Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی نوێ و هاوچه‌رخی كورد / زوبێر بیلال ئیسماعیل: ڕابەری مێژووی کوردی

زوبێر بیلال ئیسماعیل: ڕابەری مێژووی کوردی

زوبێر بیلال ئیسماعیل: ڕابەری مێژووی کوردی

نووسینی: د. زەینەب ئەلجەلبی

زوبێر بیلال ئیسماعیل (1938-1998) یەکێکە لە مێژوونووسە گرنگ و دیارەکانی کورد لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بە درێژایی 30 ساڵ بەشدارییەکی کارای هەبووە لە تۆماركردن و نووسینەوەی مێژووی کورد و کوردستان، بەرهەمی نووسینە مێژووییەکانی تایبەتمەندن بە بابەتی زانستی و دوورن لە بابەتی ھەست و سۆز و لایەنگیرییەوە، لە ماوەی ژیانی زانستیدا زیاتر لە 20 کتێبی بایەخداری لە نێوان دەستنووس و بڵاوکراوە نووسیوە، هەروەها نزیکەی 250 لێکۆڵینەوەی لەسەر مێژووی کورد و کوردستان بە درێژایی سەردەمەکان و پەرەسەندنی دۆزی کورد بڵاوکردووەتەوە، وەرگێڕانی بۆ بابەتەکانی دیارترین زانایانی کورد کردوە، لە ژیانی زانستی و فەرهەنگی کوردیدا ڕۆڵێکی هەمیشەیی و بەردەوامی هەبووە، کۆچکردوو لەبارەی هزر و بیرکردنەوەکانی و ژیاننامەی تایبەتی خۆی و ئەو کەش و هەوا زانستییەی کە تێیدا پەروەردە بووە بەرهەمەکانی نووسیوە، هۆکاری گەیشتنی بوونە بەو پێگە دیارەی کە لەنێو مێژوونووسانی هاوچەرخی کوردیدا بەدەستیهێنا.
زوبێیر بیلال ئیسماعیل یەکەمین مێژوونووسی کوردە کە پسپۆڕە لە مێژووی کۆن و دێرین، کاتێك بۆی دەرکەوت کە هێشتا مێژووی کۆنی کورد و کوردستان نەنوسراوتەوە، هەموو ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ بەشداریکردن لەم ئەرکە پیرۆزە، لە کاتی خوێندن و لێکۆڵینەوە لە مێژووی کوردستان سەرنجی داوە کە شاری هەولێری دێرین دیمەنی شوێنی ڕوودانی چەند ڕووداوێکی گرنگ بووە و ڕەوتی مێژووی لە ناوچەکەدا گۆڕیوە، بەڵام شاری هەولێر گرنگیەکی ئەوتۆی پێنەدراوە لەلایەن مێژوونووسانی موسڵمانان و ڕۆژهەڵاتناسانی بیانییەوە، هیچ کتێبێکی سەربەخۆ بۆ مێژووەکەی تەرخان نەکراوە، ڕاستە هەندێک کتێب هەن کە هەڵگری ناوی “مێژووی هەولێرن”، ڕەنگە ناودارترینیان “تأريخ أربل/مێژووی هەولێر” بێت کە لەلایەن “ئیبن ئەلمستەوفی” نووسراوەتەوە
کتێبێکی تاڕادەیەك زۆر باشە، بەڵام کتێبێکی تایبەت بە مێژوو نییە، بەڵکو تەرخان کراوە بە وەرگێڕانی ئەو زانا و نووسەر و شاعیرانەی کە سەردانی کوردستانیان کردووە، بەتایبەتی سەردانی شاری هەولێر لە سەردەمی ئاتاباکیەکان.
کتێبەکەی بە ناونیشانی “أربيل في أدواره التأريخية /هەولێر لە ڕۆڵە مێژووییەکانیدا” لە ساڵی 1971کە لە شاری نەجەف دەرکراوە لە ساڵی، لە ناوەندی ڕۆشنبیری عێراقی هەرایەکی زۆری نایەوە، ڕۆژنامەی بەغدادی “ئەلتەئاخی” لە بارەیەوە نووسیویەتی دەڵێت “ئەم کتێبە فەرهەنگی مێژوویی هەولێر و خەڵکەکەیەتی پێویستە هەموو ڕۆشنبیرێکی عێراقی بیخوێنێتەوە”.
مێژوونوسی کۆچکردوو خوێندنەوەی تەواوی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە زانایان و مێژوونووسانی کورد کردوە ستایشی تایبەتی کردوون، ئەو دەیویست بە نووسینەکانی ستایش و سەرسامی خۆی دەربڕێت بۆیان بۆ ئەوەی نەوەی کورد نموونەی باشی لێ وەربگرن پەیڕەوی ڕێبازی ئەوان بکەن، ئەگەر کتێبە بەناوبانگەکەی کە ناوی “ابن خلكان/ئیبن خەلەکانه” بەبیر بهێنینەوە کە لە ساڵی 1979 لە بەغداد بڵاوکراوەتەوە، ئەم کتێبە یەکەمین کتێبە لەلایەن مێژوونووسێکی کوردەوە دەربارەی مێژوونووسێکی ناوداری کۆچکردوو نووسرابێت، لە کتێبە بەنرخەکەیدا مێژوونوسی کۆچکردوو سەلماندوویەتی کە “ئیبن خەلەکان” لە هەولێر لەدایکبووە و پەروەردە کراوە و خێزانەکەی سەر بە گوندێکی شاری هەولێرن.
هەروەها کتێبەکەی بە ناوی “علماء و مدارس في أربيل/ زانایان و قوتابخانەکانی هەولێر” لە ساڵی 1984 چاپکراوە، تەرخانی کردبوو بۆ قسەکردن دەربارەی ڕۆڵی زانست لە هەولێر و ژیاننامەی گرنگترین زاناکانی ئەو شارە، دواتر بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ و بنچینەیی بۆ هەر کەسێک کە شتێکی نووسیبێت دەربارەی زانایانی هەولێر و ڕۆڵی زانست و پەرستش تێیدا.
هەروەها کتێبێکی سەرسوڕهێنەر و سەرنجڕاکێشی لەبارەی یەکێک لە دیارترین شێخە سۆفییەکانی کوردستان بە ناوی “شێخ جولی”ەوە نووسیوە، کە لە ساڵی 1989 لە هەولێر چاپ کراوە، لەو کاتەی سەرچاوەکان دەربارەی ئەم شێخە سۆفییە کەمبوون و تەنانەت سەرچاوەی لەسەر هەر نەبووە، زوبێر بیلال پەنای بۆ شوێنکەوتنی شوێنەواری شێخ جۆلی بردووە، و زانیاری لەسەر کۆڵیوەتەوە لە مێژووی دەستنووسی مزگەوتەکان و بیرەوەری و وتەی خزمە بەتەمەنەکانی شێخ و ئەو دەستنووس و بەڵگەنامانەی کە پارێزراون و پەیوەندی بە شێخەوە هەیە و باسی پەیڕەوەکانی و سەرچاوەی ڕۆشنبیری و کاریگەری قوتابخانە سۆفیەکەی دەکات،
لە ئەنجامی ئەو هەوڵە مەیدانییە گەورەیەدا زانیاری فراوانی کۆکردەوە کە بوو بە تەوەری کتێبەکەی لەسەر “شێخ جولی” کە تاقە کتێبە لەسەر ئەم شێخە بەناوبانگەی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی نووسراوەتەوە،
ئەو مزگەوتەی کە ناوی ئەو شێخەی هەڵگرتووە دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری هەولێرەوە، هەروەها ئەو مەیدانەی لە نزیک مزگەوتەکەیە ناوی ئەوی لێنراوە، کتێبەکە لە ساڵی 2002 وە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە لە کوردستان دووبارە چاپ و بڵاو کراوەتەوە و پرۆفیسۆر “عەدنان نەقشبەندی” وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی ئەوکاتە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشەکییەکی بەپێزی بۆ ئەم کتێبە نووسیوە کە تێیدا دەڵێت: “بەڕێز شێخ محەمەد سەنا ئەلدینی کوڕی موستەفای حاجی عومەری هەولێری نەقشبەندی ناسراو بە “شێخ جۆلی” ناوەکەیمان هەمیشە بیستووە، خەڵکی سەردانی مزگەوتەکەی دەکەن بۆ جێبەجێ گەیاندنی ئەرکە ئاینییەکان و زیندووکردنەوەی بۆنە پیرۆزەکان، هۆکاری ناوداربوونی و ڕووداوەکانى ژیانی شێخ و ڕاستییەکان و ژیاننامەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژوونووس زوبێر بیلال ئیسماعیل کە زۆربەی تەمەنی بەسەر برد بۆ لێکۆڵینەوە و نووسینەوەی مێژووی شارەکەی و گەلەکەی”.
هەروەها ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی “شێخ جۆلی” شێخ عیماد الدین فائز عەبدوڵڵا ” کتێبەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی کتێبەکە بڵاوکراوەتەوە.
یەکێک لەو لێکۆڵینەوە گرنگانەی کە کۆچکردوو بڵاویکردوەتەوە، لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بوو بە ژیاننامە و کاریگەرییەکانی زانای ناوداری کورد “ئیبن ئادەم” کە لە گۆڤاری “کۆمەڵگەی زانستی کوردی” بڵاوکراوەتەوە، ئەم گۆڤارە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا لە بەغداد دەردەچوو.
ژیاننامەی ئەو زانایانەی کە لە هەولێر لە دایک بوون پێگەیەکی گرنگیان لە کارە زانستییەکانیدا داگیرکردووە، زۆرێک لە مێژوونووسان و نووسەران کە لەسەر ژیاننامە و نووسینەکانی کۆچکردوو نووسیویانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمێکی تایبەتی هەیە لە سێ بەش پێکهاتووە، هێشتا هەر دەستنووسە و باسی ژیاننامەی سەدان زانای هەولێر و ڕۆشنبیران و نووسەران و شاعیران و موزیکزانان دەکات، دەکرێت ئەم نووسینە یەکێک بێت لە گەورەترین و گرنگترین کارەکانی مێژوونووسەکەمان کە چاوەڕێی بڵاوکردنەوە بێت.
ئەم مێژوونووسە مەزنە گرنگیەکی دیاری بە مێژووی میرنشینە کوردییەکان داوە، کتێبێکی دەستنووسی لەسەر میرنشین و هۆزی هەدبانییەکان/ڕەوەندییەکان هەیە، کە لە ساڵی 1978دا نووسینی تەواو کردووە.
یەکێک لە کارە گرنگەکانی بریتییە لە توێژینەوە قوڵ و جۆراوجۆرەکانی لەسەر “میرنشینی سۆران”، کە تێیدا بنچینە و شیکردنەوەی میرنشینی سۆران و پەرەسەندنی سیستم و یاسای بەڕێوەبردن و دەسەڵات و پەیوەندییە دەرەکییەکان و کەسایەتی شازادە محەمەدی پاشای رەواندزی لەخۆگرتووە، لێرەدا جێگای سەرنجە کە کۆچکردوو لەڕێی گەڕان و لێکۆڵینەوەوە بەڵگەنامەی کۆن و گرنگی سەبارەت بە میرنشینی سۆران دۆزیوەتەوە، ئەو نەخۆشی ناو جێگا بووە کاتێک توێژینەوە بە بایەخەکەی دەربارەی”میرنشینی سۆران” نووسیوەتەوە.
بابەتی “بەڵگەنامەی نوێ لە هەڵکشان و کەوتنیدا”، ساڵی 1998 لە گۆڤاری “زاکرۆس” دەرچووە لە شاری هەولێر.
بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردی بەشێکی گرنگ بووە لە توێژینەوە و لێکۆلینەوەکانی، یەکەم کەس بووە کە تێبینی کەسایەتی نەتەوەیی شۆڕشی “شێخ عەبدولسەلام بارزانی” و شۆڕشەکانی دوایی بارزانی کردووە و بە دووسێ مانگ پێش کۆچی دوایی کتێبێکی بە ناوی “شۆڕشەکانی بارزان” لە ساڵی 1998 بڵاوکردووەتەوە بە گرنگترین کتێب دادەنرێت لەبارەی شۆڕشەکانی بارزانەوە.
لێکۆڵینەوەیەکی بەپێزی لەسەر گرنگی ستراتیژی سێگۆشەی سنووری نێوان ئێران و عێراق و تورکیا و کاریگەریان لەسەر مێژووی کورد و ناوچەکەدا نووسیوەتەوە کە چەند بەشێکیان لە ڕۆژنامەی “خەبات” لە ساڵی 1997 بڵاوکراوەتەوە.
ئەو گرنگی داوە بە هەموو بابەتێک پەیوەندیدار بە کەلەپوور و کەلتووری کوردی و ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد، کتێبێکی ناوازەی هەیە بە ناونیشانی “مێژووی زمانی کوردی” بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژووییەکان و تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی سەلماندوویەتی کە ئەم زمانە تایبەتە زمانێکی دێرینە و سەربەخۆیە لە زمانی فارسی، کتێبەکەش وەرگێڕدراوە بۆ چەند زمانێکی بیانی.
هەرچەندە ئەو مێژوونووسە بە توێژینەوە مێژووییەکانەوە سەرقاڵ بووە، بەڵام گرنگی بە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری هاوچەرخی کوردی داوە و چەندین لێکۆڵینەوە و وتاری لەسەر ئەم بزووتنەوەیە لە گۆڤاری “ئەلسەقافە”ی بەغداد و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی تر لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان بە زمانی عەرەبی و کوردی بڵاوکردۆتەوە.
مێژوونوسی کۆچکردوو (14) کتێبی دەستنووسی بەجێهێشتووە، کە بەشێکیان دوای کۆچکردنی بڵاوکراونەتەوە، لەوانە “کورد لە کتێبەکانی موسڵمانان و کۆچەران لە سەدەکانی ناوەڕاستدا”، کتێبی “مێژووی هەولێر” کە لە ساڵی 1999 لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و گرنگترین و گشتگیرترین کتێبی مێژووی ئەم شارە دێرینەیە.
لە ڕۆژی 1999/2/25 وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم سیمینارێکی زانستی سازکرد بۆ هەڵسەنگاندن و بەرزڕاگرتنی کتێبەکە و ڕێزلێنان و یادکردنەوەی کۆچکردوو و هەوڵە بەردەوامەکانی لە تۆمارکردنی مێژووی کورد و کوردستان، ئەم سیمینارە یەکەمین بووە لە کوردستان و لایەنە زانستی و ڕۆشنبیریەکان گرنگیان بە وردەکارییەکانی داوە، و لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە، وەزیری ڕۆشنبیری ئەوکاتە نووسەر و سیاسەتمەداری کۆچکردوو “فەلەکەدین کاکەیی” کتێبی “مێژووی هەولێر”ی بە گرنگترین کتێبی مێژووی تایبەت بە شاری هەولێر وەسفکردووە و ناوبراو داوای وەرگێڕانی بۆ زمانی ئینگلیزی و چەند زمانێکی تر کردووە، بەهۆی بایەخی ناوەڕۆکی ئەم کتێبە لەڕووی پێناسەکردن و گێڕانەوەی مێژووی دوورودرێژی کورد بۆ گەلانی ناوچەکە و جیهان، وتاربێژانی دیکەی ئەو سیمینارە داوایان کردووە ئەم کتێبە لە قوتابخانەکان و پەیمانگاکانی هەرێم بخوێندرێت، یەکێک لە ئامادەبوان شاعیر شەهید “مەهدی خۆشناو” بووە، سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد و جێگری پارێزگاری هەولێری ئەو کاتە بوو، لە وتەکانیدا ئاماژەی کردبوو کە: “ناوی زوبێر بیلال ئیسماعیل هەمیشە پەیوەستە بە ناوی هەولێرەوە، ئەوان دووانەیەکی لەیەک دانەبڕاون”.
لە ڕاستیدا مێژوونووسی کۆچکردوومان شاری هەولێری زۆر بە قووڵ و چڕی ناسیوە، چوونکە لەدایکبوو و پەروەردەکراوەی شاری قەڵا و منارە بووە، بۆیە مێژووی شارەکەی لە هەر مێژوونووسێکی تر باشتر ناسیوە، زانیوێتی کە شارەکەی چەندە ڕۆڵی مەزنی هەبووە لە دروستکردنی مێژوو و شکۆ و قارەمانێتییەکان، هەروەها خێزانە دەسەڵاتدارەکانی ئەو شارە کە بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتیان هەبووە و ئاڵا و تایبەتمەندییە کەلتووری و فەرهەنگییەکان هەروەها گەڕەک و شەقام و کۆڵان و شوێنی پەرستن و قوتابخانە و کتێبخانەکانی هەموویانی بەباشی ناسیوە.
زوبێر بیلال لەوکاتەی کە لە ژیانیدا بووە و لە دوای کۆچی دواییشی بایەخی زۆری پێدراوە لە نێوەندی ڕۆشنبیری و زانستییەکانی کوردستان، و بەتایبەت لە کاتی نەخۆشیەکەیدا بایەخی زیاتری پێدراوە، شاندی فەرمی و جەماوەری سەردانی کردووە و بەسەریانکردووەتەوە بۆ دڵنیا بوون لە باری تەندرووستی، هەروەها دیارترین ڕۆشنبیرانی ناوچەکە سەردانیان کردوە و لە هەر مێژوونووسێکی دیکەی کورد بایەخی زیاتری پێدراوە.
لە دوای کۆچی دوایی چەندین وتار لەسەر ژیاننامە و بەرهەمە زانستییەکانی بڵاوکرانەوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە چڕی هەواڵی کۆچکردنەکەیان گواستووەتەوە و مەراسیمی یادکردنەوەی چلەی ماتەمینیشی بۆ ئەنجامدراوە.
مەیدانی سەرەکی دەروازەی شاری هەولێر لەسەر شەقامی سەد مەتری هەڵگری ناوی مێژوونووسی ناودار “زوبێر بیلال ئیسماعیلە” کە بەجەستە بەجێی هێشتین، بەڵام لە دڵ و ناخی هەموو ڕۆشنبیرێکی کورد بە زیندوویی دەمێنێتەوە کە هەست بە گرنگی ئەو ڕۆڵە مەزنەی ئەم نووسەرە بکات لە ژیانەوە و تۆماركردنی مێژوو و گەل و نیشتمانەکەی.

سەرچاوە:
https://bit.ly/3GrOeI6

وەرگێڕ: مەستان حەسەن

پێداچوونەوەی: ئیسرا بورهان

About admin

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …