دکتۆر قاسملو: “بیرمەندە شۆڕشگێڕەکە”
(13-07-1989) ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لەدانسقەترین ڕێبەرانی کورد، د.عبدالڕەحمان قاسملوویە، هەڵسەنگاندن و شیکاری لەسەر تێزە سیاسییەکانی قاسملوو، دبلۆماسیەتیی قاسملوو، ئەخلاق و مۆرالی قاسملوو، زمانەوانی قاسملوو، ئەدیبیی و شیعر-ناسیی لای قاسملوو بە مشت ومڕ و لێکدانەوەی بەڵگەداری وورد ئەبێت کە توێژەر و ڕاڤەکار پاشخوانی زانستیی لەسەر زانستەکانی “فەلسەفەی سیاسیی و دبلۆماسیی، مێژوو و زمانزانیی” بەمێتۆدی ووردبوونەوەی شیکاریی و مشتومڕەوە هەبێ و بتوانێ جیا-بەجیا تەواوی تایبەتمەندییەکانی قاسملوو بخاتەڕوو.
بۆیە نووسینێکی وا خۆی لە چەندین تێزی دکتۆرادا ئەبینێتەوە و منیش نامەوێت لەم ووتارەم دا زۆر بنووسم، بەڵکو ئەمەوێت ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم کە بەلای خۆمەوە و لە ئەزموونی نووسین و کتێب لە بارەی شۆڕش و شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وا ئەزانم خاڵگەلێکی نوێن و ، ئامادەشم لەگەڵ هەر بەڕێزێک کە پسپۆڕی مێژوو بێت و لە هەر یەکێک لە زانکۆکانی کوردستاندا بێت سیمیناری زانستی سازبکەم و خاڵەکانی ئەم بابەتەم بسەلمێنم، بۆ خۆشم لە زانکۆی سلێمانیم و هەر پسپۆڕێکی مێژوو ئەم خاڵانە بە گەورەکردن ئەزانێت یان سەرنجی لەسەریان هەیە و ئامادەیی تێدا هەیە بۆ مشتومڕی زیاتر، ئەتوانێت بفەرموێت لە زانکۆی سلێمانیی دا بەخۆشحاڵیەوە لە سیمینارێکی زانستی دا دیبەیتی چڕ و ووردی لە بارەوە ئەکەین، چونکە من پێموایە ئیتر پێویستییەکی سەرەکییە کە لە زانکۆکانماندا پێشبڕکێی زانستی لەسەر ئایدیا نوێیەکان بهێنینەکایەوە، بۆ ئەوەی چ مێژوومان و چ ڕێبەرانی ڕابردووی کورد هەڵسەنگاندنی تەواو زانستییان بە دوور لە ئایدیای حیزبی بۆ بکرێت.
ئەو تایبەتمەندییە دەگمەنیی و دانسقانەی کە لە کەسێتیی د.عبدالڕەحمانی قاسموودا هەبووە و، تا ئێستا هەندێک لەو تایبەتمەندییانە لە ئاستی جیهاندا لە هیچ ڕێبەرێکدا نەبووە و هەندێکیشی تەواو دانسقەن لە ئاست ڕێبەرانی کورد و جیهانی ڕۆژهەڵاتدا:
1- “قاسملوو” تاکە ڕێبەر بووە لەسەر زەوی دا و تاکە نەفەری یەکەمی حیزبێک بووە لە ئاست تەواوی نەفەری یەکەم و سەرکردەی یەکەمی حیزبەکانی ووڵاتاندا لە جیهاندا کە زیاتر لە “10” زمانی زانیبێت، زمانەکانیش (فەرەنسی، ئینگلیزی، ڕوسی، عربی، فارسی، تورکی،چیکی، سلۆڤاکی، ئازەری، کوردی) بوون.
ڕوونە کە لە ناو کورد دا هیچ ڕێبەرێک نەبووە کە دە زمانی زیندووی جیهانی بزانێت، بەڵام قاسملوو زانیوویەتی، وەک ئەوەی کە خۆشم ماستەرم لە :”ستراتیژی بەریتانیا لە ئەمەریکا لە زانکۆی لەندەن” دا هەیە و ئاشنای مێژووی ئەوروپا و ئەمریکا و بزاووتە شۆڕشگێڕییەکانیانم و بە دیقەتەوە کەسایەتی نەفەری یەکەمی شۆڕشەکانیانم هەڵسەنگاندووە، ئەوا بۆم دەرکەوتووە و ئەشی سەلمێنم، کە قاسملوو تاکە نەفەری یەکەمی حیزبێک بووە لە ئاست تەواوی سەرۆکی یەکەمی ووڵاتان و ڕێبەرانی یەکەمی پارتە سیاسییەکان لە جیهاندا کە دە زمانی زانیبێت.
2- لە ڕووی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی و هەڵچوونەوە، قاسملوو تاکە ڕێبەرێک بووە لە کورد و بە گشتیش لە جیهانی ڕۆژهەڵات دا کە بۆ ماوەی نزیک بە 20 ساڵ (1970-1989)، ڕێبەرایەتی جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕیی بەهێزی کردبێت کە جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات لە سەردەمی قاسملوو دا بە بڕشتر بوو لە ئێستا، ئەوا تاکە ڕێبەری کورد و جیهانی ڕۆژهەڵات بووە کە “جنێو و ووشەی ناپەسەندی کۆمەڵایەتیی” هەرگیز بۆ هیچ یەکێک لە نەیارەکانی بەکارنەهێناوە، لە کاتێکدا بە سەدان ووتاری جۆشدەری نەتەوەیی هەیە لە شەڕەکان دا دژ بە دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران، بەڵام قاسملوو تاکە ڕێبەرێک بووە کە ئەتەکێتی گفتوگۆ و لێدوان و ووتارە حەماسییەکانی زۆر بە ئەدەبانە بووە و ، ووتارەکانی لە سەخترین ساتی شەڕەکانیش دا بە دوربووە لە جۆرە بەکارهێنانێکی ووشەی نەشیاوی کۆمەڵایەتیی.
3- قاسملوو پێچەوانەی ڕێبەرانی دیکەی کوردەوە زۆر دژی “فەرد پەرستی لە ناو حیزبەکان” دا بوو، هەر بۆیە قاسملوو تاکە ڕێبەری کورد بووە کە هەڵواسینی وێنەکانیی و شیعار و هوتافدانی “بژی قاسملوو”ی لە نێو ڕیزەکانی حیزبەکەیدا قەدەغەکردبوو، کە بۆ سەلماندنی ئەم تایبەتمەندییە ناوازەیەی قاسملووش بە سەدان ڤیدیۆ و دۆکیۆمێنتی بەردەست هەن. بەلای قاسملوەوە نرخ و بەهای “گشت” هەمیشە لە پێشتر دا بووە هەتا هی “تاک”، با ئەو تاکەش “سەرکردە” بووبێ! ئەمەشی تەنها لە پێناوی نرخگەڕاندنەوە بۆ “گشت ئەندامان” دادەنا و ، قاسملوو پێی وابوو “بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست بە خۆبەزلزانین و خۆپەرستییەوە بنیادنانرێ ، بەڵکوو بە شەرعیەتدان بۆ گشت کۆمەڵگا بنیاد ئەنرێ”.
4- لە ڕووی خیانەتی نەتەوەییەوە، قاسملوو تاکە ڕێبەری کورد بووە کە لە پاش ساڵانی 1970 وەک نەفەری یەکەمی حیزبێک لە مەیدانی سیاسیی دا بووبێ هەتا 1989، کە دەکاتە نزیک بە 20 ساڵی سەرکردایەتی جووڵانەوەی چەکداری دژ بە ڕژێمی ئێران، کەچی بە هیچ جۆرە خیانەتێکی نەتەوەییەوە تێوەنەگلاوە! بەتایبەت هەموو بەڵگە مێژوویەکان گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن کە لە سەردەمی قاسملوو دا “هیچ کوردێک بۆ ڕژێمێکی داگیرکەر نەکوژرا و تیرۆر نەکرا” لەلایەن حیزبەکەی قاسملوەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی قاسملوو هێندە زانایانە و لێزانانە سیاسەتی ئەکرد کە هەرگیز بە زیانگەیاندن بە جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی بەشەکانی دیکەی کوردستان (باشور، باکور و ، ڕۆژئاوا) نەدەشکایەوە و هیچ خیانەتێکی نەتەوەیی بەردەست لە تەواوی ژیانی قاسملوو دا ناتوانین بەدەست بێنین.
5- قاسملوو تاکە ڕێبەری سیاسیی کوردە کە توانای داهێنانی تێزی سیاسیی هەبووە و ئەشتوانم بڵێم کە” تاکە بیرمەندێکی سیاسیی کوردە” ، ئەو کۆمەڵە تێزەی کە قاسملوو هێناویەتیە نێو کایەی سیاسەتەوە یان داهێنانێکی نوێی لە جێ بە جێکردنیان دا خستووەتەڕوو بریتین لە (سەربەخۆیی بڕیاردان، ئەخلاق لەسیاسەتدا ، بەرپرسیارێتی ، دیموکراسیی ڕاستەقینە، سۆسیالیزمی دیموکراتیک) کە ئەگەر بە ووردی لێی بتوێژینەوە ئەوا بۆمان دەرئەکەوێ کە تێزەکانی تاچەندێک پڕ-بایەخن بۆ کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیی. بۆ نموونە ئەگەر بە کورتی لە تێزەکانی فەیلەسووفێکی وەک “ماکیاڤێلیی” و بیرمەندێکی وەک ” قاسملوو” بڕوانین ، ئەوا قورسایی تێزەکانی قاسملوومان بۆ ئەسەلمێ ، کە یەکەمیان “ماکیاڤێلی” وەک نموونەی فەیلەسوفێکی سیاسیی لە تێزەکانیدا “مۆراڵ” لە کایەی سیاسیی دا وون ئەکا و ، دووەمیشیان “قاسملوو” وەک بیرمەندێکی سیاسیی لە تیۆریاکانیدا “مرۆڤگەرایی” و مۆراڵ دەکاتە پێوەری جووڵە و تایبەتمەندیی مرۆڤی سیاسەتووان. ئەم مشتومڕە ئەیەوێ زیاتر لێکدانەوە و شیکاری لە نێوان تێزەکانی ئەو دوو بیرمەندە دا لەسەر بکرێ، وەلێ بە شارەزایی دەقیق لە تێز و نووسینەکانی هەردوولایان و هەڵسەنگاندنی بێلایەنانەوە.
ئەم خاڵانەی کە خستمەڕوو بە دورن لە هەر سۆز و عاتیفەیەک بۆ نەتەوەکەم کە نەتەوەی کوردە ، یان لانی کەم بۆ ڕێبەرێکی نەتەوەی کورد کە “قاسملوو”ە، بەڵکو بە دیقەتەوە ئەم تایبەتمەندییانەم لە خوێندنەوەی تێزەکانی قاسملوو و بەراوردکردن لەگەڵ ڕێبەرانی جیهان و کورد دا ئەنجامم دا، هەر پێشنیار و ڕەخنەیەکیش لەسەر ئەم بابەتەم هەبێ، سوپاس بۆ هەر بەڕێزێک کە لە ڕێی فەیسبووکەوە پێم بگەیەنێت.
شەریف هەژاری
ماستەر لەستراتیژی بەریتانیا لەخاکی ئەمریکا لەزانکۆی لەندەن.