گەرمیان حەسەن
دامەزراندنی دەزگای هەواڵگری ساواک:
محەممەد ڕەزاشا لە ساڵی 1941 جێگەی باوکی گرتەوە کە دامەزرێنەری بنەماڵەی شای پەهلەوی ئێران بوو، دەسەڵاتی گرتە ئەستۆ. حوکمڕانیەکەی زیاتر لە 30ساڵ بەردەوام بوو، ئەم ساڵانە بە دەسەڵاتێکی پاشایەتی تاکڕەوی و پاوانخوازانە تایبەتمەند بوو.
شا بەدرێژایی ساڵانی حوکمڕانی بە تایبەت لە دەیەی چلەکان تووشی کێشەیەکی بنەڕەتی بوو، لەو ماوەیەدا هێزێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز دەرکەوت ئەویش “حیزبی توودە “بوو، بەخێرایی لایەنگر و جەماوەری زیاتر دەکرد لەناو دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت و ناوەندە پیشەسازییەکانی وڵات لە ئەسفەهان و ئابادان و زۆربەی لایەنە فەرمییەکانی حکومەت، کە لە پارێزگارەوە دەستپێدەکات و بە فەرمانبەرانی بچووک لە ڕیزی حیزبی توودە بوون.
لە1953، ئێران شاهیدی ئەزموونی حوکمڕانی “دکتۆر محەمەد موسەدەق” سەرۆکوەزیرانی ئێران بوو، حزبی توودەش پشتیوانی موسەدەقی دەکرد. کاتێک کۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ-ئێرانی بەخۆماڵی کرد و چەندین فشاری خستە سەر سیستەمی سیاسی وڵات، شا هەستا فەرمانێکی دەرکرد بەلادانی ئەویش کارێکی نایاسایی لە قەڵەمدا و هەموو خەڵک ڕژانە سەر شەقام، خۆی و خێزانەکەشی ڕایانکرد بۆ بەغداد و لەوێش بۆ ڕۆما، لەوێ چاوی کەوت بە سەرۆکی (C.I.A). گەڕانەوەی شا ئەو کاتەبوو دوای ئەوەی بە پشتیوانی ئەمریکاو لە کودەتایەکدا کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری (C.I.A) ئەمریکی و (Mi6) بەریتانی لە دژی موسەدەق جێبەجێکرا، لە ئەنجامدا شا، دوای ئەوەی درکی بەوەکرد دژایەتییەکیردنی لە زیادبووندایە، هەوڵیدا سەرنجی خۆی لەسەر پەرەپێدانی دەزگا ئەمنییەکانی خۆی چڕ بکاتەوە، کار بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵاتەکەی و پاراستنی تەختەکەی و وەستانەوە بەرانبەر بە نەیارەکانی لەڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانیەوە دژیان بوەستێتەوە.
شا بوو بەجێی سەرنجی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بەرامبەردا شا ئەمریکای وەک زلهێزێکی سێیەمی پێ باشتر بوو ئەم پەسەندکردنە “هاوشێوەی پەسەندکردنی باوکی بوو بۆ ئەڵمانیا”، بێگومان ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو لە ئەنجامی هاوسەنگکردنی فشارەکانی سۆڤیەت و بەریتانیا لەگەڵ بوونی ئەمریکا لە ئێراندا.
“حسێن فیردوست” لە بیرەوەرییەکانیدا پشتڕاستی کردەوە، “ئەمریکا بڕیاریدا ئێران وەک بنکەی سەرەکی خۆیان لە ناوچەکەدا بپارێزن، حسێن لەدرێژەیی بابەتەکەدا پێی وایە ئەمریکییەکان سەرەتا حەزیان لە دەستێوەردان لە سوپا بووە، هەواڵگریش بۆ ئەوان دوو هێندە گرنگی هەبووە”. هۆکاری گرنگیدانی ئەمریکییەکان بۆ هەواڵگری و دژە سیخوڕی بەهۆی نیگەرانییان بوو لە مەترسی کاریگەری کۆمۆنیستەکان کە حزبی توودە نوێنەرایەتیەکی بەهێزی دەکردن لە کۆمەڵگەی ئێران و نزیکیی ئێرانیش لە یەکێتی سۆڤیەت، چونکە ئەمریکا باوەڕیان بە پێویستی هەبوونی دژە سیخوڕییەکی بەهێز هەبوو. دەزگای سیخوڕی بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی چالاکییەکانی دەزگای هەواڵگری سۆڤیەت (K.G.B)بوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارە حکومەتی ئەمریکا لە ماوەی چەند قۆناغێکدا، تیم و پسپۆڕانی سەربازی و دژە سیخوڕی نارد بۆ ئێران و ئەفسەرانی ئێرانی مەشق پێکرد، دەزگای هەواڵگری سەربازیی دامەزراند بەپێی شێوازی ئەمریکی بەهێزتر بوو، پۆلیسی ئێرانیش دەزگای هەواڵگری دژە سیخوڕیی بەپێی ئەو شێوازەی کە لە سوپای ئێران دامەزرابوو، دامەزراند.
لە لایەکی دیکەوە “ئایزنهاوەر” سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر شای ئێران و حکومەتەکەی بتوانن “نەرمتر” بن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادە دەبێت لە ڕووی داراییەوە یارمەتیان بدات و لە ڕێگەی ڕاوێژکاری ژیرانەوە، “دەتوانین بە جددی و بە تەواوەتی یارمەتیان بدەین لە شکستپێهێنانی نیازەکانی سۆڤیەت لەو ناوچەیەدا”. چونکە سۆڤیەت هاوکاری حیزبی توودەی دەکرد، هەوڵیان دەدا شا لادەن لە تەخت.
ئەمریکا هاوکاری دارایی و تەکنیکی و هونەری پێشکەشکرد بە شای ئێران بە ئامانجی دامەزراندنی دەزگایەکی هەواڵگری بەناوی (سازمان اطلاعات وامنيت كشور) واتای(دەزگای ئاسایش و هەواڵگری دەوڵەت) بەکورتکراوەیی ناوی (ساواکSAVAK) ناسرابوو.
هەواڵگری ساواک لە ١٤ی ئازاری ١٩٥٧ بە هاوکاری دەزگای مۆسادی ئیسرائیل و هەواڵگری ئەمریکا دامەزرا، ژمارەی ئەندامانی دەزگاکە لەو کاتەدا گەیشتە(5300)ئەندام هەندێک تر باسیان لەدەهەزار ئەندام کردووە کاریان دەکرد بۆ دەزگاکە وەکو چاو و گوێبوون بۆ شا، وەکو توێژەران باسیان لێوەکردووە گەورەترین دەزگای هەواڵگری بووە ئەو ژمارەی زۆرەی هەبووبێ. هەروەها لەسەر ئەو کەسانە کاری دەکرد کە دژی دەسەڵاتی شا بوون. ئەندامانی ئەم دەزگایە لەلایەن هەواڵگری ئەمریکی و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و تورکیاوە ڕاهێنراوبوون مەشق و وانەیان پێ وترابوو، ئەم یارمەتییە توانی ڕژێمی شا وا لێ بکات بۆ بەدواداچوونی بۆ ئامانجە ئەمنییەکانی خۆی، لە کاتێکدا ئەم یارمەتییە پشتگیرییەکانی بۆ لە کەرتی مەدەنیدا مسۆگەر کرد، کە بەشداریکرد لە بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی.
هەرچی ئەمریکا بوو بێمەست پشتیوانی ساواک نەبوو بەڵکو خەمی هەژموونی ڕووسەکان بوو.
پێکهاتەی دەزگای ساواک:
دەزگای ساواک لە سێ بەش پێکدێت:
1-بەڕێوەبەرایەتی گشتی.
2-هەواڵگری تاران.
3-هەواڵگری شارەکان
دەزگای هەواڵگری ساواک نۆ بەڕێوبەرایەتی لەخۆگرتبوو، هەر بەڕێوبەرایەتییەکی گشتیش بەڕێوەبەرایەتی لاوەکی و بەشی کارگێڕی لەخۆگرتبوو بەڕێوبەرایەتی یەکەم تایبەتمەند بوو لە داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆن بۆ ساواک، لەگەڵیدا چاودێریکردن جێبەجێکردنیان. بەڕێوبەرایەتی دووەم تایبەتمەند بوو لە کۆکردنەوەی زانیاری لەدەرەوەی وڵات بەڕێوەبەرایەتی گشتی سێیەم یەکێک بوو لە گرنگترین بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناو دەزگاکە و لە ڕاستیدا ئەو ناوەندە بوو کە بەرپرسیارە لە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن و دادگاییکردن و دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدانی نەیاران و هەموو ئەو شتانەی کە لەبارەی دڕندەیی ساواکەوە بیسترابوو لەسەر دەزگاکە بەهۆی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەوە بوو، سەبارەت بە پاشماوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تر لەناو ساواک دا، ڕۆڵێکی سنوورداریان هەبوو بە چاودێریکردنی چالاکییە ئەدەبییەکان، کارە هونەری و تەکنیکییەکان،بەرهەمهێنانی پێداویستییە تەکنیکییەکانی پێویست بۆ ساواک، لەنێو ئەرکەکانییدا چاودێریکردنی باڵیۆزخانەکان و بیانییەکانیش هەیە، کارمەندان لە ئێران و دەرکردنی پاسپۆرت.
جگە لە نۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە، دەزگاکە لە چەند ئەڵقەیەک پێکهاتووە: ئەڵقەی سەربازی، ئەرکی چاودێریکردنی ئەفسەر و سەربازەکانە، سەرپەرشتیکردن و وەرگرتنی ئەو خوێندکارانە لە کۆلێژە سەربازییەکان، هەروەها ئاشکراکردنی ڕێکخراوە نهێنی و دوژمنکارەکانی ناو سوپا، ئەگەر هەبن. ئەڵقەی دووەم پۆلیسی نهێنییە و ئەرکی بەدواداچوونە بۆ بڵاوکراوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان و بەدواداچوونە بۆ بڵاوکراوەی ئەو ڕێکخراو و لایەنانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پشتیوانی و پشتیوانیی سیستەمی دەسەڵات ناکەن. ئەڵقەیەکی تایبەت هەیە کە شا و ئەندامانی بنەماڵەی شاهانە و کەسایەتییە بەرزەکان دەپارێزێت و ئەرکەکەی چاودێریکردنی ئەڵقەکانی ساواک بوو بۆ پاراستنی هەیمەنەی ئەمریکا لە ئێران، تەنانەت هەواڵگری ئیسرائیل لەم ئەڵقەیەدا نوێنەری هەبوو.
تۆڕەکانی سیخوڕی ساواک:
ساواک بە مەبەستی سەرکوتکردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی وڵات، لقەکانی خۆی لە دەرەوەی ئێران دامەزراند، زۆربەی سەرکردەکانی ساواک لە دەرەوەی وڵات وەک کارمەند لە کونسوڵخانە و باڵوێزخانەکانی ئێران وەک ڕاوێژکاری فەرهەنگی(ڕۆشنبیری)یان ڕۆژنامەنووس، یان وەک نوێنەری هەمیشەیی ڕژیم لە لقە جۆربەجۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاریان دەکرد. هەر وڵاتێک وڵاتی ئێران لەگەڵیدا دۆستایەتی و پەیوەندی هەبووبێ ساواک لە بەرانبەردا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرد، هەروەها لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانی لە ئێرانەوە کەسێک بۆ پەیوەندیکردن دەستنیشان دەکرد، ساواک بە پێی فەرمانی شا، ئامێرێکی (تێلێکسtelex) بە ژمارەی کۆدی (2818) بە ناوی وەزارەتی دەرەوە کڕدرا و لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری تاران بە مەبەستی دامەزراندنی پەیوەندی هەمیشەیی لە نێوان ناوەندەکانی ساواک لە دەرەوەی وڵات دانرا. بارەگای ساواک لە دەرەوەی وڵات و بارەگای ساواک لە تاران، بۆ خێراکردنی گواستنەوەی ڕاپۆرت و فەرمان لە نێوان ناوەندەکان و تاران بۆ ڕێگریکردن لە دەستوەردانی ئەندامانی وەزارەتی دەرەوە لە کارەکانی ساواک بەمشێوەیە ئەندامانی ساواک ڕاپۆرتەکانیان دەنێرن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تێلێکسەوە بۆ هەواڵگری تاران و لە تارانیش ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەم ئامێرەوە فەرمان وەردەگرن، تێلێکس سیستەمێک بوو بۆ ناردن و وەرگرتنی نامەی کورت.
لەهەمانکاتدا بە پاڵپشتی شا هەوڵی دامەزراندنی دەزگای بێتەل دا، بۆیە وردە وردە خانووی پارێزراوی لە سەرتاسەری وڵاتدا ئامادە کرد بەنیهێنی کە گومان دروست نەکات و زۆر بە خێرایی کارمەندێکی بەڕێوەی دەبرد کە لەم بوارەدا شارەزا بێت لەگەڵ خێزانەکەی لە هەریەک لەو ماڵانە نیشتەجێ دەکران و بە بەرگێکی تەواو جیاوازەوە بۆ ئەوەی ژینگەی دەوروبەری خۆی ببینێت بە درێژایی ساڵانی ژیانیدا و کار بکات لە پێناو مەرامەکانی شا دا پارە و چەکیان پاشەکەوت کردبوو، ئەم وێستگانە بۆ ناوەندەکانی یەکە نهێنییەکانی لایەنگرانی شا لە ئەگەری هەر کودەتایەک یان هێرشێکی دەرەکی بۆ سەر ئێران و هەر یەکەیەک دەتوانێت لە ڕێگەی نەخشەوە دەستیان بەو پاشەکەوتە بگات و بەوەش توانای دارایی و چەکی پێویست دەستەبەر بکات و ئۆپەراسیۆنی کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری ئەنجام بدات و ئەم تۆڕە نهێنییە لە ساڵی 1966 بە سەرپەرشتی “شاپور جی” لە ستافی سوپاوە بۆ بینای نووسینگەی هەواڵگری تایبەت گواستراوەتەوە.
ساواک بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا کۆمەڵێک تۆڕ و ئۆفیس و دامەزراوەی تایبەتی سەر بە خۆی ڕێکخست، ئەوانیش:
تۆڕی ماهوتیان: ئەم تۆڕە هەواڵگرییە لە باکوری ئێران دامەزرا، لەژێر سەرپەرشتی و پلاندانانی شاپور-جی بوو، عەمید ماهوتیان وەک سەرۆکی ئەو تۆڕە دەستنیشانکرا. ئەم تۆڕە سەر بە M16ی ئۆپەراسیۆن بوو، بە توانا و بودجەی ساواک بەڕێوەدەبرا، ئەو زانیاریانەی بەدەستی هێنابوو تەنیا دەگەیشتە M16 و ئامانجی دامەزراندنی ئەم تۆڕە بریتی بوو لە ئاشکراکردنی ئەو کەس و لایەنەنانەی بۆ سۆڤیەتەکان کاردەکەن لە باکووری ئێران.
نووسینگەی تایبەتی هەواڵگری: ئەمە لەلایەن یەکەی هەواڵگریەوە لە بەریتانیاوە بە فەرمانی ئەمریکیەکان بەسەر شا سەپێنرا لە کاتی گەشتەکەی بۆ لەندەن لە ساڵی1959 و دواتر جەنەراڵ حوسێن فیردوست لەسەر بنەمای ڕای شاپوورجی چوو بۆ لەندەن بۆ وەرگرتنی فەرمان بۆ سەرکردایەتی کردنی ئەم فەرمانگەیەو ئەم نووسینگەیە هەوڵی دامەزراندنی تۆڕی نهێنیدا کە ئەندامەکانی یەکتریان نەدەناسی و حوسێن فیردوست سەرکردایەتی دەزگای تایبەتی هەواڵگری گرتە دەست.
دامەزراوەی پشکنینی شاهەنشا: لە دوای ساڵی 1958 دامەزراوە و ئەم دەزگایە ئەرکی چاودێریکردنی وردی پایه جۆراوجۆرەکانی حکومەت و بەتایبەتی هێزە سەربازییەکان پێسپێردرابوو بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ناڕەزایی لەنێو سەرکردەکانی سوپا و ئەگەری ڕوودانی پیلانی کودەتا. سەرکردایەتیەکەی سپێردارایە مورتەزا یەزدان پەناه، لە بەڕێوەبردنیدا شێوازێکی بەتوانای نیشاندا تا ساڵی 1971 کە کۆچی دوایی کرد و فیردوست جێگەی گرتەوەو گۆڕانکاری بنەڕەتی لەم دەزگایەدا کرد لەڕووی هەڵبژاردن و ئینتیمای تاکەکان و ئەو شێوازانەی تێیدا بەکاردەهێنرا کە ئەو ئەفسەرە کۆنانەی کە لە سوپاوە بۆ ئەم دەزگایە نێردرابوون دەریکردن و خانەنشینی کردنن و کەسی نوێ هێنا و دوو فەرماندەی بە ئەزموون و ژمارەیەک دادوەری بە ئەزموون لەم دەزگایەدا دامەزراند و کۆنتڕۆڵی توندیان بەسەر دامودەزگاکان و ناوەندە حکومییەکاندا هەبوو و ڕاپۆرتەکانی ئەم دەزگایە ڕاستەوخۆ دەگەیشتە شا .
ئەرکەکانی دەزگای هەواڵگری ساواک:
یاسای ساواک کۆمەڵێک مادەی لەخۆگرتبوو کە تێیدا ئامانج و ئەرکەکانی ئەم دەزگایە ئاماژەیان پێکرابوو گرنگترینی ئەم ماددانە بریتین لە:
مادەی یەکەم: پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگرتن لە سەرهەڵدانی هەر پیلانێک کە زیان بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بگەیەنێت.
مادەی دووەم: دەزگای هەواڵگری (ساواک) ئەم ئەرکانە لە ئەستۆ دەگرێت:
1کۆکردنەوەی زانیاری پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات. 2بەدواداچوونی ئەو کارانەی کە جۆرێک لە سیخوڕی یان لایەنێ لە دژی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی وڵات ئەنجامی دەدەن یان لە بەرژەوەندی بێگانە کار دەکەن.
3_ڕێگریکردن لە چالاکییەکانی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان، یان دامەزراندنیان، کە شێوازەکەیان پێچەوانەی دەستوورە یان دژایەتی شاهەنشایە.
4_پشکنین و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون سەبارەت بەم تاوانانەی خوارەوە:
1-ئەو تاوانانەی کە لە یاسای کرێکاراندا دژ بە ئاسایش و سەربەخۆیی وڵات هاتوون کە لە 12ی حوزەیرانی1931 دەرچوو.
2- تاوانەکان چی گەورە و بچوک کە هاتووە لە فەسڵی یەکەم لە بابی دووەمی یاسای سزادانی گشتی کە لە 13ی کانوونی دووەمی 1926 پەسەند کراوە.
3-ئەو تاوانانەی لە مادەکانی310بۆ317ی یاسای دادگاییکردن و سزای سەربازی ساڵی 1938دا باسکراون.
مادەی سێیەم: ئەندامانی دەزگای ساواک لە نێو ئەو کارمەندە سەربازییانەی کە بەرپرسیارن لە پابەندبوون لە ڕووی بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانانەی لە یاساکەدا ئاماژەیان پێکراوە و تەواوکردنی ئەرکەکان ئەژمار دەکرێن، ڕەچاوکردنی هەموو ئەو تاوانانەی سەرەوە لە دەسەڵاتی دادگا سەربازییەکان دەبێت لە بەرواری پەسەندکردنی ئەم یاسایە.
ساواک هەوڵی جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو ئەرکانەی دەدا کە بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچوون و هەندێک زانیاری پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری لایەنەکانی سەر بە ساواک و لە کۆڕبەندە گشتییەکان و چالاکیەکانی ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و خوێندن و هەڵسەنگاندنی بابەتەکانی بڵاوکراوەی ڕێکخراوە سیاسی و خوێندکارییەکان کۆدەکردەوە.
بە کۆکردنەوەی زانیاری و ڕاپۆرتی تایبەت بە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات بەتایبەتی لایەنگرانی ڕێکخراوە سیاسییەکان و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی کاری خوێندکاران و چاودێریکردنی پەیوەندییەکان و بزووتنەوەکانیان دەستی پێکرد و بە مەبەستی تەواوکردنی ئەم ئەرکە هەوڵی دەستکەوتنی هەر(مدرك) دەدا کە هی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بێت لەڕێگەی دزەکردنە ناو ماڵەکانیان و بردنی بەڵگەنامەی گرنگ هی ئەو کەسانە بوایە.
شایانی باسە هەندێک لەو هێرشانە لەلایەن محەمەد هاشمزادە سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکاران ئەنجامدرا کە ساواک هەوڵی دامەزراندنی لە میونشن دەدا و ساواک سیاسەتی دووەمی بۆ ڕاوەدوونانی بەرهەڵستکاران پەیڕەو کرد، توانی چەند کەسێک ناچار بکات خۆیان بەدەستەوە بدەن بەو هیوایەی بتوانێت گورزێکی قورس لە ئۆپۆزسیۆنی پێشکەوتووخواز لە دەرەوە بدات و ئەو نەیارانە بۆ لای خۆیان ڕابکێشێت، دەزگای ساواک بۆ ئەوەی وەکو ئامرازێکی پڕوپاگەندە سوودیان لێوەربگرێت و دوای هەڕەشە کردن لە خێزانەکانیان بۆ ساتێکیش لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژ بە ئۆپۆزسیۆن نەوەستاوە و بەهەموو توانا سیاسی و داراییەکانی خۆیەوە هەوڵی ئەوەیان دەدا میدیای وڵاتانی تر بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا.
بودجەی ساواک:
بودجەی ساواک ژمارەیەکی زۆر بەرز بوو، مووچەی بەرزترین فەرمانبەرانی دەوڵەتی تێپەڕاند، بوودجەی ساواک لە ساڵی 1972دا بەنزیکەی (255 ملیۆن دۆلار) بوو، ئەم ژمارەیەش لە ساڵی دواتردا بەرزبووەوە بۆ (٣١٠) ملیۆن دۆلار. جگە لە بودجەی نهێنی ئەم دەزگایە چەندی بۆ خەرج دەکرا.
بودجەی ساواک کراوەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت خەرجیەکانی جێبەجێکردنی سەرجەم پڕۆژە ئەمنییەکانی شا دابین بکات بەتایبەتی لەدەرەوەی وڵات، چونکە ئەم دەزگایە پێویستی بەبودجەیەکی تایبەت هەبوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکیەکانی
خوێندکارانی زانکۆ و ئێرانییەکانی دیکە لە سەرتاسەری جیهاندا.
سەرکردەکانی دەزگای هەواڵگری ساواک:
لەماوەی ساڵانی 1957بۆ 1979، سەرکردایەتی ساواک لەلایەن چوار ئەفسەری باڵای ئێرانەوە بەڕێوبراوە، یەکەمیان تەیمور بەختیار (1957-1961)،دووەم حەسەن پاکڕەوان (1961-1965) شوێنی گرتەوە، بە نەرمونیانیەکەی بەرامبەر بە نەیارانی شا ناسرابوو، لەماوەی بەڕێوبەری ساواکدا بڕیاریدا ئەندامی خوێندەوار و بەئەزموون لە بواری هەواڵگریدا دەستنیشان بکات تا دووەم هەوڵی تیرۆرکردن دژی شا لە کۆشکی مەڕمەڕ لە تاران و ڕووداوەکانی ٥ی حوزەیرانی1963 بووە هۆی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، شا لە شوێنی ئەو یەکێ لایەنگرە دڵسۆزەکانی بە ناوی نیعمەتوڵا نەسیری (1965 – 1978) دەستنیشان کرد.
لە ماوەی ئەو چواردە ساڵەدا نەسیری دەزگای ساواک لە ئەستۆدابوو گەورەترین دامەزراوەیەکی ناشرین و نابووتی حکومی بوو لە وڵاتدا، نەسیری هەموو جۆرە تۆمەتێکی ئاراستەی هەر کەسێک دەکرد کە دژایەتی دەکرد، هەروەها پەرویز سابتی کەسی دەستە ڕاست متمانە پێکراوی بوو.
لەدوای نیعمەتوڵا نەسیری کۆتا کەس پۆستی سەرکردایەتی ساواکی وەرگرت ناسر موقەدەم (1978 – 1979) بوو، کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەزگای ساواکدا خزمەتی نەکرد، بەڵام ماوەی کارکردنی جیاوازی نەبوو لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی، تەنانەت ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی لە 27ی کانوونی دووەمی 1978دا نووسیویەتی، دەربارەی دەزگای ساواک: ساواک چوار هەزار سیخوڕی مووچەخۆری هەیە و ئەگەر بمانەوێت ئاماژە بەو کەسانە بکەین کە پێشتر ڕاپۆرتیان پێشکەش بە ساواک دەکرد بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانیان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەربگرن ئەم ژمارەیە دەگاتە ملیۆنان کەس!
ئەگەرچی حەمە ڕەزاشا ناسر موقەدەمی وەک جێنشینی نیعمەتوڵڵا نەسیری دەستنیشان کرد، بەڵام دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لایەنە بەرهەڵستکارەکانی شا فشار و ناڕەزاییان تەواو تەقیبووەوە بەم گۆڕانکارییە شا ویستی دڵی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان خۆش بکات، بەڵام ئەم هەنگاوە نەیتوانی ڕزگاری بکات و نە دەزگای ساواکیش لە داڕمان ڕزگار بکات.
چاودێریکردنی چالاکی حزبەکان:
کۆنتڕۆڵی ساواک تەنیا بە هاوڵاتیانی ئاسایی و دامودەزگاکانی حکومەت سنووردار نەبوو بەڵکو چاودێری حیزبەکانی حکومەتیشی دەکرد و دوو جۆر بوو یەکەمیان لە بواری وەرگرتنی ئەندامی نوێ و پەسەندکردنی دامەزراندنی ناوخۆیی لە حزبەکاندا و دووەمیان لە بواری چاودێریکردن و چالاکی حیزبەکاندا بۆ ئاشنابوون بیروڕایان، ساواک لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر ئاستی خوێنەواری و ئەکادیمی دەکرد بۆ هەر ئەندامێک و ڕادەی دڵسۆزی بۆ شا و بنەماڵەی پەهلەوی و ڕادەی چالاکی و بەشداریکردنی لە چالاکیەکانی حکومەت تا چەند دژ بە دەسەڵاتی شاهەنشایە.
شێوازی سەرکوتکردنی دەزگای ساڤاک:
شا نەیارەکانی بە لادەر و کۆنەپەرستانە و کۆمۆنیست و دڵسۆز بۆ محەمەد موسەدەق ناوبرد، بۆیە دەزگا و هێزە ئەمنییەکانی ئازادی خۆی پێدان بۆ بنبڕکردنی ئۆپۆزسیۆن و ئەو شێوازەی ڕژێم بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرکوتکردن و گۆشەگیری و تیرۆرکردنی خۆی کە گرتووەتەبەر بۆ پراکتیزەکردنی ترسناکترین جۆرەکانی ئەشکەنجەدان و پڕکردنەوەی زیندانەکان و چالاککردنی دادگا سەربازییە تایبەتەکان و دەرکردنی سزای درێژخایەن و لەسێدارەدان، ڕاوەدوونانی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و کوشتنیان لە ژوورەکانی زیندان، تەنانەت پێش ئەوەی دادگایی بکرێن لە چاوی خەڵک دووریان دەخستەوە.
شا لە کۆتاییەکانی ساڵی 1971دانی بەوەدانا کە ئەشکەنجەدان لە ئێران دەستیپێکردووە و وتی: “من خوێنڕێژ نیم. من سەرقاڵی خزمەتکردنی نیشتمان و گەلەکەمم، توانای ئەوەم نییە کاتەکانم بەخت بکەم بەهۆی هەندێک گەنجی شێت و گەمژەوە. باوەڕم بەو ناشیرینییەی ئەشکەنجەدان هەیە کە هەندێک دەیگەڕێننەوە بۆ دەزگای ساواک، منیش ناتوانم کۆنترۆڵی هەموو شتێک بکەم”.
دەزگای ساواک دەستێوەردانی لە هەموو بابەتێکی گەورە و بچووکدا دەکرد، سەرپەرشتیی هەواڵ و بابەتەکانی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی دەکرد، بەدواداچوون و لێپێچینەوەی لە هەموو لایەنەکانی حکومەتی دەکرد کە مەترسی بۆ سەر ڕژیم دروست دەکرد، سانسۆریشی بەسەر دامەزراوە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنییەکاندا دەسەپاند.
ساواک بەدرێژایی تەمەنی 22ساڵەی خۆی تاوان و سەرپێچی بێشوماری ئەنجامدا و زۆرێک لە تاکەکان لە کاتی ئەشکەنجەداندا گیانیان لەدەستداوە، ساواک لەم ئەرکانەدا لەلایەن بەشی پشکنینی شاهەنشا و فەرمانگەکانی هەواڵگری و فیرقەی دووەمی دەستەی سوپاوە هاوکاری دەکرا.
سەرەڕای ئەوەش، شا و ساواک ڕەزامەندی سەرۆکی ئەمەریکا جۆن کەنەدی بەدەستهێنا، نەیدەویست زیان بە ڕژێمی دەسەڵاتی پەهلەوی بگەیەت، بە واتایەکی تر، هیچ ڕێگەیەک جگە لە گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوتکردن نەبوو، جێبەجێکردنی چاکسازییش لە نیەتی شا تەنها قسەبوو. لەهەمانکاتدا بەدواداچوونی بۆ نەیاراندا و ئۆپۆزسیۆن وەکو ئەوەی سەرۆک جۆن کەنەدی و ڕاوێژکارەکانی پێیان وابوو باشترین ڕێگا بۆ دژایەتیکردنی شەپۆلی کۆمۆنیستی سیاسەتی چاکسازییە لەگەڵ سەرکوتکردن بۆ ئەوەی ئەگەر پرۆسەی چاکسازی نەگەیشتە ئامانجەکانی ڕۆڵی هێزە چەکدارەکان دێتە ئاراوە و لە ژێر ڕۆشنایی ئەم تیۆرییە ئەمریکییەدا ئەو هێزانە سەریان هەڵدا کە پێیان دەگوترا (پۆلیسی دژە ئاژاوەگێڕی)، بەڵام لە ئێراندا ئەمانە پێیان دەوترا (کڵاو سەوزەکان) بەو ناوەوە ناسران و سەر بەهێزی تایبەتبوون.
شا بۆ یەکەم جار پەنای بردە بەر بەکارهێنانی ئەم هێزانە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆی تاران لە ساڵی 1963 جگە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی شەشی حوزەیرانی 1963 ناسراو بە ڕاپەڕینی( 15خرداد)، لە وەسفی یەکێک لە پەیامنێران بۆ ئەو هێزانە بە ( چاو و گوێی شا و لەکاتی پێویست مشتەکۆڵەی ئاسنین)) ناویان دەهێنێت.
سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی ساواک باس لەوە کراوە لە ماوەی ساڵانی 1959 تا 1979 زیاتر لە (17) هەزارکەسی ناڕازی ئێرانی کوشتووە، ئەم دەزگایە چەندین شێوازی ئەشکەنجەدانی تایبەت بە ئەوان هەبووە لەوانە سەرەوخوار هەڵواسینیان و ئەشکەنجەدانیان و پێستەکردنیان تا مردن ئەم شێوازە بە شێوازی (مەڕ) ناسراوە، ئەمەش بەپێی گەواهی هەندێک لە ژنانی ڕزگاربووی زیندانەکان بەتایبەتی زیندانی ئەوین تۆمار کراوە.
دەزگای ساواک لیژنەیەکی هاوبەشی دامەزراندبوو، بەرپرسەکانیان ئەفسەری هەواڵگری و ئەندامی ساواک بوون، ئەزموونێکی ئەوتۆیان نەبوو، لەلایەن پسپۆڕانی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا و مۆسادی ئیسرائیلەوە ڕاهێنانیان پێدەکرا، بۆیە شارەزابوون لە ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان و دەرهێنانی ئەو وەڵامانەی دەیانویست بەناوبانگترینیان نادری پور بوو کە بە (زەهرانی) و محمد حەسەن نەسیری بە (عضدي) ناسرابوون.
گرینگترین ئەرکی لیژنەی هاوبەش لە سەرەتای ساڵی 1971 تا ساڵی 1977 ڕاوکردن و دەستگیرکردنی ئەندامانی سازمانی فیدائینی خاڵق و موجاهیدین و بزووتنەوە بچووکەکانی دیکە بوو لە تاران و باقی شارەکاندا، لەو ماوەیەشدا پێنج زیندانی دیکە لە ماوەی ساڵانی حەفتاکان دروستکران بۆ دەستگیرکراوەکان. ئەم سیاسەتە سەرکوتکەرانە سەرکەوتوو نەبوو و دژایەتی لەناو ئێراندا زیادیکرد، سەرەڕای گۆڕینی هەڵوێستی ئەمریکا لە بەرژەوەندی شا کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕژێمی شا هەبوو و بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی و دامودەزگا سەرکوتکەرەکەی لە ساڵی 1979.
هێماکانی چەوساندنەوەی ساواک:
لە شۆڕشی فەڕەنسیدا ناتوانی باسی زیندانی قەڵای باستیل پەراوێزبخەی، بێگومان زیندانی “ئەوین” و “قەسری قاجار”یش ڕەمزی چەوساندنەوە و ستەمکاریەکانی ساواک و دەسەڵاتی شاهەنشایە، لێرەدا بە هەزارەها کەس خراپترین توندتیژی و کوشتن بەخۆبینووە، بەشێکی زۆری لەوانەش کوردبوونە.
دەزگای هەواڵگری مۆساد پەیوەندی بە ساواکەوە:
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی “مۆساد” و ئەمریکا بەشدارییان لە مەشقپێکردنی دەزگای ساواکدا کرد، لەڕێگەی نێوەندگیری ئەمریکی لە نێوان هەردوولادا، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی وڵاتانی ناوچەکەی دەدا لە بواری هەواڵگریدا هاوکاری یەکتر بکەن، ئەمریکا ویستویەتی ئیسرائیل تێکەڵ بکات لەو هەوڵە هەواڵگرییەدا؛ لە کاتێکدا هەواڵگری ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەشکەنجەداندا داوای یارمەتیی شارەزایان لە ئیسرائیل دەکرد و بریکارەکانی ساواک لە لایەن ئیتلاعاتی ئیسرائیلەوە مەشقیان پێدەکرا، لە هەمان کاتیشدا لەڕێگەی ئێرانەوە چاوی دراوسێ عەرەبە دوژمنەکانی بێت. ژمارەی شارەزایانی جوولەکە لە ساواک لە ساڵی 1976دا گەیشتە پێنج سەد پسپۆڕ کە چوونەتە ناو هەموو لقەکانییەوە.
ڕاپۆرتی هەڵە لەلایەن ساواک:
سەرەڕای هەموو ئەو ڕێکار و پێداویستی و کارانەی شا ئەنجامی دەدا تا ساواک ببێتە ئەو چەکەی هەمیشە ئامادەبێ بە ڕووی نەیارەکانی، بەڵام نەک نەیپاراست بڵکو بووە بەشێک لەو بزمارەی درا لە دوا تابوونی دەسەڵاتی شا، چونکە دەزگاکە گەلێک کەمترخەم و بێباک بوو لە هەموو لایەنەکان، تا دەگەیشتە ناردنی ڕاپۆرتی هەڵە و ناڕاست بۆ سەرانی دەسەڵات لەلایەن کارمەندانی ساواکەوە.ئەو خەمڵاندنانە لەڕەگو ڕیشەوە دەسەڵاتی هەڵتەکاند.
کۆتایی دەزگای ساواک:
هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی بووە هۆی داڕمانی ڕژێمی شا و دەزگای هەواڵگریی ئەو سیاسەتەی شا بۆ بەهێزکردنی دەزگای سەرکوتگەرانە و فشارخستنە سەر خەڵکی ئێران بووە هۆی زیادبوون و فراوانبوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دژایەتیکردنی، بە تایبەت دوای ئەو کۆمەڵکوژییە گەورەیەی کە هێزەکانی شا لە حوزەیرانی ساڵی1963 ئەنجامیدا.
ڕژێمی شا لە نێوان ساڵانی 1972 – 1974 کەوتە بەردەم دوو مەترسی بەهێز یەکەمیان پێکدادان بوو لەگەڵ چەکدارەکان کە چالاکییە چەکدارییەکانیان دەستیکرد بە دەرکەوتن و فراوانبوونێکی بەرچاوی لەخۆگرت وەک رێکخراوێک لە نێو دامەزراوە ئایینییەکاندا دەرکەوتن و بانگەوازی جیهاد لە دژی ڕژێم و ساواک کەوتنە جوڵە و چەندین ناویان هەڵگرتبوو لەوانە (الامة الواحدة) و (الموحدون) و (المنصورون) و لە چەندین ناوچەی ناو ئێران بڵاوبوونەوە وەک کرمان و بهبهان و ئەهواز و چەندینی تر…
مەترسی دووەم ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنە ئاینییەکان بوو بە سەرکردایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی کە لە ساڵی 1972 بۆ دەرەوەی ئێران دوورخرابووەوە و بە سوود وەرگرتن لە تواناکانی بۆ شێواندنی وێنەی ئایەتوڵڵا خومەینی بەردەوام بەیاننامەی دەردەکرد و خومەینیش هەوڵی دەدا کۆمەڵگای ئێرانی بەتایبەتی هەوڵی دەدا زانا و پیاوانی ئاینی لە دژی شا ڕاپەرێنێ.
لە ئاستی دەرەکیشدا هەڵوێستی سیاسەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە شا گۆڕا دوای ئەوەی جیمی کارتەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 1977دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
شا هەستی بەدڵتەنگی سیاسەتی تازەی ئەمریکا کرد، چونکە بۆچوونی سیاسەتمەدارانی ئەندامانی حکومەتی نوێی ئەمریکا بەتایبەتی یاریدەدەرانی سەرۆکی کۆمار، دژایەتیی تیۆرییەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێنری کیسنجەر بوو، جگە لەوەش بەشێک لە بیردۆزەکانی کارتەر و وەزیرەکانی دەیانویست هەمووان تێبگەن مەبەستیان نییە درێژە بە سیاسەتی پێشووی سەرۆکەکانی تر بدەن. دیپلۆماسی ڕاستەوخۆ دەگرێتەبەر حکومەتی نوێی ئەمریکا، لەبری ئەوەی شێوازی پشتپەردە و نهێنیی کە لە سەردەمی سەرۆکەکان ڕیچارد نیکسۆن (1969-1974) و جیراڵد فۆرد (1974-1977) هەبوو ئەم سیاسەتە.
شا لە دۆخێکدا بوو کەس ئیرەیی پێنەدەبرد، لەماوەی پێش دەسەڵاتی کارتەر هەماهەنگی تەواوی (C.I.A)لەگەڵ شا دا هەبوو تەنانەت کاریگەری لەسەر سیاسەتی تارانیش هەبوو، شا بە چاوێکی پڕ لە هیوا هەمیشە لێ دەڕوانین دەستیان لە کاروبار وەردەدا، بەتایبەت دوای کودەتاکەی موسەدەق بەتایبەت لەماوەی1972بۆ1976ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا لەسەر شا ڕەنگیدایەوە…
ئەم سیاسەتە ئەمریکییە بۆ پشتیوانی لە شا، دۆخەکە دژی شا پێچەوانە بووەوە لە ماوەی خۆکاندیدکردنیدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا جیمی کارتەر سی ئای ئەی بە شەرمەزارییەکی نیشتمانیی شەرمەزار کرد، کاتێک دەسەڵاتی وەرگرت کۆتایی بەو بەڵگەنامە و بڕیار و کاری شاراوە و نیهێنیانەی لەماوەی سەرۆکەکان نیکسۆن و فۆرد دەریانکردبوو لەژێر ناوی مافەکانی مرۆڤەوە واژۆ کرابوو.
لە ماوەی ساڵانی 1976 و ناوەڕاستی ساڵی 1977، وڵاتەکان سێ ڕێکخراوی گرنگی نێودەوڵەتی کە مانگی سووری نێودەوڵەتی، لێبوردنی نێودەوڵەتی، و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی یاساناسان بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئێران بکەن و لە نزیکەوە لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران بکۆڵنەوە، ئەم سەردانە کاریگەری گەورەی لەسەر مافەکانی مرۆڤ هەبوو.
لە مانگی شوباتی ساڵی 1978، سەرۆک کارتەر ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی پێشکەش بە کۆنگرێس کرد لەسەر بارودۆخی وڵاتانی دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بارودۆخیان، بە پشتبەستن بەوەی کە لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەی پێدراوە و ئەوەشی لەلایەن سی ئای ئەی ئامادە کراوە لە ڕاپۆرتی خولی ساڵانەی خۆیدا کە حکومەتی ئەمریکا دەیخاتە بەردەست ئەندامانی کۆنگرێس، ڕاپۆرتەکە ژمارەیەک بەش لە هەزاران لاپەڕەدا لەخۆ دەگرێت، لەوانە بەشێک بە ناونیشانی (ڕادەی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی دۆست) بابەتەکە خراپ بەسەر ئێران تەقیەوە.
ئەنجامی بابەتەکە لەسەر کارتەر مایەوە، چونکە ئەوەی لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و سی ئای ئەی ئاماژەی پێدراوە گرژی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمەکانی ئەمریکا و ئێران بوو و تەنانەت هەندێک سەرچاوەش ئاماژەیان بەوەدا ئیدارەی ئەمریکا دەستی کردووە بە کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە هەموو لایەنە سیاسی و ئایینەیەکانیەوە.
پشێوی و ئاژاوە لە شەقامەکانی ئێران بڵاوبووەوە و بارودۆخەکە خراپتر بوو و دەزگای ساواک و هێزە ئەمنییەکان و سوپا نەیانتوانی لەبەرانبەر تەوژمی زاڵبوونی شۆڕش و خێرایی ڕووداوەکان و ڕووخانی دەزگای ساواک و ڕژێمی پەهلەوی شا لە شازدەی کانوونی دووەمی 1979 لە تاران هەڵهات. پاش سەرکەوتنی شۆڕشگێڕان لە ئێران تاقیکردنەوەی مەیدانی بەپەلەیان بۆ هێما دیارەکانی ڕژێم ئەنجامدا و زۆربەیان لە سێدارە دران، زۆربەیان ئەفسەرانی ساواکیان لەخۆ دەگرت.ئەم دەزگایە لەلایەن شاپوور بەختیار دواهەمین سەرۆک وەزیرانی شاهەنشا هەڵوەشایەوە لە جێگەی ساواک دەزگای (ڤاڤاک-VAVAC) شوێنی گرتەوە تا دواتر دەزگای هەواڵگری ئیتلاعات لە شوێنی بە فەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرا.
سەرچاوە:
1- سیلینا بلیدوسکا و جوناسان بلوتش، جەنگی هەواڵگری نێوان دەزگای هەواڵگری ئەمریکا و ڕوسیا،بەرگی1، و:هێرش هەورامی، چاپخانە کارۆ،چ1،ل98-103.
2- عمر احمد قدور، ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی دەوڵەت، و: ئازاد گڕاوی چاپخانەی هاوسەر، هەولێر، چ1، 2009،ل69.
3-بەهرۆز عزەت محی الدین، زانستی هەواڵگری، چاپخانەی کۆمەڵگای ئەحمەدی خانی، سۆران، چ1، 2018، ل161-165.
4-روافد جبار شرهان، نشاط جهاز المخابرات الايرانية السافاك 1957-1979، الجامعة المستنصرية كلية التربية قسم التاريخ.
5-أيمن محمد عبد، جهاز السافاك الاستخباراتي الأيراني، https://group73historians.com