Home / بەشی مێژووی كورد / زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١)

بەشی يەكەم

(چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز لەسەردەستی سۆمەریەکان دەستپێدەکەن)

لە بەرگی بیست و نۆی گۆڤاری سۆمەر بۆ ساڵی ١٩٧٣، بابەتێکم بە ناوی ((بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی لە چاخەکانی پێش مێژوو و پەیوەندییەکەی بە ھونەری سۆمەرییەوە) بڵاوکردەوە بابەتێک سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و پرۆسەی زیتدەبەچاڵکردنی کچان ، لە خوارەوە ھەندێک لەو شتانە دەھێنمەوە کە لە پێشەکی وتارەکەی پێشوودا ھاتووە.

ئەو شارستانییەتانەی لە سەردەمی بەردینی نوێدا (نزیکەی ١٠٠٠٠ – ٥٠٠٠ پ.ز) لە ناوچەکانی باکوری عێراق زاڵ بوون، شارستانیەتێکی کشتوکاڵی بوون کە بەرھەمەکانیان بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە باران دەبەست (١). بۆ بەرھەمھێنانی زۆر تەنھا پێویستی بە پیتوفەڕ بوو. ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش دانیشتوانی ئەم شارستانیەتانە بیرۆکەی پیتوفەڕ و ھەموو ئەو شتانەیان دەپەرست کە ژیانی نوێ بەرھەم دەھێنن، ھەروەھا بووکەڵەی دایکیان کردە ھێمای پەرستنی خۆیان ،کەبەخوداوەندەی دایک ناسراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دایک بە ڕواڵەت تاکە توخمە کە ژیان لە نێو رەچەڵکی مرۆڤدا بەرھەم دەھێنێت.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕەگ و ڕیشەی ئەم پەرستنە لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخەکانی سەھۆڵبەندان، وەک بەھۆی ئەو سەھۆڵەوە کە ڕووبەرێکی فراوانی کیشوەری ئەوروپای گرتبووەوە ناوچەی دەوروبەری بەرزاییەکانی چیای ئەلب و ناوچەکانی باکووری کیشوەری ئەوروپای) ، ئەوروپا بوو بە ناوچەیەکی فشاری بەرز لە کاتێکدا کە ڕۆژھەڵاتی نزیک و ئەفریقا و ناوچەکانی تری باشووری ئاسیا بوون بە ناوچەیەکی پەستانی نزم بە بەراورد بە ئەوروپا.

ئەم نایەکسانییە لە پەستاندا بووە هۆی هێرشی بای سارد کە هەڵمی ئاویان لە ئەوروپاوە دەگواستەوە بۆ ناوچەکانی پەستانی نزم. ئەم بایانە بارگاوی بوون بە هەڵمی ئاو، بە شێوەیەکی سروشتی بووە هۆی بارانبارین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و چیمەن و ڕووەک لە سەردەمی سەهۆڵبەنداندا گەشەیان کردووە، تەنانەت لەو ناوچانەی کە لە ئێستادا بیابانن.

گومانی تێدا نییە کە بەردەستبوونی باران لە ناوچەکەدا لە سەردەمی سەهۆڵبەنداندا وایکردووە کە مرۆڤەکان سەرنجیان لەسەر پیتوفەڕ و زاوزێی ئاژەڵان بێت بە شێوەیەک کە پێویستی دانیشتووان بۆ گۆشتەکانیان مسۆگەر بکات. بۆ دابینکردنی ئەم پێویستییە، دانیشتووان دەستیان کرد بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کارکردن بۆ زیادکردنی زاوزێیان، ماوەیەک تاڕادەیەک کورت پێش ئەوەی کشتوکاڵ لە ژیانی مرۆڤدا دەربکەوێت (2).

ئەم لایەنە تایبەتە ئەوەیە کە بیرۆکەی پیتوفەڕ و زاوزێی لە ئاژەڵەکاندا کردە بنەمای باوەڕی ئایینیی دانیشتوانی ئەم قۆناغە. بەڵگە بۆ ئەمەش ئەوەیە کە هەموو ئەو پراکتیزە جادوويیانەی مرۆڤی کۆن بەکاریان هێناوە ئامانجیان زیادکردنی بەرهەمهێنان و زاوزێی ئاژەڵەکان بووە (3). ئەگەر ئەو بنەمایانە شی بکەینەوە کە ڕێوڕەسمی جادوويی لەسەریان دامەزراوە، بۆمان دەردەکەوێت کە یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی پەسەندکراو لەم ڕێوڕەسمانەدا ئەو بنەمایەیە کە هۆکارە هاوشێوەکان ئەنجامێکی هاوشێوە بەرهەم دەهێنن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، جادووگەرە کۆنەکان پێیان وابوو کە دەتوانن بە لاساییکردنەوە ئەو ئەنجامە خوازراوانە بەدەست بهێنن.

تا ئەو کاتەی کە پرۆسەی زۆربوون لە بەرهەمهێنان و زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵەکان تەنها لە ڕێگەی پیتاندنەوە ڕوودەدات، ئەوە بووەتە پێویست بۆ مرۆڤ، بۆ ئەوەی بتوانێت زۆريی بەرهەم بەدەستبهێنێت، سەرەتا لە ڕێگەی پراکتیزە جادوويیەکانییەوە، پرۆسەی پیتاندن خۆی دڵنیا بکاتەوە. بەڵگەی ئەمەش پرۆسەی هاوسەرگیری پیرۆزە کە لە عێراقی کۆن لە کاتی ئاهەنگەکانی ئاکیتو و سەری ساڵدا ڕوویدا.

ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش من پێم وایە لە ئێستادا ئەو بووکەڵانەی دایک وێنادەکەن (٤)، کە بەزۆری بە شێوەیەک دروست دەکرێن کە جەخت لەسەر ناوچەکانی پیتوفەڕ لەژندا دەکەنەوە، تەنھا یەکێکە لە ئامرازەکانی پێگەی بەرز لە نێوان ئەو شێوازە زۆرانەی کە لە کاتی ڕێوڕەسمی ئەفسون وجادووییدا بەکاردەھێنران کە ئامانجیان زۆرکردنی ئاژەڵەکان و زیادکردنی بەرھەمھێنان بوو.

لەگەڵ کشانەوەی سەردەمی سەھۆڵبەندانی چوارەم – فورم (Wurm) کە لە نزیکەی ١٢٠ ھەزار – ١٠ ھەزار پێش زایین بەردەوام بوو. ئەمەش بووە ھۆی کەمبوونەوەی باران لە ناوچەکەدا و تەنھا لە وەرزی زستان و بەھاردا باران دە باری ، وەک لە ئێستادا. ئەم کەمی باران بارینە وایکردووە زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچەکە کۆچ بکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە دەتوانن خۆراکیان لێ دەستبکەوێت، ھەروەھا بەشێکیانی ناچار کردووە کە کشتوکاڵ بکەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بارانبارینی ساڵانەیان بەس بووە بۆ گەشەکردنی بەروبوومەکان.

تا ئەو کاتەی ئەو دانیشتووانەی کە کشتوکاڵیان دەکرد، وەک ئەوانەی پێش خۆیان، بە ھەمان شێوە پشتیان بە باران دەبەست بۆ بەدەستھێنانی پێداویستی خۆراک، و ئەوەی پێویستیان بوو و ھەروەھا بۆ بەدەستھێنانی پیتوفەڕ و زاوزێی ئاژەڵان، پەرستنی پیتوفەڕ و زاوزێ بەردەوام بوو، کە ھێمای بووکەڵەکان بوو کە دایکی وێنا دەکرد ، وەک لە پێشەکی بابەتەکەدا ئاماژەم پێکرد.

گومانی تێدا نییە کە کشتوکاڵ بووە ھۆی سەقامگیری و باشتربوونی بارودۆخی ژیان، واتە بووە ھۆی دروستبوونی ھەلومەرجی نوێ و ئەم ھەلومەرجانەش لە بەرامبەردا یارمەتیدەر بوون بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە زیادبووانی دانیشتووان بگوێزنەوە بۆ نیشتەجێبوون لە شوێنی دیکەی نوێ ئەو ناوچانەی کە بارانبارینی ساڵانەیان ناجێگیرەو دڵنیایی و گەرەنتی نییە (٥). پرسەکە ھەر بەوەوە کۆتایی نەھات بەڵکو زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی دانیشتووان بووە ھۆی ئەوەی خەڵکی باکوور لە ناوچەکانی دیکەدا نیشتەجێ بن کە دەکەونە باشووری ھێڵی بارانبارینەوە، تا گەیشتنە شاری سامەرا.

گومانی تێدا نییە کە بارانبارینی ساڵانەی ئەو ناوچانە ناوەناوە و ناجێگیرە، واتە لە یەک ساڵدا باران بەسە بۆ گەشەکردنی بەروبوومەکان، لە ساڵی دواتریشدا ڕەنگە کەم بێت و بەس نەبێت بۆ ئەو مەبەستە، ھەروەک چۆن حاڵەتەکە لە ئێستادا لە زۆرێک لە ناوچەکانی باکوور، بە تایبەت لە ناوچەی جزیرە ھەروایە. ئەم ناوەناوە و ناجێگیرییە لە ڕووی بارانبارینەوە وای لە خەڵک کرد لەم ماوەیەدا بیر لە چەندین ڕێگا بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە ببنەوە کە بەردەوام ھەڕەشە لە ژیانیان دەکات.

یەکێک لەو لایەنانەی کە بیری لێکردۆتەوە، کە لە وتارەکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیدا ڕوونمان کردەوە، ئەوەیە کە مرۆی ئەم قۆناغە دەستی کردووە بە گرنگیدان بەو ھۆکارانەی کەشوھەوا کە کاریگەرییان لەسەر باران و چاندن و دروێنە ھەیە زیاتر لەوەی کە بایەخ بدات بەپیتوفەڕ و زۆربوونی ئاژەڵەکان، چونکە پیتوفەڕبەبێ باران بێ بەھایە و ئەو ئاژەڵانەی کە ژیانی نوێ دروست دەکەن بەبێ چاندن وکشتوکاڵ مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت، ئەم لایەنە و بابەتەکانی تر کە دواتر ڕوونی دەکەینەوە، وادیارە بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی بزووتنەوەیەکی ئایینی نوێ کە لەڕێوڕەسمەکانیدا پشت دەبەستێت بە پیرۆزی ئەو ھۆکارە سروشتیانەی کە کاریگەرییان لەسەر باران و چاندن و دروێنە ھەیە.

ئەم بزووتنەوەیە بە تایبەتی لە سەردەمی شارستانیەتی سامەڕا و بە تایبەتی لە شوێنی تەل سەوان بڵاوبووەوە. وردەکارییەکانی ئەم بزووتنەوەیە و دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی لەسەر ھونەری سۆمەری دەتوانرێت لە ژمارەی سەرەوەی گۆڤاری سۆمەردا بخوێندرێتەوە.

About دیدار عثمان

Check Also

گۆڕستانی پۆڵندییەکان لە خانەقین

گەرمیان حەسەن بە دووری “٥ کیلۆمەتر” لە باشووری شاری خانەقین گۆڕستانێک دەبینی، کە دیرۆکێکی جیاوازمان …