ئا: بارام سوبحی
كاربه‌ده‌ستێكی ئینگلیز پێیوایه كورد بێجگه له‌قودره‌ت له‌هیچ شتێك ناگا، راشیده‌گه‌یه‌نێت هه‌ر حكومه‌تێكی عێراقی كه بیه‌وێ رێز له‌خۆی بگرێ، پێویسته حیساب بۆ ئه‌وه بكا كه نابێ به‌هیچ جۆرێك كه‌ركوك له‌سه‌ر كوردستان حیساب بكرێ. مێژونوسێكی كوردیش ده‌ڵێت: كورده‌كان پێیانوایه ئه‌گه‌ر بیر له‌دواڕۆژی خۆیان بكه‌نه‌وه ترسنۆك ده‌بن، بۆیه قه‌ت بیر له دواڕۆژیان ناكه‌نه‌وه.
كتێبی كوردستان‌و ستراتیژیی ده‌وڵه‌تان، له‌نوسینی حسێن مه‌ده‌نی، سێ به‌رگه‌و له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات له‌ساڵی (2014) له‌هه‌ولێر چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌م كتێبه گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوزه‌شته‌ی به‌ئاكام نه‌گه‌یشتنی جوڵانه‌وه‌و بزاڤه چه‌كدارییه‌كانی كورده له‌ماوه‌ی پێنج سه‌ده‌ی رابردودا، كه به‌بڕوای نوسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی‌و ئابورییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی زلهێزی دنیا‌و وڵاتانی ناوچه‌كه‌و ناكۆكی ناوخۆیی كوردان‌و جوگرافیای كوردستان، له‌مپه‌ری سه‌ره‌كی به‌رده‌م دروستبونی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردیی بون.
كوردستان.. سێیه‌م وڵاتی جیهان
به‌رگی یه‌كه‌می كتێبه‌كه له‌شه‌ش به‌ش پێكهاتوه‌و تایبه‌ته به‌باسكردنی رێژه‌ی دانیشتوان‌و مێژوی كورد‌و كورد له‌سه‌ده‌كانی شانزه‌و نۆزده‌و دو ده‌یه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م‌و شۆڕشی ناسیۆنالیستی له‌سێ پارچه‌ی كوردستاندا. نوسه‌ر بۆ نوسینی ئه‌م كتێبه‌ی پشتی به‌زیاتر له(170) سه‌رچاوه‌ی كوردی‌و فارسی لهكتێبو رۆژنامه‌و گۆڤار به‌ستوه.
له‌باره‌ی ناوی كوردستانه‌وه، نوسه‌ر ئاماژه به‌وه‌ده‌كات بۆ یه‌كه‌مجار سوڵتان سه‌نجه‌ری سه‌لجوقی به‌شێكی لهئهیالهتی جیبال (كرمانشانیشی ده‌گرته‌وه) جوێ كرده‌وه‌و ناوی نا كوردستان. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “تا سه‌ده‌ی حه‌وته‌می كۆچی هیچ جوگرافیزانێكی ئێرانی‌و عه‌ره‌ب لهكتێبو نوسراوهكانیاندا ناوی كوردستانیان نهبردبو، (حه‌مه‌دوڵا مسته‌وفی 740 كۆچی) بۆ یه‌كه‌مجار له‌كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی “نزهه القلوب” ناوی كوردستانی هێناوه‌و سنوری وڵاته‌كه‌شی دیاریكردوه.
ده‌رباره‌ی روبه‌ری خاكی كوردستان، نوسه‌ر ئاشكرای ده‌كات له‌كۆی (194) وڵات كه ئه‌ندامی ره‌سمی رێكخراوی نه‌ته‌وه یهكگرتوهكانن، روبه‌ری كوردستان له‌هی (164) وڵات زیاتره‌و له‌ڕیزی سێیه‌مین وڵاتی جیهان ده‌وه‌ستێ. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “نۆزده وڵاتی بچوكی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت هه‌ن، به‌هه‌مویان به‌قه‌زا ناوچه‌ی موكریان نابن”.
به‌پشتبه‌ستن به‌بۆچونی هێندێك له‌مێژونوسان، نوسه‌ر ده‌ڵێت: وشه‌ی كورد لهگوردهوه هاتوه، واتا چوست‌و چالاك‌و ئازا. ئه‌مه‌ش له‌خاڵه به‌هێزه‌كانی كه‌سایه‌تی كورده‌و توانای داوه‌تێ خۆی له‌به‌ر چه‌قی لافاوی داگیركه‌راندا راگرێ‌و نه‌توێته‌وه. دواتر دێته سه‌ر باسی زمانی كوردی‌و ده‌ڵێت: هه‌رچه‌ند زمانی كوردی له‌چاو زمانه زیندوه‌كانی ئه‌وروپا، زمانێكی هۆزایه‌تیی وه‌رزێری‌و ئاژه‌ڵدارییه، به‌ڵام زمانێكی پاراو و لوسو رهوانو جوان‌و چهڵهنگو پڕمانایه. له‌مه‌یدانی ئهدهبو په‌ندو حیكمه‌تدا، بهڕێژهوترین زمانه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌ژمێردرێت.
سه‌باره‌ت بهشوێنهوارهكانی كوردستان، نوسه‌ر له‌زاری دیكسۆنهوه كه سه‌روبنی كوردستانی كردوه، ده‌ڵێت: كه‌م وڵات له‌دنیادا په‌یدا ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ی كوردستان شوێنه‌واری وێران‌و شوره‌و قه‌ڵای كۆنی لێ به‌جێمابێ. كوردستان بۆ دێرینه‌ناسان له‌ڕاستیدا به‌هه‌شتێكی به‌رینه.
كوردستان به‌حوكمی پێگه جوگرافیهكهی به‌رده‌وام مه‌یدانی شه‌ڕو شۆڕی نێوان وڵاتانی زلهێز بوه، ئه‌فسه‌ری ئه‌ڵمانی ڤۆن مۆڵتكه كه بۆ سه‌ركوتی به‌رخودانی كوردان به‌هانای سوپای عوسمانیه‌وه دێت، ده‌ڵێت: كوردان بۆ پاراستنی شهرهفو كه‌رامه‌تیان سینگیان ده‌كه‌نه قه‌ڵخانی گولله‌ی دوژمن‌و سه‌ربه‌رزانه گیانیان به‌خت ده‌كه‌ن. به‌ڵام ته‌نیا داخم ئه‌وه‌یه كه كورد له‌نێو خۆیاندا یه‌ك نین‌و له‌پێناوی سودی بێگانه وه‌كو گورگی هار وان.
سه‌ده‌ی بیست: سه‌ده‌ی نائومێدی كوردان
له‌چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌وڵه‌تی عێراق دروستده‌كرێت، له‌سه‌ر ده‌ستی ئینگلیز خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كورد له‌چاڵ ده‌نرێت. له‌ئێرانیش كۆتایی به‌سه‌رده‌می قاجاره‌كان دێت‌و په‌هله‌وییه‌كان دێنه دهسهڵاتو ده‌كه‌ونه چه‌وسانه‌وه‌ی كوردان. بۆیه نوسه‌ر به‌رگی دوه‌می كتێبه‌كه‌ی تایبه‌ت كردوه به‌م قۆناغه، له‌چوارچێوه‌ی سێ به‌شدا باس له‌دروستكردنی ده‌وڵه‌تی عێراق‌و شۆڕشی شێخ مهحمودو شێخانی بارزان ده‌كات، له‌به‌شێكی دیكه‌دا باس له‌ئێرانی سه‌رده‌می قاجارهكانو پههلهویو شۆڕشی سمكۆی شكاك‌و دروستكردنی كۆماری مهابادو دۆخی ئه‌وكاته‌ی ئێران ده‌كات.
له‌م به‌رگه‌دا نوسه‌ر به‌ده‌ر له‌گێڕانه‌وه‌ی روداوه مێژوییه‌كان، هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی بۆ كه‌سایه‌تیه‌كانیش ده‌كات، دیاره یه‌كێك له‌كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ش شێخ مه‌حمودی مه‌لیك بوه. له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی شێخه‌وه، نوسه‌ر ده‌ڵێت: شێخ مه‌حمود وێڕای ئه‌وه‌ی كه لهمێرخاسیو دڵسۆزی‌و رهوشتبهرزیو نیشتیمانپه‌روه‌ریدا بێ هاوتا بو، مخابن لهحكومهتداریدا بێ ئه‌زمون بو. سه‌روده‌رێكی وای لهكونو كاژێری سیاسه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌رنه‌ده‌كرد. شێخ مه‌حمود یه‌كه‌م مرۆڤی كورد بو كه ده‌وڵه‌تێكی زلهێزی جیهانی به‌ڕاست یان به‌درۆ روی تێكردبو موافه‌قه‌تی له‌گه‌ڵ كردبو، حكومه‌تێكی كوردی دابمه‌زرێنێ. هه‌لێكی سیاسی باشی بۆ رهخسابو، به‌ڵام بۆی نه‌هاته به‌رهه‌م. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كار بهكارزانان بسپێرێ‌و داموده‌زگای حكومه‌تیان پێ رێكبخا‌و نهزمو نیزامێك بۆ ئیداره‌كردنی وڵات دابمه‌زرێنێ، دۆخی سیاسی وڵاتانی براوه له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاوتوێ بكا، چاره‌نوسی خۆی‌و حكومه‌ته‌كه‌ی زیاتر به‌قه‌زاوقه‌ده‌ر سپاردبو.. شێخ لههێزیدا نه‌بو خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌و ته‌نگژه‌یه‌ی تێیدا عاسی ببو ده‌رباز بكا‌و گه‌لی كورد له‌كوردستانی باشور به‌مراد بگه‌یه‌نێ.
نوسه‌ر له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی سمكۆی شكاك، ده‌ڵێت: سمكۆ له‌قاڵبی رێبه‌رێكی كورددا هه‌ر له‌پاڵ خۆیدا پیشی ده‌خوارده‌وه، زیاتر هزرو بیره‌كه‌ی له‌چاره‌نوسی سیاسی خۆیدا هیلاكو شه‌كه‌ت كردبو: داخوا رۆژێك دێ داخی خۆی بهعهجهمان بڕێژێ‌و تۆڵه بستێنێ”.
بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سایه‌تی كورد، نوسه‌ر ته‌نها بۆچونی خۆی باس ناكات، به‌ڵكو له‌وباره‌یه‌وه بۆچونی كه‌سانی دیكه‌ش ده‌خاته‌ڕو. له‌وباره‌یه‌وه وته‌یه‌كی سیسیل جی ئه‌دمۆندز له‌باره‌ی كوردی عێراقه‌وه ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت: كورده‌كانی خوارو به‌هاسانی به‌گژیه‌كدا ده‌كرێن، ئه‌وان له‌به‌رانبه‌ر به‌هێزتر له‌خۆیان هه‌ڵدێن یان خۆ به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن.. كورد بێجگه له‌قودره‌ت له‌هیچ شتێك ناگا، ده‌بێ به‌زه‌بری زۆرداری رامی بكه‌ی… هه‌ر حكومه‌تێكی عێراقی كه بیه‌وێ رێز له خۆی بگرێ، پێویسته حیساب بۆ ئه‌وه بكا كه نابێ به‌هیچ جۆرێك كه‌ركوك له‌سه‌ر كوردستان حیساب بكرێ”.
نه‌وت ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ردو ده‌وڵه‌تی ئێران‌و عێراق بوبێته خاڵی به‌هێزو ده‌ستكه‌وت، ئه‌وا بۆ كورد بوه‌ته مایه‌ی نه‌هامه‌تی. بۆیه نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر “باباگوڕگوڕ” گڕی نهگرتباو كورد خاوه‌نی نه‌وت نه‌با، ئینگلیز چ په‌كی به‌كه‌ركوك‌و عێراقێكی یه‌كگرتو له‌ژێر سه‌روه‌ری عه‌ره‌باندا ده‌كه‌وت؟ ئه‌گه‌ر ته‌ماحی نه‌وت نهیگرتبا قه‌ت به‌خاتری دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كورد به‌زمی به‌كورد نه‌ده‌گرت‌و وابێڕهحمانهو نامرۆڤانه‌ش ده‌گژ “شێخ مه‌حمودی حه‌فید”رانهدهچۆوه.
كورد‌و چاڵدێران: دیوارێك لهگۆشتو خوێن
به‌رگی سێیه‌می ئه‌م كتێبه له‌سێ به‌ش پێكهاتوه، تیایدا باس لهدرستبونو پێگه‌ی پارتی ژیانه‌وه‌ی كوردستان “ژێكاف”و دروستبونی حیزبی هیواو حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و رۆڵی مسته‌فا بارزانی‌و روخانی كۆماری مهاباد ده‌كات، هه‌روه‌ها باس له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ناسیۆنالیزمی كوردی‌و ئاكامی گشتی مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ماوه‌ی چوار سه‌ده‌ی (1514- 1914) ده‌كات.
نوسه‌ر هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات له‌دوای شه‌ڕی چاڵدێران له‌ساڵی (1514)، كه بۆ یه‌كه‌مجار كوردستان كرایه هه‌ردو به‌شی كوردستانی عوسمانی‌و كوردستانی ئێرانی، هه‌ر شه‌ڕێك له‌سێ سه‌د ساڵی دوایی له‌نێوان پاشاكانی ئێران‌و سه‌ڵاتینی عوسمانی قه‌ومابا، له‌سه‌ر زه‌وی كوردستان رویاندهداو له‌شكری كوردانیش لهههرلایهك بان ده‌بونه كه‌واسوری پێش له‌شكره‌كان. به‌قه‌ولی سولێمانی قانونی: دیوارێكی گۆشت‌و خوێن له‌نێوان سهفهویو عوسمانیه‌كاندا له‌كورده‌كان دروستكرابوو.
نوسه‌ر باس له‌وه‌ش ده‌كات له‌دوای روخانی ئیمپراتۆری عوسمانی، سه‌ركرده‌كانی كورد بۆ پچڕینی به‌شه میراتیان له‌ئیمپراتۆری عوسمانی به‌ڕاده‌ی پێویست شاره‌زا نه‌بون. به‌ده‌ق ده‌ڵێ: راوێژكاری سیاسی ئه‌وتۆیان نه‌بو رێنوێنیان بكا‌و پێیان بسه‌لمێنێ كه كورده‌كان ته‌نیا له‌داڕشتنی پلانێكی سیاسی هاوبهشیانداو بهخۆنزیككردنهوهیان له‌ستراتیژی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كاندا شانسی دامه‌زاندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردیان بۆ ده‌ڕه‌خسێ. له‌مه‌ش زیاتر بۆیان نییه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی رزگاری نه‌ته‌وه‌ییان بیر له‌شتی لاوه‌كی بكه‌نه‌وه‌و خۆیانی پێوه ماندو بكه‌ن.
به‌بۆچونی نوسه‌ر میره‌كانی كورد له‌پاڵ خاڵه لاوازه‌كانی نێوخۆیی‌دا، هێندێك خاڵی لاوازی ده‌ره‌كیشیان هه‌بو كه چاره‌نوسی دوارۆژی ئه‌وانی دیاری ده‌كرد، كه بریتی بون له: شاره‌زاییان له‌سه‌ر هێزی دوژمن زۆر كه‌م بو، هه‌میشه هێزی دوژمنیان به‌كه‌م ده‌گرت، سنوری دۆست‌و دوژمنیان لێ تێكه‌ڵ ده‌بو، روانگه‌ی جیهانبینی زۆربه‌ی میرانی كورد زۆر لاواز بو، نه‌یانده‌زانی له چ ده‌ورو زه‌مانێكدا ده‌ژین، ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان كامانه‌ن؟ نفوزیان له‌سه‌ر ئێران‌و عوسمانی‌و كورد تا كوێیه؟
نوسه‌ر ئه‌وه رونده‌كاته‌وه كۆی هۆیه‌كانی شكستی شۆڕش‌و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له‌كوردستان هه‌موی ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر رۆڵی مێژویی رێبه‌ره‌كانیان، به‌ڵكو هه‌ر سێ عامیلی: هه‌ڵكه‌وتی جوگرافیایی‌و سروشتی شاخاویی كوردستان‌و ناته‌بایی وه‌زعیه‌تی ستراتیژی كوردستان، چه‌رخی كاره‌ساتی مێژوی كوردستانیان به‌زیانی خه‌ڵكی كوردستان خولاندۆتهوه. بۆیه ده‌ڵێت”ده‌بێ له‌وه دڵنیابین ئه‌گه‌ر به‌شێكی خاكی كوردستان به‌لێواری ده‌ریای ئازاده‌وه نوسابا، قه‌ت داستانی ژیانی سیاسی كورده‌كان ئه‌و وه‌زعه‌ی نه‌ده‌بو كه ئێستا تێیدا ده‌ژی”.
كورد لهشهرهفخانهوه بۆ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا نه‌بوه خاوه‌نی دهوڵهتو بوه نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست، له‌به‌رانبه‌ردا نه‌ته‌وه‌كانی فارس‌و عهرهبو تورك بونه خاوه‌ن دهوڵهتو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست. نوسه‌ر لێره‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ توێژینه‌وه‌یه‌كی واڵكه‌ر كۆنێر كه له‌سه‌ر (132) ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌نجامیدابو، كه تیایدا به‌و ئاكامه گه‌یشتبو كه ته‌نها (12) ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌باری قه‌ومیه‌وه یه‌كده‌ست‌و یهكڕهنگن، ئه‌وانیتر تێكڕا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه‌گونجاون. ته‌نانه‌ت له (39) وڵات‌دا پڕنفوزترین به‌شی قه‌ومیان له (50%)ی نفوسی وڵاته‌كه‌شیان كه‌مترن، زۆربه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییانه فره قهومینو له‌حاڵه‌تی ئاشتی یان شه‌ڕدا پێكه‌وه ده‌ژین”.
نوسه‌ر ده‌ڵێت: روداوه‌كانی دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ئه‌وه‌یان سه‌لماند زۆربه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ته‌نیا به‌سیاسه‌ت دروستبون، به‌ڵام خاوه‌ن ره‌گه‌زی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌یی نین‌و له‌باری ویسعه‌تی خاك‌و نفوسو هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه لاوازن، زۆر زه‌حمه‌ته بتوانن تاسه‌ر له‌به‌رامبه‌ر كێشه نێوخۆییه‌كان‌و داكۆكی له نه‌ته‌وه‌و خاكیاندا خۆڕاگر‌و سه‌ركه‌وتو بمێننه‌وه.
له‌كۆتایی كتێبه‌كه‌یدا، نوسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بۆچونێكی مێژونوسی ناوداری كورد شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی، كه په‌نجه بۆ هێندێك خاڵی لاوازی كوردان راده‌كێشێ‌و ده‌ڵێت: كورده‌كان پێیانوایه ئه‌گه‌ر بیر له‌دوارۆژی خۆیان بكه‌نه‌وه ترسنۆك ده‌بن، بۆیه قه‌ت بیر لهدوارۆژیان ناكه‌نه‌وه… هه‌ر كه‌س بیر له‌سه‌ربه‌رزی خۆی ده‌كاته‌وه، به‌تێكڕایی بیر له‌سه‌ربه‌رزی تێكڕایی یه‌ك ناكهنو پشتی یه‌كتریی ناگرن‌و نابنه یه‌ك… داگیركه‌ری كوردستان هه‌ركێ بوبێ هه‌ركاتێك ده‌ستی بۆ ئه‌م ئاگره بێ ئه‌مانه درێژكردوه هه‌ر په‌شیمان بۆته‌وه، دوای داگیركردنیشی چاری نه‌بوه‌و هه‌ر به‌خاوه‌نی پێشوی ئهسپاردۆتهوه.
هه‌روه‌ها كلۆدیۆس جیمس ریچ له‌زاری یه‌كێك لهبابانهكان ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت: بێت‌و دوبهرهكیو ناكۆكی بنه‌ماڵه‌یی له‌نێوان سه‌رۆكه‌كانمان هه‌ڵگیرێ، نه تورك‌و نه ئێرانی ناتوانن به‌سه‌رماندا زاڵ بن.. له‌ڕاستیدا ئێمه‌ی كورد دره‌نگ تێده‌گه‌ین.