نووسینی: بدیع الزمان سەعیدی نوورسی
وەرگێڕانی: فاروق رسول یحیی
پوختەی چەند لایەنێكی ژیانی دانەر:
مامۆستا بدیع الزمان سەعیدی نوورسی[1]
× لە نێوان چیا بڵندەكان و لە بەرەبەیانی یەكێك لە ڕۆژەكانـی ساڵی (1294ك /1876ز) لە گوندی “نوورس”ی سەر بە پارێزگەی “بەدلیس”ی كوردستانی ژێر دەستەڵاتی عوسمانی “بدیع الزمان مامۆستا سـەعیدی نوورسی” لە بنەماڵەیەكی كوردی دیندار لەدایك بووە.
× “صۆفی میرزا”ی باوكی بە خواپەرستی و پیاوچاكی بەناوبانگ بووە و هەر خۆراكێك حەڵاڵا نەبووبێت دەرخواردی مناڵەكانــی نەداوە.. خـاتــوو “نــووریە”ی دایكیشـی بە پاك و خاوێنی و دەستنوێژەوە نەبووبێت شیری بە مناڵەكانی نەداوە!
× هەر لە قۆناغی مـناڵییەوە هەڵكـەوتوویی و زیرەكیـی پێوە دیار بـووە و، لای زانا بەناوبانگەكانی ژیـنـگـە و سەردەمی خۆی زانسـتە ئیسلامییەكانی خـوێندووە و، بەشێكی زۆری كاتەكانی بـە تـاوتوێكردن و لێكۆڵینـەوەی دیاردەكانی دەوروبەری بەســــەر بردووە و، لەگەڵا زانایاندا كەوتووەتە وتو وێژ و گفتوگۆی زانستییەوە. تا لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بڕوانامەی “عالمی”ی وەرگرتووە!
× هـەر لە تافی لاوی و لە خـەونێكی ڕاســتدا بە خــزمەتـی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم شەرەفمەند بووە و داوای (زانستی قورئان)ی لـێ كردووە، حەزرەتیش لەو خـەونەدا مژدەی داوەتێ كە: “سیوهبُ لك علمُ القرێن ما لم تسألْ شیئاً من اڵامە”! واتە زانســتی قورئانت پێ دەبەخشرێت بە مەرجێك ” سوئال”ی هیچ شتێك لە نەتەوەكەم نەكەیت. ئەویش تا لە ژیـاندا ما سوئالـی لە كەس نەكرد، نە بە واتای “پرسیار” و نە بە واتای “سواڵاكردن” تەنانەت لە موحتاجترینی كاتەكانی تەمەنیدا دیاری و سەدەقە و زەكاتیشی لە خەڵكی وەرنەگرتووە!
× زیرەكی و زەینڕۆشنی و توانای لەبەركردنی هێندە كەموێنە و لەڕادەبەدەر بووە كــە توانیـویەتی نزیكەی “نەوەد” كتێبی مەتنە سەرەكییەكان لەبەر بكات، لە بابەتەكانی: (نەحوو، صەرف، تەفسیر، حەدیپ، مەنتیق، فیقهی ئیسلامی … هتد). جگە لەمانەش هەر لە سەرەتای فەرهەنگی بەناوبانگی “قاموس المحیگ”وە تا دەگاتە “باب السین”ی ئەو فەرهەنگەی لەبەر كردووە كە كۆی لاپەڕەكانی دەكاتە: (708) لاپەڕە، ئنجا بە ماوەی یەك حەفتەش كتێبی “جـمع الجوامع”ی سەر بە زانستی ئوصولی فیقهی خوێندووە و لەبەریشی كردووە!
× بۆ مەبەستی موتاڵاكردن و خوێندنەوەی ئەو كتێبانەی پێویستی بوون سوودی لە كتێبخانە پڕ لە كتێبەكانی “عمر پاشا”ی والیی “وان” و “تایەر پاشا”ی والیی “بەدلیس” وەرگرتووە كە ڕێزی زۆریان لـێ ناوە و بایەخیان پێ داوە.
× لە ئەنجامی مونازەرە و وت و وێژی لەگەڵا هەندێ مامۆستای زانستە نوێكانی سەردەمدا هەستی كردووە كە پێوستیی بەو زانستانە هەیە، بۆیە لە شاری “وان” دەستی بە خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەی كتێبەكانی ئەو زانستانە كردووە، وەك: (بیركاری، فەلەك، كیمیا، فیزیا، زەویناسی، فەلسەفە، مێژوو، جوگرافیا… هتـد” تەنانەت توانیویەتی لە هەندێكیشیاندا كتێب دابنێت!
× لەبەر ئەم زیرەكییە بێوێنەیەی، ناوبانگــی بە: (سـەعیدی مەشـهوور) و پاشان بە: (بدیع الزمان) بڵاوبووەتەوە.
× لە سـاڵی 1897زدا مامۆستا “بدیع الزمان” هەواڵێكی لە ڕۆژنامـە ناوخۆیییەكاندا خـوێندەوە كـە بریتی بـوو لـەوەی: “گلادسـتۆن”ی وەزیری موسـتەعمەراتی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەكەیدا نوسخەیەكی قورئانی پیرۆزی بە دەسـتەوە گرتووە و بە ئەندامانی پەرلەمانی وتووە:
(هەتا ئەم قورئانە لەناو موسڵماناندا بمێنێت ئێمە ناتوانین حوكمڕانییان بكەین، كەواتە چار تەنها ئەوەیە كە قورئان لەسـەر زەویدا نەهێڵین، یاخود پەیوەندیی موسڵمانەكانی پێوە ببچڕین)!
ئـەم هـەواڵە تەزووی بە جـەســتەی “بدیع الزمان”دا هێنا و حــەوانەوە و ســرەوتی لـێ بڕی و، بۆ هەموو كەسانی دەوروبەری خۆی بە ئاشكرا ڕاگەیاند كە:
(دەبێ بە بەڵگە بۆ هەموو جیهانی بچەسپێنم و پێیان بسەلمێنم كە قورئانی پیرۆز خۆرێكی مەعنەوییە، تیشكی ئەو خۆرە هەرگیز كز نابێت و ڕووناكییەكەشی بە هیچ كەسێك ناكوژێتەوە).
دوای ئەم ڕووداوە ڕۆشت بۆ ئەستەمبووڵا و پـڕۆژەی دامەزراندنی زانكۆیەكی ئیسلامیی لە كوردستاندا بە ناوی “زانكۆی زەهراو ” = بە وێنەی زانكۆی ئەزهەری پیرۆز = پێشكەشی كاربەدەستان كرد، زانكۆیەك كە ئەركی بڵاوكردنەوەی ڕاسـتییەكانی ئیسـلام بگرێتە ئەسـتۆی و, زانستە ئایینی و زانسـتە گەردوونییە نوێكانی پێكەوە تێدا بخوێنرێن، بەپێی نەخشە و بۆچوونی ئەو وتە بەناوبانگەی خۆی كە تیایدا دەڵـێت:
(ڕووناكیی دڵا: زانستە ئایینییەكانە و، نـووری عەقڵیش: زانستە گەردوونییە نوێكانە. بە تێكەڵاكردنی ئەم دوانە “ڕاستی” دەردەكەوێت و، بە لێكجیابوونەوەشیان، لەمیاندا فڕوفێڵا و گومان و، لەویشیاندا دەمارگیریی بێكەڵك و نەفرەتلێكراو، سەرهەڵدەدات)!
لەم هەوڵەی ئەم جارەیدا و لە هەوڵێكی تریشدا كە لە ساڵی 1907زدا بۆ هەمان مەبەسـت ڕۆشت بۆ ئەستەمبووڵا و هەوڵا و تەقالای خۆی خستەكار، هیچ سەركەوتنێكی بەدەست نەهێنا، بەڵام لە ساڵی 1911زدا توانیی قەناعەت بە سوڵتان ڕەشاد بكات و، سوڵتانیش بڕێك پارەی بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان كرد و، لەسەر لێواری “دەریاچەی وان” دەست كرا بە كاركردن لە بنیاتنانی ئەو زانكۆیەدا، بەڵام هەڵگیرسانی یەكەم جەنگی جیهانی پەكی تەواوكردنی پڕۆژەكەی خست.
× هەر لە ساڵی 1911زدا ســەردانی وڵاتی “شام”ی كرد و، لەسەر مینبەری مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق وتارێكی گرنگی بە زمانی عەرەبی ئاراسـتەی زانایانی ئەو وڵاتە كرد كە دوایی بە ناونیشانی “الخگبە الشامیە” (واتە وتاری شام) چەند جارێك چاپ كرا و، پاشـان هەر خۆی بە درێژە پێدانەوە وەریگێڕا بۆ زمانی توركی و ئەم دەقەی دواییش سەرلەنوێ چەندین جار كراوەتەوە بە عەرەبی و بۆ چەند زمانێكی تریش وەرگێڕراوە.
× هەرچەند ڕای مامۆستا سەعیدی نوورسی لە یەكەمین جەنگی جیهانیدا لەگەڵا ئەوە نەبوو كە دەوڵەتی عوسمانی بە جەنگەوە بگلێت، بەڵام هەر ئەوەندەی بەشداریی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگدا ڕاگەیەنرا، یەكسەر خۆی و قوتابییانی هاوبەشییان لەو جەنگەدا كرد دژی ڕوسیای قەیسەری، كە لە بەرەی قەفقاسەوە هێرشی بۆ شارە سنوورییەكانی كوردستان دەبرد. فەرماندەی سوپایش سەركردەیی (هێزە یارمەتیدەرەكان)ی پێ سپارد كە لە قوتابییانی نوورسی و خۆبەخشەران پێك هاتبوون.
× “بدیع الزمان” و هێزەكەی لە چەندین جەنگی گرنگدا لە دژی ڕووسەكان بەشداریی ئازا و بەجەرگانەی جیهادیان كرد و، هێندە ئازایەتی و توانا و لێهاتنی لەو جەنگەدا نواند كە سەرنجی فەرماندەی سوپا و تەنانەت چاودێرە بیانییەكانیشی ڕاكێشابوو!
× كاتێك كە سوپای ڕووس بە ژمارەیەكی زۆر زیاتر لە سوپای بەرگریكەران ڕژانە ناو شاری بەدلیسەوە “بدیع الزمان” و قوتابییانی بەرگرییەكی مەردانە و فیداكارانەیان لە شارەكەیان دەكرد، تا لە ئەنجامدا بە سەختی پێكرا و لە هۆشی خۆی چوو، ئنجا ڕووسەكانیش لە 2/3/1916زدا بە برینداری “دیل”یان كرد و بردیان بۆ بەندیخانەی ئەفسەرە دیلەكان لە شاری “كۆسترما”ی سیبیریا.
× لە ماوەی “دیلی”دا بەردەوام وانەی ئیمانیی بە ئەفسەرە دیلەكانی هاوڕێی دەوت، كە ژمارەیان نەوەد دانە بوو.
× هەر لەو ماوەیەدا و لەبەر نواندنی هەڵوێستێكی بەجەرگانەی ئەوی زانا و موجاهید و خاوەن عیززەتی ئیسلام و، هەڵنەسانی لەبـەر سەركردەیەكی گەورەی سوپای ڕووس كە خاڵی قەیسەر و سەركردەی بەرەی قەفقاس بوو، لە پەتی سێدارە و بەدەستهێنانی “پلەی شـەهیدی” نزیك بووەوە، بەڵام خوای گەورە لەبەر ئەوەی بۆ ئەركێكی گەلـێ گرنگ و گەورەتر هەڵی گرتبوو، لەو تاقیكردنەوەیە بەسەریبەرزەوە هێنایەدەر و لە حوكمی ئیعدام ڕزگاری كرد!
× پاشان بە جۆرێكی گەلـێ سەرسووڕهێنەر و ناوازە و بە چاودێرییەكی ئاشكرای پەروەردگار لە دیلی هەڵهات و، لە ڕێی (وارشـۆ = ئەڵمانـیا = ڤیەننا)وە گەڕایەوە وڵات.
× كە لە بەرواری 17/6/1918زدا گەیشتەوە ئەسـتەمبووڵا “مەدالیای جەنگ”ی خەڵاتكرا و، لە لایەن خەلیفە و شێخولئیسلامی دەوڵەتی عوسمانی و سەركردەی گشتیی سوپا و قوتابییانی زانستە شەرعییەكانەوە پێشوازییەكی ناوازە و ڕەنگینی لـێكرا. هەروەها كاربەدەســتان داوایان لـێكرد كە هەندێ كارمەندیی بەرز لە دەوڵەتدا بگرێتە ئەستۆی خۆی، بەڵام مامۆستا هیچیانی نەویست جگە لە ئەندامێتیی (دار الحكمە الإسلامیە) كە دەزگایەكی زانستیی ئەوتۆ بوو تەنها گەورە زانایانی تێدا دەكران بە ئەندام.
× لە ماوەی ئەم ئەندامێتییەیدا زۆربەی نووسراوە عەرەبییەكانی خۆی چاپكرد، وەك: تەفسیرە بەنرخەكەی كە ناوی “إشارات الإعجاز فی مڤان الإیجاز”ە و لە گــەرمـەی جەنگدا داینابوو (كە ئێستا لە بەشی خوێندنی دوكتۆرای وانەی “تەفسیر” لە زانكۆی ئەزهـەر بە دەرس دەخوێنرێت). هـەروەها بەو مووچەیەی كە لە لایەن ئەم دەزگایەوە وەریدەگـرت نامیلكەكانـی كـۆمەڵە پـەیامی “المپنوی العربـی النوری”ی لە چاپ دا و بـە خـۆڕایی بەسەر موسڵماناندا دابەشی كردن!
× ئنجا هەر كە شاری ئەستەمبووڵا لە بەرواری 18/3/1920زدا لە لایەن دوژمنانی ئیسلام بە تایبەت ئینگلیزەوە داگیر كرا، مامۆستا سەعیدی نوورسی هەستیكرد كە تیرێكی گەورە و جەرگبڕ ئاراسـتەی جیهانی ئیسـلامی كراوە. لەبەر ئەوە، قۆڵی لێبڕانی لـێ هەڵكرد و نامیلكــەی “خگوات سـتە”ی دانا كە زۆر بە توندی هێرشـی تێدا كردبووە سـەر داگیركەران و، هۆكارەكانی نائومێدیی تێدا پووچەڵا كردبووەوە كە زۆر كەس لەو ڕۆژگارەدا دووچاری بووبوون. ئەم نامیلكەیەشی چەند جارێك بە نهێنی لەناو ئەستەمبووڵی داگیركراودا لە چاپ دا و بڵاوی كردەوە و، كاریگەری(تأپیر)یەكی گەلـێ گرنگی لە دڵا و دەروونی خەڵكی = لەو بارودۆخەدا = بەجێهێشت.
× ئنجا لەبەر ناوبانگە فراوان و جیهادە بەردەوامەكەی، دوو جار لە لایەن سەركردەكانی بزووتنەوەی ئازادیخوازەوە، بۆ شاری “ئەنقەرە” بانگێشت كرا. هەرچەند یەكسەر لەو كاتەدا بەدەم خواستەكەیانەوە نەڕۆشت، چونكە پێی وابوو نابێت لەو دەمانەدا سەنگەرەكانی پێشوو چۆڵا بكات، بەڵام دوایی لە ڕێی گەڕانەوەیدا بۆ “وان” سەری لـێدان. ئەوەبوو لە ســاڵی1922زدا ڕۆشت بۆ ئەوێ و لە لایەن گەورە پیاوانی دەوڵەتەوە لە ئیستگای شەمەندەفەر پێشوازیی لـێكرا. بەڵام هێندەی نەخایاند لەم كاربەدەستانەی “ئەنقەرە”ش نائومێد بوو، چونكە سەرنجی دا زۆربەیان فەرز و ئەركە ئایینییەكانیان جێبەجێ ناكەن.. لەبەر ئەوە، وتارێكی ئاراستەی ئەنجومەنی پەرلەمان(مجلسِ مبعوپان) كرد، كە بەم دەسـتەواژەیەی خوارەوە سـەرەتای وتارەكەی داڕشتبوو:
(یا أیها المبعوپون! “إنكم لمبعوپون لیوم عڤیم”…)!
هەر لەوێدا جارێكی تر پڕۆژەی دامەزراندنی زانكـۆكەی شاری وانی پێشــكەش كردن وخستیە پێشچاوی بەرپرسانی نوێ، ئەوانیش بەڵێنیان پێ دا كە بەدەم خواستەكەیەوە بڕۆن، بەڵام چەند بارودۆخێكی ڕامیاری ڕێی لە هێنانەدیی پڕۆژەكە گرت.
× لە ساڵی 1923زدا “بدیع الزمان” لە ئەنقەرەوە گەڕایەوە بۆ كوردستان و ڕۆشت بۆ شاری (وان) و لەسەر چیای “ئەرەك”ی نزیكی شاردا ماوەی دوو ساڵی بە خواپەرستی و بیركردنەوە و گۆشەگیری و دەرس وتنەوە بە قوتابییانی بردەسەر، كەچی هێشتا هەر لە پریشكی كارەسات و ڕووداوەكان ڕزگاری نەبوو، چونكە لە گەرمەی شۆڕشەكەی شێخ سەعیدی پیراندا، ئەمیش (وەك زانا و كەسایەتییەكی گەورەی كورد) لەگەڵا كەسـانێكی تری زۆر لە بەرواری 25/2/1925زدا، ڕەهەندە(نەفی)ی شـاری “بوردوور” لە باشـووری خۆرئاوای توركیا كرا و، پاشان بە تەنها خۆی بۆ شارۆچكەیەكی دوور ڕەهەندە كرا كە ناوی “بارلا”یە و لە بەرواری 1/3/1927زدا گەیشتە ئەوێ.
× دوژمنانی “ئیمان” پێیان وابوو كـە لـە “بارلا”دا مامۆستا نوورسی لەناودەچێت و ناوی كوێر دەبێتەوە و لە بیری خەڵكـی دەچێتەوە و ئەم كانییە بەخوڕەمەی زانست و ئیمان وشك دەكات..
بەڵام لەبەر ئەوەی خوای گەورە خاوەنی لوتف و سۆز و بەزەیییە سـەبارەت بە سەرجەم بەندە پاك و دڵســۆزەكانی، ئەوا نیازە چـەپـەڵەكەی ئەوانی پووچـەڵا كردەوە و، ئەم بەندە زانا و پاكەی بە فەزڵا و بەخشایشی خۆی وەها چاودێری كرد كە لەسەر دەستی ئەودا “بارلا”ی كرد بە سـەرچاوەی پەخشاندنی تیشكێكی گەورەی نووری قورئانی پیرۆز. چونكە مامۆستا نوورسی زۆربەی “پەیامەكانی نوور”ی لەوێ دانا و، ئنجا بە شێوەی دەستنووس لە سەرانسەری توركیادا بڵاوبوونەوە! ئەوەبوو هەر كە مامۆستا نوورسی = بە درێژایی چارەكە سەدەیەك = لەم شارەوە بۆ ئەو شار ڕەهەندە دەكرا و لە زیندان و بەندیخانەكانی گەلـێ پارێزگای توركیادا دووچاری بەندی و گرتن دەبوو، خوای گەورە كەسانێكی دڵسۆزی بۆ نووسینەوە و لەبەرگرتنەوەی ئەم پەیامانە دەڕەخساند و ئەم ڕێژنە بەپیت و بەرەكەتانەی ئیمانیان بڵاو دەكردەوە، تاكو گیانی نوستووی ئیمانیان لای ئیمانداران بێداركردەوە و لەسەر چەندین ستوون و پایەی زانستی و مەنتیقی و، بە ڕەوانبێژییەكی بەرز، دامەزراند. بە چەشنێك كەسانی عەوام لێی تێدەگەن و مرۆڤانی تایبەتمەند و شارەزایش بەهرەمەندی تێشوو لـێوەرگرتنی دەبن.
× پاش ئەوەی هەشت ساڵا و نیوی بە ڕەهەندەیی لە بارلادا بردە سەر، لە چەند جێگایەكی تری وەك شاری “ئیسـپارتە” و “قەستەمۆنی” و شارۆچكەی “ئەمیرداغ”دا بە “ڕەهەندەیـی” و “دەست بەسەری” و، لە شارەكانی: “ئەسكیشەهر و ئەفیوون و دەنیزلی”یشدا بە “بەندی” ژیانی بەسەر بردووە. كە ئەمانەش چارەكە سەدەیەك لە ژیانی پڕ لە ناسۆر و ئەشكەنجە و جیهادی مەعنەویی تەمەنی ئەم زانا پایەدارە دەگرنەوە.
× بەم جۆرە، مامۆستا نوورسی لە سەرەتای ڕۆشتنیەوە بۆ “بوردوور” (1926) و پاشان بۆ “بارلا” (1927) هەتا ساڵی 1950ز لە نووسینی “پەیامەكانی نوور”دا بەردەوام بوو، تاكو لە (130) پەیام (كتێب و نامیلكە) تێپەڕیانكرد و، هەموویان لە ژێر ناونیشانی “سەرجەمی پەیامەكانی نوور”دا كۆكرانەوە و، بریتین لە چەند كۆمەڵە پەیامێكی سەرەكی كە ئەمانەن:
1- (سۆزلەر) واتە “وتەكان”..
2- (مەكتووبات) واتە “نامەكان”..
3- (لەمعەلەر) واتە “بریسكەكان”..
4- (شوعاعلەر) واتە “تیشكەكان”
5- (لاحیقەلەر) واتە “پاشبەندەكان”..
هەروەها كۆمەڵە پەیامەكانی تری جگە لەمانەش، كە هەر هەموویان تا ساڵی 1956ز ڕێی چاپخانەكانیان بە سەربەستی بۆ نەگیرایەبەر، بەڵام لەم بەروارەوە، بڕیاری ئازادیی لەچاپدانیان دەركرا و، مامۆستا نوورسی خۆی سـەرپەرشتیی لەچاپدانی كردن هەتا هەموویانی بە چاپ گەیاندن و، پێش ماڵئاواییكردنی لەم ژیانی دنیایە و بە چاودێریی خۆی سەرجەمی پەیامەكانی لە چاپ دان.
× گرنگترین تایبەتكاریی ئەم پەیامانە لەوەدایە كە: تەفسیرێكی خەستوخۆڵی ڕاستییەكانی قورئانی پیرۆزە و، بە “مەوسووعەیەكی ئیمانی”ی بایەخدار دادەنرێن و، بەدەم خواسـتە ئیمانییەكانی خەڵكی سەردەمەوە دەڕۆن و، ئیمانی تەحقیقی لە دڵا و دەروون و بیر و ژیریی مرۆڤی هاوچەرخدا دادەمەزرێنن و، بینای كوفر و ئیلحاد لە بنج و بێخدا هەڵدەتەكێنن و، قەڵای مەحكەمن بۆ ئیماداران و، گرنگترین چەكی پێشكەوتووی “ئیمان”ن لەم سەردەمەدا، كە نوێترین چەكی فرت و فێڵی كوفر و ئیلحادی تێدا بەكار دەهێنرێت!
× لە سەعات سێ و نیوی شەوی قەدری مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ساڵی 1379ك بەرامبەر 23/3/1960ز بەدەم بانگی پەروەردگاریەوە ڕۆشت و كۆچی ماڵئاوایی لەم دنیا فانییە كرد. خوای گەورە نوقمی میهرەبانیی فراوانی خۆی بكات و بە بەهەشتی بەرین شادی بكات. ئامین.
× چەند مانگێك دوای كۆچی دوایی، كاربەدەستان لە گۆڕەكەی دەریانهێنا و لە شوێنێكی نەزانراودا ناشتیانەوە!
× لە دوای وەفاتی خۆی، قوتابییە دڵسۆزەكانی بەوپەڕی چوست و چالاكی “پەیامەكانی نوور”یان بە خەڵكی گەیاند و، بە ئاستە زانستی و فیكرییەكانی ناوخۆ و جیهانیان ناساندن و گەورە بیریاران(مفكرین)ی ئیسلامی و جیهانییان پێ ئاشنا كردن.
× تا ئێستا لە توركیادا پێنج كۆنگرەی جیهانی و دەیان كۆڕ و سیمیناری ناوخۆیی لەسەر ژیان و بیری مامۆستا نوورسی گیراوە. هەروەك لە چەندین شوێنی تری جیهاندا وەك (میسر و مەغریب و ئەردەن و مالیزیا و ئەندۆنیسیا و ئوستورالیا) كۆنگرەی جیهانی و كۆڕ و سیمیناری زانستیی لە ئاستە ئەكادیمییەكاندا لەسەر پێشكەش كراوە. جگە لەو دەیان لێكۆڵینەوە و باس و كتێبانەی كە بە زمانە جیا جیاكان بۆ ئەم مەبەسـتە نووسراون و، جگە لەو نامە زانكۆیی و ئەكادیمیانەش كە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) لە چەندەها زانكۆی ناوخۆ و جیهانیدا (هەر لە مالیزیاوە تا دەگاتە فەرەنسا) لەسەر ژیانی نوورسی خۆی و لەسەر پەیامەكانی نووسراون و ئامادە كراون.
× كەسانی دیار و بەناوبانگی گۆڕەپانی زانست و فیكری ئیسلامیی سەردەم چ لە ئاستی كوردستان و چ لە ئاسـتی عێراق و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكان و چ لە ئاستی جیهاندا لە پێشەنگی توێژەر و نووسەر و لێكۆڵەرانی ژیان و نووسینەكانی مامۆستا “نوورسی”ن، كە لێرەدا بۆ نموونە تەنها ناوی هەندێكیان پێشچاو دەخەین، وەك:
(د. محســن عبد الحمید ، د. محمد سـعید ڕەمەزان بۆتانی، د. علی محیالدین قەرەداغی، د. جلال جلالی زادە، عبد القادر بادللی، د. عماد الدین خلیل، خوا لێخۆشـبوو مامۆسـتا ئەبولحەسـەن نەدوی و، دەیان زانا و پڕۆفیسۆری تر لە زانكۆی ئەزهەر و زۆربەی زانكۆكانی جیهانی ئیسلامی و تەنانەت خۆرهەڵاتناسانی چەند زانكۆیەكی خۆرئاوایش) خوێنەری بەڕێز بۆ خۆی دەتوانێت لە سـەرچاوەكان و لە ڕێی ئەو كتێب و باس و بابەتانەش كە لە بارەی بیر و زانست و ژیانی مامۆستا نوورسییەوە پێشكەش كراون، بە نووسینەكانی ئەو زانا و بیریارانە و كەسانی تریش ئاشنا ببێت. یان پەیوەندی بكات بەم ئادرەسەوە:
www.nesil.com.tr
× كاری وەرگێڕانی “پەیامەكانی نوور” بۆ زمانەكانی تری جیهان هەر بەردەوامە. ئەوەتا – سوپاس بۆ خوا – وەرگێڕانی سەرجەمی پەیامەكان بۆ (زمانی عەرەبی) لە لایەن مامۆستا (إحسان قاسم الصالحی)یەوە تەواو بووە و، لە نۆ دانە بەرگی قەشەنگ و ڕەنگیندا و لە هەردوو شاری ئەستەمبووڵا و قاهیرە بڵاو كرانەوە. بەشـێكی زۆریشیان لە لایەن خوشكی نۆموسڵمان: ماری وێڵد(شكران واحدە)ەوە كراون بە ئینگلیزی و تا ئێستا چوار بەرگی گەورەیان بە چاپی جوان و ڕەنگین بەو زمانە لـێ بڵاو كراوەتەوە.
سوپاسی بێكۆتایی بۆ خواوەندی میهرەبان كە یارمەتی و تەوفیقی نووسەری ئەم چەند دێڕەشی دا كە زیاتر لە سەد دانەمان لەو پەیامانە كرد بە كوردی و، تا ئێستا و لە ماوەی پازدە سـاڵادا (چل و دوو) نامیلكە و پەیاممان لەو وەرگێڕراوە كوردییانە و لە دووتوێی (بیست و چوار) كتێبدا بڵاو كردەوە و، دەیان پەیامی تریش ئامادەی چاپن. وا ئیستاش لە نیازدایە كە بە پشتیوانیی خوای گەورە سەرجەمی ئەم وەرگێڕراوە كوردییانە، وەكو توركی و عەرەبی و ئینگلیزییەكان، لە شێوەی بەرگی گەورە و نایابدا بڵاو بكەینەوە.
بەشێكی ئەم پەیامانە بۆ ئەم زمانانەی خوارەوەش وەرگێڕراون، كە تا ئێستا كاری وەرگێڕان تیایاندا بەردەوامە:
ئەڵمانی، فەرەنسـی، ڕووسی، ئۆردی، فارسی، ئیتالی، كۆجاراتی، مەلایا، ڕۆمانی، بۆسنی… هەروەها گەلـێ زمانی تریش.
× لە چەند زانكۆیەكی جیهاندا زانست و بیری “نوورسی” لە ناوەندی مەنـهەجە ڕەسمییەكان و سەرچاوە زانستییەكاندا دانراون، وەك زانكۆی ئەزهەری میسر و، زانكۆی محمد الخامس لە مەغریب و، زانكۆی ئیسلامیی جیهانی لە مالیزیا.
× هیوادارم گەلی كوردمان – بە تایبەت توێژی زانا و ڕۆشنبیران و خوێنەرانمان – پتر ئاوڕ لەم كەسایەتییە گەورەیەی نەتەوەكەی خۆیان بدەنەوە و زیاتر بە ژیان و نووسینەكانی ئاشنا ببن و، لەم ڕووەوە ئێمەش لە گەلانی تر دوانەكەوین. زۆر بە دڵنیایییەوە دەڵێم: گەورە پیاوانی نەتەوەكانی تر هێندەی بەشــێكی كەمی زانایی و گەورەیی مامۆسـتا نوورسی زیرەكی و بلیمەتی و زانست و ئازایەتی و ئیمانداری و دڵسۆزییان نەنواندووە، كەچی نەتەوەكانیان لە شان و باڵی ئەوانیان بەرز كردووەتەوە و بە جیهانیان ناساندوون و لە ئاســتی جیهاندا شـانازییان پێوە دەكەن، بەڵام ئێمە هێشتا ئاوڕی پێوستمان لەم گەنجینە زێڕ و گەوهەرانەی خۆمان نەداوەتەوە. لەگەڵا ئەوەشدا زۆر هیوادارم كە ڕۆژگارانی ئایندە بە زیادبوونی سەربەستیی فیكری و بەرز بوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی لای هەموو توێژ و چینەكانی گەلەكەمان، پتر نرخ و بەهای بەخششە فیكری و زانستی و ئیمانییەكانی ئەم كەڵە زانایەی نەتەوەكەمان دەردەكەوێت و، سوودی زیاتری لـێ وەردەگیرێت.
× لە خوای گەورە داواكارم كە بە سۆز و میهرەبانیی خۆی لە بڵاوكـردنەوەی سـەرجەمی پەیامەكانی نووردا بە زمانی كوردی پشتیوانمان بێت و ئەم كارەمان بۆ ئاسان بكات و، نیازی خاوێن و گیرابوونی لای خۆیمان پێ بـبەخشـێت و، لە خۆم و دایك و باوكم و خێزان و مناڵا و یارمەتیدەرانم لەم خزمەتە پیرۆزەدا و لە سەرجەم موسڵمانان خۆش ببێت. إنّه علی ما یشاو قدیر وبالإجابە جدیر.
فاروق رسول یحیـی
سلێمانی
[1] لەبەر ئەوەی بەرگێكی گەورەی ئەم زنجیرەیە ژیانی دانەری بە پێنووسی مامۆستا نوورسی خۆی و قوتابییانی بە تێروتەسەلی لەخۆ گرتووە، ئەوا لەم بەرگەی ئێستادا تەنها ئەم چەند لاپەڕەیەی ژیانی وەك بەركوڵێك دەخەینە بەردەستی خوێنەرانی بەڕێز، بە هیوای خوێندنەوەی ئەم لاپەڕانە هەتا بەرگی تایبەتیی ژیانەكەی دەردەچێت.