یه‌ك شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 1 2024
Home / وێنه‌ / رەمەزان ئۆزتورك: هەست و سۆزی خەڵك عومەری خاوەریان كردە سیمبول نەك من

رەمەزان ئۆزتورك: هەست و سۆزی خەڵك عومەری خاوەریان كردە سیمبول نەك من

201655Image1

لە ئۆفیسەكەی خۆیدا لە ئیستانبوڵ ئۆزتورک ، هەمان ئەو وێنەیەی هەڵواسیوە كە خۆی گرتوویەتی
رووداو- ئیستانبوڵ، سلێمانی
نەوزاد مەحموود و رەسەن رەمزی

لە یەكێك لە تەلەڤزیۆنە ئەوروپییەكاندا، هەواڵێكی كورت سەرنجی كامێرامانێكی خەڵكی باكووری كوردستان رادەكێشێ، كاتێك بە رستەیەكی كورت بڵاوی كردەوە كە “لە هەڵەبجەی باكووری عێراق” گازی كیمیایی بەكارهێنراوە.

رەمەزان ئۆزتورك، چیدی جێی بەخۆی نەگرت و كەوتە هەوڵ بۆئەوەی لە ئیستانبوڵەوە بگاتە هەڵەبجە، ئەو بیری لەوە دەكردەوە كە چۆن سنووری ئێران ببڕێ، بەڵام دواتر پیاوێك و كۆرپەكەی باوەشی، سنووری دەیان وڵاتیان لەبەردەم نێوبانگیدا كردەوە.

رەمەزان ساڵێك پێش كیمیابارانی هەڵەبجە لە توركیاوە دێتە كوردستان بۆ ئەوەی سۆراخی ئەندازیارێكی تورك بكات كە لەلایەن پێشمەرگەكانی یەكێتییەوە دەستگیركرابوو. ئەوكات توركیا و عێراق لە بەهاری پەیوەندییەكانیاندا بوون “پەیوەندیم بە پێشمەرگەكانی تاڵەبانییەوە كرد و ئەوانیش هەواڵەكەیان پشتڕاست كردەوە، دواتر داوای بینینی تاڵەبانیم لێكردن و رەتیان نەكردەوە”.

دوای 4 مانگ، ئۆزتورك گەیشتە نێو پێشمەرگە و تاڵەبانیشی بینی، ئەندازیارە توركەكەش بەهۆی ئەوەوە ئازاد دەكرێت. چەند راپۆرتێكیش لەسەر شەڕی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئامادە دەكات و بە دەستی پڕەوە دەگەڕێتەوە ئۆفیسی رۆژنامەی سەباحی توركی.

ئەو كەمە شارەزاییە لەبارەی ناوچەكانی باشووری كوردستانەوە، 10 مانگ دواتر بۆ ئەو كامێرامانە كۆمەكبەخشێكی باش بوون، چونكە لە هەواڵێكی بەپەلەدا، كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەبینێ “بە فڕۆكەیەك خۆم گەیاندە تاران و دواتر بە هەلیكۆپتەرێك من و چەند رۆژنامەنووسێكی دیكەیان هەڵگرت و سێ‌ جار بەهۆی ئاماژەی مەترسیدارەوە فڕۆكەكان نیشتنەوە و دواجار لە نزیك هەڵەبجە دایانبەزاندین”.

بە گەیشتنی بە سنوورەكانی باشووری كوردستان، دیمەنەكان تێیدەگەیێنن كە دۆخێكی نائاسایی چاوەڕێی دەكات “بۆمبی گەورە گەورە فڕێدرابوون كە چاڵی گەورەیان دروست كردبوو، زۆربەی ئاژەڵەكان مردبوون یان شێوابوون، لەسەر رێگاكانمان تەرم هەبوو”.

پێش ئەوەی بچێتە نێو شار، بێدەنگی باڵی بەسەر هەڵەبجەدا كێشابوو، سەرەتای بەهار بوو، بەڵام نە باڵندەكان دەنگیان هەبوو نە مرۆڤ، هەموو شتێك مردبوو، بێدەنگییەكە ترسناك بوو. ئۆزتورك  لە راست و چەپی خۆیدا تەنیا تەرمی دەبینی.

ئەو ساڵانێكی زۆرە كامێرامانە و پیشەكەی ناچاری كردووە سەر بەهەموو كون و كەلەبەرێكدا بكات، بەڵام هەڵەبجە تاكە شوێنە زۆرترین ئازار و مەینەتی تێدا بینیوە و هێشتا بەكوڵ و دڵ چیرۆكی نێو تەرمەكان دەگێڕێتەوە: “تەرمەكان زۆر سەرنجڕاكێش بوون، ئەو ماددە كیمیاییە وەك تۆز بە دەموچاویانەوە دیار بوو، لەسەر لاشەی مردووەكان سووتاوی هەبوو، مۆر هەڵگەڕابوون، ئەوەی زۆر دراماتیكی بوو منداڵەكان بوون كە باوەشیان بە دایكیاندا كردبوو، یان هەبوو لەسەر سفرەی نانخواردن مردبوو”.

كوچە و كۆڵانە پڕ لەتەرمەكان، ناچاریان كردووە بەردەوام بێ لە وێنەگرتن، ئەگەرچی چەند سەربازێكی ئێرانی بەردەوام داوایان كردووە بڕۆن و ئەو ناوە جێبهێڵن نەوەك فڕۆكەكان بۆمبی دیكە بهاوێن. رەمەزان دەڵێت “بەردەوام دەگریام و وێنەم دەگرت، بیرم دەكردەوە ئەو وەحشیگەرییە گەورەیە چۆن لەسەر لاپەڕەی رۆژنامە جێی دەبێتەوە”.

لە ئۆفیسەكەی خۆیدا لە ئیستانبوڵ، هەمان ئەو وێنەیەی هەڵواسیوە كە خۆی گرتوویەتی و دەیان خەڵاتی و لەپایدا وەرگرت. ئەو وێنەیەی دواجار بەهۆی كامێراكەی ئەوەوە گەیشتە سەرانسەری دونیا.

رەمەزان ئۆزتورك باسی ئەو كۆڵانە دەكات كە عومەری خاوەر و كۆرپەكەی تێدا بینیوە و دەڵێ “چووینە كۆڵانێك، پیاوێكمان بینی باوەشی بە منداڵەكەیدا كردووە، بە خۆی منداڵەكەی داپۆشیوە و لەسەر قادرمەی ماڵێك مردوون.

رەمەزان سەرەتا وایزانیوە عومەر باپیری منداڵەكەیە، ئەو دەڵێت “ئەوەی زۆر سەرنجڕاكێش بوو، باوكەكە بۆ ئەوەی قورسایی نەخاتە سەر منداڵەكە، خۆی لەسەر ئانیشكی راگرتبوو بۆ ئەوەی زیان بە منداڵەكە نەگات، دیمەنێكی زۆر مرۆڤانە و زۆر كاریگەر بوو، هەرچەندە سەربازەكان زۆریان بۆ هێنابووین كە بڕۆین، بەڵام من گوێم پێنەدان و بە دوو كامێرا وێنەم دەگرت”.

كەمێك لەولاتری عومەری خاوەرەوە، سەربازە ئێرانییەكان بە تووڕەیی بە ئۆزتورك دەڵێن لەوە زیاتر ژیانی نەخاتە مەترسییەوە “یەكێك لە سەربازەكان پێیگوتم ئەگەر زۆر وێنەی ئەم دیمەنە بگریت یا نا، چی لە بابەتەكە دەگۆڕێت؟”. هەرچەندە ئۆزتورك وەڵامی سەربازەكانی نەدایەوە، بەڵام چەند هەفتەیەك بەس بوون بۆ ئەوەی جیهان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، كاتێك وێنە كاریگەرەكان هەست و سۆزی جیهانیان بزواند.

هەرچەندە عومەری خاوەر بووە ناسنامە و نوێنەری برین و ژانی هەڵەبجە، بەڵام بەبڕوای ئەو كامێرامانە، دیمەنی هاوشێوەی ئەو زۆر هەبوون كە مرۆڤیان شۆك دەكرد “لە یەكیك لە گەڕەكەكاندا دایكێكمان بینی لەسەر رێگاكە راكشابوو، منداڵەكەی لەسەر دەستی بوو، ئەگەر وێنەی عومەری خاوەر بە كاریگەرترین وێنە هەڵنەبژێردرایە، ئەو وێنەیە هەڵدەبژێردرا، چونكە هێندەی ئەو كاریگەر بوو. لە كۆڵانێكی دیكە منداڵێك هەبوو لەناو دەرگاكەدا كە نیوەی لەژوورە و نیوەكەی دیكەی لە دەرەوەی ماڵەكە بوو، یان دایكێك و 6 منداڵەكەی كە بە كۆمەڵ شەهید كرابوون، سەیری هەر كوێت بكردایە هەمووی كاریگەر بوون”.

رەمەزان ئۆزتورك، دەڵێ ئەو جگە لە وێنەی عومەری خاوەر، 150 وێنەی دیكەی ناردووە بۆ رۆژنامە و گۆڤارە بەنێوبانگەكانی دنیا “من نەبووم كە وێنەی عومەری خاوەرم وەك كاریگەرترین وێنە هەڵبژارد، بەڵكو هەست و سۆزی خەڵكی جیهان هەڵیانبژارد و كردیانە سیمبول، نەك دەزگاو رێكخراوەكان”.

تاوەكو ئێستا ئەو كامێرامانە زیاتر لە 30 خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە و نێوبانگی ئەو چیدی لە سنوورەكانی توركیادا نەماونەتەوە. كاتێكیش عەلی حەسەن مەجید و هاوكارەكانی لەسەر كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دادگایی دەكران، ئۆزتورك یەك لەو شاهیدحاڵە كاریگەرانە بوو كە بەهەمان ئەو كامێرایەی وێنەكانی پێگرتبوو، رووبەڕوو پێیدەگوتن ئەوان چییان بەسەر خەڵكی شارێك هێناوە. دواتریش لە بەغداوە گەڕایەوە بۆ مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و كامێراكەی وەك دیارییەك بەخشییە هەڵەبجە.

بۆئەوەی لەو دیمەنانە كەمێك تێبگەی، دەبێ وەك رەمەزان جێگۆڕكێ بەشوێنی خۆت و قوربانییەكان بكەی “من منداڵەكەی خۆم خستە شوێنی كۆرپەكە و خۆم خستە شوێنی عومەری خاوەر، ئینجا تێگەیشتم باوكایەتی لە دۆخێكی وەهادا چەند سەختە، من ئێستاش كە گوێم لە گۆرانییەكی خەمگینی كوردی دەبێ‌ دەگریەم”.

About دیدار عثمان

Check Also

گەشتى دێى قارەمان لە قەرەداغ

نوسینی ، حسن محمود حمە کریم نیوەڕۆى دووشەممە ڕێکەوتى 17|1|2023 لەخزمەت کاک عەبدولکەریم عارف و …