
نووسینی : جوتیار حاجی تۆفیق
مامۆستا هێمن له پێشه‌کیی کۆمه‌ڵه چیرۆکی«پێکه‌نینی گه‌دا»دا نووسیویه‌تی: له سه‌رده‌می کۆماری دیموکراتی کوردستاندا«ڕۆژێکی سارد و سه‌هۆڵبه‌ندانی مه‌هاباد بوو، زریانێکی ساردی ده‌هات و که‌ڕه‌سیسه‌ی ده‌کرد. خۆم کوزوو کرد بوو و به په‌له ده‌ڕۆیشتم جێگایه‌کی گه‌رم و گوڕ ببینمه‌وه. ته‌ماشام کرد پێشه‌وا «قازی محه‌مه‌د» له به‌ربێڵاکه‌ی هاتووچۆ ده‌کا و ڕۆژنانه‌ی «کوردستان»ی به‌ده‌سته‌وه‌یه و یه‌کێک له نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌که‌ی له‌لایه. خه‌ریک بووم فیزماڵکی ده‌مێ و خۆم ببوێرم. دیتمی و بانگی کردم. هێشتا دوور بووم، فه‌رمووی :
ـ دیوته ئه‌و قزڵجی یه چۆنی نووسیوه ؟
زانیم مه‌به‌ستی ئه‌و پارچه ئه‌ده‌بی یه جوانه‌ی قزڵجی یه که له‌و ژماره دا چاپ کراوه. گوتم :
ـ به‌ڵێ دیومه و به‌ڕاستی چاکی نووسیوه. کاکی نووسه‌ر هه‌ڵی دایه و گوتی :
ـ به‌ڵێ ، چاک ده‌نووسێ ، به‌ڵام که‌م ده‌نووسێ. پێشه‌وا بزێکی هاتێ. سه‌ری ڕاوه‌شاند و (پارچه شیعرێکی «سه‌عدی» گوت)، دیسان ڕووی له من کرد و فه‌رمووی :
ـ بریا زۆری وامان هه‌بان… ئه‌گه‌ر بۆخۆمان بین وامان لێ هه‌ڵده‌که‌ون». (1)
به‌ڵێ ، حه‌سه‌نی قزڵجی بێئه‌وه‌ی سینگ ده‌رپه‌ڕێنێ و خۆ هه‌ڵکێشێ، یه‌کێک له خۆشه‌ویست ترین نووسه‌ران و دۆستانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دی ئه‌ده‌بدۆست و هونه‌رپه‌روه‌ر بوو. پێشه‌وا له ئاخرین ڕۆژانی ده‌سه‌ڵاتی دا به‌نیاز بووه مامۆستا قزڵجی و چه‌ند شاعیر و نووسه‌ری لاو و تازه‌پێگه‌یشتوو بنێرێته ده‌ره‌وه، تا به قه‌ولی خۆی چاو و گوێیان بکرێته‌وه و شتی تازه فێر ببن، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌گه‌یشت و ئه‌م ئاواته‌شی وه‌ک زۆر له ئاواته‌کانی دیکه‌ی نه‌هاته دی.
حه‌سه‌نی قزڵجی نه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وتووی بنه‌ماڵه‌ی قزڵجی بوو. ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ش ناو و ناوبانگیان به زیره‌کی و لێهاتوویی بڵاو بوه‌ته‌وه. هه‌ر وه‌ک مامۆستا هێمن نووسیه‌تی ، له موکریان ده‌ڵێن: «بنه‌ماڵه‌ی قزڵجی وه‌ک بێچوه مراوی وان، هه‌ر له هێلکه هاتنه‌ده‌ر، مه‌له‌وانن». مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه ئه‌وی له‌و بنه‌ماڵه‌یه بێت، هه‌ر له منداڵییه‌وه زیره‌ک و وریا و لێهاتووه. (2)
حه‌سه‌نی قزڵجی کوڕی مه‌لاعه‌لی کوڕی مه‌لا حه‌سه‌ن کوڕی مه‌لاعه‌لی کوڕی مه‌لا محه‌مه‌دی قزڵجییه. ڕۆژی سێ شه‌ممه ڕێکه‌وتی 15ی ئه‌یلوولی 1914 له شاری بۆکان هاتۆته دنیاوه. (3)
له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵییه‌وه خراوه‌ته به‌ر خوێندن. سه‌ره‌تا لای باوکی ده‌ستی به خوێندن کردووه. پاشان نێردراوه‌ته لای مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی فه‌وزی(4) و دواتریش لای مامی «مه‌لا ئه‌حمه‌دی تورجانی» (5) خوێنوویه‌تی. پاشان به مه‌به‌ستی درێژه‌دان به خوێندن چه‌ند شار و شارۆچکه و دێهاتی کوردستان گه‌ڕاوه و له چه‌ند جێی دیکه خوێندوویه‌تی.پاش چه‌ند ساڵ خوێندن چوه‌ته شاری مه‌هاباد و بوه‌ته فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانداری مه‌هاباد. له ساڵه‌کانی دوای حوکمی ڕه‌زاشای په‌هله‌ویدا بوه‌ته جێگری فه‌رمانداری مه‌هاباد. (6)
له سالانی 1927ـ1935دا له مه‌ڵبه‌ندی موکریان بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیری و سیاسی به ڕابهرایی: «سه‌یفی قازی، شێخ ئه‌حمه‌دی سریلاوا، مه‌لا محه‌مه‌د سادقی قزڵجی(قازی کاکه حه‌مه‌ی بۆکان)، قازی محه‌مه‌د…» و چه‌ند ڕووناکبیر و تێکۆشه‌ری دیکه‌ی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده سه‌ری هه‌ڵداوه. (7)
ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ئه‌وه بووه که دژایه‌ی سیاسه‌ته شۆڤینییه‌کانی حکوومه‌تی ڕه‌زاشا بکه‌ن و له پێناو بووژاندنه‌وه‌ی زمان و ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی کوردی‌دا تێ‌بکۆشن. ئه‌و کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییانه‌ی که له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا بڵاو کراونه‌ته‌وه، له ڕێگای هه‌ندێک قاچاخچیی تێکۆشه‌ر و دڵسۆزه‌وه به ده‌ستییان گه‌یشتووه و له نێو لاوه ئازادیخواز و باوه‌ڕپێکراوه‌کاندا بڵاویان کردوونه‌ته‌وه ؛ ئه‌ویش به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی فێری خوێندنه‌وه و نووسینی کوردیی و شاره‌زای زمان و ئه‌ده‌ب و مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌یان ببن.
عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی، محه‌مه‌دی نانه‌وازاده، هێمن وحه‌سه‌نی قزڵجی و چه‌ندین لاوی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وان جێی بڕوا و متمانه‌ی ڕابه‌ره‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بوون، بۆیه هه‌رچی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی‌یان ده‌ست که‌وتووه داویانه به‌وانیش و هانیان داون که ده‌رباره‌ی زمان و ئه‌ده‌ب و مێژووی کورد وتوێژ بکه‌ن.
به‌و جۆره حه‌سه‌نی قزڵجی هه‌ر زوو چاو و گوێی کراوه‌ته‌وه و شاره‌زای زمان و ئه‌ده‌ب و مێژووی نه‌ته‌وکه‌ی بووه و هه‌ر له‌و ده‌مانه‌وه ورده ورده ده‌ستی به شیعر و په‌خشان نووسین کردووه و به ده‌ستنووسی پیشانی هاوڕێ و هاوبیره‌کانی خۆی داوه.
له ساڵه‌کانی 1936ـ1941 دا چه‌ند ده‌سته و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به گشتی و ناوچه‌ی موکریان به‌تایبه‌تی که‌وتۆته چالاکی و به نهێنی شه‌وانه به ناوی یاری کردن و کات به‌سه‌ر بردنه‌وه کۆبوونه‌وه و سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی کوردستان گفتوگۆ و وت‌ووێژیان کردووه و هه‌واڵ و دهنگوباسی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیان به یه‌کتر ڕاگه‌یاندووه. حه‌سه‌نی قزڵجی هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بووه و که‌سێکی خۆشه‌ویست و جێ باوه‌ڕیان بووه. (8)
له 16ی ئۆگوستی 1943 دا کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان «کۆمه‌ڵه‌ی ژ . ک»به هاوکاری و ڕێنوێنی «حیزبی هیوا»له شاری مه‌هاباد له لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ک لاوی وریا و تێکۆشه‌ره‌وه دامه‌زراوه. (9) زۆری نه‌خایاندووه کۆمه‌ڵه په‌لی بۆ شار و شارۆچکه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کێشاوه و چالاکییه‌کانی به‌رفراوان بووه. حه‌سه‌نی قزڵجی ئه‌ندامێکی کارا و لێهاتووی کۆمه‌ڵه بووه و ناوی نهێنیی «ژیر» بووه. حه‌سه‌نی قزڵجی و عه‌بدولقادری ده‌باغی و چه‌ند که‌سی ئازادیخواز و ڕووناک‌بیری دیکه‌ی شاری بۆکان، لقی کۆمه‌ڵه‌یان له بۆکان دامه‌زراندوه و زۆر چالاکانه تێکۆشاون. (10)
کاتێکیش له 16ی ئۆگوستوسی 1945 دا له‌سه‌ر بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ . ک ، حیزبی دیموکراتی کوردستان دامه‌زراوه، حه‌سه‌نی قزڵجیش وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه له نێو ئه‌و حیزبه‌دا چالاکی خۆی درێژه پێداوه.
له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان(1946)دا، له گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانی کۆمار‌دا گه‌لێک وتار و په‌خشان و کورته‌چیرۆکی جوان و سه‌نگینی بڵاو کردۆته‌وه. ماوه‌یه‌کیش له ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌ی «کوردستان»دا هاوکاریی سه‌ید محه‌مه‌دی حه‌میدیی کردووه. (11) هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا له شاری بۆکان به هاوکاریی چه‌ند شاعیر و نووسه‌رێک گۆڤاری «هه‌ڵاڵه»ی ده‌رکردووه. (12) هه‌ژاری شاعیر له هاوکاره‌کانی قزڵجی بووه و له‌و باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی :« که هه‌وه‌ڵ ژماره‌مان بۆ پێشه‌وا برد، تۆنێک کاغه‌زی خه‌ڵات کردین… هه‌ڵاڵه چوار ژماره‌ی ده‌رچوو». (13)
کاتێک کۆماری کوردستان له‌ناو برا و سوپای حهنهڕهزاشا که‌وته داگیرکردنه‌وه‌ی ناوچه ئازادکراوه‌کانی کوردستان، هه‌ر له یه‌که‌م هه‌نگاوه‌وه ده‌ستیان به گرتن و زیندانی کردنی که‌سانی تێکۆشه‌ر و ئازادیخوازی کوردستان کرد و پاشتریش چه‌ندین سه‌رکرده و ڕابه‌ری کۆماریان له نێو شاره‌کانی کوردستان و به به‌رچاوی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستانه‌وه له سێداره دا. چه‌ند ده‌سته‌یه‌ک له تێکۆشه‌ران و ڕووناکبیران خۆیان نه‌دا به ده‌ست سوپای داگیرکه‌ر و به‌ره‌و دێهاته‌کانی سه‌ر سنوور هه‌ڵهاتن و خۆیان حه‌شار دا، هه‌ندێکیشیان به‌ره‌و شار و شهرۆچکهکانی باشووری کوردستان ڕۆیشتن و په‌نایان بۆ تێکۆشه‌رانی ئه‌وێ برد.
له‌و ده‌مانه‌دا حه‌سه‌نی قزڵجی خۆ ده‌گه‌یه‌نێته شارۆچکه‌ی«بیاره» ، له ناوچه‌ی هه‌ورامان و ماوه‌یه‌ک له خانه‌قای شێخ عه‌لادینی نه‌قشبه‌ندی ده‌مێنێته‌وه. پاشان که ده‌بیسێت عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی و محه‌مه‌دی شاپه‌سندی و غه‌نی بلوریان و هه‌ژار و قازی کاکه حه‌مه‌ی بۆکان و چه‌ند که‌سی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وان ، په‌نایان بۆ شێخ له‌تیفی کوڕی شێخ مه‌حمود بردوه و له گوندی«سیته‌ک» جێ‌وڕێی بۆ کردونه‌ته‌وه، ئه‌ویش خۆ ده‌گه‌یه‌نێته لای ئه‌وان. (14)
هه‌ژار له‌و باره‌یه‌وه نوسیویه‌تی: « ڕۆژێک دیتم کابرایه‌کی ملپانی، پاڵتۆیه‌کی به‌رگنه وشتری هه‌شته‌رۆیانه له‌به‌ر دا و که‌وشێکی پانیه درێژی قهتارچییانه ده‌پێدا هاته ژوور. پاش تاوێک ناسیمه‌وه حه‌سه‌ن قزڵجی یه و ماوه‌یه‌ک له بیاره سۆفی بوه و ئێستا هاتوه پێی شاد و شوکور بووین ». (15)
له‌و ڕۆژگاره‌دا حکوومه‌تی ئێران گه‌لێک له تێکۆشه‌ران و ڕووناکبیرانی کوردی به بیانووی به‌شداریکردن له کۆماری کوردستان دا خستبوه زیندانه‌کانه‌وه و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌دان . چه‌ند ڕابه‌ر و سه‌رکرده‌شی له نێو جه‌رگه‌ی شاری مه‌هاباد و بۆکان و سه‌قز له سێداره دا و نیازی بوو گه‌لێکی دیکه‌ش له سێداره بدات.
هه‌واڵی له سێداره‌دانی ئه‌و تێکۆشه‌رانه له سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا بڵاو ببۆه‌وه. کوردی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان به‌و هه‌واڵانه دڵته‌نگ و نیگه‌ران ببوون. ئه‌و ده‌سته ڕووناکبیرهش که له سیته‌ک گیرسابوونه‌وه به‌و هه‌واڵانه زۆر خه‌مبار بوون. له‌گه‌ڵ ڕابه‌رانی «پارتی دیموکراتی کورد ـ عێراق»و ئه‌ندامه کورده‌کانی «حیزبی شیوعی عێراق» دا که‌وتنه وتووێژ و بیروڕا گۆڕینه‌وه، هه‌تاکو له به‌رامبه‌ر ئه‌و وه‌حشیگه‌رییه‌ی که حکوومه‌تی ئێران ده‌رهه‌ق به گه‌لی کورد ده‌ستی دابوویه، بێده‌نگ نه‌وه‌ستن. پاشان بڕیار ده‌ده‌ن که سه‌ر له‌نوێ ده‌ست به خه‌بات بکه‌نه‌وه و له دژی ڕژێمی حه‌مه‌ڕه‌زاشا چالاکی سیاسی ده‌ست پێ بکه‌نه‌وه.
ئه‌م ده‌سته ڕووناکبیره له هه‌ندێک ڕوه‌وه ته‌با و له هه‌ندێک لایه‌نیشه‌وه ناکۆک ده‌بن، بۆیه ده‌بنه دوو گروپ و هه‌ر یه‌که‌یان به جۆرێک چالاکی خۆی ده‌ست پێ ده‌کات. (16) حه‌سه‌نی قزڵجی و غه‌نی بلوریان و چه‌ند که‌سێکی دیکه سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئه‌وه ساغ ده‌بنه‌وه که بڵاوکراوه‌یه‌ک به‌ناوی «ڕێگا»وه ده‌ربکه‌ن. پاش هه‌وڵ و کۆششێکی زۆر یه‌ک ژماره له‌و بڵاوکراوه‌یه ده‌رده‌که‌ن. (17) غه‌نی بلوریان به‌شێک له دانه‌کانی بڵاو کراوه‌که له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات و به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی به ڕووناکبیران و تێکۆشه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ره‌و مه‌هاباد ده‌که‌وێته ڕێ. غه‌نی بلوریان خۆی له‌و باره‌یه‌وه نوسیویه‌تی:«دوای چاپ کردنی گۆڤاری ڕێگا له کۆتایی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1327ـ1948 دا… به یارمه‌تی«هه‌مزه عه‌بدوڵلا» سکرتێری ئه‌وکاتی پارتی گه‌ڕامه‌وه بۆ مه‌هاباد له گه‌ڕانه‌وه‌م دا محه‌مه‌د مه‌حمود که ئه‌ویش ئه‌ندامی پارتی و وه‌ک بزانم مامۆستای قوتابخانه‌یه‌کی سلێمانی بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگادا سه‌رمام نه‌بێ پاڵتۆیه‌کی دامێ و هه‌مزه عه‌بدوڵلاش ده‌مانچه‌یه‌کی بچووکی شه‌ش تیری دامێ و له‌گه‌ڵ«قادر ته‌گه‌رانی» و «حهمهپۆلیس»یان خستم، که بگه‌ڕێمه‌وه ناوچه‌ی موکریان… به«ئالان» و لای «بانه»دا هاتینه«گردی گلان» له گردی گلان چوومه لای «سه‌ید کامیل» و میوانی ئه‌و بووم… له‌گه‌ڵ سه‌ید کامیل دوام و داوام لێکرد ئه‌و به‌سته گۆڤار و بانگه‌وازه له لای خۆی ڕاگرێ، تا من له مه‌هاباده‌وه کاکه «مینه»ی خزمه‌تکاری ماڵمان بنێرم و ئه‌وان بێنێته‌وه بۆ مه‌هاباد… شه‌و به «کانی مام قه‌مبه‌ران»دا… چوومه‌وه مه‌هاباد… کاکه مینه‌م وه‌شوێن گۆڤار و بانگه‌وازه‌کان خست. ئه‌و وو ڕۆژی پێچوو، و ئه‌وانی هێناوه » ، پاشان باسی ئه‌وه‌ی کردوه که کاتێک ده‌ستیان به بڵاوکردنه‌وه‌ی دانه‌کانی بڵاوکراوه‌ی ڕێگا کردوه، کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی حه‌مه‌ڕه‌زاشا به کاره‌که‌یانی زانیوه و گه‌لێک که‌سیان ده‌ستگیر کردووه، که یه‌کێکیان غه‌نی بلوریان بوه. (18)
هه‌ر له‌و ده‌مانه‌دا عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی و محه‌مه‌دی شاپه‌سه‌ندی و چه‌ند که‌سی دیکه گۆڤارێک به‌ناوی«نیشتمان»ه‌وه ده‌رده‌که‌ن و ژماره «10»ی له‌سه‌ر ده‌نووسن ؛ ئه‌ویش به‌نیازی ئه‌وه که کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک «کۆمه‌ڵه‌ێ ژیانه‌وه‌ی کوردستان» زیندوو بکه‌نه‌وه و ده‌ست به ده‌رکردنه‌وه گۆڤاری نیشتمان بکه‌نه‌وه.(19) پاشان به‌شێکی زۆری دانه‌کانی ئه‌و گۆڤاره ده‌گه‌یه‌ننه شاری مه‌هاباد و له نێو به‌شێک له لاوانی ئازادیخواز و خه‌باتگێڕ دا بڵاو ده‌کرێنه‌وه. بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆڤاری نیشتمان و بڵاوکراوه‌ی ڕێگا له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا ده‌نگ ده‌داته‌وه . له‌لایه‌ک ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌که خه‌ڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئومێدی په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ی خه‌باته‌که‌یان لا دروست ببێته‌وه، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه حکوومه‌تی ئێران به‌وه به ئاگا دێته‌وه و هه‌ست به مه‌ترسی مه‌سه‌له‌که ده‌کات و ده‌که‌وێته گرتن و زیندانی کردنی کۆمه‌ڵێک لاوی ئازا و تێکۆشه‌ر. له‌و شالاوی گرتنه‌دا غه‌نی بلوریان و چه‌ند هاوڕێ و هاوبیری ده‌گیرێن و دوچاری لێپرسینه‌وه و ئازار و ئه‌شکه‌نجه ده‌بن. (20)
کاتێک هه‌واڵی گیرانی غه‌نی بلوریان و هاوڕێکانی ده‌گاته حه‌سه‌نی قزڵجی و ئه‌وانی دیکه، هه‌موو نا‌ئومێد ده‌بن و چیدیکه ناتوانن له‌سه‌ر کاره‌کانیان به‌رده‌وام بن. هاوکات حکوومه‌تی عێراق به شێخ له‌تیفی حه‌فید ڕاده‌گه‌یه‌نێت که بۆی نییه داڵده‌ی کورده هه‌ڵهاتووه‌کانی «ئێران» بدات و لاێ خۆی گلیان بداته‌وه.
شێخ له‌تیف به پاره و له ڕێگای چه‌ند دۆست و ئاشنایه‌کی خۆیه‌وه ناسنامه‌ی عێراقی بۆ حه‌سه‌ن قزڵجی و هه‌ژار و ئه‌وانی تریش ساز ده‌کات هه‌تاکو له گرتن و ڕاونانی پۆلیسی عێراقی ڕزگاریان ببێت. هه‌ژار نوسیویه‌تی: «قزڵجی و من له‌بیرم نه‌ماوه کێی تریش (پێم وایه هه‌مزه‌ی سڵه‌مان ئاغا بوو) ناوی خۆمان گۆڕی. قزڵجی ناوی «سهیدڕهحیم» و من «عه‌زیز قادر»م هه‌ڵبژارد و شێخ له «چوارتا» پێناسی عێراقی بۆ وه‌رگرتین و بووینه عێراقی و ترس و له‌رزمان له گرتن به‌سه‌ر چوو». دواتریش نوسیویه‌تی :«قزڵجی و من هه‌ردوکمان له‌و ژیانه په‌نابه‌رییه وه‌ڕه‌ز ببوین … (شێخ له‌تیف) نامه‌یه‌کی بۆ عه‌لی که‌مال به‌گ نووسی که ملیونێرێک بوو، نووسی کارم بداتێ. قزڵجیش به‌و هه‌وایه که مام و ئامۆزای له به‌غدان ، ملی دا و چووینه به‌غدا». (21)
له به‌غدا ماوه‌یه‌ک هه‌ژار و قزڵجی پێکه‌وه ده‌بن و بۆ کار ده‌گه‌ڕێن. پاش گه‌ڕان و ئه‌ملا و ئه‌ولا، کارێکی ئه‌وتۆیان ده‌ستگیر نابێت، ئیدی لێک جیا ده‌بنه‌وه و هه‌ر یه‌که بۆخۆی به شوێن کار دا وێڵ ده‌بێت.
حه‌سه‌نی قزڵجی له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین کاری وه‌ک : کرێکاری، حه‌ماڵی ، شاگردی، فرۆشیاری… ده‌کات و هه‌رچی و چۆنێک بێت خۆی ده‌ژیه‌نێت و خۆشی له پۆلیس و جاسووسه‌کانی حکومه‌ت ده‌شارێته‌وه. پاشان له ژیانی به‌غدا بێزار ده‌بێت و به‌ره‌و سلێمانی ده‌ڕوات. ماوه‌یه‌ک له‌وێ ده‌مێنێته‌وه و به کاری وێنه‌گرییه‌وه خه‌ریک ده‌بێت. ئینجا له‌وێش بێزار ده‌بێت و به‌ره‌و به‌غدا ده‌ڕواته‌وه. ئه‌م جاره له‌گه‌ڵ عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی و هه‌ژار یه‌ک ده‌گرنه‌وه و هه‌ر یه‌که کارێک بۆ خۆی ده‌دۆزێته‌وه و هه‌رسێکیان له خانوویه‌کدا پێکه‌وه ده‌ژین. له‌و باره‌یه‌وه هه‌ژار نوسیویه‌تی :«به‌هۆی مسته‌فا کویر ناوێکی به چاوێک که خۆی به‌خزمی زه‌بیحی ده‌زانی، زه‌بیحی و قزڵجی له کافه رستورانێکی هه‌ره به‌ناوبانگی به‌غدایه که خاوه‌نه‌که‌ی عه‌بدوڵلا شه‌ریفی کۆنه سابڵاغی و ملیۆنێر بوو، به نووسه‌ر دامه‌زان». (22)
ماوه‌یه‌ک بهوکارههوه خه‌ریک ده‌بن. له‌پڕ ڕۆژێک له‌کاتی کارکردن‌دا پۆلیسی عێراقی ده‌دات به‌سه‌ریاندا و هه‌ردوکیان ده‌ستگیر ده‌کات و به‌ره‌و زیندانیان ده‌به‌ن. نزیکه‌ی ساڵێک له زیندان دا ده‌یانهێڵنه‌وه. به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه خاوه‌ن رێستورانه‌که ئاگای لێیان ده‌بێت و یارمه‌تییان ده‌دات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژگارانه‌دا زیندانه‌کانی عێراق پڕ ده‌بن له که‌سانی تێکۆشه‌ر و ڕوناکبیری کورد ؛ له نزیکه‌وه گه‌لێک له‌وانه ده‌ناسن و دۆستایه‌تییه‌کی باش له نیوانیاندا دروست ده‌بێت.
له مانگی نیسانی 1954دا حکومه‌تی عێراق له ڕێگای خانه‌قین ـ قه‌سری شیرنه‌وه هه‌ردوکیان ده‌داته ده‌ست حکومه‌تی ئێران . دوایی له قه‌سری شیرینه‌وه به‌ره‌و کرماشانیان ده‌به‌ن. له‌وێ کاتێک پۆلیس لێیان ده‌کۆڵێته‌وه، ده‌ڵێن ئێمه عێراقین و ئه‌وه‌ش پێناسه‌کانمان. که سه‌رنجی پێناسه‌کانیان ده‌ده‌ن، باوه‌ڕیان پێده‌که‌ن و پاش ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر به‌و مه‌رجه که خۆیان به‌ره‌و عێراق بڕۆنه‌وه، ئازادیان ده‌که‌ن. ئیدی هه‌ردوکیان به‌ره‌و تاران ده‌چن و ده‌چنه ماڵی عه‌بدوڵلا ئاغای ئێلخانیزاده(پورزای حه‌سه‌نی قزڵجی). په‌ش چه‌ند ڕۆژێک زه‌بیحی به‌ره‌و سنه و قزڵجیش به‌ره‌و کرماشان ده‌ڕوات. زه‌بیحی زوو خۆ ده‌گه‌یه‌نێته‌وه عێراق. قزڵجیش له کرماشان ده‌چێته ماڵی سه‌عیدی حافیدیی ئامۆزای. (22)
سه‌عیدی حافیدی یارمه‌تی ده‌دات و ده‌یداته ده‌ست شێخ موعته‌سه‌می حسامی که پیاوێکی ده‌ستڕۆیشتوو و ناسراو بووه. (24) شێخ موعته‌سه‌م له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره‌و سنه‌ی ده‌بات و ده‌یگه‌یه‌نێته ناوچه‌ی جوانڕۆ. دوو سێ هه‌فته له‌و دێهاتانه‌ی هه‌ورامان خۆ حه‌شار ده‌دات. دوایی بڕیار ده‌دات به‌ره‌و باشووری کوردستان بڕواته‌وه. (25)
له مانگی حوزه‌یرانی 1954دا له هه‌ڵه‌بجه سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه. ماوه‌یه‌ک له ته‌کیه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د ده‌مێنێته‌وه. ئینجا به‌ره‌و ناوچه‌ی بازیان (نێوانی سلێمانی و که‌رکووک) ده‌ڕوات . له‌وێ نزیکی سێ ساڵ به توتنه‌وانی و کشتوکاڵه‌وه خه‌ریک ده‌بێت. (26)
پاش ڕاپه‌ڕینی ته‌مووزی 1958، هه‌لومه‌رجێکی تا ڕاده‌یه‌ک ئارام به‌رقه‌رار ده‌بێت و کورده ئاواره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که چه‌ند ساڵ بوو نه‌یانده‌وێرا به‌ئاشکرا بێن و بچن ، ئه‌وده‌م توانیان به ئازادی بژین . هه‌ژار نوسیویه‌تی:« ده‌گه‌ڵ زه‌بیحی که‌وتینه نیگه‌رانی: خوایه قزڵجی له ماوه‌ی ئه‌م سێ ساڵه‌دا چی به‌سه‌رهات؟ ده‌یانگوت بۆته فاڵچی له کرماشان ، توور و گێزه‌ر ده‌فرۆشێ، سۆراغمان هه‌ر نه‌کرد. دوای دوو مانگ هاتینه‌وه به‌غدا، قزلجی په‌یدا بوو. که ده‌گه‌ڵ زه‌بیحی لێک هه‌ڵبڕابوون ، ببوه میوانی حافیدی ئامۆزای و خۆی گه‌یاندبوه هه‌ڵه‌بجه. ئه‌و هه‌موو مابه‌ینه بۆته سۆفیه‌کی ڕیش درێژ له ته‌کیه‌ی شێخێک و نوشته‌ی له‌باتی شێخ نووسیوه و نان و دۆی ته‌کیه‌ی خواردوه تا کوده‌تای قاسم چه‌ند مانگی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، تازه وێراویه ده‌رکه‌وێ. دیسان سێ تفه‌نگدار گه‌یشتنه‌وه یه‌ک !». (27)
ماوه‌یه‌ک هه‌ژار و حه‌سه‌نی قزڵجی له پاڵ کاره‌که‌یدا له گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییه‌کانی ئه‌و ده‌مه دا وتار و کورته‌چیرۆک بڵاو ده‌کاته‌وه. له‌گه‌ڵ زه‌بیحیشدا چه‌ند کتێبێک ده‌که‌نه کوردی و نیازیان ده‌بێت درێژه به‌کاری وه‌رگێڕان بده‌ن، به‌ڵام زۆر ناخایه‌نێت هه‌لومه‌رجه‌که ده‌گۆڕێت و ناتوانن ئه‌وه‌ی وهریانگێڕاوهتهوه چاپی که‌ن و بڵاوی که‌نه‌وه. (28)
ساڵی 1961 حکوومه‌تی عه‌بدولکه‌ریم قاسم ده‌که‌وێته به‌ر ته‌سک کردنه‌وه‌ی مافه سیاسی و ڕۆشنبیرییه‌کانی کورد و ئه‌و دیمۆکراتییه‌ی که له عێراقدا به‌رقه‌رار ببوو له‌باری ده‌بات و به‌ره‌و دیکتاتۆڕییه‌ت هه‌نگاو ده‌نێت. ئیدی سه‌رله‌نوێ ژیانی کورده په‌نابه‌ره‌کانیش دژوار ده‌بێته‌وه.
حکوومه‌تی عه‌بدولکه‌ریم قاسم به‌و په‌نابه‌رانه ڕاده‌گه‌یه‌نێت که یان ده‌بێت له عێراق بچنه ده‌ره‌وه، یان ده‌ستگیریان ده‌کات و ده‌یانداته‌وه به حکوومه‌تی ئێران. ئیتر هه‌ر یه‌که‌یان بۆ خۆی ڕێگایه‌ک ده‌دۆزێته‌وه. حه‌سه‌نی قزڵجی بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه‌ش نه‌گیرێت و نه‌درێته‌وه به حکوومه‌تی ئێران، بڕیار ده‌دات به‌ره‌و ئه‌ڵمانیای دێمۆکراتی بڕوات. حیزبی شیوعی عێراق و حیزبی توده‌ی ئێران هاوکاریی ده‌که‌ن و پاسپۆرتی بۆ ساز ده‌که‌ن و دوکتور ڕه‌زای ڕادمه‌نیش له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره‌و ئاڵمانیای دیموکراتیی ده‌بات.
پاش چه‌ند مانگێک به‌ره‌و بوڵگاریای ده‌نێرن هه‌تاکو له«ڕادیۆی په‌یکی ئێران»دا کار بکات. (29) چه‌ند ساڵێک به‌و ڕادیۆیه‌وه خه‌ریک ده‌بێت. ڕۆژانه هه‌واڵه‌کانی جیهان و ئێران و هه‌ندێک جار هه‌واڵی کوردستانیش به کوردی و عه‌ره‌بی ئاماده ده‌کات و خۆیشی وه‌ک گۆینده ده‌یانخوێنێته‌وه، پاشتریش که‌ریمی حیسامی و چه‌ند که‌سێکی دیکه ده‌بنه هاوکاری.. له کۆتایی ساڵی 1964دا حه‌سه‌نی قزڵجی و دوکتور عه‌بدولره‌حمانی قاسملو و که‌ریمی حیسامی ، پاش پرسوڕا به حیزبی توده‌ی ئێران ، بڕیار ده‌ده‌ن که ڕۆژنامه‌یه‌ک به ناوی «کوردستان»ه‌وه ده‌ربکه‌ن. پاش مشتومڕێکی زۆر له مانگی یه‌نیوه‌ری 1965دا یه‌که‌م ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه ده‌رده‌که‌ن. ئیدی به‌رده‌وام ده‌بن له ده‌رکردنی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه هه‌تاکو مارتی 1970 و به‌سه‌ریه‌که‌وه «26»ژماره‌ی لێده‌رده‌که‌ن. حه‌سه‌نی قزڵجی به نازناوی «موکری»یه‌وه گه‌لێک وتار و کورته چیرۆک و په‌خشانی ئه‌ده‌بیی تیادا بڵاو ده‌کاته‌وه.
هه‌ر له‌و ساڵانه‌شدا ده‌بێته ئه‌ندامی حیزبی توده‌ی ئێران ؛ هاوکات دۆستایه‌تی خۆیشی ده‌گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا ده‌پارێزێت و هه‌ندێک جار له کۆبوونه‌وه تایبه‌تی و نهێنییهکانیشیاندا به‌شدار ده‌بێت. (30)
هه‌ر له‌و ده‌مانه‌دا به‌رده‌وام وتار و کورتهچیرۆ و بابه‌تی وه‌رگێڕاو بۆ گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییه‌کانی عێراق ده‌نێرێت و په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌وی له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌ر و شاعیر و ڕوناکبیری باشووری کوردستاندا ده‌بێت. (31)
ساڵی 1979 ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری ئێران په‌ره ده‌ستێنێت و حکوومه‌تی حه‌مه‌ڕه‌زاشا ده‌ڕووخێنرێت و له‌ناو ده‌برێت. ئیدی خه‌ڵکی ئێران وا چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن که له جێی حکوومه‌تی دیکتاتۆڕیی شا دا حکوومه‌تێکی دیموکراتیک و پێشکه‌وتوو دێته سه‌ر کار و خه‌ڵکی ئێران به ئاشتی و ئازادی و دوور له سته‌م و زۆرداریی ده‌ژین. هه‌ر به‌و ئومێده‌وه هه‌زاران ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و تێکۆشه‌ری فارس و ئازه‌ری و به‌لووچ و کورد، که ساڵه‌ها بوو له ده‌ربه‌ده‌ریدا ده‌ژیان ده‌سته ده‌سته به‌ره‌و ئێران چوونه‌وه. حه‌سه‌نی قزڵجیش به‌و ئاواته‌وه به‌ره‌و ئێران ڕۆیشته‌وه. ماوه‌یه‌ک له شاری بۆکان له نێو خزم و دۆستانیدا ژیا، دوایی چوه تاران و له سه‌رکردایه‌تیی حیزبی توده دا جێ و ڕێی بۆ دیاری کرا.
ئه‌وده‌م حیزبی توده‌ی ئێران وه‌ک زۆربه‌ی حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی دیکه‌ی ئێران به ئاشکرا ده‌ستی به چالاکی کردبوو. تا ڕاده‌یه‌ک خه‌ڵکی له ده‌ور کۆ ببۆوه‌وه و چه‌ندین گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی سیاسی و ڕۆشنبیریی ده‌رده‌کرد و له زۆربه‌ی شاره‌کانی ئێران‌دا بنکه و باره‌گای هه‌بوو.
له حه‌ڤده‌هه‌مین پلنۆمی حیزبی توده‌ی ئێران‌دا حه‌سه‌نی قزڵجی به ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوه‌ندیی هه‌ڵده‌بژێردرێت و له به‌شی په‌یوه‌ندییه نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا داده‌ندرێت. (32) هاوکات له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له ئه‌ندامه کۆنه‌کانی نێو حیزبه‌که‌دا بیر له ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌یه‌ک به زمانی کوردی ده‌که‌نه‌وه. له‌به‌ر پرینسیبی حیزبی به سه‌رکردایه‌تی حیزبی توده ڕاده‌گه‌یه‌نن که نیازیان هه‌یه ڕۆژنامه‌یه‌ک به زمانی کوردی ده‌ربکه‌ن، به‌ڵام حیزبی توده به بیانووی جۆراوجۆر داواکه‌یان ڕه‌د ده‌کاته‌وه. دواتر بڕیار ده‌ده‌ن که له ژێر چاوه‌دێریی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که‌دا ڕۆژنامه‌ی «مه‌ردم» به کوردی ده‌ربکه‌ن. (33) حه‌سه‌نی قزڵجی و حه‌سه‌نی ماوه‌رانی و چه‌ند نووسه‌رێکی دیکه هاوکاریی یه‌کتر ده‌که‌ن و نزیکه‌ی دوو ساڵ له ده‌رکردنی به‌رده‌وام ده‌بن. تا ئه‌و ده‌می که حکوومه‌تی جمهوری ئیسلامی ئێران شالاوێکی کت‌وپڕ بۆ سه‌ر حیزبی توده ده‌ست پێده‌کات و زۆربه‌ی ئه‌ندامه چالاک و دیاره‌کانی حیزبه‌که ده‌ستگیر ده‌کات.
ڕۆژی شه‌ممه 5ی فێبرواری1983حه‌سه‌نی قزڵجیش ده‌گیرێت و ده‌خرێته زیندانه‌وه. ئه‌وده‌م گه‌یشتبوه حه‌فتاساڵ، به‌ڵام به‌و پیرییه‌ش لێیناگه‌ڕێن و نزیکه‌ی ده مانگ له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ی فسیۆلۆژی و ده‌روونیدا ده‌هێڵرێته‌وه و زۆر دڵڕه‌قانی له‌گه‌ڵی ڕه‌فتار ده‌که‌ن. تا له ڕۆژی ؟؟؟؟دا کۆچی دوایی ده‌کات. (34) چه‌ند که‌سێک به چاوه‌دێری و ئاگاداریی حکوومه‌ت ته‌رمه‌که‌ی له تاران، له گۆڕستانی به‌هه‌شتی زه‌هرا ده‌نێژن!…
حه‌سه‌نی قزڵجی نووسه‌ر :
حه‌سه‌نی قزڵجی چیرۆک‌نووس، ڕۆژنامه‌نووس، وه‌رگێڕ و شاره‌زای زمانی کوردی بوو. له سه‌رده‌می کۆماری کوردستانه‌وه هه‌تاکو ئه‌وده‌می که له‌لایه‌ن جمهوری ئیسلامی ئێرانه‌وه ده‌ستگیر کرا، ده‌یان وتار و کورته‌چیرۆک و بابه‌تی ئه‌ده‌بی و زمانه‌وه‌انی و مێژوویی له گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییه‌کاندا بڵاو کردوه‌ته‌وه.
حه‌سه‌نی قزڵجی جگه له زمانی دایکیی خۆی ، زمانی فارسی و عه‌ره‌بی و بوڵگاری و تا ڕاده‌یه‌ک تورکیشی زانیوه. هه‌روه‌ها زۆربه‌ی دیالێکته کوردییه‌کانی زانیوه و قسه‌ی پێکردوون.
ئه‌گه‌رچی له زۆر بواری جیاجیادا توانا و لێوه‌شاوه‌یی خۆی نیشان دابوو، به‌ڵام زیاتر وه‌ک چیرۆک‌نووس ناوبانگی بڵاو ببۆوه‌وه. له ڕاستیدا چیرۆکنووسێکی به‌توانا بوو. ئه‌و له‌باره‌ی ئه‌زموونی چیرۆک‌نووسی خۆیه‌وه نووسیویه‌تی:«له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا بووم، له‌گه‌ڵ ئامۆزایه‌کم (که به‌داخه‌وه له‌م سالانه‌دا له کرماشان له دنیا ده‌رچوو) له‌لای مامێکمان مه‌لا ئه‌حمه‌دی تورجانی زاده له مه‌هاباد ده‌مان خوێند. تورجانی زاده، بۆ پێ خوێندنی ئێمه میتۆد و شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی به‌کار ده‌هێنا. ڕێزمانی عه‌ره‌بی«نحو ـ صرف»ی فێر ده‌کردین، دوای فێرکردنی «قاعده» یه‌کێک له چیرۆکه‌کانی مه‌نفه‌لووتی پیشان ده‌داین. ده‌بوو له‌و چیرۆکه‌دا دیاریی بکه‌ین که ئه‌و قاعیدانه چۆن به‌کار هێنراون. له‌پاشان ده‌بوو ته‌واوی چیرۆکه‌که بگێڕینه‌وه و ڕوونی بکه‌ینه‌وه مه‌به‌ستی نووسه‌ر ، له نووسینی ئه‌م چیرۆکه چ بووه. ئه‌گه‌ر بمان زانیایه ئافه‌رینی ده‌کردین، ئه‌گه‌ر نه‌مان زانیایه خۆی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی به درێژیی بۆ ڕوون ده‌کردینه‌وه و تێی ده‌گه‌یاندین. تورجانی زاده بایه‌خێکی زۆری به چیرۆک ده‌دا، خۆشی له کتێب و گۆڤاراندا چیرۆکی بخوێندایه‌وه، گه‌لی جار بۆمانی ده‌گێڕایه‌وه و به درێژی لێی ده‌کۆڵیه‌وه. ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه که هه‌ر له‌و وه‌خته‌وه حه‌ز به چیرۆک بکه‌م. ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکیش له تاوی پۆلیسی ئه‌وسا له بازیان خه‌ریکی تووتن کردن بووم و له ناو وه‌رزێره‌کاندا ده‌ژیام. ده‌مدی که وه‌رزێره‌کان گه‌لێ نه‌قڵ و حیکایه‌تیان ده‌زانی و زۆر به‌تام و له‌زه‌ت بۆ یه‌کریان ده‌گێڕایه‌وه. له‌مه‌ش بۆم ده‌که‌وت که چیرۆک له ناو کۆمه‌ڵانی ڕه‌نجده‌ر و زه‌حمه‌تکێشی کورد دا ته‌ئسیرێکی زۆری هه‌یه» (35)
لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه بۆ به‌شێک له نووسینه‌کانی بکه‌ین :
1 ـ ئاشتیخوازی لادێیی و په‌یمانی دوولایی، دوو شیعری درێژن یه‌کیان حه‌سه‌نی قزڵجی و ئه‌وی دیکه عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی نووسویه‌تی، له به‌غدا ساڵی 1959، له چاپخانه‌ی«النجاح» چاپ کراوه، محه‌مه‌د تۆفیق وردی پێشه‌کیی بۆ نووسیوه.
2 ـ پێکه‌نینی گه‌دا، کۆمه‌ڵه چیرۆکێکه، کاتی خۆی حه‌سه‌نی قزڵجێ له گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییه‌کانی عێراقدا بلاوی کردبوونه‌وه، ساڵی 1972 له به‌غدا چاپکراوه، هێمنی شاعیر پێشه‌کیی بۆ نوسیوه. ساڵی 1985 مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لاکه‌ریم سه‌رله‌نوێ چاپی کردوه‌ته‌وه و پێشه‌کییه‌کی کورتیشی بۆ نووسیوه.
وتار و لێکۆڵینه‌وه‌کانی :
1 ـ پێشمه‌رگه، دوکتۆر ڕه‌حیمی قازی، به‌غدا، 1961.
2 ـ مهم و زینی خانی، هه‌ژار کردویه به موکریانی، به‌غدا، 1960.
3 ـ کاروانێک له شه‌هیدانی کوردستانی ئێران، که‌ریمی حیسامی، له بلاوکراوه‌کانی بنکه‌ی پێشه‌وا، به‌غدا، 1971.
وه‌کو ئێمه ئاگادارین ئه‌م به‌رهه‌مه چاپ نهکراوانهشی هه‌بوه:
1 ـ تیئۆری ئه‌ده‌بی، له بوڵگارییهوه وه‌ریگێڕاوه بۆ کوردی، 500 لاپه‌ڕه‌ی ده‌ستنووس بووه.
2 ـ زاراوه‌کانی سیاسی ـ کۆمه‌لایه‌تی، وه‌رگێڕاوه بۆ کوردی. (36)
3 ـ کورته چیرۆکه‌کانی ئه‌نگیڵ کاراڵچیڤ، له بولگارییه‌وه کردویهتهی به کوردی. (37)
وه‌ک هه‌ندێک له هاوڕێ نزیکه‌کانی ئاماژه‌یان بۆ کردووه، یهسهنی قزڵجی به‌رهه‌می چاپ نه‌کراوی دیکه‌شی هه‌بوه و ساڵی 1979 که گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئێران هه‌موویانی له کتێبخانه‌که‌ی له بولگاریا به‌جێ هێشتووه. ئیدی پاش مردنی کتێبخانه‌که‌ی و به‌رهه‌مه‌کانی که‌وتوونه‌ته لای حیزبی توده‌ی ئێران و تا ئێستا بێ سه‌ر و شوێن ماونه‌ته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر بێت و ڕۆژێک ده‌ستنووسه‌کانی بدۆزرێنه‌وه و چاپ بکرێن ئه‌وه باشترین ڕێز و وه‌فا ده‌بێت بۆ ئه‌و مرۆڤه نه‌مره‌مان.
په‌راوێز و ڕوونکردنه‌وه‌کان :
ــــــــــــــــــــــــــــــ
(1) حه‌سه‌نی قزڵجی ، پێکه‌نینی گه‌دا، له بڵاوکراوه‌کانی بنکه‌ی پێشه‌وا، 1972، ل8 ـ9 .
(2) سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه‌ی قزڵجی بڕوانه: مهلاعهبدولا ئه‌حمه‌دیان، عه‌للامه قزڵجی و زانکۆی تورجان، گۆڤاری سروه، ژماره 119، جۆزه‌ردان1357، ل 25 ـ30.
(3)مێژووی له‌دایکبوونی حه‌سه‌نی قزڵجی به‌چه‌ند جۆرێک نووسراوه:«1913» عوسمان مه‌حمود ئه‌حمه‌دی، له یادی نهمرانداـ حه‌سه‌نی قزڵجی، گۆڤاری کاروان، ژماره39، کانوونی یه‌که‌می 1985، ل17) ؛ «15ی ئه‌یلولی1914». (جۆیس بلاو، مرنا حه‌سه‌نی قزڵجی، گۆڤاری هیواـ هیڤی، ژماره4 ، ئه‌یلوولی1985، ل7) ؛«1292ی هه‌تاوی».(حه‌سه‌نی ماوه‌رانی، به‌یادی نووسه‌ر و ئه‌دیب و تێکۆشه‌ری شه‌هید مامۆستا حه‌سه‌نی قزڵجی، گۆڤاری هاوار، ژماره9، به‌فرانباری 2000، ل34).
(4)مه‌لا ئه‌حمه‌دی فه‌وزی که‌سێکی ڕووناکبیر و تێکۆشه‌ر بووه. ساڵی 1875 له گوندی عه‌بابه‌یلێی نزیک هه‌ڵه‌بجه له‌دایک بووه. له سه‌رده‌می حکومه‌تی شێخ مه‌حمود دا له دایک بووه . له منوهرهکانی ئه‌و ده‌می سلێمانی، پاش له‌ناوچوونی حکومه‌ته‌که‌ی شێخ مه‌حمود، وه‌ک زۆر تێکۆشه‌ری دیکه‌ی ئه‌وده‌مه، سلێمانی به‌جێ ده‌هێڵێت و له ناوچه‌ی موکریان ، له گوندی حاجیکه‌ند ده‌گیرسێته‌وه. له‌وێ به په‌روه‌رده و فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره خه‌ریک ده‌بێت هێمن و حه‌سه‌نی قزڵجی و گه‌لێک ڕووناکبیر و تێکۆشه‌ری دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان شاگردی ئه‌و بوون.
هێمن له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا نوسیویه‌تی:« فه‌وزی به‌بڕوای من یه‌کێکه له گه‌وره‌پیاوانی مێژووی کوردستان ، که داخه‌که‌م شوێنه‌واره‌کانی فه‌وتاون و خۆشی له‌بیر چۆته‌وه. ئه‌و لاوه کوردانه‌ی له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تی ڕه‌زاخانی په‌هله‌وی دا… ئازایانه کوردایه‌تییان ده‌کرد، یا ڕاسته‌وخۆ شاگردی فه‌وزی بوون یا شاگردی شاگرده‌کانی ئه‌و. به‌تایبه‌تی پێشه‌وا قازی موحه‌مه‌دی شه‌هید شانازی به‌وه‌وه ده‌کرد که شاگردی فه‌وزی بووه. مه‌لا ئه‌حمه‌دی فه‌وزی یا مه‌لای سولێمانی کێ بوو؟چکاره بوو؟ بۆ په‌ڕیوه‌ی مه‌ڵبه‌ندی ئێمه ببوو ؟ نازانم… ده‌یان گوت خه‌ڵکی شاری سولێمانی یه و له کوردستانی عێراقه‌وه له‌گه‌ڵ شێخه‌لیسلامی گه‌وره‌دا… هاتۆته موکریان . پاش مردنی شێخه‌لیسلام ژنه‌که‌ی ئه‌وی ماره کردبۆوه و کچێکی لێ هه‌بوو… بۆ خۆی له ساڵی 1943ـ1322دا له گوندی حاجیکه‌ند مرد و له خانه‌قای شێخی بورهان نێژراوه. کتێب و نووسینه‌کانی وه‌گیر زاواکه‌ی که‌وتن که هیوادارم نه‌فه‌وتابن… فه‌وزی زانایه‌کی گه‌وره، ئه‌دیبێکی که‌م وێنه، کوردێکی پاک و بێ باک بوو…» (هێمن ، تاریک و ڕوون، له بڵاوکراوه‌کانی بنکه‌ی پێشه‌وا، 1974، ل11ـ12). هه‌ژار له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا به کورتی باسیکردووه و نوسیویه‌تی:«مامۆستا فه‌وزی زۆر عالم ، زۆر کورد، شاعیر، ئیتر وه‌ک ئاردی به‌هارو بۆ هه‌موو شت ده‌بوو. نسحه‌ت و ڕێنیشاندانی ئه‌و ، بیری کوردایه‌تی خسته مێشکی زۆر له لاوانی ئاشنای. دنه‌دانی ئه‌و هێمنی کرده شاعیر». (هه‌ژار، چێشتی مجێو‌ر، ل 39).
سه‌ید محمد سه‌مه‌دی دوو پارچه شیعری مه‌لا ئه‌حمه‌دی فه‌وزیی له زمانی مه‌لا قادری مدهرسییهوه نوسیوه. (سێد محمدصمدی، نگاهی به تاریخ مهاباد، مهابادـ انتشارات رهرو، 1373، ص 304). سه‌عید ناکام ؟
(5) مه‌لا ئه‌حمه‌دی تورجانی زاده، کوڕی مه‌لا محه‌مه‌د حسێن کوڕی مه‌لا عه‌لی قزڵجییه، ساڵی 1903 له سابڵاخ (مه‌هاباد) له دایکبووه. سه‌رده‌مێک مه‌لا بوه و پاشان بوه‌ته فه‌رمانبه‌ر و دواتر بوه‌ته مامۆستا و له ساڵانی دوایی ته‌مه‌نیدا به هۆی شاره‌زایی له زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا بوه‌ته مامۆستا له زانکۆی ته‌ورێز له کۆلێژی زانسته مرۆییه‌کان. ڕۆژی چوارشه‌مه 24ـ9ـ1980 له شاری ته‌ورێز کۆچی دوایی کردووه و له گۆڕستانی وادی ڕه‌حمه‌ت نێژراوه. خاوه‌نی گه‌لێک کتێب و نووسراوی جۆراوجۆره. شایانی باسه ساڵی 1921 مه‌لا ئه‌حمه‌دی تورجانی زاده هاوکاریی مه‌لا محه‌مه‌دی قزڵجی برای کردوه له ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌ی «کورد»دا، که وه‌ک ئۆرگانی بزووتنه‌وه‌که‌ی سمایل خانی شکاک له ورمێ ده‌ریان کردووه، له‌سه‌ر ئه‌وه خۆی و براکه‌ی له لایه‌ن فه‌رمانده‌یه‌کی خوێنرێژی حکومه‌تی ڕه‌زاشا به ناوی عه‌بدوڵلا ته‌هماسبی، ده‌ستگیر ده‌کرێن و نیازیان ده‌بێت بیان کوژن، به‌ڵام به هه‌وڵی سه‌ردارێکی کورد، له مردن ڕزگاریان ده‌بێت. (ده‌رباره‌ی بڕوانه:
1 ـ بابا مردوخ، تاریخ مشاهیر کرد، جلد دوم، تهاران، 1366، ص442ـ446 . 2 ـ سیدمحمد صمدی، نگاهی به تاریخ مهاباد، مهاباد ـ انتشارات رهرو، 1372، ص246 .
3ـ محه‌مه‌د سالح ئیبراهیمی(شه‌پۆل)، ژیناوه‌ری زانایانی کورد له جیهانی ئیسلامه‌تی یا گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگ و زانست، تهران، 1364 کۆچی، ل249 ـ256.
(6) فه‌رمانداری ئه‌وده‌مه‌ی شاری مه‌هاباد ناوی «سریع القلم)بوه.
(7) له‌و باره‌یه‌وه بڕوانه : پێشه‌کی هێمن بۆ کۆمه‌ڵه چیرۆکی «پێکه‌نینی گه‌دا»، ل7. هه‌روه‌ها : که‌ریمی حیسامی، کاروانێک له شه‌هیدانی کوردستانی ئێران، 1971، له بڵاوکراوه‌کانی بنکه‌ی پێشه‌وا، ل 6.
(8) ده‌رباره‌ی چالاکی سیاسی حه‌سه‌نی قزلجی له هه‌لومه‌رجی پێش دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان دا، بڕوانه :(ئه‌حمه‌دی شه‌ریفی، سواره له‌به‌ر تیشکی نووسراوه‌کانیدا، گۆڤاری مامۆستای کورد، ژماره4ـ5، ته‌موزی 1987، ل146). هه‌روه‌ها بڕوانه: (حه‌سه‌نی ماوه‌رانی، به‌یادی نووسه‌ر و ئه‌دیب و تێکۆشه‌ری شه‌هید مامۆستا حه‌سه‌نی قزڵجی، گۆڤاری هاوار، ژماره9، به‌فرانباری2000، ل34).گۆڤاری هاوار، ژماره9، به‌فرانباری 2000، ل 34).
(9) سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کم نوسیوه، کاتی خۆی له ڕۆژنامه‌ی «کوردستانی نوێ، ژماره‌ی 1401، دووشه‌ممه 7ـ4ـ1997»دا کورته‌یه‌کیم بڵاو کرده‌وه. پاشتر له گۆڤاری گزینگ ـ سوید، ژماره31، به‌هاری2001، 36ـ39»دا به زانیاریی زیاتره‌وه بڵاوکرده‌وه، ئێستا ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی دیکه‌مدا که ده‌رباره‌ی «حیزبی ئازادیخوازی کوردستان»ه و هه‌ردوکیان ته‌واوکه‌ری یه‌کترین ئاماده‌ن بۆ چاپ له دوو توێی کتێبێک‌دا.
(10) سه‌باره‌ت به ئه‌ندامێتی و چالاکی حه‌سه‌نی قزڵجی له نێو کۆمهڵوی ژ.ک. دا شه‌وی هه‌ینی 20ـ8ـ2004 به ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بدولقادر ده‌باغی«مامه‌قاله» دا قسه‌م کرد و گوتی :«حه‌سه‌نی قزڵجی ئه‌ندامێکی کارا و لێهاتووی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. بوو، ناوی نهێنی ژیر بوو، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌ندامێتیم له‌بیر نه‌ماوه…ـ پێشتریش له 6ـ 4ـ2004 دا به ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ مامۆستا سه‌لاحه‌دینی موهته‌دی کرد. ئه‌ویش گوتی«ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه بووه و له بۆکان چالاکانه له نێو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا تێکۆشاوه».
(11) سه‌یدمحه‌مه‌دی حه‌میدی نووسه‌ر و ڕوناکبیرێکی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان، سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی «کوردستان»ی ئۆرگانی «حیزبی دیموکراتی کوردستان»، هه‌روه‌ها سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری «کوردستان»یش بوه. سه‌ید محه‌مه‌د حه‌میدی کوڕی عه‌بدوڵلا کوری سه‌ید فه‌یزوڵلا کوڕی سه‌ید شوکوروڵلای پارسانیایه، له 1903دا له گوندی شالوجهی سه‌قز له دایک بووه. له ڕۆژی 27ـ4ـ1979 دا له شاری سنه کۆچی دوایی کردوه و له گۆڕستانی شێخ محه‌مه‌د باقری غیاسی نێژراوه. سه‌ید محه‌مه‌د حه‌میدی یه‌کێکه له هه‌زاران ڕوناکبیر و تێکۆشه‌ری گومناوی نه‌ته‌وه‌که‌مان! (ده‌رباره‌ی بڕوانه : ئه‌حمه‌دی شه‌ریفی، سه‌ید مه‌حه‌مه‌دی حه‌میدی سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه و گۆڤاری کوردستان، گۆڤاری هاوار، ژماره 15، ڕێبه‌ندانی 2004، ل17 هه‌تاکو ل21). هه‌ژار ، چێشتی مجێو‌ر، ل
(12) هه‌ڵاڵه : گۆڤارێکی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی بوه، له شاری بۆکان ده‌رکراوه. حه‌سه‌نی قزڵجی سه‌رنوسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری بووه. یه‌که‌م ژماره‌ی له 21ی مارتی 1946دا ده‌رچووه. سێ ژماره‌ی لێ ده‌رکراوه.
(13) هه‌ژار له چێشتی مجێو‌ر ،(ل87)دا نوسیویه‌تی : چوار ژماره‌ی لێ ده‌رچووه.
(14) شێخ له‌تیف کوری شێخ مه‌حمودی حه‌فیده. ساڵی 1917 له دایک بوه. له مێردمنداڵییه‌وه تێکه‌ڵی کۆڕ و کۆمه‌ڵی سیاسی بووه. له 1937دا له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی ڕوناکبیر و تێکۆشه‌ردا ڕێکخروێکی سیاسی‌یان به‌ناوی «کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی»یه‌وه دامه‌زراندوه و له پێناوی بوژاندنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا تێکۆشاون و لاوانی کوردی‌یان به بیر و باوه‌ڕی کوردایه‌تی گۆشکردووه. پاشتریش له چه‌ند کۆمه‌ڵه و پارتێکی سیاسی‌دا ڕۆڵی به‌رچاوی نواندووه. سه‌رده‌مێک ژیانی به دورخراوه‌یی بردۆته سه‌ر و چه‌ند ساڵیش خراوه‌ته زیندانه‌وه. ڕۆژی 12ـ5ـ1972 له به‌غدا کۆچی دوایی کردووه. ڕۆژی دواتر له مه‌راسمێکی پڕشکۆدا ته‌رمه‌که‌ی به‌ره‌و سلێمانی براوه‌ته‌وه و له ته‌نیشت شێخ مه‌حمودی باوکی نێژراوه. شێخ له‌تیف شیعر و وتار و بابه‌تی مێژوویی به‌نرخی نوسیوه.
(15) چێشتی مجێو‌ر، ل103.
(16) غه‌نی بلوریان له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا که به‌ناوی «ئاڵه‌کۆک»ه‌وه بڵاوی کردۆته‌وه تا ڕاده‌یه‌ک باسی ئه‌و ده‌مانه‌ی کردووه. هه‌روه‌ها محه‌مه‌دی شاپه‌سه‌ندی له‌چه‌ند وتاری خۆیدا گه‌لێک سه‌رنج و ڕوونکردنه‌وه‌ی گرنگی له‌وباره‌یه‌وه تۆمار کردووه. (بۆ نمونه بڕوانه: محه‌مه‌دی شاپه‌سه‌ندی، له په‌راوێزی ژیان وبه‌سه‌رهاتی زه‌بیحی ـ نهێنییه‌کانی چاپی ژماره«10»ی نیشتمان، گۆڤاری ڕۆژنامه‌نووسان، ژماره1، به‌هاری2002، ل121ـ125).
(17)ڕێگا: بڵاوکراوه‌یه‌کی کوردی فارسی بووه، له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری1327(کۆتایی ئۆکتۆبه‌ر و سه‌رتای نۆڤێمبه‌ری1948)دا له‌لایه‌ن حه‌سه‌نی قزڵجی و غه‌نی بلوریانهوه له گوندی سیته‌ک ـ نزیک سلێمانی ته‌نها یه‌ک ژماره‌ی لێ ده‌رکراوه. ئه‌گه‌رچی له‌ژێر ناوی بڵاوکراوه‌که‌دا نووسروه:«ئۆرگانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد»، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به «کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک.»ه‌وه نییه‌ر ؛ هه‌ندێک ئه‌مه‌یان لێ تێکه‌ڵ بووه و به‌ستوویانه‌ته‌وه به کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک.ه‌وه!! له ڕۆژنامه‌ی«کوردستانی نوێ، ژماره‌ی 1582، پێنج شه‌ممه 26ـ3ـ1998»دا تا ڕاده‌یه‌ک له‌م باسه‌م کۆڵیوه‌ته‌وه.
(18) غه‌نی بلوریان، ئاڵه‌کۆک ـ به‌سه‌رهاته‌کانی سیاسی ژیانم ـ ستوکهۆڵم ـ 1997، ل93ـ98 و چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی دواتریش.
(19) ژماره 10ی نیشتمان : له لایه‌ن عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی و محه‌مه‌دی شاپه‌سه‌ندی…یه‌وه له گوندی سیته‌ک ـ نزیک سلێمانی ده‌رکراوه. له‌ژێر ناوی گۆڤاره‌که‌دا نوسیویانه :«ئۆرگانی نه‌هزه‌تی مقاومه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک.»، تا ئێستا به ته‌واوه‌تی بۆم ڕوون نه‌بۆته‌وه که چ مانگێک ده‌رکراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که لێی دڵنیام ئه‌وه‌یه که له نێوان مانگی یولی ـ نۆڤێمبه‌ری 1948دا ده‌رکراوه. هه‌ندێک که‌س وا ڕاده‌گه‌یه‌نن که ئه‌م ژماره 10یه‌ی نیشتمان ده‌رنه‌کراوه و هه‌ر ته‌نها گوته‌یه! محه‌مه‌دی شاپه‌سه‌ندی له چه‌ند نووسینی خۆیدا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ده‌رکردنی کردووه و زانیاریی به‌نرخیشی ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه که ئه‌و گۆڤاره‌ی تیادا ده‌رکراوه نوسیوه. به باوه‌ڕی خۆم ئه‌م ژماره (10)یه‌ی گۆڤاری نیشتمان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی بابه‌تییانه‌ی به گۆڤاری «نیشتمان»ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک.ه‌وه نییه! به‌م ژماره‌یه‌ی نیشتمان نه‌توانراوه کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. زیندوو بکه‌نه‌وه، نه‌توانراویشه درێژه به ده‌رکردنه‌وه‌ی نیشتمان بده‌نه‌وه! به باوه‌ڕی من کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. له دوای دامه‌زراندنی«حیزبی دیموکراتی کوردستان» کۆتایی هات! (ئه‌م باسه شایانی لێکۆڵینه‌وه‌یه و ده‌کرێت له داهاتوودا به به‌ڵگه و زانیاریی وردتره‌وه لێی بکۆڵینه‌وه).
(20) له هه‌فته‌نامه‌ی «هاوپه‌یمانی» ژماره 15، شه‌ممه 27ـ6ـ1998 دا ده‌رباره‌ی هه‌ندێک له باسه‌کانی «ئاڵه‌کۆک»م نوسیوه.
(21) چێشتی مجێو‌ر، ل 113.
(22) چێشتی مجێو‌ر، ل180.
(23) سه‌عیدی حافیدی کوڕی مه‌لا ڕه‌حیم کوڕی مه‌لا محهمهدحهسهن کوڕی مه‌لا عه‌لی قزڵجییه، له شاری بۆکان له‌دایک بووه. هه‌ر زوو خراوه‌ته به‌ر خوێندن و بۆ خوێندن زۆر شوێنی کوردستان گه‌ڕاوه. ساڵی 1932 چوه‌ته سلێمانی و ماوه‌ی دوو ساڵ له‌وێ خوێندویه‌تی. پاشان چۆته مه‌هاباد و له‌گه‌ڵ حه‌سه‌نی قزڵجیدا له‌لای مه‌لا ئه‌حمه‌دی تورجانی زاده خوێندوویانه. ساڵی 1938 بوه‌ته فه‌رمانبه‌ر و دواتر چۆته شه‌ری کرماشان و له دادگادا کاری کردوه. ساڵی 1964 له کرماشان کۆچی دوایی کردوه. جگه له زمانی دایکیی زمانی فارسی، تورکی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزیی زانیوه. گه‌لێک شیعر و به‌رهه‌می بلاونه‌کراوه‌ی له‌پاش به‌جێ ماوه. (ده‌رباره‌ی بڕوانه : بابا مه‌ردوخ رواحانی، تاریخ مشاهیر کرد، ص365ـ366).
(24) شێخ موعته‌سه‌می حسامی(1903ـ1992) که‌سایه‌تییه‌کی ناسروای کوردستان و کوڕی شێخ حسامه‌دینی نه‌قشبه‌ندیی بوو، له شاری سنه له دایک بووه. پاشان ماڵیان به‌ره‌و دیوی باشووری کوردستان گواستوه‌ته‌وه و له‌وێ ده‌ستی به خوێندن کرددووه. پاشان چوه‌ته‌وه سنه و له‌وێ نیشته‌جێ بووه. وێڕای زمانی دایکیی، زمانی فارسی،عه‌ره‌بی و ئینگلیزی زانیوه.
(25) حه‌سه‌نی قزڵجی کورته‌یه‌کی ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی خۆی له دوو توێی چیرۆکی «هێلکه‌ی هادی خانی» دا باس کردووه. به مه‌به‌ستی ساغ کردنه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و به‌سه‌رهاته و چۆنیێتیی گیرانه‌که‌یان ئه‌م سهرهنجانهم له‌و چیرۆکه به ده‌ست هێناوه:
1ـ به‌وه‌دا که نووسیویه‌تی:« هاوڕێکه‌ی من گوتی: کوڕم ئه‌م قسانه پار ئه‌کران(واته که زه‌مانی موسه‌دیق بوو….)، که‌واته ئه‌و ڕووداوه‌ی که حه‌سه‌نی قزڵجی گێڕاویه‌تییه‌وه، ساڵی 1954 ڕوویداوه.
2 ـ به‌وه‌شدا که نووسیویه‌تی:« له چایخانه‌که‌ی (مله‌مرواری)هه‌رچه‌ند ڕه‌مه‌زانیش بوو، دابه‌زین…) که‌واته کاتی به‌سه‌رهاته‌که ڕه‌مه‌زانی ساڵی 1954 بووه. وه‌کوو لێکم داوه‌ته‌وه 1ی ڕه‌مه‌زانی 1373ده‌کاته(4ـ5ـ1954)و 30ی ڕه‌مه‌زانی 1373 ده‌کاته(2ـ6ـ1954). ده‌توانین وا دابنێین ئه‌و ڕووداوه که حه‌سه‌نی قزڵجی له چیرۆکه‌که دا گێڕاویه‌ته‌وه ده‌ور و به‌ری ڕۆژی شه‌ممه 15ـ5ـ1954 بووه.
3 ـ به‌وه‌دا که نووسیویه‌تی:« ئه‌م دیمه‌نه بۆ من، به‌تایبه‌تی دوای ماوه‌یه‌ک زیندان، ئه‌وه‌نده جوان و خه‌م ڕه‌وێن بوو…)، که‌واته ماوه‌یه‌ک له زینداندا بووه و دواتر به‌هه‌ر شێوازێک بووه ئازاد بووه و ئێستا وا به‌ڕێوه‌یه به‌ره‌و دێهاته سنوورییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی خۆ بگه‌یه‌نێته‌وه باشووری کوردستان.
(26) خۆی له‌و باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی:«… ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکیش له تاوی پۆلیسی ئه‌وسا له بازیان خه‌ریکی تووتن کردن بووم و له‌ناو وه‌رزێره‌کاندا ده‌ژیام. ده‌مدی که وه‌رزێره‌کان گه‌لێ نه‌قڵ و حیکایه‌تیان ده‌زانی و زۆر به تام و له‌زه‌ت بۆ یه‌کتریان ده‌گێڕایه‌وه». (گۆڤاری «نووسه‌ری کورد»، حه‌سه‌نی قزڵجی و بیره‌وه‌ری و هه‌ڵوێستێک به‌رامبه‌ر چیرۆکی کوردی، ژماره 10، ئه‌یلوولی 1973، ل7).
(27) چێشتی مجێو‌ر، ل283.
(28) بۆ نموونه له سه‌ر به‌رگی دواوه‌ی نامیلکه‌ی «ئاشتیخوازی لادێیی و په‌یمانی دوو لایی» نووسراوه :«قامووسی سیاسی قامووسی سیاسی کتێبێکی زۆر به‌نرخ و نایابه. له ژێر چاوه‌دێری(ما ـ پروفسور)ی سووه‌تی «ب.ن. پانوماریفا»دا به زمانی رووسی دانراوه. هه‌موو باسێکی اقتصادی، فه‌لسه‌فی و سیاسی، گرینگی تێدایه. له لایه‌ن ح.قزڵجی و ر.ذه‌بیحی، کراوه به عه‌ره‌بی، به‌شی یه‌که‌می له بابه‌ت(مسائل المادیه الدیالیکتیکیه)وه، به‌م زوانه ده‌رئه‌چو پێشکه‌ش خوینده‌وارانی به‌ریز ئه‌کریت».
(29) ڕادیۆی په‌یکی ئێران: ده‌نگی حیزبی توده‌ی ئێران بوو. له نێوان سالانی 1961ـ1970دا له بوڵگاریاوه په‌خش ده‌کرا. سه‌ره‌تا ته‌نها به فارسی بوو، پاشان به عه‌ره‌بی و کوردیش وتار و هه‌واڵی بڵاو ده‌کرده‌وه. (ده‌رباره‌ی بڕوانه: کژراهه، احسان طبری. تهران،1378، ص213ـ217).
(30) که‌ریمی حسامی له‌و باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی:« کاک حه‌سه‌نی قزڵجی هه‌رچه‌ند له ده‌ربه‌ده‌ریدا له رادیۆ په‌یکی ئێران کاری ده‌کرد، هه‌ر خۆی به ئه‌ندامی حیزبی دیموکرات ده‌زانی و له هه‌موو کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که پێوه‌ندی به حیزبی دیموکراته‌وه بووبێ به‌شداری کردووه. کاک حه‌سه‌ن ته‌نیا پاش شۆڕشی ئێران که حیزبی دیموکرات ئامێزی بۆ نه‌کرده‌وه، حیزبی توده هێنایه‌وه ئێران و کردیه ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و له تاران هێشتیه‌وه تا گیرا و شه‌هید کرا»، (که‌ریمی حسامی، پێداچوونه‌وه، به‌رگی دووه‌م، ستۆکهۆڵم، 1997. ل244ـ245).
(31) هه‌روه‌ک مامۆستا محهنهدی مه‌لاکه‌ریم چه‌ند جار به ده‌می بۆی باس کردم، حه‌سه‌نی قزڵجی به‌رده‌وام له بوڵگاریاوه نووسین و به‌رهه‌می وه‌رگێڕراوی بۆ ئه‌و و چه‌ند دۆستێکی دیکه ده‌نارد و ئه‌وانیش له گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییه‌کاندا بڵاویان ده‌کرده‌وه.
(32)نورالدین کیانوری له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا نووسیویه‌تی:« قزلجی تا سال1358 در بلغارستان بود. در این سال او داوطلبانه به ایران آمد و در شعبه روابط بین المللی حزب به فعالیت پرداخت. قزلجی در پلنوم حفدهم به عضویت کمیته مرکزی حزب برگزیدهشد»، (خاطرات نورالدین کیانوری، انتشارات اطلاعات، تهران، 1372، ص532ـ533).
شه‌وی هه‌ینی 20ـ8ـ2004 به‌ڕێز عه‌بدولقادر ده‌باغی«مامه‌قاله‌ی ده‌باغی» باسی ئه‌وه‌ی بۆ کردم که ساڵی1979دوکتور عه‌بدولره‌حمان قاسملو به مامه قاله‌ی گوتوه هه‌وڵ بده به هه‌ر ڕێگایه‌ک بێت حه‌سه‌نی قزڵجی له حیزبی توده ده‌ربخه‌ره‌وه، هه‌روه‌ها گوتوشیه‌تی که حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران مانگانه ئه‌وه‌نده یارمه‌تیی ده‌دات که به باشی پێی بژی و با له بۆکان به‌کاری نوسینه‌وه خه‌ریک ببێت و ئێمه‌ش هاوکاریی ده‌که‌ین. مامه‌قاله گوتی:«هه‌وڵێکی زۆرم له‌گه‌ڵ دا، ته‌نانه‌ت خۆیشی (واته حه‌سه‌نی قزڵجی)له حیزبی توده نیگه‌ران بوو، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بوو ڕیزی حیزبی توده‌ی به‌ر نه‌دا».
(33) مه‌ردوم: ئۆرگانی ناوه‌ندیی حیزبی توده‌ی ئێران بوو، به کوردی له تاران ده‌ده‌کرا. ئه‌و وتار و بابه‌ته سیاسییانه‌ی که له ڕۆژنامه‌ی «نامهمردم»ی ئۆرگانی حیزبی توده‌ی ئێران (به فارسی) بڵاو ده‌کرانه‌وه، ده‌کرانه کوردی و له‌وێدا بلاو ده‌کرانه‌وه. هه‌روه‌ها ورده هه‌واڵ و هه‌ندێک بابه‌تی ئه‌ده‌بییشی تیادا بڵاو ده‌کرایه‌وه. یه‌که‌م ژماره‌ی ڕۆژی سێ شه‌ممه 22ـ10ـ1979 ده‌ر کراوه. سه‌رجه‌م(61) ژماره‌ی لێ ده‌رچووه. حه‌سه‌نی قزڵجی و حه‌سه‌نی ماوه‌رانی و چه‌ند شه‌عیر و نووسه‌رێکی دیکه تیایاندا نووسیوه. حه‌سه‌نی قزڵجی به‌شی زۆری کاره‌کانی ئه‌نجام داوه.
(34) مێژووی کۆچی دوایی ئه‌و به چه‌ند جۆرێک نووسراوه ؛ هه‌ژار نوسیویه‌تی «له 27ی سپتامبری1984 دا بیستمان که له زیندانی (ئه‌وین) دا وه‌فاتی کردووه»، (چێشتی مجێو‌ر،ل576). حه‌سه‌نی ماوه‌رانی نوسیویه‌تی:«له 16ی مانگی ڕێبه‌ندانی 1361دا، وێڕای زۆربه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی حیزب گیرا و پاش چه‌ند مانگان، واتا له پاییزی 1362دا خه‌به‌ری مردنیان دا به که‌س و کاری. (حه‌سه‌ن ماوه‌رانی، هاوار،ل34) کاک حه‌سه‌ن له نامه‌یه‌کدا بۆی نووسیوم : «مامۆستا قزڵجی له هێرشی 16ـ11ـ1361ی(5ـ2ـ1982)پاسداران بۆ سه‌ر حیزبی توده…گیرا و له کۆتایی مانگی 8ی1362دا ئێمه له چیا به شه‌هید بوونیمان زانی، واته ماوه‌ی 10مانگ پاش گیرانی زیندوو ماوه‌ته‌وه).
(35) گۆڤاری «نووسه‌ری کورد» حه‌سه‌نی قزڵجی و بیره‌وه‌ری و هه‌ڵوێستێک به‌رامبه‌ر چیرۆکی کوردی، ژماره 10،ئه‌یلوولی 1973،ل7.
(36) ڕڕهنگه ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ئه‌وه بێت که له په‌راوێزی ژماره (28)دا ئاماژه‌م بۆ کرد. (ساڵی 2002 مامۆستا جه‌لال ده‌باغ به‌رهه‌مێکی حه‌سه‌نی قزڵجی به‌ناوی «هه‌ندێ زانیاری مارکسی لینینی» له سلێمانی به چاپ گه‌یاند، هه‌روه‌ک له پێشه‌کییه‌که‌یدا ڕوونی کردۆته‌وه کاتی خۆی حه‌سه‌نی قزڵجی به خه‌تی خۆی نووسیویه‌ته‌وه و له کۆتایی شه‌سته‌کاندا ده‌سنووسه‌که‌ی بۆ ئه‌و ناردووه و ئه‌ویش پاراستوویه‌تی و دواتر به چاپی گه‌یاندووه).