Home / بەشی مێژووی كورد / ئەشکەوتی گەلیمگۆش

ئەشکەوتی گەلیمگۆش

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری

لە بیست ساڵی رابردوودا، ڕەچەڵەک، دەرکەوتن، بڵاوبوونەوە و نیشتەجێیەکانی مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) لە تەواوی پانتایی ناوچەکانی ئوراسیا، بایەخی زۆریان لە ناوەندە زانستییەکانی جیهانەوە، پێدراوە. تەختاییەکانی ئێرانی ئێستە، بۆ ئەو کۆچانەی مرۆڤی نوێ لە ئافریقاوە بەرەو ئوراسیا کردوونی، دوای بەرزاییەکانی زاگرۆسن. لەگەڵ ئەوەی هەڵکەوتەی ئەو ناوچانە بۆ بڵاوبوونەوەی مرۆڤی نوێ بە جیهاندا بایەخی یەکجار گەورەی هەیە، کەچی زانیاری زۆریش سەبارەت بە پاشماوەکانی ئەو کۆچانە لە تەختاییەکانی ئێران و بەرزاییەکانی زاگرۆس، نییە. تەختاییەکانی ئێران و بەرزاییەکانی زاگرۆس لەسەر ڕێڕەوی بڵاوبوونەوەی مرۆڤی تازە هاتووی ئافریقا بەرەو ئاسیا و ئەوروپا، بووە.

توێژینەوەی نوێ سەبارەت بە جیاوازی ئامرازە بەردەکانی شوێنەوارەکان کراوە. دەرکەوتووە کەلتووری دروستکردنی ئامرازەکان لە نێوان چاخی بەردینی ناوەڕاست و نوێدا لەو ناوچانەدا جیاوازن و پرسیاری سەرەکیی ئەو دۆزینەوانە ئەوەبوو ئایا مرۆڤی نوێ لە سەردەمی کۆتایی دوایین چاخی بەستەڵەکدا ئەو ئامرازانەی دروست کردوون؟ دیاریکردن و زانینی کاتی گەیشتنی مرۆڤی نوێ بۆ ناوچەکانی زاگرۆس و تەختایەکانی ئیرانی ئیستە بە نەبوونی پاشماوەی بەڵگە هەڵگر، کارێک قورسە. ئەوەی سەبارەت بە ئامرازەکانی چاخی بەردینی ناوەراست دەیزانین لە ئەشکەوتەکانی زاگرۆس دەستمانکەوتوون، وەکو ئەوانەی لە شانەدەر لە باشوور و پەنابەردی باوەیاوان لە نزیک کرماشان، دۆزراونەتەوە و دەزانین نیاندرتاڵ دروستی کردوون.

بەکارهێنانی ئامرازی ئاماری (بایزیان) بۆ تێکەڵکردنی تەمەنی پاشماوە کۆنەکان لە گەڕانەکانی زوودا دەستنیشان کراون لەگەڵ ئەوانەی لەو چەند ساڵەی دواییدا دەستکەوتن، ئەنجامێکمان دەداتێ تێیدا دەڵێ دەرکەوتنی کەلتووری چاخی بەردینی نوێ لە نزیکەی ٤٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە هەردوو ناوچەی باکوور و باشووری زاگرۆس، دەرکەوتووە. دوو ئەگەر هەیە، یەکیان ئەوەیە هاتنی مرۆڤی نوێ بۆ زاگرۆس لە دوو ئاراستەوە بووە، لە باکوور و باشوور لەیەک کاتدا ڕوویداوە. ئەگەرەکەی دیکە ئەوەیە زۆر بە خێرایی ناوصەی زاگرۆسیان تەنیوەتەوە و لە پشکنینی کاربۆ ١٤ ئەو جیاوازییە لە نیوان تەمەنی ئامرازە بەردەکان نابیندرێ. توێژینەوەی نوێ بۆ دەستنیشانکردنی چۆنییەتی دروستکردنی ئامرازە بەردەکانی بۆ سێ کەلتوور دابەش کردووە. کەلتووری برادۆستی لە باکوور، کەلتووری چاخی بەردینی نوێ لە ناوەڕاستی زاگرۆس، واتا لە لوڕستان و کرماشان و کەلتووری ڕۆستەمی لە باشووری زاگرۆس.

سەرەڕای دۆزینەوەی کۆی ٦٥ ئەشکەوت و بنەبەردی حەوانەوەی مرۆڤ لە دەشتاییەکانی کرماشان، بەڵام چینەکانی ئەو شوێنەوارانە بە ڕوونی لەێک جیاناکرێنەوە و ئاسان نییە تەمەنیان دیاری بکرێت. ئەشکەوتی خار و وارواسی دوو شوینەواری بەبایەخی ناوچەکەن و ئەنجامی باشیان لێوە دەستکەوتووە. بەڵام هەر نەتوانراوە تەمەنەکان بە باشیی بزاندرێن. بۆیە لێرەدا بەراوردکردنی ئامرازە بەردەکانیان لەگەڵ شوێنەواری دیکە، بە ئاسانی ناکرێ. بۆ تیگەیشتنی باشتری کاتەکانی هاتن و مانەوەی مرۆڤی نوێ لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی زاگرۆس، لە ئەشکەوتی تازە دۆزراوەی وەکو گەلیمگۆش لە دۆڵی ناودەروان گەڕان ئەنجام دراوە.

ئەشکەوتی گەلیمگۆش دەکەوێتە دۆلی ناودەروان، ٤١ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای کرماشانە و تەنیا ١٣٠٠ مەتر لە چۆمی ڕەزەوەر، دوورە. گەورەترین ئەسکەوتی ناوچەکەیە، ٦٨٢ مەتر دووجا رووبەری ناوەوەیەتی، دەرگەکەی ١٨ بە ٢٢ مەترە و ١٤٤ مەتریش بۆ ناوەوە درێژە. دۆلی ناودەروان بایەخێکی زۆر گرنگی هەیە، هەردوو دەشتی بە پیتی کرماشان و کامیاران لێک دەبەستێتەوە. ئەرکێکی سەرەکیی لەو گەڕانەی گەلیمگۆش ئەوەبوو کاتی گەیشتنی مرۆڤی نۆێ بۆ ناوچەی کرماشان بزانین، دواییش بەراوردکردنی ئامرازە بەردەکانی لە گەلیمگۆش دۆزرانەوە لەگەڵ ئەوانی دیکەی ئەو ناوچەیە و دۆزراوەکانی دیکەی زاگرۆسە، بە تایبەتیش ئەوانەی وارواسی، یافتە و کالدار لە ناوەڕاستی زاگرۆس.

چوار چاڵی ١ بە ١ مەتر لێدران، دوویان تا ٢٣٠ سانتیمەتر قووڵ کران. زۆربەی ئەو چاڵانە لە دەمی ئەشکەوتەکە لیدران چونکە لەوێ ڕۆژ زۆرتر لییدەدات و زۆربەی چینە باشەکانی پاشماوەکان لەوێدان. لە قووڵایی ١٠ سانتیمەتری یەکەمدا جگە لە کەمێک ئێسقانی ئاژەڵان، هەندێ بابەتی چاخی برۆنز و ئاسنی تێدابوو. لە دوای ئەو چینە چینێکی دیکەی ٤٠ سانتیمەتر هەبوو، پاشماوەی سووتانی لێبوو، بەڵام ئاگردان نا. لە چینی بنەوەتر وردە بەردی شاخی زۆر تێدابوو، واتای ئەوە دەگەیەنێ کەشیکی زۆر سارد هەبووە، ڕەنگە ساردترین کاتی چاخی بەستەڵەک بووبێ. چینی بنەوەتر پاشماوەی سووتان و ئاگردانی لێ دۆزرایەوە. هەبوونی کلس لە دەورووبەری شوێنی ئاگردان نیشانەی کەشی شێدار و گەرمە. لە دوای ئەوەوە، چینەکانی چاخی بەردینی کۆن دێن و پاشماوەی ئامرازە بەردەکان دەردەکەون. ئاگردانەکە بە بەرد دەورە نەدراوە. خەڵوز و خۆڵەمێشی لێ دەرهێندرایەوە و هەندێک پەڵەی سپی بە جێماوە، نیشانەی ئەوەن یان ئێسقانی لەناو سووتێندراوە، یانیش گۆشتی لێ برژێندراوە.

لە چاڵیکی دیکەدا لە قووڵایی ٥٠.٨٤ سانتیمەتر، ئاگردانێکی دیکە دۆزرایەوە بەردی بە دەوردا بە خڕیی ٥٠ سانتیمەتر، داندراوە. ئێسقان و ئامرازی بەرد لە دەوری ئاگردانەکە و ناویدا، هەبوون. تەمەنی پارچەی خەڵووزی ئەو ئاگردانە بۆ نزیکەی ٣٥٠٠٠ ساڵ کۆن دەگەڕایەوە. زۆریی ئیسقانەکان و ئامرازە بەردەکان لەو چینەدا واتای ئەوەیە لەو کاتەدا ژیان بۆ ماوەیەکی باش لەوێ هەبووە، دەکرێ لەبەر لەباربوونی کەشوهەوا بووبی. چینی دوای ئەوە ٧٠ سانتیمەتر ئەستوور بوو، لە جۆری گڵەکەی دیارە کەشێکی سارد و وشک لەو کاتەدا هەبووە و شتێکی وا سەرنج ڕاکێشی تێدا نەدۆزرایەوە.

لە کۆی گەڕانەکاندا ٥ نموونەی دیکەی خەڵووز دەستکەوتن و هەموویان کاری دیاریکردنی تەمەنیان بۆ کرا. تەمەنیان لە نێوان ٣٠٠٠٠ تا ٤٢٠٥٠ هەزار ساڵ بوو. خەڵوزەکان توێکڵی بستە و قەدی داری ئەو ناوچەیە بوون و بڕێکی زۆریش لە ئامرازە بەردەکانی لێ بوو. بەپیی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، وا دیارە ژیان لە هەردوو ئەشکەوتی گەلیمگۆش و یافتەدا، لەیەک کاتدا هەبووە. بەڵام لە گەلیمگۆش بە چڕی لە نێوان ٣٥٦٠٠ تا ٣٤٥٥٠ ساڵ لەمەوبەر هەبووە، لەو ماوەیەدا کەشوهەوا کەمێک گەرمتر بووە تا نزیکەی ٢٩٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، دیسان ژیانی مرۆڤی تێدا کەم بووەتەوە، دەکرێ دووبارە لەبەر دابەزینی پلەی گەرما بووبێ.

لە ئەشکەوتی گەلیمگۆش، کۆی ١٦٩ ئامرازی بەرد دۆزرانەوە. تێیاندایە هیچ نیشانەی داخوران و بەکارهینانی پێوە دیارنییە. بەشی هەرە زۆریان لە چینی سێیەمدا دەرهێندرانەوە. لە سەرەتای ئەو چینەدا ژمارەیان کەم دەبێتەوە، چەند بەرەو سەرەوە دێ زۆردەبن. بۆ خوارتریش، واتا چینی ٤ هەر کەم دەبنەوە. زۆربەیان لەبەردی چین چین لەسەریەکی شاخەکان دروستکراون رەنگیان سوور باو و خۆڵەمێشیین. ئەو جۆرە بەردە لەو ناوچەیەدا هەن. بەشێکی زۆری ئەو ئامرازانەی لە چینی یەکەمدا دۆزرانەوە لە جۆری فلەیک بوون، واتا ئەو ئامرازانەی لایەکیان تیژ کراوە و تا ٣٧ ملیمەتر درێژبوون. بەشێکی دیکە ئامرازی تیژی درێژکۆلەبوون. لە چینی دووەمدا هەمان جۆرەکانی چینی یەکەم هەبوون و کەمێک زۆرتر بوون. تێشیاندابوو درێژکۆلەی سووڕاو بوون یان دووبارە تیژ کرابوونەوە.

لە چینی سێیەمدا زۆرترین ژمارەی ئامرازە بەردەکان دۆزرانەوە تا دەگاتە ٨٠.٦٪ هەموو شوێنەوارەکە لەو چینەدا بوون. زۆربەیشیان هەر لە جۆری یەکلاتیژی درێژکۆلە بوون، نزیکەی ٥٨٪یان سووڕاوبوون، واتا ڕاست نەبوون. زۆربەی ئەوانیش لە نزیک ئاگردانەکەدا دۆزرانەوە. لەوەدەچی دوای بەکارهێنانیان بۆ ناو ئاگرەکە فڕێ درابن. بەشێکی زۆریان کەمێک بە لایەکدا کەوانەیی بوون. ٦٠٪ی ئەو ئامرازانە دووبارە تیژ کراونەتەوە. ئەگەر هەیە ئەو ئەشکەوتە وەکو شوێنی هێنانی نێچیر بووبێ، لەوێ لاشەکان چارەسەرکراون و گۆشتیان لێ داماڵدراوە. هەبوونی ئاگردان و ئەو هەموو ئامرازە بەردە لە دەوری، ئەگەری ئەو بۆچوونە زۆرتر دەکات.

کۆی ئەو ئێسقانانەی لەو ئەشکەوتەدا دۆزرانەوە گەیشتە ٩٦٠ پارچە. بەشێکی زۆر لە چینی سێیەمدا بوون، رەنگە لەبەرئەوە بێ ئەو کاتە ئەشکەوتەکە زۆر بەکارهاتووە. زۆربەی پارچەکان زۆر بچووک بوون، هەر یەکەیان کەمتر لە ١٠٠ گرام بوون. تواندرا ئیسقانی بزن، بزنە کێوی، ئاسک، ئاسکە سوور، ژیشک، سوورە ڕێوی، مانگا، کەروێشک و بەراز دەستنیشان بکرێن. زۆربەی ئیسقانەکانی بەراز، بەرازی کەم تەمەن بوون، جگە لە یەک ئیسقانی قەفەسی سنگ، کە بەرازێکی بەتەمەن بووە. ئیسقان هەبوو شوێنی داماڵینی گۆشتی لەسەر بوو، پارچەیەکی دیکە شوێنی سووتانی پێوە مابوو، بەگشتیی ئێسقانی سووتاو واتای ئەوەیە مرۆڤ لەوێ بووە. چەند ددانێکیش دۆزرانەوە چونکە ددان لە ئێسقان باشتر دەمێنێتەوە.

تاکە یەک پارچەی قۆچی بزنە کێویەک دەرهێندرایەوە، ئەویش تاکە بەڵگەی بزنی کێوییە. هەر لە چینی سێیەمدا پارچە ئێسقانێکی قەلەڕەش دۆزرایەوە جیگای ڕووشانی داماڵینی گۆشتی لەسەرە، لەو کاتە دروست بووە باڵەکەی لە لاشەی جیاکراوەتەوە. دۆزینەوەیەکی دیکەی سەرنجراکێش، پارچە ئێسقانێکی باریکۆڵەی مانگایەکی بچووک بوو لە لایەک تیژکراوە، هەرچەندە هەردووسەی شکاوە، بەڵام لەوە دەچێ بۆ کونکردن بەکارهاتبێ. لە چینی چوارەمدا، چەند پارچەیەکی ئێسقانی کەروێشک و چەقەڵ دۆزرانەوە. نیشانەی ئەوەیە لەو سەردەمەدا مرۆڤی لێ نەبووە. بەڵام نیشانەی جێ ددانی گۆشتخۆری گەورە لەسەر ئێسقانەکان دیارنەبوون.

هەرچەندە لەوەندە گەڕانە کورتەی لە ئەشکەوتی گەلیمگۆش کراوە هیچ پاشماوەی ئێسقانی مرۆڤی لێ نەدۆزرایەوە تا بتوانرێ بە ڕاستەوخۆ تەمەنی ژیانی مرۆڤی دێرینی پێ بپێورێ، بەڵام بایەخی ئەشکەوتەکە بۆ کۆی بیردۆزی هاتنی مرۆڤی نوێ لە ئافریقا و گەیشتنی بۆ تەختاییەکانی ئێرانی ئێستە و بەرزاییەکانی زاگرۆس، یەکجار زۆر بە نرخە. شوێن پەنجەی ئە وکۆچانەی مرۆڤی نوێ هەن، بەڵام بەسی ئەوە ناکەن وێنەیەکی تەواو و دروست لە کاتی هاتن و مانەوەیان دروست بکرێ. هاوشان لەگەڵ شوێنەوارەکانی دیکەی زاگرۆس لە چاخی بەردینی ناوەڕاست و نوێدا، گەلیمگۆش بەڵگەی نوێی سەبارەت بە ژیانی مرۆڤی نوێی لەو ناوچانەدا دایە دەست. پشکنین و شییکردنەوەی دۆزینەوەی دیکەی شوێنەوارەکانی ئەو ناوچەیە بە تایبەتیی و زاگرۆس بە گشتیی، زانیاری زۆرتر و تۆکمەترمان دەداتێ و دەتوانین شوێن پێی بڵاوبوونەوەی مرۆڤ بەرەو ئوراسیا، هەڵبگرینەوە.

سەرچاوە: https://www.sciencedirect.com/…/journal-of…

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …