Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / ئایینی بابلی و ئاشووری 2

ئایینی بابلی و ئاشووری 2

وەرگێرانی موحمەد وەسمان

بەشی دووەم

د. تەھا باقر

٢- بەردەوامیی مێژوویی:

ئەوەی ئایینی بابلی جیادەکاتەوە، بەردەوامیی مێژووییەتی،دو ای پێگەشتنی لە رووی بنج وبنچینەکانی گۆڕانکاریی بەسەردا نەھات،لە ماوەی چاخە مێژووییە دوورو درێژەکانی بەسەر عیراقدا ھات،تا لەناوچوونی بابلییەکان( لە نزیکەی سەدەی شەشەمی پ.ز) .خوداوەندەکانی بابلییەکان پەرستوویانە لە چاخە مێژووییە دواییەکان،ھەمان خوداوەندەکانن ،کەوا سەردەمە کۆنەکاندا پەرستوویانە.

گەرھەر گۆڕانکارییەک ھەبێت ئەوا لە پەیوەندی خوداوەندەکانە لەگەڵیەکتریان. پەیوەندیی خواوەندان ، بەیەکەوە ، لەڕووی پلە و پایە ، پەیوەندی ھەبوو بە گۆڕانە سیاسییەکان ، بۆ نموونە ، کە شارێک ھێزی سیاسی دەبێت و شارەکانی دیکە بندەست دەخات ، ئەوکاتە خواوەندەکەی پلەیەکی بەرزتری دەبێت لەوانەی دیکە ، بەمجۆرە پێشگۆکان -کاھینەکان پەیوەندی ئەم خواوەندە بە خواوەندانی دیکە دەگۆڕن .

لە سەردەمی حەمورابی بابل بوو بە پایتەختی ئیمپراتۆرییەتێکی گەورە ، پێشتر شارێک بوو وەک شارەکانی دیکە ، لە سەردەمی نوێ ، پایەی خواوەندەکەی (مەردوخ) ، بەرز بوویەوە ، پێشتر لەچاو خواوەندانی دیکە نزم بوو ، بۆیە لە چاخی نوێ پلە و پایەی مەردوخ گۆڕا لە نێو کۆڕی خواوەندانی بابلی . ئەو کات بە ئاسانی پێشگۆکانی بابل ڕایانگەیاند : مردۆخ لە ڕەچەڵەکی خواوەند (ئیا) یە ، خواوەندی پەندزانی و زانیاری ، کە پیرۆزترین خواوەندانی بابل بوو ، مردۆخیان کردە کوڕی ئەو .

بەڵام خواوەندانی مەزنی وەک : (ئانو) و (ئنلیل) ، مەردوخیان ڕاسپارد فەرمانڕانی خەڵک – مرۆ بکەن .

ئەوەتا حامورابی خۆی باسی ئەم گۆڕانکاریانە دەکات ، لە پلە و پایەی مەردوخ ، لە دێڕی یەکەمی پێشەکی ڕێسازییەکانی (شرائع) ، دەڵێت : لەو کاتەی (ئانو) ی مەزن .. و (ئنلیل) پەروەردگاری ئاسمان و زەوی ، ئەوەی چارەنووسی خەڵکی بەدەستە (پەرسکاران) ، ویستیان دەستەڵات بدەنە مەردۆخ ، نۆبەرەی (ئیا) تا فەرمانڕانی خەڵک بکات . لەو کاتەیدا کەوا ناوی بابل لەسەر زەوی گەورە و مەزن بوو ، خواوەندان شانشینیێکی پتەویان تیا دامەزراند .. ئەو کاتە (ئانو) و (ئنلیل) ، منیان ڕاسپارد .. من حامورابی.. تا دادپەروەری بڵاوبکەمەوە لەنێو خەڵک و خراپە و زۆرداریی و ستەم لاببەم و ڕێنەدەم بەھێز ، بێھێز بچەوسێنێتەوە ، .. ھتد )).

بەمجۆرە پێشگۆکان زۆر لە باوەڕ و دەقی دینیان گۆڕی بۆ ئەوەی مەردۆخ ببێتە خواوەندی مەزنی وڵات ، خواوەندانی دیکە ، ھەرچەند پیرۆزی پێشوویان مایەوە ، بەڵام وەک حەمورابی لەپێشەکی ڕێسازییەکەی وتی و لە (چیرۆکی ئەفراندن – قصة الخلیقە) دا ھاتووە ، خواوەندان وازیان لە زۆر لە مافەکانیان ھێنا بۆ مەردۆخ . ھەمان شت لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری ، سەبارەت خواوەندی ئاشووری (ئاشوور) دەوترێت ، چۆن لە خواوەندێکی ئاسایی بوو بە خواوەندی مەزن لە سەردەمی دەستەڵاتی سیاسی ئیمپراتۆریەتی ئاشوریدا .

(ئەفسانەی چیرۆکی ئەفراندن “ئینۆما ئەلیش” Enûma Eliš “

Enuma Elish یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەفسانەیە لەبارەی ئەفراندن ودروستکردنی گەردوون ومرۆ لە ڕوانگەی بابلییەکان.

یەکەم چیرۆکی ئەفراندن چیرۆکی سۆمەرییە، نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین نووسراون. پاشان دەقەکانی بابلی لە ناوەڕاستی ھەزارەی دووەمی پێش زایین (واتە نزیکەی ١٥٠٠ پێش زایین) بەدوای خۆیدا ھێنا و دوا دەقیش داستانی ئەفراندن ودروستکردنی بابلی بوو (ئینۆما ئەلیش). لە ھەموو دەقە بابلییەکاندا، مەردوک ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. چیرۆکە جۆراوجۆرەکانی دروستکردن لە جەوھەرە فیکرییەکەیدا جیاواز نین، و بەشێکی دەستکاری کراون لەگەڵ گۆڕانکاری لە ناوی خوداوەندەکاندا، بە پێی ھەژموونی سیاسی ھەر شارێک، چونکە ھەر شارێک خوداوەندی سەرەکی خۆی ھەبوو خوداوەند (ئەنلیل) دروستکەر بوو لە ئەفسانەی ئەفراندنی سۆمەریدا، لە بابلیدا بوو بە (مەردوک). داستانەکە شکۆمەندی بە مەردوک دەکات کە لە مێخوداوەند تیاماتی Tiamat بردەوە. ئەم داستانە باشترین دەربڕینی ململانێی خوداوەندانی بابلییە، پێشگۆکانی بابلیش لە چوارەمین ڕۆژی ئاھەنگەکانی سەری ساڵی ئاکیتو تا ساڵی ٥٠٠ی زایینی، بە شکۆو و شانازییەوە ئەم ھۆنراوەیان دەوتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک زاڵبوونی ڕێکخستن بەسەر ئاژاوەگێڕیدا بیربخەنەوە.

ھۆنراوەکە لە ١١٠٠ دێڕ پێکھاتووە کە لە ٦٠ دەق ھاتووە و لە زۆر شوێن دۆزراونەتەوە، بەتایبەتی لە کتێبخانەی پادشا ئاشوربانیپاڵ (٦٧٣-٦٦٨ پێش زایین) ، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمەوە تا چارەکی یەکەمی بیستەم دۆزراونەتەوە ھۆنراوەکە لەسەر حەوت دەپ تۆمارکراوە، لەوانە: ھەر دەپێک نزیکەی ١٥٠ دێڕە…)

د.طە باقر ، دیانة البابلیین و الاشوریین – سومر – كانون الثاني ١٩٤٦– ج ١ – مجلد 2 . ل ١ – ١٩ .

About دیدار عثمان

Check Also

ئایینی بابلی و ئاشووری 5

وەرگێرانی موحمەد وەسمان بەشی پێنجەم د. تەھا باقر تایبەتمەندێکی دیکەی ئایینی بابلی ، ترس بوو …