كورد له دۆزه‌خی په‌یماننامه‌كاندا
ئاماده‌كردنی: زاهیر سدیق
به‌شی یه‌كه‌م
پێشه‌كی
په‌یمانی ئه‌ماسیا
دابه‌شكردنی كوردستان پرۆژه‌یه‌كی درێژخایه‌ن بووه داگیركه‌رانی نیشتمانی كورد خۆیان پێوه ماندووكردوه، به‌درێژیی مێژوو خاكی كوردستان بووه به‌گۆڕه‌پانی ململانێی زلهێزه‌كان جگه له‌ماڵ وێرانی ونه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختی وكوشتارو دابه‌شبوون هیچی تری بۆ كورد نه‌هێناوه، یه‌كه‌م په‌یمانی فه‌رمی كه له‌نێوان سه‌فه‌وی و عوسمانی‌دا به‌سترا و تێیدا هێڵه سنوورییه‌كان كه‌وتنه ناو خاكی كوردستانه‌وه، په‌یمانی ئهماسییابوو له‌ڕێكه‌وتی 29ی مایسی1555 له‌شاری ئه‌ماسیا له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌نادۆڵ، یه‌كه‌مین ڕێكه‌وتننامه‌ی ئاشتی نێوان عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان له‌نێوان سوڵتان سوله‌یمانی عوسمانییه‌كان و شا ته‌هماسبی سه‌فه‌وی مۆركرا، له‌سه‌رچاوه دیرۆكییهكانهوه باسكراوه به‌پێی ئه‌م ڕێكه‌وتنه ویلایه‌ته‌كانی ئازربایجان و ئه‌رمه‌نستانی ڕۆژهه‌ڵات و گورجستانی ڕۆژهه‌ڵات بۆ سه‌فه‌وی و گورجستانی ڕۆژئاوا و نێوان دوو ڕووباری عێراق درایه عوسمانی، به‌پێی ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه شاری قارس به‌ناوچه‌ی بێلایه‌ن دانرا، ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌ماسیا پێی له‌سه‌ر چوار خاڵ داگرت كه بریتی بوون له: 1-گێڕانه‌وه‌ی ویلایه‌تی قارس و قه‌ڵای قارس كه له‌ژێر ده‌ستی سه‌فه‌وییه‌كاندا بوو بۆ ژێر ده‌سته‌ڵاتی عوسمانی
.2 – دیاری كردنی سنووری ویلایه‌تی شاره‌زوور كه كێشه وههرایهكی زۆری له‌سه‌ر بوو له‌نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی سه‌فه‌وی دا.
3- دابینكردنی سه‌لامه‌تی حاجی و گه‌شتیاره ئێرانییه‌كان له لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه كه ده‌چوون بۆ زیاره‌تی ئیمامه‌كانی شیعه له‌عێراق
.4 – له‌م ڕێكه‌وتنه‌دا هه‌ردوولا هه‌ڵهاتوانی یه‌كتری نه‌گرنه خۆیان.
عوسمانیه‌كان پانتاییه‌كی زۆر فراوانی كوردوستانیان به‌ركه‌وتووه
مامۆستا هه‌ستیار محه‌مه‌د: زیانه‌كانی په‌یماننامه‌ی ئه‌ماسیا زۆرخاڵ ئه‌گرێته خۆی، به‌ڵام له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه یه‌كه‌م په‌یماننامه‌یه سنووری كوردی تێدا دیاریكراوه، سنووری كوردستانی تێدا به‌شكراوه له‌نێوان هه‌ردوو ده‌سته‌ڵاتی سه‌فه‌وی و عوسمانی، ڕاسته سه‌فه‌وییه‌كان به‌شێكی كه‌متری كوردستانیان به‌ركه‌وتووه، به‌ڵام عوسمانییه‌كان پانتاییه‌كی فراوانی كوردستانیان به‌ركه‌وتووه.
سنوری كوردستانیان دابه‌ش كرد
د. حه‌سیب مه‌حمود: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوڵتانی عوسمانی بهفراوانخوازیهكانی ناوچه‌كانی ئه‌وروپاوه سه‌رقاڵ بوو، گه‌ره‌كی نه‌بوو به‌لای كێشه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی دا بچێت، بۆیه پێی باش بوو ئه‌گه‌ر بۆماوه‌یه‌كی كاتیش بێت ڕێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی دا بكات. هه‌ر ئه‌وه بوو ئیتر له‌شاری ئه‌ماسیا له‌ساڵی 1555 له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی دا رێكه‌وتنێك بكات له‌سه‌ر دیاریكردنی سنووره‌كانی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت و زیاتر ناوچه‌كانی سنووری شاره‌زوور له‌گه‌ڵ ئه‌رزه‌رۆم و قارس، له‌و ناوچانه‌دا سنوری كوردستانیان دابه‌ش كرد، بۆیه ئه‌كرێت بڵێین په‌یماننامه‌ی ئه‌ماسیا یه‌كه‌م په‌یماننامه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌سه‌ر كاغه‌ز سنوری كوردوستانی دیاری كردووه.
له‌رێگه‌ی ئاینه‌وه شه‌ڕی خۆیان به‌خه‌ڵك كرد
مامۆستا هه‌ستیار محه‌مه‌د: خواستێكی سیاسی و سه‌ربازی و خواستێكی زۆر گه‌وره‌ی ئابووری له‌گه‌ڵدا بووه، به‌ڵام زیاتر له‌رێگه‌ی ئاینه‌وه خه‌ڵكیان بۆ بازنه‌ی شه‌ڕه‌كانی خۆیان ڕاكێشاوه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی به‌و شێوازه ئاڕاسته‌یان بكه‌ن، ئایا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی لایه‌نی ئابووری خۆیانه؟ بۆ فراوانكردنی پانتایی ڕووبه‌ری خۆیانه؟ بۆیه مه‌لا ئیدریسی به‌دلیسی هه‌ڵسا به‌ڕازی كردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌كورد، له‌و كاته‌دا كورد هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی بۆ ده‌سته‌به‌ركراوه، راسته ئه‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك پێی ئه‌وترا سه‌ربه‌خۆیی، واته ده‌سته‌ڵاتی میرایه‌تی، به‌ڵام ئه‌مه بۆ یه‌كه‌مین جاره كورد ئه‌كرێته ناو تۆماره‌كانی عوسمانییه‌وه، یه‌كه‌مین ویلایه‌تی كوردی له‌دوای جه‌نگی چاڵدێرانه‌وه له‌ساڵی 1527 وه دروست ئه‌كرێ، ئه‌مه‌ش له‌دوای جه‌نگی چاڵدێرانه‌وه بهئاڕاستهكردنی ئه‌و كه‌سایه‌تییه كه نێوه‌ندگیریی عوسمانی و میرهكوردهكان بوو، توانای هه‌بووه ئه‌م كاره بكات، یه‌كه‌م ویلایه‌تی كوردی به‌ناوی ویلایه‌تی دیاربه‌كره‌وه یان ئامه‌د ئه‌كه‌وێته ناو تۆماره‌كانی عوسمانییه‌وه. له‌ساڵی 1520 ناوی دیاربه‌كر لهتۆمارهكانی عوسمانی‌دا وه‌ك ناوچه‌یه‌كی كوردی دانراوه، دواتر له‌ساڵی 1527 دا ئه‌م ویلایه‌ته به‌هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌رییه‌وه یه‌كلایی بووه‌وه، له‌ماوه‌ی جه‌نگه‌كه‌شدا پێش به‌ستنی په‌یمانی ئه‌ماسیا له‌ساڵی 1534 تا1547 چوار ویلایه‌تی تری كوردی دروست ئه‌كرێ كه یه‌كه‌مین جاره بكه‌وێته سنووری عوسمانییه‌وه، ئه‌م ناوچانه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر نیمچه سه‌ربه‌خۆبوون، چونكه عوسمانیه‌كان ئاڕاسته‌ی فراوانخوازییان بۆ ئه‌و ناوچانه نه‌بردووه، ویلایه‌تی ئه‌رزه‌رۆم، ویلایه‌تی وان، ویلایه‌تێكی دیكه‌مان بۆ دروست ئه‌كرێ به‌ناوی ویلایه‌تی موسڵ وه، ویلایه‌تی شاره‌زوور، ویلایه‌تی شاره‌زوور سنوری پێ یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه، جا ئه‌مه‌ش وای له‌كورد كرد مه‌یلی بۆ عوسمانی هه‌بێ هه‌م له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه و هه‌م له‌ڕووی ئابوورییه‌وه.
شا ئیسماعیل له‌گه‌ڵ ئه‌ماراته كوردیه‌كاندا زۆر توندوتیژ بوو
د. حه‌سیب مه‌حمود: پێش په‌یماننامه‌ی ئه‌ماسیا شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر خاكی كوردستان بوو، له‌ڕووی ستراتیژییه‌وه یاخود جوگرافییه‌وه سنووری ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌یه ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی و ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ناوچه‌كانی كوردستاندا به‌ریه‌ك ئه‌كه‌وتن، واته عوسمانییه‌كان به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌بووه تا عێراقی ئه‌مڕۆ و ناوچه‌كانی باشوور. ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌ویش به‌هه‌مان شێوه سنووره‌كانیان له‌ناوچه‌كانی كوردستان به‌ریه‌ك ئه‌كه‌وتن، ئه‌گه‌ر بێین لایه‌نێكی تری ئه‌مه لهیهكبدهینهوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێش په‌یماننامه‌ی ئه‌ماسیا كۆمه‌ڵێك ئه‌ماره‌تی سه‌ربه‌خۆ له‌ناوچه كوردییه‌كاندا هه‌بوون، سه‌رۆك هۆزه‌كان سه‌رۆكایه‌تیان ئه‌كرد به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه سه‌ربه‌خۆ كاروباری خۆیان به‌ڕێوه ئه‌برد، به‌ڵام كه ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی هات و شا ئیسماعیل له‌گه‌ڵ ئه‌ماراته كوردیه‌كاندا زۆر توندوتیژ بوو، به‌رده‌وام هێرشی ده‌كرده سه‌ریان له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌ماره‌ته كوردییه‌كان ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زۆریان له شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی هه‌بوو، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له‌ڕووه ئاینیهكهوه له‌یه‌كدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین زۆربه‌ی كورده‌كان سوننه مه‌زهه‌بن و هه‌رچی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییه شیعه مه‌زهه‌بن، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی تربوو. ئه‌ماره‌ته كوردییه‌كان بۆ هه‌لێك یاخود بۆ لایه‌نێكی تری هاوپه‌یمان ئه‌گه‌ڕان دژی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی بێت، ده‌وڵه‌تی عوسمانیش ئه‌و هه‌له‌ی قۆسته‌وه كه ده‌وڵه‌تۆكه كوردییه‌كان به‌لای خۆیدا ڕابكێشێت، بۆ ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی مه‌لا ئیدریسی به‌دلیسیه‌وه له‌ساڵی 1515 واته ساڵێك له‌دوای شه‌ڕی چاڵدێران مه‌لا ئیدریسی به‌دلیسی به‌نوێنه‌رایه‌تی سوڵتانی عوسمانی له‌گه‌ڵ ئه‌ماره‌ته كوردییه‌كاندا رێكده‌كه‌وێت، له‌به‌نده‌كانی ڕێكهوتننامهكهشدا باسی ئه‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر شه‌ڕ ڕووبدات پێویسته كورده‌كان پشتیوانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه له‌و به‌نده‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت زۆربه‌ی ئه‌ماره‌ته كوردییه‌كان و سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌شه‌ڕه‌كاندا پشتگیری ده‌وڵه‌تی عوسمانیان كردوه.
وه‌ك كارتی فشار دیلی یه‌كتریان به‌كار ئه‌هێنا
مامۆستا هه‌ستیار محه‌مه‌د: به‌پێی په‌یماننامه‌ی ئه‌ماسیا یه‌كێك له‌خاڵه‌كانی كه زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌یه نهعوسمانیهكان نهسهفهویهكان نابێ په‌نابه‌ره‌كانی یه‌كتری بگرنه خۆیان، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند شتێك یه‌كێك له‌وانه هۆكاری پێش ڕوودانی په‌یمانی ئه‌ماسیا هه‌ڵهاتنی كه‌سی زۆر گه‌وره‌كان چ له‌به‌ره‌ی عوسمانی و چ له‌به‌ره‌ی سه‌فه‌وییه‌كان په‌نادراون و وه‌كو كارتی فشار به‌رامبه‌ر یه‌كتری به‌كار هێنراون، یه‌ك له‌وانه براكه‌ی(شا ته‌هماسب)بوو، هانیاندا ناوچه‌ی شێروانه كۆنتڕۆڵ بكات، كاتێكیش شا ته‌هماسب كۆنتڕۆڵی ئه‌و ناوچه‌یه ئه‌كات، براكه‌ی دنه ئه‌درێت بچێته ئه‌و ناوچه‌یه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌چێته ناوچه‌كه داوای ده‌سته‌ڵات ئه‌كات، یه‌ك له‌وانه‌ی كه زۆر دنه‌ی ئه‌دات سوڵتان سوله‌یمانی قانونی بووه، به‌هه‌مان شێوازی سیاسی شا تههماسبیش ئه‌یه‌وێ هه‌مان كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر سوڵتان سوله‌یمانی قانونی به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر سانمرای كه‌لای ئه‌و وه‌كو دینێك وایه، وه‌ك كارتی فشار به‌كارئه‌هێنرێ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌و به‌نده دائه‌نرێ تاوكو ئیتر نه‌توانن وه‌كو كارتی فشار دیلی یه‌كتری به‌كاربهێنن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه بۆ ڕاگرتنی ئاسایشی ناوچه‌كه، ویلایه‌تی شاره‌زوور وه‌ك سنوورێك له‌نێوانیان دانراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی ئه‌و ناوچه‌یه بپارێزن و جموجۆڵ له‌وێدا ڕووندات و هه‌ركاتێك خه‌ڵكی ئه‌م لایه له‌و سنوره‌ی كه خۆیان ده‌ستنیشانیان كردووه هی عوسمانییه‌كان بچێته لای سه‌فه‌وییه‌كان یا هی سه‌فه‌وییه‌كان بچێته لای عوسمانییه‌كان ئه‌وه به‌خاڵی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئاشتی دائه‌نرێت.
رێكه‌وتننامه بۆ دابه‌شكردنی خاكی كورد
د. حه‌سیب مه‌حمود: كێشه‌كه له‌وه‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌دا كاتێ ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته سنووری نێوان خۆیان دیاری ئه‌كه‌ن له‌ئه‌نجامی شه‌ڕو شۆڕی نێوان خۆیاندا له‌سه‌ر حسابی میلله‌تێكی تر سنوور دیاری ئه‌كه‌ن، دیاریكردنی سنوور و له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شاره‌زوور كورد زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م بووه، ئه‌مه وای كرد ئه‌و خه‌ونه‌ی كورده‌كان هه‌یان بوو بۆ دروستكردنی كیانێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌یاته‌دی، ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌ماسیا و دابه‌شكردنی سنوور له‌ناوچه‌ی شاره‌زوور بووه هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕێكه‌وتنێكی تر به‌دوای خۆیدا بهێنێت كه زیاتر جه‌ختكردنه‌وه بوو له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كوردستان.
فراوان كردنی رووبه‌ری عوسمانی به‌ئاڕاسته‌ی سه‌فه‌ویدا
مامۆستا هه‌ستیار محه‌مه‌د: دیاریكردنی سنووری ویلایه‌تی شاره‌زوور كه جه‌خت له‌سه‌ر چی ئه‌كاته‌وه؟ بڵێین پانتایی سنووری سه‌فه‌وی تا كوێ ئه‌ڕوا له‌ئاڕاسته‌ی ڕۆژئاوای ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی دا كه ده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی واته دیاریكردنی ویلایه‌تی شاره‌زوور، ئه‌م ڕووبه‌ره چه‌ندی به‌ر سه‌فه‌وی بكه‌وێت ئه‌وه‌نده پانتایی ئیمبراتۆریه‌تی سه‌فه‌وی دیاری ئه‌كرێت، پانتایی سه‌فه‌وی تا ئه‌و سنووره‌یه، تا چه‌ند زیاتری به‌ر عوسمانی بكه‌وێت پانتایی عوسمانی له‌لای سه‌فه‌وی له‌م خاڵه‌دا كۆتایی دێت. واته فراوان كردنی رووبه‌ری عوسمانی به‌ئاڕاسته‌ی سه‌فه‌ویدا، سنوری ویلایه‌تی شاره‌زوور به‌و شێوازه دیاری ئه‌كرێت و ئه‌بێ چه‌ند شتێكی تێدا بپارێزن یه‌ك له‌وانه ئاشتی ده‌بێ لهئهماندابێ و پارێزگاریی لێ بكرێت، چونكه حاجییه‌كانی سه‌فه‌وی به‌و ناوچانه‌دا تێده‌په‌ڕین، ئیتر بۆ ناوچه‌كانی نه‌جه‌ف وكه‌ربه‌لا ئه‌چن كه حه‌جی شیعه‌كانه؟ یان ئه‌چن بۆ ناوچه‌كانی حیجاز؟ له‌به‌ر ئه‌وه جه‌ختیان لهپارێزراوی ناوچه‌كه كردوه‌ته‌وه، به‌شێوازێك كه ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێكی سه‌فه‌وی یا كه‌سێك له‌لای سهفهویهكانهوه به‌ره‌و ناوچه‌كانی عوسمانی هات ئه‌وه ئه‌ركی سه‌رشانی عوسمانییه‌كانه كه ته‌ندروستی یاخود هه‌موو بارودۆخێكی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه وه‌كو بازرگانێك یا وه‌كو حهجاجێك له‌ناوچه‌كه‌دا بپارێزرێت.
لهئهمارهته كوردییه‌كان ده‌ترسان
د. حه‌سیب مه‌حمود: ڕاسته هه‌ر دوولا دوژمنی یه‌كتری بوون وشه‌ڕو شۆرهكانیان له‌سه‌ر خاكی كوردستان ماوه‌یه‌كی زۆری خایاندووه، له‌ده‌سته‌ڵاتی ئه‌ماره‌ته كوردییه‌كان زۆر ده‌ترسان به‌تایبه‌ت له‌و كاتانه‌دا كۆمه‌ڵێ ئه‌ماره‌تی كورد هه‌بوون حوكمی ناوچه‌كانی خۆیان به سه‌ربه‌خۆیی ئه‌كرد، ئه‌و سه‌رۆك هۆز و ئه‌میره كوردانه شۆڕش بكه‌ن و جه‌نگ دژی لایه‌نه‌كه‌ی تر یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه، یان ئه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی پاڵ بده‌ن به‌ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه سه‌ر ئێشه و شه‌ڕو شۆڕ بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی دروست بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش بۆ ده‌وڵه‌تی عوسمانی، له‌به‌ر ئه‌وه مه‌به‌ستیان بوو به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌نگی ناڕه‌زایی ئه‌ماراته كوردییه‌كان كپ بكه‌ن، بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ونی كورده‌كان بۆ سه‌ربه‌خۆی هه‌بوو.
په‌یمانی زه‌هاو
شه‌ڕ و ململانێ له‌نێوان هێزه‌كانی عوسمانی و سه‌فه‌ویدا به‌رده‌وام بوو خاكی شه‌ڕه‌كه‌ش سه‌ر زه‌مینی كوردستان بووه، له‌گوند و شاره‌كانی كوردوستاندا خاپووركردن وپێشێلكاری ڕوویدا، هه‌ر دوو زلهێزه‌كه بۆ فراوانكردنی سنووری ده‌سته‌ڵاتیان مافی گه‌لی كورد وكوردستانیان فه‌رامۆش كردبوو، ئه‌م شه‌ڕ و كاولكارییه‌ی نێوان هه‌ردوو هێزه‌كه نه له‌سه‌رخاكی خۆیان بوو نه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی خاكی خۆیان بوو. به‌ڵكو بۆ داگیركاری بوو. پاش شه‌ڕی چاڵدێران له‌ساڵی 1633دا دانوستان ڕوویدا له‌نێوان ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی به‌ئاماده‌بوونی شا عه‌باسی یه‌كه‌م و ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ئاماده‌بوونی سوڵتان مورادی چواره‌م په‌یمانی زه‌هاو یاخود په‌یمانی گولستان مۆركرا، ئه‌م په‌یمانه شوومه به وه‌رچه‌رخانێكی پڕ مه‌ترسی دێته ئه‌ژمار، ئه‌م په‌یمانه نه‌ته‌وه‌ی كورد و خاكی كوردستانی كرد به‌دوو به‌شه‌وه، كورد وه‌ك ئامرازێك بۆ پاراستنی حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌ردولا به‌كار ئه‌هێنرا، به‌پێی به‌نده‌كانی په‌یماننامه‌ی زه‌هاو زه‌وییه‌كانی هۆزی كه‌لهوڕ و خۆرهه‌ڵاتی ناوچه‌ی شاره‌زوور له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی بمێنێته‌وه زه‌وییه‌كانی هۆزی موكری له‌سه‌ر هێڵی سنووری نوێ بكرێت به‌دوو به‌شه‌وه.
یه‌كه‌م: ناوچه‌ی شاره‌زوور له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی عوسمانی بمێنێته‌وه.
دووه‌م: ناوچه‌كانی سهقزو سه‌رده‌شت و بانه‌و زه‌هاو تا باشووری كرماشان چاره‌نووسی بۆ په‌یمانی داهاتوو بمێنێته‌وه، شوێنه‌كانی نزیك به‌م ناوچانه له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، هیچ لایه‌نێك یارمه‌تی هۆز وتیره یاخیبووه‌كان كه مه‌به‌ست لهكوردهكانه نه‌ده‌ن و نهیانكهن به‌گژ یه‌كتریدا، شای سه‌فه‌وی به‌ڵێن بدات په‌لاماری قه‌ڵاكانی ناوچه سنورییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی نه‌دا، به‌پێی ئه‌م په‌یماننامه‌یه كوردستان كرا به‌دوو به‌شه‌وه به‌شی خۆرهه‌ڵاتی خرایه سه‌ر ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی و به‌شه‌كانی تری له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا مایه‌وه‌و له‌ڕووی كارگێڕی گشتیه‌وه به‌سترانه‌وه بهئهستهنبوڵ.
كورد له‌نێوان دۆزه‌خی رێكهوتننامهكاندا
د.پشكۆ حه‌مه تایه‌ر ئاخجه‌له‌ری: كوردستان به‌درێژایی مێژوو به‌تایبه‌تی دوای دروست بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی له‌ساڵی 1501بووه ناوچه‌ی ململانێی نێوان دوو ئیمبراتۆریه‌ته، ئه‌ویش سه‌فه‌وی و عوسمانی بوو. هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنی كوردستان كه نزیكه‌ی سه‌د میلی سنووری عوسمانی و سه‌فه‌وی پێك دێنێ، به‌پێی ئه‌م په‌یماننامه‌یه وه‌ك ده‌زانرێ له‌ساڵی 17 مایسی 1639 دا به‌سترا هۆكاری به‌ستنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له‌نێوان ئه‌م دوو ئیمپراتۆریه‌ته‌دا دروستبوو، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لایان له‌شه‌ڕكردن هیلاك بوون، هه‌رچه‌ند پێشتریش له‌چه‌ند هودنهیهكی سه‌ربازی كه هه‌ندێ جار ناوی ڕێكهوتننامهشی لێنراوه، وه‌ك ئه‌ماسیا، وه‌ك نه‌ورۆز، وه‌ك سه‌راو، وه‌ك هودنهكانی (611) و(613) هیچیان نه‌یانتوانی بوو په‌یماننامه‌یه‌كی وا له‌سه‌ر سنوور بهێننه‌كایه‌وه، بۆیه له‌و كاته‌ی سوڵتان مورادی چواره‌م له‌ساڵی1638 دا هێرشی كرده سه‌ر به‌غدا و داگیركرد، سه‌فه‌وییه‌كان به‌ره‌و لاوازی چوون نوێنه‌ری خۆیان نارده لای عوسمانییه‌كان تا بتوانن سوود له‌كات وه‌ربگرن، جا له‌و حاڵه‌تانه‌شدا عوسمانییه‌كان به‌ئاسانی ڕازی نه‌بوون. ئه‌وه بوو چه‌ند نوێنه‌رێكی سه‌فه‌وی چوونه لای سه‌دری ئه‌عزه‌می ئه‌و كاته‌ی ویلایه‌تی به‌غدا و دواتر سوڵتانی عوسمانی ڕازیبوو، ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه له‌نێوانیاندا ببه‌سترێت، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌كه ببه‌سترێت چه‌ند مه‌رجێكیان هه‌بوو ده‌یانوت ده‌بێ مه‌رجه‌كانمان قبوڵ بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئێمه ئاماده‌نین ڕێكهوتنتان له‌گه‌ڵدا ببه‌ستین، ئه‌وه بوو ساروخان كه خۆی ناوی (سالم میرزایه) له‌و كاته‌دا شای سه‌فه‌وییه‌كان بوو، له‌گه‌ڵ سوڵتان مورادی چواره‌م له زه‌هاو له17 مایسی 1639 په‌یماننامه‌ی زه‌هاب یاخود زه‌هاو هاته كایه‌وه، زه‌هاب یه‌كێكه له‌ناوچه گرنگه‌كانی نێوان ئیمپراتۆریه‌تی سه‌فه‌وی و عوسمانی له‌كاتی به‌ستنی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌دا سوڵتانی عوسمانی له‌وێ دانیشتووه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو ڕێكه‌وتننامه‌كه ناونرا زه‌هاب، یاخود زه‌هاو.
زه‌هاو بووه به به‌شێك له‌مێژوو
د. كه‌یوان ئازاد: كوردستان تا پێش 1639 له‌نێوان سه‌فه‌وی و عوسمانی‌دا دابه‌شكرابوو، به‌شێكیشی به‌ر ڕوسیای قه‌یسه‌ری كه‌وتبوو، به‌ڵام له‌واقیعدا ئه‌م دابه‌شكردنه دابه‌ش كردنێكی رووكاریی بوو، واته یاسای له‌پشته‌وه نه‌بوو، بۆچی له23ئابی 1514 شه‌ڕی چاڵدێران روویدا؟ له‌شه‌ڕی چاڵدێراندا عوسمانییه‌كان سه‌ركه‌وتن سه‌فه‌ویه‌كان تێك‌شكان دوای شه‌ڕی چاڵدێران سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌م كوردستانی باشوور و خۆرئاوای ئه‌گرت و باكووریشی بۆ خۆی برد، كوردستانی خۆرهه‌ڵات كه‌وتنه ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی سه‌فه‌وییه‌وه، به‌ڵام هه‌ر بهناوبوو، له‌واقیعدا ده‌ستی عوسمانییه‌كان و سه‌فه‌وییه‌كان نه‌گه‌یشته كوردستانه‌كه‌ی ئێمه به‌واقیعی كورد خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، به‌ڵام ئه‌م خۆبهڕێوهبهرهییهی كورد سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی بوو، جا په‌یمانی زه‌هاو به‌فه‌رمی بهڕێكهوتننامهیهكی گه‌وره‌ی عوسمانی و سه‌فه‌وی بوو واژۆیان كرد، كه به‌فه‌رمی سنووره‌كان له‌یه‌كتر جیابكرێته‌وه، زه‌هاو یه‌كه‌مین ڕێكه‌وتننامه‌یه به‌فه‌رمی دوو ده‌سته‌ڵاتداری گه‌وره له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ڕێك ئه‌كه‌ون بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستوره‌كانی نێوانیان، واته به‌ردی بناغه‌ی دابه‌شكردنی كوردستانیان داڕشت، زه‌هاو قۆناغێكی تازه‌ی هێنایه ئاراوه به‌كورتی سنوره‌كانی نێوانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌هێزترو قایمتركرد، بۆیه وه‌لانانی زه‌هاو كارێكی قورسه، بۆچی قورسه؟ له‌ڕاستیدا له‌ڕووی سیاسیه‌وه پیرۆز نییه، سنووره‌كان هه‌موی ده‌ستكردن، دوو ده‌وڵه‌ت كۆبونه‌ته‌وه و سنووریان جیاكردۆته‌وه، دوو ده‌وڵه‌ت كه ئێستا هیچیان نه‌ماون، نهعوسمانی نهسهفهوی، بۆیه ئه‌م سنووره دواجار ئه‌گۆڕێ به‌سنووری تر، به‌ڵام زه‌هاو بووه به به‌شێك له‌مێژوو، بناغه‌یه‌كی تازه‌ی كوردستانی داڕشت، بمانه‌وێ فه‌رامۆشی بكه‌ین، فه‌رامۆش ناكرێ، چونكه ڕێكه‌وتننامه‌ی تری به‌دوادا هاتووه.
له‌كاتی شه‌ڕدا كوردستان ناوچه‌ی شه‌ڕبووه
د.پشكۆ حه‌مه تایه‌ر ئاخجه‌له‌ری: وه‌ك ده‌زانرێت چ له‌كاتی شه‌ڕدا چ له‌كاتی ئاشتیدا له‌نێوان ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌ویدا كه هه‌میشه كاریگه‌ریی به‌سه‌ر كوردستانه‌وه هه‌بووه، له‌كاتی شه‌ڕدا ناوچه‌كانی كوردستان بۆ هه‌ر دووكیان ناوچه‌ی شه‌ڕبووه، زه‌وی وزاره و خاكی كوردستان سوتێنراوه، هه‌روه‌ها هێزی سه‌ربازی جه‌نگاوه‌ری كورد هه‌م له‌نێو عوسمانی‌دا هه‌بووه هه‌م له‌نێو سه‌فه‌ویدا، ئه‌مه‌ش زیانێكی تر بوو له‌كورد كه‌وتووه، شه‌ڕ هیچ خێر‌و بێرێكی بۆ ئه‌م میلله‌تانه نه‌هێناوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌كاتی ئاشتیشدا ئه‌م دوو ده‌سته‌ڵاته هه‌م عوسمانی وههم سه‌فه‌وی هه‌وڵیان داوه زۆرترین قازانج له‌ناوچه‌كانی كوردستان بۆ خۆیان ببه‌ن، ئێمه كاتێك سه‌یری به‌نده‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌ی زه‌هاو ده‌كه‌ین ده‌بینین كاریگه‌ری یه‌كجار خراپی له‌سه‌ر ناوچه كوردیه‌كان به‌جێهێشتووه، بووه به‌هۆی به‌شكردنی هێزه كوردییه‌كان له‌نێو خۆیاندا، بۆ نموونه هۆزێكی گه‌وره‌ی وه‌ك جاف ده‌بینین لهڕێكهوتننامهی زه‌هاودا بوون به‌دوو به‌شه‌وه، به‌شێكیان كه‌وتنه لای سه‌فه‌وییه‌كان و بهشێكهی تریان كه‌وتنه لای عوسمانییه‌كان، واته دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستبووه. ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه یه‌كێكه له‌و ڕێكه‌وتننامانه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار ئاوی كوردستانی دابه‌شكرد، ئه‌و ئاوانه‌ی كه له‌كوردستاندا هه‌بوون بۆ یه‌كه‌م جار له‌نێوان عوسمانییه‌كان و سه‌فه‌وییه‌كاندا دابه‌شكران، بێگومان ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له‌خاڵه نیگه‌تیڤه‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌ی زه‌هاوه، خاڵێكی دیكه ده‌توانین بڵێین بووه هۆی دروستكردنی كێشه و ئاژاوه له‌نێو هۆزه كوردییه‌كاندا، چونكه وه‌ك وتمان به‌شێكی كورد كه‌وته لای عوسمانی و به‌شه‌كه‌ی تریان كه‌وته لای سه‌فه‌ویه‌كان دیاره ئه‌وانه‌ی كه‌وتنه لای عوسمانییه‌كان له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه هاندران بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ناوچه‌ی كوردی بۆ خۆیان پاوه‌ن بكه‌ن، دوای په‌یماننامه‌كه سهفهوییهكانیش به‌هه‌مان شێوه، ئیتر شه‌ڕی ناوخۆ دروستبوو، شه‌ڕێكی خۆكوژی بوو له‌نێوان كورده‌كاندا، به‌ڵام به‌فه‌رمانی عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان.
ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه كوردی سهركوتكرد
د. سۆزان كه‌ریم: سه‌باره‌ت به پابه‌ندبوونی كورد به‌م په‌یماننامه‌یه‌وه ئه‌توانم بڵێم ئه‌م په‌یماننامه‌یه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر شێوازێكی سهركوتكهرانهبوو بۆ كورد، واته كوردی له‌زۆر ڕووه‌وه سه‌ركوت كرد، چونكه یه‌ك ئه‌م په‌یماننامه‌یه بووه هۆی یه‌كه‌م دابه‌شبوونی خاكی كوردستان له‌ڕووی پڕاكتیكییه‌وه، كوردی دابه‌شكرد بۆ دوو پارچه‌ی سه‌ره‌كی، له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه میلله‌تی كوردی دابه‌شكرد، ئه‌م دابڕان و دابه‌شبوونه‌ی كورد وای كرد لهیهكترازانێك له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا دروست بێت، به‌تایبه‌تی له‌نێوان هۆزو عه‌شیره‌ته‌كاندا، بۆ نموونه هۆزێكی وه‌ك جاف كرا به‌دوو له‌ته‌وه پارچه‌یه‌كی به‌ر ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی كه‌وت و پارچه‌یه‌كی به‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئه‌مه تاڕاده‌یه‌ك بووه هۆی لێكترازانی كورد چ له‌ڕووی یه‌كێتی بوونه‌وه، چ له‌ڕووی هێز وتواناو ده‌سته‌ڵاته‌وه، بۆیه ئه‌م په‌یماننامه‌یه شێوازی سهركوتكهرانهوه و كپ كردنه‌وه‌ی ده‌نگی كوردی بوو، له‌به‌ر ئه‌وه كورد به‌ناچاری له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاستییه‌دا هه‌ڵی كرد، توانی هه‌شتا ساڵ جه‌نگ له‌نێوان عوسمانی و سه‌فه‌ویدا ڕابگرێت، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه‌ش ده‌توانین بڵێین هۆزو عه‌شیره‌ته‌كانی كورد هه‌میشه هه‌وڵی خۆ رزگاركردنیان ئه‌دا له‌ژێر ده‌سته‌یی، ناتوانین بڵێین شۆڕشێك یا ڕاپه‌رینێكی جه‌ماوه‌ری كوردی گه‌وره له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌بووه، به‌ڵام ناڕه‌زایی و یاخبوونی عه‌شیره‌تی یان خێڵه‌كی له‌ناوچه‌كه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه، به‌ڵام هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆك بوون له‌سه‌ر كپكردنه‌وه‌ی ده‌نگی كورد، بۆیه هه‌ربه‌زووی ئه‌م جوڵانه‌وه و ناڕه‌زایه‌تیانه‌یان سه‌ركوت كرد.
كورده‌كان زه‌ره‌رمه‌ند بوون
د.پشكۆ حه‌مه تایه‌ر ئاخجه‌له‌ری: ئه‌وه‌ی له‌په‌یماننامه‌ی زه‌هاو سوود مه‌ندبوو هه‌م ده‌سته‌ڵاتدارێتی عوسمانی و هه‌م ده‌سته‌ڵاتداری سه‌فه‌وی بوو، ده‌سته‌ڵاتدارێتی عوسمانی به‌شێكی زۆری ناوچه كوردییه‌كانی به‌ركه‌وت، ئه‌مه خاڵێكی گرنگ بوو عوسمانیه‌كان بتوانن له‌ڕێگه‌ی په‌یماننامه‌یه‌كه‌وه سنووری خۆیان له‌ڕۆژهه‌ڵاتدا فراوان بكه‌ن، كه سه‌فه‌وییه‌كان سه‌ده‌یه‌ك و سی و هه‌شت ساڵێك ده‌بوو سه‌ر ئێشه‌ی بۆ دروستكرد بوون، ده‌توانین بڵێین له‌ڕووی ناوچه‌وه عوسمانییه‌كان ناوچه‌یه‌كی زۆریان به‌ركه‌وت، قازانجی زۆریان كرد، ئیتر خۆی یه‌كلایی كرده‌وه بۆ شه‌ڕ له‌ناوچه‌كانی ڕۆژئاوادا، سهفهوییهكانیش هه‌ندێك ناوچه‌یان به‌ركه‌وت به‌پێی ئه‌و په‌یماننامه‌یه جگه له‌وه‌ی هه‌ندێك ناوچه‌ی به‌ركه‌وت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جۆرێك له‌هێمنی و سه‌قامگیری ده‌سته‌به‌ربوو، ئیتر خۆیان بۆ شه‌ڕی ئۆزبێكهكان یه‌كلای كرده‌وه، ده‌توانین بڵێین سوودمه‌ندترین ده‌سته‌ڵات له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا عوسمانییه‌كان بوو به‌پله‌ی یه‌ك، سه‌فه‌ویه‌كان به‌پله‌ی دووه‌م، ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ش بوو بێگومان كورده‌كان بوون.
میرنشینه كوردییه‌كان هه‌میشه له‌ململانێدا بوون
د. سۆزان كه‌ریم: كورد له‌نێو خۆیدا ته‌با نه‌بوون پێش په‌یماننامه‌ی زه‌هاو كۆمه‌ڵێك میرنشینمان هه‌بوو، كه پێشتر له ناوچه‌كه‌دا باڵاده‌ست بوون، ئه‌م میرنشینانه هه‌میشه له‌ململانێدا بوون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی خۆیان له‌سه‌ر حسابی میرنشینه‌كه‌ی تر به‌هێز بكه‌ن، ته‌نانه‌ت میرنشینێكی تۆكمه له‌ناوچه‌كه‌دا نه‌بووه، به‌ڵكو به‌سه‌ر چه‌ند میرنشینێكدا دابه‌شبوون، ئه‌مانه هه‌ریه‌كه‌یان بۆ فراوانكردنی سنووری ده‌سته‌ڵاتی خۆیان له‌گه‌ڵ میرنشینه‌كه‌ی تردا شه‌ڕیان ده‌كرد، به‌ڵام مۆركردنی په‌یماننامه‌ی زه‌هاو بووه هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و میرنشینانه و ئیتر ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه بچوكه‌ی میرنشینه‌كان نه‌ما، جگه له‌وه ئه‌م دابه‌ش بوونه ململانێی نێو كورده‌كانی زیاتر تۆخ كرده‌وه به‌تایبه‌تی له‌نێو عه‌شیره‌ت و خێڵه‌كاندا، ململانێی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی دروستبوو، له‌به‌ر ئه‌وه كورده‌كان له‌نێو خۆشیاندا ته‌با نه‌بوون و هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ش زۆر به‌لێزانانه توانیان ئه‌م جیاوازییه بقۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌كان به‌گژ یه‌كدا بكه‌ن، زۆر زیره‌كانه كاریان له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته كرد.
كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یماننامه‌كانی دیكه‌ش هه‌بوو
د.پشكۆ حه‌مه تایه‌ر ئاخجه‌له‌ری: دابه‌شكردنی كوردستان، دابه‌شكردنی خاك، دابه‌شكردنی ئاو، دابه‌شكردنی هۆزه‌كان بوو، ئه‌مه هه‌م له‌ڕوانگه‌ی سیاسی هه‌م له‌ڕوانگه‌ی ئابووری هه‌م له‌ڕوانگه‌ی یاسایی گرفتێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی بۆ كورده‌كان دروست كرد. ئه‌م په‌یماننامه‌یه دواتر كه ده‌سته‌ڵاتدارێتی عوسمانی و سه‌فه‌وی بۆ ماوه‌ی هه‌شتا ساڵ په‌یوه‌ست بوون پێوه‌ی، ئه‌م هه‌شتا ساڵه هه‌ردوو لایان هه‌وڵیان داوه به‌توندترین شێوه ڕۆڵی كورده‌كان لاواز بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ڕوانگه‌ی سیاسی، سه‌ربازی، ئابووری، كۆمهڵایهتهوه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه، ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی، به‌ڵام ئێمه كاتێك لاپه‌ره‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌شێوازێكی ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری هه‌بووه، ده‌توانین بڵێین تا ئێستاش به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كاریگه‌ری به‌سه‌ر كوردستانه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌م په‌یماننامه‌یه بوو به‌بناغه‌ی هه‌موو ئه‌و په‌یماننامانه‌ی له‌نێوان ده‌سته‌ڵاتدارێتی سه‌فه‌وی و عوسمانی به‌سترا. دواتریش هێزه‌كانی ئیمپریالیزم له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه هاتنه ناوچه‌كه ده‌وڵه‌تی عوسمانیان هه‌ڵوه‌شاندوه و ئه‌و به‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانیان كرد به‌چوار پارچه‌وه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كاریگه‌ری په‌یمانی زه‌هاوی له‌سه‌ر بووه، بۆ رێكه‌وتننامه و په‌یماننامه‌كانی دیكه كه له‌سه‌ر كوردستان به‌ستراوه.
خێله‌كان پابه‌ند نه‌بوون به‌و په‌یماننامه‌وه
د. سۆزان كه‌ریم: به‌شێكی زۆر له‌عه‌شیره‌ت و خێڵه‌كانی ئه‌م ناوچانه یاخیبوونیان ڕاگه‌یاند و پابه‌ند نه‌بوون به‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌وه، زۆرجار سنووری ده‌وڵه‌ته‌كانیان ئه‌به‌زاند، واته سنووری هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی وسهفهویان ئه‌به‌زاند، به‌ڵام هه‌وڵێكی هێنده گه‌وره نه‌بوو بتوانێت كار له‌سیاسه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی بكات، ئه‌گه‌رنا ئه‌م په‌یماننامه‌یه بۆ ماوه‌ی هه‌شتا ساڵ ده‌وامی نه ئه‌كرد، یه‌كێك له‌به‌نده‌كانی په‌یماننامه‌كه ئه‌وه بوو ڕێكه‌وتبوون له‌سه‌ر سه‌ركووتكردن وكپكردنی هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌كی كورد له‌ناوچه‌كه‌دا، بۆیه ئه‌مه زۆر به‌ئاسانی وای كرد كورد له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌ر شتێك بكات زۆر به‌ئاسانی له‌ناوببرێت وه بزوتنه‌وه‌كه‌ی سه‌ركوت بكرێت، له‌هه‌مان كاتدا به‌ندێكی تر له ڕێكه‌وتننامه‌كه ئه‌وه‌بوو كه نابێت هیچ یه‌كێك له‌م دوو ده‌وڵه‌ته داڵده‌ی ئه‌و كه‌سانه به‌ده‌ن كه له‌ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی تر یاخی ئه‌بێ، ئه‌مه‌ش وای كرد كورد له‌ناوچه‌كه‌دا بێ پشتیوان بمێنێته‌وه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ناچاری ئه‌و سیاسه‌ته بوون.
كورد ململانێی ناوخۆیی تووشی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی كردوه
د. كه‌یوان ئازاد: سێ ڕه‌هه‌ند هه‌یه، ڕه‌هه‌ندێكیان ئه‌وه‌یه له‌مێژووی ئێمه‌دا هه‌میشه ده‌سته‌ڵاتداره‌كان له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌درێژایی مێژوو ڕۆڵی گه‌وره‌یان گێڕاوه، بۆ نموونه له‌مێژووی كۆنی كورد دا، ده‌وڵه‌تی ئه‌كه‌دی و ئاشوری له‌سه‌ر خاكی كوردستان ژیاون، له‌قۆناغی دواتر ده‌وڵه‌تی یۆنانی و پارسی و ڕۆمانی و ساسانی و بیزه‌نتی و عه‌له‌وی و ئیسلامی له‌نێو گۆڕه‌پانی سیاسی تا ئه‌گاته سه‌رده‌می سه‌فه‌وی و عوسمانی هه‌بوون، بۆیه هه‌میشه له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌وڵه‌تی زلهێز هه‌بوون ئه‌و ده‌وڵه‌ته زلهێزانه له‌ناوچه‌كه‌دا ڕه‌گیان داكوتاوه و پێگه‌یان به‌هێزكردووه، كوردستان كه‌وته ژێرده‌ستی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌وه عوسمانی و سه‌فه‌وی، كورد به‌درێژایی مێژووی خۆی له‌سه‌ر خاكی خۆی بوونی واقیعی نه‌بووه، واته هێزنهبووه نه‌یویستووه ببێته هێز، ململانێی ناوخۆی تووشی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی كردوه، له‌ناو خۆییاندا دووبه‌ره بوون، ئه‌مه‌ش وای كردووه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای ده‌وڵه‌تانی زلهێزی ناوچه‌كه، به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ڕازی بكه‌ن، هه‌موو ڕێكه‌وتننامه‌كان له‌كوردستان مۆركراوه چ ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌ماسیا چ زه‌هاو چ ئه‌رزه‌ڕۆم له‌سه‌ر خاكی كوردستان واژووكراوه هه‌موویان له‌سه‌ر خاكی كوردستانه‌وه بڕیاریان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كوردستان داوه، كورد كه ئاماده‌ی ئه‌م دابه‌شكردنه بووه ئه‌بوایه ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی قبوڵ نه‌كردایه. خاڵی سێیه‌م كوردستان وا هه‌ڵكه‌وتووه هه‌میشه چه‌ند زنجیره چیایه‌ك ڕێگر بووه لهسهربهخۆییهكهیدا بۆ نموونه زنجیره چیای تۆرۆس باكوور و باشوور له‌یه‌ك جیا ئه‌كاته‌وه، زنجیره چیای زاگرۆس خۆرهه‌ڵات و باشوور له‌یه‌ك جیا ئه‌كاته‌وه، ئه‌م دابڕانه ناوچییانه وای كردوه كوردستانی باشوور به‌لای عێراقدا بكه‌وێت، كوردستانی خۆرهه‌ڵات به‌لای ئێران‌دا و كوردستانی باكوور به‌لای توركیادا بكه‌وێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه دابه‌شكردنی كوردستان زۆر ئاسان بووه، دابه‌شكردنی چی؟ دابه‌شكردنی ناوخۆی كورد له‌ڕووی شێوه‌زار و له‌ڕووی سیستمی خێڵایه‌تی و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌تا خێزانیش، ئه‌م سێ خاڵه به‌لای منه‌وه سێ خاڵی سه‌ره‌كین ڕۆڵیان له‌و دابه‌شكردنه گێڕاوه به‌بڕوای من كورد خۆی كۆك بوایه ده‌وڵه‌تانی زلهێز ئهیائهتوانی ئه‌وكاره به‌سه‌ركورد بێنن.
هیچ ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك نابینین به‌سوودی كورد شكابێته‌وه
د. سۆزان كه‌ریم : به‌داخه‌وه كورد له‌دێر زه‌مانه‌وه به‌حوكمی پێگه جوگرافییه‌كه‌ی به‌ناچاری كه‌وتۆته ژێر باری قورسی داگیركه‌رانه‌وه هه‌میشه له‌ژێر پێی له‌شكری داگیركهراندابووه، ئه‌م ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده هه‌میشه چاوی داگیركه‌رانی له‌سه‌ر بووه، بۆیه هیچ ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی نابینین به‌سوودی كورد شكابێته‌وه، ته‌نها ڕێكه‌وتننامه‌ی سیڤه‌ر دانی نابوو به‌دروستكردنی كیانێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد، ئه‌م ڕێكهوتننامهیهش زووههڵوهشایهوه، ئه‌گه‌رنا هه‌موو ئه‌و ڕێكه‌وتننامانه‌ی كراوه به‌دژی كورد شكاوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی داگیركه‌ر وایخواستووه، كوردیش خاوه‌نی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی نه‌بووه و نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی نه‌بووه له‌م ڕێكه‌وتننامانه تاوه‌كو به‌رگریی لێ بكات، بۆیه ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر چی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا بووه به‌و شێوه‌یه مۆریان كردووه و خستویانه‌ته بواری جێ به‌جێ كردنه‌وه.
د.پشكۆ حه‌مه تایه‌ر ئاخجه‌له‌ری: كورد له‌ناوچه‌كه‌دا هێزێكی وای نه‌بووه تا بتوانێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی و عوسمانی‌دا شه‌ڕ بكات و فشار دروست بكات تا له‌به‌رژه‌وندی خۆیدا كۆتایی پێ بێت. به‌داخه‌وه خۆخۆری و ململانێی و یه‌كتر په‌سه‌ند نه‌كردنیش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كورده‌كان به‌ته‌واوه‌تی پهرشو بڵاوببنه‌وه، ئه‌گه‌ر جۆره ڕێكه‌وتنێك و یاخود نزیك بوونه‌وه‌یه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی مه‌لا ئیدریسی به‌دلیسی له‌ساڵی 1514-1515 له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا كردی له‌قازانجی كوردابێت، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه زیانێكی گه‌وره‌ی له‌كورد داوه، چونكه كورد150 ساڵ په‌یوه‌ست بوو به‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌وه، به‌ڵام عوسمانییه‌كان چوار ساڵیش پێوه‌ی په‌یوه‌ست نه‌بوون، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لاوازی كورد له‌ڕوانگه‌ی سیاسی، سه‌ربازی، ئابووری، ناته‌باییه‌وه كه نه‌یتوانی هێزێك دروست بكات و ببێت به‌هێزی سێیه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ره‌نگاری هێزی عوسمانی و سه‌فه‌وی یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه بوه‌ستێته‌وه، به‌ئاڕاسته نه‌ڕۆشتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌وڵه‌ته هه‌رێمیه‌كان به‌رامبه‌ر به‌كورد، واته به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئێمه هه‌میشه به‌ئاڕاسته‌ی بهرژهوندیهكانی ئه‌وان نه‌ڕۆشتووه و زیانی بۆ ئه‌وان هه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وانیش نه‌یانهێشووه كورد رۆڵی هه‌بێ له‌ناوچه‌كه‌دا، جگه له‌وه‌ش هێز و هۆزه كوردییه‌كان دابه‌شكران، هه‌ندێك له‌قه‌ڵا گرنگه‌كانی ناوچه‌ی كورد، كه به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌كه نه‌ده‌بوو ئه‌و قه‌ڵایانه بمێنن، عوهسمانییهكان و سه‌فه‌وییه‌كان بڕیاریاندا ئه‌و قه‌ڵایانه بڕوخێنن، ئه‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ی بۆ كورد دروستكرد، كۆمه‌ڵێك له‌قه‌ڵا گرنگه‌كان به‌ته‌واوه‌تی رۆخێنرا، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌نائارامی له‌ناوچه كوردیه‌كاندا دروستكرد، كه كێشه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری به‌دوادا هات، هه‌موو ئه‌مانه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كورد ببێته قوربانی ڕێكه‌وتننامه‌ی زه‌هاو.
د. سۆزان كه‌ریم: ئێستا كورد ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی بۆ هاتۆته پێش كار له‌سه‌ر ئه‌م په‌یماننامانه بكات، ئه‌بێت چ مێژوونوسان چ ڕۆشنبیران و چ سیاسیه‌كانی كورد ئه‌م په‌یماننامانه له‌ئه‌رشیف بێننه‌ده‌ره‌وه و جارێكی تر قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌مێژوودا تا ئێستا پارێزراوه‌و له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌ری مێژوودا پارێزراوه ئه‌بێت جارێكی تر بهێنرێته‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ و قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و وای لێبكرێ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌شداربوون له‌مۆركردنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا ناچار بكرێن ئه‌گه‌ر بهدانپیانێكیش بێت وایان لێبكرێت له‌م ڕێكه‌وتننامانه پاشگه‌ز ببنه‌وه و به‌هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ ڕای گشتی جیهان بسلمێنرێ كه ئه‌م ڕێكه‌وتننامانه زوڵمێكی گه‌وره بوو لهكوردكرا، پێویسته ئێستا قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و جارێكی تر ئێمه به‌م مێژووه‌دا بچینه‌وه، جا هه‌موو ئه‌و په‌یماننامانه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ن جارێكی تر بهێنرێته‌وه و قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت وای لێبكرێت پاشگه‌ز بوونه‌وه‌یه‌ك له‌م ڕێكه‌وتننامانه بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
كورد لهڕێكهوتننامه شومه‌كاندا
د.پشكۆ حه‌مه تایه‌ر ئاخجه‌له‌ری: من پێموایه په‌یماننامه‌كه مردووه، به‌ڵام گرنگه بۆ ئێمه‌ی كورد ئاگاداری هه‌موو ئه‌و ڕێكه‌وتننامه شومانه بین كه له‌نێوان ده‌سته‌ڵاتداره‌كانی عوسمانی و سه‌فه‌ویدا له‌سه‌ر حسابی كورد به‌ستراوه جارێكی تر دووباره نه‌بێته‌وه، چونكه یه‌ك له‌خاڵه گرنگه‌كانی په‌یماننامه‌ی زه‌هاو بریتی بوو له‌وه‌ی هاوكاری هیچ هۆزێك و هیچ لایه‌نێكی نه‌یار نه‌كرێت، كورده‌كان هه‌ندێك جار سوودیان لهعوسمانییهكان و هه‌ندێك جار لهسهفهوییهكان بینیوه، بۆیه بۆ ئێمه زۆرگرنگه ئاگاداری مێژوو بین كه ئاگاداری ڕابردوو بووین تا جارێكی ترئه‌وه‌ی به‌سه‌رمان هاتووه دووباره نه‌بێته‌وه، چونكه هه‌ر رێكه‌وتننامه‌یه‌ك له‌نێوان دوژمنانی كوردا له‌سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان له‌سه‌رده‌می هاتنی ئیمپریالیزم و له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، عێراق و سووریا و توركیا و ئێران و هه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك له‌نێوانیاندا كرابێت، ئه‌گه‌ر دوو قۆڵی، ئه‌گه‌ر سێ قۆڵی و چوار قۆڵیش بێت بۆ مه‌به‌ستی خۆشیان بێت خاڵێك داده‌نێن له‌دژی كورد، چونكه ئه‌وان دوژمنی سه‌ره‌كی كوردن ته‌نها شتێك ئێمه بمانه‌وێت سوودی لێ وه‌ربگرین خوێندنه‌وه‌یه‌كی مێژووییه بۆ ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه .
ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌رزرۆمی یه‌كه‌م
ساڵی 1823 كێشه‌ی شه‌ڕی له‌مێژینه‌ی نێوان عوسمانی و ئێرانی ساڵانێكی زۆری خایاند سه‌رئه‌نجام هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه هاته سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی واز له‌شه‌ڕ بهێنن و ڕێكبكه‌ون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گفتوگۆ و دانوسان له‌شاری ئه‌رزرۆم له‌باكووری كوردستان له‌نێوان هه‌ردوولا ده‌ستی پێكرد و له28ی ته‌مموزی ی 1823 دا په‌یمانێك ئیمزاكرا، ئه‌م ڕێكه‌وتنامه‌یه به‌ناوبژیوانی به‌ریتانیا له‌نێوان عوسمانییه‌كان و ئێرانییه‌كاندا به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڕێكه‌وتنامه‌ی ئه‌رزرۆمی یه‌كه‌م ناوده‌برێت، ئه‌م ڕێكه‌وتنامه‌یه بووه هۆی ئاشتی له‌نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێرانی، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ده‌ریخست كه كێشه‌ی نێوانیان سنووری كوردستانه، چونكه كوردستان له‌گرنگترین باسه‌كانی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته بووه، ئه‌مه‌ش وای كرد لهڕێكهوتننامهكهدا قسه‌وباسێكی زۆری له‌نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی وئێرانی دا بكرێت، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستیه‌ش له‌حه‌وت ماده‌ی ڕێكه‌وتنه‌كه سێ ماده‌یان په‌یوه‌ندی به‌كوردستانه‌وه هه‌بووه، ئه‌وانیش ماده‌ی یه‌كه‌م ودووه‌م وسێیهمن، كه بریتیه له: ماده‌ی یه‌كه‌م ده‌ست تێوه‌رنه‌دان له‌كاروباری یه‌كتره‌وه، ئێران نابێ ده‌ست وه‌ربداته كاروباری كورده‌كانی ویلایه‌تی شاره‌زوور ده‌وڵه‌تی عوسمانی به به‌شێك له‌ویلایه‌ته‌كانی خۆی داده‌نێت، ماده‌ی دووه‌م هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكه‌وتن په‌نای هه‌ڵهاتووه‌كانی یه‌كتری نه‌ده‌ن، سه‌باره‌ت بهعهشیرهتهكانیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه ڕه‌فتار بكه‌ن، ماده‌ی سێیه‌م په‌یوه‌ندی به‌هه‌ردوو عه‌شیره‌تی كورد حیدهرانلو و سپتیهوه هه‌یه كه هۆكاری شه‌ڕی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه بوون، ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌پێی ئه‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه به‌ڵێن ده‌دات به‌ر به‌هێرشی ئه‌و دوو عه‌شیره‌ته بگرێت بۆ سه‌ر خاكی ئێران، ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌رزرۆمی یه‌كه‌م نه‌یتوانی وه‌ك پێویست چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی سنووری عوسمانی وئێرانی بكات، چونكه كێشه‌كانی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته په‌یوه‌ندیان به‌سنووری كوردستانه‌وه هه‌بوو، هه‌ردووكیان به‌بێ له‌به‌ر چاوگرتنی جوگرافیا له‌نێوان خۆیاندا به‌شیان كردبوو، به‌چاكیش له‌وه حاڵی بوو بوون كورده‌كان كۆسپی سه‌ره‌كی سه‌ر ڕێگهیانن، بۆیه ده‌بوایه كێشه‌ی كورده‌كان له‌كۆڵ خۆیان بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دوو ڕێگه‌یان له‌به‌ر ده‌ستایه یه‌كه‌میان به‌گوێره‌ی ڕێكه‌وتننامه‌كه به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه بۆ له‌ناوبردنی هه‌ر چه‌شنه بزوتنه‌وه وجولانهوهیهكی كورده‌كان له‌سه‌ر سنوور هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن، مه‌ودای هاتوچۆكردن له‌عه‌شیره‌ته كورده‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه، دووه‌م كۆتایی به ده‌سته‌ڵات دارێتی میر و ده‌ره‌به‌گه‌كان بهێنن، بڕیاری ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌رزرۆمی یه‌كه‌م سیاسه‌تێكی داڕێژراوی عوسمانی و ئێرانی بوو، كه به‌ڕه‌زامه‌ندی دوو هێزی گه‌وره‌ی جیهانی روسیا وئینگلیز ده‌رهه‌ق به‌كورده‌كان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌م بڕیاره له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ سه‌ركوتكردنی نه‌ته‌وه‌ی كوردبوو، له‌هه‌ردوو پارچه‌كه‌ی كوردستانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی عوسمانی و ئێرانی، ئیتر په‌یوه‌ندی كورده‌كان ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیاتر كه‌وته ته‌نگه‌ژه‌ی ژیانه‌وه.
ده‌وڵه‌تی كه‌عبیش به‌شداربوو
مامۆستا زریان سالار: په‌یماننامه‌ی ئه‌رزرۆمی یه‌كه‌م یه‌كێكه له‌و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی له‌نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێرانی قاجاریدا به‌سترا، ئه‌م په‌یماننامه‌یه گرنگی خۆی هه‌یه، له‌مانگی حه‌وتی ساڵی 1823دا به‌سترا، له‌پاش جه‌نگی نێوان عوسمانییه‌كان وقاجارییهكاندا به‌سترا، په‌یماننامه‌یه‌كه سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی سنووری تێدا كراوه‌ته‌وه، بۆ یه‌كه‌مجار چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ش له‌م په‌یماننامه‌یه‌دا به‌شداربوون بۆ نموونه به‌ریتانیا به‌شداربووه، ده‌وڵه‌تی كه‌عبیش بهشداربووهن ده‌وڵه‌تی كه‌عبی له‌مێژوودا زۆر نه‌بیستراوه، یه‌كێكه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی لهئههواز دامه‌زرابوو، دهوڵتێكی عه‌ره‌بی سه‌ر به‌هۆزی به‌نی كه‌عب بوون، په‌یوه‌ندیان به‌ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیاوه هه‌بووه، ئه‌مانیش به‌شداری ڕێكه‌وتننامه‌ی ئهرزرۆمیان كرد.
د.ئارام علی: ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه یان چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده ته‌ماشای مێژووی یان بارودۆخی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تی ئێران بكه‌ین، ده‌بینین له‌دوو دۆخی جیاوازدا بووه، ڕاسته به‌درێژایی مێژوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌هێزتربووه له‌ده‌وڵه‌تی ئێرانی، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌هۆی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ میلله‌تان و گه‌لانی به‌لقانه‌وه به‌تایبه‌ت یۆنان، شه‌ڕی زۆر گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ یۆنان‌دا كرد، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ میسری سه‌رده‌می محه‌مه‌د پاشادا هه‌بووه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه بارودۆخی ناوخۆیی زۆرباش نه‌بوو، له‌گه‌ڵ له‌شكری یه‌نیچه‌ریه‌كان كێشه‌ی هه‌بوو، واته پێویستی به‌ڕیفۆرم وگۆڕانكاری هه‌بوو، وڵاتانی ئه‌وروپیش به‌تایبه‌ت به‌ریتانیاو تاڕاده‌یه‌كیش فه‌ره‌نسا و روسیاش كاریگهریگهریان له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و ناوخۆی عوسمانی و ئێرانیش هه‌بوو، هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێرانی لاوازبوو بوون، مه‌سه‌له‌ی كوردیش ئه‌وكاته هاتبووه پێشه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی تر میرنشینه كوردییه‌كان به‌تایبه‌تی بابان له‌سه‌رده‌می عه‌بدول ره‌حمان پاشادا هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌دا، میرنشینی بابان له‌سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانی‌دا بوو، به‌ڵام عه‌بدول ره‌حمان پاشا ئیعترافی به‌وه نه‌ده‌كرد زۆرجار لهكێشهكانیدا په‌نای ده‌برده‌به‌ر ده‌وڵه‌تی ئێران، ده‌وڵه‌تی ئێرانی قاجاریش ته‌ده‌خولی له‌كاروباره‌كانیدا ده‌كرد، ئه‌م هۆكارانه بوونه هۆی به‌رپابوونی ئه‌و شه‌ڕانه.
كوردستان به‌سه‌ر ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌دا دابه‌شكرابوو
مامۆستا زریان سالار: كاتێك ئێمه به‌نێو ڕێكه‌وتننامه‌كانی تردا ده‌گه‌ڕێن زۆرجار لهڕێكهوتننامهكانی تردا به‌ڕاشكاوی ناوی ناوچه‌كانی كوردستان هاتووه و باسی ئه‌وه كراوه ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستان به‌ر چ لایه‌نێك ئه‌كه‌ون، ڕێكه‌وتننامانه‌ی ئه‌رزرۆم یه‌كێكه له‌و ڕێكه‌وتننامانه‌ی وتمان دووباره بۆ دابه‌شكردنه‌وه‌ی سنووربووه له‌نێوان ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تی قاجاری، له‌و سه‌رده‌مه‌دا كوردستان به ته‌واوی دابه‌شكرابوو به‌سه‌ر ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌دا، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دابه‌شكردنی كوردستانیش به‌سه‌ر ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌دا بێگومان هه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك بكرێت له‌نێوانیاندا به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان سنوور دابه‌ش بكرێته‌وه، بێگومان ده‌بینین كوردستانیش پشكی خۆی به‌رده‌كه‌وێته‌وه بۆ نموونه له‌م ڕێكه‌وتننامه‌یه كاتێك ده‌به‌سترێت، ناوچه‌ی حمرا بهكهناراوهكانیهوه و به‌زۆرێك له‌ناوچه‌كانی دیكه‌وه به‌ر ئێران كه‌وتوون، ده‌وڵه‌تی ئێران ئه‌و زه‌مانه ئههوازیشی به‌ر كه‌وتووه، دیاره شه‌ڕه‌كه و دابه‌شكردنی ناوچه‌كان له‌و مودهتدا كه‌متر په‌یوه‌ندی به‌كوردستانه‌وه هه‌بووه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین هه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك به‌سترابێت و هه‌ر به‌ندێك هه‌بێت له‌و ڕێكهوتننامانهدا بهسنووركوردستانیشی تێدا بهشداركراوه.
د.ئارام عه‌لی: هه‌موو كێشه‌كه له‌سه‌ر كوردستان وسنووری كوردستان بووه، هه‌م عه‌بدولره‌حمان پاشا هه‌وڵی ئه‌دا په‌نا به‌رێته به‌ریان هه‌م ئێرانیش نه‌ك هه‌ر ته‌نیا چاویان بڕیبووه كوردستان، چاویان بڕیبووه ویلایه‌تی به‌غداش، ئه‌وان ئه‌یانویست ویلایه‌تی به‌غداش داگیربكه‌ن، كێشه‌كانی عه‌بدولره‌حمان پاشایان به‌كارهێنا بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌رامی خۆیان، من ئه‌ڵێم هه‌موو به‌نده‌كانی په‌یوه‌ندی بهكوردو كوردستانه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌ساسه‌ن كێشه‌كه له‌سه‌ر كوردستان بووه، سنووری سروشتی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت له‌ناو كوردستاندا بووه، هه‌ردوو دیوی سنوور خاكی كوردستان بووه، له‌به‌ر ئه‌وه شه‌ڕه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وێ بووه، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رابردوو دوو ڕێكه‌وتنی پێشتر هه‌بوون ساڵی 1811 و ساڵی 1813 كه له‌سه‌ر ئاستی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت نه‌بووه، بابڵێن له‌سه‌ر ئاستی كرماشان و ویلایه‌تی به‌غداد بووه، بیانوه‌كه‌شیان زیاتر میرنشینی بابان بووه، والی به‌غداد كه ده‌یه‌وێت عبدولره‌حمان پاشا له‌سه‌ر حوكم لاببات، چونكه له‌پێناوی سه‌ربه‌خۆیی په‌نای بۆ ئێران بردووه، ئێرانیش ئه‌مه‌ی كرده بیانو بۆ گێڕانه‌وه‌ی عه‌بدولره‌حمان پاشا، له‌شكری ئێران و له‌شكری بابان هه‌ردووكیان تا نزیك به‌غدادیان گرت، هه‌وڵیاندا به‌غداش داگیربكه‌ن، لهباكووریش به‌هه‌مان شێوه، به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كولێرا بوو به ڕێگر له‌به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنی له‌شكری ئێرانی، فشاری وڵاتانی ئه‌وروپیش به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا كه نه‌یویست ئه‌م شه‌ڕانه له‌نێوانیاندا ڕووبدات، چونكه ئه‌یزانی له‌ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده ئێران كه‌وتبووه ژێر ده‌سته‌ڵاتی هه‌ژمونی ڕوسیاوه، به‌ریتانیا ئه‌زانێ ئێران له‌م شه‌ڕانه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت ئه‌و كاته زیاتر ئه‌كه‌وێته ژێر ده‌ستی ڕوسیاوه، بۆیه پێشنیاری كرد شه‌ڕی 1820-1823 له‌نێوان ده‌وڵه‌تی ئێران وعوسمانی بوه‌ستێنرێت، ته‌نانه‌ت به‌ڵێنیشی به‌ده‌وڵه‌تی ئێران دابوو هاریكاری مادی بكات بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه ڕاگرێت.
خاكی كوردیان ئه‌به‌خشییه سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانیان
مامۆستا زریان سالار: وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد كوردستان له‌و كاتانه‌دا ژێر ده‌سته‌ی هه‌ردوو ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی بووه، ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ئه‌و ساڵانه‌ش بكه‌ین ناتوانین بڵێن بزوتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ی تێدا دهركهوتبووه كه داوای سه‌ربه‌خۆیی له‌هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تی قاجاری بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان مه‌به‌ستیان بوو له‌و كاته‌دا مهركهزیهتێكیان هه‌بێ، واته وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی عوسمانی یاخود بنه‌ماڵه‌ی قاجارییه‌كان مهركهزیهتێكیان له‌ناوچه كوردستانییه‌كاندا هه‌بێ و حوكمی خۆیان بكه‌ن، به‌تایبه‌تی له ڕووی ئابوورییه‌وه چه‌ندین باجگر له‌و ناوچانه‌دا دانێن و له‌ڕووی كشتوكاڵییه‌وه بتوانن سود له‌و شوێنانه ببینن، هه‌روه‌ها چه‌ندین باجی قورسیان له‌سه‌ر دانێن و زه‌وی و زاره‌كانیان به‌ناوی خۆیانه‌وه بكه‌ن، كه ئێستاش زۆرێك له‌ناوچه‌كانی كوردستان ناوه‌كانیان توركییه، چه‌ندین شوێنمان هه‌یه وه‌ك دیاری له‌لایه‌ن سوڵتانی عوسمانییه‌وه یاخود له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی قاجارییهوه ئه‌درا به‌سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانیان، ئه‌مه‌شیان بۆ ئه‌وه ئه‌كرد ساڵانه باج و خه‌راج بۆ خۆیان بێت و ئه‌و گوندنشین وشاره كوردیانهشی ده‌چه‌وسانده‌وه، له لایه‌كی تر بیرمان نه‌چێت له‌و كاتانه‌دا سه‌ره‌تای لاوازبوونی میرنشینه كوردییه‌كان بوو بۆ نموونه چه‌ند میرنشینێكی به‌هێزمان هه‌بووه له‌و سه‌رده‌مانه‌دا، میرنشینی سۆران و میرنشینی بابان و میرنشنی به‌درخان و میرنشینی بۆتان ئه‌مانه میرنشینی گه‌وره‌ی كوردین، به‌شێك لهومیرانه مه‌یلی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیان هه‌بووه، له‌و كاتانه‌دا هه‌وڵیان داوه له‌و ده‌سته‌ڵاته رزگاریان بێت، میرمان هه‌بووه له‌و زه‌مانه‌دا بیری له‌كوردستانێكی یهكگرتووكردوهتهوه، به‌تایبه‌تی له‌رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌رزرۆم به‌دواوه ده‌وڵه‌تانی زلهێز بیریان له‌وه كرده‌وه ئه‌و هێزه بشكێنن و بیری یهكخوازی و ئاشتی میرنشینه‌كان له‌ناوببرێت، قسه‌یه‌كی كوردی هه‌یه كه مانای ئه‌و ڕێكه‌وتننامانه ئهپێكێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌بێت له‌شتێك بدات و لهشتێكیش بستێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌بێ ناتوانن ڕێكه‌وتننامه ببه‌ستن، له‌م ڕێكهوتننامهیهشدا به‌هیچ جۆرێك باسی كوردستان نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌ناوه‌ڕۆكی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌رزرۆم بكۆڵینهوان ده‌بینین دیسانه‌وه دیاریكردنه‌وه‌ی سنووره‌كانه له‌نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌دا، ئه‌و سنوورانه‌ی كه ناوچه‌كانی كوردستان ده‌گرێته‌وه.
د.ئارام عه‌لی: ئه‌و شه‌ڕانه له‌قازانجی به‌ریتانیا نه‌بوو، بهندانهكانی ڕێكه‌وتننامه‌كه قازانجی ئێران تێدابوو، زیاتر له‌به‌ر ئه‌وه فشاریان ئه‌كرد ئه‌و به‌ندانه‌ی له‌وێ هه‌یه جێ به‌جێ نه‌بێ، ئێرانیش به نابه‌دڵی ئه‌م كاره‌ی ئه‌كرد، ئێران له‌شه‌ڕه‌كانی 1820-1823دا سه‌ركه‌وتنی زۆری به‌ده‌ست هێنا، چونكه وه‌ك وتم ده‌وڵه‌تی عوسمانی كێشه‌ی ناوخۆیشی هه‌بوو، شه‌ڕی ده‌ره‌كیشی له‌گه‌ڵ یۆنان و گه‌لانی تری به‌لقان بۆ دروست بووبوو، ئێرانیش له‌به‌ره‌ی شه‌ڕدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنابوو، به‌ڵام فشاری به‌ریتانیا له‌كاتی وتوێژدا ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی لێسه‌نده‌وه، یه‌كێك له‌و به‌ڵێنانه‌ی دابووی ده‌ست نه‌خستنه ناو كاروباری میرنشینی بابان و ناوچه كوردییه‌كانه‌وه بوو، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنه‌ی نه‌برده سه‌ر و ئیستغلالی ئه‌و لاوازییه‌ی كرد، هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌ده‌ست خستنه ناو كاروباره‌كانه‌وه.
له چ ڕوانگه‌یه‌كه‌وه باسی كوردستان كراوه
مامۆستا زریان سالار: كوردستان ئه‌كه‌وێته سنووره‌كانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی قاجاری و ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه كه دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ره‌كین یاخود پێكهاته‌ی سه‌ره‌كین له‌به‌ستنی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌دا، بۆیه له‌مه به‌دواوه ده‌بینین ناوی ناوچه‌كانی كوردستان نه‌براوه، چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كوردستان ده‌كه‌وێته ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تی قاجارییهكانهوه، ئه‌مه‌ش وای كرد دووباره شه‌ڕ هه‌ڵگیرسێته‌وه، چونكه به‌م پێیه عوسمانییه‌كانیش ئه‌یانویست بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه، چونكه هه‌ندێ میرنشین كه له‌كۆتایی میرنشینه‌كاندا بوون ده‌سته‌ڵاته‌كانیان ورده ورده به‌ره‌و لاوازی ڕۆشتووه، ئه‌توانین زانیاری ده‌ربهێنین له‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه وه‌ك مێژوو ناسێك یا وه‌ك كه‌سێك كه دیراساتی مێژوو بكه‌ین خۆمان شت ههڵێنجێن له‌و ڕیكهوتننامانه، یه‌كێك له‌و شتانه، له چ ڕوانگه‌یه‌كه‌وه باسی كوردستان كراوه؟ ئه‌توانین بڵێین له‌وه‌وه باسكراوه كه كوردستان وه‌ك خاك و وه‌ك ناوچه چه‌ند ناوچه‌یه‌كی به‌ش به‌شه له‌و كاته‌دا و لهڕێكهوتننامهیهكی سنووری وه‌ك ئه‌رزرۆمی یه‌كه‌م دابه‌ش ئه‌كرێته‌وه به‌سه‌ر هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی قاجاری و عوسمانی‌دا، به‌ڵام له‌و سه‌ره‌وه هێزێكی تازه له‌دوای ئه‌رزرۆمی یه‌كه‌م ده‌رئه‌كه‌وێت كه ئه‌ویش به‌ریتانیایه، به‌ریتانییه‌كان چاویان بڕیوه‌ته خاكی كوردستان و پێیان وایه له‌و ناوچه‌یه‌دا پێویسته ده‌ستێكی باڵایان هه‌بێ ئه‌میش له‌ئه‌نجامی ڕێكه‌وتننامه‌كانی ئه‌رزرۆمی یه‌كه‌مه‌وه ئه‌كه‌وێته‌وه و له‌پاش ئه‌وه له‌ساڵی 1914 به یه‌كجاری به‌ریتانیا په‌ل ئه‌هاوێژێته ناوچه‌كه و جارێكی تر كوردستان به‌ره‌و داگیركاری و دابه‌شكردن ئه‌ڕواته‌وه.
به‌ربه‌ستێكی سروشت كه‌وتبوو نێوانیانه‌وه
د.ئارام عه‌لی: له‌مه‌سه‌له‌ی داگیركاریدا مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاقی و ئه‌و شتانه نییه، ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌ڕوانن، ئێران هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییه‌وه له‌سه‌رده‌می شا ئیسماعیلی سه‌فه‌ویدا ده‌یانویست رووه‌و ڕۆژئاوا بڕۆن و ناوچه كوردییه‌كان داگیربكه‌ن، ته‌نانه‌ت دوورتریش بڕۆن له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌سه‌له ئاینییه‌كه‌ش هه‌بوو، به‌ره‌و به‌غداد و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا بڕۆن، ده‌وڵه‌تی عوسمانیش به‌پێچه‌وانه‌وه دوای ئه‌وه‌ی كه پێگه‌ی خۆی له‌ئه‌وروپا قایم كرد، به‌تایبه‌ت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، ئه‌یویست روو له‌وێ بكات. هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ش له‌به‌رده‌میدابوو، ته‌نیا به‌ربه‌ستێكی سروشتی یاخود ناوچه‌یه‌كی سروشتی كه‌تبووه نێوان هه‌ردوو وڵاته‌وه.
ئەم بابەتە وەک بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی لەلایەن خاک-ەوە ئامادەکراوە. لەچوارچیوەی هەماهەنگیەکانی کوردستانی نوێ‌و خاک‌دا بەچەند ئەڵقەیەک لە کوردستانی نوێشدا بڵاودەبێتەوە.