وەرگێرانی موحمەد وەسمان
بەشی پێنجەم
د. تەھا باقر
تایبەتمەندێکی دیکەی ئایینی بابلی ، ترس بوو لە خواوەندان ، بۆ ڕەواندنەوەی ئەم ترسە پەرسگەیان دروست دەکرد و ڕێو شوێنی ئایینیان پەیڕەو دەکرد و کوشتیان گۆری دەکرد (قوربانیان دەدا) ، و پەیکەریان بۆ دروست دەکردن و چەندان جۆرە پەرستنی دیکە. رەزامەندی خواوەند ھیوای پەرسکارەکانە-بەندەکانە ، دەنا دوچاری وێرانی دەبێت لەژیاندا .
یەکەم سزای ئەوەی خواوەندی جێی بێڵێت ، خۆی بەرپرسی کارەکانی دەبێت ، ئەوتا لە لاواندنەوەی (لگش) ناوچەی (تلو) ، دوای نەوەی (لوکال زاگیزی) (Lugal-zage-si) (29 ساڵ لە نێوان (2400-2371) پێش زایین حوکمڕانی کردووە)وێرانی کرد : (ئورو – کاگینا) تاوانی نەکردووە ، با ئەو تاوانەی لوکال زاگیزی کردوویەتی بکەوێتە سەر خواوەندەکەی (نسابا) .
بەدەست ھێنانەوەی ڕەزامەندی خواوەندان ئاسان نەبوو بەندە دەبوایە کاری زۆر بکات بۆ ئەوەی بتوانێت دێو و درنج و گیانە خراپەکانی دەکەونە جەستەی دەربکات ، دوای ئەوەی خواوەندی پەرھێزگاری وازی لێ دێنێت .
زۆر ڕێو ڕەسمی ئاینی ھەن بۆ ئەم کارە ،وەک نزا و نوێژ و نوێژی دانپیانان ، وەک : ((گەورەم ھەڵە و گوناھم زۆر و گەورەن))
((ئەو خواوەندی دەیناسم و ئەوەی نایناسم ، گوناھم زۆر و گەورەن)) .
((با ئەو تووڕەییەی لە دڵی خواوەندم دایە نەمێنێت ھێمن بێتەوە)) ((ئەو خواوەندەی دەیناسم و ئەوەی نایناسم ، با لێم خۆشبن)) .. ھتد.
دواتر بەندە خراپەکارەکە دان بە خراپەکانی دێنێت چی لە تەرازو و فرۆشکاری یا دزی یا ھەرشتی دیکە . وەک چۆن سزا ھەیە لەژیاندا ، پاداشتی ھەیە بۆ چاکەکاران ، وەک : تەمەندرێژی بەخشین بە چاکەکار لەبری چاکەکان ، ھەر ئەوەش بوو تەوەرەی کاری چاکی پادشایان ، ((درێژ بوونی ژیان)) ((زۆر ژیان)) ھیوا و ئاواتی ھەموان بوو ، ھەموو پەیکەرێکی خواوەندان کە پادشایان دروستیان دەکرد ئەم نزایەی تیادایە ، ھەتا لە تۆمار و ھەواڵەکانیان ، سەرباری تەمەندرێژی خۆشگوزەرانیش ھیوا و ئاواتێک بوو . پادشا گوێڕایەڵەکان بۆ خواوەندان ، سەرکەوتن لە جەنگدا پاداشتیان بوو ، شاری لە خواوەندان بترسێت ھێمن و ئاسوودە دەبێت ، دوور دەبێت لە دەرد و ناخۆشی و ترس .
٧- ژیانی دوایی
سەبارەت ژیانی دوای مردن بیر و ڕا و بۆچونێکی روون و دیاریان نەبوو ، مردن نھێنییەک بوو لای ئەوان . نزیکترین ھاوشێوەی مردن خەوتن بوو لای ئەوان ، وەک چۆن خەوتوو ھۆشی لەخۆی نامێنێت ، بەڵام نیشانەکانی ژیانی دەمێنێت ، بابلیەکان وا سەیری مردنیان دەکرد ، بۆ ئەوە چوون : گیانی مردوو ، دەبێتە تارمایی (شبح) بە ناوی (ئەدەمو) ، لەگەڵ مردوو دەچێتە جیھانی ژێری ، گەر مردوو بە پێی رێگە و ڕێو شوێنی ئایینی پەیڕەوکراو نێژرا ئەوا لەوێ دەمێنێتەوە .
گەر وانەبوو ، ئەم تارماییە (ئەدەمۆ) دەبێتە گیانێکی خراپەکار و لە جیھانی مردووان دێتە دەرەوە لە خاکی ژێری و دێتەوە ناو خەڵک و زیان بە زیندووان دەگەیەنێت ، بەتایبەتی خزمانی مردوو(لەکولتووری عەرەبی لە ھامە(الھامة)ماوەتەوە) ، لەبەر ئەمە خەڵک زۆر بایەخیان بە ناشتنی مردوو دەدا بە پێی ڕێو و ڕەسمی ئایینی ، نەوەک (ئەدەمۆ) لە جیھانی گیانەکان بێتە دەرەوە. ( لەھەواڵی پاشایانی بابلیدا ھاتووە،ھەندێکیان گۆڕی نەیارەکەیان ھەڵکەندووەووێران کردوە،مەبەست لێی سووکایەتی پێکردن وبەرەڵاکردنی گیانی ئەو پاشایانەیە ،تا لەجیھانی ژێری بێنەدەرەوە وزیان بە زیندووان بگەیەنن) جیهانی ژێری ، گەڕانەوەی لێ نییە ، جیهانێکی تاریك و ترسناکە ، خواوەند (نرگال) فەرمانڕەوایە و لە خاکی ژێری دایە ، بە (ئەرالو) ناوی دەبەن ، یا (شاری مردووان) یا (چیای مردووان) .
)Jastrow,Hebrew and Babylonian traditions new york,1914)
مردووان کۆت و بەندن تيايداو جووڵە ناکەن . خواوەندانی جیهانی ژێری زۆرن .
-نرگال – ی توند و تیژ (چڕی گەرمی هاوین و مردن و نەخۆشی دەنوێنێت) ، ژنەکەی (ئیریش – کيگال) یا (لاتو) ، چەندان شەیتان و ئەژدیها و دێو یارمەتیان دەدەن وەك دێوی (نمتار) دێوی تاعون و پەتایە .
باسی جیھانی ژێری لەو ھۆنراوە کراوە، تیایدا باس لە خواوەند (عشتار) دەکات وچوونی بۆ جیھانی ژێری لەسەرەتای بەھاری ھەموو ساڵێک بۆ ئەوەی شووەکەی ((تەموز)) دوموزید Dumuzid ، یان دوموزی Dumuzi ، یان تەموز Tammuz (سۆمەری: Dumuzid ، (دوموزی Dumuzi ) (دومو=مرۆ و زی =بەرزدەبێتەوە) .
خواوەندی سەوزە و بەهار بگێڕێتەوە سەر جیهانی سەرەوە .
(Dhorme ,choix de textesieux assyrio- Babyloniannes 1907 p.326 f )
تیایدا هاتووە جیهانی ژێری ترسناکە، بە حەوت شوورەی گەورە دەورە دراوە ، هەریەکەی دەرگایێکی هەیە دێو و درنج پاسەوانی دەکەن ، مردووان تیا کۆت و بەندکراون و خواردنیان خۆڵ و کرمە ، خواردنەوەیان قوڕ و لیتە و چڵکاوە .
د.طە باقر ، دیانة البابلیین و الاشوریین – سومر – كانون الثاني ١٩٤٦– ج ١ – مجلد 2 . ل ١ – ١٩ .