کەوێی شێخ مەحموود و شەبقەی فەرهاد پیرباڵ
عەبدوڵڵا عاڵایی/ هەولێر
زانستی مێژوو، نووسینەوەی واریقاتی دیرۆکیی، ئێستە شێوازە لاسایکەرەوەییەکەی تێپەڕاندووە، ئەگەر بەڵگە و دیکیۆمێنت بەرچاو نەخرێت، بەهایەکی ئەکادیمیی نابێت. نووسینەوەی مێژوو، دژوارترین کێڵگەکانی نووسینە، زۆرترین بەرپرسیارییت دەکەوێتە ئەستۆ. نووسینەوەی مێژوو، دەبێت دوور لە هەموو هەناسەیەکی دەمارگیریی نێوچەیی، دەماری شارچیەتیی، نەزعەی نەژادپەرستیی، جوداکاریی چینایەتیی، ململانێی حیزبێتیی بێت. لە توێژینەوەدا، نەخاسمە بۆ مێژوو، دوو چت نابن (ترس، شەرم). بابای توێژەر، وەبێ ڕەچاوی ئەمانە، ئەو بەرەنجامانە وەشان دەکات، کە پێان گەیشتووە، دەگەڵ بەرچاوخستنی شیکاریی ڕێچکەکانی. هەڵبەتە بە مەرجی نەبوونی هیچ پێشینەیەکی ئیدۆلۆژیی و خۆبەندیی (انتماء). دیاردە و ڕووداو و کەسایەتییە فیگەرەکانی مێژوو، دەخرێنە بەر تیغی ڕەخنە، ڕەخنە بە واتا درووستەکەی خۆی، نیشاندانی دیوی جوان و ناشرین. واتای تەواوی ڕەخنە بریتییە لە شیکاریی، جا بە لەبەرچاوگرتنی هەردوو بچمی ئەرێنیی و نەرێنیی. ئەم ڕێچکەیە، داوەمووێکی دەگەڵ سووککردن (تەحقیر) و شێواندن (تحریف)دا هەیە، کە دەبێ بابای بنووس لێی ورد بێت.
تێکەڵاوکردنی کەسایەتییەکان
بەڕێز (د.فه‌رهاد پیرباڵ) کتێبێکی به ناوی (كرۆنۆلۆژیای هه‌ولێر له‌كۆنه‌وه تا 1958ز) داناوە. ئه‌م کتێبە، 164لاپه‌ره‌ی قه‌باره گه‌وره‌یه، له (ده‌زگەی ئاراس) بڵاوكراوه‌ته‌وه. تێچوونی چاپەکەشی، له‌سه‌ر ئه‌ركی پارێزگای هه‌ولێر بووە.
بەڕێز پیرباڵ، له لاپه‌ره (71)دا، ده‌ڵێت: “شێخ محمود له 1919 هاتۆته هه‌ولێر بۆ لای مه‌لا فه‌ندی و شێخ كاكه‌ی داره‌خوما(شێخ عه‌بدولكه‌ریمی داره‌خورما)و كوره‌كه‌ی، سهیدكاكهی هه‌ڵه‌جه، له‌گوندی داره‌خورما له بن چیای قه‌ره‌چوغ و له كه‌ندێناوه، به‌ڵام ئه‌وان بۆ خۆیان له‌گه‌ڵ ئینگلیز بوونه و پشتگیری شێخ مه‌حمودیان رهفزكردۆتهوه”
ئه‌مه ده‌ق قسه‌ی دكتۆره.
مرۆ سه‌رسام ده‌بێت، كاتێ ده‌زانێت ئه‌م ده‌قه، دارشتنی مامۆستایەکی زانکۆیە. جارێ بەر لە هەر چتێک، لە ڕووی زوانەوانییەوە، هەر وێرانە وێران. دڵنیام ئه‌گه‌ر یه‌كێ ئاگه‌داری بابەتە مێژووییەکەی هەم ئەم کەسایەتییانە نەبێت، هیچ له‌م ده‌قه، بە ئەم زوانە قووندەیە، تێناگات.
چوار كه‌سایه‌تیی تێكه‌ڵاو كردووه، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م (مه‌لا فه‌ندیی) كێشه‌یه‌كمان له‌سه‌ری نییە، به‌ڵام سێ كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی دیکەی وه‌ك (چێشتی مجێو‌ر) تێکەڵوپێکەڵی کردوون… (شێخ عه‌بدولكه‌ریمی داره‌خورما) و (شێخ كاكه‌ی هه‌ولێری ) و (سه‌ید كاكه‌ی هه‌له‌جه)، ئێمه ده‌زانیین مه‌به‌ستی (شێخ عه‌بدولكه‌ریم ی داره‌خوما و شێخ كاكه‌ی كوریه‌تی) به‌ڵام بۆچیی (سه‌ید كاكه‌ی هه‌ڵه‌جه) هاتووەتە نێو ناوان؟ وێدەچێ مەبەستی شێخ تاهیری هەڵەجە بێت و ناوەکەی نەزانێت.
شێخ مەحمود له ساڵی 1919ز هاتووەتە هه‌ولێر؟
شێخ مەحمودی حه‌فید:
• شێخ مەحمودی حه‌فید له ساڵی 1919ز سه‌ردانی هه‌ولێرێی نه‌كردووه، ڕاستە زووتر هاتووەتە دەشتی هەولێر، بەڵام لەم ساڵەی دکتۆری باسی دەکات، پێی بە هەولێر نەکەوتووە.
گشت ئه‌و کتێبانە سه‌یر بكه‌ن، كه بە زوانه‌كانی كوردیی، عارەبیی و ئینگلیزیی لەسەر شێخ مەحمود نوسراون، هیشتاقیان باس لە هاتنی ئەم ساڵە و دیداری شێخ دەگەڵ ئەم کەسایەتییانە ناکات. بۆ نموونه ده‌توانرێت سه‌یری په‌رتوكی (شێخ مەحمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خوارووی كوردستان)ی (محمد ره‌سول هاوار)بكه‌یت، كه ساڵی 1990به‌رگی یه‌كه‌م و له ساڵی 1992 به‌رگی دووه‌می له (له‌نده‌ن) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
• شێخ مەحمود له رۆژی 2ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1918ز له هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد، به مه‌لیكی كوردستان هه‌ڵبژێردرا.
• له 18ی حوزه‌یرانی ساڵی 1919ز شێخ مەحمود له ده‌ربه‌ندی بازیان له‌ژێر به‌رده-قاره‌مانه، پاش برینداربوونی، ده‌ستگیر کرا.
• له 25ی ته‌مووزی ساڵی 1919ز، شێخ دەدرێ به مه‌حكه‌مه‌ی ئینگلیز، هەڵبەت به تۆمەت یان تاوانی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئینگلیز و هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له جێگەی ئاڵای ئینگلیز.
• ئه‌مانە و ده‌یان خاڵی تر كه بۆمان روونده‌بێته‌وه شێخ محمود له ماوه‌ی 1918تا 1919 كه سه‌رده‌می فه‌رمانره‌وایه‌تیی یه‌كه‌می بووە، هه‌ر خه‌ریكی خۆئاماده‌كردن و دواجاریش ڕووبه‌رووبوونه‌وه بووه. جگه له مانه‌ش، خه‌ڵكیی له پیاو ماقول و زانا و ڕۆشنبیران، له گشت نێوچه‌كانی كوردستان، بۆ کن شێخ دەهاتن، نه‌ك شێخ بۆ لایان چووبێت. دەپرسیین: كه‌ی ده‌رفه‌تی هاتنه هه‌ولێرێی هه‌بووە؟ نازانیین ڕاستیی ئه‌و قسه‌یەی پیرباڵ له کێندەرێیە؟
شێخ عه‌بدولكه‌ریم و شێخ كاكه‌ی كوڕی لایه‌نگری ئینگلیز بوینه؟
پیڕباڵ، شێخ عبدولكه‌ریمی داره‌خورما و شێخ كاكه‌ی كوری بە نەیاری شێخیان دادەنێت. تاوانباریان ده‌كات بەوەی لایه‌نگری ئینگلیز بووینه و دژی شێخ مەحمود وەستاینەوە. ئەم گواستنەوە مێژووییە، لێرە پێویستیی بە هەڵوەستەیەکی وردتر هەیە.
شێخ عه‌بدولكه‌ریمی داره‌خورما:
شێخ عه‌بدولكه‌ریم كوری شێخ مسته‌فای ههشهزینیه، واته له ساداتی بهرزنجەیینە. شێخ مسته‌فای باوكی شێخ عه‌بدولكه‌ریم، خه‌لیفه‌ی (كاك ئه‌حمه‌دی شێخ) بووه. كه‌وابوو له‌دوو رێگەوه شێخ عه‌بدولكه‌ریم له‌گه‌ڵ شێخ محمود به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه، یه‌كیان ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه هه‌ردوولا سه‌ییدن و ئامۆزای یه‌كن و لە یەک ڕشتە و ڕەچەڵەکی بنەماڵەیین. له‌لایه‌كی تره‌وه، لە رێگه‌ی ته‌ریقه‌ت، وێکدەگەنەوە. بەوەی شێخی داره‌خورما ،خه‌لیفه‌ی شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێواری بووه، كه شێخی قه‌ره‌چێواریش، خه‌لیفه‌ی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ ،باپیره‌ی شێخ محمود، بووه.
کاتی خۆی، شێخ مسته‌فای ههشهزینیی باوکی شێخ عەبدولکەریم، بۆ نێوچه‌ی ده‌شتی هه‌ولێر، كۆچ ده‌كات. پاش وه‌فاتی شێخ مسته‌فا، شێخ عه‌بدولكه‌ریم، لە تەریقەت و ڕێبەریی بنەماڵەکەیان، شوێنی ده‌گرێته‌وه. سه‌ره‌تا له گوندی داره‌خورمای ده‌شتی هه‌ولێر، ته‌كیه دروست ده‌كات، دواتر له ساڵی 1928ز دێته شاری هه‌ولێر و له گه‌ره‌كی خانه‌قای شاری هه‌ولێر ته‌كیه و خانییەک درووست ده‌كات و، سەرقاڵی ئیرشادی دەروێشیی و ناندان دەبێت. شێخ عه‌بدولكه‌ریمی داره‌خورما بە نوێکەرەوەی (مجدد)ی ڕێبازی قادریی لە هەولێر و دەوروبەری دادەندرێت. چەند زانایەکی ئایین هیی نێوچەکە، تەمەسووکی پێوە دەکەن، لەوانیش م. مەلا ئەحمەدی گەزنەیی، باوکی د. ئەحمەد گەزنەیی.
دارەخورمایی، له ته‌مه‌نی 84 ساڵییدا له رێكه‌وتی 26/كانوونی یه‌كه‌م/1962ز له شاری هه‌ولێر وه‌فات ده‌كات و هه‌ر له ته‌كیه‌كه‌ی خۆیدا، نێژراوه. كه تا ئێستە چاڵاکیی ته‌ریقه‌تی تێدا به‌رده‌وامه و لە هەولێر شوێنێکی ناودار و ناسراوە.
لێرووکانەدا:
شێخی داره‌خورما و شێخی حه‌فید، خزمی یه‌كن. ته‌نانه‌ت بەگوێرەی گێڕانەوەی چەند موریدێکی دارەخۆرمایی کە هاوەڵیی شێخیان بۆ چوونە کن حەفید کردووە، دارەخورمایی و حەفید، یه‌كدیان زۆر خۆشویستووه. شێخ بابه عه‌لیی برای شێخ عه‌بدولكه‌ریمی داره‌خوما و شێخ عه‌زیزی ئامۆزای، پاسەوانی تایبەتیی شێخ مەحموود بوون. شێخ محمودی حه‌فید وه‌ك شێخ و مورشیدی خۆی له شێخ عه‌بدولكه‌ریمی ڕوانیوه، شێخی داره‌خورما سه‌ردانی شێخ محمودی حه‌فیدی كردووه، بۆ به‌ڵگه‌ش، یه‌كێ له وێنه‌كانی شێخ عه‌بدولكه‌ریمی داره‌خورمایی كه سه‌ردانی شێخ محمودی حه‌فیدی كردووه له داریكه‌لی، خۆی و شێخ تاهیری هەڵەجە و ئەوانی تری دەگەڵە، دەگەڵ ئەم بابەتە هاوپێچ کراوە.
لە پیرباڵ دەپرسیین: چۆن ده‌شێت، پیاو به‌م شێوه‌یه پێشوازی له یه‌كێ بكات كه لایه‌نگری دوژمنەکەی بێت؟
بەگێڕانەوەی موریدەکانی بێت، کە وە دیکۆمێنت لام ئەرشیفن، شێخ عه‌بدولكه‌ریم ی داره‌خورما به‌رده‌وام ئامۆژگاریی چاكی شێخی حه‌فیدی كردووه، شێخ گوێی بۆ ڕادێراوە. هه‌روه‌ها چه‌ندانجار ،دیاریی وه‌ك (توتنی خۆشناوه‌تیی، سهرزینی ئه‌سپ و ماین به ئاوریشم چینرا و …هتد)ی لەبۆ شێخ محمود ناردوه و شێخی حه‌فیدیش به نیازی ته‌به‌ڕووک، لە باوەشی گرتوون و ماچی کردوون. تەنانەت، تا مردنیش، گوللەی شەڕی ئینگلیز، لەنێو لاقی شێخ عەبدولکەریم مابوو.
ئەمە ڕاستینەی پێوەندیی نێوان ئەم دوو کەسایەتییەیە.
شێخ كاكه‌ی شێخ عه‌بدولكه‌ریمی داره‌خورما کێیە؟
ناوی خۆی مسته‌فا بووە، بە کاکە ناوی ڕۆییوە. له ساڵی 1912ز له گوندی داره‌خورما، هاتووەتە دنیا. پاش پێگه‌یشتنی، مۆڵه‌ت له باوكی وەردەگرێت و ده‌چێته گوندی برایم باولی كه‌ندێناوه و، له‌وێندەرێ ته‌كیه درووست ده‌كات و داده‌نیشێت. له پاش ساڵی 1958 ز دێته هه‌ولێر و له‌ساڵی 1968ز له گه‌ره‌كی ئازادیی، ته‌كیه ومزگهفت دروست ده‌كات و سەرقاڵی ئیرشاد دەبێت، له ساڵی 1981ز په‌رتوكخانه‌یه‌كی گەورە بە ناوی (المكتبه القادریه)له مزگه‌وت و ته‌كیه‌كه‌ی داده‌مه‌زرێنێت. له 26/12/2003ز کۆچی دوایی کردووە.
دكتۆر پیرباڵ دەڵێت: “له ساڵی 1919ز شێخ عه‌بدولكه‌ریم و شێخ كاكه‌ی كوری لایه‌نگری شێخ محمودیان ره‌تكرده‌وه و لایه‌نگری ئینگلیز بوون”
گەمەکە لێرەدا خۆشتر دەبێ، ئاخر ئەوە دەزانن، ئەو ساڵەی دکتۆر باسی دەکات، تەمەنی شێخ کاکە، چەند بووە؟ ته‌مه‌نی شێخ کاکە 7 ساڵ بووه!
دكتۆر كه نازانێت شێخ كاكه له ساڵی 1912ز له گوندی داره‌خورما ی بناری قه‌ره‌چوغ له‌دایكبووە، چۆن ڕێ بەخۆی دەدات، ئەم مێژووە وەها بنووسێتەوە؟
با وا دابنێین، قسه‌ی ئه‌و مێژووناسه راستە كه شێخ محمود له‌ساڵی 1919ز هاتووەتە هه‌ولێر، چووەتە لای شێخی داره‌خورما و كوره‌كه‌ی. بەڵام ئەقڵ و ژیریی چ نووسه‌ر و مێژوونوس و سیاسیی و ته‌نانه‌ت نه‌خوێنده‌وارێك په‌سه‌ندی ئه‌وه ده‌كات كه ئەقڵی دۆکتۆر پەسەندی کرد، مه‌لیكی كوردستان بۆ لای منداڵێكی حه‌فت ساڵان هاتبێت تا لایەنگریی پەیدا بکا؟ ئەو منداڵە حەفت ساڵییەش، پێوەندیی دەگەڵ ئینگلیز هەبێت!
پایانێ بەوە دەهێنیین: مێژووی هیچ سەرکردەیەکی سیاسیی، کەسایەتییەکی دینیی، ڕووداو و باسێکی دیرۆکیی، موقەددەس نین، تا ڕەخنەلێگرتنیان بڤڤە بێت و نەتوانرێت قسەیان لەسەر بکرێت. بەڵکە ئێمە دەگەڵ ئەوەین، دووبارە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی لەنێو کێڵگەی مێژوویی لەبۆ کەلەپووری کوردەوارییمان بکرێت، بەڵام بە پێوانە و پێڕەویی زانستیی، بابەتیی و ئەکادیمیی، دوور لە شێواندن و چەپاندنی باکگراوەندی سیاسیی و مەزەبیی و دواجار ئیدۆلۆژیی. کتێبەکەی د. فەرهاد پیرباڵ، پێگەی شیاوی خۆی لەسەر ڕەفەی کتێبەکانی تایبەت بە شاری هەولێر لە کتێبخانەی کوردییدا هەیە، وەلێ بەڕاستکردنەوە و پێداچوونەوەی شێواندن و هەڵە کاتبەندیی (کڕۆنۆلۆژیا)یەکانی نێویدا. نەوەی نوێی شارەکەمان، دەبێت بە ئەندازەی ۵ هەزار ساڵەی تەمەنی ژینی شارە شیرینەکەیان، وەک ڕەوتاری دێرینی وارەکەیان، دوور لە هەموو دەمارگیریی و ڕێسیزم و فاشیەتێک هەنگاو بنێن، جا چ ئەوەی لەسەریانە، چ ئەوەشی لەنێویانە.
ـ ئەم باسە، بابەتێکە لەنێو کتێبی (هەولێر دەدوێت ـ عەبدوڵڵا عاڵایی) چاپنەکراو.