Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / یەکێک لە دێرینترین دەقە ئەدەبیەکانی جیهان

یەکێک لە دێرینترین دەقە ئەدەبیەکانی جیهان

1638784650205
نووسین و ئامادەکردنی: ئاریان ئومێد

گلگامێش داستانێکی ئەفسانەیی سەرنجڕاکێشە کە بە خەتی مێخی و زمانی سۆمەری نووسراوە، یەکێکە لە دێرینترین دەقە نووسراوەکان کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە.
دەقەکە بە خەتی مێخی (بزماری) لەسەر “یازدە” تابلێتی گەورەی قوڕین نووسراوە، کە چیرۆکێکی ئەفسانەیی دەربارەی پادشای شاری ئوروک دەگێڕێتەوە کە ناوی “گلگامێش”ە و سەردارو پارێزەری ئەو شارەیە.
(لە ئێستادا شوێنەوانی ئەم شارە دەکەوێتە باشووری عێراق)
ئەم داستانە بە شێوەیەکی سەرسوهێنەر لێکچونێکی زۆری لەگەڵ چیرۆکی لافاوی نوحدا هەیە کە لە قورئاندا ئاماژەی پێدراوە، بەڵام لێرەدا ناوەکان و گێڕانەوەی چیرۆکەکە کەمێک جیاوازە، بەڵام بەگشتی هەر گوزارشتە لە ڕووداوێکی هاوشێوە کە تێیدا خودا یان خوداکان لە کردەوەی مرۆڤەکان توڕە دەبن و بڕیار دەدەن کە سزایەکی قورسیان بەسەردا بسەپێنن، کە لەسەر زەوی بیانسڕێتەوە یانیش تا ڕادەی نەمان کەمیان بکاتەوە.
ئەم لاوژەیە لە دووتوێی چەندین کتێبی تایبەتدا ئاماژەی پێکراوەو بۆسەر چەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراوە، من لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە چیرۆکەکەی دەکەم و زۆر ڕۆناچمە نێو قوڵایی بابەتەکەوە.
وە تکاشم وایە ئەوانەی لە چیرۆکەکەدا ئاماژەی پێدەکەین بە چاوی ئەفسانەیەکی مێژووی لێی بڕوانن نەک شتێکی دیکە، ئەم دەقە چیرۆکێکی ڕەسەنە کە گوزارشتە لە بیرو باوەڕی دانیشتوانی کۆنی وڵاتی دوو ڕووبار، کە بیروباوەڕێکی پڕ لە ئەفسانەو بابەتی خەیاڵیەو ناکرێ بە ئەقڵ و لۆژیکی ئەم ڕۆژگارە دادگاییان بکەین و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەین.
هەر بۆیە لە بری مناقەشەو گفتوگۆ لەسەر ڕاستی و ناڕاستی چیرۆکەکە پێمخۆشە زیاتر چێژی لێ ببینن و وەک چیرۆکێکی فەنتازی ئەدەبی لێی بڕوانن.
.
کورتەو پوختەی چیرۆکەکە:
گلگامێش پادشاو پارێزەرەی شاری ئوروکە، مرۆڤێکی ئاسایی نیە، بەڵکوو ئاوێتەیەکە لە ڕۆحی خوداو مرۆڤ، دوو لەسەر سێی خوداییەو بەشێکیشی مرۆڤە.
باڵایەکی بەرزی هەیە کە یازدە باڵەو پانی سنگی نۆ بستە!
جەنگاوەرێکی بە شان و شکۆیە و لە ئوروکدا ڕکابەری نیە.
گلگامێش بە بەردەوامی خەریکی ستەمکردن و ئازاردانی خەڵکی شارەکەیە، هەر ئەمەش وا لە خەڵکەکە دەکات لای خواوەندەکان نزای لێبکەن و داوای بە هاناوەچوون و ڕزگاربوون بکەن.
خواوەندەکانیش وەڵامی نزاکانیان ئەدەنەوە و بڕیار ئەدەن کەسێک بنێرن تا ڕکابەریی گلگامێش بکات و لە ڕێی خراپەو شەڕانگێزی دووری بخاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش کەسێک دەخوڵقێنن بە ناوی (ئەنکیدۆ) کە بونەوەرێکی نیووە مرۆڤ و نیووە ئاژەڵەو خاوەنی جەستەیەکی بەهێزە و لە نێوو ئاژەڵ و دەشتەکاندا ژیاوە.
ئەنکیدۆ دەچێتە شاری ئوروک و لەگەڵ گلگامێشدا دەکەوێتە شەڕێکی سەختەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بە یەکسانی هەردوولا کۆتایی دێت و دەبن بە هاوڕێی یەکتری.
لەو ڕۆژە بەدواوە گلگامێش وەکوو پێشتر نامێنێ و ڕفتاری لەگەڵ خەڵکیدا دەگۆڕێت و زۆر ئالودەی ئەنکیدۆی هاوڕێی دەبێت.
پێکەوە دەچنە جەنگەڵی دار کاژو لەگەڵ دێوی پاسەوانی جەنگەڵدا کە ناوی (خومبابا)یە ڕووبەڕوو دەبنەوەو دەیکوژن.
ئەم سەرکەوتنە سەرنجی “ئیشتار” ڕادەکێشێ کە ژنەخواوەندێکەو کچی خواوەندی گەورە “ئانو”ە.
ئیشتار سەرسامی گلگامێش دەبێت و داوای لێدەکات ببێتە هاوسەری، بەڵام گلگامێش ئەمە ڕەت دەکاتەوە و بەڕەقی وەڵامی دەداتەوە، هەر بۆیە ئیشتار توڕەدەبێت و لای ئانوی باوکی شکایەت دەکات و داوای لێ دەکات “گای ئاسمانی” بداتێ تا بینێرێتە سەر گلگامێش و شەڕی لەگەڵدا بکات.
دوای ئەوەی باوکی ڕازی دەکات دەتوانێ گای ئاسمانی بەدەست بهێنێ و بینێرێتە سەر زەوی تا لەگەڵ گلگامێشدا بجەنگێ.
گای ئاسمانی دادەبەزێت و چەندین پیاو دەکوژێت، تا گلگامێش لەگەڵ ئەنکیدۆی هاوڕێیدا ڕووبەڕووی دەبنەوەو دوای شەڕێکی توند بەسەریدا سەردەکەون و دەیکوژن.
لە دوای ئەمەوە گلگامێش و ئەنکیدۆ وەک دوو برا زۆر بە شادی و دڵخۆشی لە ئوروکدا دەژین، تا ئەو دەمەی لەپڕدا ئەنکیدۆ نەخۆش دەکەوێ و حاڵی زۆر بە خراپی تێک دەچێت.
چەند ڕۆژێک وا دەمێنێتەوە و دواتر دەمرێت، ئەم ڕووداوە زۆر به خراپی کاریگەری لەسەر گلگامێش دادەنێ، بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لەسەر لاشەی ئەنکیدۆ شیوەن دەگێڕێ و ناهێڵێ بینێژن، گلگامێش لە دوای مردنی ئەنکیدۆ هەست بە سەمناکی مەرگ دەکات و دەیەوێ ڕێگایەک بدۆزێتەوە تا دووچاری هەمان چارەنووسی هاوڕێکەی نەبێت، بڕیار ئەدا ڕازی نەمری بدۆزێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ شاری ئوروک جێ بهێڵێ و ڕێگایەکی دوور بگرێت تا بگات بە کەسێک بەناوی “ئوتناپشتیم” کە تاکە مرۆڤە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە تۆفانە مەزنەکە ڕزگاری بووە، دوای ئەوەی یەکێک لە خواوەندەکان لەو سزایە ئاگاداری دەکاتەوە کە بڕیارە بەسەر مرۆڤەکاندابێت ئەویش کەشتیەک درووست دەکات و مرۆڤایەتی لە فەوتان دەپارێزێ، هەر بۆیە خواوەندەکان وەک پاداشتێک بۆ ئازایەتیەکەی، ژیانی جاویدانی و ڕازی نەمرییان بە خۆی و هاوسەرەکەی بەخشیووە.
گلگمامێش بۆ زانینی ڕازی نەمری ڕێگایەکی دوور دەبڕێ و بە چیاو دەریادا تێدەپەڕێ تا دەگاتە شوێن و نشینگەی ئوتناپشتیم کە لە کەناری ڕووبارێکدا نیشتەجێیە، پرسیاری ڕازی نەمری لە ئوتناپشتیم دەکات ئەویش چیرۆکی تۆفانی بۆ دەگێڕێتەوە.
بەڵام پێی دەڵێ کە ناتوانێ ڕازی نەمری پێبڵێ تەنها بە یەک مەرج نەبێ ئەویش ئەوەیە کە گلگامێش بۆ ماوەی حەوت شەو شەش ڕۆژ نەخەوێت، بەڵام لەبەر ماندویەتی ناتوانێ خۆی ڕابگرێ و خەوی لێ دەکەوێت.
کاتیک خەبەری دەبێتەوە چەند ڕۆژێک تێپەڕیووە بۆیە نائومێد دەبێ و دەیەوێ بگەڕێتەوە، هاوسەری ئوتناپشتیم بەزەیی پێیدا دێتەوەو داوا لە ئوتناپشتیم دەکات بەو جۆرە بەڕێی نەکات و شتێکی پێ بدات.
ئوتناپشتیم بە گلگامێش دەڵێ مادام ئەم هەموو ڕێیەت بڕیووە نهێنیەکت بۆ ئاشکرا دەکەم کە بۆ کەسم ئاشکرا نەکردووە.
پێی دەڵێت گیایەکی دڕکاوی لە بنی دەریادا هەیە کە هەر کەس بیخوات گەنجیی بۆ دەگێڕێتەوە، گلگامێشیش دوای بیستنی ئەم هەواڵە بە دڵخۆشیەوە لەگەڵ ئوشانابی کەشتیەوان بەرەو دەریا دەچێت و گیایەکە لە بنی دەریادا دەدۆزێتەوەو دەری دێنێ.

بڕیاردەدا کەی گەیشتە پیری و تەمەنی لە کۆتایی نزیک بۆیەوە گیایەکە بخوات و گەنجی بۆ بگەڕێتەوە.
بەڵام لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ ئوروک ڕووداوێکی نامۆ هەموو شتەکان دەگۆڕێ، ئەویش کاتێک گلگامێش لە گۆمێکدا خەریکی مەلەکردنە، مارێک دێت و گیاکە دەخوات و کاژ فڕێ دەدات و نوێ دەبێتەوە، واتە بە پێی ئەم ئەفسانەیە مارەکان گیای ژیانیان خواردووە بۆیە دەتوانن کاژ فڕێ بدەن و نوێ ببنەوە.
گلگامێش دوای ئەوەی دەزانێ مار گیاکەی خواردووە شیوەن دەگێڕێ و زۆر بێتاقەت دەبێت و بە نائومێدی بۆ شاری ئوروک دەگەڕێتەوە، بەڵام کاتێک شورا بڵندەکانی ئوروک دەبینێ دووبارە دڵی خۆش دەبێت، بۆی دەردەکەوێ تاکە ڕێگەی نەمری ئەوەیە مرۆڤ جێ دەستی خۆی لەسەر زەوی جێ بهێڵێ تا ناوبانگی بۆ هەمیشە بە نەمری بمێنێتەوە، وەک چۆن ئەم شورا بڵندەکانی ئوروکی بنیادناوە و بۆ هەمیشە ناوی بە بەرزی و نەمری دەمێنێتەوە.
.
گێڕانەوەی ئەفسانەکە هەندێک پاشکۆی دیکەشی هەیە کە زۆر پەیوەندیان بەم بەشەوە نیە، بەقەد ئەم بەشەش مانابەخش و بەناوبانگ نین، هەر بۆیە زیاتر جەخت لەم بەشەی چیرۆکەکە کراوەتەوە و گرنگی پێدراوە.

بۆ نووسینی ئەم باسە سوودم لەم سەرچاوانە بینیووە:
.
1- نەوشیروان مستەفا ئەمین: بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، کتێبی یەکەم-بەرگی یەکەم.
2- جەلیل ئازادیخواز: گێل گەمێش.

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …