Home / بەشی مێژووی كورد / بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١)

وه‌رگێرانی موحمه‌د وه‌سمان

بەشی پێنجەم

لە ھەڵکۆڵینە زۆرەکانی سەردەمی بەردینە نوێیەکان، ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە میسر پێش ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی یەک پاشادا یەکبگرێت، دابەش بووبوو بەسەر چەندین ناوچە ، ھەریەکەیان خوداوەند و فەرمانڕەوای خۆیان ھەبووە، واتە دابەش بووە بەسەر شارە-دەوڵەتەکانی ھاوشێوەی شارە-دەوڵەتەکانی سۆمەری و ھەر شارە-دەوڵەتێک دروشمێکی تایبەت بە خۆی ھەبوو، کە یەکێتی خۆی لەخۆگرتبوو و ئەم دروشمانە وێنەی ئاژەڵەکانی وەکو: ھەڵۆ، سەگ، دووپشک و ھتد، یان وێنەی ڕووەکی وەک زەل و تووەکێویلە و دارخورما بوون ، بۆیە زانایانی کۆمەڵایەتی پشتڕاستیان کردۆتەوە کە ئەم نیشانانە ھێمای تۆتەمی جیاواز بوون و ھەر بۆیە دەتوانین وا دابنێین کە شارە-دەوڵەتەکانی میسریش خێڵی تۆتەمی جیاواز بوون.

کاتێک دەسەڵات لە دەستی یەک کەسدا کۆبووەوە و دەسەڵاتی پاشایەتی فیرعەونی دەرکەوت، پاشا بە نەوەی ئەو تۆتەمة دادەنرا، وەک ئەوەی تۆتەمەکە لە کەسایەتی پاشادا بەرجەستە بووبێت و نوێنەری ئەو بێت و ئەم لایەنە تایبەتە ئەوەیە کە فیرعەونی دروستکردووە بەوشێوەیەی خوداوەند بێت و تاکە خاوەنی خاکەکە بێت و دابەشکەری ھەموو نیعمەتە زەمینی و خوداییەکان بێت، و تەنھا ئەو ناوەندگیری لە نێوان خەڵک وخوداوەندەکان بكات.

ھەرخۆی پێشگۆیە-کاھن- وجادووگەر وسەرکردەی خەڵکە لەم جیھانەداو ڕێبەرە لەڕێی چوونە بەھەشت.

لەبەر ئەمە فیرعەون وەک گەورەترین ھێزی گوزارەیی دەرکەوت، کە مرۆ وێنای کردبێت.

لەوەوە دەردەکەوێت گۆڕانی ئایینی کە لە میسر ڕوویدا لە چاخە مێژووییەکاندا زۆر لەوە سروشتی ئایینی تەوتەمی چاخی بەردینی نوێ جیاوازنییە، جگە لە چڕبوونەوەی دەستەڵات لەدەست یەک تەوتەمدا ئەویش بەھۆی چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی بوو بەدەست دەوڵەتە شاری ئەو تەوتەمەوە.

بۆیە -وەک ئاماژەمان پێدا، گۆڕانکاریی ئایینی لە میسری کۆندا بە ھۆکاری ژینگەیی سەریھەڵنەداوە، بەڵکو بە ھۆکاری سیاسییەوە سەریھەڵداوە،ھەربۆیە پەرەسەندنی ڕێبازێکی گرتبووەبەر جیاواز لەو ڕێگایەی پەرەسەندنی ئایینی لە عێراقی کۆندا گرتبوویەبەر، پێشکەوتنێک کە لە سەردەمی مێژووییدا لە دوای ململانێ و کۆڵنەدان و خۆڕاگریێکی زۆرو بەردەوام گەیشتووەتە لوتکەی کامڵبوونی.

دوای ئەم باسکردنە دەگەڕێینەوە و دەڵێین ئەگەر ئەم گریمانانەی کە باسمان کردن ڕاست بن، ئەویش ئەوەیە کە بیرۆکەی ئایینی سۆمەری کە لە پەرستنی ھێزە سروشتییەکان دەردەکەوێت، لە ناوچەکانی کاریگەری شارستانیەتی سامەرادا دەرکەوتووە و سروشتی ھونەری سۆمەری لە ژێر کاریگەری ئەو شتانەدا بووە کە سۆمەرییەکان لە قۆناغی خەباتیان بۆ ئەو بیرۆکەیە تووشی هاتوون، ھاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ ھونەرە كريستيانييەکان ڕوویدا، بەو پێیەی خەسڵەتی جیاوازی ئازارەکانیان تەنیا بۆ تیشک خستنە سەر ئەو ئازارەیە کە شکۆمەند (مەسیح) کێشاویەتی لەکاتی مژدەدانەکانیدا.

لەم حاڵەتەدا دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە، کە سۆمەرییەکان دانیشتووی بەشەکانی باکوور بووين، کە بەشێکی زۆریان بەھۆی ئەو چەوسانەوەیەی لە ڕابردوودا ڕووبەڕوویان بووەوە،لەو ماوەیەی گریمان ھاتنە باشوور وتیایدا بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانە ڕوویداوە کە داوای پەرستنی ھێزە سروشتییەکانی دەکرد و گاڵتەیان بە پەرستنی پیتوفەڕو نانەوەی ژیانی نوێ دەکرد.

ئەم گرووپە کۆچبەرە تێکەڵ بەو کەسانە بوون کە پێش گەیشتنیان بۆ بەشی باشووری عێراق لەوێ بوونیان ھەبووە. ئەو گرووپەی کە پێش کۆچی ئەم بەشە لە باشووری عێراقدا ھەبوون، ئەم گرووپە کۆچبەرە ئەو ئایینە نوێیەی لەگەڵ خۆی ھێناوە کە پەرستنی ھێزە سروشتییەکانە ، بە بڕوای من لەو کۆچبەرانە پێکدێت کە لە باکوورەوە ھاتوونەتە بەشی باشووری عێراق بەھۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کە لە نێوان شارستانیەتەکانی حەسونە و حەلەف و سامەڕا ڕوویداوە لەو ماوەیەی پێش سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی پێشتر باسکرا، ھەروەھا لەنێو دانیشتوانی ڕەسەنی باشوور کە لەو سەردەمەدا بەھۆی سروشتى ئاشتى خوازانەيان بەھۆی ژینگەی باشوورەوە، یان ڕەنگە بەھۆی کەمی ژمارەیانەوە بە بەراورد بە کۆچبەرانی بەشەکانی باکوور و دواکەوتوویی شارستانییان، دەستەوەستان بوون.

گومانی تێدا نییە کە ئەم بۆچوونە، کە وا گریمانە دەکات کە باشوور پێش کۆچبەران، واتە سۆمەرییەکان، لە بەشەکانی باکوورەوە ھاتوونەتە ئەوێ، نیشتەجێ بووینە، بە ئاسانی ناوی ئەو شارانەی سۆمەریمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە لە بنەڕەتدا سۆمەری نین، چونکە لەم حاڵەتەدا دەبنە ناوی سەپێنراو لەلایەن زمانی دانیشتوانی ڕەسەن و لەلایەن سۆمەرییەکانەوە دوای ھاتنیان وەرگیراون، چونکە ناوی ناوچەکان بە ئاسانی ناگۆڕدرێن.

ئەمە لایەنێکە، لایەنێکی دیکەش کە حەز دەکەم بۆ باسکردن بیورووژێنم ئەوەیە، کە من پێم وایە ناوی سۆمەرییەکان و ناوی ناوچەی سۆمەر لە ناوی کۆنی ناوچەی سامەراوەرگیراوە، ئەو ناوچەیەی کە من گریمانەم کردووە زێدی ڕەسەنی خۆیان بووە پێش کۆچکردنیان بۆ باشوور، چونکە ئەگەر لە وشەی ئةل سامەرا ئەو پیتانەی ئەلیف و هەمزە بسڕینەوە، کە بەھۆی کاریگەری زمانی عەرەبییەوە بۆ ناوی کۆنى زیادکراون، ھەروەک چۆن لە ناوى کۆنى شاری (اورک -ئورک)) کە لە سەردەمی ئێستادا بوو بە ئةل وە ركاء ، بۆیە تەنھا لەناوی شارەکە ((سامر))مان بۆ ماوەتەوە، ئەم ناوەش جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ناوی ((سومەر)) نییە، وەک چۆن پیتەدروستەکان لە ھەردوو وشەکەدا وەک یەکن(بەسۆمەری بەوناوچانە وتراوە) سوبیر-su-bir (سو-واتە گەل،خەڵک ،بیر-واتە بەھەشت،یا دەشتایی،یاھەرێم وناوچە). ئەمە لایەنێکە، لایەنەکەی تر و گرنگتر ئەوەیە کە شاری سامەڕا لە ڕابردوودا بە تایبەت لە ساڵی ٣٦٢ی زایینی و پێش ئەم ريَكةوتةشەش بە ھەمان شێوە،بە بێژەوی ((سومەر – Sumere))دەوترا، کە بە ھیچ شێوەیەک جیاوازی نییە لەگەڵ بێژەکردنی ناوى ناوچەی سومەر لە نووسینە مێخییە کۆنەکاندا (دەربارەی ئەوە بڕوانە وەرگێڕانی پرۆفیسۆر فواد جەمیل وەسفێکی جوانی مێژوونووسی ڕۆمانی ئەمیانۆس مارسێلینۆس لە ڕووداوەکانی ھەڵمەتە سەربازییەکە بە سەرۆکایەتی ئیمپراتۆری ڕۆمانی جولیان بۆ داگیرکردنی ڕۆژھەڵات و مردنی لە شەڕی شاپووری دووەم لە چیای حەمرین (لە گۆڤاری سومەر، بەرگی ١٧دا بڵاوکراوەتەوە. سەبارەت بە ناوی کۆنی سامەرا، بڕوانە لاپەڕە ١٦٧ و تێبینی ژمارە ٧٤).

لە کۆتاییدا نامەوێت لەم بوارەدا بڵێم ئەو بۆچوونانەی کە گریمانەیان کردووە، کە سەرچاوەی سۆمەرییەکان لە ھەرێمێکەوەیە، کە دەکەوێتە دەرەوەی سنوورەکانی عێراقەوە، بۆچوونی ھەڵەن، بەڵام لە واقیعدا بۆچوونی شێواون، چونکە وایان زانیوە سۆمەرییەکان کۆچبەرن و بە ڕوونی بۆمانیان ڕوون نەکردۆتەوە کە لە کوێوە ھاتوون.

About دیدار عثمان

Check Also

زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١) بەشی يەكەم (چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز …