شاڕوخ حه‌سه‌نزاده
سه‌روبه‌ندی هه‌زاره‌ی یه‌که‌می به‌ر له زایین ناوچه‌ی رۆژئاوای ئاسیا شاهیدی ده‌سته‌لاتێکی تازه و پێشکه‌وتوو بوو، سه‌ره‌تایی دامه‌زراندنی ئه‌م حکومه‌ته به‌ده‌ست که‌سانی ژیر و لێ هاتووه که یه کێتیه‌کی هاوڕه‌گه‌زیان پێک هێنا و بوو به چقڵی چاوی داگیر که‌ران.
ئه‌م شارستنیه‌ته کۆنه هه‌روه‌ک دیرۆکی باو و باپیرانی به هۆی بێکه‌سی و شێواندنی که‌سانی ناحه‌ز،نه‌بوونی لێکۆله‌ر و توێژینه‌وه‌ی سه‌رده‌می زانستی ودێرین ناسی له ناوچه‌ی ژێر ده‌سته لاتیان زۆر به لاوازی زانیاری له سه‌ر تۆمار کراوه، بۆیه ناچارین په‌نا به‌رینه به‌ر قسه و باسی ئاشووره‌کان و هیندێ سه‌رچاوه‌ی ئوورارتوویی،ئه‌م ده‌سته‌لاته هه‌وێنی یه‌کگرتنی چه‌ند تایفه و حه‌شیره‌تی خزمی لۆلۆیه‌کان و گووتی و … بووه،له ئاکام دوای نزیک به 300 سال خۆڕاگری و به‌ر به‌ره‌کانی له‌ته‌ک دوژمن و داگیرکه‌ران، بۆ ناو یه‌که‌م شانشینی یه‌ک گرتووی نیشتمان گه‌راوه و بوو به کۆڵه‌که‌ی به هێزی ئابووری وڵاتی ماد.
ئاشووریه‌کان به ماننا،مۆنا، و مانناس(manna,muna,mannas) و ئوورارتووهکان به مێنا (mena) و خه‌لکی بابل به مێنی (mini) ناویان هێناوه.
ئه‌رمیای نه‌بی له په‌رتۆکی خۆ‌یا باسی که‌ناره‌کانی نیشتمانی ئوورارتوو و ئه‌شکه‌ناز و ئاخی مه نی ده‌کا، که‌تیبه ئاشووریه‌کان یه‌که‌م جار سالی 834 پ.ز باسی ده‌کا ئه‌گه‌رچی پێش ئه‌م ڕێکه‌وته‌ش بوونی هه‌بووه.
ماننا کۆنترین دهستهلاتداری به‌هێز و وێچووی لێواری گۆلی ورمێیه،سنووری ئه‌م ولاته به هۆی دۆخی ئالۆزی ئه‌وکات له سه‌رده‌مه جۆراوجۆره‌کان ته‌سک و به‌رین بۆته‌وه،به مه‌راغه ی ئه‌مرۆدا تا نزیک ته‌ورێز و به بۆکان و سه‌قز دا هه‌تا زه‌ویه‌کانی کرماشان خولی لێداوه و له‌گه‌ڵ که‌وشه نی ئوورارتوو هاوسێ بوونه (زۆرێک له پسپۆرانی مێژوو و دێرین ناسی له‌م بروایه‌دان نه‌ته‌وه‌ی ماننا و ئوورارتوو له‌یه‌ک به‌ره‌باب یا خزمایه‌تی نزیکیان بووه، ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ده‌سته‌لات و کورسی هیندێ جار به شهر هاتوون!) به‌واتایه‌کی تر خاکی ماننا ئه‌و مه‌ڵبه‌ندانه له خۆده‌گرێ که دواتر له سه‌رده‌می ماده‌کان به مادی بچووک یا ئاترۆپاتێن ناسراوه.
وه‌ک ده‌گوترێ پایته‌ختی ئه‌م حکومه‌ته شاری ئیزیرتوو (izirtu) سه‌قز یا بۆکانی ئه‌مرۆ بووه، حکومه‌تی ماننا له نێوان دوو زڵ هێزی ئه‌وکات (ئاشوور و ئوورارتوو) هه‌ڵکه‌وتبوو، ئه‌مه‌ش ببۆ له‌مپه‌رێک بۆ پێشکه‌وتن و فراوان کردنی ناوچه‌ی ژێر ده‌سته‌لاتیان،بۆیه به ناچار له‌کاتی پێویست سه‌ر به یه‌کێک له‌م دوو شانشینه بووه، له‌م بهینه دا زۆر جار له گرژی نێوان ئه‌و ده‌وڵه تانه که‌لکی وه‌رگرتووه و پانتایی ده‌سته‌ڵاتی به‌رین کردۆته‌وه.
له نێوان ساڵانی 744 بۆ 810 پ.ز چارده جار،که زۆربه‌ی له لایان ئاشووره‌وه بووه هێرشی کراویته سه‌ر،مانا خۆی نه‌دۆڕاندووه و بوێرانه گه‌راویته‌وه سه‌ر شانۆی سیاسه‌ت.
ولاتی مانا چه‌ندین ناوچه یا پارێزگای له ژێر حوکم دابووه که به زمانی ئاشووری پیێ ده‌وترا شاکنۆ ((shaknu یا ناژه،سه‌رۆک و کوێخای ئه‌م ناوچانه‌ش به هازانۆ(هۆزان= هۆز) ده‌ناسران
به درێژایی ژیانی سیاسی و نیزامی ماننا ئه‌و ناژانهی هه‌بووه- سووریکاش(surikash) ده‌وروو به‌ری سه‌قز- ئوشیدیش یا ئو ئیش دیش(مه‌راغه)- لامسی (lamsi) سه‌رووی ڕووباری جغه توو- ئارسیانش- ئارشته یانا(arsiansh – arshte yana-) زیکرتوو (zikrtu) میانه و ئه‌رده‌بیلی ئێستا- زاموا (باشووری ورمێ یا شاره‌زوور،سلێمانی یا؟) و گیلزان(gilzan) رۆژ ئاوای گۆلی ورمێ و…
ئاژه‌ڵ داری و کشت و کاڵ به هۆی ئاوێژه بوونی زه‌وی و زاری لێواری گۆلی ورمێ و بوونی کوێستان و له‌وه‌رگه،جه‌مسه‌رێکی به هێزی ئابووری خه‌لک بووه( مینیت (minit ) جۆره گه‌نمێک بووه که به ناوی ئه‌م گه‌له ناسراوه و زۆر به‌ڕمێن بووه ) هه‌روها که‌لک وه‌رگرتنی هونه‌رمه‌ندان و وه‌ستایانی ئاسن و زێرنگرانی مانایی له کانگای زێر و مه‌فره‌ق و ئاسن گۆرانکاریهکهی به‌رچاوی له مێژووی مرۆڤایه‌تی پێک هێنا به جۆرێک ئاستی به‌رزی ژیانی خه‌لکی ماننا به به‌راورد له ته ک کۆمه‌لگاکانی تری ئه‌و کات ڕوون و به‌رچاوه، سه‌رچاوه‌ی ڕاهێنانی ڕسه‌ن ترین ئه‌سپ له‌م ناوچه‌یه بووه(کاتێ سارگۆن سالی 714 پ. ز به چۆمی که‌ڵوێ (زێی سه‌رده‌شت) دا ده‌په‌رێته‌وه و به‌لای خانێ (پیرانشار) به‌ره‌و په‌سوێ و مهاباد ده‌روا و پاش کاول کردن و کوشتوبڕێکی زۆر له خه‌لکی بێ تاوانی ئوورارتوو ده‌گاته مووساسیر و …) شای مانا ئۆلۆسۆنۆ بۆ پاراستنی گیان و مالی خه‌لک و هێمنی و ئارامی به‌و په‌ری له خۆبردوویی و شه‌هامه‌ته‌وه له نێوان په‌سوێ و سابلاغ به‌ره‌و پیری سارگۆن ده‌چێ و ڕه‌وه ئه‌سپێکی کوێتی پێشکه‌ش ده‌کا و به‌ڵێنی لێ ده‌ستێنێ په‌ل ناوێته ولاتی و پارێزه‌ری خه‌لکی مانا بێ، له به‌رامبه‌ر شای ئاشوور به‌م کاره زۆر که‌یف خۆش ده‌بێ و بڕیار ده‌دا نه‌ته‌نیا ئازار به خه‌لکه‌که‌ی نهگههێنێ به‌لکوو هاوکاری ده‌کا ناوچه‌ی
ده‌سته‌لاتی فره‌وانتر بکا)
یه‌کێکی تر له جیاوازی و ته‌نانه‌ت شانازی مانناکان له‌وه دابووه هه‌رچه‌نده شێوه‌ی به‌رێوه بردنی ده‌سته‌لات وه‌ک گشت حکومه‌تانی تر پاشایه‌تی و باب و کورایه‌تی بووه، به‌لام له شارستانیه‌تی مانا دا سه‌رۆکی ولات هه‌موو کات پرس و ڕاوێژی به پیاو ماقولان و ڕدێن سپی و شاره‌زایان کردووه،ده‌کرێ بلێن جۆرێک شوورا یا ئه‌نجومه‌نێک له ئارا دا بووه بۆ به‌رێوه بردنی هه‌رچی باشتری حکومه‌ت، سه‌رۆکی وڵات به پشتیوانی و یارمه‌تی ئه‌و که‌سانه ته‌نانه‌ت خه‌لکی خۆی ولاتی به‌رێوه بردووه،(سارگۆنی دووهه‌م له سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاشووری دا ده‌لێ: شای ماننا له گه‌ڵ ئه‌و حاکم و سه‌رۆکانه‌ی (پێکه‌وه) وڵات به‌رێوه ده‌به‌ن به پێشوازمه‌وه هاتن).
دیارده‌یه کی سه‌یر و سه‌ر سوور هێنه‌ری تر که گشت زانا و لێکۆله‌رانی سه‌رسام کردووه، ڕه‌نگبێ بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی مرۆڤایه‌تی دابێ که خه‌لکی هه ژار و بێ ده‌ره‌تان به دژی میری خۆیان هه ستنه‌وه و شۆرش سه‌ر ههلبدهن! ئه‌ویش ئه‌و کاته‌یه ” ئاخشری” سه‌رۆکی مانا ئیزن به ئاشوور بانی پال (627- 668 پ. ز) شای ئاشوور نادا به ناوچه‌ی ژێر ده‌سته‌لاتی دا تێپه‌رێ(ناوبراو وه‌ک باو باپیرانی هێرشی کردۆته سه‌ر ئوورارتوو و ناوچه کانی تر) له‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه ئاخشری به سه‌ختی تێک ده‌شکێ و له ئاکام خه‌لکی وه‌زاڵه هاتوو له‌شه‌ر و کوشتن و مال وێرانی له سه‌رۆک و کاربه ده‌ستانی ولات وهردهسوورێنهو و له کۆلان و شه‌قامی شار،شا و به‌رپرسانی گه ندهڵی ولات ده‌گرن و ده‌یانکوژن، ئاشور بانی پال به سه‌رکه‌وتوویی و بێ کێشه مانا ده‌گرێ و ئالۆزی ده‌کا، دوایی کوره‌که‌ی ئاخشری ئوئاڵی (ualli) خۆ ده‌ماله ئاشوور داوێ و له به‌ری ده‌پارێته‌وه،ته‌نانه‌ت کچه‌که‌شی پێشکه‌ش ده‌کا، به‌لام دڵی به‌ردی ئاشوور نه‌رم نابێ و ماننا به‌ره و داڕمان و کۆتایی کار ده‌روا.
به هۆی لێ هاتوویی و خولقاندنی ئاسه‌وار و هونه‌ری زێده به‌رز و ماڵات و ده‌خل و دانی جوان و ڕه‌سه‌ن که ده‌بۆ هۆی گه‌شانه‌وه‌ی باری ژیان و ئاستی به‌رزی ئابووری،جۆره سه‌ربه‌خۆیه‌ک له ناو خه‌لک و سه‌رۆک ناوچه‌کان ده‌بینرا، له‌م ناوچانه‌ی که دیرۆک باسی ده‌کا و مه لبهندێکی ناسراوی ماننایه ناوچه‌ی گیلزان یا گهڵیزان(gilzan, gelyzan) ه . بێزاد خۆشحالی له کتێبی زمان ناسی کورد و مێژووی کوردستان ڵ 127 ده‌لێ: یه‌کێک له سه‌رۆکانی ئه‌م ناوچه‌یه به ئاپۆ ناسراوه، ئه‌م ناوچه‌یه که‌وتۆته باشووری،ئاشوور و نێوان گۆلی ورمێ و زه‌ریاچه‌ی وان(سه‌رده‌می توکولتی نینورتای دووهه‌م) له درێژه‌دا ئاماژه ده‌کا، ئاسۆ یا ئاسه و سوا ئه‌م ناوه‌ش بینراوه و سه‌رۆکی گیلزانا بووه(سه‌رده‌می شه‌لمه‌نسه‌ری دوه‌م).
له سه‌رناوی گیلزان یا گهلیزان ره‌حیم مه‌حموودزاده نووسه‌ری په رتووکی” مانای هیندێ له ناوه کۆنه‌کانی ئێرانی له زمانی کوردی” باسێکی نوێ ده‌وروژێنێ که منیش به پێی لێکۆلینه‌وه له‌م ڕایه نزیکم،زۆرێک له زانایانی بواری دیرۆک و دێرین ناسی باسی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده ده‌که‌ن وه‌ک دیاکۆنۆف له مێژووی ماد،محه‌مه‌د جه‌وادی مه‌شکوور له” ڕوانینهک به سه‌ر مێژووی ئازه‌ربایجان و…
به پێی هه‌لکه‌وته‌ی جۆگرافی ئه‌م ناوچه‌یه و نزیکی له راده به‌ده‌ری ئه‌م ناوه له ته ک ناوی گوندی گهلاز(گهلازان) سه‌ر به ناوچه‌ی شنۆ که ده‌که وێته 15 کم رۆژ ئاوا شار،ده‌کرێ به کورتی له سه‌ری بدوێن به‌ڵکوو کاری زیاتری که‌ونینه ناسی له سه‌ر بکرێ.
دیاکۆنۆف له لاپه‌ره 85 دیرۆکی ماد دا ده‌لێ: لێواری رۆژ ئاوای گۆلی ورمێ به گیلزان ناسراوهله سه‌ده‌ی نۆی به‌ر له عیسا به‌شێکی سه‌ربه خۆ بووه و پێ ده‌چێ دواتر خرابیته سه‌ر ماننا یا ئوورارتوو یا له‌م نێوه دا دابه‌ش کرابێ” له باشووری رۆژهه‌لاتی ناوچه‌ی مه‌رگه‌وه‌ر(نێوان شنۆ ورمێ) که خه‌لکه‌که‌ی ئێستاش سه‌رقاڵی ئاژه‌ڵداری و کشت و کاڵن کێوێکی به‌رز ده‌بینرێ که به ناوی ” ئاز” ناسراوه.(کێوی ئاز)
گه‌لۆ دوای ئه‌وه ی ئیرانزوو له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌رانی سپای زیکرتوو به ناوی میتانی و به‌غداتی سالی 716 به‌ر له زایین کوژرا، له لایه‌ن سارگۆنه‌وه کوره‌که‌ی به ناوی ئازا (aza) به ده‌سته‌لات گه‌ی،له لایه‌کی تر که‌سانی وه‌ک بوریس پیۆترۆفسکی پێی وایه ئیرانزوو له سه‌ر ده‌ستی رۆسا سه‌رۆکی شانشینی ئوورارتوو کوژراوه و دواتر ئازای کوری له لایه‌ن سارگۆنه‌وه ده‌ست نیشان کرا که‌چی ئه‌ویش دوای سێ سال ده‌سته‌لات به ده‌ردی باوکی چوو،هه‌روه‌ها ناوبراو له په‌رتۆکی”شارستانیه‌تی ئورارتوو ڵ 157 دا ده‌لێ: رۆسا به دژی ئازا شۆرشێک ساز ده‌کا و دوای کوشتنی، براکه‌ی تری ئازا به ناوی ئۆلۆسۆنۆی له سه‌ر ته‌ختی خونکاری داده‌نێ و بۆ پشتیوانی له‌م سه‌رکرده‌یه 22 شار و گوندی پێدهبخشێ”
ئێحسان نووری پاشا له کتێبی مێژووی ڕیشه‌ی نیژادی کورد وهرگێری کوردی وریا قانع، پێی وایه : له شانامه دا “زوو” هه‌مان ئیرانزوو بووه و “زاب” یش ئازا بووه، له دوای کوشتنی ئازا سارگۆن پاشای ئاشوور برای ئازا ” ئۆلۆسۆنۆ” له سه‌ر ته‌خت شایی دانا و ئه‌مه‌ش ده‌بێته گهرشاسب،مێفتاحوڵ عڵووم، گهرشاسب به برازای زاب یا ئازا داناوه له دوای ئه‌مه‌ش ناوی “دیاکۆ = که یقوباد دێته ناو ناوان”
ئیبنوو ئه‌سیر له مێژووی(الکامل ابن اثیر) وه‌رگێرانی محه‌مه‌د ئیبراهیمی باستان پاریزی،پاش چۆنیه‌تی ده‌سته‌لاتی زوو ده‌لێ ” زوو له حکومه‌تی خۆی به‌خته‌وه‌ر بوو،زۆری خزمه‌ت به خه‌لک کرد و وێرانه کانی سه‌رده‌می ئه‌فراسیابی نۆژن و ئاوه‌دان کرده‌وه باجی حه‌وت سالانی به خه‌لک به‌خشی و …”
هه‌رتک وشه‌ی گه‌ڵاز و ئاز لێک ده‌چن و له ناو فه‌رهه‌نگی کوردی دا مانای هه‌یه یا ده‌شێ به شی کردنه‌وه لێی بروانین، گشت کوردێک به مرۆڤی چالاک و زیره ک ده‌توانێ بڵێ ” ئازا “به‌و شوێنه ی ئازای لێ بژی ده‌کرێ پێش یا پاشگری بۆ زیاد بکه‌ین بۆ وێنه دۆلی ئازایان یا گه‌لی ئازا(گهڵازان- گه‌ڵاز گه‌ل+ ئاز!؟)،یا چڕ بوونه‌وه‌ی ناوی وه‌ها دیرۆکی و دۆزینه‌وه ی ئاسه‌واری مانایی له‌م ناوچانه ئه‌م بۆچوونه به شێوه‌یه‌ک ده‌سه‌لمێنێ(به مه‌ودایه‌کی نه زۆر دوور له دوو لای باکوور و باشووری گوندی گهلاز دوو ئاوه‌دانی تر هه‌ن به ناوه‌کانی “ماوانێ”(ماوان- مان- ماننا) و مه‌ندان یا مه ندانان- ماندا- مانا، له‌گوندی ماوانێ به‌رده‌نووسێکی بزماری به دوو ڕێنووسی ئاشووری و ئوورارتووی دۆزراوه که بۆ سه‌رده‌می رۆسا کوری ساردووری (735 – 713 پ. ز ) ده‌گه‌رێته‌وه،هه‌روه ها له رۆژ ئاوای گوندی مهندانان گه‌لێک ئاسه‌واره بوونیان هه‌یه که له هه‌موان گرنگتر به‌رده‌نووسی کێله‌شینه هی سه‌رده‌می مێنۆوا کوری ئیشپۆئینی سه‌رۆک ده‌سته‌لاتی ئوورارتوو سه‌ده‌ی هه‌شته‌می به‌ر له زایین)
مهوزهی ورمێ به‌ردی کێله‌شین
مهوزهی ورمێ که‌تیبه‌ی ماوانێ
جامی زێرینی دۆزراه له ته‌پۆلکه‌ی حه‌سه‌نلوو 11 کم باشووری رۆژ ئاوای گۆلی ورمێ نزیک شاری نهققهدێ(نه‌غه‌ده)، ئه‌م ئاسه‌واره بایه‌خێکی زۆری دێرین ناسی و یارمه‌تی ده‌رێکی شایان بووه که بۆ سه‌رده‌می ده‌سته‌لاتی مانناکان ده‌گه‌رێته‌وه، مه‌هدی ره‌زه‌وی له کتێبی “حێلی قه‌ره پاپاق ” ڵ 39 ده‌لێ: ئاشکرایه ئه‌م گرد یا ته‌پۆلکه‌یه له قه‌ڵاکانی تایبه‌تی ده‌وله‌تی گیلزانه که له کاتی مه‌ترسی و بۆ پاراستنی ئه‌م جامه زێره پڕبایه‌خ و پیرۆزه که‌لکی لێ وه‌رگیراوه(د، رێنی به‌رپرسی مهوزهی زانکۆی پهنسیلوانیا سالی 1337 هه تاوی 1958 ز به هاورێیه‌تی تیمه‌کی کۆنی ناسی ئێرانی ئه‌م جامه‌یان دۆزیه‌وه که به‌رزایی 21 سانتی و زارکی 60 سانت و قورسایی 950 گره‌مه، نه‌قش و نیگاری مرۆڤ و ئاژه‌ڵی جۆراوجۆر به‌و په‌ری لێزانی و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له سه‌ر ههلکهنراوه) به پێی توێژینه‌وه‌کان ده‌ر که‌وتووه له کاتی هێرشی ئاشووریه‌کان گه‌مارۆ درابێ به لام به هۆی خۆراگری پارێزه‌رانی زه‌فه‌ریان پێ نهبردوووه، قه‌ڵاکه ئاور دراوه و له ئاکام به سه‌ریان دا رووخاوه،کاتێ ئه‌م جامه ئاسه‌واری سێ پاڵه‌وانی شێر به ده‌ست که یه‌کیان قاپه‌که‌ی له ئامێز دابووه بینراوه و نیشانه‌ی سووتانی ته‌خته و دار و خه‌ڵووز له ده‌وروبه‌ریان دیاربووه.
ته‌پۆلکه‌ی حه‌سه‌نلوو شوێنی دیتنه‌وه‌ی جامی زێرین
یا ده‌توانین ئاماژه به گردی دنخه (24 کم رۆژئاوای حه‌سه‌نلوو نزیک شاری شنۆ) بکه‌ین که ئاسه‌واری دۆزراوه چاخی دووهه‌می ئاسنی به تهپلۆکهی حه‌سه‌نلوو ده چێ، زێوه گوندێکی باشووری رۆژهه‌لاتی سه‌قز کانگایی شوێنه وار ناسی ماناکانه که ملوانکه و سینه ڕێزێکی زێر و… لێ دۆزراویتهوه،قه‌ڵایچی بۆکان جێگایه‌کی تره که گروپی دێرین ناسی کورته کارێکی لێ کردووه و به زۆر شت له وانه قه‌ڵایه‌ک گه‌یون و گه‌لێ شوێنی تر له‌م ناوه‌نده دا(حه‌بیبوڵای تابانی له کتێبی هاونه‌ته‌وه‌یی کوردوماد چاوگه ڕه‌گه‌ز،مێژووی شارستانیه‌تی کوردستان به‌رگی یه‌ک ڵ 140 باسی مانناکان ده‌کا و له شوێنه‌ک ده‌لێ: سه‌ره‌کی ترین ئاخی دهستهلاتداری ماننا له نێوان ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا و کوردستان (سنه) واته مهاباد، شنۆ ،پیرانشار، سه‌رده‌شت،بۆکان،سه‌قز،بانه،میاندواو،نه‌غه‌ده و مه‌لکه‌ندی، ئه‌و سێ شاره ی دوایی به هێلی سنووری مانا ناو بردووه)
ئاسه واری دۆزراوه له ناوچه ی زێوه
ئه‌م باسانه ده‌سه‌لمێنن که نیشتمانی ماننا به‌و هێز و دهستهلاتهی که هه‌یبووه له ناو خۆ دا به‌وپه‌ری ئاشته‌وایی و ته‌بایی به قازانجی ولات جۆره سه‌ربه‌خۆیه‌کی به پارێزگاکانی خۆی داوه و جۆره فێدرالیزمێکی ئابووری ناوچه‌یی کۆنی دیرۆکی هه‌بووه و ده‌کرێ ناوچه‌ی گه‌ڵازی ئه‌مرۆ یه‌کێک له‌م مه‌ڵبه‌ندانه بێ
بابه‌تێکی تر که حه‌سه‌نی پیرنیا له مێژووی ئێران دا باسی ده‌کا ده‌لێ : سالی 722 پ. ز سارگۆن له گه‌ل فلستین ده‌که‌وێته شهر و شاری سامری داگیر ده‌کا له و ناوچه‌یه دیله‌کی زۆر له قه‌ومی کوری ئیسرائیل(بنی اسرائیل) ده‌گرێ و ده‌یانباته‌وه شاری کالج و خاپوور و.. که دوایی به سه‌ر ولاتی ماد دابه‌شیان ده‌کا(هه‌لبه‌ت ئه‌و کات ده‌وله‌تی ماد بوونی نه‌بووه و ئه‌وان به ناوچه‌کانی ما‌نایان وتووه) دواتر ده‌لێ دوای ماوه‌یه‌ک هه‌ر ئه‌م خونکاره هێرشی کرده لای باشووری گۆلی ورمێ و تێکی شکاندن،دیاکۆ سه‌رۆکی ئه‌م هۆزه (که خه‌ریکی کۆ کردنه‌وه‌ی هێز بوو بۆ پاراستنی خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ی له چه‌نگ دوژمنانی) به دیل گیرا و بۆ شاری حه‌ماتی سووریه راگوێزرا سالی (715 به‌ر له زایین) ناوبراو ده‌لێ به وته ی ئاشووریه‌کان ئه‌مانه له گه‌ل ماده‌کان خزمایه‌تیان هه‌بووه.
له ئاکام سالی 616 پێش زایین ئاشوور و مانا به ده‌ستی بابل و ماد تێک شکان و ماننا که‌وته ژێر ڕکێفی خزمانی تری که دهولهتهکیان به ناوی ماد پێک هێنابوو، ناوی مانا دوایین جار(سالی 593) له په‌رتۆکی ته‌ورات،ئه‌رمیای نه‌بی ئاماژه‌ی پێ کراوه.
سه‌رچاوه‌کان
1. کوردستانی موکریان یا ئاترۆپاتێن- حوسێن حوزنی موکریانی
2. تمدن دینخواه تپه – سراورل اشتاین،کارول هایلن و…
3. تاریخ ایران – حسن پیر نیا
4. کوردستان له ئاوێنه ی مێژوودا – عه لی ئه حمه دی ره‌وشه‌نی
5. مێژووی ریشه‌ی نێژادی کورد – احسان نوری پاشا. و. وریا قانع
6. ایل قاراپاپاق – مهدی رضوی
7. تمدن اورارتوو – بوریس پیوتروفسکی. و. خطیب شهیدی
8. هاونه ته وه یی کورد و ماد چاوگه ڕه گه‌ز،مێژوویی شارستانیه‌تی کوردستان.حبیب الله تابانی. وه‌رگێر. ج. گادانی
9. تاریخ ماد – دیاکونوف . و. کریم کشاورز
10. معانی بعضی از اسامی که‌ن ایرانی در زبان کردی رحیم محمود زاده اشنویی
11. گوگل ویکی پدیا (ماناها)
12. باستان شناسی غرب ایران- فرانک هول،گرگوری.ا.جانسون و … و، زهرا باستانی
13. اخبار ایران از الکامل ابن اثیر، و محمد ابراهیم باستانی پاریزی