كرد، بۆ گرتنی ناوچەی “عەسیر”یش پاشا عەبدولعەزیز سوپایەكی لەژێر فەرماندەیی شازادە فەیسەڵی كوڕی لە 1921 نارد و ناوچەی عەسیر دوو بەش بوو باكوری لەژێر دەستی میرنشینی “ئال عائیز” و باشووری لەژێر دەستی “ئال ئیدراسە” بوو كە جازان بنكەی سەرەكییان بووە، سەرەنجام ئەو دوو ناوچەیەش كۆنتڕۆڵ كرانەوە و كەوتنە ژێر دەستی ئال سعوود.
حیجاز كە لەلایەن شەریف حوسێنی شەریفی مەككەوە بەڕێوە دەبرا، پێوەندی نێوان شەریف حوسێن و پاشا عەبدولعەزیز لە سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهان زۆر باش نەبوو، پاشان ئەو گرژییە بووە هۆی دروستبوونی ململانێ لەسەر دیاریكردنی سنووری نێوان نەجد و حیجاز، پاشان شەریف حوسێن شۆڕشی دژ بە عوسمانییەكان بەرپا كرد و لەگەڵ ئال سعوودیش ناكۆكییەكانی زیاتر بوو، بەو هۆیەوە ڕێگری لە خەڵكی نەجد كرد بەشدار بن لە ڕێوڕەسمی حەجكردندا، بەو هۆیەوە سوپای ئال سعوود هێرشیان كردە سەر هێزەكانی شەریف حوسێن لە ناوچەی تائیف و شكستیان بە هێزەكان هێنا و بەردەوام بوون لە پێشڕەوی تا لە 1924 چوونە نێو مەككە و تەواوی شارەكانی حیجازیان گرت، تەنیا شاری جەدە مابوو، ئەویش پاشای حیجاز “عەلی بن حوسێن” تێیدا نیشتەجێ بوو و بەهیچ شێوەیەك خۆی ڕادەست نەكرد، بەڵام لە كۆتادا بەهۆی گەمارۆی ئال سعوود لە 17 كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 1925 خۆی بەدەستەوە دا، بەم شێوەیە تەواوی ناوچەكانی ئێستەی سعوودیە كەوتنە ژێر دەستی ئال سعوود و دەوڵەتی شانشینی عەرەبی سعوودیە كە ناوەی لە 1932 بەم شێوەیەی لێ كرا، بەردەوامی بە مانەوەی دا و تا دواتر لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدا نرا.
سەرچاوە/ الدارە ، نشأ مملكە سعودیە، ویكپیدیا.