ئیلی کۆهین، ئەو سیخورەی ئیسرائیل سوریا لە سێدارەیدا و مۆساد کاتژمێرەکەی دەستی هێنایەوە
و: عەبدول محەمەد
دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئیسرائیل ناسراو بە (مۆساد) کاتژمێری دەستی بە ناوبانگترین سیخوڕی خۆی هێنایەوە کە لە سوریا دەستگیر کراو دواتریش لە سێدارە درا، ئەو کاتژمێرە هی (ئیلی کۆهین) ئەو هاوڵاتییە جولەکەیەی کە لە میسر لە دایکبووە و لە سەرەتای ساڵی شەستەکانەوە مۆساد وەک سیخوڕی خۆی بەکاریهێناوە وتوانیویەتی بگاتە پۆستی باڵای لە حکومەتی سوریادا.
کۆهین توانیویەتی بەشێک لە نهێنییەکانی دەوڵەتی سوریا بگەیەنێتە ئیسرائیل بەر لەوەی ئاشکرا ببێت و لە گۆڕەپانێکی گشتیدا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە ساڵی ١٩٦٥ لە سێدارە بدرێت.
حکومەتی سوریا ڕەتیکردەوە شوێنی بە خاکسپاردنی ئەو سیخوڕەی ئیسرائیل بۆ هیچ کەسێک ئاشکرا بکات.
نوسینگەی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەواڵی گێرانەوەی کاتژمێرەکەی ئیلی کۆهینی ڕاگەیاند، بەڵام بێ ئەوەی وردەکاری چۆنێتی دەستکەوتن و گێرانەوەی بۆ ئیسرائیل ئاشکرا بکات، تەنها ئەوەندەی ئاشکرا کردووە، کاتژمێرەکە لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتی مۆسادا توانراوە بە دەستبهێنرێتەوە.
یوسی کۆهین سەرۆکی دەزگای مۆساد ڕایگەیاند، ئەو کاتژمێرە بەردەوام لە لایەن ئیلی کۆهینەوە بەکار هاتووە تا ئەو ڕۆژەی دەستگیر کراوە، کاتژمێرەکەی بەشێک بووە لەو وێنەیەکی ڕۆژانەی کۆهین بۆخۆی لە کاتی کردەوەکانیدا پلانەکانی لەسەر داڕشتووە و وەک بەشێک لە ناسنامەی جولەکەیاتی خۆی تێدا بینیوەتەوە.
کۆهین لە سوریا خۆی بە ناوی (کەمال ئەمین سابت) و وەک سەرمایەدارێکی سوری وەهمی ناساندووە، لە ساڵی ١٩٦٢ چەند جارێک سەردانی سوریای کردووە و خۆی بە چەندین کەسایەتی سیاسی و ئابوری ناسراو و بە دەسەڵاتی سوریا ناساندووە و لەگەڵیاندا لە پەیوەندی بەردەوامدا بووە، تا ئەو کاتەی متمانەیەکی زۆری بە دەستهێناوە.
هێندە لە دەسەڵاتداران و ناوەندە سیاسییەکانی سوریا خۆی نزیکردووەتەوە، وەک دەڵێن ویستراوە بکرێتە جێگری وەزیری بەرگری سوریا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە.
کۆهین لە شوێنێکی نەزانراوی سوریا بە نهێنی بە خاک سپێردراوە.
توانیویەتی زانیاری نهێنی لە سوریا بە دەست بهێنێن و بیگەیەنێتە ئیسرائیل.
بەشێک لەو زانیاریانەی کە گەیاندووەیەتی پەیوەندی هەبووە بە وردەکاری هێزەکانی سوریا لە بەرزاییەکانی جۆلان، بۆیە ئەو زانیارییانە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لە بەزاندنی هێزە سەربازییەکانی سوریا لە کاتی جەنگی ساڵی ١٩٦٧ی عەرەب ئیسرائیلدا.
لێپرسراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی سوریا راستی کۆهینیان لە ساڵی ١٩٦٤ ئاشکراکردووە، دوای ئەشکەنجەدان و دادگاییکردنی لە دادگایەکی سەربازیدا، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و لە گۆڕەپاتێکی گشتیدا لە دیمەشق لە سێدارە دراوە.
تا ئێستا حکومەتی ئیسرائیل داوا لە سوریا دەکات روفاتی ئیلی کۆهینی ڕادەستبکاتەوە، بەڵام سوریا ڕەتیدەکاتەوە.
ئیلی کۆهین (١٩٢٤ ـ ١٩٦٥)
نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا کە سەبارەت بە گێرانەوەی کاتژمێرەکەی کۆهین بڵاویکردەوە وتی “سوپاسی جەنگاوەرەکانی مۆساد و سوربوون و ئازایەتییان دەکەین لەو ئۆپراسیۆنەدا، کە ئامانج لێی گێرانەوەی یادگارییەکی جەنگاوەرێکی گەورەیە، کە هاوکاری گەورەی دەوڵەتی کردووە بۆ پاراستنی نهێنەکان.
هەرچەندە ماوەیەک بەسەر ئۆپراسیۆنەکەی مۆسداد تێپەڕیووە بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کاتژمێرەکە لە ئاهەنگێکی تایبەتدا رادەستی (نادیە) خێزانی کۆهین کراوەتەوە.
نادیە بە تەلەفزیۆنی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە “کاتێک هەواڵی گێرانەوەی کاتژمێرەکەی کۆهینیان پێ وتووم، تف لە دەمما وشکبووە و هەستم بە ساردبوونەوەیەک کردووە، کاتێکش وەرمگرتووەتە هەستم بە دەستی کردووە و ئێستاش وەک بەشێک لە لاشەی وایە لەگەڵمان”.
ئیلی کۆهین کێیە؟
لە شاری ئەسکەندەریەی میسر لە ٢٦ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٤ لە دایک بووە ناو نراوە ئیلیاهۆی کۆڕی شائول کۆهین، خێزانەکەی لە بنەڕەتەوە لە شاری حەلەبی سوریا بوون و کۆچیان کردووە بۆ وڵاتی میسر.
لە منداڵیدا پەیوەندی کردووە بە قوتابخانە ئایینییەکانی جولەکەوە و خوێندنی ئەندازیاری لە زانکۆی قاهیرە خوێندووە، بەڵام بۆی تەواو نەکراوە.
زمانەکانی عیبری و عەرەبی و فەڕەنسی زۆر بە باشی زانیووە.
کۆهین لەگەڵ دوو هاوڕێی لە بەرزاییەکانی جۆلان
لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە پەیوەندی کردووە بە بزوتنەوەی سەهیۆنییەوە و پاشان پەیوەندی کردووە بە تۆڕیکی سیخوڕی ئیسرائیلەوە لە میسر،سەرۆکی تۆرەکەیان ناوی (ئەبراهام دار)بووە کە بە جۆن دارلینگ ناسراوە.
لە دوای جەنگی کەناڵی سویس لە ساڵی ١٩٥٧ بە یەکجاری میسری جێهێشتووە، دوای گەیشتنی بە ئیسرائیل سەرەتا کاری وەرگێرانی ڕۆژنامەوانی عەرەبی بۆ زمانی عیبری کردووە و پاشان پەیوەندی بە دەزگای مۆسادەوە کردووە.
بۆ ئەوەی رەوانەی ناوخۆیی سوریا بکرێت، چیرۆکێکی بۆ دروستکراوە و لە ساڵی ١٩٦١ ڕەوانەی وڵاتی ئەرجەنتین کراوە.
چیرۆکە دروستکراوە وەهمییەکەی کە وڵاتەکەی بۆی داڕشتووە، ئەوەیە کۆهین موسڵمانە و هاووڵاتی سورییە و ناوی کامیل ئەمین سابتە، لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بووە، کە وەک سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو دڵسۆز بۆ وڵاتەکەی سوریا کاریکردووە.
لە شاری بۆینس ئایرس پەیوەندییەکی دۆستایەتی لەگەڵ (ئەمین حافز) پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی سوریا دروستکردووە، کە دواتر بووەتە سەرۆکی سوریا و لە ساڵی ٢٠٠٩ کۆچی دواییکردووە.
کۆهین لە کاتی لە سێدارەدانیدا ــ دیمەشق ــ ١٩٦٥.٥.١٨
کۆهین لە ساڵی ١٩٦٢ گەڕاوەتەوە بۆ دیمەشق و بەردەوام بووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بۆ بەرزترین ئاستەکان، بە تایبەت لەگەڵ گەورە لێپرسراوان و ئەفسەرانی سوپای سوریا و سەرمایەداران، تا گەیشتە ئەوەی لە خانوویەک جێنشین بێت لە گەڕەکی (ئەبو ڕومانە)ی دیمەشق، کە هاوسێی بارەگای سەرکردایەتی سوپای سوریا بووە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن زانیاری زۆر نهێنی دەربارەی سوریا داوەتە وڵاتەکەی و بەشێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە پۆستی جێگری وەزیری بەرگری سوریای خراوەتە بەر دەست، بەڵام هێشتا ئەم زانیارییە پشتڕاستنەکراوەتەوە.
محەمەد حەسەنین هەیکەل نوسەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری میسر ئاشکرایکردووە، دەزگای هەواڵگری میسر کۆهینیان ئاشکراکردووە، دوای ئەوەی یەکێک لە ئەفسەرەکانی هەواڵگری میس کۆهینی لە وێنەیەکدا لە دەوروبەری ئەمین حافزسەرۆکی ئەو کاتەی سوریا بینراوە لەکاتی بەسەرکردنەوەی بنکە سەربازییەکانی سوریادا.
لە دوای ئەو ڕوداوەوە ئیلی کۆهین خراوەتە ژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری سوریا، تا دەستگیر کراوە و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، دواتر لە ڕۆژی ١٨ی ئایاری ساڵی ١٩٦٥ لە گۆڕەپانی (مەرجە)ی دیمەشق لە سێدارە دراوە.
ئیسرائیل بە درێژایی ساڵای ڕابردوو بەردەوام داوای روفاتی ئیلی کۆهینی کردووە لە سوریا، بەڵام دەسەڵاتدارانی دیمەشق رەتیانکردووەتەوە و، سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن هۆکاری رەتکردنەوەی سوریا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شوێنی بە خاکسپاردنی تا ئێستاش نازانرێت.