شەرم نیە کە دوای نزیکی هەشت سەد ساڵ لە مردنی فەیلەسوفی مەزنی کورد، شەمسەدینی شارەزووری، زۆرینەی کورد ناویان نەبیستبێت؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
شارەزوور لە دێر زەمانەوە ئاوەدان بووە، لە تێکستێکی ئاشوریدا کە تەمەنی نزیکی دوو هەزار و هەشت سەد ساڵە، ئاماژە بە کۆنبوونی قەڵای شارەزوور کراوە. دوای ئەوەی کە پاشای ئاشوری ناوچەکە دەگرێت، دەڵێت قەلای کاسیەکان کۆن و داڕوخاو بوو بوو و نوێم کردەوە. سەرچاوە ئیسلامیەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە دیواری یەکێک لە قەڵاکانی هێندە پان بووە، کە ئەسپ سوار توانیویەتی بە ئەسپەکەیەوە بەسەریدا بڕوات و هێندە قایم بووە کە ئەلێکسەندەریش بۆی نەگیراوە (نازانرێت ئەوە تەنها پیاهەڵدانە یان بە ڕاستی ئەلێکسەندەر نەیتوانیوە بیگرێ). لە ئاماژە بە هاتنی عەرەبەکان، سەرچاوە ئیسلامیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەزرەی کوڕی قەیس ویستویەتی کە داگیری بکات بەڵام نەیتوانیوە و دوایی عەتەبەی کوڕی فەرقەد داگیری کردووە. بەپێی ئەوەی کە ئەو سەرچاوانە باس لە سامناکی دووپشکی ئەو ناوچەیە دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە دووپشکی ناوچەکە ژمارەیەکی زۆریان لە سوپای ئیسلامەکان کوشتووە، وا پێ دەچێت کە قەڵاکە نزیک عەربەت و سەیسایەق- ی ئەمڕۆ بوو بێت کە هەتاوەکو ئەمڕۆش دوپشکی ئەو ناوچەیە بە سامناکی ناسراون.
بەپێی یاقوتی حەمەوی ناوچەکە هەمیشە یاخی بووە لە دەسەڵاتی خەلیفەکان و میرەکانیان زۆربەی جار لە خۆیان بووە. لە ڕاستیدا ئەو حاڵەتە هەتاوەکو سەدەی بیستەمیش هەر بەردەوام بووە و پێگە جوگرافیەکەی ئەو ناوچەیە بەوەی کە لە باوەشی زنجیرە شاخێکدایە، هەمیشە تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی سروشتی لە مەترسی هێزە دەرەکیان پارێزراو بووە و لە ئەنجامدا کاراکتەر و تایبەتمەندێتی فەرهەنگی ناوچەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو پارێزراو بووە و توانیویەتی بەردوامی بە یاخی بوون بدات.
ناوچەی شارەزوور ناوەندێکی گرنگی خوێندن بووە و خوێندن تیایدا لە ئاستێکی بەرزدا بووە. لە دوای هاتنی یۆنانەکانەوە فەلسەفە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەکەدا خوێندراوە و زۆر لە زانا شارەزووریەکان هەر لە شارەزووردا فەلسەفە و زانستیان خوێندووە. ئەوەی ئەو ڕاستیە دووپات دەکاتەوە ئەوەیە کە ناوچەکە کەڵە زانا و شاعیر و سۆفی و قازی گەورەی هێناوەتە کایەوە. کە هەر لە شارەزووردا خوێندوویانە.
دکتۆر عەبدوڵا حەیانی بە ڕەگەز عەرەب، لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی لەسەر کەسایەتیە مەزنەکانی شارەزوور کردووە دەڵێت “لە ڕاستیدا زۆربەی ئەوانەی وەک قازی لە شارە مەزنەکانی وەک بەغدا، موسڵ، دیمەشق و حەلەب کاریان کردووە، لە شارەزوورەوە هاتوون یان سەر بەو دەڤەرە بوون”. ئەو بۆچوونە هەر هی ئەم سەردەمە نین، یاقوتی حەمەوی نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر زۆر بە جدی تر باسی ئەو دیاردەیە دەکات و بەتایبەت باسی کەسایەتی و زاناکانی شارەزوور دەکات و ئەویش ئاماژە بەزۆری ژمارەی ئەو کەسایەتیانە دەکات. کەسایەتیەکان زۆرن و کورتی ئەم بابەتە دەرفەت نادات کە بە ناوەکاندا بڕۆین، بەڵام یەکێ لە کەسایەتی و فەیلەسوفە هەرە دیار و گرنگەکانی شارەزوور، شەمشەدینی شارەزووریە. ئەم زاتە زۆر سەبارەت ژیانی نازانرێت؛ ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە نزیکی هەشت ساڵ لەمەوبەر لە ژیاندا بووە. شەمسەدین فەیلەسوفێکی جیهانی سەردەمی خۆی بووە و هاوڕێ و جێگرەوەی فەیلەسوفی کورد، سورەوەردی بووە. هەندێک سەرچاوە تەنانەت دەڵێن لە کاتی زیندانی کردنی فەیلەسوفی کورد، سورەوەردی، ئەویشی لەگەڵدا بووە بەڵام بەڵگەکان بۆ ئەو زانیاریە لاوازن و زیاتر نزیکی ئەو لە فەلسەفەی ئیشراقی سورەوەردی، پێ دەچێت ئەو بۆچونەی دروست کردبێت. بە دڵنیایی شەمسەدین دەیان بەرهەمی فیکری هەبووە، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان ناویان هاتووە و ماون کە لە ڕێگای ئەو بەرهەمانەوە دەتوانرێت ئەم زانا کوردە تا ڕادەیەک بناسرێت. ناوی بەرهەمەکانی بریتین لە:
شرح حکمة الاشراق
نزهة الارواح وروضة الأفراح في تاريخ الحكماء والفلاسفة
الشجرة الالهية في علوم الحقائق الربانية
الرموز و الامثال الالهیة في الانوار المجودة الملکوتیة
مدینة الحکماء
التنقیحات
یەکێ لە کارە هەرە نایابەکانی ئەم فەیلەسوفە، کتێبەکەیەتی کە بە ناوی (شرح حکمة الاشراق) نووسراوە. لەوێدا شارەزووری لێکدانەوەیەکی جوانی بۆ فەلسەفەی ئیشراقی سورەوەردی نووسیوە. لەو کتێبەدا قوڵی فیکری ئەم زانایە و ئاشنایی بە فەلسەفە و ئاینە دێرینەکان دەردەکەوێت. ئەو بۆ تێگەیشتن لە ئاین و خودا و بوون، باسی فیکر و بۆچوونی زەردەشت، مانی، ئیفلاتون، سوقرات، ئەرستۆ، فیساگۆرس، هرمس و چەندین فەیلەسوف و پێغەمبەری تر دەکات و ڕێزی زۆر بەرامبەر بە زەردەشت نیشان دەدات و بە “پێغەمبەری تەواو” ناوی دەهێنێت و هەندێک جار دەڵێت “سڵاوی خودای لێبێت”. شەمسەدین لە دوای ڕوونکردنەوەی بنەچەی فەلسەفە و فیکری مرۆڤایەتی، دێتە سەر سورەوەردی فەیلەسوف. ئەو و وەک چرایەکی زانین و فەیلەسوفێکی بێ هاوتای دنیای ئەو سەردەمە ناوی دەهێنێت و بە تەواوی لە وشەکانیدا پابەندی خۆی بە سورەوەردی و فەلسفەکەیەوە دەخاتە ڕوو و لە هەمان کاتدا قوڵی فیکری خۆی و توانای فەلەسەفیانەی خۆی لەو کتێبە نایابەدا دەکەوێتە ڕوو بە تایبەت لە بواری مێژووی فەلسەفەدا کە کتێبێکی تایبەتیشی لەسەر نووسیوە لە ژێر ناونێشانی ” نزهة الارواح” دا کە یەکێک لە شاکارەکانی تری ئەو فەیلەسوفەیە. شارەزووری لەم کتێبەی دواییدا باسی مێژووی فەلسەفە دەکات لە ڕێگای ناساندنی ١٢٢ فەیلەسوفی پێش ئیسلام. بەرهەمەکانی تریشی هەر لە هەمان بازنەی فیکری و فەلسەفی بەرزدان .
لە ناوەندە زانستیەکاندا، شارەزووری بە فەیلەسوفێکی مەزنی فەلسەفەی ئیشراقی دادەنرێت، ئەو فەلسەفەیەی کە لەسەر دەستی سورەوەردی کورد دا دەستی پێکرد و لەلایەن ئەمەوە بەردەوامی و برەوی پێدرا. بەو جۆرە لە دوای سورەوەردی شەمسەدین بووە فەیلەسوفی بێ ڕکابەری فەلسەفەی ئیشراق، مرۆڤ کاتێک کە بەرهەمەکانی ئەم فەیلەسوفە دەخوێنێتەوە، ئەمجا تێدەگات کە ئێمە چەند نائاشناین بە فیکری کوردی و بۆمان دووپات دەبێتەوە کە بە تەواوی لە خۆ دابڕواین. ئەمڕۆ خوێنەوارەکانمان شانازی بە ناسینی ناوی چەند کەسایەتیەکی ئەوروپی دەکەن بەڵام هێشتا لە ئەلفوبێی شەمسەدین و سەدانی وەک ئەو نەگەیشتووین. بە داخەوە هەر وەک زۆر لە زاناکانی ترمان، لە دەرەوەی کوردستان لێکۆڵینەوە لە فەلەسەفە و کارەکانیان دەکرێت، کەچی لە کوردستان نەک ئاشنای کارەکانی نین، بەڵکو زۆرینەمان تەنانەت ناویمان نەبیستووە.
دەبوو لەبری ئەم هەموو بەرنامە بێ مانایەنەی کە لەسەر بە ناو سیاسەت لە کوردستان دەکرێت، دەیان بەرنامەی تایبەت لەسەر ئەم زانا گەورە کوردە بکرایە و زانکۆکان چەندین لێکۆڵینەوەیان لەسەری ئەنجام بدایە و پەیکەری ئەو فەیلەسوفە لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان دابنرایە، بەڵام وەک هەمیشە، هەتاوەکو ئێستا کۆمەڵگەی کوردیی بزر لە خۆ و وێڵ، پێ ناچێت بەم زوانە بە ئاگا بێت و ئاوڕێک لە زانا مەزنە جیهانیەکانی بداتەوە و فەرهەنگەکەی پێ ببوژێنێتەوە و لە بێ بڕوایی ڕزگاری بکات.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: ئەو وێنەیە پەرەیەکە لە کتێبی مێژووی فەیلەسوفەکانی شارەزووری و لە کتێبخانەیەک لە شاری حەیدەرئاباد لە وڵاتی هندستان هەڵگیراوە. وێنەکەی تر، وێنەیەکی خەیاڵیە و پەیوەندی بە شارەزووریەوە نیە.