بایه‌خ و ڕۆڵی مێژوو و سنبوله مێژووییه‌كان له به‌خشینی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی

عومه‌ر ئیسماعیل ڕه‌حیم
پێشه‌كی:
پرس و بابه‌ت گه‌لێكی زۆر ئه‌مڕۆكه له ناوه‌نده فیكريی و ڕۆشنبیريیه‌كاندا بوونه‌ته جێگه‌ی مشت‌ومڕ و قسه له‌سه‌ر كردن، بوونه‌ته بنه‌ما له كایه‌ی په‌یوه‌نديیه كۆمه‌ڵگه‌یی و نێوده‌وڵه‌تيیه‌كان، هه‌روه‌ها جێگه‌ی بایه‌خی میدیا و سه‌نته‌ر و په‌یمانگا و ناوه‌نده فیكريی و ئهكادیمیيهكان، بیرمه‌ند و توێژه‌ر و ڕۆژنامهنوسهكانیشیان سه‌رقاڵ كردووه، كه‌چی له سه‌رده‌مانی ڕابردوو یا هیچ نه‌ببوونه جێگه‌ی بایه‌خى توێژینه‌وه، یا زۆر به پرسێكی ئاسایی و سروشتی وه‌رگیراوه و نه‌بووه به گرێكوێره و ئاڵۆزيیهكی فیكريی و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌وروژاندووه.
دیاره ئه‌م دیارده‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و گۆڕانكاریيه فیكريی و سیاسيی و حهزاریانهی ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگا مرۆییهكانیانى ته‌نیوه له لایه‌ك، پێشكه‌وتنه تهكنۆلۆژيیهكان له‌لایه‌كی تر، به‌تایبه‌تی ته‌كنولۆژیای گه‌یاندن، كه به هه‌موو ئه‌مانه دۆخێكی تایبه‌تیان دورستكردووه له به جیهانی بوون و (Globalization)، تێكه‌ڵبوونی كارلێكی گه‌ل و نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌كان.
یه‌كێك له‌و پرسانه، بگره گرنگترین و هه‌ستیارترینیان كه هه‌روه‌ك چۆن میدیاكار و ناوه‌نده ڕۆشنبیريیهكهی سه‌رقاڵ كردووه، بیرمه‌ند و ناوه‌نده ئهكادیميیهكهش خه‌ریكی ته‌ئصیل و تیۆریزه كردنینی، به‌هه‌مان شێوه سیاسه‌تمه‌دار و به‌رپرسه‌كانیش بایه‌خ پێدان و ته‌به‌نی كردنی ده‌كه‌ن به به‌رنامه‌ی كار و ستراتیژیان، پرسی شوناسه، شوناس وه‌ك بابه‌تێكی فیكری فه‌لسه‌فی، وه‌ك پرنسیپ و پایه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی. ئێمه له‌و نوسینه‌ماندا بابه‌ته‌كه دابه‌ش ده‌كه‌ین بۆ چه‌ند بڕگه‌یه‌ك:
بڕگه‌ی یه‌كه‌م/ پێناسه‌ی شوناس:
زۆربه‌ی توێژه‌ر و نوسه‌ره‌كانمان كاتێك له‌سه‌ر بابه‌تێكی فیكری ده‌نوسن، به‌تایبه‌ت كه نوسینه‌كه سه‌باره‌ت به چه‌مك و بابه‌تگه‌لێكی ئه‌م سه‌رده‌مه بێت، بۆ تیۆریزه‌كردن و ناساندنی و بنجپێدان و ته‌ئصیل كردنی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه بیانییه‌كان و پشت به بۆچوون و تێزی بیرمه‌ند و زانا خۆرئاواییه‌كان ده‌به‌ستن، بۆ نمونه له بابه‌تێكی وه‌ك شوناس “الهوية” ئه‌وه‌نده ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ جورج هێربیرت و مانویل كاستیل و ئه‌وانی تر، ئه‌وه‌نده ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه و فه‌رهه‌نگه مهعریفیيهكانی بیره‌مه‌ند و زانا مسوڵمانه‌كان كه نوسیویانه.
به‌بۆچوونى من ئه‌و حاڵه‌ته‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆكارێك:
یه‌كه‌م/ به‌وپێیه‌ى كه خۆرئاوا له ڕووی سیاسيی و سه‌ربازيی و ته‌كنۆلۆژیاوه زاڵ و سه‌ركه‌وتووه به‌سه‌ر جیهاندا، ئه‌وا وه‌ك ڕێساكه‌ی ئیبن خه‌لدون ده‌ڵێت(1): هه‌میشه ژێركه‌وتوو خوو به‌لاسایی كردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو ده‌گرێت، حه‌ز ده‌كات وه‌ك ئه‌و خۆی بنوێنێت، سیما و ئاكار و نه‌ریته‌كانی ئه‌و هه‌ڵگرێت. هه‌ست به‌نزمی و بچوكی خۆی ده‌كات له ئاست سه‌ركه‌وتن و پێشكهتنهكانی ئه‌واندا، ئه‌مه‌ش بۆشاییه‌كی ده‌روونی لا دورست ده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌لاسایی كردنه‌وه و نمایشكردن ئه‌و بۆشاییه پڕ بكاته‌وه، له‌كاتێكدا مه‌رج نییه ئه‌و لایه‌نه‌ی له ڕووی سه‌ربازيی و سیاسییه‌وه زاڵ و سه‌ركه‌وتووه، له ڕووی فه‌رهه‌نگی و هزریش هه‌روا زاڵ و سه‌ركه‌وتوو بێت.
دووه‌م/ سه‌رچاوه‌ى فه‌رهه‌نگ و موعجهمه عه‌ره‌بییه‌كانیش، جگه له حه‌ساسیه‌تی ئایدۆلۆژی، هه‌ڵبه‌ت سه‌باره‌ت به نوسه‌ر و ڕوناكبیره سیكۆلار و ناسیۆنالیزمه تونده‌كان، كه ئه‌م حه‌ساسیه‌ته واده‌كات نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رچاوه و فه‌رهه‌نگانه ئه‌مه یه‌ك، دوو، مامه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگ و سه‌رچاوه عه‌ره‌بییه‌كان وا ئه‌زانم سه‌ختتر و قورستره له سه‌رچاوه و فه‌رهه‌نگه خۆرئاواییه‌كان، به‌هۆی كه‌م خزمه‌ت كردنه‌وه له ڕووی چاپ و پۆلێن‌كردن و شێوازی وه‌رگرتن و قسه‌كردنیان له‌سه‌ر بابهتهكان …هتد.
سێیه‌م/ سه‌باره‌ت به زمانی كوردیش به ناشكوری نه‌بێت، تائێستا كتێبخانه‌ی كوردی سه‌رچاوه و فه‌رهه‌نگێكی ئه‌وتۆی تێدا نییه بتوانرێت له‌و مه‌یدانه‌دا كه‌ڵكی لێوه‌ربگیرێت.
به بڕوای من ئه‌م حاڵه‌ته خۆی بۆ خۆی جۆرێكه له ئیختراق و كاریگه‌ری نه‌رێنی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیمان، كه ئێمه ئێستا باس له شوناس و ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌رنا به دڵنیاییه‌وه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌رهه‌مێكی هزری ڕه‌سه‌ن و خۆماڵی و هه‌ماهه‌نگ و ساز له‌گه‌ڵ ڕۆح و میزاجی ژیاریمان- پێشكه‌ش بكه‌ین، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رچاوه و فه‌رهه‌نگه خۆماڵییهكانمان، ده‌بێت ئاماده‌یی ماندووبوون و قوربانیدانمان به كات و پشوودانی خۆمان تێدابێت، تاقه‌تی ووردهكاريی و به‌دواداچوون و شه‌ونخونی و گه‌ڕان به دوای په‌رتووك و دۆزینه‌وه‌یان له كتێبخانه‌كان، ئه‌و به‌رگ و ئه‌و به‌رگ كردنی كتێبه‌كانمان هه‌بێت. بێگومان پارێزگاری له ڕه‌سه‌نایه‌تی هزر و گێڕانه‌وه‌ی پێشه‌نگی له بواری كولتوور و فه‌رهه‌نگدا، وێڕای پاراستنی شوناس، سهروهريیهكی گه‌وره‌یه و شایسته‌ی قوربانی دانه.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین، كه خودی خۆرئاواش به‌ئاوا قۆناغێكدا تێپه‌ڕیوه، له‌و سه‌رده‌مه‌ی مسوڵمانان له ڕووی سیاسيی و سه‌ربازی هاوكات له ڕووی ژیاریی و فه‌رهه‌نگیشه‌وه له پێشه‌وه‌ی هه‌موو جیهان بوون، خۆرئاواییه‌كان نه‌ك هه‌ر له مه‌یدانی هزر و فه‌رهه‌نگیدا پاشكۆ بوون و مڕودهی مسوڵمانان بوون، بگره له‌و كاته‌ی كه مناڵه‌كانیان ده‌نارده قوتابخانه و خوێندنگه‌كانی ئه‌نده‌لوس تا زانستی سه‌رده‌م وه‌رگرن، له جلوبه‌رگ و سیمایشدا لاسایی مسوڵمانانیان ده‌كرده‌وه.
ئه‌م بانگه‌شه و داوایه‌ی من، واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئیدی سوود له هزر و فه‌رهه‌نگ و تێزه‌كانی ئه‌وانی تر وه‌رنه‌گرین، هه‌رگیز ئه‌وه مه‌به‌ستی من نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم و مه‌به‌ستمه بیگه‌یه‌نم، ئه‌وه‌یه هه‌وڵبده‌ین، ببین به‌خاوه‌نی هزر و فه‌رهه‌نگی خۆمان، هزر و مه‌عریفه و فه‌رهه‌نگێك به‌رهه‌م بهێنین كه نامۆ نه‌بێت به ڕوح و میزاجی شارستانى و مێژووییمان.
زۆرێك له بیرمه‌ندان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌ختترین و مه‌ترسیدارترین نامۆبوونێك مرۆڤ توشی ببێت، نامۆ بوونیه‌تی به مێژووی خۆی، به ڕۆح و میزاجی شارستانى خۆی، پێچه‌وانه و دژبوونی _ تناقض _ ئێستای به ڕابردووی.
دیارده‌ی تهمهزوق و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانی كه‌سایه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی به گشتی، كه‌سایه‌تی مسوڵمان به‌تایبه‌تی، كه ئه‌مڕۆ به ڕوونی دیاره و هه‌ستی پێده‌كرێت، بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی له پێشه‌وه باسمان كرد ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه من وه‌ك نوسه‌رێك، به‌و تفاقه كه‌مه‌ی پێمه، ئه‌وه‌نده‌ی له توانامدا بێت هه‌وڵده‌ده‌م بۆ ته‌ئصیل و تیۆریزه كردنی چه‌مكه هزريی و فه‌رهه‌نگییه‌كان، بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نه‌كانی خۆمان، له پێشه‌وه‌ی هه‌موویان قورئانی پیرۆز و فه‌رموده ڕاست و دورستهكانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و فه‌رهه‌نگ و موعجهمهكانی زمان به كورديی و عه‌ره‌بییه‌وه، هه‌روه‌ها كتێب و سه‌رچاوه ڕه‌سه‌ن و خۆماڵیه‌كانی تر.
سه‌باره‌ت به زمانیش وه‌ك چه‌ند جاری تر و له چه‌ند شوێنێكی تری نوسینه‌كانم وتوومه، وه‌رگرتنی ده‌سته‌واژه و وشه تا بۆمان بكرێت له زمانه‌كانی بێگانه وه‌رنه‌گرین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر ناچاربووین له زمانی عه‌ره‌بی كه به ڕوح و میزاجی شارستانى و مێژووییمان ده‌خوات وه‌ربگرین.
بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پێناسه‌ی شوناس(2)، زاراوه، یا ده‌سته‌واژه‌ی شوناس به‌كوردی، یا وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن ناسنامه، له به‌رامبه‌ر (الهُوِيّةَ)(3)ی عه‌ره‌بی به‌كاردێت، واته وشه‌ی شوناس وه‌رگێڕدراوی وشه‌ی “الهُوِيّةَ “ی عهربیيه، كه وه‌رگێڕدراوی (identity) ئینگلیزییه، ئه‌و چه‌مكه چه‌مكێكی تاڕاده‌یه‌ك ئاڵۆزه و كۆمه‌ڵناس و بیرمه‌نده‌كان ته‌واو كۆك نین، نه له‌سه‌ر پێناسه‌كردنی و سه‌یركردنی له دیدگا و یه‌ك ڕوانگه‌وه، نه له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانى. ئێمه ناچینه ناو ئه‌و جه‌ده‌له فه‌لسه‌فییه قوڵه‌وه، به‌ڵكو به‌ساده‌یی له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێك فه‌رهه‌نگ و كتێبی زاراوه‌كان، پێناسه‌یه‌كی شوناس ده‌كه‌ین.
ئه‌بو البقا ئهلكهفهوی له كتێبی (الكلیات)دا ده‌ڵێت: پرس و بابه‌ته عهقلانییهكان – مه‌به‌ستی ئه‌و پرسانه‌یه عه‌قل لێی تێده‌گات و ده‌ركیان ده‌كات- به‌وپێیه‌ی كه ده‌بنه گوته له وه‌ڵامی پرسیاری: ئه‌مه چییه؟ ده‌بێته چییه‌تی، به‌وپێیه‌ش كه شته‌كه له ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه عه‌قلانییه ڕووتهكهش بوونی هه‌یه ده‌بێته حه‌قیقه‌ت و ڕاستيیهك، هه‌روه‌ها به‌وپێیه كه جیاده‌كرێته‌وه له هاو وێنه‌كانی ده‌بێت به شوناس(4).
محه‌مه‌دى كوڕی شه‌ریفی جورجانیش له فهرههنگهكهیدا به ناوی (التعریفات) ده‌ڵێت: (شوناس – الهُوِيّةَ ئه‌و ڕاستییه ڕه‌هایه‌ی كه ڕاستیيهكانی تر له‌خۆده‌گرێت، وه‌ك چۆن ناوك یا تۆوی دره‌خت ئه‌و درخته نادیاره‌ی له داهاتویه‌كی نادیار دێته بوون، له‌خۆده‌گرێت(5)، فارابیش له ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه و به‌كاركردن له‌سه‌ر چه‌مكی (الإنية)و هه‌روه‌ها له بابه‌تی “الهُوِيّةَ” و “الجوهر”دا له چه‌ند شوێنێكی كتێبی (الحروف)دا قسه‌وباسی زۆری له مه‌ڕ حه‌قیقه‌تی شت و شوناسی شته‌كان كردووه(6).
له كۆی ئه‌و پێناسانه‌ی بۆ ده‌سته‌واژه‌ی شوناس “ الهُويَّة ” كراوه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه شوناس بریتییه له هه‌رچی خود “الذات ” دیار ده‌كات و جیای ده‌كاته‌وه له خوده‌كانی تر، هه‌ستكردن به جیاوازی كه‌سێتی، هه‌ستی به‌رده‌وامیی كه‌سێتی، سه‌ربه‌خۆیی كه‌سێتی(7). شوناسی من وه‌ك خود ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تانه‌ی من له تۆ جیاده‌كاته‌وه ده‌گرێته‌وه، شوناسی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌ته خوديی و مێژوویی و كولتوورییانه‌ی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، له نه‌ته‌وه‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و جیاوازیانه نه‌بێت ئیدی مرۆڤه‌كان وه‌ك ماسی ناو ئاو له یه‌ك ده‌چن و جیاناكرێنه‌وه.
مناڵ كه له‌دایك ده‌بێت له قۆناغێكی سه‌ره‌تایی زوو هه‌وڵی دورستكردنی شوناس ده‌دات بۆ خۆی، له میانه‌ی لاسایی كردنه‌وه‌ی كه‌سه نزیك و گرنگه‌كان به‌لایه‌وه، وه‌ك: باوك، دایك، برا گه‌وره‌یه‌ك، مامۆستا…هتد، دواتر له قوناغی هه‌رزه‌كاریدا بیرده‌كاته‌وه كه ده‌بێت كه‌سایه‌تی خۆی جیابێت و شوناسێكی سه‌ربه‌خۆی ببێت، ئیدی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی واده‌نوێنێت كه جیاواز ده‌ركه‌وێت، به‌ڵام به هۆی كه‌م ئه‌زمونی له ژیاندا هه‌ندێك جار به‌شێوه‌ی یاخیبوون و ڕه‌فتاری نا هاوسه‌نگ و دژبه‌یه‌ك ڕه‌نگده‌داته‌وه، دواتر كه قاڵ ده‌بێت، ئه‌زموون په‌یدا ده‌كات، ئه‌و قۆناغه به جێدێڵێت و شوناسی خۆی ده‌دۆزێته‌وه.
به هه‌مان شێوه هه‌روه‌ك تاك شوناسی خۆی هه‌یه، گرووپ و تاقم و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانیش شوناسی خۆیان هه‌یه و ده‌بێت هه‌یانبێت، به‌ئه‌ندازه‌ی گه‌شه‌كردنی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندی مێژوو و كولتووری نه‌ته‌وه‌یی شوناسیش زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند و جیاواز ده‌بێت له ئه‌وانی تر، كه‌واته شوناس ڕشته و مه‌نزومه‌یه‌كی جێگیر و نه‌گۆڕ و كۆتایی نییه، به‌ڵكو پرسێكه و كه‌سب ده‌كرێت، بنیات ده‌نرێت، به‌رده‌وام له گۆران و په‌ره‌سه‌ندندایه، پڕۆژه‌یه‌كی كراوه‌یه به‌سه‌ر داهاتوودا، پڕۆژه و پڕۆسه‌یه‌كی دهستلهملانێیه هه‌م له‌گه‌ڵ واقیع و هه‌م له‌گه‌ڵ مێژووشدا، وه‌ك چۆن ئه‌ركی شوناسه گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان له توانه‌وه و له‌ده‌ستدانی كه‌سایه‌تی بپارێژێت، له هه‌مانكاتدا ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌كانیشه شوناسیان ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن و گه‌شه‌ی پێبده‌ن، دیاره مێژووی هه‌ر گه‌لێك له نوێبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه، پڕه له ڕوداو و ئه‌زموونی تازه، بۆیه شوناسهكهیشی ده‌گۆڕێت و تایبه‌تمه‌ندی و ڕوخسار و خه‌سڵه‌تی تازه په‌یدا ده‌كات، زمان و توخم و ڕه‌گی نه‌ته‌وه “القومية” ته‌نها ڕه‌گه‌ز نین بۆ نه‌خشاندن و پێدانی سیما و تایبه‌تمه‌ندی به شوناس، تا نه‌گۆڕ و چه‌سپاو بێت، به‌ڵكو ده‌رهاویشته و به‌رهه‌مه‌كانی زمانیش ده‌گرێته‌وه، وه‌ك ڕۆشنبیريی، مێژوو، نرخ و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌رهه‌مه فیكريی و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كان، كه ئه‌وانه‌ش به زمان گوزارشتیان لێده‌كرێت و له سه‌رده‌مێك بۆ سه‌رده‌مێك له گۆڕان و په‌ره‌سه‌ندن و دهوڵهمهندبووندان، واته نه‌گۆڕ و چه‌سپاو نین.
به كورتی شوناس بنیات ده‌نرێت و په‌ره‌ده‌سه‌نێت، شتێكی چه‌سپاو و نه‌گۆڕ نییه، منداڵ وه‌ك تاك له‌دایك ده‌بێت نه‌ك وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌ك، كاتێك له‌دایك ده‌بێت بێ شوناس و ناسنامه‌یه، بۆئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌ن شوناس ده‌بێت ڕه‌گه‌زه‌كانی شوناسی له ده‌وروبه‌ری، له‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژى وه‌ربگرێت، دیاره ئه‌و وه‌رگرتنه‌ش سه‌ره‌تا وه‌ك جۆرێك لاسایی كردنه‌وه‌یه و پێویستی به هۆشیاری زیاتری ئه‌و ڕه‌گه‌زانه و په‌روه‌رده‌كردنیان هه‌یه.
بڕگه‌ی دووه‌م/ جۆر و ئاسته‌كانی شوناس:
ڕه‌گه‌زه‌كانی پێكهاتنی شوناس: شوناس دیارده‌یه‌ك، یا ڕاستییه‌كی چه‌سپاو و نه‌گۆڕ نییه وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد، به‌ڵكو گه‌شه ده‌كات و هه‌ندێ ڕه‌گه‌زی تازه‌ی بۆ له‌دایك ده‌بێت، هه‌ندێكی گۆڕانی به سه‌ردادێت، هه‌ندێكیشی چه‌سپاو نه‌گۆڕه، ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تر مرۆڤ ته‌نها یه‌ك شوناسی نییه، به‌ڵكو هه‌ر مرۆڤێك هه‌ڵگری چه‌ند شوناسی له چوون بهناویهكدایه، هه‌ر شوناسهیش ڕه‌گه‌زی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، هه‌ندێك شوناس مرۆڤ ناتوانێت بیانگۆڕێت و به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه و جهعلێكی خواییه، وه‌ك باسی لێوه ده‌كه‌ین.
سه‌ره‌تا شوناسی مرۆڤ بوون: مرۆڤ بوون بۆ خۆی شوناسێكه و مرۆڤ له دورستكراوه‌كانی تری ناو ئه‌و بوونه گه‌وره و گیانله‌به‌ره‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه، ڕه‌گه‌زه‌كانی ئه‌و شوناسه بریتین له: یه‌كه‌م، عه‌قڵ و توانای بیركردنه‌وه. دووه‌م، ویست و توانای هه‌ڵبژاردن.
دواتر مرۆڤه‌كان له‌ناو خۆیاندا خودا دابه‌شی كردوون به‌سه‌ر گه‌ل و زمان و ڕه‌نگ و نه‌ته‌وه‌ی جیاجیا، نه‌ته‌وه‌ش وه‌ك شوناس ڕه‌گه‌ز و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، وه‌ك: زمان، ئایین، مێژوو و سنبوله مێژووییه‌كان، توراسی فیكريی و ڕۆشنبیری…هتد.
هه‌روه‌ها هه‌ندێك جار مرۆڤه‌كان خۆیان پێكهاته و گرووپ و ڕێكخراوی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دورست ده‌كه‌ن، كه ئه‌وانه‌ش شوناسی تایبه‌ت به خۆیان ده‌بێت، پێكهاته و قه‌واره گه‌وره‌كانی وه‌ك ژیاره‌كان _ الحضارات _ ژیاری ئیسلامی، ژیاری مه‌سیحی، ژیاری كۆنفۆشیۆسی، هیند، فارسی و ڕ‌ومانی…هتد، ئه‌وانه‌ش هه‌ریه‌ك بۆ خۆی تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی خۆی هه‌بووه و هه‌یه كه جیای كردۆته‌وه له‌وانی تر.
كه‌واته هه‌ر مرۆڤیك له یه‌ك كاتدا هه‌ڵگری چه‌ند شوناسێكه، هه‌ریه‌ك له‌و شوناسانه ڕه‌گه‌ز و پێكهێنه‌ری خۆی هه‌یه، سه‌ره‌تا مرۆڤ وه‌ك مرۆڤ هه‌ڵگری هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌ته كه مرۆڤ وه‌ك بوونێكی عاقڵ و خاوه‌ن ویست و ئیراده له بوونه‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه، ئه‌نجا مرۆڤ وه‌ك مونته‌می بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی خه‌سڵه‌تی جیاكه‌ره‌وه‌یه له نه‌ته‌وه‌كانی تر ئه‌وه‌ش شوناسێكی تری پێده‌به‌خشێت، مرۆڤ وه‌ك دانیشتوی ناوچه‌یه‌كی جوگرافی دیاریكراو هه‌ڵگری شوناسێكی تره، كه شوناسی نیشتمانییه…هتد.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه گرنگه به‌ر له‌هه‌ر شتێك مرۆڤ بیزانێت و هۆشیاری له هه‌مبه‌ریدا ببێت، ناسینی مرۆڤ بۆ خودی خۆیه‌تی، مرۆڤ خۆی ده‌ناسێت و ده‌یناسێته‌وه، توانا و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌زانێت، ده‌رك به جیاوازیيهكانی خۆی ده‌كات له نێوان جیهانی زینده‌وه‌ران، گیانله‌به‌ره‌كانی تر جگه له مرۆڤ ئه‌گه‌ر بیهێنیته به‌رامبه‌ر ئاوێنه هیچ جۆره ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی نابێت، به‌ڵام مرۆڤ وانییه، (بَلِ الْأِنْسَانُ عَلَى نَفْسِهِ بَصِيرَةٌ وَلَوْ أَلْقَى مَعَاذِيرَهُ)(8). دواتر هه‌ست و ده‌رك كردن به مرۆڤایه‌تی مرۆڤ، واته ده‌رك به مرۆڤبوونی خۆی بكات، وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌ك كه ڕێز لێگیراوه، (قَالَتْ لَهُمْ رُسُلُهُمْ إِنْ نَحْنُ إِلَّا بَشَرٌ مِثْلُكُمْ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَمُنُّ عَلَى مَنْ يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ وَمَا كَانَ لَنَا أَنْ نَأْتِيَكُمْ بِسُلْطَانٍ إِلَّا بِإِذْنِ اللَّهِ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ)(9)، خودا له‌به‌ر ئه‌م مرۆڤبوونه‌ی شكۆ و سه‌روه‌ری له جیهان پێ به‌خشیوه، (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آَدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَى كَثِيرٍ مِمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا)(10)، له جوانترین و قه‌شه‌نگ ترین دیمه‌ن و ڕوخسار دورستی كردووه، (لَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ فِي أَحْسَنِ تَقْوِيمٍ)(11)، لێره‌وه‌یه فه‌رمان به فریشته‌كان كراوه كڕنۆشی ڕێزنان و داننان به شكۆی ئه‌و مه‌خلوقه ناوازه‌یه ببه‌ن، (فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ)(12)، ئه‌نجا پێویستی به ئینتما و خۆدانه پاڵ گروپ و كۆمه‌ڵ، كه مرۆڤ گیاندارێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و به‌ته‌نیا نایكرێت، (هُوَ اجْتَبَاكُمْ وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ مِلَّةَ أَبِيكُمْ إِبْرَاهِيمَ هُوَ سَمَّاكُمُ الْمُسْلِمِينَ مِنْ قَبْلُ وَفِي هَذَا لِيَكُونَ الرَّسُولُ شَهِيدًا عَلَيْكُمْ وَتَكُونُوا شُهَدَاءَ عَلَى النَّاسِ)(13).
قورئان به‌وشێوه باس له مرۆڤ و شوناسی مرۆڤبوون ده‌كات، ماهیه‌ت و چیه‌تی مرۆڤ و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی له دورستكراوه‌كانی تر جیای ده‌كاته‌وه.
بڕگه‌ی سێیه‌م/ گرنگی مێژوو و سنبوله مێژووییه‌كان له به‌خشینی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی:
دورستبوون و دابه‌شبوونی مرۆڤه‌كان به‌سه‌ر نه‌ته‌وه و گه‌له جیاوازه‌كاندا وه‌ك ئاماژه‌مان كرد جهعلێكی خوداییه، ده‌ستی خۆمانی تێدا نییه و پرسمان پێ نه‌كراوه، نیشانه‌یه‌كی ده‌سته‌ڵات و گه‌وره‌یی خودایه (وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِلْعَالِمِينَ)(14).
به‌خشینی هه‌ندێ له‌و خه‌سڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییانه، وه‌ك دیاره به ویستی مرۆڤ نه‌بووه، به‌ڵام هۆشیاری به‌و جیاوازییه تێگه‌یشتن له مه‌رام و حیكمه‌ته‌كانی، كاركردن بۆ ته‌حقیقی ئه‌و مه‌رام و مه‌به‌ستانه كاری مرۆڤه‌كانه، بایه‌خ و گرنگی خۆی هه‌یه، كه ئێمه لێره ناوی ده‌نێین بایه‌خی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی.
بایه‌خ و پێویستی مرۆڤ به شوناس:
ئه‌گه‌ر به ووردی سه‌رنج له قورئانی پیرۆز بده‌ین چه‌ندین ئایه‌تمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه ده‌توانین وه‌ك به‌ڵگه وه‌ریان بگرین له‌سه‌ر ئه‌وه كه مرۆڤ چ وه‌ك تاك، چ وه‌ك گرووپ و تاقم و نه‌ته‌وه و هه‌رجۆره پێكهاته‌یه‌كی تر پێویستی به شوناس، یا ناسنامه هه‌یه، ناسنامه به‌مه‌عنا بوون و پێكه‌وه‌نانی چه‌ند خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌ك كه جیای بكاته‌وه له هاوشێوه‌كانی، تاك له تاكه‌كانی تر، گرووپ له گروپه‌كانی تر، نه‌ته‌وه له نه‌ته‌وه‌كانی تر، ئایین له ئایینه‌كانی تر، ژیار و شارستانييه‌ت له ژیار و شارستانييه‌ت تر، (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى. وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا . إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ . إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)(15) شوناس له پێداویستییه ده‌روونییه‌كانی مرۆڤ و پێداویستییه‌كی به‌رایی هه‌رچه‌شنه ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌گه‌ر ته‌وه‌ر و بنه‌مای ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به دامه‌زراندنی پێوه‌ندی به‌رده‌وام و مانادار له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر بزانین، شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانێكی ئه‌وتۆ پێكدێنێت، به وتنێكی دیكه به‌بێ چوارچێوه‌یه‌ك بۆ دیاریكردنی شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی، تاكه‌كان وه‌ك یه‌كدی ده‌بوون و هیچ كام له‌وان ناتوانن به شێوه‌یه‌كی مانادار و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تری جیاواز په‌یوه‌ندی بگرن، كه‌واته به‌بێ شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ڕاستیدا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بوونی نییه.
شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك ته‌نیا ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تان بۆ پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڕه‌خسێنێت و به‌س، به‌ڵكو مانا به ژیانی تاكه‌كانیش ده‌به‌خشێت، شوناس نه‌ك هه‌ر پڕۆسه‌یه‌كه بۆ خۆناسینی كردهگهره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵكو ماناسازیش به هۆی ئه‌وه‌وه ده‌درێ، له‌م ڕوه‌وه ژماره‌یه‌ك له تیۆریسته‌كان له واتاكردن و چهمكبهندی شوناسدا له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه پێ داده‌گرن، بۆ نمونه مانیوێڵ كاستێل شوناس وه‌ك پڕۆسه‌ی مانا له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كولتووری، یان ده‌سته‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی كلتووری باڵاده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ی مانادا هه‌یه(16)، پێش كاستێل و غه‌یری ئه‌ویش، ده‌سته‌واژه‌ی قورئانی (لِتَعَارَفُوا) ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌گه‌ر شوناسی جیاواز و جۆراوجۆر نه‌بێت تا عارف كه پڕۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری…هتد نێوان مرۆڤه جیاوازه‌كانه بوونی نابێت.
له مێژووی مرۆڤایه‌تی چه‌ندین جار ڕوویداوه كه زلهێزیك گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی تری داگیركردووه و خستویه‌تییه ژێر ڕكێفی خۆی، به‌ڵام نه‌یتوانیوه به ئاسووده‌یی و ئارامی بیباته سه‌ر، به‌ڵكو ئه‌و گه‌له ته‌نها به چه‌كی شوناس و شكۆی خودناسییه‌وه كه‌وتونه‌ته به‌رگريی و لێیان ڕاپه‌ڕیوون و وه‌ده‌ریان ناوون، ئه‌و گه‌له نه‌یتوانیوه ئاوا ده‌سته‌وئه‌ژنۆ بۆی دا‌نیشێت و گه‌لی داگیركا‌ر زمان و كولتوور و ئایین و كه‌سایه‌تی بسڕێته‌وه و مێژوو و سنبوله مێژووییه‌كانی فه‌رامۆش بكات و له بیری نه‌وه نوێكانی بباته‌وه،
شوناس پارێزگاری ده‌كات له‌و پێكبهستانهی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی له كاروانی دورودرێژی مێژووی ژیان به‌كۆ و پێكه‌وه هێشتۆته‌وه، ڕۆژ به ڕۆژ تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی پته‌وتر كردووه، دید و جیهانبینییه‌كه‌ی بۆ بوون و ژیان و ده‌وروبه‌ر یه‌كخستووه، هه‌ڵگری توراس و فه‌رهه‌نگی كه‌ڵه‌كه‌بووی چه‌ندین سهدهیهتی، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی شكۆ و شانازیهكانییهتی، له‌ناو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی تر خۆی پێ جیاده‌كاته‌وه و ده‌دۆزێته‌وه، له‌و كاتانه‌ی گه‌ل و نه‌ته‌وه ده‌كه‌وێته به‌رده‌م گه‌ف و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌یارانییه‌وه ڕۆڵی هاندان و جۆشدان ده‌گێڕێت، به‌ر به توانه‌وه له شوناسی ئه‌وانی تر ده‌گرێت، شوناس ئه‌و زه‌مینه توند و مه‌یدانه به‌هێزه‌یه ده‌شێت هه‌ر قه‌واره‌و بوونێكی له داهاتوودا له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت، به‌مشێوه شوناس ئینتمایه بۆ ڕابردوو به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه كه هاوكار بێت بۆ دورستكردنی داهاتوێكی گه‌شتر و پێشكهتوتر.
جێگه و پێگه‌ی شوناس له ناخی مرۆڤدا به شێوه‌یه‌كه ئه‌گه‌ر گیان و مانای شوناس له بیروباوه‌ڕ و هزری مرۆڤدا لاواز بوو نه‌ك هه‌ر نه‌ما ئه‌وكاته مرۆڤ له ئاستی هیچ شتێك‌دا وه‌فا و ئه‌مه‌كداری نامێنێت.
ڕۆڵی مێژوو و سنبوله مێژووییه‌كان له نه‌خشی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی:
زمان ڕه‌گه‌زێكی گرنگه له پێكهاته‌ی شوناس، ته‌نیا ڕه‌گه‌ز نییه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كانی تر بوونیان نه‌بێت، یا به هێز و ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بن ئه‌وا به‌ته‌نها زمان ناتوانێت نه‌ته‌وه‌كان له توانه‌وه بپارێزێت، نمونه‌ی دیار له‌م بواره گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌مریكای لاتینه، ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی زمانی تایبه‌ت به خۆیان بوون، به‌ڵام نه‌ببوونه خاوه‌ن كولتوور و مێژوويهكی ده‌وڵه‌مه‌ند به ڕه‌مز و سنبول و توراسێكی ئه‌ده‌بی فیكريی و شارستانييان به‌م زمانه به‌رهه‌م نه‌هێنابوو، ئیدی له به‌رده‌م زمانی داگیركه‌ر كه زمانی ئیسپانی بوو خۆیان نه‌گرت و زمانهكهیشیان له بنه‌ڕه‌تدا نه‌ما و ڕهشبۆوه، ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه خهڵكێكیشیان لێمابێته‌وه ئه‌وه زمانی خۆیان نازانن و به ئیسپانی ده‌ئاخڤن.
لای زۆربه‌ی فه‌یله‌سوف و بیرمه‌نده‌كان پێكبهستنهوهیهكی به هێز و توند هه‌یه له نێوان شوناسی نه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ك و مێژوو و كولتوور و سونبوله مێژووییه‌كانی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ك له لایه‌كی تر، شوناس و مێژوو و سنبولهكانی دووانه‌یه‌كی لێكدانه‌بڕاون، شوناسێك له گۆڕێ‌دا نییه و نابێت به‌بێ بوونی مێژوو و توراسێك كه پشتی پێببهستێتو پاڵی پێوه بدات، هه‌روه‌ها ئه‌و مێژوو و توراسهش به‌هایه‌ك په‌یدا ناكات ئه‌گه‌ر نه‌بێته بناغه و بنچینه بۆ بنیاتنانی شوناسێك، ئه‌م دووانه دوو پێكهاته و دوو ڕه‌گه‌زی تهواوكارن.
هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك مێژوو و توراسێكی كه‌ڵه‌كه‌بووی دیار و زانراوی هه‌یه پێی ده‌ناسرێته‌وه، یا ئه‌و مێژوو و توراسه نادیار و نه‌زانراوه ده‌بێت بدۆزرێته‌وه و په‌رده‌ی له سه‌ر لابدرێت، ئه‌و مێژوو و توراسه له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی تر كه‌سایه‌تی و شوناسێكی جیاواز ده‌به‌خشێت به‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه، هه‌ر به‌م شوناسه له نێوان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی تر ده‌ناسرێته‌وه، جا یه‌كسانه پێی بزانێت یا نه‌زانێت یا بیزانێت و خۆی لێ نه‌بان بكات.
ده‌توانم بڵێم ته‌واوی ئه‌و فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندانه‌ی له سه‌ر تیۆریزه‌كردنی پرسی شوناس كاریانكردووه یه‌كده‌نگن كه مێژووی هاوبه‌ش، به‌شداری پێكه‌وه‌یی له دورستكردنی ڕووداوه خۆش و ناخۆشه‌كان، شكست و سه‌ركه‌وتنه‌كان، تێكشاكان و سهروهريیهكان، به‌ره‌وپێش چوون و دواكهتنهكان، پێكه‌وه‌نانی كولتوور و داب و نه‌ریتێكی شارستانى، داهێنان و پابه‌ندبوون به كۆمه‌ڵێك نرخ و به‌های ئه‌خلاقی ڕه‌گه‌زێكی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كییه له پێكه‌وه‌نان و به‌خشینی شوناسێكی هاوبه‌ش به‌و گه‌له كه خاوه‌نی ئاوا مێژووێكی هاوبه‌شه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌يه له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده به دواوه كه به سه‌رده‌می زێرینی ئه‌ده‌بی كوردی و گه‌شه‌كردنی ئه‌ژمار ده‌كرێت و هاوكاته به سست بوون و لاواز بوونی شوناسه گه‌وره‌كان ده‌یان ڕوناكبیر و شاعیری گه‌وره و دیاری تێدا هه‌ڵكه‌وتووه و خزمه‌تی به‌رچاویان كردووه به ده‌رخستنی مێژووی دێرینی كورد و تیشكخستنه سه‌ر سنبوله مێژووییه‌كانی، بۆ ده‌رخستنی بایه‌خی مێژوو و سونبوله مێژووییه‌كان له پڕۆسه‌ی به‌خشینی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی به مرۆڤ دوو نمونه ده‌هێنینه‌وه:
نمونه‌ی یه‌كه‌م، پیره‌مێردی فه‌یله‌سوف و شاعر:
پیره‌مێردی دانا و شاعیر و بیرمه‌ند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ساڵانێكی زۆر له سایه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانی ژیاوه و خزمه‌تی به‌رچاوی كردووه و جێگه‌ی متمانه‌ی خه‌لیفه بووه و نامه‌ی تایبه‌تی بۆ خوێندۆته‌وه و نوسیوه، فه‌رمانبه‌ری باڵای سه‌ڵته‌نه بووه، له پشتیوانانی پاراستی یه‌كێتی مسوڵمانان له سایه‌ی خه‌لافه‌ت بووه(17)، له‌گه‌ڵ زانای ناوداری كورد سه‌عید نورسی ڕێكخراوی “جمعية الاتحاد المحمدى “یان دورستكردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه و ئه‌و شوناسه فراوانه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی له به‌رژه‌وه‌ندی شوناسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كاڵ بوه‌وه و تورك وتی من توركم، فارس وتی من فارسم، عه‌ره‌ب وتی من عه‌ره‌بم، هه‌ریه‌كه و چوو به‌ده‌م خه‌مخواردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی و هه‌وڵی دورستكردن و گه‌شه‌دان به شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا، پیره‌مێردیش كه ئیدی نا‌ئومێد ده‌بێت به‌ته‌واوی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان ده‌ست ده‌كات به خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ی خۆی له‌پێناو نه‌ته‌وه‌كه‌ی و له‌و پڕۆژه و كاره گرنگانه‌ی میانه‌ی گۆڤاری ژیان و ژین ئه‌نجامی داون نوسینه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری مێژووی كورد، یا په‌رده‌لادان له سه‌ر زۆرێك له ڕووداوه مێژووییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، گۆشه‌یه‌كی له ڕۆژنامه‌كه‌ی ته‌رخان كردبوو بۆ ئه‌م پرسه، له‌و گۆشه‌یه‌دا زنجیره وتارێكی ده‌رباره‌ی مێژووی كورد نوسی، مێژووی میرنشینی بابان و خێل و تیره‌كانی جاف و گه‌لێ ڕووداوی مێژوویی گرنگ كه بابه‌تی كتێبێكی گه‌وره‌یه، هه‌روه‌ها كار له سه‌ر ناساندنی سنبول و ڕه‌مزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، وه‌ك دوانزه سواره‌ی مه‌ریوان، مه‌حمود ئاغای شیوه‌كه‌ڵ و هی تریش.
زیندوكردنه‌وه‌ی بۆنه‌ی نه‌ورۆز و ساڵانه ئه‌نجامدانی ڤیستڤاڵ و ئاهه‌نگ به‌وبۆنه‌یه‌وه هه‌ر به‌و مه‌به‌سته بووه، جگه له‌و كارانه پیره‌مێرد هه‌میشه له بیری ئه‌وه‌دابووه و پلانی داناوه بۆ وه‌رگێڕانی هه‌ندێ تێكست و به‌رهه‌می شاعیر و ناودارانی كورد، له‌وانه به‌رهه‌مه‌كانی مه‌وله‌وی تاوگۆزی، تا له‌وێوه به‌كرده‌یی به گه‌لانی تر بڵێت ئێمه‌ش كوردین و ئه‌وه‌تا به‌رهه‌مه عيرفانی و فهلسهفیهكانمان، ئه‌گه‌رچی به‌داخه‌وه له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت پیره‌مێرد وه‌ك پێویست فریای ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی نه‌كه‌وت.
نمونه‌ی دووه‌م، زانا و مێژوونوس محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ:
مێژوونوسی ناوداری كورد محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانی و سه‌رهه‌ڵدانی بیری نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستپێكردنی قوناغی (ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه)یی ئه‌مین زه‌كی ده‌ستیكرد به پڕۆژه‌ی تیۆریزه‌كردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی له میانه‌ی نوسینی پوخته‌ی مێژووی كورد و كوردستان و، مێژووی ناودارانی كورد ….
له پێشه‌كی كتێبه ناودار و بههادارهكهیدا (پوخته‌ی مێژووی كورد و كوردستان)دا ده‌ڵێت: دوای ئه‌وه‌ی وشه‌ی عوسمانی به گشتی بوونی نه‌ما له توركیا و وشه‌ی تورك و تۆرانی جێگه‌ی گرته‌وه، دیاره له‌وكاته‌دا سروشتییه منیش وه‌ك ئه‌وانی تر له ڕه‌گه‌زه نا توركه‌كانی ناو ده‌سته‌ڵاتی عوسمانی هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی جیاوازی به‌هێزم لا دورست ببێت، ئه‌و هه‌سته‌ش پاڵی پێوه‌نام كه ئه‌و هه‌ست و سۆزه نه‌ته‌وییه جیاوازه‌م ئاشكرا بكه‌م و ده‌ر ببڕم.
به‌ڵام له‌ڕاستیدا من خۆم هیچم له‌باره‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه و گه‌له نه‌ده‌زانی كه من یه‌كێكم له ئه‌ندامه‌كان و ئینتيمام بۆی هه‌یه، هه‌رگیز پێشتر ئه‌وه به خه‌یاڵمدا نه‌هاتبوو، نه له‌كاتی خوێندنمدا و نه دواتریش له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌م نه‌ته‌وه‌ی كورد بكۆڵمه‌وه و به‌دواداچوونی بۆ بكه‌م تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌مه‌ی وتم ڕوویدا، چونكه وشه‌ی “عوسمانی” هه‌موو ڕه‌گه‌ز و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌یه‌كسانی ده‌گرته‌وه، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هه‌ست و سۆزی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی سڕكردبوو، هه‌ر بۆیه ناوه‌ناوه له خۆمم ده‌پرسی: ئاخۆ، نه‌ته‌وه‌ی كورد سه‌ر به چ سولاله و نهژادێك بێت؟ سه‌روه‌ری و مێژووه‌كه‌ی چی بێت؟ به‌ڵام نه‌مده‌توانی بگه‌م به‌هیچ وه‌ڵامێك كه لێی دڵنیابم، ناچاربووم پرسیاره‌كه‌م به‌ره‌و ڕووی چه‌ند سه‌ركرده و زانایه‌كی كورد بكه‌مه‌وه، به‌تایبه‌تی دوانیان كه مامۆستای مێژووبوون، كه یه‌كێك له‌م دوانه نه‌ژادی كوردی به‌سته‌وه به ڕیوایه‌تێكی ناجێگیر و سه‌نه‌د لاواز كه گهیانديیهوه به كه‌سێك به ناوی “كوردی كوڕی عه‌مری قه‌حتانی”، ئه‌وه‌ی تریش له دوو مامۆستاكه بنه‌چه‌ی كوردی گه‌ڕانده‌وه بۆ نه‌ژادی جنۆكه‌یه‌ك له جنۆكه‌كان كه پێی وتراوه “جاساد”.
ئه‌و دوو وه‌ڵامه سه‌خیف و بێ مه‌عنا و بنه‌مایه زۆر ئازاری پێگه‌یاندم، ئیدی به‌ڵێنم به‌خۆمدا كه هه‌ر خۆم به ته‌حقیق كردن و ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌م كاره قورسه هه‌ڵسم، هه‌ر خۆم ئه‌و گرێكوێره مێژووییه چاره‌سه‌ر بكه‌م، له‌وكاته‌دا من له ئه‌سته‌نبۆڵ بووم، كه هه‌لێكی له‌بار بوو بۆ ده‌ستكردنم به‌م كاره، ده‌ستپێشخه‌ریم كردوو كاتی پشووه‌كان و دهستبهتاڵیم له‌كاری فه‌رمی ته‌رخان كرد بۆ توێژینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته گرنگ و هه‌ستیاره(18).
سه‌باره‌ت به زیندوو ڕاگرتنی سمبول و ڕه‌مزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئه‌وه‌ش به نوسینه‌وه‌ی مێژووی ژیانیان، له پێشه‌كی كتێبی (ناودارانی كورد و كوردستان، ب1)دا محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی ده‌ڵێت: (مێژوو بۆمان باس له هه‌ندێ گه‌ل و نه‌ته‌وه ده‌كات له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی ژیان ده‌ركه‌وتن بۆماوه‌یه‌كی كورت، یا درێژ، دواتر گوم بوون و كه‌وتنه ئه‌ودیو په‌رده‌ی له‌بیرچوون، خۆ ئه‌گه‌ر به قوڵی وردبینه‌وه له فاكته‌ره بنهڕهتیيهكانی پشت ئه‌و زوو بزربوونهیان، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه توانه‌وه‌یان له‌ناو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی تر و بیرچوونه‌وه‌ی پێشینان و باوان له‌لایه‌ن نه‌وه تازه‌كان و فه‌رامۆشكردنی ژیانی ئه‌وان بووه، ئه‌گه‌ر وه‌ك ده‌ڵێن – مێژوو خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، هه‌ر ده‌وڵه‌تێك له ده‌وڵه‌تان، یا ئوممه‌تێك له ئوممه‌ته‌كان له ڕابردووی خۆی نه‌بان بێت، داهاتووی خۆی فه‌رامۆش بكات، بێگومان چاره‌نوسی له‌ناوچوون و ئاوابوونه، جا له‌به‌رئه‌مه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بیه‌وێت به‌شی خۆی له ژیان ببات و ده‌ستكه‌وێت، پێویسته باش له ڕابردووی خۆی شاره‌زا بێت و لێی وردببێته‌وه، چاكسازیش له‌كار و باری ئێستایدا ئه‌نجامبدات، تا خۆی ئاماده بكات و بتوانێت داهاتوویه‌كی باشتر مسۆگه‌ر بكات، گه‌یشتن به ئاستی به‌رزی گه‌ل و نه‌ته‌وه به‌رزه‌كانی بۆ دابین بكات)(19).
دوای ئه‌وه ڕه‌خنه‌ش ده‌گرێت له‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه كه هه‌ر له ڕابردوو و بۆ ڕابردوو ده‌ژین و ناتوانن، یا ئاماده‌نین مهڵۆێ بخه‌نه سه‌ر ئه‌و خه‌رمانه‌ی پێشینان بۆیان به‌جێهێشتوون، تا هه‌مووی به هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن. دواتر ده‌ڵێت: (نامه‌وێت به‌م بۆچوونه‌م له به‌ها و نرخی مێژوو كه‌م بكه‌مه‌وه و چاو دابگرم له ئاست ڕابردوو، به‌ڵكو من له ناخه‌وه ڕێز و گه‌وره‌ییه‌كی زۆرم بۆ مێژوو هه‌یه، له‌ڕاستیدا مێژوو باسی گه‌وره‌ترین ڕووداو و چیرۆكی بۆ گێڕاوینه‌ته‌وه، دڵی خۆی كردۆته‌وه و كردویه‌تی به لانه و جێگه‌ی سه‌روه‌ریه‌كانی پیاوى گه‌وره و باپیرانمان. ده‌مه‌وێت بڵێم كه من زۆر-ته‌مجیدی ئه‌و ڕابردووه ده‌كه‌م كه یاده‌وه‌ری ئه‌و پیاوه گه‌وره و ناودارانه‌ی كه پێش خه‌ڵكی تر كه‌وتوون بۆ پاراستووین، كه بونه‌ته باشترین نمونه و سه‌رمه‌شق بۆمان له به‌رزی ئاكار و ڕه‌وشتیان، هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئه‌م سه‌ر و ئه‌وسه‌ری گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگیان كردووه، هه‌روه‌ها ئه‌و پاشایانه‌ی ته‌نها به‌ناوهێنانیان ترس و له‌رز ده‌كه‌وته دڵی نه‌یاره‌كانیان، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی كه ئاڵای زانست و فه‌زیله‌تیان به‌رز ڕاگرت تا ئه‌مڕۆ ئێمه بتوانین كه‌ڵك له هزر و كاره‌كانیان وه‌ربگرین، دوای بۆیه‌كردنی به‌بۆیه و سیمای سه‌رده‌م و گونجاندنی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌می خۆمان(20).
ئه‌و دوو دڵسۆزه‌ی گه‌لی كورد، كه كاری جددیان كردووه بۆ ته‌نزیر و بنیاتنانی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورد، به هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاكی كوردی، شارهزاكردنی له مێژوو توراس و ڕه‌مزه مێژووییه‌كانی، ئه‌و سه‌روه‌ری و ده‌ستكه‌وتانه‌ی تۆماریان كردووه، له میانه‌یدا خزمه‌تیان به مرۆڤایه‌تی به گشتی و ئایینی ئیسلام به تایبه‌تی كردووه، محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی یه‌كه‌م كه‌سایه‌تی له ناودارانی كورد به سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی ده‌ستیپێكردووه، پیره‌مێرد له هۆنراوه‌یه‌كدا جه‌ژنی مه‌ولود و بۆنه‌ی نه‌ورۆز تێكه‌ڵ ده‌كات، كه دیاره ده‌یانه‌وێت بڵێن ئایینی ئیسلام ڕه‌گه‌ز و پێكهێنه‌رێكی دانه‌بڕاوه له شوناسی نه‌ته‌وه‌ییمان. هه‌ردوكیشیان ئه‌گه‌رچی تا ئه‌و كاته‌ش، نوسین، به تایبه‌تی نوسینی بابه‌تی مێژوویی كه‌م بوو به زمانی كوردی، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ردووكیان به زمانی كوردی نوسیویانه، ته‌نانه‌ت ئه‌مین زه‌كی گله‌یی و ڕه‌خنه‌ش ئاڕاسته‌ی (شه‌ره‌فخانی به‌تلیسی) ده‌كات كه كتێبه مێژووییه‌كه‌ی (شه‌ره‌فنامه) به فارسی نوسیوه، پیره‌مێردیش هۆنراوه‌یه‌كی خۆشی نوسیوه تێیدا ڕه‌خنه له خوارزاكه‌ی ده‌گرێت كه نامه‌ی به زمانی توركی بۆ خاڵۆی واته پیره‌مێرد نوسیوه(21).
كۆتایی
ده‌كرێت له كۆتاییدا ئاماژه به هه‌ندێك له‌و گه‌ف و مه‌ترسیانه بكه‌م كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت بێنه به‌ر مێژوو و سمبوله نه‌ته‌وییه مێژووییه‌كانی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یا به‌رده‌م شوناس به‌گشتی، كه ئه‌ركی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه به پله‌ی یه‌كه‌م كار بكات بۆ په‌رژین كردن و به‌رگری و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیی و لابردنی ئه‌و گه‌فانه، بیرمه‌ند و ڕوناكبيره دڵسۆزه‌كانیش له ڕووه فیكريی و تیۆرییهكهوه لێببڕێن بۆ پارێزگاری له‌و شوناسه. له ترسی درێژبوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌مان ته‌نها ئاماژه به‌و گه‌ف و مه‌ترسیانه ده‌كه‌ین، ده‌كرێت له ده‌رفه‌تێكی تر به درێژی له‌سه‌ریان بنوسین، له‌و گه‌ف و مه‌ترسیانه‌ش:
1- دزه‌كردن “الاختراق” و كونتێكردنی دیواری شوناس و هاتنه ناوه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زه نامۆكان.
2- لاساییكردنه‌وه و سه‌رسام بوون به نه‌ریت و كولتووری بێگانه و ئه‌وانی تری جیاواز.
3- گۆڕینی مه‌نهه‌جی په‌روه‌رده و فێركردن له‌ژێر فشاری سیاساتی ده‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی.
4-سڕینه‌وه‌ی مه‌شخه‌ڵه شوێنهواريیهكان، 5- ناشیرین كردن، یا بیربردنه‌وه‌ی سنبوله نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
1ـ مقدمة ابن خلدون.
2ـ هه‌وڵمدا له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه ڕیشه‌ی ئه‌و وشه‌یه بدۆزمه‌وه، فه‌رهه‌نگی خاڵ و هه‌نبانه بۆرینه گه‌ڕام، به‌ڵام شتێكی وام ده‌ست نه‌كه‌وت، له هه‌نبانه بۆرینه ته‌نها نوسراوه (شوناس واته شوناسایی) ، له فه‌رهه‌نگی ده‌ریاش كه فه‌رهه‌نگێكی تازه‌ی عه‌ره‌بی كوردییه، له به‌رامبه‌ر وشه‌ی “ الهُويَّة “ی عه‌ره‌بی ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی وتووه: ڕاستی شتێك، پێناسه، خۆی، هه‌ر خۆی، ڕاستی و ته‌واوه‌تی شت. ب2، ل1566. وادیاره هه‌ر وه‌رگێرانی (هُوَ هُوَ)ی عه‌ره‌بییه‌كه‌یه.
3- ڕیشه‌ی وشه‌ی “ الهُويَّة ” له زمانی عه‌ره‌بی به‌پێی قاموس و فه‌رهه‌نگه‌كان له “ هُوَ ” ڕاناوی نه‌لكاوه هاتووه،هُوَ هُوَ، واته ئه‌و خودی خۆیه‌تی.
4ـ ئه‌بو البقا الكهفهوی، الكلیات، مؤسسة الرسالة ناشرون، چ2، 1998، ل961، ده‌قه‌كه‌ی وه‌ك خۆی به عه‌ره‌بی: (وقال بعضهم: الامر المتعقل من حيث انه مقول في جواب (ما هو) يسمى ما هية، ومن حيث ثبوته في الخارج يسمى حقيقة، ومن حيث امتيازه عن الاغيار يسمى هوية، ومن حيث حمل اللوازم عليه يسمى ذاتا)
5- محه‌مه‌د كوڕی شه‌ریف جورجانی، له كتێبی تهعریفاتدا ده‌ڵێت: (الهوية: الحقيقة المطلقة المشتملة على الحقائق اشتمال النواة على الشجرة في الغيب المطلق. الهوية السارية في جميع الموجدًات: مَا إذا أخذ حقيقة الوجود، لا بشرط شي‌ء ولا بشرط لا شي‌ء)، ل216.
6- الفارابی، سه‌یری كتێبی ئهلحروف بكه.
7 –به جیهانیبوون، كولتوور، شوناس، ئه‌حمه‌د گوڵمحه‌مه‌دی، و.عه‌بدوڵڵا به‌هرامی، ل222..
8ـ سوره‌تی الانسان، ئایه‌تی 13.
9ـ سورەتی ئیبراهیم، ئایەتی ١١.
10ـ سوره‌تی ئیسرا، ئایه‌تی 70.
11 – سوره‌تی تین، ئایه‌تی 4.
12 – سوره‌تی حجر، ئایه‌تی 29.
13 – سوره‌تی حه‌ج، ئایه‌تی 78.
14- سوره‌تی ڕوم، ئایه‌تی 22.
15 – سورەتی حوجورات، ئایەتی ١٣.
16ـ ئه‌حمه‌د گوڵمحه‌مه‌دی، به‌جیهانی بوون، ل223.
17- ئه‌و بۆچوونه‌ی له زۆرێك له پهندهكان ڕه‌نگده‌داته‌وه، هه‌روه‌ها وه‌ك محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاوار ده‌ڵێت: پیره‌مێرد زۆر كاریگه‌ر بووه به شاعیر و بیرمه‌ندی تورك نامیق كه‌مال، كه ئه‌ویش یه‌كێكه له پێشه‌نگانی وه‌حده‌تی ئیسلامی.
18 – پێشه‌كی كتێبی -خلاصه تاریخ الكرد وكردستان-، لاپه‌ڕه ح-ط ، نوسخه‌ی عه‌ره‌بی. به‌داخه‌وه له‌وكاته‌ی ئه‌و بابه‌ته‌م نووسی نوسخه كوردییهكهيم لا نه‌بوو، ناچار له عه‌ره‌بییه‌كه وه‌رمگرت و وه‌رمگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی.
19 – محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ، ناودارانی كورد و كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، لاپه‌ڕه ا. به داخه‌وه نوسخه‌ی كوردیم لا نه‌بوو، به‌ناچاری ئه‌و ده‌قانه‌م دوای وه‌رگێڕان بۆ زمانی كوردی له نوسخه عه‌ره‌بیه‌كه وه‌رگرت.
20 – محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ، ناودارانی كورد و كوردستان، نوسخه‌ی عه‌ره‌بی، ب1، أ.
21 – مستۆ وادیاره تۆش جلخوار ئه‌كه‌ی
ئه‌ستۆت ئه‌خورێ و مه‌یلی بار ئه‌كه‌ی
نامه ئه‌نوسیت به زمانی توركی
له میللیه‌تدا مایل به توركی
ئێمه كه كوردین له‌لامان وایه
كوردی زبانێكه زۆر بێهاوتایه
یۆ خۆندنه‌وه‌ی ته‌واوی شیعره‌كه بگه‌ڕێوه بۆ (ئومێد ئاشنا: پیره‌مێرد و پێداچوونه‌وه‌یه‌كی نوێ به ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی، ب1، ل180)