زۆرینه‌مان وا بیر ده‌كه‌ینه‌وه جه‌نگه گه‌وره و خوێناوییه‌كان له‌سه‌ر خاك و فه‌رمانڕه‌وایی و فره‌وانخوازی وڵاتانه، بێگومان زۆربه‌ی جه‌نگه‌كان به‌و هۆكاره‌وه دروستبوون، به‌ڵام له ته‌ك ئه‌مانه‌یش دا چه‌ندان جه‌نگ هه‌ن له‌سه‌ر هۆكاری نا سیاسی و دوور له پاوانخوازی سنوور ڕوویان داوه و هه‌زاران كه‌س به‌وهۆیه‌وه بوونه‌ته قوربانی، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌یش بریتییه له‌و جه‌نگانه‌ی كه به‌هۆی پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له نێوان فه‌رمانڕه‌واكان له‌گه‌ڵ ژنانی تر دروستبووه، له خواره‌وه كاریگه‌رترین شه‌ش جه‌نگی مێژوو به‌هۆی خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو.
یه‌كه‌م: جه‌نگ له پێناوی كچانی سابین، شه‌ڕ و ململانێ له‌سه‌ر كچانی سابین، به‌هۆی خواست و ئاره‌زووی خۆشه‌ویستی بوو، رۆمۆلۆسی فه‌رمانڕه‌وای ڕۆما و زۆرینه‌ی شوێنكه‌وتووانی له ڕه‌گه‌زی نێربوون، ئه‌وان دوای بنیاتنانی شاری ڕۆما له 750ی پێش زاینی، ڕێژه‌ی ئافره‌ت له دانیشتووانی شاره‌كه زۆر كه‌مبووه‌وه و به‌وهۆیه‌وه سه‌ربازه پیاوه‌كان به‌دوای كچان وێڵبوون، هه‌رچه‌نده رۆمۆلۆسی فه‌رمانده‌یان داوای له ده‌وڵه‌ته‌شاره‌كانی ده‌وروبه‌ری ڕۆما كرد كه هاوسه‌رگیری له نێوان كچانی ئه‌وان و سه‌ربازانی ڕۆما ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام سه‌رجه‌میان ڕه‌تیان كرده‌وه.
دواتر فێستڤیاڵێكی گه‌وره له ڕۆما ساز كرد و بانگهێشتنامه‌ی بۆ خه‌ڵكی شاره‌كانی ده‌وروبه‌ری رۆما نارد و ئه‌وانیش بۆ بینینی رۆمای تازه بنیاتنراو ئاماده‌ی فێستیڤاڵه‌كه بوون، له‌میانه‌ی فێستیڤاڵه‌كه سه‌ربازانی ڕۆما ژماره‌یه‌كی زۆر له كچانی هۆزی سابینیان ڕفاند و وه‌ك هاوسه‌ری خۆیان ناویان بردن، هه‌رچه‌نده كچانی سابین به‌م هه‌نگاوه ڕازیبوون، به‌ڵام سه‌رۆكی هۆزه‌كه‌یان به توندی ئه‌مه‌ی ڕه‌تكرده‌وه و سوپای ئاماده‌كرد و ڕه‌وانه‌ی ڕۆمایان كرد بۆ ڕزگاركردنی كچه‌كانیان، سه‌ره‌تا بژارده درایه ده‌ست كچانی سابین تا له نێوان باوك و براكانیان و سه‌ربازانی رۆما كه به هاوسه‌ری خۆیان قبووڵیان كردبوون یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به ڕاستی ئه‌وان كه‌وتبوونه داوای خۆشه‌ویستی، سه‌ربازانی ڕۆمایان هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆزی سابین سوێندیان خواردبوو كچه‌كانیان ڕزگار بكه‌ن، به‌وهۆیه‌وه شه‌ڕ له نێوان رۆما و ئه‌و هۆزه دروستبوو و كوژراوێكی زۆری لێ كه‌وته‌وه.
دووه‌م: خۆشه‌ویستی گه‌لی ئاكینی كلت بۆ شاژنه بودیكا، گه‌لان به به‌رده‌وامی سه‌ركرده هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی خۆیان خۆش ده‌وێ، به‌ڵام له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانیان زۆرینه‌ی گه‌لان ناكه‌ونه شه‌ڕی خوێناوییه‌وه، به‌ڵام گه‌لی ئاكینی كلت له پێناوی شاژنه بودیكا كه‌وتنه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی و شۆڕ‌شیان دژی رۆمانه‌كان هه‌ڵگیرساند، دوای ئه‌وه‌ی براسوتاگوسی سه‌ركرده‌ی گه‌لی ئاكینی كلت كۆچی دوایی كرد و چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌ی خسته ئه‌ستۆی كچه‌كه‌ی و ئیمپراتۆر نیرۆنی ئیمپراتۆری رۆمانیا، به‌ڵام ڕۆمانه‌كان ده‌ستدرێژییان كرده سه‌ر كچ و ژنه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م خه‌ڵك، به‌وهۆیه‌وه گه‌لی ئاكینی به ته‌واوی تووڕه‌بوون و شۆڕ‌شیان دژی رۆمانه‌كان دروست كرد و جه‌نگێكی خوێنی ماوه درێژ ده‌ستی پێكرد.
سێیه‌م: لانسلۆت و پاشا ئارسه‌ر، چیرۆكی پاشا ئارسه‌ری ئه‌فسانه و هاوسه‌ره‌كه‌ی شاژنه گوینیفری قه‌شه‌نگ له مێژوودا ده‌نگی داوه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خیانه‌تی له پاشا ئارسه‌ر كرد و پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ سوارچاكێكی شانشینه‌كه‌ی به ناوی “سیر لانسلۆت” به‌ست، دوای ئاشكرابوونی پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی نێوان لانسلۆت و شاژن، شه‌ڕ له نێوان پاشا ئارسه‌ر و لانسلۆت ده‌ستی پێكرد، به‌وهۆیه‌وه دوژمن ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆسته‌وه و كۆتایی به شانشینی ئارسه‌ر هێنا.
چواره‌م: هاوسه‌رگیرییه‌كی ناڕه‌وا، له 1543ی زاینی شه‌ڕ له نێوان ئینگلته‌ر و سكۆتلاند تا 1551 به‌رده‌وامی هه‌بوو، دوای ئه‌وه‌ی پاشا هینری هه‌شته‌می پاشای ئینگلته‌را ده‌سپێشخه‌ری كرد بۆ دامركاندنه‌وه و مه‌ترسی هێرشی سكۆتله‌ندییه‌كان و فڕه‌نسا، داوای كرد شاژنی سكۆتلاند شاژنه ماری كه منداڵێكی بچووك بوو له كوڕه‌كه‌ی شازاده ئیدوارد ماره بكات، به‌ڵام سكۆتله‌ندییه‌كان ره‌تیان كرده‌وه شازاده بچووكه‌كه‌یان بده‌نه شازاده‌ی ئینگلته‌را، به‌وهۆیه‌وه هینری هه‌شته‌م شه‌ڕی دژی سكۆتله‌ندا ڕاگه‌یاند، تا ناچاریان بكات به داواكه‌ی ڕازی ببن.
پێنجه‌م: خۆشه‌ویستی ژنێك بۆ سه‌ربازێكی ڕاستگۆ، پاشا‌كان هه‌میشه ده‌كه‌وتنه داوای خۆشه‌ویستی كچانی جوان ، پاشا دیڤدی ئینگلته‌را زۆر گیرۆده‌ی ژنی یه‌كێك له وه‌فادارترین سه‌ربازه‌كانی بوو، به ناوی ئوریا، پاشا له‌گه‌ڵ ژنی سه‌ربازه‌كه جووتبوو و به كوڕێك دووگیانی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه گه‌وره نه‌بێ، پاشا فه‌رمانی به فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای وڵاته‌كه‌ی كرد، كه ئوریای سه‌رباز بنێرێته ترسناكترین به‌ره‌ی جه‌نگ له پێناوی ئه‌وه‌ی بكوژرێت، ئوریا بۆ بینینه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان، زۆر به جه‌رگ و بوێرانه ده‌جه‌نگا، بێ ئه‌وه‌ی بزانێ كه ژنه‌كه‌ی خیانه‌تی لێ كردووه و له‌گه‌ڵ پاشا جوتبووه، له پێناوی وڵاته‌كه‌ی گیانی له ده‌ست دا و به شه‌هیدی ڕێی خۆشه‌ویستی ناو ده‌برێ.
شه‌شه‌م: خۆشه‌ویستی دوو پاڵه‌وانی ڕۆما، میسڕ ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز و شارستانییه‌تی گه‌وره بوو، به‌ڵام وڵاته‌كه كه‌وته ناو شه‌ڕی ناوخۆی به‌هۆی ململانێی كیلۆپاترا و براكه‌ی، پاش مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌تلیمۆسی سێیه‌م، ئه‌و خوشك و برایه به ته‌واوی میسڕیان به‌ره‌و لاوازی برد، تا یۆلیۆس قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆری رۆما ده‌ستوه‌ردانی كرد و هه‌ریه‌ك له كیلۆپاترا و براكه‌ی ده‌یانه‌ویست یۆلیۆس قه‌یسه‌ر پشتیوانی یه‌كێكیان بكات تا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی میسڕ بگرێته‌ئه‌ستۆ، به‌ڵام به‌هۆی جوانی كیلۆپاتر، یۆلیۆس قه‌یسه‌ر كه‌وته داوای خۆشه‌ویستی، بۆیه دژی براكه‌ی جه‌نگا و به ته‌واوی حوكمی میسڕی دایه ده‌ست كیلۆپاتر، پاش ئه‌وه‌ی له ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی شه‌ڕ و ئاژاوه ده‌ستی پێكرد و رۆما بوو به دوو له‌ت، یه‌كێكیان كه‌وته ده‌ست جایۆس ئۆكتاڤیۆس و به‌شێكی تریش كه‌وته ده‌ست ماركۆس ئه‌نتۆنیۆس، ماركۆس به‌هه‌مانشێوه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ر كه‌وته داوای خۆشه‌ویستی كیلۆپاتراوه.
وشە – باز ئه‌حمه‌د