نووسینی : ناسر کانی‌سانانی
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: سه‌باح مه‌لا عه‌بدوڵا
ناوچه‌ی مه‌ریوان به‌شێکه له پارێزگای سنه به پانتاییه‌کی نزیکه‌و 3500 کیلۆمه‌تری دووجا، هه‌ڵکه‌وتوو له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌م پارێزگایه‌دا و سنوورێکی هاوبه‌شی درێژی له‌گه‌ڵ کوردستانی عیراقدا هه‌یه. ئه‌م به‌شه له ئێرانی ئه‌مڕۆ به هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافیاییه‌وه، به درێژایی مێژوو یه‌کێک له خاڵه ستراتیژیکه‌کان بووه.
له مێژووی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا زۆربه‌ی هێرشه‌کان بۆ ئێران و به‌رگرییه‌کان له ئێران له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بووه. هه‌ر بۆیه ناوچه‌ی مه‌ریوان خه‌تی پێشه‌وه و شایه‌تحاڵی پێشهات و ڕووداوگه‌لێکی بێئهژمار بووه که گێڕانه‌وه‌ی هه‌رکامیان پێویستی به کتێبێکی تێروته‌سه‌ل هه‌یه. سه‌ره‌ڕای فره‌یی ئه‌وڕووداوانه، به‌داخه‌وه تاکوو ئیسته بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به مێژووی ئه‌م به‌شه‌ی نیشتمان نه‌نووسراوه و هۆگرانی زانیاری له‌سه‌ر ڕابردووی مه‌ریوان ده‌بێ له هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی هه‌ندێک کتێبی مێژوویی‌دا ته‌نیا ئاماژه‌گه‌لێکی کورتیان ده‌ست ده‌که‌وێ. مێژووی ئه‌م به‌شه گرنگه‌ی نیشتمان ناڕوونه و جیلی لاوی ئه‌مڕۆ که تینووی زانست و زانیارییه، به گوێره‌ی پێویست له‌م باره‌یه‌وه شاره‌زاییان نیه. ئه‌م بێئاگاییه قۆناغه تازه‌کانی مێژووی ناوچه‌که‌ش له‌خۆده‌گرێ، هه‌ر بۆیه به پێویستم زانی که به‌شێک له مێژووی مه‌ریوان له بڕگه‌ی زه‌مانیی نێوان شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیدا، به پێی نووسراوه‌ی دروست و متمانه‌پێکراوی کتێبگه‌لی مێژوویی و هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه زاره‌کییه‌کانی ئه‌و به‌ساڵاچووانه‌ی که شایه‌تحاڵی ڕووداوه‌کان بوون، بگێڕمه‌وه.
له پێشدا به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌کی کورتی دۆخی ئێران له ساڵه‌کانی به‌ر له جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی (1914-1918) “شۆڕشی مه‌شرووته‌ی ئێران” له ساڵی 1906 (واته 1284ی هه‌تاوی) و له زه‌مانی حوکمڕانیی مزه‌فه‌ره‌دین شای قاجاڕدا سه‌رکه‌وت. به‌ر له‌م شۆڕشه ئێران مه‌کۆی دهستێوهڕدان و ملمڵانێی وڵاته کۆلۆنیالیسته‌کانی ڕۆژاوا و به‌تایبه‌ت ئینگلیس وڕووس بوو. ئه‌م دوو وڵاته به‌ته‌مابوون له‌ڕاستای ته‌ماحه داگیرکارییه‌کانی خۆیاندا، چاره‌نووسی ئێرانیش بخه‌نه ژێر ڕکێفی خۆیانه‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌م دوو هێزه له ساڵی 1907 دا ئێرانیان کرد به سێ به‌شه‌وه: ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووس له باکوور، ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیس له باشوور و ناوچه‌ی بێلایه‌ن له ناوه‌ند. ناوچه بێلایهنهکهش ساڵانی دواتر خرایه سه‌ر ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو هێزه‌وه و به‌م پێیه‌ش هێزه چه‌کداره‌کانی ئه‌م دوو وڵاته له‌و ناوچانه‌دا که باس کران جموجووڵ و چالاکییان ده‌کرد. پاشاکانی قاجاڕ و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و کاته‌ی ئێران هه‌ر له بیری قازانجی ماددی و تاکه‌که‌سیی خۆیاندا بوون، نه ئیراده و نه توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌رهه‌ڵستیی داگیرکارانی ڕووس و ئینگلیسیان نه‌بوو. ئه‌وان ته‌نانه‌ت هه‌وڵیشیان ده‌دا که له بوون و توانایبیانییهکان بۆ به‌هێزترکردنی پێگه‌ی خۆیان که‌ڵک وه‌رگرن.
ساڵی 1908 (واته 1286ی هه‌تاوی) حه‌مه‌عه‌لی شا له دوای مه‌رگی باوکی، له جێگه‌که‌یدا دانیشت و دژی مه‌شرووته ڕاوه‌ستا و به‌یارمه‌تیی ڕووس (که هێزی قه‌زاقی ئێرانی ڕێکخستبوو) مه‌جلیسی شۆرای میللی دایه به‌ر تۆپ و سیسته‌مێکی دیکتاتۆری دامه‌زراند. زۆری پێ نه‌چوو موجاهیده‌کان له فارس و ته‌ورێزه‌وه چوون بۆیارمهتیی هاوبیره‌کانیان و تارانیان گرت و له ساڵی 1909 دا ئه‌حمه‌د کوڕه 14 ساڵه‌که‌ی حهمهعهلییان له‌سه‌ر ته‌ختی شاهی دانا. زۆر ئاساییه له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا حکومه‌تی ناوه‌ندی لاواز بێ و توانای ئیداره‌ی وڵاتی نه‌بێ، بۆیه حاکمانی ویلایه‌ته‌کان ته‌نیا هێمایه‌کی ڕواڵه‌تیی له ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بوون و نه‌یانده‌توانی کارێکی ئه‌وتۆ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌کان بکه‌ن.
له ده‌ورانی قاجاڕدا حوکمڕانانی خۆجێیی مه‌ریوان نیشته‌جێی “قه‌ڵای فه‌رهاد میرزا” بوون که به “دژی شاپوور” ده‌ناسرا و هه‌موو هه‌وڵیان تاڵان‌کردنی ماڵ و سامانی خه‌ڵک و نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌کی بوو له نێوان هۆز و عه‌شیره‌کاندا به مه‌به‌ستی مانه‌وه و پاراستنی خۆیان. له کتێبه مێژووییه‌کاندا ناونیشانی حاکمه‌کانی ده‌وڵه‌ت له مه‌ریوان له زه‌مانی مزه‌فه‌ره‌دین شای قاجاڕ بهملاهوه، ئاوایه: سهیفهڵا خانی یاوه‌ر، حاجی فهتحولمولک، میرزا حه‌مه‌ته‌قی موعتهمهد، ئهرفهعولمولک….
له‌و ڕووداوانه‌ی کوردستان که شایانی باس بن له ساڵه‌کانی دوای مه‌شرووته تا سه‌ره‌تای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی، ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی دوباره‌ی سالارولدهولهیه له‌م ده‌ڤه‌ره و داواکاریی تاج و ته‌ختی ئێران و هه‌وڵدانی ناوبراو بۆڕێکخستنی هێزی عه‌شایر بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت. شازاده ئه‌بولفه‌تح میرزا ناسراو به سالارولدهوله کوڕی سێهه‌می مزه‌فه‌ره‌دین شای قاجاڕ له ساڵی 1905 کرایه حاکمی کوردستان.[له‌م ده‌قه‌دا مه‌به‌ست له کوردستان ناوچه‌کانی ئه‌ماره‌تی ئه‌رده‌ڵانه که دواتر ناوی پارێزگای کوردستانیان له‌سه‌ری دانا و شاری سنه‌یش ناوه‌ندی پارێزگاکه‌یه. وه‌رگێڕ] ساڵی 1908 دوورخرایه‌وه بۆ ئوروپا، به‌ڵام له ساڵی 1911دا به دزییه‌وه گه‌ڕایه‌وه‌و له ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا و کوردستاندا به‌دانی واده و به‌ڵێن به سه‌رۆک هۆز و عه‌شیره‌کان، ئه‌وانی بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ مهشرووتهخوازهکاندا له ده‌وری خۆی کۆکرده‌وه. هۆزه‌کانی به‌گزاده‌ی مه‌ریوانیش له‌گه‌ڵیدا تا کرماشان چوون، به‌ڵام له کۆتاییدا له مه‌به‌ستی خراپی ناوبراو تێگه‌شتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌ریوان. هێزه‌که‌ی سالارولدهوله به‌ره‌و هه‌مه‌دان چوو، به‌ڵام له هێزی ناوه‌ند شکستی خوارد و هه‌ڵهات.
سه‌قامگیربوونی مه‌شرووته له ئێران‌دا نه‌بووه هۆی ئه‌منیه‌ت و ئاسایش له کوردستاندا و حاکمه ده‌وڵه‌تییه‌کان به له‌سه‌ر هه‌مان ڕێبازی پێشوویان به دووبه‌ره‌کینانه‌وه تێده‌کۆشان حوکمڕانیی خۆیان بڕهوپێبدهن. هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌کانی ئه‌م حاکمه‌کاندا ساڵه‌کانی پێش له ده‌سپێکردنی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، چه‌ندین شه‌ڕی جۆراوجۆر له نێوان به‌گزاده‌کانی مه‌ریوان و به‌گزاده‌کانی هه‌ورامان و بانه‌دا ڕوویاندا که ته‌نیا ده‌سکه‌وتی ئه‌و شه‌ڕانه لاوازبوونی هێزی ئه‌وان بوو. ئه‌م لاوازبوونه به‌ڕاده‌یه‌ک کاریگه‌ر بوو که له‌گه‌ڵ ده‌سپێکردنی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و هێرشی ڕووس بۆ کوردستان، مه‌ریوانییه‌کان به هۆی نه‌بوونی پێداویستیی جه‌نگی و چه‌کوچۆڵی پێویست، نه‌یانتوانی به‌ره‌نگاری ڕووسه‌کان ببنه‌وه. سه‌رۆک هۆزه‌کانی مه‌ریوان له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م بابه‌ته، بڕیاریاندا له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ڕووبه‌ڕووی هێزی ڕووس نه‌بنه‌وه و ڕێگه‌یان پێبده‌ن که به مه‌ریواندا تێپه‌ڕن، ئه‌وان ده‌یانزانی که هێزه‌کانی ئیمپراتۆری عوسمانی له‌ڕێدان و به‌زوویی ده‌گه‌نه مه‌ریوان و به پێی ده‌مارگرژیی دینییانه‌وه پێیانخۆشبوو که‌له‌گه‌ڵ عوسمانییه‌کاندا هاوکاریی بکه‌ن. ئه‌مه‌ش له ساڵی 1915دا ڕوویدا و هێزه‌کانی عوسمانی گه‌یشتنه مه‌ریوان و چه‌کوچۆڵی پێویستیان دا به به‌گزاده‌کانی ناوچه و ئه‌وانیش له هاوئاهه‌نگییه‌کی ته‌واودا به پاڵپشتیی خه‌ڵک و مه‌لا و شێخ و ساداتی ناوچه‌که له هێڵی نێوان سنه_مه‌ریواندا هێرشیانکرده سه‌ر ڕووس و به به‌کارهێنانی تاکتیکگه‌لی شه‌ڕی چریکی، هێزی ڕووسیان به سه‌ختی شکاند و هه‌تا سنه شوێنیانکهوتن. له پاش ئه‌م ڕووداوه به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ریوان که‌وته ده‌ست به‌گزاده‌کان و له‌به‌ر دهستێوهڕنهدانی مه‌ئموورانی ده‌وڵه‌ت، شه‌ڕ و ململانێی نێوان هۆزه به‌گزاده‌کان کۆتایی هات و سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی هه‌لومه‌رجی شه‌ڕ، ئاسایشێکی ڕێژه‌یی بۆ خه‌ڵک له‌ئارادابوو. ته‌واوبوونی شه‌ڕ وه‌کوو کۆتایی هه‌موو بهگژیهکداچوونه گه‌وره‌کان، دۆخێکی ئابووریی دژواری بۆ خه‌ڵک له‌گه‌ڵ خۆی هێنا، چونکو له کاتی جه‌نگدا چالاکییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان به نزمترین ئاست گه‌یشتبوون و تفاق و بژێوی گشتیی که‌وتبووه به‌ر شاڵاوی هێزه هێرشبه‌ره‌کان و هیچی نه‌مابووه‌وه. ساڵێک دوای شه‌ڕ واته 1919 که‌له لای خه‌ڵکی ناوچه‌که‌دا به“ساڵی گرانییه‌که” ناوبانگی ده‌رکردووه، ئه‌م کاره‌ساته ڕوویدا [هێزی ڕووس له ساڵی1336ی کۆچی واته 1918-1917 دا به کوردستاندا تێپه‌ڕین که به“ساڵی ڕووسه‌که” ناسراوه. قاتوقڕی و گرانییه‌که‌ی پاش شه‌ڕی ڕووس به‌ڕاده‌یه‌ک کارتێکردنی له‌سه‌ر ناوچه‌که هه‌بوو که‌ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی 18 ملوێنیی ئێران گه‌یشت به 9 ملوێن که‌س و نیوه‌ی ڕێکیان له‌و ساڵه‌دا مردن. وه‌رگێڕ].
له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا گۆڕانکارییه‌کی زۆر و بنه‌ڕه‌تی له عیراقدا هاته ئاراوه که کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر مه‌ریوانیش دانا. عیراق که پێش له شه‌ڕ به‌شێک بوو له ئیمپراتۆری عوسمانی، پاش شه‌ڕ و به‌پێی په‌یمانی سایکس_پیکۆ له 1917 دا به‌ڕێوه‌بردنی درابوو به ئینگلیس و ئینگلیسیش به مه‌به‌ستی زاڵبوون و باڵاده‌ستییان به‌سه‌ریدا پڕۆژه‌گه‌لێکی جۆراوجۆریان تێدا به‌ڕێوه‌برد. ئه‌وان که له هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده‌کان و بزافهڕزگاریخوازانهکانیان تێگه‌یشتبوون، شێخ مه‌حموودی حه‌فیدیان کرد به حوکمڕانی سلێمانی. شێخ تێکۆشا به پاڵپشتیی ڕۆژاوا کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ بنیاتبنێ. ئه‌م خواستهیهی شێخ پێشوازیی گشتی لێوه‌کرا و که‌سایه‌تییه‌کانی مه‌ریوانیش له تۆمارێکدا له داخوازییه‌کانی”مه‌لیکی کوردستان” پشتیوانیی خۆیان ده‌ربڕی.
له ناوچه‌ی مه‌ریواندا دوو که‌سایه‌تی زیاتر له هه‌موان پشتگیری شێخیان کرد، ئه‌وانیش مه‌حموود خانی دزڵی و مه‌حموودخانی کانی‌سانان بوون که له هیچ هه‌وڵێک بۆ پاڵپشتی و لایه‌نگیریی شێخ درێخی‌یان نه‌کرد. دوای ئه‌وه‌ی که درز که‌وته نێوان شێخ و ئینگلیسه‌وه که له ئاکامدا ساڵی 1919 ده‌سبه‌سه‌رکرا؛ حاکمه‌که‌ی کوردستانی ئێران واته میرزا عه‌لی محه‌مه‌د خانی به‌نیئاده‌م ناسراو به شه‌ریفولده‌وله، به هۆی پاڵپشتیی هه‌ر دوو مه‌حموود خان له شێخ مه‌حموود، ئه‌وانی گرت و ڕاده‌ستی کاربه‌ده‌ستانی ئینگلیسی کردن. هه‌ردوکیان بران بۆ به‌سره و له‌وێوه خانی دزڵی بۆ هیندستان دوورخرایه‌وه و خانی کانیسانانیش له به‌ندیخانه‌ی ئووچ قه‌ڵای به‌غدادا دیل کرا. چه‌ند مانگ دواتر به نێوبژیکاریی عادیله خانم هاوسه‌ری عوسمان پاشای جاف و دایکی شاعیرانی ناوداری کورد تایه‌ربه‌گ و ئه‌حمه‌د به‌گی جاف، خانی کانی‌سانان ڕاگوێزرا بۆ بنکه‌ی سه‌ربازیی ئینگلیسییه‌کان له پێنجوێن که خشڵه‌ی پێده‌وترا. عه‌شایری مه‌ریوان کاتێ به‌مه‌یان زانی شه‌وێک هێرشیان برده سه‌ر خشڵه و خانی کانیسانانیان ڕزگار کرد و گه‌ڕایه‌وه بۆ مه‌ریوان.
ئینگلیسییه‌کان له‌به‌رئه‌وه‌ی که له عیراقدا کێشه و گرفتی زۆریان بۆ دروست بووبوو، ناچار به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شێخ بوون و هه‌مدیسان حوکمڕانیی سلێمانییان پێیسپاردهوه. به‌ڵام ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یش نه‌بووه هۆی سه‌قامگیریی ئاسایش له ناوچه‌که و شێخ مه‌جبوور بوو سلێمانی به‌جێبهێڵێ و بڕواته ناوچه سنوورییه‌کانی ئێران و عیراق. شێخ که خه‌ڵکی مه‌ریوانی به پاڵپشتی خۆی ده‌زانی، هه‌وڵیدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نێوان ئه‌م دوو سه‌رۆک عه‌شیره گرنگانه‌ی ناوچه‌که به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو. سه‌ره‌نجام ئه‌و کێشانه بووه هۆی دروستبوونی شه‌ڕێک له‌نێوانیادا له‌به‌هاری 1923 (واته 1302ی هه‌تاوی)دا. خانی دزڵی و هێزه‌کانی له هه‌ورامان به پشتیوانی چه‌ند هۆزێکی مه‌ریوان هێرشیان کرده سه‌ر مه‌حموود خانی کانی‌سانان. سه‌ره‌ڕای ڕێژه‌ی زۆری چه‌کداره هێرشبه‌ره‌کان و که‌میی به‌رگریکاره‌کان، هه‌ورامییه‌کان و هاوپه‌یمانانیان شکستێکی سه‌ختیان خوارد و گه‌ڕانه‌وه دواوه.
هه‌ر له‌م ساڵانه و له ئێران‌دا ڕه‌زاخانی میرپه‌نج به‌ڕێنوێنی ئینگلیسییه‌کان به‌و هێزه قهزاقهی که له ژێر فه‌رمانیدا بوون، تارانی گرت و ئه‌حمه‌د شای قاجاڕ به ناچاری کردیه وه‌زیری جه‌نگی خۆی و نازناوی سه‌رداری سپای پێدا. ساڵی 1921 (3/12/1299ی هه‌تاوی) دوای ماوه‌یه‌کی کورت کرا به سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌ره‌نجام له کاتێکدا که ئه‌حمه‌د شا له ده‌ره‌وه‌ی ئێران بوو، به هه‌ڕه‌شه و تهماحوهبهرنانی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی و به پشتیوانی هێزه چه‌کداره‌کان، زنجیرهپادشایی خانه‌دانی قاجاڕی پساند و خۆی وه‌کوو شا له‌سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات دانیشت. ساڵی 1304 له‌یه‌که‌مین کاره‌کانی ڕه‌زا شا، ناردنی هێز بوو بۆ کوردستان به مه‌به‌ستی ده‌ستئاوه‌ڵایی و هه‌راویی زیاتری ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌میر عه‌بدوڵا خانی ته‌هماسوبی وه‌ک فه‌رمانده‌ی تیپی نادری نارد بۆ کوردستان. ئه‌و که که‌سێکی ئاگا و خاوه‌ن ئه‌زموون بوو، هه‌ر زوو تێگه‌یشت که به بێ یارمه‌تیی عه‌شایری خۆجێیی سه‌رکه‌وتوو نابێت. هه‌ر بۆیه له پێشدا له سه‌قز له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌دا دیداری کرد و به پێی قه‌ول و قه‌رارێک که پێکه‌وه دایاننا، بڕیار درا که خانی بانه له له‌شکرکێشی بۆ مه‌ریوان و به‌رهه‌ڵستیی مه‌حموود خانی کانی‌سانان _که دیارترین و به‌ده‌سه‌ڵاتترین سه‌رۆک هۆزی مه‌ریوان بوو_ یارمه‌تیی ته‌هماسوبی بدا. به‌ڵام به هۆکارگه‌لێک خانی بانه نه‌یتوانی ئه‌م کاره جێبه‌جێ بکا. ئیتر ئه‌میر له سنه مایه‌وه تاکوو مه‌حموود خانی دزڵی چوو بۆ سنه و دوای دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌میر، بوو به پێشاهه‌نگ [پێشڕه‌و]ی تیپی نادری بۆ مه‌ریوان. به‌مجۆره ئه‌میر ته‌هماسوبی هات بۆ مه‌ریوان و خانی کانی‌سانان شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌دا به مه‌سڵه‌حه‌ت نه‌زانی و به‌ره‌و گونده سنوورییه‌کان ڕۆیشت. هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت هه‌ر که گه‌شتنه مه‌ریوان، چوون بۆکانیسانان و ماڵی مه‌حموودخان و براکه‌ی (فه‌ره‌ج به‌گ)یان سووتاند و به‌شێک له‌و هێزه له گوندی کانی‌سانان نیشته‌جێ کران. خانی کانی‌سانان نامه‌ی بۆ ئه‌میر نووسی و پاش چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵیدا، بڕیار درا که له‌گه‌ڵ ڕه‌زا شادا دیدارێک بکات. ئه‌م دیداره‌ش ساز کرا و کاتێ کهڕهزا شا له ده‌سه‌ڵات و توانایی و ئاوه‌زی خانی مه‌ریوان تێگه‌یشت و زانی که ئه‌و خوازیاری ئه‌منیه‌ت و ئاسووده‌یی خه‌ڵکه، پله‌ی سه‌ربازیی سه‌روان [نه‌قیب]یپێدا (که له سیسته‌می سه‌ربازیی ئه‌و کاته‌دا پێیده‌وترا سوڵتان) و کرا به سه‌رۆکی ڕێکخستنی ئه‌منیه‌ی مه‌ریوان و به‌مجۆره به‌ڕێوه‌به‌رێتیی ناوچه‌ی مه‌ریوانی پێ‌سپێردرا.
له‌و ساڵانه‌دا شێخ مه‌حموودی حه‌فید بۆ جاری دووهه‌م له‌گه‌ڵ ئینگلیسییه‌کاندا به شه‌ڕ هاتبوو و له گوندی پیران که گوندێکی سنووریی مه‌ریوانه نیشته‌جێ بوو. به‌ر له هاتنی هێزی ده‌وڵه‌ت بۆ مه‌ریوان شێخ تێکۆشابوو که هه‌ردوو مه‌حموود خان پێکه‌وه ئاشت بکاته‌وه و خانی دزڵی له هێنانی هێزی ده‌وڵه‌ت بۆ مه‌ریوان پاشگه‌ز بکاته‌وه، به‌ڵام خانی دزڵی قه‌بووڵی نه‌کردبوو. لێکۆڵه‌ری کورد که‌مال نووری له وتارێکدا ده‌ڵێ: یه‌کێک له‌و هۆکاره گرنگانه‌ی که شێخ مه‌حموودی ناچار کرد به پێچه‌وانه‌ی ویستی خۆی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئینگلیسییه‌کاندا واژۆ بکا و واز له داخوازییه‌کانی خۆی بهێنێ، کێشه‌ی نێوان هه‌ر دوو مه‌حموود خان بوو له مه‌ریوان. (په‌یماننامه‌ی 1927 ن: که‌مال نووری، گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ، ژماره 124 ساڵی 1989)
مه‌حموود خانی کانی‌سانان ئیداره‌ی ئه‌منیه‌ی له مه‌ریواندا ڕێکخست و له مه‌ریوانه‌وه هه‌تا سنه “پۆستی ئه‌منیه” [بنکه‌ی پۆلیس]ی دانا و ئاسایشی ته‌واوی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا سه‌قامگیر کرد. فه‌ره‌ج به‌گی برای کرد به نایبولحکومهی مه‌ریوان و ئه‌ویش به مه‌به‌ستی دابینکردنی ئه‌منیه‌تی زیاتر له مه‌ریواندا و بۆ به‌رگری له سنووربه‌زاندن له‌سه‌ر گردۆڵکه‌ی میرزا میران شا [میرزا میراشه] له‌نزیک گوندی ساوجی له به‌شی خاومیراوای مه‌ریوان قه‌ڵایه‌کی سه‌ربازی دروست کرد و خۆی و هێزه‌که‌ی له‌وێ جێگیر بوون. له ههنگاوێکی دیکه‌یدا له ناوچه‌ی سه‌رشیو به‌ره‌وڕووی ئه‌و هۆزه کۆچه‌رییانه بووه‌وه که هه‌موو ساڵێک له خاکی عیراقه‌وه له ژێر ناوی له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕ و ماڵاتدا ئاودیوی مه‌ریوان ده‌بوون و سه‌ره‌ڕای ئازاردانی خه‌ڵکی ناوچه‌که، ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یان بۆ کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداریی خه‌ڵک سازده‌کرد. فه‌ره‌ج به‌گ ئه‌و کۆچه‌رییانه‌ی ناچار کرد وێڕای ئه‌وه‌ی که سه‌رانه و ماڵیات بۆ که‌ڵکوه‌رگرتن له له‌وه‌ڕگه‌کانی مه‌ریوان بده‌ن، له‌و شوێنانه‌دا جێگیر ببن که بۆیان دیاری ده‌کرێ و چه‌ند تاقمێکیش له هێزه‌که‌ی خۆی کرد به چاودێریان. کۆی ئه‌م کارانه‌یش ئه‌منیه‌تی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ی به چه‌شنێک دابین ده‌کرد که ژیانی ئاسایی بگه‌ڕێته‌وه و بازرگانیی نێوان کوردستانی عیراق و کوردستانی ئێران گه‌شه بکات.
یه‌کێکیتر له کاره‌کانی مه‌حموود خان کردنه‌وه‌ی قوتابخانه لهکانیسانان و مه‌ریوان بوو که تیایاندا کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو له منداڵی به‌گزاده و خه‌ڵکانی ئاسایی تیایاندا ده‌ستیانکرد به خوێندن. ناوبراو پاش ئه‌وه‌ی وه‌زعی مه‌ریوانی گه‌شه‌پێدا، به داوای ده‌وڵه‌ت بۆ سامان‌دانی ناوچه‌ی سنه، چوو بۆ ئه‌و شاره. له‌م ساڵانه‌دا سه‌ید عه‌تا که‌لی باینچۆیی که غه‌درێکی لێکرابوو، په‌نای بۆ مه‌حموود خان هێنا و ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی حه‌قه‌که‌ی بۆی سه‌نده‌وه له ئه‌منیه‌دا دایمه‌زراند و کردی به سه‌رۆکی ئه‌منیه‌ی گوندی سێوڕ.
ئه‌م دۆخه هه‌ر وا به‌رده‌وام بوو تاکوو ده‌وڵه‌ت به‌گزاده‌کانی مه‌ریوانی ناچار کرد که‌به ناوی دابین کردنی ئه‌منیه‌تی هه‌ورامانه‌وه له له‌شکرکێشی به‌ره‌و نه‌وسوو یارمه‌تیی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت بده‌ن. (سه‌ره‌تای 1931 واتهزستانی 1309ی هه‌تاوی) له‌م پیلانه له پێش داڕژاوهدا ئه‌وان دوای گه‌یشتنیان به نه‌وسوو، چه‌ک کران و ده‌ستبه‌سته به‌ره‌و کرماشان بران و له‌وێشه‌وه بۆ تاران ڕاگوێزران. ئه‌م ڕووداوه ده‌ستپێکی وه‌رزێکی نوێی ڕه‌زا خان دژ به عه‌شایری کوردستان بوو که تا ساڵی 1310 درێژه‌ی هه‌بوو و تیایدا هه‌موو ئه‌ندامانی 15 ساڵ به‌ره‌وژووری به‌گزاده گیران و ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ی قه‌سری قهجهڕ له تاران کران. [ئه‌م ڕووداوه که لایه‌نی ده‌وڵه‌تی ناوی تهختهقاپووی لێنابوو، له مێژووی کوردستاندا به“بهگزادهگیران/دیلگیران” ناسراوه.وه‌رگێڕ]
ڕووداوی گرنگی دوای ده‌ستبه‌سه‌رکرانی به‌گزاده‌کان له مه‌ریواندا، ڕاپه‌ڕینی سه‌ید عه‌تا که‌ل بوو که له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌چه‌کداره ناوازه‌کانی هێرشیان برده سه‌ر پاسگای کانی‌سانان و وێڕای کوشتنی چه‌ند مه‌ئموورێک، ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر چه‌کوچۆڵ و جبه‌خانه‌ی پاسگادا. ئه‌م چالاکییه‌ش خۆشحاڵی و پێشوازیی گشتیی لێکه‌وته‌وه و خه‌ڵکی مه‌ریوان پشتگیری‌یان کرد. له به‌رانبه‌ریشدا ژماره‌یه‌کی که‌م خزانه ناو هێزه چه‌کداره‌کانی ده‌وڵه‌ت و ده‌ستیان کرد به ئازار و ئه‌زیه‌تی خه‌ڵک و ژیانیان لێتاڵکردن. کاره‌کانی ئه‌م که‌سانه به‌تایبه‌ت له ده‌موده‌ستی“پڕۆژه‌ی یه‌کده‌ست کردنی جلوبه‌رگ”دا زۆر زه‌ق بوو. ئه‌وان به جه‌وله‌ی به‌رده‌وامیان له گونده‌کاندا زه‌بر و زه‌ختیان له ژنان و پیاوان ده‌کرد که جلوبه‌رگی ڕه‌سه‌نی خۆماڵی داکه‌نن و جلوبه‌رگی پێشنیارکراوی ده‌وڵه‌تی ڕه‌زا شا له‌به‌ر بکه‌ن. ئه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌ڕای گوشاری زۆری هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت و چاوساخانی خۆجێییان خه‌ڵک ملیان به‌م کاره نه‌ده‌دا و به‌رهه‌ڵستیان ده‌وه‌ستانه‌وه.
ده‌ستبه‌سه‌رکرانی به‌گزاده‌کان و هه‌ره‌سی شۆڕشی شێخ مه‌حموودی نه‌مر بووه هۆی ئه‌وه‌ی که خه‌ڵک له پشتیوانی ئه‌وان بێبه‌هره بن و له کاتی وادا مه‌ئموورانی ده‌وڵه‌ت و به‌کرێگیراوه‌کانیان هه‌ر چه‌شنه بێ ڕێزی و غه‌در و ده‌ستدرێژییه‌کیان بۆ سه‌ر خه‌ڵک ده‌کرد. ته‌نیا هیوای خه‌ڵکی مه‌ریوان سه‌ید عه‌تا بوو که ئه‌ویش له هێرشێکی هاوبه‌شی هێزه‌کانی ئێران و عیراق له ساڵی 1318 دا کوژرا [ڕێکه‌وته دروسته‌که‌ی 7/10/1940 به‌رانبه‌ر به 15/7/1319 یه. وه‌رگێڕ].
ئه‌م دۆخه‌ش هه‌ر وا درێژه‌ی هه‌بوو تا ئاگری شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی ئێرانیشی به‌رکه‌وت و ڕه‌زا شا له سه‌ر ته‌ختی پادشایی کێشرایه خواره‌وه. ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زا شا بوو به هۆی ئازادیی به‌گزاده‌کان (شه‌هریوه‌ری1320 ئابی 1941) و ئه‌و به‌شه‌ی به‌گزاده‌کان که تا ئه‌و کاته زیندوو مابوونه‌وه له گرتووخانه‌کان و تارێندراوی گه‌ڕانه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان. له ماوه‌ی ئه‌و ده‌ساڵه‌دا ده‌یان به‌گزاده و سه‌رۆک هۆزی کورد له گرتووخانه‌کانی ڕه‌زا شا دا به مردنێک له چه‌شنی شه‌هیدبوون گیانیان به‌خت کرد و له شوێنی نادیاردا کران به ژێر خاکه‌وه و تاکوو ئیسته‌ش ناونیشانیان نه‌زانراوه.
له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌گزاده‌کان بۆ مه‌ریوان، مه‌حموود خانی کانی‌سانان به پله‌ی سه‌رگورد [ڕائید]ه‌وه کرا به فه‌رمانداری سه‌ربازیی مه‌ریوان و به هاوکاریی خه‌ڵکانی خۆجێیی ئیداره‌ی کاروباری مه‌ریوانی گرته‌وه‌ده‌ست. ڕووداوه‌کانی پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی بابه‌تێکی جیاوازه که ده‌بێ له کاتی گونجاو‌دا بخرێنه به‌ر باس.
سه‌رچاوه : هه‌فته‌نامه‌ی سیروان، ژماره 723 ساڵی چوارده‌هه‌م 28/11/1391