ئا: کەژاڵ عەلا
ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی نەتەوەی کورد بدەینەوە، کە لەڕێی شیعر و گێڕانەوە و کتێبەکانەوە بۆمان ماوەتەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمەش وه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر خاوەنی کۆمەڵێک ژنی ههڵکهوتووین که له‌بواره جیاجیاکاندا شوێن ده‌ستیان دیارە. ئەم ژنانە، سەرەڕای رێگر و بەربەستە کۆمەڵایەتیەکان، هەوڵیانداوە لە داهێنان و بڕیار و دروستکردنی بەهاکانی کۆمەڵگەدا بەشداریبکەن. به‌ڵام ئەوەی ئه‌مڕۆ لای ئێمه بۆته مایه‌ی سه‌رسامی ئه‌وه‌یه که بۆچی مێژوونووسان بەشێوەیەکی گشتی، زۆر کەم باسی ئه‌م ژنانه ده‌کەن؟ تەنانەت ئەو کاتانەش کە باسیان دەکەن زۆر به‌کورتی باسێکی سەرپێیی ژیانیان دەکەن، وەک ئەوەی لە کۆڵ خۆیانی بکەنەوە. جگه له‌وه‌ش باسکردنی ژن له مێژوودا زۆربەی کات بەنسیبی ئه‌و ژنانه بووە که له ده‌سته‌ڵاتدا وجوودیان هەبووه یان خاوه‌ن بنەماڵه‌یه‌کی ناوداربوون! به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی ئێجگار کورت و ساکار باسیان لێوه‌کراوه و زیاتر باسی بنه‌ماڵه‌که‌یان کراوە وەک لە باسی خۆیان. یەکێک لەم جۆرە ژنانەش مەستوورهی کوردستانیە.
مه‌ستووره‌ی کوردستانی خاوه‌ن توانایه‌کی ئەدەبی له ڕاده به‌ده‌ر بوو. ئه‌و بەزمانی فارسی و کوردی ده‌ینووسی. له‌و سهردهمەوه بگره تاکو ئێستاش که‌م ژنی نووسەر هه‌ن بتوانن شان له‌شانی بده‌ن. له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ئه‌م خانمه شاعیره به به‌هره و زه‌وقێکی هونه‌ری جوانه‌وه کۆمه‌ڵێک یادگاری به‌نرخی له‌پاش به‌جێماوه. به‌ڵام سه‌د مه‌خابن ئه‌و له‌به‌ر(ژن)بوونی سه‌رده‌مانێکی زۆر لە پەراوێزدا مایەوە!. بێگومان گەر مه‌ستووره له‌ڕه‌گه‌زی نێر،واته(پیاو) بووایە که‌سایه‌تیه‌کی ناسراو تر و ناوبانگێکی تری دەبوو وه‌کو “نالی” که هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا ژیاوه و ئه‌و هه‌موو گرنگیه‌ی پێدراوه. به‌ڵام بۆ ماوەیەکی زۆر به‌رهه‌مه‌کانی مەستوورە پشتگوێ خراون و زۆریشیان لەناوچوون. سەرەنجام، پاش سه‌ده‌یه‌ک بێدەنگی، ئەو شیعرانەی لەناونەچووبوون چاپ کران و ناوی هاته گۆڕێ.
ماه شه‌رف خانم کە نازناوەکەی مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانی بوو یەکەم ژن بوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا که مێژووی نوسیه‌وه. مەستوورە نووسەرێکی بوێر و شاعیرێکی پڕ بەرهەم بوو. له‌سه‌رده‌می ژیانی خۆیدا ده‌ستنووسی شیعره‌کانی ده‌ستاوده‌ست ده‌خوێنرانه‌وه. له ساڵی ١٩٢٦دا واته(٧٨ ساڵ پاش مردنی) بۆیه‌که‌مجار دیوانه شیعرییه‌که‌ی له‌ژێرنێوی(دیوانی ماه شه‌ره‌ف خانم کوردستانی- مه‌ستووره)دا چاپ‌کرا. ئه‌م دیوانهنزیکهی دوو ههزاربهیته به‌زمانی فارسی که‌له (١٩٢٦)ز له‌سنه به هه‌وڵ و کۆششی” حاج شیخ یحی معرفت”کردستانییهوه له سنه چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه. ساڵی ( ١٩٨٣ز) له تاران (نشرما) له‌لایه‌ن احمد کرمی یه‌وه بۆجاری دووه‌م چاپکرایه‌وه، ساڵی (١٩٩)ز بۆجاری سێیه‌م له‌تاران ( انتشارات امیر بهادر) له‌لایه‌ن ێدیق سه‌فی زاده(بۆره‌که‌یی)یه‌وه .له‌ژێر نێوی (دیوانی ماه شه‌ره‌ف خانم کوردستانی ـ مه‌ستووره) له‌چاپ درایه‌وه*[i] .
مه‌ستووره سەڕەڕای نووسینی ئەدەبییش ئه‌و بە ئازایه‌تی و باوه‌ڕ به‌خۆبوونێکی بێوێنەوە میژووی ئەمارەتی ئه‌رده‌ڵانی نووسیەوە. بێگومان لە سەردەمی ئەودا و تا هه‌نووکه‌ش میژوونووسین ته‌نها کاری پیاوانه. به وته‌ی خانمه ڕۆژهه‌ڵاتناسی ڕووسی “واسیلیویا”:(مه‌ستووره خانم شوێنێکی تایبه‌تی لههیستوگرافی ئه‌رده‌ڵان(به‌شێک له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه.). ده‌ستنووسه‌که‌ی ماه شه‌ره‌ف خانم له‌ساڵی(١٩٤٦ز)دا له‌سنه چاپکراوه و هه‌ر هه‌مان ڕۆژهەڵاتناس کتێبه‌که‌ی وه‌رگه‌ڕاندۆته سه‌ر زمانی ڕووسی و له‌ساڵی(١٩٩٠) لهمۆسکۆ بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئه‌و له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا تاکه ژنه له ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا که له بواری میژوو و عه‌قاید)ا کتێبی نووسیوه.
د. تۆسنێ ڕه‌شید سه‌باره‌ت به‌شوێنگه‌ی مه‌ستووره ده‌ڵێ:” بوونی ژنێکی وه‌ک مه‌ستووره‌ی کوردستانی له‌و سه‌رده‌مه له‌نێو کورددا به‌ڕاستی مایه‌ی سه‌ر بڵندیی میلله‌تی کورده و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا زۆر پێشکه‌وتوو بووه. ئێمه له ئه‌رمه‌نستان هه‌میشه گوێمان له‌وه ده‌بوو که کورد مێلله‌تێکی کۆچه‌ری بێدهوڵهمهندین، به‌ڵام ئه‌مه ڕاست نییه و کورد خاوه‌ن کلتوورێکی زۆر مه‌زنه و پێویسته خاوه‌نداریه‌تی له‌و کلتوور و مێژووه بکه‌ین و، من وای ده‌بینم که مه‌ستووره‌ی کوردستانی، نیشانه و سیمبۆڵێکی ئه‌و کلتوور و سهربڵندییهی میلله‌تی کورده”. *٦.
ڕه‌زا قولیخانی هیدایه‌تیش له‌م ڕووه‌وه نوسیویه: “مه‌ستووره له‌و ژنه نه‌جیب و به‌ناوبانگانه‌یه که‌سه‌ره‌ڕای خۆشنووسی و دەستڕەنگینی، ژنێکی جوان وشۆخ و داوێن پاک و ڕه‌وشت مه‌ردانه‌یه، بێجگه له مانه پێنجه‌م که‌سه له مێژوونووسان که‌له‌پاش شەرەفخان ومحه‌مه‌د شه‌ریف ومحه‌مه‌د ئیبراهیمی ئه‌رده‌ڵان و خه‌سره‌و به‌گی ئه‌رده‌ڵان، مێژووی ئه‌رده‌ڵانی نووسیوه.”
ئەم قسەیە گەرچی دانپیانان و مەتح و سەنایەکی زۆری تێدایە بۆ مەستوورە بەڵام لە هەمان کاتیش‌دا پیشانمان دەدات کە خەسڵەتە ژنانەکان چەند گرنگن لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاری وەک ئەوەی ئێمەدا. بە بڕوای نووسەر مەستوورە خاوەنی ئەم خەسڵەتە ژنانەبووە: ‘نەجیب’ و ‘جوان’ و ‘شۆخ’ و ‘داوێن پاک’، دەنا رەنگە ئەو کەمە گرنگیەشی پێنەدرایە کە پێی دراوە. لەلایەکی تریشەوە پێمان دەڵێ کە ئەو سیفەتێکی تری گرنگی هەبووە کە ئەویش ‘رەوشت مەردانە’ـ بوونە. ئێمە لێرەدا دڵنیانین نووسەر مەبەستی چیە بەڵام ئەوەندە دەزانین کە مەردانەـبوون کۆمەڵێک خەسڵەتی باش دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی گشتی بە خەسڵەتی پیاوانە دەزانرێن رەنگە هەندێکیان ئەمانە بن: ئازایەتی، زیرەکی، بەتوانایی، مەنتیقیبوون، هتد.
ژیاننامەی مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانی..
“ماه شه‌ره‌ف خانم کە نازناوەکەی ‘مه‌ستووره’ یه ساڵی (١٨٠٤ز) له بنەماڵه‌ی قادرییەکانی شاری سنە بەدنیا هاتووە و ساڵی(١٨٤٨ز) کۆچی دوایی کردووە. له‌مێژووی ناودارانا هاتووه که مهستوورە کچی ئه‌وله‌سه‌ن به‌گ، کوڕهزایی موحه‌ممه‌د ئاغای نازری کوردستانی، برازای میرزا عه‌بدوڵڵای ڕه‌ونه‌ق، خاوه‌نی ژین نامه‌ی “حدیقه امان الله‌ی ” و هاوسه‌ری خه‌سره‌و خانی ناکام، واته والی ئه‌رده‌ڵان بووه. بنه‌ماڵه‌ی بهقادری ناسراون و باپیری خه‌زنه‌داری والیانی ئه‌رده‌ڵان و بابی له‌پیاو ماقوڵانی ئەو ده‌ورانه بووه”*٢
مه‌ستووره هه‌ر له‌سه‌رده‌می منداڵییه‌وه له ماڵه باوانیدا که خانه‌واده‌یه‌کی ڕۆشنبیر و ئهدەبدۆست بوون، خولیای خوێندنه‌وه‌ی کتێبی هەبووە له‌گشت بواره‌کاندا و بە تایبەتیش ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی کتێبی مێژووی کردووە. به‌وته‌ی خۆی: “که ده‌ستم خامه‌ی ئاشنایی گرت… مه‌یلی سرووشتیم و ئاره‌زووی زگماکم، به موتاڵای کتێبان ده‌بزووت. “*٣
ئاشکرایه له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ته‌نها کوڕان ده‌خرانه به‌ر خوێندن له حوجره‌ی مزگه‌وته‌کاندا، ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌کی سنووردار و ته‌نها ئه‌و کوڕانه ده‌یانتوانی بخوێنن که سەر بە بنەماڵەیه‌کی خاوه‌ن دەسەڵات و ده‌ست ڕۆیشتووبوون. به‌ڵام (ئه‌وله‌سه‌ن به‌گ)ی باوکی مه‌ستووره جۆره په‌روه‌رده‌کردنێکی جیای له په‌روه‌رده‌ی ئه‌و سەردهمهی بۆ منداڵه‌کانی هەڵبژاردبوو. ئەوسا وا باو بوو که کچان فێری گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و ته‌ون و چنین بکرێن، به‌ڵام باوکی مه‌ستووره منداڵه‌کانی بۆ خوێندن هاندا و له‌و بواره‌شدا زۆر سه‌رکه‌وتوو بووه. ئه‌وه‌تا مه‌ستووره بوو بە شاعیر و مێژوونووس و دەستێکی باڵاشی هه‌بووه له خه‌ت خۆشی‌دا. جگە لەوەی کە خانمێکی ئێجگار جوان و شۆخ و شه‌نگ بووه، مەستوورە مرۆڤێکی هه‌ست ناسک و میهرەبان بووه، که زۆر به‌ته‌نگ هه‌ژاران و لێقه‌وماوانه‌وه چووه.
باوکی مه‌ستووره گرنگیه‌کی زۆری به‌کچه‌که‌ی داوه بێگوێدانه داب و نه‌ریتی باوی ئه‌وسه‌رده‌مه مامۆستای تایبه‌تی بۆگرتوه له ڕووی په‌روه‌رده و فێرکردن‌دا قسووری لێنه‌کردوه. بەهۆی ئەمەشەوە مەستوورە له سه‌رده‌می منداڵی‌دا و له‌ژێر ده‌ستی مامۆستای شاره‌زادا فێری زمانی کوردی و فارسی و عه‌ره‌بی بوو. هه‌ر له‌به‌ر زیره‌کی و وریایی خۆشیه‌وه کەوتە خوێندنەوەی شیعری کلاسیک و بەرههمی نووسه‌رانی سه‌رده‌می خۆی و هەروەها قورئان و (فقه) و ئاینه جیاکان. لە هەمان کاتدا ئاشنایی لەگەڵ میتۆلۆژی کولتوره‌کانی تردا پەیداکردوه.
پاش شووکردنیشی به خه‌سره‌و خانی والی ئه‌رده‌ڵان، که ئه‌ویش پیاوێکی ڕۆشنبیر و ئه‌هلی خوێندنه‌وه و شاعیر و ئه‌دیب بوو، مەستوورە ده‌رفه‌تی زیاتری بۆ ڕه‌خساوه. ئه‌و دوو په‌ڕتووکخانه‌ی گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌ندی له به‌رده‌ستدابوو، (کتێبخانه‌ی قادریی و کتێبخانه‌ی ئه‌رده‌ڵان) و زۆربه‌ی کاته‌کانی بهخوێندنهوەوە بهسهردەبرد. لە نووسینەکانیدا مه‌ستووره ئاماژه‌ی به‌وه کردووه که ئەردەڵانیەکان زوڵم وسته‌میان ده‌رهه‌ق به خێڵه‌که‌ی ئه‌مان (قادری) کردووه و به‌داخه‌وه له‌م نێوه‌نده‌شدا زۆرجار کچان بوونه‌ته قوربانی. واته ئهردهڵانیەکان بۆ ئاشتبوونەوە و سوڵحکردن کچیان لێسه‌ندوون! ئه‌وه‌تا مه‌ستووره‌ی نازداری باوکی بۆ مەسڵەحەتکردنی نێوانیان زوڵمی لێکراوه و دراوه‌ته خه‌سره‌و خانی والی که‌پێشتر ژن و منداڵی هه‌بووه. هه‌رچه‌نده تاکۆتای ته‌مه‌نی خه‌سره‌و خان پشتی مهستوورەی به‌رنه‌داوه و هه‌میشه ڕێز و حورمه‌تی زۆری لێناوه و زۆریشی خۆشویستووه بەڵام لە (مێژووی والیەکانی ئه‌رده‌ڵان)دا هاتووه که پێشتر خه‌سره‌و خان ڕقی له خانه‌وه‌داکه‌ی مه‌ستووره هه‌ڵگرتووه و ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوون و له‌دوایدا بۆ ئاشتکردنه‌وه مه‌ستووره‌ی لێ خواستوون..
مەستوورە لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە مێژووی ئەردەڵان مێژووی ئەم ناکۆکیە دەگێڕیتەوە (کە تیایدا تا ڕادەیەکی زۆر پاکانە بۆ خەسرەوخان دەکات) و بەم شێویە باس لە شووکردنەکەی خۆی دەکات:
“له‌به‌رایی فه‌رمانڕه‌واییدا(مه‌به‌ست فه‌رماڕه‌وایی خه‌سره‌و خانە) له‌به‌ر که‌م ئه‌زموونی، توشی چه‌ند هه‌ڵه‌یێ هات؛ باپیر و باوک و مامه‌کانی نوسیاری ئه‌م کتێبه‌ی (مەبەستی خۆیەتی) به‌بێ تاوان کۆت و زنجیر کرد و زۆر به‌بێ به‌زه‌ییانه و ڕه‌فتارێکی دزێوه‌وه سێ هه‌زار تمه‌نی به‌ناوی باجه‌وه لێسه‌ندن. سه‌رئه‌نجام خودا کردی به‌دنیهادی و دڵپیسی به‌دکارانی بۆ ئاشکرا بوو، له دووی ناردن و به‌خه‌ڵاتی گرانبایی و شایان سه‌ربه‌رزی کردن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حوسهینقولیخان زۆربه‌ی سامان و نه‌ختینه‌کانی له‌کن بنه‌ماڵه‌ی منی که‌مینه دانابوو، نێوبراو سه‌باره‌ت به‌وه که لهباوکەوه پورزایشم بوو، کاربه‌ده‌ستانی والی بۆباوکمیان تێچاند بوو له داستانهکهیانهوه وه‌رداو له‌و کارهکهوهیان گلاند و ئه‌وه‌یان کرد به‌بیانو، ئه‌و سامان و نهختینهیهیش که‌هه‌مان بو لێمان داگیرکه‌ن وئه‌ویش بخه‌نه سه‌ر گه‌نجینه. به‌م مه‌به‌سته حوسهینقولیخانیان فریودا و به‌ڵێنی فه‌رمانڕه‌وایی ئیسفهندئابادیان دایێ و ئه‌میش که‌هێشتا ساردی و گه‌رمی و تاڵی و سوێری ژیانی بۆکه‌س تا سەرنهماوی نهچێژتبو، به‌ته‌ماحی فه‌رمان ڕه‌واییه‌وه پشتی له‌مافی خاڵۆ و خوارزایی هه‌ڵکرد و پاشان به‌بیانوی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی یەکێ له ئامۆزاکانمان که‌نه‌خۆش که‌وت بو له‌دوای باوکمی نارد‌و هه‌رکه باوکم گه‌یشته ئه‌وێ، حوسهینقولیخان کۆڕێکی به‌ست و له‌دژی والی ده‌ستیان به‌وتووێژ کرد، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه ،چه‌ند که‌سێکی له‌پشت په‌رده‌وه لێ ڕاگرتبوون، گوێ یان له‌هه‌موو که‌ین و بەینەکه گرتبو، ئه‌و شه‌وه بۆ سبه‌ینێ محه‌مه‌د به‌گ و مسته‌فا به‌گ کوڕانی فه‌تح عه‌لی به‌گی وه‌کیل و ئه‌کبه‌ر به‌گ کهببو به مایەی ئه‌م هه‌نگامه‌یه و سوڵتانی کوڕی نه‌زه‌ر عه‌لی به‌گ وئهبول حه‌سه‌ن به‌گ، باوکی ئه‌م که‌مینه‌یه و مام و ئامۆزاکانی دیکه‌ی سه‌رله‌به‌ر فه‌رمانی کۆت و زنجیر کردن و زیندان کردنیان درا و هه‌موویان گیران و به‌کۆت و زنجبرکراوییهوه زیندان کران. پاش چەنانێ فه‌تحعه‌لی به‌گ وسوڵتانیان له‌قه‌ڵای قه‌سڵاندا کوشت. ئه‌کبه‌ریش به‌هه‌زار ته‌ڵه‌که‌و ده‌هۆ، ساههر چۆنێ بو، سه‌ری خۆی ڕزگار کرد. مامی ئه‌م که‌مینه‌یه‌ش، چونکه هیچ تاوانێکی نه‌بو، ئازاد کراو به به‌زه‌یی و دڵاواییهکی زۆره‌وه خه‌ڵات کرا و ئه‌وه بو بۆ پته‌وکردن و چه‌سپاندنی نێوان ته‌بایی و نێوان کۆکی له‌ئه‌نجامدا به‌ند و به‌نده‌واری هاوسه‌ریم له‌گه‌ڵ خه‌سره‌و خاندا سه‌روبه‌ر نراو بەوپه‌ڕی شان و شکۆوه پێم هاویشته حه‌رام سه‌راوه.*٤
لەگەڵ ئەوەشدا کە مەستوورە بۆ “پته‌وکردن و چه‌سپاندنی نێوان ته‌بایی و نێوان کۆکی” دراوەتە خەسرەوخان و سەر بە هەوێ شووی کردووە پێدەچێت لە هاوسەرێتیدا بەختەوەر بووبێت، گەرچی ئەم پێکەوەژیانەش تەمەن کورت بوو. خەسره‌و خانی ناکام زۆر بە گەنجی کۆچی دوایی کرد و ده‌سه‌ڵات و سه‌رو سامانی هه‌ره‌سیان هانی. ئەمەش کوشتن و بڕین و تاڵانی و ئاواره‌بوونی به‌دوادا هات. له‌م نێوه‌ندەدا ژیانی مه‌ستووره‌ش وه‌ک هه‌ریه‌ک له ئه‌ندامانی تری ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه که‌وته مه‌ترسیه‌وه و ئەوە بوو به‌ره‌و سلێمانی و( میری بابان) که‌وته ڕێ. سەرەنجام بە تاسەباری و لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا، لە شاری سلێمانی و به نەخۆشی تاعوون کۆچی دوایی کرد، هەر لەوێش، لە گردی سه‌یوان بەخاک سپێردرا. بەم تەمەنە کورتەشهوە مەستوورە توانی چه‌ندین کتێب له‌پاش خۆی به‌جێ بهێڵێ لە بواری(فقه)، ئه‌ده‌ب و مێژوودا. لێرەدا بە کورتی باسی گرنگترین بەرهەمەکانی دەکەین:
یەکەم: شیعر: جگه له شیعره فارسیه‌کانی که‌له دیوانهکهیدا چاپکراون مهستوورهبهکوردیش شعری نووسیوه. وه‌ک ده‌رکه‌وتووه ژماره‌ی هۆنراوه کوردییه‌کانی مه‌ستووره زۆر که‌من! تا ئێستاش به‌باشی نه‌زانراوه کە ئایا مه‌ستووره هۆنراوه‌ی به‌کوردی که‌م گوتوه یاخود گوتوویه‌تی و له‌ناو چوون؟ له‌سه‌رده‌می خۆیدا له کوردستان هۆنراوه‌کانی مەستوورە له‌به‌ر مانای جوان و زمانی ئەدەبی و بیر و هه‌ستی ناسک، ده‌ستاو ده‌ستیان پێکراوه. که‌وایه بۆچی ده‌بێ بفه‌وتێن؟ ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ داڕمانی فهرمانڕووایی ئەردەڵاندا و به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆیی و ناکۆکی میرنشینه‌کانه‌وه ئەم شیعرانەش به‌ر شاڵاوی سوتان و فه‌وتان هاتبن.
دووەم: مێژوو: مه‌ستووره خاوه‌نی کتێبی مێژووی ئه‌رده‌ڵانه کە نزیکەی ١٠٠ ساڵ پاش مەرگی خۆی، له‌ساڵی ١٩٤٦دا له‌لایه‌ن” ناێری ئازاد بور”ه‌وه له ئێران چاپ‌کرا. له‌م کتێبه‌یدا ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی نووسینه‌کانی بده‌ین ده‌بینین مه‌ستووره تا چ ئەندازەیهک نووسینه‌کانی ڕڕست و دروستن و چه‌ند بە دەستپاکیەوە رووداوەکانی تۆمار کردووه .
سێەم: بیۆگرافی: کتێبی مجمع الادباء بیۆگرافی کۆمه‌ڵێ شاعیرە بۆناساندنی شاعیران و ئه‌دیبانی کورد به‌ڵام هێشتا چاپ نه‌کراوه هه‌ر بیسه‌ر و شوێنه.
چوارەم: بیر‌ورا: کتێبی عه‌قاید له‌ساڵی ١٩٩٨ دا له‌لایه‌ن عه‌بدوڵڵا مه‌ردۆخی له‌سوید چاپ کراوه.*٥
مه‌ستووره‌ی شاعیر.
به‌داخه‌وه به‌رهه‌م و ده‌ستنووسه‌کانی مه‌ستووره چ له‌ژیانیدا و چ له‌دوای مردنی گرنگی ئه‌وتۆیان پێنه‌درا بۆیه زۆری فه‌وتاون و کۆنەکراونهتهوه. خۆشبەختانە ئه‌و کاته‌ی “شێخ یه‌حیای مه‌عریفه‌تی کوردستانی” ده‌ستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی ژیان و به‌رهه‌می شاعیره کلاسیکیه‌کان کرد ، به‌هه‌ڵکه‌وت چه‌ند پارچه شیعرێکی مه‌ستووره‌ی به‌ر ده‌ست که‌وت. له‌ساڵی ١٩٢٦دا چاپیکردن و ئه‌و دەبێژێ تائه‌و کاته ناوبانگی مه‌ستووره له‌کوردستاندا نه‌زانراوه. تا ئێستاش ژمارەیەکی کەم له شیعره‌کانی چاویان به‌دنیای ڕوون هه‌ڵهێناوه و چاپکراون و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی وه‌کو خۆی جوانه‌مه‌رگ بوون و له‌ناو چوون. ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ که‌چه‌نده ئه‌م خانمه مه‌زنه بێکه‌س بووها!
مه‌ستووره ده‌ستێکی باڵای هه‌بووه له هۆنینه‌وه‌ی هۆنراوه‌دا. بەپێی “حه‌دیقه‌ی ناسری، میرزا عه‌لی اکبهری مونشیباشی” ژماره‌ی هەڵبهستهکانی مەستوورە بیست هه‌زار به‌یته به‌ڵام ته‌نها دوو هه‌زار به‌یتی ماوه و چاپکراون، شیعره‌کانی تری فه‌وتاون. ئه‌و سەبارەت بە جوانی سروشت، جوانی ژن، خۆشەویستی و نیشتیمانپەروەری شیعری نووسیوە. هەندێک لە غەزەلەکانی هەر وەک پیاوە شاعیرەکانی سەردەمی خۆی باسی عەشق و جوانی ژن ده‌کەن، وەک ئەوەی خۆی پیاوێک بێت و عاشقی ژنێک بووبێت، بۆ نموونە:
گرفتارم به نازی چاوەکانی مەستی فەتتانت
بریندارم به تیری سینه ﺳﯚزی نێشی موژگانت
به زوڵف و پەرچەم و ئەگریجەکانت غارەتت کردم
دڵێکم بوو ئەویشت خسته ناو چاهی زەنەخدانت.
یان:
ڕووته که ڕووته یا شه‌به‌حی مانگی ئاسمان
قه‌دو خه‌رامی تۆیه یا سه‌روی بۆستان
نه‌مدیوه مانگ که‌ڵاوی له‌سه‌ر بێت غه‌یری تۆ نه‌بێ
مه‌عشوق و نه‌وجه‌وانی و ناوی گوڵستان.
رەنگە مەستوورە ویستبێتی توانا و سەلیقەی خۆی بسەلمێنێ لە نووسینی ئەم جۆرە شیعرانەدا و پێمان بڵێ کە دەتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ ئەو شاعیرە پیاوانەدا بکات کە غەزەلیان نووسیوە. لەلایەکی ترەوە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە لەو بەرهەمانەی کە بۆمان جێماوە هیچ بەدی ناکەین کە باسی چەوسانەوەی ژن بکات. پێدەچیت ماه شەرەف خان گرنگی نەدابێت بەم بابەتە یانیش هوشیاری نەبووبێت بەرامبەر بەوەی کە ژنانی تر چۆن دەچەپێنرێن. نەک هەر ئەوە بەڵکوو پێدەچێت هەندێجار لووتبەرزیش بووبێت بەرامبەر بە ژنانی تر وەک لەم شیعرەدا دەردەکەوێت:
من آن زنم که به ملک عفاف ێدر گزینم ز خیل پردگیان نیست در زمانه قرینم
به زیر مقنعه ما را سرى است لایق افسر ولى چه سود که دوران نموده خوار چنینم
مرا ز ملک سلیمان بسى است ننگ همیدون که هست کشور عفت همه به زیر نگنیم
به معشر نسوان مر سپاس و حمد خدا را همى سزد که بگویم منم که فخر زمینم
ز تاج و تخت جم و کى مراست عار ولیکن به آستان ولایت کمینه خاک نشینم
على عالى اعلى امیر ێفدر حیدر که هست راهنماى یقین و رهبر دینم
کمینهوار چو «مستوره» دل بدو بسپردم هزار بنده به درگه ستاده همچو نگینم
بەپێی وەرگێڕانی…. چەند دێڕی یەکەم دەکاتە:
من ئه‌و ژنه‌م کهبهپاکی له‌سه‌رووی هه‌مووانم له‌هه‌موو خێڵی ژناندا نییه که‌س هاوشانم
له ژێری سهروێنهکهمدا سه‌رێکه هێژای تاج به‌ڵام له‌زه‌بری زه‌مان وا قه‌تیسی ده‌ورانم
لە کۆپلەی یەکەمدا مهستوورە شانازی بە پاکیزەبوونی خۆیەوە دەکات و دەڵێت کە کەس هاوشانی نیە. ئەمە بێگومان قبووڵکردنی بەهاکانی کۆمەڵگای باوکسالاریە کە پاکیزەیی بۆ ژن بە شتێکی گرنگ و جێی شانازی دەزانێت. پاکیزەبوونی مەستوورە هەم خۆی لەم شیعرەدا و هەم کەسانی تریش هێمایان پێداوە. له‌کاتێکدا ئێمە هەرگیز پیاوێک نادۆزینەوە شانازی بەخۆیەوە بکات لەبەر ئەوەی پاکیزەیە. رەنگە هەوڵیش بدات کە بیشارێتەوە چونکە ئەمە شتێگی بەبەها نیە بۆ پیاو.
هەروەها لە کۆپلەی چوارەمدا مەستوورە فەخر بەسەر مەعشەری ژنانی تردا دەکات و پێیان دەڵێ: منم فەخری زەمینم. پێدەچێت مەستوورە لەبیری نەبێت کە زۆربەی ژنەکانی سەردەمی خۆی نەک هەر دەرفەتی نووسین و کاریان بۆ نەڕەخسا بەڵکوو بۆشیان نەبوو فێری خوێندەواری ببن. بێگومان لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە نکۆڵی لە توانا و زیرەکی و بەهرەکانی مەستوورە بکەین بەڵکوو تەنها دەمانەوێت ئاماژە بەوە بدەین پێده‌چێت زۆر بیری لەو نایەکسانە کۆمەڵایەتیانە نەکردبێتەوە کە بەبۆنەی رەگەزەوە لە کۆمەڵگای کوردی و ئێرانی‌دا بەربڵاوبوون. له‌وانه‌شه نه‌یوێرابێت هه‌رگیز باس له کێشه‌کانی ژن‌بوون بکات. چونکه ئه‌وه کارێکی سه‌خت و بڤه‌یه بۆ ژنێک له کۆمه‌ڵگایه‌کی دواکه‌وتوودا بێته گۆڕێ و باس له زوڵم و سته‌م بکات که ده‌رهه‌ق به ژنان کراون و ده‌کرێن. له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ش کارێکی هه‌روا سانا نیه، ئه‌و سه‌رده‌مه ژنانی کورد له مافه سه‌ره‌تایییه‌کانی مرۆڤ بێبه‌ش و بێ ئاگا بوون، ئه‌وان کۆیله‌ی ناو مال و خێزان و ژیر ده‌سه‌ی باوک و براو پاشانیش مێرده‌کانیان بوون.
گومان له وهدانیه که مه‌ستووره له‌سه‌رده‌می خۆیدا هه‌وڵی زۆریداوه، به‌جورئه‌ته‌وه هه‌نگاوی ناوه چه‌ندین کتێبی له‌بواره جیا جیاکاندا نوسیوه. ئه‌و هه‌ر به‌وجودی خۆی توانیوێتی بۆ میلله‌ته‌که‌ی خۆی بسه‌لمێنێ که‌وا ژنیش وه‌کو پیاو به‌توانایه. ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ پیاو ڕه‌خساوه بۆ ژنیش بڕه‌خسێ، ئه‌وا ئه‌ویش ده‌توانێ وه‌کو پیاو بنووسێت و بخوێنێته‌وه، خۆی ڕۆشنبیر بکات و ببێته شاعیر و نووسه‌ر.
مه‌ستووره له‌گه‌ڵ زۆرێک له‌شاعیرانی کورد و فارسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا شیعریان گۆڕیوهتهوە. له‌وانە مه‌وله‌وی، نالی، یغمای جندقی. شایه‌نی باسه له‌گه‌ڵ خاتوو ( حسنی جیهان بان‌و کچی فه‌تح عه‌لی شای قه‌جه‌ر)که نازناوی شیعری “والیه” و ژنی پێشووی خه‌سره‌وخان بووه، ئه‌ویش ده‌ستێکی باڵای هه‌بووه له ئه‌ده‌بیاتدا و له حوکمهتیشدا ژنێکی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بووه، زۆرجار پێشبڕکێی شیعری‌یان کردووه که‌ئه‌مه نمونهیهکێتی:
والیه:
والیه، یار به اغیار چو یار است و ندیم
رو بسوز از غم و با دا‌غ دل خویش بساز
مستوره:
اغیار جمله محرم و ولی من ز روی تو
محروم من که به‌ره ندارد به جز فسوس
والیه:
وێال توست نێیب وقیب و من از فراقت
چرا ز غێه ننالیم؟ چرا ز غم نخروشم؟
مستوره:
رقیب همدم و “مستوره” دور است ز دلبر
فلک نگون شوی، آخر سزاست روز چنینم؟
* * * *
ئاشکرایه له شه‌ڕه‌شیعری نێوان( نالی) و مه‌ستووره‌دا نالی مه‌به‌ستی پیاهه‌ڵدان و ستایشکردنی ژنێکی ده‌گمه‌نی نووسه‌ر نیه که له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه! به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی زۆر نابه‌جێ لههۆنراوهکانیدا هێرشی کردۆته سه‌ر ئه‌م خانمه مه‌زنه و بچوکی کردۆتەوە بۆ بابەتێک کە لەو سەردەمەدا و ئێستاش باسکردنی دەکرێت ببێتە مایەی ئابرووبردنی ژنێک. من نازانم چ شتێک پاڵی به نالییه‌وه ناوه به‌و شێوه‌یە هێرش بکاته سه‌ر که‌سایه‌تی مەستوورە؟ به‌ڵام ده‌ڵێم بریا نالی هه‌رگیز ئه‌و هۆنراوەیهی به‌سەر مەستوورەدا هەڵنەدایە. هه‌ر هیچ نه‌بێ له‌به‌ر خاتری خودی خۆی چونکه ئه‌و به‌م هۆنراوەیە له پله‌و پایەی خۆی که‌م کرده‌وه و کەسایه‌تی خۆی پێ ڕووشاند. ئه‌م کارەشی به‌رامبه‌ر ژنه شاعیرێکی بێوێنه و شایسته کردووە کە له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناوداری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌رکه‌وتووه. دەبێت لە خۆمان بپرسین: نالی کاری وای بۆکرد؟! بۆچی ده‌بێت ئه‌دیبێکی گه‌وره بیه‌وێ وێنەی ژنێکی نووسەری بەتوانا له‌ناو به‌رێ؟! ئاخۆ دوای ئه‌و شیعره خه‌ڵکی چۆنی ڕوانیویانه‌ته مه‌ستووره؟ ئاخر ئه‌وکاته ئه‌و کچێکی تازه‌لاوی ناسک خه‌یاڵ بوو. کێ ده‌ڵێ کاریگه‌ری ئه‌و شیعره نه‌بووه مه‌ستووره‌ی له نووسینی شیعر به‌زمانی کوردی ئیفلیج کردبێت؟!
مامۆستا هه‌ژار له‌کتێبه وهرگێراوهکهیدا بۆ سۆرانی (مێژووی ئه‌رده‌ڵان، ل ١٤) ده‌ڵێ: “نالی نه‌مر، پێغه‌مبه‌ری وێژه‌ی کوردی، ئه‌گه‌ر سوورنهیزانیبایه مه‌ستووره بۆ ئه‌وه ده‌بێ خۆبهرێته ڕێزی نالی، که‌لله‌ی له‌که‌لله‌ی نه‌ده‌دا. دیاره شێرێکی وه‌ک نالی په‌لامار ناداته ڕێوی: غه‌نیمی ئه‌شێ پڵنگ بێ. پیاو به وردی له‌و شیعره فڕنامه‌ی نالی وردبێته‌وه، تێده‌گا که له‌م باره‌وه چه‌ندی خۆی ماندوو کردووه: ئه‌م هه‌موو که‌ره‌سته جوانه و ئه‌م هه‌موو وشه ڕه‌قانه‌ی هه‌ربۆیه ده‌کار هێناوه، که ئه‌و خانمه وێژهوانهی خۆی له‌و به کەمتر نازانێ، بترسێنێ و بیبه‌زێنێ و خۆی بنوێنێ که”منی خاوه‌نی دیوان، جوانێکی وا وێژه‌وانی ده‌م پاراویشم بۆڕداوه”.*٧
ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین؛ دیاره له‌و زه‌مه‌نه‌دا له ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراوی وه‌ک ئێمه‌دا خه‌ڵکی نه‌یان توانیوه ژنێکی ئه‌وها لێهاتوو قه‌بووڵ بکه‌ن و مافی خۆی پێبده‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و قه‌بوڵ کردهنهش لای شاعیرێکی گه‌وره‌ی وه‌کی نالیش کارێکی سه‌خت بووه، هه‌ر بۆیه ویستوویه‌تی بیبه‌زێنێ و به‌و وشه ناشرین و ڕووخێنه‌رانه سه‌رکوتی بکات و بیچه‌وسێنێته‌وه. به‌لام مه‌ستووره نه‌ک نهبهزاوه به‌ڵکو نیشانی داون به‌ڵێ، ژن ده‌توانێ بێته مه‌یدانی نووسین و هه‌ر بۆارێکی تری ژیان گهربیانهوێ تا شوێن پێیان دیار بێت.
خۆشبه‌ختانه مه‌وله‌وی به پێچه‌وانه‌ی نالیه‌وه، کە له‌نزیکه‌وه مه‌ستووره‌ی ناسیوه و هامشۆی باره‌گای ئه‌رده‌ڵانییه‌کانی کردووه، هه‌میشه پاڵ پشتی مه‌ستووره‌ی کردووه و تەنانەت لەشیعرێکدا ستایشی کردووە، وه‌ک له‌م دوو به‌یته دا ده‌ڵێ:
خورشیده‌که‌ی ناز، ئه‌وجی بوورجی سه‌ور
سه‌رتوغرای ده‌فته‌ر مه‌حبووبان جهدهور
ها له خانه‌که‌ی بورجی شه‌ره‌فدا
نوور فشانیشهن وه‌هه‌ر ته‌ره‌فدا.
مەستووره زۆربه‌ی هۆنراوه‌کانی له‌پاش شووکردنی به(خه‌سره‌وخانی والی سنه) هۆنیوه‌ته‌وه. وه‌ک له‌نووسینه‌کانیدا ده‌رده‌که‌وێ خەسرهوخان زۆر مه‌ستووره‌ی به‌دڵ بووه و له‌ژنه‌کانی تری زیاتر ڕێزی لێگرتووه. ته‌نها مه‌ستووره ئه‌و پایه‌ی هەبووه که له‌یه‌ک لۆژدا له‌ته‌ک میرده‌که‌ی ڕڕوهستێ و شه‌و و ڕۆژ مافی هاموشۆ و دیتنی مێرده‌که‌ی هه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌سره‌وخان ده‌ستی هۆنراوه‌ی هه‌بووه زۆر جار له‌گه‌ڵ مه‌ستووره‌دا شیعری‌یان به‌یه‌کتردا هه‌ڵگوتوه:
از سریر شهی و دولت جاوید، مرا
سایه مرحمت خسرو عادل خوشتر
چند مستوره، ز بیداد فلک ناله کنی؟
در غم چرخ ستمکار، تحمل خوشتر
شکر ایزد،که به کوری رقیبان، سوی من
نامه خسرو جمشید نشان می اید
هرکه بنهاد چو مستوره قدم در ره عیشق
کار فرمان کران تا به کران می آید
* * * *
به‌پێی هۆنراواکانیان ئه‌م ژن و مێرده زۆر یه‌کتریان خۆشویستووە. بەڵام والیە هه‌میشه به‌دوای پیلانێکدا ده‌گه‌ڕا بۆ تێکدانی نێوانی ئه‌م دووە، ئه‌وه بوو سه‌رئه‌نجام توانی نێوانیان تێکبدات و به‌م هۆیه‌وه بۆ ماوه‌ی دووساڵ لێک داببڕێن. پاشان خەسرهوخان له‌م کاره‌ی په‌شیمان ده‌بێته‌وه و جارێکی تر له‌گه‌ڵ مه‌ستووره‌دا یه‌ک ده‌گرنه‌وه و هه‌روه‌کی جاران ژیانێکی پڕ له عیشق و خۆشه‌ویستی ده‌ست پێ ده‌که‌نه‌وه. به‌ڵام ئەمجارهش زۆری نه‌برد و پاش دووساڵ، ئه‌مجاره مەرگ بۆهه‌میشه لێکی کردن. خه‌سره خان به‌ناکامی له‌ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵیدا ماڵئاوای له‌دنیا کرد. جوانه‌مه‌رگ بوونی میر له‌ساڵی (١٨٣٥ز) کاریگه‌رییه‌کی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر ژیان و دواڕۆژی مه‌ستووره، بوو بە یه‌کێک له‌و هۆیانه‌ی به‌هره‌ی شیعری‌یان به‌ته‌واوی لا تهقاندەوە و ژماره‌یه‌کی زۆری شیعره‌کانی بۆ دووری و مه‌رگی خه‌سره‌وخان گوتوه:
خه‌سره‌و وههارهن، خه‌سره‌و وههارهن
کۆربام جه‌دیده، فهێڵی وههارهن
مه‌وسم جلوس گوڵ و گوڵزارهن
واده‌ی ته‌ماشای سه‌یر و شکارهن
یه وه‌قت ته‌فریح قه‌لب و دهماغهن
فهێڵ ئاره‌زووی گوڵ گه‌شت و باخه‌ن.
* * * *
به وته‌ی اوگینا واسیلی آوا ؛*٨ “له نێوان میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوور‌و نزیک، که‌سێکی تری وه‌ک مه‌ستووره که شاعیرێکی به‌توانا و هه‌م مێژوو نووسێکی به‌رجه‌سته بێت ده‌رنه‌که‌وتووه. له‌ڕاستیدا سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ژنێکی ڕۆشنبیری تری وه‌ک مەستوورەی به‌خۆوه نه‌دیووه “. هه‌رچه‌نده مه‌ستووره هۆنراوه‌ی که‌م گوتوه به‌ڵام باڵاده‌ستیه‌کی چاکی له‌و که‌مه‌شدا دیاره و کورد وته‌نی (مشتێ نمونه‌ی خه‌روارێکه).
مه‌ستووره‌ی نووسه‌ر و میژوونووس.
مه‌ستووره‌ی کوردستانی له پێشه‌کی کتێبه‌که‌یدا -لا١٤ میژووی ئه‌رده‌ڵان- به‌م شێوه‌یه باسی چۆنیه‌تی نووسینی کتێبه مێژووییه‌که‌ی ده‌کا “منی وا بێ نرخ و هه‌ژار مه‌ستووره ناو-که کیژی ئه‌وله‌سه‌ن به‌گ و نه‌وه‌ی خوا بهخشیو حه‌ماغای کوردستانیم-چونکه باوکم زۆر حه‌زی له خوێندن بووه و منیش کیژی نۆبه‌ره‌ی بووم، خۆشی ویستوم و پێی خوێندوم، زۆرم خوو دابووه سه‌ر کتێب، هه‌موو جۆره کتێبێکم ده‌خوێنده‌وه، له‌ناویاندا زۆر له تاریخ خۆشم ده‌هات. تاڕۆژێکیان چاوم بهنووسراوێ که‌وت ده‌رباره‌ی کوردستان ده‌دوا، هه‌رچه‌ند فرهیشی تیا چووبوو، به‌ڵام هێشتا که‌م و کوڕییه‌کی هه‌ر مابوو. که‌وته سه‌رم منیش گهوێک بخه‌مه سه‌ر ئه‌و زنجیره‌ی سه‌ربهوردی ئه‌رده‌ڵانی، به‌تایبه‌تی که خۆمنانخۆری ئه‌وانم و شانازی به به‌ختم ده‌که‌م که ئێستا ته‌واو خزمیانم. بۆ ئه‌م کاره‌ش ڕوانیومهته زۆر کتێبان و پرسیاریشم له پیره پیاوان کردووه و ئه‌م تاریخهم لێ سازداوه. تکامه له خوێنه‌ره‌وان به نزا له‌بیرم نه‌که‌ن”.
ماه شه‌ره‌ف خانم ته‌نها هه‌ر شاعیرهیهک نه‌بووه به‌ڵکو مێژوونووسێکی لێهاتووش بووه. ئه‌و تادواین ساته‌کانی ژیانی، تا ئه‌و کاته‌ی بۆهەمیشه چاوه‌کانی لێکنا سه‌رقاڵی نووسینی کتێبه مێژووییه‌که‌ی بووه هه‌رچه‌نده به‌داخه‌وه مه‌رگ مه‌ودای پێ نه‌داوه که ته‌واوی بکات. له‌دوا لاپه‌ڕه‌ی کتێبه‌که‌یدا ده‌ڵێت:
“من مه‌ستووره‌ی کۆچه‌ریش له‌دووریی ئه‌و ئازیزه خۆشه‌ویسته(که‌مه‌به‌ست قولیخان والیزادهیه) دوو، سێ ڕۆژه له‌ش و گیانم له‌ئازار و ناخۆشیدایه و یاو دایگرتووه ،تاخوا چی بوێت. ” .
میرزا عه‌لی ئه‌کبه‌ر مونشی که‌ئه‌ویش ئامۆزای مه‌ستووره خانم بووه نووسیویه‌تی: “به‌گوێره‌ی زانست و به‌رزی فیکر و ژیری و جوان نووسین و شیعرێ که له مه‌ستووره‌دا بووه، پێویسته مێژوونووسانی جیهان له‌لاپه‌ڕه‌کانی خۆیاندا ناوی ئه‌و بۆ بیره‌وه‌ری بنووسن و بیهێڵنه‌وه”.
پرسیار لەوەدایە کە ئاخۆ مهستوورهیهک که تا هه‌نووکه‌ش له‌ناو کورددا ناوبانگێکی ئه‌وتۆی نیه و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی نەپارێزراون، زۆرێک له ورده‌کارییه‌کانی ژیانی پێ نه‌زانراون ، گرنگیه‌کی ئه و تۆ بهنووسراوهکانی نه‌دراوه، چۆن دەتوانرێت له مێژووی جیهانیدا بناسرێت؟ هه‌رچه‌نده یه‌که‌م ژنه له‌مێژووی میلله‌تی کوردا کهتوانیوویهتی ئه‌و ڕێچکه‌یه بشکێنێ، بوێرانه بەڕاشکاوی میژووی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی بنووسیته‌وه، ئه‌ویش به‌زمانێکی پاراوو ره‌وان، سه‌لیقه و به‌هره‌یه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر. به‌ڵام ئایا بۆ باس له‌وه ناکرێ بۆچی ئه‌و هه‌موو ساڵه مه‌ستووره په‌راوێزخرا و ناوی نه‌هاته ئاراوه ؟! بۆچی وا به‌و شێوه‌یه ساڵانێکی زۆر به‌رهه‌مه‌کانی بێ‌ناز مانه‌وه و کۆنەکرانەوه تا ئه‌م دواییانه‌ش ناوبانگێکی ئه‌و تۆی په‌یدا نه‌کردوه؟! ئایا ئه‌و هه‌موو ساڵه مانای ئه‌و خۆگبلکردن و خۆدزینه‌وه‌ی ئه‌دیبان و نوسه‌رانی میلله‌ته‌که‌مان له‌مه‌ڕ ئه‌م شاژنه چیبوه؟
گومان له‌وه‌دا نیه که ژنان له‌هه‌موو سه‌رده‌مێکدا به‌که‌م سه‌یرکراون، به‌جۆرێک ئه‌مڕۆ که له سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌مدا ده‌ژین، هێشتاش ده‌بینین سەرەڕای زۆر ده‌ستکه‌وتی بەرچاو و پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە زۆر ڕوەوە، که‌چی هێشتا یه‌کسانی (جینده‌ری) نه‌هاتۆته‌دی! ئیدی لەکوێ له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، له‌کۆمه‌لگایه‌کی باوکسالاری وەک ئەوەی ئێمه‌دا، ماف به ژنێکی نووسه‌ر و ئهدیبهیهکی هه‌ست ناسکی وه‌ک مهستووه خانم دەدرێ و له‌کاتی خۆیدا ناوبانگێکی جیهانی وه‌رده‌گرێ؟! ئاساری زۆربه‌ی به‌رهه‌می ئه‌دیبان و نووسه‌ران له‌کۆندا له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه کۆکراونه‌ته‌وه و پارێزراون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژمارهیهگی که‌م له ژنان خوێنده‌واریان هه‌بووه، هه‌ربۆیه به‌لای به‌رهه‌م و نووسراودا نه‌چوون. که‌سێک نه‌توانێ بخوێنێته‌وه و بنوسێ، له‌کوێ له به‌های نووسراوه‌کان تێده‌گات؟ بۆیه ژنان بیریان له پاراستنی به‌رهه‌مه‌کانی مه‌ستووره و هیچ نوسه‌رێکی دی نه‌کردۆته‌وه!! ڕه‌نگه گه‌ر ژنیش به ئه‌ندازه‌ی پیاوان له‌و سه‌رده‌مه‌دا مافی فێرکردن و خوێنده‌وه‌یان هه‌بووبا ئێستا ئه‌وانیش چه‌ندین نووسراوی تری مەستوورهیان بپاراستایه و که‌مترین به‌رهه‌می لهناوچووبایه و ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ش په‌راوێز نه‌خرایه. له‌وانه‌ش بوو ئێستا ئێمه‌ش خاوه‌نی چه‌ندین ژنه نووسه‌ری تر بووینایه…
خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه په‌راوێزی و دابڕانی ناوی مه‌ستووره له‌جیهانی نووسیندا،واناوی هاتۆته‌وه کایه، کۆمه‌ڵێکی زۆر له ئه‌دیب و ڕۆشنبیر و نووسه‌ران به‌جدی ئاوڕیان له‌به‌رهه‌مه‌کانی داوه‌ته‌وه و ژماره‌ی ئه‌م نووسه‌رانه‌ش به‌رده‌وام له‌زیادبووندایه که هه‌ستاون به لێکۆڵینه‌وه و وتارگەلێکی زۆر و چه‌ندین کتێبیان ده‌رباره‌ی ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م خانمە گهشبیره نوسیوه‌ته‌وه، ئه‌م کاره‌ش مایه‌ی دڵخۆشیه.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بوترێ له‌م سه‌رده‌مه‌شدا هێشتا ژنان به‌ده‌ست ئه‌و جیاوازیه زۆره‌وه که له‌نێوان دوو ره‌گه‌زی نێر‌و مێدا هه‌یه ده‌ناڵێنن. تاهه‌نووکه‌ش ژنان نه‌بوونه‌ته خاوه‌نی ده‌زگاو چاپ و په‌خش و میدیایه‌کی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت به خۆیان، هێشتاش به‌شێوه‌یکی دادپه‌روه‌رانه نووسینی ژنان وه‌کو نووسینی پیاوان ته‌ماشا ناکرێت. له‌کۆتایدا من پێم وایه بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره کارانه له‌میژوودا پێویسته ژنان خۆیان بێنه مه‌یدان، به‌شێوه‌یه‌کی مۆدێرن و سه‌رده‌میانه بکۆشن تا مافه ڕه‌واکانی خۆیان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن و چیدی وه‌ک ڕه‌گه‌زی دووه‌م ته‌ماشا نه‌کرێن و له په‌راوێزدا نه‌مێننه‌وه.
———————————–
سه‌رچاوه‌كان:
١- سایتی: http://www.kurdipedia.org/book
s/٦٢٧٦٠.PDF (حه‌مه‌ی حه‌مه باقی*١ *٥) هه‌مان سه‌رچاوه *٦
٢- مێژووی ناودارانی كورد به‌رگی یه‌كه‌م بابه‌شیخ مه‌ردۆخ ڕۆحانی(شێوا)وه‌رگیرانی ماجد مه‌ردۆخ ڕۆحانی هه‌ولێر ٢٠١١- *٢
٣- له‌په‌راوێزی مێژووی ئه‌رده‌ڵاندا”نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین” ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م .ژماره‌ی سپاردن ٣٢٩ چاپخانه‌ی شۆفسێتی بابان . *٣ . *٤- ل ١٦).
٤- مه‌ستووره‌ی كوردستانی” مێژووی ئه‌رده‌ڵان هه‌ژاری موكریانی” ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس .٧*
٥- ماڵپه‌ڕی- . http://kurdishzone.blogfa.com/post-32.aspx .*٨
——————————————
١- ته‌وار ژماره دوو كانوونی یه‌كه‌م (١٩٩٠) سه‌قز . مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانی”كه‌ژاڵ قه‌ره‌داخی” بابه‌تێكی خۆمه به ده‌ستكارییه‌وه.
٢- ماڵپه‌ڕی: http://p30city.net/showthread.php?t=15616#axzz1zpwjnGhn
٣- ڤسایتی: http://emrro.com/pdf/mesturexan.pdf
٤- سایتی : http://www.kurdipedia.org/books/62760.PDF
٥- ئافره‌ته ناوداره‌كانی كورد” نوسینی عبد الجبار محمد الجباری”بهیاردهی وه‌زاره‌تی كاروباری شیمال له‌چاپ دراوه 1965 م-1388 هیجری.
٦- سایتی:
٧– مه‌ستووره‌ی كوردستانی” مێژووی ئه‌رده‌ڵان هه‌ژاری موكریانی” ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس.