وه‌رگیراوه له سایتی ووشه
به‌دیعوزه‌مان ئه‌بی عه‌زی كوڕی ئیسماعیلی كوڕی ڕه‌زازی جه‌زری له 1136ی زاینی له‌دایكبووه و له 1206 كۆچی دوایی كردووه، مێژوو و ڕیشه‌ی ژیانی ئه‌و ئه‌ندازیار و میكانیكزانه گه‌وره‌یه به ڕوونی دیار نییه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان سێ شوێنیان بۆ له‌دایكبوونی دیاریی كردووه كه بریتییه له “ئامه‌د، ماردین، جزیرا بۆتان” كه هه‌ر سێ ناوچه‌كه به‌شێكن له كوردستان و زۆرینه‌ی ڕه‌های دانیشتووانی له‌و سه‌رده‌مه كوردبوون.
توركه‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ئامه‌د ژیاوه و ئێسته‌یش به فه‌رمی ئامه‌د به ناوی “دیار به‌كر” و باكوری كوردستان به گشتی به گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌شێكن له توركیا، بۆیه به دانا و زانایه‌كی توركی هه‌ژمار ده‌كه‌ن و چه‌ندان كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ژیانی كردووه و به‌ستوویانه‌ته‌وه به تورك، ئه‌مه له كاتێكدایه توركه‌كان خۆیان له‌و سه‌رده‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ك له ناوچه‌كه بوونیان نه‌بووه، به‌ڵكوو له سه‌ده‌ی پازده‌ی زاینییه‌وه له ناوه‌ڕاستی ئاسیاوه به‌ره‌و ئه‌نادۆڵ هاتوون، واته ئهلجهزاری 300 ساڵ به‌ر له هاتنی تورك بۆ ناوچه‌كه ژیاوه، بۆیه به‌ستنه‌وه‌ی ڕیشه‌ی ئه‌و زانا گه‌وره‌یه به تورك، ته‌واو نادروست و هه‌ڵه‌یه.
له‌لایه‌كی تره‌وه عه‌ره‌به‌كان سوورن كه له بنه‌ڕه‌تدا جه‌زری عه‌ره‌ب بووه، سه‌رده‌می ژیانی جه‌زری بۆ كاتی ده‌وڵه‌تی ئه‌یوبییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه یه‌كێك بووه له سه‌ركرده ئیسلام و له بنه‌ڕه‌تدا كورد بووه، به ڕوانین له مێژووی سه‌رده‌می ئه‌یوبییه‌كان بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه، كه له‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵات به ده‌ستی كورد بووه و كورده‌كان ده‌وڵه‌تی ئه‌یوبی ئیسلامیان دامه‌زراند، زۆربه‌ی میر و والی ناوچه‌كان تا سوودان و میسڕیش كوردبوون و له‌و كاته‌دا كورد له كۆشكی فه‌رمانڕه‌واكان شوێن و پێگه‌یان گرت و گرنگیان پێ درا، به‌وهۆیه‌وه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕیشه‌ی جه‌زری بۆ عه‌ره‌بیش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و هیچ بنه‌مایه‌كی نییه.
سه‌رچاوه بیانییه‌كان ژیانی جه‌زری و پێناسه‌ی ئه‌و به زانایه‌كی ئیسلامی ناو ده‌به‌ن، ئه‌مه‌یش به‌هۆی زاڵبوونی ئاینی ئیسلام به‌سه‌ر سۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌و سه‌رده‌مه، به ته‌واوی بیریان له نه‌ته‌وه‌یی خۆیان نه‌كردووه‌ته‌وه و ڕاستگۆیانه خزمه‌تی ئاینی ئیسلامیان كردووه، له كاتێكدا عه‌ره‌ب و تورك و فارس و نه‌ته‌وه‌كانی تر ئاینی ئیسلامیان بۆ فره‌وانخوازی سنووری نه‌ته‌وه‌یی و قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیان به‌كارهێناوه. بۆیه به هه‌موو پێوه‌ره‌كان ئهلجهزاری كورد بووه.
هۆكاری ناوه‌كه‌یشی كه ناوێكی عه‌ره‌بی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، زاڵبوونی هه‌ستی ئاینی به‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌م دیارده‌یه تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامی هه‌یه و زۆرێك له منداڵانی كورد ئێسته‌یش به ناوی دینییه‌وه ناو ده‌نرێن و ناوه‌كانیش عه‌ره‌بین.
جه‌زری خاوه‌نی شاره‌زایی و داهێنانی زۆر گه‌وره بووه و به دروستكه‌ری یه‌كه‌م رۆبۆت له مێژووی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه و زیاتر له 100 ئامێری میكانیكی داناوه و 80یان داهێنانی تایبه‌تی خۆی بوون و پێشكه‌شی مرۆڤایه‌تی كردوون، له‌و سه‌رده‌مه به رۆبۆت و ئامێری خۆكار ده‌گوترا زانینی فێڵ و حیلهكردن، دواتر ناوی ئه‌و زانسته بۆ میكانیك و دواتر بۆ زیره‌كی ده‌ستكرد و مرۆڤی ده‌ستكرد گۆڕدرا.
ئه‌و داهێنه‌ره گه‌وره‌یه‌ی مێژوو بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی مرۆڤایه‌تی، ئامێری به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاو و سه‌عاتی ئاوی ئاگاداركه‌ره‌وه و ئامێری هایدرۆلیكی دروست كردووه، سه‌رجه‌میانی له كتێبه‌كه‌ی به ناوی ” كۆكه‌ره‌وه له نێوان زانست و كاری به‌رزكردنه‌وه و پیشه‌سازی فێل” تۆماركردووه.
ناسناوی ئه‌لجه‌زری بۆ كورتكراوه‌ی ناوچه‌ی له دایكبوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه پێی ده‌گوترێ جه‌زیره‌ی بۆتان كه ده‌كه‌وێته سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ڕووباری دیجله له باكوری كوردستان. ئه‌و كتێبه‌ی كه نووسیویه‌تی و له پاش خۆی به‌جێماوه له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی پاشا ساڵح ناسڕی كوڕی فه‌تحی كوڕی مه‌حموودی كوڕی محه‌مه‌دی كوڕی ئه‌رسه‌لانی كوڕی داودی كوڕی سهكمانی كوڕی ئارتیق نووسراوه، كه ئه‌وكاته پاشای ئامه‌د بووه و له ماوه‌ی 561 تا 619 كۆچی حوكمی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كردووه و ئه‌لجه‌زری بۆ ماوه‌ی 25 ساڵ له كۆشكی پاشایه‌تی ئامه‌د وه‌ك گه‌وره‌ی ئه‌ندازیاران و دانایانی كۆشك كاری كردووه.
ئه‌لجه‌زری شاره‌زایی زۆری له بواری بیركاری و فیزیا و میكانیك و ئه‌ندازیاری هه‌بووه، بۆیه به‌شێكی كاته‌كانی بۆ وانه‌گوتنه‌وه ته‌رخان كردووه، به‌ڵام زۆربه‌ی كاته‌كانی بۆ داهێنانی ئامێره ناوازه‌كان به‌كاربردووه.
گرنگترین داهێنانه‌كانی بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه
یه‌كه‌م: ئامێری به‌رزكه‌ره‌وه‌ی ئاو، پێنج جۆر ئامێری جیا جیای به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاوی داهێناوه و هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی بیركاری و ئه‌ندازه‌ی و فیریایی و میكانیكی جیا جیا دروستكراون، بۆ یه‌كه‌مجار بازنه‌ی كارلێكه‌ری سه‌ر یه‌كتری دروست كردووه و كه له تۆپێكی ئاسنی بازنه‌یی و شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی به چاڵی و به‌رزی جیا جیا پێكهاتبوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تر ده‌چوونه ناو یه‌ك و وه‌كو بهكرهیهك ده‌خولانه‌وه و كاریان ده‌كرد و ئاویان سه‌ر ده‌خست، 100 ساڵ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌لجه‌زری ئه‌و داهێنانه‌ی له ئامه‌د به‌كارهێنا، ئه‌وروپییه‌كان لێیان وه‌رگرت و كۆپیان كرد و له وڵاتانی ئه‌وروپا بڵاوبووه‌وه.
دووه‌م: داهێنه‌ری سه‌عاتی ئاوی و خوڵ، به‌ر له‌وه سه‌عاته‌كان به په‌تێكه‌وه كاریان ده‌كرد و ده‌بوو كه‌سێك بچێت و په‌ته‌كه ڕابكێشێ تا بچێته سه‌ر سه‌عاتێكی تر، به‌ڵام ئه‌لجه‌زری بۆ یه‌كه‌مجار سه‌عاتی ئاوی و دواتر خۆڵی دروست كرد، كه بێ هیچ هاوكارییه‌كی مرۆڤ خۆكارانه سه‌عاتیان ده‌ژمارد، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكوو ئه‌و سه‌عاتانه‌ی ئه‌و دروستی كرد له سه‌ری هه‌موو سه‌عاتێك جۆره موزیك و ده‌نگێكی جیاوازی لێ ده‌دا كه هاوشێوه‌ی بوكه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی خۆكار بوو كه ئه‌مڕۆ به ڕۆبۆت ناوده‌برێن.
سێیه‌م: دروستكردنی فواره و لووله‌ی ئاوی باخچه‌كانی كۆشكی پاشایه‌تی و بزوێنه‌ری ئاو و ئامێری پێوانه‌كردن و موزیك، داهێنانه‌كانی جزری بوونه هه‌وێنی پێشكه‌وتنی شارستانییه‌ت و گه‌شه‌سه‌ندنی ژیانی مرۆڤایه‌تی، به جیهانی ئیسلامی و ئه‌وروپا بڵاوبوونه‌وه، دۆناڵد هیل كه كتێبه‌كه‌ی بۆ ئینگلیزی وه‌رگێڕاوه و به وردی له داهێنانه‌كانی كۆڵیوه‌ته‌وه، ده‌ڵێ: داهێنانه‌كانی جه‌زری هێنده ورد و زانستی بوون كه تا چه‌رخی مۆدێرنهیش كتێبێكی باشتر له‌وه له هه‌موو جیهان نه‌بوو كه له بواری میكانیك و ئه‌ندازیاری پشتی پێ ببه‌سترێت.
كتێبه‌كه‌ی هه‌ر بۆ ئینگلیزی نا، به‌ڵكوو بۆ ژاپۆنی و چه‌ند به‌شێكیشی بۆ ئه‌ڵمانی له لایه‌ن فیدمان هاوسێر له چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م وه‌رگێڕدراون، هه‌رچه‌نده تا ئێسته به ڕوونی تێكسته عه‌ره‌بی و ئه‌سڵییه‌كه‌ی كتێبه‌كه‌ی جه‌زری دیار نییه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه له ئه‌ڵمانیا بووه، دوای سه‌ركه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا و ئینگلیز به‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا له جه‌نگی جیهانی دووه‌م، كتێبه‌كه گه‌یشتووه‌ته به‌ریتانیا و ئه‌وان بردوویانه. وێنه‌یه‌كی كتێبه عه‌ره‌بیه‌كه له كتێبخانه‌ی تۆپ قاپی ئیسته‌نبۆل و وێنه‌یه‌كی تری له مۆزه‌خانی كاپی له ئیسته‌نبۆل و وێنه‌یه‌كی له مۆزه‌خانه‌ی بۆستن و وێنه‌یه‌ك له لۆڤه‌ری پاریس و له كتێبخانه‌ی ئۆكسفۆری به‌ریتانیایش وێنه‌یه‌كی تری هه‌یه.
وشە – باز ئه‌حمه‌د