له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی سه‌ده‌ی بیسته‌م، دوای لاوازی و كزبوونی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانی‌دا په‌رت و بڵاو بوون، گه‌شەی سەند، كوردیش له پێشه‌نگی ئه‌و گه‌لانه‌دا بوو كه خه‌باتیان ده‌كرد بۆ رزگاربوونیان له ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی و دژایەتییان بۆ سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م چه‌ند شێوه‌یه‌كی وه‌رگرت، خه‌باتی سیاسی و ڕۆشنبیری و راپه‌ڕین و شۆڕشی چه‌كداری.
به‌م جۆرە چه‌ندین كۆمه‌ڵه و رێكخراو و ناوی كوردی هاتنە مه‌یدانی خه‌بات، مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه پر بوو له گزی و شتی شاراوه، ده‌وڵه‌تی توركی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌وردی، پلانی شاردنه‌وه‌ی بۆ داده‌ڕشت.
نووسه‌ری كورد (محه‌مه‌د ئۆزۆن) له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ”… ئه‌وه بوو قه‌ده‌ری كوردی باكوور، چونكه لێكۆڵەر و تایبه‌تمه‌ند و نووسه‌رانی تورك، له‌لای كورد و مێژووی كورد، راناوه‌ستن! له‌به‌رئه‌وه‌ی زانكۆ و په‌یمانگا و ئه‌كادیمیا و داموده‌زگا زانستییه توركییه‌كان به‌گشتی، له په‌راوێزی دامه‌زراوه فەرمییه توركییه‌كاندا، ده‌نووسێ و بیر ده‌كاته‌وه.
كه‌چی ئه‌وانه‌ی وه‌كو ده‌وڵه‌تیش بیر ناكه‌نه‌وه، له كار و چالاكییه‌كانیاندا، باسی كورد و كوردستان و كوردایه‌تی ناكه‌ن.
ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان باسی كوردی كرد، ناڵێت كورد نییه، وه‌كوو چۆن ده‌وڵه‌تی توركی ده‌ڵێت! به‌ڵام هه‌رگیز ناوێرێت له‌ژێر ترس و كۆچبهندهكانی ده‌وڵه‌ت، ده‌رچێت (1)”.
محه‌مه‌د ئۆزۆن به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: ”هه‌ر بۆیه‌ش شانسێكی خه‌راپ و وێرانكارییه‌كی سه‌یر مێژووی كورد و كوردستان له توركیا ده‌پێچێته‌وه و به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت.
له لایه‌كه‌وه ده‌وڵه‌ت، ملیۆنه‌ها درۆیان بۆ دروست ده‌كات و ده‌ڵێت كورد و كوردستان نییه!
له لایه‌كه‌ی تریشه‌وه، تایبه‌تمه‌ند و لێكۆڵه‌ره‌كان، له ترسان، خۆیان كڕ ده‌كه‌ن و باسی ئه‌و درۆیانه ناكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه، سه‌ری خۆیان به‌رامبه‌ر به درۆیه‌كانی ده‌وڵه‌ت شۆڕ ده‌كه‌ن.
به‌م شێوه‌یه‌ش مێژووی كورد و خه‌باتیان، له‌پشت ده‌رگا داخراوه‌كانی ئه‌رشیفی نهێنیی ده‌وڵه‌تی توركی، ده‌شاردرایه‌وه!(2)”.
گوتمان، بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له توركیا، له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م، شێوه‌ی (رزگاریی میللی)ی وه‌رگرت، له هاوینی ساڵی 1919دا به‌رامبه‌ر به سیاسه‌ته شۆڤێنییه‌كه‌ی توركیا توندتر بوو. دۆڕاندنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و كزبوونی هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئیسلامی و عوسمانییه‌كان، له‌گه‌ڵ زاڵبوونی توندڕه‌ویی توركه‌كان و هه‌وڵدانی به‌هێزیان بۆ تواندنەوە و به‌تورككردنی كه‌مینە نه‌ته‌وییه‌كانی تر، ئه‌مانه گشتیان هۆی زاڵییان بوو له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تی كورد.
كورده‌كانیش- هه‌روه‌كوو میلله‌ته‌كانی تر- له‌گه‌ڵ بارودۆخی رمانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، ده‌ستیان به خه‌باتی رزگاربوونی خۆیان كرد(3).
(توركیای گه‌نج) و ئنتلجنسیای كوردی
یەکێک له‌و كه‌سانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا گه‌وره و به‌رچاو بوو، عه‌بدوڵا جه‌وده‌ت بوو (1860 – 1932) ئه‌وه‌ی كه توركه‌كان به (باوكی رۆحی)ی سه‌ركرده‌كه‌ی خۆیان، مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك و به (بیركه‌ره‌وه)ی توركیای گه‌نجیان داده‌نا، ئه‌ویش هه‌وڵی ده‌دا بۆ رووخاندنی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید و دوورخستنه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه بوو چه‌ندین هێزی دژایه‌تی و رێكخراوی تر له‌ده‌وری (توركیای گه‌نج) كۆ بوونه‌وه.(4).
دكتۆر عه‌بدوڵا جه‌وده‌ت، ژیانی سیاسیی خۆی به دژایه‌تیی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید ده‌ست پێكرد، ئه‌وه بوو له‌گه‌ڵ رووخانی عه‌بدولحه‌مید، ئه‌و و (ئیسحاق سكوتی) كۆمه‌ڵه‌ی (ئیتیحاد و ته‌ره‌قی)یان ده‌مه‌زراند.
دوای رمانی عه‌بدولحه‌مید و گه‌یشتنی ده‌سه‌ڵات به (توركیای گه‌نج)، هه‌روه‌كو ده‌یان رۆشنبیری كورد، عه‌بدوڵا جه‌وده‌تیش كاری له‌گه‌ڵدا كردن، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی (ئیتحادییه‌كان) مافه نهتهوەییهكانیان به‌دی بهێنن.
مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك و هه‌ڤاڵانی، لایه‌نگریی خۆیان بۆ كورده‌كان ده‌ربڕی، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و كۆنگره‌ی سێواس و له 11 ئه‌یلوولی ساڵی 1919 به‌سترا، بڕیاره‌كانی كۆنگره‌كه رێزی له تایبه‌تمه‌ندیی كومه‌ڵایه‌تی و ره‌گه‌زیی میلله‌تی كورد گرت و كورده‌كانی به برای توركه‌كان دانا، به‌م شێوه‌یه‌ش كه‌مالییه‌كان لایه‌نگری و سۆزی گشت هێزه كوردییه‌كانیان مسۆگه‌ر كرد.(5).
بزووتنه‌وه‌ی كه‌مالییه‌كان سۆزیان به كورده‌كان دا كه دوای سه‌ركه‌وتن، ئۆتۆنۆمییان بده‌نێ و هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی كورد بڕوایان كرد.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای كرد هه‌ندێك له كه‌سایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وەیی كورد له‌ناو كۆنگره‌كه‌دا له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1919 كه له ئه‌رزەڕۆم به‌سترا، سۆز و لایه‌نگریی خۆیان به‌رامبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی (توركیای گه‌نج) پیشان بده‌ن و یارمه‌تیشیان بده‌ن. (6).
ئه‌وه‌بوو گشت هێزه شۆڕشگێڕه‌كان له‌سه‌ر دروشمه‌كانی توركیای گه‌نج (ئازادی، عه‌داله‌ت، یه‌كسانی) پێك هاتن، به‌و هیوایه‌ی ڕژێمه‌كه بڕووخێنن.(7).
عه‌بدولره‌حمان به‌درخانیش له ئه‌وروپا خۆی به باڵه نامهڵبهندییهكهی بزووتنه‌وه‌كه‌ی، گه‌یاند(8) و زۆر به چالاكی به‌شداری له رۆژنامه‌كه‌یدا كرد كه ناوی (ئۆسمانلی) بوو.
مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، كاتێك كه له جه‌نگدا سه‌ركرده‌ی له‌شكری دووه‌م بوو له دیاربه‌كر، په‌یوه‌ندییه‌كی پتەوی له‌گه‌ڵ میره كورده‌كاندا هه‌بوو، وای پیشان دا كه ئه‌و دژی سیاسه‌تی تێكشكاندنی میلله‌تی كورده و هێزی پاراستنی شوێنه‌كه‌ی خۆی به له‌شكری كورد به‌خشی، ئه‌وه‌ی كه گشت ئه‌ندامه‌كانی جلوبه‌رگی كوردی‌یان ده‌پۆشی و حه‌سه‌ن خه‌یری به‌گی ده‌رسیمی، به‌ڕێوه‌ی ده‌برد.
ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته، له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی حكوومه‌تی توركی نه‌ده‌گونجا، به‌ڵام مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ری و له گشت چاوپێكه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌كانیدا دوو منداڵی هه‌تیوی كوردی (8 تا 10 ساڵی) به جلوبه‌رگی كوردیی خاوێن، له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنا و ده‌برد.(9).
به‌ڵام خه‌باتی كورد، له سه‌رده‌می كهمالییهكانیشدا به‌رده‌وام بوو، وه‌كوو ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر سیاسه‌تی لایه‌نه حوكمدارهكان، ئه‌وانه‌ی كه پشتیان له به‌رژه‌وه‌ندیی میللەتی كورد كرد و هه‌وڵیان دا كورده‌كان بتوێننه‌وه و له‌ناویان ببه‌ن.(10).
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید
عه‌بدوڵا جه‌وده‌ت له ساڵی 1869 له شاری (عهرهبكر)، له مهڵاتیای كوردستانی توركیا له‌دایك بووه.
دوای ته‌واوكردنی خوێندنی ئایینی، په‌یوه‌ندی به قوتابخانه‌ی له‌شكریی (ره‌شیدیه)ى شاری خه‌ربووت (عهزیزیه) كردووە. له ساڵی 1886 به‌ره‌و ئیسته‌نبوڵ چووە و له‌وێ له ئاماده‌یی (كوڵاڵی)ی خزمەتی له‌شكریی ته‌واو كردووە. پاشان له كۆلێژی پزیشكی خوێندووە و ساڵى 1894 بوو به دكتۆر.
عه‌بدوڵا جه‌وده‌ت، ده‌ستی نووسینیشی هه‌بووە و چه‌ندین دیوانی شیعری- له كاتی خوێندن- بڵاو كردووەته‌وه. له ساڵی 1889 له‌گه‌ڵ سێ له هاوڕێیانی (ئیسحاق سكوتی و ئیبراهیم تهمو ئهرتویت و محه‌مه‌د شوكری چه‌ركه‌س) ڕێكخراوێكی نهێنییان دامه‌زراند به ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كگرتووی عوسمانی)، کە دواتر بوو به (كومه‌ڵه‌ی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی). (11).
دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
ئیسحاق سكوتی و عه‌بدوڵا جه‌وده‌ت له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی (ئیتیحاد و ته‌ره‌قی) كارێكی به‌رفراوانیان كرد، كه بووه هۆی دوورخستنه‌وه‌یان له وڵات، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامه سهرهكییهكانیانی كۆمه‌ڵه‌كه. بۆ نموونه، ئیسحاق سكوتی بۆ (رۆدس) دوور خرایەوە و توانی له‌وێوه له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر به‌ره‌و پاریس هه‌ڵبێت. كه‌چی عه‌بدوڵا جه‌وده‌ت بۆ (ته‌رابلوسی رۆژئاوا) دوور خرایەوە، ئه‌ویش له‌وێوه هه‌ڵات بۆ تونس، به‌رله‌وه‌ی بگاته هاوڕێیه‌كانی له شاری پاریس.(12).
د. عبدولسهتار تاهیر شه‌ریف له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
(ئیتیحاد و ته‌ره‌قی) كۆمهڵهیەك بوو چه‌ندین (بیرمەند) و سیاسه‌تمه‌داری كورد و توركی تێدابوو، له ساڵی 1899 بوو به حزبێكی سیاسی و ئه‌و ناوانه‌ی له‌خۆ گرت:
ئیسحاق سكوتی، كه‌ریم سیباتی، عه‌بدوڵا جه‌وده‌ت، شه‌ریف ئه‌لدین مهغموس، شێخ نائیل، عه‌بدولقادر ئه‌فه‌ندی و ئه‌حمه‌د به‌گ.
په‌راوێزه‌كان:
1- محه‌مه‌د ئۆزۆن Hevi-hejmara-payza 1990 p.75-80
2- سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
3- كوردستان تركیا بین حربین – هسرتیان ل13
4- گۆڤاری یه‌كگرتن ژماره 15 لاپه‌ڕه 69 / نهضة الاكراد الثفافة/ جلیلی جلیل لاپه‌ڕه101.
5-فی سبیل كردستان- زنار سلوبی لاپه‌ڕه 60.
6-نهضة الاكراد الثفافة – جلیلی جلیل ل 61.
7- سه‌رچاوه‌ی پێشوو
8- سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 40-41.
9- فی سبیل كردستان- زنار سلوبی ل45.
10- كوردستان بین حربین ل32.
11- محه‌مه‌د ئۆزۆن Hevi-hejmara-payza 1990 p.75- 80
12- الجمعیات والمنظمات والاحزاب الكوردیة فی نصف قرن 1908-1958 ـ دكتور عبدالستار طاهر شریف ل 16-17