چەند تێبینییەک لەسەر کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: ئەم کتێبە کە نووسەرەکەی سۆران حەمەڕەشە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاو بووەتەوە. ناوەڕۆکی پەرتووکەکە هەر هەمان ناوەڕۆکی کتێبی “کورد کێیە”یە، کە پێشتر لە لایەن نووسەرەوە بڵاو بووەتەوە و هەردووکیان هەڵگری یەک پەیامن و یەک شێوازیان پەیڕەوی کردووە بەڵام نووسەر لەم کتێبەدا بابەت و ڕوونکردنەوەی زیاتری بۆ گەیاندی پەیامەکەی خۆی هێناوەتەوە. هەر وەک دواجار لە وتارەکەدا ڕوونی دەکەمەوە کتێبەکە بە گشتی دوورە لە بنەماکانی زانستی، بە تایبەتی لە باری لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکانیەوە هەر بەتەواوی وێرانە. نووسەر لە هەر کتێب و نووسراوەیەکدا کە بابەتێکی لەسەر کوردی تێدا نووسرابووبێت و یان ناوی کوردی تێدا هەبووبێت، وەری گرتووە و بەرگێکی تیۆرێکی لێ پێچاوە و ترنجاندوویەتیە نێو کتێبەکەیەوە و بە جۆرێک پەیوەندی داوە بە مێژووی کوردی دەشت و کوردی شاخ. باسگەلێک وەک ئەفسانەی کەشتی نۆح و نیشتنەوەی لەسەر شاخی گودی/(جودی)، نەورۆز (وەک جێژنێکی ١٠٠٠٠ ساڵە بەبێ هیچ بەڵگەیەک)، ئەفسانە شاماران، ژنە ئامازونەکان و هەروەها باسی ڕەسەنایەتی ئەسپەکانی کرماشان (کرماشان بەناوبانگە بە ئەسپی کوردی ڕەسەن و فێستیڤاڵێکی ساڵانە دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی باشترین ئەسپ لەسەر خاکی میدیای دێرین)، گێڕانەوەی چەندین جارەی دەقی کەیکوڵی و خوێندنەوە و لێکدانەوەی هەڵە بۆ وشەکانی دەقەکە، بەراوردکردن و لێکدانەوەی هەڵە بۆ وشەکانی میتانی، ماننایی، سۆمەری و مادی و … لێکدانەوە بۆ ڕووداوە مێژووییەکان بەپێی حەز و ئارەزووی خۆی و . . . هەر وەها چەندین بابەتی نادروست کە باسی لێ دەکەم، وای کردووە کە لە باری زانستییەوە کتێبێکی بێ کەڵک و بێ بایەخ بێ. بەداخەوە وا دیارە کە نووسەر ئاستی هۆشیاری و تیگەیشتوویی کۆمەڵگەی کوردستانی بە کەم زانیوە، هێندێ جار خوێنەر هەست بەوە دەکات کە گاڵتە بە شعووری خەڵکی کوردستان دەکرێت. بۆیە بە پێویستم زانی کە بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەری کورد و بەتایبەت لاوانی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بنووسم. خۆشبەختانە لەم ماوەیەدا ژمارەیەک نووسەر، زمانەوان، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ بەگشتی کەسانی ڕۆشنبیر و بەرپرس بە شێوەی جۆراوجۆر هەڵوێستیان نواندووە و ئاماژەیان بە کەم و کوڕییەکان و نازانستیبوونی بابەتەکانی نێو کتێبەکە کردووە، کە جێگای دەستخۆشی لێکردنە. هەر بۆیەش من لێرە بە پێویستی نازانم جارێکی دیکە ئەو ڕەخنانە و بابەتانە کە ئەوان باسیان لێ کردووە دووپاتی بکەمەوە. نووسەر هەرچەند بابەت و فاکتی یەگجار زۆری لە کتێبەکەیدا هێناوەتەوە و باسی کردووە، بەڵام بێجگە لە یەک خاڵ نەبێ ئەوانی تریان هیچیان تازە نین و پێشتر لە لایەن نووسەرانی دیکەوە و لە سەرچاوەکانی دیکەدا هاتوون. ئەو خاڵە نوێیەش کە نووسەر بەشێکی زۆر لە کتێبەکەی بۆی تەرخان کردووە، ئەوەیە کە سۆمەرەکان کوردی دەشتن و گوتییەکان و مادەکان و مانناییەکان و هورییەکان کوردی شاخ. واتا نووسەر لەو باوەڕەدایە کە زمانی سۆمەری زمانی کۆنی کوردییە و زمانی کوردی ئێستاش درێژەدەری زمانی سۆمەرەکانە و لەوەش زیاتر نووسەر پێی وایە: “زاراوە و بن زاراوەکان لە کوردیی نویدا بەردەوامی زمانی سۆمەری، هوری، لوڤی، ئیلامی، مانایی، مادی و زمانەکانی دیکەن کە لە کوردستانی دێریندا قسەیان پێکراوە”. سۆران حەمەڕەش ویستوویەتی لەڕێگای زمانەوانییەوە ئەم تێزەی خۆی بسەلمێنێ، واتا دەستی داوەتە بەراوردکردنی وشەکانی ئەم زمانە کۆنانە لەگەڵ زمانی کوردیی نویدا و بە شێوەیەکی نازانستی ئەنجامێکی دڵخۆازنە بەو جۆرەی کە خۆی دەیەوێت لێ دەردێنێ. لەم وتارەدا بە بەڵگەوە نیشان دەدەرێت کە ئەم بەراوردکاریانەی نەک یەک و نەک دوو بەڵکوو هەر هەموویان هەڵەن، نووسەر وشە کۆنەکان ناناسێت، ڕیشەی وشەکان ناناسێت، یاساکانی زمانەوانی و ئیتمۆلۆژیک نازانێت، بە گشتی شێوازی لێکدانەوەکانی هەڵەن. من لەم وتارەدا بە ڕوونی نیشانی دەدەم کە ئەو بەراوردکاریانە وا بوونەتە بناغەی تێزەکەی نووسەر بەگشتی هەڵەن، کە وابوو ئیتر هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەم تێزە نامێنێ و تێزەکە لە هەواوە دەمێنێتەوە. بۆیەش من ئەم ئەرکەم داوەتە بەر خۆم، چونکە پێم باش نییە کە بیر و مێشکی خوێنەران و بەتایبەت جەوانانی کوردستان بە بۆچوون و لێکدانەوەی هەڵە و بێبنەما پڕ بکرێتەوە. ئەرکی مێژوونووس ئەوەیە کە باسی ئاڵوگۆڕەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی کۆمەڵگا بکات لە ماوەیەکی دیاریکراودا، باسی ڕۆڵ و نەخشی چین و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا بکات لە ئاڵوگۆڕەکاندا، باسی هۆکاری ڕوودانی جەنگەکان و هەروەها چۆنیەتی کاریگەری جەنگەکان و ڕووداوەکان لەسەر کۆمەڵگا بکات. بەڵام لە کتێبێ مێژووی بزردا ئەوەی کە دیاری نییە خەڵک و چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگایە! ئەوەی کە بەرچاو ناکەوێت بەرخۆدانەکانی خەڵکی کوردە بە دریژایی مێژوو. لە باسکردنی مێژووی ماددا، نە تەنیا تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕانەکەی دەسەڵاتی ماد نابێنیت، بەڵکوو مێژووی مادی بە تەواوی شێواندووە و بەراوەژووی کردوەتەوە. ڕۆڵ و نەخشی کوردان لە دامەزراندنی ئیمپراتووری ئەشکانی وەک دەسەڵاتێکی سیاسی وڵاتی کۆنی کوردەواری کە ٤٧٠ ساڵ فەرمانڕواییان کردووە و پایتەختەکەیان لە کوردستان بووە و زمانەکەیان زمانی کوردیی میانە بووە هەر باسی لێ ناکات. نەخش و ڕۆڵی کوردان لە دامەزراندن و بەڕیوبەرایەتی ئیمپراتووری ساسانی لەم کتێبەدا هەر نابینی. یەکێ لە کۆنترین کتێبەکانی جیهان واتا کتێبێ ئەوێستا وەک کتێبێ ئایینی مادەکان (کوردان) و خەت و زمانی ئەوێستایی و پەهلەویی ئەشکانی کە خەت و زمانی خەڵکی کوردستان بووە لە سەردەمی کۆندا هەر باسی لێ ناکرێت و نووسەر هەر هیچیشی لێ نازانێ. دەیان و سەدان بەردەنووسی سەردەمی ئەشکانییەکان و ساسانییەکان کە بە خەت و زمانی پەهلەویی ئەشکانی (کوردیی میانە) لە لایەن نووسەرانی کوردی ئەو سەردەمەوە نووسراون هەر باسی لێ ناکات. بە راستی هەڵەکان ئەوندە زۆرن کە باس کردن لەسەر هەموویان زۆر زەحمەتە و کاتی زۆری دەوێ. ئەم کورتەنووسراوەیە تەنیا بۆ ناساندنی ناوەڕۆکی وتارەکەیە.
Check Also
کۆمەڵگەی کوردی لە روانگەی شەرەفخانی مێژوونووسەوە
د. ئیسماعیل مەحموودی پوختەی توێژێنەوە: شەرەفخانی بەدلیسی لە کۆتایی ساڵانی سەدەی شانزە بەنووسینی شەرەفنامە، مێژوونووسیی کوردی دەسپێکرد. شەرەفنامە هەڵگری مێژووی بەسەرهاتی بنەماڵە دەسەڵاتەدارەکوردییەکانی سەردەمی خەلافەتی عەباسی تا کۆتایی ساڵی(٧-١٥٩٦) واتە تا سەرەتای سەفەوییەکانە. شەرەفنامە لە ئەساسدا درێژەی هەمان نەرێتی میژوونووسییسونەتی واتە مێژوونووسیی سیاسی و عەسکەری و بنەماڵییە. بەڵام پێشەکییەکەی شەرەفنامە سەبارەت بە مرۆڤی کورد وکۆمەڵگەی کوردی دەتوانێت تا ڕادەیەک ئەم بەرهەمە مێژووییە لەبەرهەمە مێژووییەکانی هاوچەرخ و پێش خۆی جیا بکاتەوە و وەکدابڕانێک لەو نەرێتە مێژوونووسییە پێناسەبکرێت. ئەم وتارە دەیەوێت پاش ئاماژەدان بە ڕوانگەی شەرەفخانسەبارەت بە مێژوو و هەروەها ڕەوشتی میژوونوووسیشەرەفخان، تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردی و مرۆڤی کوردلە ڕوانگەی ئەم مێژوونووسەوە ڕوون و شی بکاتەوە. ئەم وتارە پێیوایە لە ڕوانگەی شەرەفخانی بەدلیسیەوە، ئاییینیبوون، غیابی عەقڵانییەت، پەرتەوازەیی، غیابی ئەندیشەییەکگرتن، ویستی یەکتر کوژی، بیرنەکردنەوە لە داهاتوو، گرنگیدانی بە نازناوی ئازایەتی و ڕێگەپێنەدان بۆ دامەزرانیدەسەڵاتی کوردی ، گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی کورد وکۆمەڵگەی کوردیین کە لەم وتارەدا بە شێوازی شیکاری گوتاردەخرێنە بەر باس و توێژێنەوە. وشەسەرەکییەکان: مێژوونووسیی کوردی، شەرەفخان، شەرەفنامە، کۆمەڵگەیکوردی، شیکاری گوتار. پێشەکی: هەزارەی دووەم– لە ساڵژمێری ئیسلامیدا– سەرەتای دەرکەوتنیمێژوونووسی کوردستان و مێژووی دەسەڵاتە کوردییەکانە. «شەرەفنامە“یان میژووی موفەسسەڵی(تێروتەسەلی) کوردوستان» یەکەمین مێژووی کوردستانە کە لە ساڵی(١٥٩٦/١٠٠٥ ) و لە سەر دەستی شەرەفخانیبدلیسی(١٦٠٣-١٥٤٣ ) نووسراوە. هەزار ساڵ ئامادە نەبوون و غیاب لە ڕەوتی مێژوونووسی، شتیکنییە کە بکرێ چاوی لێ داخرێت و بە ئاسانی بە سەریدا تێپەڕێتو دواهات و دەرنجامەکانی ڕوون نەکرێتەوە و خوێندنەوەیان بۆنەکرێت، درێژە کێشانی گوتاری بە گاڵتەجاڕ کردن و پەراوێزخستنی کورد، تێکەڵ کردنی ڕابردووی بە وەهم و ئەفسانە، پەرەپێدانی هەڵوێستی بێدەنگی بەرامبەر بە مێژووی کورد، کێشەیساغ کردنەوە و پەردە هەڵدانەوە لە سەر ڕابردوو و قەیرانیناسنامەی ئەمرۆی ئینسانی کورد و کۆمەڵگەی کوردی، لە ڕیزیبەرچاوترین دەرنجامەکانی ئەم غیابەیە کە شەرەفنامەویستووییەتی بەشێکی ئەم غیابە پڕبکاتەوە. …