Home / بەشی مێژووی كورد / کامەران بەدرخان و ڕۆژنامەی (رۆژا نوو – Roja Nû)

کامەران بەدرخان و ڕۆژنامەی (رۆژا نوو – Roja Nû)

kamaran711

کامەران بەدرخان و ڕۆژنامەی (رۆژا نوو – Roja Nû)
ڕۆژا نوو لەلایەن دکتۆر کامەران بەدرخانەوە لە شاری «بەیروت»ی پایتەختی لوبنان وەک هەفتەنامەیەکی سیاسیی بڵاوکراوەتەوە. یەکەم ژمارەی لە ٣ ی گوڵانی ١٩٤٣ دا بڵاوبووەتەوە. هەتا ژمارە «١٢-١٣» بەڕێکوپێکی ڕۆژانی دوشەممان دەردەچوو. پاشان بە «١٥» ڕۆژێک جارێک دەردەچوو، هەتا گەیشتە ژمارە «٤٩» ئەم هەفتەنامەیە بە ئەلفبێی لاتینی و بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو دەردەچوو، میر جەلادەت بەدرخان یش یارمەتی دکتۆر کامەرانی دەدا لە دەرکردنی «ڕۆژا نوو» دا.
ڕۆژا نوو، بە ڕێبازێکی نوێی کوردایەتی و زۆر دڵسۆزانە خزمەتی ڕاستەقینەی کوردەکانی لوبنان و شام و تورکیای دەکرد. هاوکات گەلێک وتاری هۆشیاری و هەستی نەتەوایەتی بڵاودەکردەوە و ناوبەناو بابەتی هەمەجۆری ئەدەبی و فۆلکلۆریشی بڵاودەکردەوە. زۆربەی ئەو بابەتانە لە ڕۆژا نوو دا بڵاو دەکرانەوە زیاتر لەلایەن خودی دکتۆر کامەرانەوە دەنووسران یاخود ئامادە دەکران. هەندێک جار بابەتی بە زمانی فەرەنسی یش بڵاودەکردەوە.
دکتۆر کامەران بارەگای ڕۆژنامەکەی لە کۆشکی «ئەبو عەفیف» لە گۆڕەپانی «البرج» دانابوو. ئەم هەفتەنامەیە لە نێوان ساڵانی (١٩٤٣-١٩٤٦) دا تێکڕا (٧٣) ژمارەی لێ بڵاو کرایەوە. دوا ژمارەی ڕۆژا نوو لە ڕۆژی ٢٧ ی گوڵانی ١٩٤٦ بە زمانی فەرەنسی بڵاو کرایەوە.
ساڵی ١٩٨٦ سەرجەم ژمارەکانی ڕۆژانو لە دووتوێی ٢٨٨ لاپەڕەی قەوارە گەورەدا لە وڵاتی سوید و لە شاری ستۆکهۆڵم لەلایەن «ژینا نوو» ەوە سەرلەنوێ چاپ و بڵاوکرایەوە.
ئامانج و ناوەرۆکی ڕۆژا نوو:
ڕۆژا نوو هەوڵی دەدا کێشەی ڕەوای کورد و زمان و مێژوو و ئەدەبی کورد بە جیهان بناسێنێت. هەروەها هەوڵی دەدا کێشەی کورد بە ئەوروپییەکان ئاشنا بکات، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین وتاری گرنگی بڵاو کردووەتەوە.
دکتۆر کامەران وەک نووسەرێکی شارەزا داوای لە هەموو برا و خزم و مامەکانی دەکرد کە بە وتاری شایستە بەشداریی لە هەفتەنامەی ڕۆژا نوو دا بکەن.
لە ژمارە یەکی «ڕۆژا نوو» دا وتارێکی میر جەلادەت بەدرخان بڵاو کراوەتەوە کە وەڵامێکە بۆ دکتۆر کامەران بەدرخان بە ناونیشانی «١٨٩٨-١٩٤٣ و رۆژنامەیا نوو» کە باس لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان دەکات، چۆن لەلایەن «میقداد مەدحەت» بەگەوە لە میسر بڵاوبووەتەوە.
ڕۆژا نوو، یەکێکە لەو ڕۆژنامانەی کە بە ئاشکرا بیری نەتەوەیی کوردی تێدا بڵاوکراوەتەوە. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە خەمخۆرانی کورد تێیدا بەشدار بوون و هەوڵیانداوە کە مەسەلەی کورد تیۆریستە بکەن، وەک: «حەسەن هشیار، مەنسورێ شەللیتا، عوسمان سەبری» هەروەها «قەدری جان، کاکە ئەمین حەوێزیی، جگەرخوێن، جەمیل جەلیل و عەبدولهادی محەمەد».
هەفتەنامەی ڕۆژا نوو، نوێنەرایەتی ڕۆشنبیریی کوردیی کردووە لە سەرانسەری کوردستان دا. هەر لە ژمارە «٢» وەوە کە لە ١٠ی گوڵانی ١٩٤٣ دا بڵاوکرایەوە، هەتا دەگاتە ژمارە (٧٠-٧١) کە لە «٢٥» ی ئازاری ساڵی ١٩٤٦ دا دەرچووە، باس لە ڕۆژنامە و کتێب و گۆڤارە کوردییەکان دەکات، بەو شوێنانەشەوە کە لێی چاپکراون. هەروەها باس لەو ڕادیۆیانەش دەکات کە بە زمانی کوردی هەواڵ و گۆرانی پەخش دەکەن. هەروەها یانە و کۆمەڵە ڕۆشنبیرییە کوردییەکان. بۆ نموونە لە ژمارە «٦١» ی ساڵی ١٩٤٥ دا و لەژێر سەردێڕی: «کتێبێن داوین یێن کوو قالا پرسا کوردستانێ دنن» باسی ٣ کتێب دەکات کە لەسەر دۆزی کوردستان چاپکراون. هەر لە هەمان ژمارەدا و لە ژێر ناونیشانی: «چاپا کوردی» نووسیویەتی: «ئێستا بە زمانی کوردی ١٧ گۆڤار و ڕۆژنامە دەردەکەن».
دکتۆر کامەران بەدرخان هاوکات لە شاری بەیروت هەر پازە ڕۆژ جارێک ڕۆژنامەی (Le jour Nouveau) یشی بە زمانی فەرەنسی بڵاو دەکردەوە.
ڕۆژا نوو، بە زمانی دبلۆماسیانە قسەی کردووە، باسی لە چەوسانەوەی نەتەوەی کورد کردووە و زمانی توندوتیژی بەکارنەهێناوە. ئەگەرچی ئەو ڕۆژگارە جەنگی دووەمی جیهانییش لەئارادا بووە. هاوکات وەڵامی چەند ڕۆژنامەیەکی ئێرانی داوەتەوە کە هەندێک هەواڵی نادروستان سەبارەت بە کورد بڵاو کردووەتەوە. ڕۆژا نوو زۆرتر تێکۆشاوە هاوەڵ و دۆست بۆ گەلی کورد و دۆزەکەی پەیدا بکات. بۆ نموونە لە ژمارە ٣٩ ی ساڵی ١٩٤٤ دا باس لە (کۆلۆنێل براسۆ) دەکات کە سەرۆکی لەشکری فەرەنسای ئەو سەردەمە بووە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات، کە بە قەڵەمی خۆی وتارێکی لەسەر نەتەوەی کورد لە ڕۆژا نوو دا بڵاو کردووەتەوە. هەروەها هەوڵیداوە بیری مەدەنیەت و پێشکەوتن لەناو کورد دا بڵاو بکاتەوە و باس لە ڕێبازی دیموکراتی و هونەری دەوڵەت بەڕێوەبردن بکات. هاوکات دژی فاشیەت و دیکتاتۆریەت بووە. داوای لە کوردەکان کردووە کە سەیری وڵاتانی پێشکەوتوی ڕۆژئاوا بکەن و چاویان لێبکەن، لە بایەخدان بە زانست و زانیاری دا لاساییان بکەنەوە. بەشێکی زۆری ناوەرۆکی ژمارەکانی ڕۆژا نوو بۆ باسی ڕووداوەکانی جەنگی جیهانیی دووەم تەرخان کراوە.
ئەو بیرەی کە (ڕۆژا نوو) سوودی لێدەبینی بریتی بوو لە:
1- پرەنسیپی دیموکراسی:
پرەنسیپی دیموکراسی کە ئەوروپایی – ئەمریکییە ئەزموونێکی پڕ بەهایە و سوودبەخشە کە میللەتان پەیڕەوی بکەن و سوودی لێ وەربگرن.
دەستوری گەورەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش بە ئەمانەوە گرێدرابوون:
1- بەیاننامەی شۆڕشی فەرەنسی
2- چواردە بەندەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکی (وڵسن)
3- یاسای کۆمەڵەی گەلان
4- پەیمانی ئەتلانتیکی
لە ژمارە ١١ ی ساڵی ١٩٤٣ دا وتارێک بڵاو کراوەتەوە بەبۆنەی سەربەستی گەلی فەرەنساوە، کە لەو وتارەدا هاتووە: «ئەو جەژنە بەتەنها بۆ فەرەنسییەکان نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو میللەتانەیە کە حەز بە ئازادی سەربەستی دەکەن، ئەم ڕۆژە جەژنێکی مەزنە، بەر لە ١٥٤ ساڵ گەلی فەرەنسی قەڵای باستیل یان شکاند بۆ بەدەستهێنانی دیموکراسی و کۆتایی پێهێنانی دیکتاتۆریەت».
2 – سۆسیالیستی زانستی
لە وتارەکانی ڕۆژا نوو دا لایەنگریی و پشتگیریی لە مافی خەڵکانی ژێردەستە کراوە، داوای دادی کۆمەڵایەتی کراوە، باس لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ کراوە و ئەو دەستکەوتانەی کە بۆ خەڵکی شۆڕەویی هێناوەتە بەرهەم.
دەربارەی کوردی سۆڤیەتیش دەڵێت: «لە سۆڤیەت ١٦٠ هەزار کورد هەیە و گوندەکانیان قوتابخانەی تێدایە و منداڵی کورد بە زمانی کوردی لە قوتابخانە دەخوێنن و گەلێک گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی بڵاو دەکەنەوە».
لە ژمارە ٥٩ ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ دا، وتارێک لەژێر ناوی «کوردەن قەهرەمانێ سۆڤیەتستانێ» بڵاو کراوەتەوە و باس لە پاڵەوانێکی کورد دەکات کە لە شەڕی ئەڵمانەکان دا قارەمانێتی نواندووە، هەروەها بە شانازییەوە باس لە سەرکەوتنەکانی خەڵکی سۆڤیەت دەکات بەرامبەر ئەڵمانیا و دوژمنانی دیموکراسی.
لە ژمارە (٧٠-٧١) ی ٢٥-٣-١٩٤٦ دا، وتارێک لەژێر ناوی «ئینسانیەت چییە» دا بڵاوکراوەتەوە. لەم وتارەدا ئەوە دیاری دەکات کە چۆن مرۆڤ، مرۆڤی خۆشبوێت و لەپێناوی مرۆڤ دا قوربانی بدات.
سەرچاوە: کامەران بەدرخان، ژیاننامە و ڕۆڵی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی دا – تێزی بەکالۆریۆسی بەناز عارف، زانکۆی سلێمانی ٢٠٠٢-٢٠٠٣

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …