نوسینی: بوخاری عه‌بدوڵای قه‌سرێ
هێندێك په‌رتوك هه‌ن كه هه‌ق وایه به یه‌كه‌مینه‌كانی دنیای په‌رتوك و چاپی دنیایان بزانین. (مێژووی شارستانێتی) ی ویل دیورانت یه‌كێكه له نایابترین ئه‌و په‌رتوكانه‌ی كه له بواره‌كانی (مێژوو، شارستانیه‌ت، كه‌لتور، ئه‌نسرۆپۆلۆژیا) ه‌وه نوسراون. په‌رتوكه‌كه‌م هه‌موی نه‌خوێندۆته‌وه، به‌ڵام به خوێندنه‌وه‌ی ته‌نها به‌رگی یه‌كه‌می ئه‌و په‌رتوكه ڕێگه به‌خۆم ده‌ده‌م ئاوا به گه‌رموگوڕی لێی بدوێم، چون به‌ڕاستی كتێبێكی به‌پێزو سودگهیێن و زانیارستانیی یه و، له خوێندنه‌وه‌ی به‌رگی یهككهمی دا زۆر چێژی ماریفیم لێوه بینی. پێم خۆشه له‌م خاڵ و دێڕانه‌ی خواره‌وه‌دا گه‌شتی خۆمم له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌رتوكه‌دا بۆ ئێوه بگێڕمه‌وه:
1- چه‌قی په‌رتوكه‌كه بریتیه له (ژیار) و (شارستانییه‌ت). دیورانت ئاوا وه‌سفی ژیار ده‌كات: “بریتیه له سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه یارمه‌تی مرۆڤ ده‌دات بۆ فره‌كردنی به‌رهه‌مه كهڵتوریهكانی”. لا 19. به‌لای دیورانتهوه هه‌ر ژیارێك له چوارڕهگهزی سه‌ره‌كیی پێكدێت: یه‌كه‌م/ داهاته ئابووریه‌كان، دووه‌م/ سیسته‌مه سیاسیه‌كان. سێیه‌م/ نه‌رێته ئه‌خلاقییه‌كان، چواره‌م/ به‌دواداچوونی زانیاری و هونه‌ره‌كان.
2- به‌لای دیورانتهوه مرۆڤی گه‌ڕۆك و ڕاوكه‌ر و بزێو كه له‌سه‌ر ئاژهڵخواردن ژیاوه نه‌یتوانیوه له‌كۆنه‌وه ژیار دروست بكات، بۆیه یه‌كه‌مین شێوه‌ی كه‌لتورو شارستانیه‌ت له كشتوكاڵكارییهوه ده‌ستیپێكردووه. ئه‌ویش ئه‌وكاته‌ی كه مرۆڤ نیشتهنیی بوه له‌شوێنێكدا و زه‌وی ئاوهدانكردۆتهوه.
3- مرۆڤی سه‌ره‌تایی پشتی به خواردنی سه‌رپێیی و خێرا به‌ستوه. خواردنی هه‌ڵنه‌گرتوه بۆ سات و رۆژێكی تر، ئه‌و ده‌مه‌ی كه ڕاویكردوه هه‌ر ئه‌و ده‌میش خواردویه‌تی، زۆرجاران له هه‌ندێ هۆزی سه‌ره‌تایی ئه‌وكه‌سانه‌ی كه گۆشتیان پاشه‌كه‌وت كردوه به بێغیره‌ت ناوبراون كه توانای ئه‌وه‌یان نیه جارێكی تر ڕاو بكه‌ن. بۆیه سیسته‌می سێ ژه‌مه داهێنانێكی تازه‌ی مرۆڤه و لهززودا ژه‌م به‌و شێوه‌یه نه‌بووه. ئه‌و ده‌مه‌ی مرۆڤ فێری عه‌مباركردنی گه‌نم بوو، ئه‌و ده‌م شارستانیه‌ت ده‌ستی پێكرد.
4- مرۆڤی كۆن جگه له خواردنی ئاژه‌ڵ، مرۆڤیشی خواردووه، ته‌نانه‌ت یه‌كێك بوه له ژه‌مه زۆر تایبه‌تییه‌كانیان، له لاپه‌ڕه 39 نمونه به وڵاتی كۆنگۆ ده‌هێنێته‌وه كه هۆزێكی ئه‌و وڵاته به ژن و پیاو و منداڵه‌وه كڕدراون و فرۆشراون و بۆ خواردن به‌كارهێنراون.
5- مرۆڤی كۆن به هه‌ره‌وه‌زی ئیشیان له‌نێو كێڵگه‌كانیان كردوه‌و، تاكگه‌رایی و خۆپه‌رستی له‌نێویاندا زۆر كه‌متر بووه له مرۆڤی مۆدێرن و ئێستا، ته‌نانه‌ت هیندییه‌كانی ئۆهاما قسه‌یه‌كی به‌ناوبانگیان هه‌یه: “زه‌وی وه‌ك ئاو وایه، ناكرێت بفرۆشرێت” بۆیه به هه‌ره‌وه‌زی ئیشیان له‌نێو كێلگه‌كاندا كردوه و خواردن و بهروبومهكهشیان وێكڕا دابه‌شكردوه، لا 53.
6- یاسا و سیاسه‌ت و سه‌ركردایه‌تی له قۆناغه‌كانی دواتری شارستانییه‌ته، مرۆڤی كۆن پێویستی به سیسته‌مێكی سیاسی نه‌بوو بۆ ژیان، ته‌نها له‌كاتێكدا كه ململانێ و كێشه‌یان له‌سه‌ر زهویزارهكان یان نۆره‌ی ئاودێری یان ژماره‌ی ئاژه‌ڵه‌كانیان، یان كێشه‌یه‌ك له‌نێو كێڵگه و كه‌لوپه‌لی خواردن و چێشتخانه هه‌بوایه، یان كاتێك جه‌نگێك به‌رپا ده‌بوو (لا 63)، ئه‌وسا یه‌كێكیان ده‌كرده (براگه‌وره) یان سه‌ركرده بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان. دیورانت ده‌ڵێ: “كوبییهكانی سۆمه‌ترا به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا هه‌بێت، ژیان ده‌گوزه‌رێنن، هه‌ر خێزانێك خۆی حوكمی خۆی ده‌كات”، لا 62. بۆ هه‌ڵبژاردنی گه‌وره‌ی ئاوه‌دانی و دێیه‌ك پشتیان به پێوه‌ری (ته‌مه‌ن، ئه‌زموون، هێزی جه‌سته، و بوێری) ده‌به‌ست، تاوه‌كو بتوانێت به‌و شاره‌زایی و هێزه جه‌سته‌ییه‌ی كه هه‌یه‌تی زۆرترین پشتیوانی له خه‌ڵكی دێیه‌كه‌یان بكات.
7- له لاپه‌ڕه 67 دا به‌راوردێكی زۆر جوانی نێوان ڕاووشكار و كشتوكاڵی ده‌كات، دیورانت پێی وایه كه ڕاووشكار مرۆڤ ماندوو ده‌كات، توانای داهێنان و جوانی و ئارامی له‌مرۆڤ ده‌كوژێت، چونكه مرۆڤ ده‌بێت گه‌ڕۆك و خێرا و به‌هێز و گورزوه‌شێن بَێت بۆ ڕاووشكار، ده‌بێت هونه‌ری جه‌نگیی بزانێت. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، له‌كاتی كشتوكاڵدا مرۆڤ ئارامتره و فێری سه‌لیقه و دهستڕهنگینی و كاری هونه‌ری ده‌بێت و سروشتی كهسایهتییشیان نه‌متره، بۆیه مرۆڤ له چه‌رخی كشتوكاڵیدا فێری دروستكردنی لادێ و خانوو نشینگه بوو، شارستانیه‌ت له‌وه ده‌ستیپێكرد.
8- دیورانت به‌شێك تایبه‌ت ده‌كات به خێزان، پێی وایه كه مرۆڤی كۆن سه‌ره‌تا به كۆمه‌ڵ نه‌ژیاون، بۆیه تاك تاك پشتیان به توانای ڕاووشكاری خۆیان به‌ستوه، دواتر له ئه‌شكه‌وته‌كان پێكه‌وه مۆڵ بوونه و له مه‌ترس ئاژه‌ڵ خۆیان په‌نا داوه، دوای ئه‌وه قۆناغی خزمایه‌تی و پێكه‌وه‌یی خێزانی گه‌شه‌ی كردوه، له لا 94 ده‌ڵێت هۆزه‌كانی (لۆبۆ) و (بۆڕنیۆ) ژن و پیاو به‌بێ هاوسه‌رگیری و به ئیباحیه‌ت جووت ده‌بوون و په‌یوه‌ندی سێكسیی كراوه هه‌بوه، له ئه‌وروپاش میرزا شه‌وی یهككهم مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوه په‌رده‌ی بووك بدڕێنێت ئینجا زاوا بچێته لای له شه‌وه‌كانی داهاتودا (لا 95). له لا 84 ده‌ڵێت له هۆزێكی ئه‌فه‌ریقا پیاو ده‌بوایه دوای ژنهێنانی هۆزه‌كه‌ی خۆی به‌جێ بهلێت و له‌گه‌ڵ هۆزی خێزانه‌كه‌یدا بژێت، له‌گه‌ڵ خزمانی خێزانه‌كه‌یدا ژیان به‌سه‌ر ببات، ته‌نانه‌ت ده‌بوایه هه‌ندێكجاریش ببێته خزمه‌تكاری ماڵی باوكی ژنه‌كه‌ی. ته‌نانه‌ت له دورگه‌ی (بلیۆ) ژن زۆر سه‌ردار بووه، سه‌رۆكی هۆز نه‌یتوانیوه هیچ كارێكی گرنگ بكات به‌بێ ڕاوێژكردن به (ئه‌نجومه‌نی پیرهژنان) ی ئه‌و ناوچه‌یه! لا 85. ژن زۆر سه‌ردار بوه به‌سه‌ر پیاودا، به‌ڵام لاوازی ژن له‌كاتی (حه‌یز) وای لێ ده‌كرد له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه كه‌متر له پیاو ده‌ربكه‌وێت و هه‌ژموونی پیاو جارێكی تر به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بویه‌وه، لا 85.
9- ئه‌ركی ژن له شارستانێتی كۆن به‌مشێوه‌یه بوه، “ژن مناڵیكی زۆری ده‌خسته‌وه، په‌روه‌رده‌ی ده‌كردن و كه‌پر یان ماڵه‌كه‌ی به باشی ده‌پاراست، خواردنی له دارستان و كێڵگه‌كان كۆده‌كرده‌وه‌و چێشتی ئاماده دهكردو، جلوبه‌رگ و پێڵاویشی دروست ده‌كرد”، بڕوانه لا 86. سه‌رۆكی هۆزی چیپوا ده‌ڵێت: “ژنان بۆكاركردن دروستكراون” نه‌ك شتی تر.
10- دیورانت ده‌ڵێت: له هه‌ندێك وڵاتی وه‌ك هیند و نیوگانا و دورگه‌كانی فیجی و..هتد، ئه‌گه‌ر مێرد مردبا داوا له ژنه‌كه ده‌كرا خۆی بسوتێنێت و خۆی بخنكێنێت تا نیشانه‌ی وه‌فای خۆی ده‌ربخات یان له‌ولا پێی شاد ببێته‌وه دوای مردن!، لا 88 و 89. له‌ڕووسیای كۆندا كچ به قامچی له‌لایه‌ن باوكیه‌وه لێی ده‌درا، دوای شوكردنیشی باوكه‌كه قامچیه‌كه‌ی ده‌دایه شوهكهی تا ئه‌ویش به‌درێژایی ژیانی لێی بدات، لا 89.
11- له لا134 دێته سه‌ر باسی ئایین و خواناسی. دیورانت پێی وایه كه پێنج پاڵنه‌ر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له كۆنه‌وه ئایین له‌نێو هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا گه‌شه بكات: یه‌كه‌م ترس له مردن كه به‌هێزترین پاڵنه‌ری مرۆڤ بووه بۆ بڕواهێنان به‌خوا به‌درێژایی مێژوو، دووه‌م: ڕووداوه‌كانی سروشت، وه‌ك باران و هه‌وره‌بروسكه و بوڕكان و بومه‌له‌رزه…هتد، سێیه‌م: هیوا به‌یارمه‌تی خوا و دوعا و نزا، چواره‌م: سوپاسگوزاری بۆ نیعمه‌ته‌كان و به‌خششه‌كانی ژیان، پێنجه‌م: خه‌وبینین. له لا 135 پێی وایه كه نهێنی رۆح و ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ سه‌ری لێ ده‌رناكات له‌باره‌ی رۆحه‌وه پاڵنه‌ری سه‌ره‌كیی بونه بۆ گه‌شه‌كردن و گرنگیپێدانی سه‌رجه‌م ئایینه‌كان. ئینجا دێته سه‌ر باسی ئه‌فسانه‌ی ئایینه‌كان، بۆنمونه په‌رستنی رۆژ و مانگ و ئه‌ستێره و ئاگر.. هتد، چونكه خه‌ڵك پێیان وابوه كه هێزێكی نادیار و پیرۆز له‌نێویاندا هه‌یه. دیورانت پێی وایه كه مانگ كۆنترین شته كه مرۆڤ له سروشتدا پێی پیرۆز بوبێت، له لا 137 ده‌ڵێت: مانگ وه‌ك پیاوێكی ئازا ده‌شوبهێنرا كه گوایا ژنانی فریوداوه و هه‌ر جارێك خۆی بۆ دهرخستبن توشی حه‌یزی كردوون!. یۆنانییه‌كانیش (ئاناكسیس گۆراس) یان دوورخسته‌وه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه گومانی كرد خۆر خواوه‌ند بێت و وتی ته‌نها تۆپه‌ڵێكی ئاگره و هیچی تر نیه، لا 138. له سۆمه‌ترا ژنان و پیاوان ده‌چوونه كێڵگه‌كان جووت ده‌بوون تا به‌ڵكو به‌هۆی پیرۆزی ئه‌و سێكسه‌وه به‌پیتی ڕوو له به‌رهه‌می كێڵگه‌كانیان بكات، بڕوانه لا 149.
12- دیورانت په‌یوه‌ندی نێوان زانست و ئه‌فسانه به‌وشێوه‌یه ده‌خاته‌ڕوو، فرایزه‌ر ده‌ڵێت: “هه‌موو سه‌روه‌رییه‌كانی زانست ڕه‌گیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پڕوپوچیهكانی جادوو، چونكه هه‌رجارێك جادووباز له جادووهكهیدا نوشستی بهێنایه كه‌ڵكی له‌و نوشستهی وه‌رده‌گرت بۆ دۆزینه‌وه‌ی یاسایه‌ك له یاساكانی سروشت”. لا 154. هه‌روه‌ها دیورانت پێی وایه كه مرۆڤ هه‌میشه ترس و دڵه‌ڕاوكێی و پرسیار و گومانی نه‌بڕاوه‌ی هه‌یه، بۆیه پرسیاره‌كانی ته‌واو نابن و داهێنان له ئه‌فسانه‌كاندا ده‌كات، مرۆڤ هه‌میشه له‌گه‌ڵ هه‌ستێكی گۆشه‌گیریدا ده‌ژیت، لا 155. به‌لای دیورانتهوه ئه‌فسانه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا سێ سوودی هه‌بوه: یه‌كه‌م/ مرۆڤی فێری ئیتیك و مرۆال و ره‌وشته‌كان كردوه. دووه‌م/ هونه‌ركاری داهێناوه به‌تایبه‌ت له ئه‌ده‌ب. سێیه‌م/ كه‌له‌پوری كولتوری مرۆیی نهقڵكردوه. لا 156.
13- له‌باره‌ی زمانه‌وه، دانیشتوانی ڕه‌سه‌نی ئوستڕاڵیا ناوێكیان هه‌یه بۆ كلكی سه‌گ و ناوێكیان هه‌یه بۆ كلكی مانگا، ناوێكیان هه‌یه بۆ كلكی گوێدرێژ، به‌ڵام له زمانه‌كه‌یاندا ناوێك نیه بۆ (كلك) به‌گشتی. خه‌ڵكی تسمانیا بۆ هه‌رجۆرێكی دار ناوێكیان هه‌یه، بۆنمونه بۆ دار هه‌نار وشه‌یه‌ك، بۆ دار هه‌نجیر وشه‌یه‌ك، بۆ دار به‌ڕوو وشه‌یه‌كی تر، به‌ڵام یه‌ك وشه‌یان نییه بۆ (دار) به‌گشتی. هۆزی تاكۆنا له به‌ڕازیل ده‌سته‌واژه‌یه‌كیان هه‌یه به‌واتای پژمین به‌كاری دێنن، ئه‌ویش وشه‌ی (هایتشوو) ه، ڕێك له ده‌نگی پژمین ئه‌چێت. هۆزی ئهرهپاهۆ له ئه‌فه‌ریقیا، قسه‌كانیان زۆربه‌ی جوڵه‌ی جه‌سته‌یه، بۆیه ناتوانن له تاریكی‌دا قسه بكه‌ن! بڕوانه لا 164 و 165. دیورانت ده‌ڵێت/ هه‌ر وشه وپیتێك كه ئه‌مڕۆ ئێمه به‌كاری ده‌هێنین له ڕابردوودا وێنه‌یه‌ك بووه، بۆیه زمان گه‌شه‌ی كردوه و له هێماكان و وێنه و لوغز و مهتهلهَكانهوه كه له‌سه‌ر ئه‌شكه‌وته‌كان هه‌ڵكه‌نراون بوه به پیت و ژماره‌ی نوسین. له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای نوسینیشدا نوسین زۆر ته‌لیسماوی و هێمادار بووه و هه‌مو كه‌س لێی حاڵی نه‌بوو، بۆیه به چاوێكی پیرۆزه‌وه سه‌یری كردوه، ته‌نانه‌ت خودی چه‌مكی (هیرۆگلفی)ش به مانای (هه‌ڵكه‌نراوی پیرۆز) دێت. لا172.
14- گه‌رچی زانست له كۆندا زۆر دواكه‌وتوو بوه و به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا نه‌بوه به‌ڵام مرۆڤی پێشوو زیره‌ك بوه له به‌كارهێنانی ئه‌ندێشه‌ی بۆ بواری نۆژداری و پزیشكی. بۆنمونه چه‌ندین سڕكه‌ری دروستكردوه له گژو گیاكان وه‌ك قیسب و كافوور و له نه‌شته‌رگه‌رییدا به‌كاریانهێناوه (لا 179). وه كاتێكیش نه‌خۆشێك توشی (فێ) یان بورانه‌وه هاتوه، وتویانه ئه‌وه رۆحێكی خراپه‌كار چۆته نێو جه‌سته‌یه‌وه، بۆیه ئه‌و رۆحه خراپهكارهیان به ترساندن ده‌ركردوه، دیورانت پێی وایه كه زانستی پزیشكی ئێستا هه‌مان قسه ده‌كات به‌ڵام به جۆرێكی تر، له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێت رۆحێكی خراپه‌كار ده‌ڵێت (میكڕۆب)، لا 178. مرۆڤی كۆن له پزیشكی زیته‌ڵ بوونه، ته‌نانه‌ت مرۆڤی مالینیزیا هه‌رزوو نه‌شته‌رگه‌ری لاشه و كه‌لله‌ی مێشكیشیان كردوه، لا 180.
15- جوانیی به‌شێكی دانه‌بڕاوی هه‌موو شارستانیه‌تێك بووه، دیورانت جوانی بهوهپێناسه ده‌كات كه “چێژ” به مرۆڤ ده‌به‌خشێت، بۆیه جوانی له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی دی یان له كه‌لتورێكه‌وه بۆ كه‌لتورێكی دی زۆر جیاوازه، ده‌ڵێت: خۆراك بۆ برسییه‌ك زۆر جوانه له‌كاتێكدا تاوس به‌و ڕه‌نگاو ڕه‌نگیه‌وه بۆ ئه‌و جوان نیه، چونكه برسیه و مێشكی لای گهدهیهتی. دیورانت هونه‌ر به به‌شێك له گه‌شه‌كردنی جوانیی به‌كاردێنێت و به‌یه‌كه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه.ئه‌و پێیوایه كه جاران ژن بۆ جوانیی نهدهخواسترا، به‌ڵكو بۆ ئیشوكار و پێویستی ژیان و ماڵداری پیاو بوو (بڕوانه لا 184). له سه‌رۆك هۆزێكی هیندی ده‌پرسن چ ژنێكی تۆ له هه‌موویان جوانتره، ئه‌ویش نازانێ چی بڵێت/ ده‌ڵێت: “هه‌رگیز بیرم له‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌كردبویه‌وه” لا184. خه‌ڵكی نایجیریا پێوه‌ریان بۆ جوانی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، جوانی ژن لای ئه‌وان ته‌نها بریتیه له شۆری و قه‌ڵه‌ویی، لای ئه‌وان جوانترین ژن ئه‌و ژنه‌یه كه به‌قه‌ده‌ر حوشترێك كێشی هه‌بێت (لا 185). هیچ شتێكیش لای پیاوانی نیگرۆ له ژنی لاواز ناشیرینتر نیه.
ئه‌م پانزه خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، به‌گشتی كۆی ئه‌و باس‌وخواس و بابه‌تانه بوون كه له په‌رتوكی (مێژووی شارستانێتی) ویل دیورانتی مه‌زن خوێندمه‌وه، به‌رگی یهككهمی كتێبه‌كه زۆر پڕاوپڕ و هه‌مه‌چه‌شن و ده‌وڵه‌مه‌نده به نمونه و حه‌كایه‌ت و بهڵگهكاریی مه‌یدانیه‌وه، ئه‌وه‌شی كه خۆشتری كردوه بریتیه له پۆلێنكاری نوسه‌ر بۆ بابهتهكان كه هه‌موی لێك جیاكردونهتهوهو بۆ گه‌ڕان و خوێندنه‌وه‌ش زۆر ئاسانتره، ده‌شمه‌وێ بڵێم كه وه‌رگێڕانه‌كه‌شی بۆ كوردی زۆر ناوازه‌یه، وه‌رگێڕه‌كان (ئازاد به‌رزنجی، نه‌به‌ز كه‌مال، دانا ئه‌حمه‌د) زۆر لێهاتوانه و به سه‌لیقه‌وه له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ وكوردییهكی زۆر جوان وه‌ریانگێڕاوه، وشه‌سازی و ڕسته وچه‌مكه كوردییه‌كان زۆر به چێژ و به‌هێزبوون به‌لامه‌وه، ده‌ستیان خۆش بێت.