نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان: تبت
ئاماده‌كردنی: سه‌ركه‌وت جه‌لیل
له پێش هه‌زاران ساڵه‌وه، تبت ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بوه، تا كاتێك ده‌وڵه‌تی چین له 1949 داگیری كردوه.
تبت ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی كیشوه‌ری ئاسیاوه و له‌نێوان چین و هندستاندایه، روبه‌ره‌كه‌ی 2.5 ملیۆن كم چوارگۆشه‌یه. پایته‌ختی هه‌رێمه‌كه (لاسا)یه، دانیشتوانه‌كه‌ی خاوه‌نی كه‌لتور و كه‌له‌پوری تایبه‌ت به خۆیانن، به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تی چین ناسنامه و كه‌لتوریان زیانی زۆری پێگه‌یشتوه.
له ساڵی 1949وه تائێستا زیاتر له 12 ملیۆن تبتی كوژراوه، نزیكه‌ی 6 هه‌زار ناوه‌ندی كه‌لتوری و ئایینی ده‌وڵه‌مه‌ندیشیان له‌ناوبراوه.
تبت؛ پێش داگیركردنی
هه‌رێمی تبت چ وه‌ك واقیع و له‌ڕوی یاساییه‌وه، ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بوه، تا ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی رزگاری نیشتمانی چینی له 1949دا داگیریان كرد، ئه‌و داگیركردنه‌ش، كه تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامی هه‌یه، پێشێلكردنێكی راسته‌وخۆ و ئاشكرای یاسا و نه‌ریته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، هاوكات زه‌وتكردنی مافی تبتییهكانیشه له سه‌ربه‌خۆیی و مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی خۆیان.
حكومه‌تی چین بانگه‌شه‌ی (خاوه‌ندارێتی) هه‌رێمه‌كه ده‌كات، نه‌ك ته‌نها به‌هۆی داگیركردنی سه‌ربازی له ساڵی 1949وه، یان به‌هۆی كۆنترۆڵی ته‌واوی هه‌رێمه‌كه‌وه له 1959دا، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه مێژوییه‌ی فه‌رمانڕه‌واكانی چین، له مانشۆ و مه‌نگۆله‌كان له‌گه‌ڵ لاماكان (پیاوانی ئایینی تبتی)دا هه‌یانبوه. به‌تایبه‌تی پاش داگیركردنی تبت له‌لایه‌ن مهنگۆلهكانهوه.
ساڵی 1911 چینییه‌كان پادشاكانی مانشۆیان له وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر حوكم لابرد، له‌و ساته‌شه‌وه چین چاوی له هه‌رێمی تبت بڕیوه، به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان تا ساڵی 1949 تبت سه‌ربه‌خۆ بوه و وڵاتانی دراوسێشی مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیان له‌گه‌ڵ كردوه.
به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی ده‌رباره‌ی تبت به ناونیشانی “كۆماری جه‌ماوه‌ریی چین و هه‌رێمی تبت” (جنێف _ 1960)، كه پێشكه‌شی پارێزه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی كراوه، تبت له ماوه‌ی 1913 تا 1950 هه‌مو مه‌رجه‌كانی ده‌وڵه‌تی به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی تێدابوه.
له‌و ماوه‌یه‌دا تبت خاوه‌نی هه‌رێمی خۆی و دانیشتوان و حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆش بوه، كه سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و دراو و سیسته‌می باج و پۆسته و هێزی چه‌كدار و هاوكات نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌شی هه‌بوه.
په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیشی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له نیپاڵ، بۆتان، سیكسم، مه‌نگۆلیا، هندستانی به‌ریتانی، هندستانی سه‌ربه‌خۆ و تا راده‌یه‌كیش روسیا و یاباندا هه‌بوه. به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ چیندا پته‌و نه‌بوه.
حكومه‌تی چین چه‌ند شه‌ڕێكی سنوری له‌گه‌ڵ تبت كرد، چه‌ند جارێكیش داوای له نیپاڵ و تبت كرد ببنه به‌شێك له كۆماری چین، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه كه تبت به‌شێك نه‌بوه له چین، به‌ڵام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات، كه تبتییه‌كان یه‌كێكن له پێنج ره‌گه‌زه‌كه‌ی چین.
ساڵی 1913 هه‌وڵدرا رێكه‌وتنێكی سێ قۆڵی له‌نێوان تبت و چین و به‌ریتانیادا مۆربكرێت، به‌ریتانیا داوای له تبت كرد دان به جۆرێك له سه‌روه‌ری ره‌مزی چیندا بنێت، له به‌رامبه‌ریشدا داوای له چین كرد یه‌كێتی و سه‌ربه‌خۆیی خاكی تبت بپارێزێت، له به‌رامبه‌ردا چینییه‌كان به‌مه رازی نه‌بون، ئه‌وه‌بو تبت و به‌ریتانیا خۆیان رێكه‌وتنه‌كه‌یان مۆركرد.
له سه‌روبه‌ندی جه‌نگی جیهانیی دوه‌مدا، حكومه‌ته‌كانی چین و ئه‌مه‌ریكا داوایان له تبت كرد، رێگه به تێپه‌ڕینی چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی بدات به خاكه‌كه‌یدا به‌ره‌و چین، به‌ڵام تبت رازی نه‌بو، بڕیاریدابو به بێلایه‌نی بمێنێته‌وه و ته‌نها رێگه‌ی به تێپه‌ڕینی كه‌لوپه‌لی مه‌ده‌نی ده‌دا.
ره‌نگه تبت په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی زۆر فراوانی نه‌بوبێت، به‌ڵام ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردوه، به چاوی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ سه‌یریان كردوه، له‌وانه‌ش هندستان و نیپاڵ.
داگیركردنی تبت له‌لایه‌ن چینه‌وه:
ساڵی 1949 سوپای چین هێرشی كرده سه‌ر تبت. له 1950 چل هه‌زار سه‌رباز هێرشیانكرده سه‌ر هه‌رێمی (شامدۆ)، پایته‌ختی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی تبت و له ماوه‌ی دو رۆژدا سوپای بچوكی تبتیان به‌زاند و نزیكه‌ی 4 هه‌زاریان لێ كوشتن. هه‌ریه‌كه له هندستان و ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌یان كرد. دواتریش شاندێكی تبتی به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ چونه په‌كین، به‌ڵام له‌وێ به‌بێ ئه‌وه‌ی بێنه‌وه و ره‌زامه‌ندی سه‌ركردایه‌تی تبتی وه‌ربگرن، له ئایاری 1951 ناچاركران رێكه‌وتننامه‌ی (حه‌ڤده خاڵی بۆ رزگاركردنی ئاشتییانه‌ی تبت) مۆربكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌شی كه رێكه‌وتننامه‌كه به زۆر مۆركرابو، بۆیه له روی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هیچ به‌هایه‌كی نه‌بو. حكومه‌تی تبتیش داننانی به رێكه‌وتننامه‌كه‌دا ره‌تكرده‌وه.
به‌پێی رێكهوتننامهكهش، حكومه‌تی چین حوكمی زاتی تبت ده‌پارێزێت و رێز له باوه‌ڕ و نه‌ریتیان ده‌گرێت، به‌بێ راوێژی سه‌ركرده تبتییهكانیش چاكسازی ناوخۆیی ئه‌نجامنادات.
به‌ڵام، له‌نێوان ساڵانی 1951 بۆ 1959، چه‌ندین جار حكومه‌تی چین رێكه‌وتننامه‌كه‌ی پێشێلكرد، هه‌زاران سه‌ركرده‌ی ئایینی و سیاسی ده‌ستگیركرد و سه‌دان پهرستگاشی روخاند، به‌وه‌ش تبتییه‌كان ده‌ستیان دایه چه‌ك و به‌رگری چه‌كداری.
له 1959 له لاسا له‌كاتێكدا داوای رۆیشتن و ده‌رچونی چینیان له تبت ده‌كرد، خوێنی هه‌زاران له‌سه‌ر جاده‌كان رژێنرا. دوای ئه‌وه‌ش راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی ده‌ستپێكرد، لای خۆشیه‌وه حكومه‌تی چین راپه‌ڕینه‌كه‌ی سهركوتكرد و نزیكه‌ی 87 هه‌زار تبتی كوشت.
دالای لاما و نزیكه‌ی 80 هه‌زار كه‌سی تریش ئاواره‌ی هندستان و نیپاڵ و بۆتان بون. له‌و ساته‌شه‌وه تائێستا به‌رگری تبت دژ به حكومه‌تی چین به‌رده‌وامه.
حكومه‌تی تبت له مه‌نفا:
ساڵی 1959 دالای لاما له مه‌نفا له هندستان له‌سه‌ر بنه‌ما دیموكراسییه‌كان حكومه‌تی تبتی دامه‌زراند، له 1960یش په‌رله‌مانێكی بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنی گه‌لی تبتی دامه‌زراند، له 1963 پرۆژه‌یه‌كی ده‌ستوری بۆ داهاتوی تبت راگه‌یاند.
ساڵی 1990 دالای لاما حكومه‌ته‌كه‌ی زیاتر دیموكراسی كرد، كاتێك ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی بۆ 46 كه‌س زیادكرد و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژاردنی كاشاگ (ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران)ی پێدان. ده‌ستورێكی نوێش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری تبتییه‌كان له مه‌نفا دانرا.
ساڵی 1992 دالای لاما رایگه‌یاند، كه له حكومه‌تی داهاتوی تبتدا هیچ پۆستێكی ره‌سمی وه‌رناگرێت، پۆستی ناو فه‌رمانگه حكومییهكانیش ده‌درێته ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی ئێستا له تبتدا ده‌ژین. دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی چینیش سه‌رۆكێكی كاتی دیاریده‌كرێت و دالای لاما هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی پێده‌به‌خشێت و حكومه‌تی مه‌نفا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
ئه‌مڕۆ حكومه‌تی تبت له مه‌نفا وه‌ك حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی ئازاد مامه‌ڵه ده‌كات و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی و سیفه‌تی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی. گه‌لی تبتیش ته‌نها ئه‌و حكومه‌ته به نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌زانن. له‌لایه‌ن زۆرێك له گه‌لان و په‌رله‌مانه‌كانی جیهانه‌وه وه‌ك نوێنه‌ری تبتییه‌كان دانی پیانراوه.
مافی دیاریكردنی چاره‌نوس:
مافی دیاریكردنی چاره‌نوس (یان مافی چاره‌ی خۆنوسین) بریتییه له‌وه‌ی: گه‌لێك بۆخۆی و به ئازادی به‌بێ ده‌ستوه‌ردان و فشاری ده‌ره‌كی بڕیار له چاره‌نوسی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و كه‌لتوری خۆی بدات. (په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان ماده 1، هه‌روه‌ها په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و كه‌لتورییه‌كان ماده 1).
ئه‌و مافه‌ش ته‌نها بۆ دانیشتوانێكه كه سیفه‌تی (گه‌ل_الشعب)یان تێدا بێت، گه‌لی تبتیش به‌پێی راپۆرتی شاره‌زایانی رێكخراوی یونسكۆ به (گه‌ل) داده‌نرێت.
دالای لاما چه‌ندین ساڵه داوا له حكومه‌تی چین ده‌كات، رێگه به ئه‌نجامدانی راپرسییه‌ك له‌ژێر چاودێری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا بدات. كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانیش له 1961دا بڕیاری ژماره (1723)ی ده‌ركرد و مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی به گه‌لی تبت به‌خشی.
ساڵی 1965 و به بڕیاری (2079) ئه‌و مافه‌ی گه‌لی تبت دوپاتكرایه‌وه.
ساڵی 1992 دادگای هه‌میشه‌یی گه‌لان له ستراسبۆرگ كۆبویه‌وه و ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك تاوتوێی دۆخی تبت كرا، له ئه‌نجامدا رایگه‌یاند، كه گه‌لی ناوبراو به هه‌مو پێوه‌رێك مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی هه‌یه و چینیشی وه‌ك داگیركه‌ر ناساند و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه گه‌لی تبت هه‌ر له ساڵی 1951ه‌وه له مافی دیاریكردنی چاره‌نوس بێبه‌شكراوه. (خولی تایبه‌ت به تبت، دادگای هه‌میشه‌یی گه‌لان، ستراسبۆرگ، تشرینی دوه‌می 1992).
دۆخی سیاسی ئێستای تبت:
حكومه‌تی چین كه تبتی داگیركرد، كردی به چه‌ند به‌شێكه‌وه، ئه‌وه‌ی چین ناوی ده‌نێت تبتی خاوه‌ن حوكمی زاتی، ئه‌وه نیه كه تبتییه‌كان به خاكی خۆیانی ده‌زانن، به‌ڵكو له راستیدا سێ یه‌كی ئه‌و هه‌رێمه‌یه. تبت له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت: یوتزانگ، كیهام و ئامدو. هه‌مو بڕیارێكی ئه‌و هه‌رێمه له په‌كینه‌وه ده‌درێت و ئه‌وه‌ی كه ده‌وترێت سه‌ربه‌خۆیه، راست نیه. هه‌مو ده‌سه‌ڵاتدارنی تبتیش چینین، ئه‌گه‌ر تبتیش بن، چینییهكیان بۆ داده‌نێن و ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه پیاده ده‌كه‌ن.
ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی حیزبی شیوعیش له ده‌سه‌ڵاتدارانی چین بێزارن، له ماوه‌ی نێوان 1987 بۆ 1995 نزیكه‌ی 200 خۆپیشاندان له تبت ئه‌نجامدراوه، حكومه‌تی چینیش به هه‌مو شێوه‌یه‌كی خۆی هه‌وڵی كپكردنه‌وه و سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كانی داوه.
مافه‌كانی مرۆڤ له تبت:
به بانگه‌شه‌ی چین بێت، تبت له روی مافی مرۆڤه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كی تێدانیه، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه و له 1949 تائێستا، نزیكه‌ی 12 ملیۆن كه‌سی تبتی به‌هۆی چه‌وساندنه‌وه‌ی سیاسی و زیندانیكردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و برسێتی ده‌ستكرده‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، هاوكات هێرشێكی زۆریش كراوه‌ته سه‌ر په‌رستگا و دێره‌كان و چادرگای لادێنشینه‌كان، به‌پێی وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان و ئه‌و داتایانه‌ی كۆكراونه‌ته‌وه، 70%ی زیندانییه‌كان گیانیان له‌ده‌ستداوه.
رێكخراوه سه‌ربه‌خۆكان و ئاژانسه تایبه‌تمه‌نده‌كان، كه چاودێری دۆخی تبت ده‌كه‌ن رایده‌گه‌یه‌نن، كه له‌و هه‌رێمه‌دا به هه‌مو شێوه‌كان پێشێلی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كرێت، بۆ نمونه خه‌ڵكی به‌بێ فه‌رمانی دادگا ده‌گیرێن، به‌بێ فه‌رمانی دادگا ده‌كوژرێن، ژنان به‌زۆر نه‌زۆك ده‌كرێن، له ده‌ربڕینی بۆچون و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و مافی گردبونه‌وه رێگه ده‌گرن، خه‌ڵكی تبت بۆیان نیه به ئازادی پیاده‌ی مافه‌كانی خۆیان له‌ڕوی كه‌لتوری و ئاینییه‌وه بكه‌ن.
راپۆرته‌كانی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی و لیژنه‌ی مافی مرۆڤی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، هه‌میشه باس له پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤی تبتی ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن چینه‌وه. زۆرێك له په‌رله‌مانه‌كانی دنیاش، له‌وانه په‌رله‌مانی ئه‌وروپی، ئیدانه‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه‌یان كردوه.
دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری:
حكومه‌تی چین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات، كه له تبتدا جۆرێك له پێشكه‌وتن به‌رچاو ده‌كه‌وێت له‌ڕوی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان و ئامێره پیشه‌سازییه‌كان و ژێرخان و…هتد. ئه‌و بانگه‌شانه‌ش له‌كاتێكدایه تبت دوجار برسێتی كوشنده‌ی به‌خۆوه دیوه، ساڵی 1961 بۆ 1963، له‌گه‌ڵ 1968 بۆ 1973. دوای ئه‌وه‌ش چین سیاسه‌تی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی به‌سه‌ر تبتدا سه‌پاند.
جۆرێك له گه‌شه له تبتدا ده‌بینرێت، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له‌و گه‌شه‌كردنه خه‌ڵكانی چینی هاورده و سوپا و دامه‌زراوه بازرگانییه‌كان سودمه‌ندن.
(هۆیاوباتیگ)ی سه‌ركرده‌ی پێشوتری حیزبی شیوعی راشكاوانه رایگه‌یاند، كه له تبتدا برسییه‌تی به‌رچاوه و به فه‌رمانبه‌ران و كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی وت: پێده‌چێت یارمه‌تییه داراییه‌كانی تبت فڕێدرابێته روباری یهرلۆنگ_ه‌وه؟
سیسته‌می ته‌ندروستی:
خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كان ته‌نها بۆ ناوچه شارنشینهكانه، راستییه‌كه‌ی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندانه له‌سه‌ر حیسابی هه‌ژاران. 90%ی بودجه‌ی تایبه‌ت به ته‌ندروستی له ناوچه شارنشینه‌كاندا خه‌رجده‌كرێت. له‌سه‌ر هه‌ژارانیش زۆر ده‌كه‌وێت، چونكه ره‌سمی چونه نه‌خۆشخانه 300 بۆ 500 یوانی تێده‌چێت (80 بۆ 133 دۆلار) له‌كاتێكدا داهاتی تاك له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا له 200 یوان تێناپه‌ڕێت.
به‌پێی راپۆرته‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ساڵی 1984 و راپۆرتی پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێدانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بۆ ساڵی 1991، له ساڵی 1981دا له هه‌ر هه‌زار كه‌سێك له تبت، 748 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه، له‌كاتێكدا له چین 66 بوه. مردنی منداڵانیش 150 حاڵه‌ت بوه له هه‌زار كه‌س، له به‌رامبه‌ردا له چین 44 حاڵه‌تی مردن تۆماركراوه.
دۆخی په‌روه‌رده و فێركردن:
خوێندن له تبت به‌خۆڕایی نیه و خوێندنی ئاستی زانكۆییشی تێدانیه، له ساڵی 1981ه‌وه 10 هه‌زار منداڵی تبتی خۆیان له خوێندنگا چینییه‌كان دزیوه‌ته‌وه و چونه‌ته خوێندنگا تبتییه‌كان له مه‌نفا، له وڵاتی هندستان. بینا و كتێبه‌كانی خوێندن و مامۆستایانیش به‌جۆرێكن سودێكی ئه‌وتۆ به تبتییه‌كان ناگه‌یه‌نن، مه‌گه‌ر كه‌سێك خوێنهوارییهكی باشی هه‌بێت.
به‌پێی گۆڤاری (تبت ریڤیو_ ژماره 2ی ساڵی 1986)، 58 خوێندنگای ناوه‌ندی له تبتدا هه‌ن، كه ته‌نها 13 دانه‌یان به‌ته‌واوی خوێندنگان. به‌گشتی ژماره‌ی خوێندنگا سه‌ره‌تاییه‌كانی تبت 2 هه‌زار و 451 دانه‌ن. حكومه‌ت ته‌نها یارمه‌تی 450 خوێندنگا ده‌دات، له‌كاتێكدا جه‌ماوه‌ر خۆیان 2 هه‌زاره‌كه‌ی تر به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
له ئێستاشدا 90%ی جوتیار و شوانه‌كان ناخرێنه به‌ر خوێندن. بۆیه ناتوانین وا به ئاسانی باسی خوێندنی ئاماده‌یی و زانكۆ بكه‌ین. ته‌نها 45%ی منداڵان ده‌چنه خوێندنگای سه‌ره‌تایی و ته‌نها 106 كه‌سیان قۆناغی ناوه‌ندی ته‌واوده‌كات. هاوكات رێژه‌یه‌كی زۆری منداڵان له چین ده‌خوێنن، ساڵی 1985 چوار هه‌زار منداڵ له‌وێ خوێندویانه، له‌بری ئه‌وه‌شی حكومه‌ت هه‌ستێت به كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه، ساڵی 1993 رایگه‌یاند، كه 10 هه‌زار منداڵ ره‌وانه‌ی چین ده‌كات.
ئایین و ناسنامه‌ی نیشتمانی:
ساڵی 1966 بۆ 1976 شۆڕشی پاكتاوی ئایینی (كه چین به شۆڕشی كه‌لتوری ناویده‌بات) له تبت ده‌ستیپێكرد. ساڵی 1960 له راپۆرتێكدا كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی پارێزه‌رانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ئاماده‌كراوه، ئاماژه به سیاسه‌ته نامرۆییه‌كانی حكومه‌تی چین دراوه. له كۆی 6 هه‌زار و 259 په‌رستگا تا ساڵی 1976 ته‌نها هه‌شت په‌رستگا مابونه‌وه. زیاتر له ده‌یان هه‌زار پیاو و ژنی ئاینییش سزا و ئه‌شكه‌نجه‌دراون. ده‌سه‌ڵاتدارانی چین ژماره‌ی پیاوان و ژنانی ئایینی و ته‌نانه‌ت پهرستگاكانیشیان دیاریكردوه، ساڵی 1994 پێیان راگهیاندبون كه هه‌زار و 400 په‌رستگا و 34 هه‌زار پیاو و ژنی ئاینییان به‌سه.
هه‌مو په‌رستگایه‌ك لیژنه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌بردنی دیموكراسی هه‌یه، كه راسته‌وخۆ سیاسه‌ته ئاینییه‌كانی چین جێبه‌جێده‌كات، كۆنترۆڵی كاروباری داراییشی كردوه. له ساڵی 1996ه‌وه هه‌ڵواسینی هه‌مو جۆره ره‌مزێكی ئایینی له ماڵه‌كاندا قه‌ده‌غه‌یه، هه‌ڵواسینی وێنه‌ی دالای لاماش تا ئه‌مڕۆ قه‌ده‌غه‌یه.
گواستنه‌وه‌ی دانیشتوان:
له ساڵی 1952دا و له‌سه‌ر فه‌رمانی ماوتسی تۆنگ، بڕیاردرا ژماره‌ی دانیشتوانی تبت دو هێنده بكرێت، تا وای لێهات له به‌رامبه‌ر هه‌ر تبتییهك چوار چینی هه‌بون، له ئێستاشدا له په‌نای 6 ملیۆن تبتی، 75 ملیۆن چینی له‌سه‌ر خاكی تبتدا نیشته‌جێن.
به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی كۆمه‌ڵگا چینییه‌كان له تبت، حكومه‌تی چین سودێكی زۆر ده‌داته فه‌رمانبه‌رانی و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نیش، هاوكات كرێی ئه‌و كرێكارانه‌ی له تبت كارده‌كه‌ن 87% زیاتره له كرێی كاركردنیان له چین.
به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ی ساڵی 1993 ئاماده‌كراوه، ژماره‌ی دانیشتوانی چینی له (لاسه)ی پایته‌خت 120 هه‌زاره، له‌كاتێكدا ژماره‌ی تبتییه‌كان ته‌نها 40 هه‌زاره. هاوكات له شاره‌كانی شیگاتزی و تسیدانگ و شامدو و نینگیترۆ و باوترامۆ چینییه‌كان زۆرینه‌ن.
ژینگه‌ی تبت:
له سایه‌ی حوكمی چینی، ژینگه‌ی تبت توشی نه‌هامه‌تییه‌كی زۆر بوه. ژیانی سه‌ر وشكانی و دارستان و روه‌كه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی و كانزاكانی ته‌واو تێكدراون و سروشتی جوانی ئه‌و هه‌رێمه‌یان شێواندوه.
به‌پێی راپۆرته‌كان ده‌سه‌ڵاتی چینی تا ساڵی 1985 بڕی 2 هه‌زار و 442 ملیۆن مه‌تر سێجا دار و روهكی ئه‌و هه‌رێمه هه‌ڵكه‌نراون. روبه‌ری دارستانه‌كانی تبت تا ساڵی 1949 بڕی 221 كم و 800 مه‌تری چوارگۆشه بوه و تا ساڵی 1985 كراونه‌ته 134 هه‌زار كم.
به وته‌ی زانایان تێكدانی ژینگه‌ی تبت كاریگه‌ری خراپی كردوه‌ته سه‌ر ته‌واوی ژینگه‌ی ئاسیا، له ئێستاشدا چین سه‌رقاڵی دروستكردنی وێستگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بایه له یامدورگ، پێشتریش له خۆرهه‌ڵاتی باكوری تبت به‌نداوێكی گه‌وره‌ی دروستكردبو.
دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك:
لای خۆیه‌وه دالای لاما جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه چاره‌سه‌رێكی ئه‌وتۆ بۆ كێشه‌ی تبت بدۆزرێته‌وه‌و هه‌ردولا رازیبكات.
ساڵی 1979 حكومه‌تی چین گیالۆ توندۆب، برا گه‌وره‌ی دالای لامای بانگهێشتی په‌كین كرد، به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێدا كه له هه‌مو پرسه‌كاندا دانوستان ده‌كه‌ن، ته‌نها پرسی سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت.
ساڵی 1993 هه‌مان قسه‌یان بۆ دو نێردراوی دالای لاما بۆ په‌كین دوپاتكرده‌وه. له 1979 تا 1993 دالای لاما هه‌وڵێكی خۆیدا بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بدۆزێته‌وه، له‌و ساڵانه‌شدا چه‌ندین ده‌ستپێشخه‌ری گه‌وره‌ی كرد، وه‌ك پلانێكی پێنج خاڵی بۆ ئاشتی 1985 و پێشنیازی ستراسبۆرگ 1989.
له وتارێكیشیدا له زانكۆی یال، ساڵی 1991، پێشنیازێكی تازه‌ی خسته‌ڕو. هه‌مان ساڵ و له‌كاتی سه‌ردانیدا بۆ هندستان داوایكرد سه‌رۆكی چین ببینێت، ساڵی 1993 نێرده‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی نارده په‌كین، به‌ڵام لایه‌نی چینی هیچ وه‌ڵامێكی له‌باریان نه‌بو، بۆیه ئه‌و هه‌وڵانه جێی خۆیان نه‌گرت.
دوای شكستهێنانی ئه‌و هه‌وڵانه و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌مو چاره‌سه‌ر و دانوستانێك له‌لایه‌نی چینه‌وه، دالای لاما له ئاداری 1994 له لێدوانێكدا رایگه‌یاند: چیتر بڕوام به چاره‌سه‌رێك و لێكتێگه‌یشتن نه‌ماوه، دۆخی تبتیش هیچ باش نه‌بوه، منیش لای خۆمه‌وه درێغیم نه‌كردوه و هه‌وڵی زۆرمدا دۆخه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت و ئاسایی بێته‌وه، چاوه‌ڕێ بوم كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌ڵوێستێكی جدیتری هه‌بێت و ئێمه لای خۆمانه‌وه هه‌میشه ئاماده‌ی گفتوگۆین.
وتیشی: هه‌ستده‌كه‌م ناتوانم چیتر له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته به‌رده‌وامبم، كه‌واته به‌رپرسیارێتی ئه‌وه‌م له‌سه‌ر شانه كه له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌م ده‌رباره‌ی داهاتوی خه‌باتی ئاشتیخوازانه‌مان گفتوگۆ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی چینی ناچاربكه‌ین دانوستانی به‌بێ مه‌رج و راسته‌وخۆ ئه‌نجامبده‌ین.
دالای لاما و تبتییه‌كان بڕوایان وایه ته‌نها ده‌كرێت له رێی گفتوگۆی راسته‌وخۆ وبێ مه‌رجه‌وه چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ پرسی تبت بدۆزرێته‌وه. چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌شن كه رێژه‌یه‌كی زۆرتر له حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌كانی دنیا پشتیوانی ئه‌و جۆره دانوستانانه بكه‌ن.