چوار شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 4 2024
Home / بەشی مێژووی كورد / كورد و بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی شیعه‌ له‌ هه‌رێمی جه‌زیره‌ و شاره‌زووردا له ‌سه‌رده‌می ئومه‌ويیه‌كاندا(41-132ك ، 661 – 749ز)

كورد و بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی شیعه‌ له‌ هه‌رێمی جه‌زیره‌ و شاره‌زووردا له ‌سه‌رده‌می ئومه‌ويیه‌كاندا(41-132ك ، 661 – 749ز)

tawabin-300x137

كورد و بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی شیعه‌ له‌ هه‌رێمی جه‌زیره‌ و شاره‌زووردا له ‌سه‌رده‌می ئومه‌ويیه‌كاندا(41-132ك ، 661 – 749ز)

د.زریان حاجی

   هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینی ئیسلامه‌وه‌ خاكی كوردان لەلایه‌ن سوپای مسوڵمانانه‌وه‌ فه‌تح كراوه‌، به‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م ئاینه‌یان قبوڵكرد، خۆیان و ناوچه‌كه‌یان چوونه‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی خەلافەتی ئیسلامی، بوونه‌ به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌ته‌، هه‌ر له‌وكاته‌شه‌وه‌ به‌ درێژایی ده‌سه‌ڵاتی خەلافەتی ئیسلامی ڕۆڵێكی دیار و به‌رچاویان له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی په‌یوه‌ندیداری دروستكردنی مێژووی ئیسلامیدا هه‌بووه‌، به‌ڵكو هه‌ندێك جار له‌مه‌ تێپه‌ڕی كردووه‌ و ڕۆڵ و فاكته‌ری گه‌وره‌ له‌ هه‌ڵاوێری ڕووداوه‌كاندا به‌رئه‌وان كه‌وتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه‌ و تێڕامانی ئه‌وێت ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ وه‌ك پێویست باس له‌و مێژووه‌ و له‌و ڕۆڵه‌ نه‌كراوه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرجار په‌راوێزخراوه‌، بەهەرحاڵ ئه‌م بابه‌ته‌ی ئێمه‌ هه‌ڵمان بژاردووه‌ بۆ  لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان سه‌رده‌می خەلافەتی ده‌وڵه‌تی ئومه‌وی (41 – 132 ك)، بابه‌تێكه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر ناسك و شاراوه‌ی مێژووی كورد ده‌دوێت، كه‌ تیایدا  سه‌رده‌می ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین بزووتنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكاری سیاسيی و فیكريی بوو له‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدا، وه‌ك: (خه‌وارج و شیعه‌ و عه‌باسیيه‌كان) و چه‌ندانی تریش، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیار په‌یوه‌نديیان به‌ ناوچه‌ كوردیيه‌كان و به‌تایبه‌تیش ناوچه‌ی هه‌رێمی جه‌زیره‌ و شاره‌زوور ده‌كرد، سه‌رباری په‌یوه‌ندیيان به‌ كورده‌وه‌ بیروباوه‌ڕه‌كانیشیان له‌ناویاندا بڵاوده‌كردنه‌وه‌ و لێره‌شه‌وه‌ نه‌خشه‌كانیان بۆ به‌رهه‌ڵستكار كردنی ده‌وڵه‌تی خەلافەت داده‌ڕشت و زۆرجار كورد به‌شێك ده‌بوون له‌ جێبه‌جی كردنی ئه‌و پلانانه‌.

لێكۆڵینەوەكەمان لەسەر دوو تەوەری سەرەكی كار دەكات، كە لایه‌نێكیان بۆ ده‌رخستن و ناساندنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكارانه‌یە و هه‌روه‌ها باسكردنه‌ له‌ دیارترین ئەو بنه‌ما فیكريی و پره‌نسیپانەی له‌سه‌ری ببوونە بەرهەڵستكار، و هه‌روه‌ها گرنگی دووه‌میشی له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌رخستنی ڕۆڵی كورد و خاكه‌كه‌یانه‌ له‌ هه‌رێمی جه‌زیره ‌و شاره‌زووردا له‌و مێژووه‌ شاراوه‌ و له‌و قۆناغه‌ی مێژووی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، چ به‌ پشتگیری كردن و داڵده‌دانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكارانه‌ و به‌شداریكردن بێت له‌ بزوتنه‌وه‌كانیاندا یان به‌دژایه‌تی كردنی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ بێت و یارمه‌تیدانی ده‌وڵه‌تی خەلافەت بێت، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی، كه‌ پێمان وایە مێژوو وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك وایه‌ ڕۆشناییه‌كانی ئه‌مڕۆی پێده‌بینین و زۆرێك له‌ تاریكاییه‌كانی سبەی پێ ده‌ڕه‌وێنینه‌وه‌ له‌م سۆنگەیەشەوە گرنگيه‌ ستراتیجیيه‌ فیكريیه‌كه‌یمان له‌مڕۆدا بۆ ده‌رده‌كه‌وێت به‌تایبه‌ت كه ‌ئێستا سه‌رلەونوێ مێژوو خۆی ئاوه‌ژوو كردۆته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ په‌یوه‌ندیيه‌كانی كورد و شیعه‌ و ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌و كاته‌ له ‌زه‌مه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه،‌ بۆیه‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌و مێژووه‌ به‌بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌رك و پێویستییه‌كی ئەكادیميی و هزریيە له‌چوارچێوه‌ی ئه‌ركدا…

باسی یه‌كه‌می لێكۆڵینەوەكەمان تایبه‌ت كردووه‌ به‌ ناساندنی شیعه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكار چ له‌ ڕووی ناو و سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیان و گه‌شه‌كردنیانه‌وه‌ و بنه‌ما سه‌ره‌كيیه‌كانی فیكریيان و سه‌ره‌تای په‌یوه‌نديیان به‌ ناوچه‌ كوردیه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ باسی دووه‌مدا باسمان له‌ دیارترینی بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی شیعه‌ كردووه‌ كه‌ ڕوویان كردۆته‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی جه‌زیره‌ و شاره‌زوور و ژماره‌یان زیاتر له‌ سێ گرووپ ده‌بێت ئه‌وانیش: بزووتنه‌وه‌كانی (ته‌وابونه‌كان و موختار كوڕی ئه‌بی عبیدی سه‌قه‌فی و زیدی كوڕی عه‌لی)ن و پاشان هه‌ریه‌ك له‌م بزووتنه‌وانه‌مان ناساندووه‌ و ڕۆڵی كوردیشمان تیایاندا ده‌رخستووه‌.

باسی یه‌كه‌م: بنه‌ما و پره‌سیپه‌كانی شیعه‌ و سه‌ره‌تای په‌یوه‌نديیان به‌ كورده‌وه‌:
شیعه‌كان چه‌ند كۆمه‌ڵێكی فیكريی سیاسيی ئیسلامین و به‌ به‌هێزترین و كۆنترین و گه‌وره‌ترین گرووپی به‌رهه‌ڵستكاری ده‌وڵه‌تی خەلافەت داده‌نرێن، له‌به‌ر شوێنكه‌وته‌ییان بۆ ئیمامی عه‌لی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی و ئال و به‌یتی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) پێیان گوتراوه‌ شیعه‌(١)، واته‌ شوێنكه‌وته‌(٢)، بنه‌ماكانی بیروباوه‌ڕ و فیكری سیاسيیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داڕشتووه‌ كه‌ پێشه‌وایه‌تيی و خەلافەت مافێكی ڕه‌سه‌نی ئیمامی عه‌لی و مناڵه‌كانیه‌تی و نابێت له‌وان ده‌ربچێت، هه‌روه‌ها پێیانوایه‌  پێشه‌وایه‌تی له‌ دوای پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، خوای گه‌وره‌ داویه‌تی به‌ ئیمامی عه‌لی و پێغه‌مبه‌ریش (د.خ) بۆخۆی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌مه‌ كردووه‌ و وه‌سێتی كردووه‌ كه‌ بدرێت به‌ ئه‌و، بۆیه‌ وائه‌بینن هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ پێش عه‌لی ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته‌ ده‌ست هه‌موو كه‌سانێك بوون كه‌ ئه‌م مافه‌یان زه‌وت كردووه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان شه‌رعی نه‌بووه‌ بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان به‌ڕاست نازانن(٣)، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه‌ ئه‌مان ڕه‌خنه‌ و تانه‌ له‌ سه‌رجه‌م حوكمی خەلافەتی ئیسلامی ده‌گرن به‌درێژایی مێژوو هه‌ر له‌ سه‌رده‌می ڕاشدینه‌وه‌ تا سه‌رده‌می ئومه‌ويی و عه‌باسیه‌كانیش(٤)، بابه‌تێكی وا كه‌ ئه‌م گرووپه‌ به‌هۆیه‌وه‌ تووشی چه‌ندین ئیشكالیه‌تی فیكريی و كلتووريی و به‌رهه‌ڵستكاری و خۆپه‌نادان تقیه‌(٥) بوون.

 له‌باره‌ی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیانه‌وه‌ چه‌ندین بیروبۆچوونی جیاواز هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان پێیانوایه‌ كه‌ سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی شیعه‌ وه‌ك فیكر و پره‌نسیپ و كۆمه‌ڵه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و پێیانوایه‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) خۆی داڕێژه‌ری ئه‌م بیره‌ بووه(٦)، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ ڕاستیيه‌وه‌ دووره‌ ساناترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ ‌له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا (د.خ) شتێك نه‌بووه‌ به‌ناوی سوننه‌ و شیعه‌ و مه‌زهه‌به‌كانه‌وه‌(٧)، هه‌روه‌ها هه‌ندێكی تر له‌ سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌ره‌تای دروستبوونی كۆمه‌ڵی شیعه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) كۆچی دوایی كردووه‌ و پاش ئه‌وه‌ی مسوڵمانان له‌ (ثقيفة) كۆبوونه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی خه‌لیفه‌ ئه‌بو‌به‌كری صدیق، له‌مكاته‌دا چه‌ند هاوه‌ڵێك (صحابه‌)یه‌ك كه‌ خۆشه‌ویستيیان بۆ عه‌لی هه‌بووه‌ و هه‌ستاون و باسیان له‌ به ‌مافبوونی عه‌لی كردووه‌ تا ئه‌و پۆسته‌ بگرێته‌ده‌ست له‌وانه‌ش (سه‌لمانی فارسيی و أبوذری غفارى و مقداد كوڕی أسود) بوون‌(٨)، به‌ڵام ڕاستترین بۆچوون هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌كان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ وه‌ك فیكر و پره‌نسیپ و كاركردنیش له‌ سه‌رده‌می عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیبه‌وه ‌سه‌ریهه‌ڵدابێت، كاتێك كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك سه‌ریان هه‌ڵدابوو عه‌لی یان به ‌خوداوه‌ند دائه‌نا له‌ناو ئه‌مانه‌شدا كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك (عبدالله كوڕی سبأ) ده‌ركه‌وتبوو، ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌سێكی (جوله‌كه‌) بووه‌ و ببوو به ‌مسوڵمان و توانی له‌ناو مسوڵماناندا چه‌ندین ئه‌فسانه‌ هه‌ڵببه‌ستێت و خه‌ڵكیش له‌ ده‌وری بیر و فیكره‌كه‌ی كۆبكاته‌وه،‌ له‌وانه‌ پره‌نسیپی وصایه‌‌ واتە پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له ‌دوای خۆی وه‌سێتی بۆ عه‌لی كردووه‌ ‌ببێته‌ خه‌لیفه‌ و‌ هه‌روه‌ها دانانی پره‌نسیپی رجعیه‌‌ كه‌ گوایه‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام جارێكی تر دێته‌وه‌ سه‌رزه‌وی، چونكه‌ ئه‌و به‌ ماف تره‌ له‌ عیسا(9).

به‌هه‌رحاڵ ئیدی لێره‌وه‌ فیكره‌ و بیری شیعه‌ وه‌ك پره‌نسیپ و بیر په‌ره‌یسه‌ند تا كاتی كوژرانی عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیب و هاتنه‌ سه‌ركاری حه‌سه‌نى كوڕی عه‌لی له ‌پاش باوكی، به‌ڵام له ‌پاش ماوه‌یه‌ك حه‌سه‌ن وازی له ‌خەلافەت هێنا بۆ موعاویه‌ ئه‌ویش به ‌كۆمه‌ڵه‌ مه‌رجێك، له‌وانه‌ موعاویه‌ له‌سه‌ر مینبه‌ر جنێو به‌ عه‌لی نه‌دات له ‌پاش خۆشی حسه‌ینی برای بكاته‌ خه‌لیفه‌ به‌م جۆره‌ تاڕاده‌یه‌ك ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ هێمن بوەوه‌(10)، به‌ڵام ئه‌وه‌ بوو موعاویه‌ به‌ڵێنه‌كانی نه‌برده‌ سه‌ر و سیاسه‌تێكی نوێی له‌ حوكمدا هێنایه‌كایه‌وه‌ ئه‌ویش سیاسه‌تی پشتاوپشت بوو هه‌روه‌ها له‌ قسه‌وتنیش به‌ عه‌لی هه‌ر به‌رده‌وام بوو، بۆیه‌ شیعه‌كان ڕقێكی گه‌وره‌ له‌ دڵیاندا له‌ به‌رامبه‌ر ئومه‌ویيه‌كان درووست بوو ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می یه‌زیدی كوڕی موعاویەدا حسه‌ینى كوڕی عه‌لی پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ دژی یه‌زید ده‌رپه‌ڕيی و باوه‌ڕی به‌ خەلافەته‌كه‌ی نه‌كرد و خه‌ڵكی كوفه‌ش به‌یعه‌تی خه‌لیفایه‌تیان پێدا له‌لایه‌ن والی یه‌زیده‌وه‌ له ‌كه‌ربه‌لا شەهیدكرا،  ئه‌مانه‌ بوونه‌هۆی زیاتر چه‌كه‌ره‌بوونی ئه‌م بیره‌ و و له‌ فیكره‌یه‌كی ساده‌وه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر ئاڵۆز ده‌بوو تا چه‌ندین گرووپ و كۆمه‌ڵه‌یان لێ بووه‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان دروشمی حه‌ق سه‌ندنی عه‌ليی و حسه‌ین یان هه‌ڵگرتبوو، كه‌ زۆربه‌ی گرووپه‌ شیعه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی سه‌رده‌می ئومه‌وی به ‌ئه‌م ناوه‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵئه‌دا(11).
شیعه‌كان له‌ناو خۆیاندا له‌ ڕووی پره‌نسیپی بیريی و فیكریانه‌وه‌ دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر چه‌ندین گرووپ و لقدا له‌ دیارترینیان (كه‌یسانيی و زه‌یديی و ئیماميیه‌ و غلات و ئیسماعیلیه‌)ن، به‌ڵام هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك بنه‌مای هاوبه‌ش ڕێكن ئه‌ویش خۆشه‌ویستی عه‌ليی و ئال و به‌یت و ماف بوونی ئه‌وانه‌ به‌ خەلافەت(12).

هه‌رچی په‌یوه‌ندی نێوانی شیعه‌ و كورده‌ له‌ هه‌رێمی جه‌زیره‌ و شاره‌زووردا ده‌توانین بڵێین په‌یوه‌ندیه‌كه‌ په‌یوه‌ندیيه‌كی تاڕاده‌یه‌ك لاوازبووه‌ و به‌شێوازی ئه‌و په‌یوه‌نديیانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی تری ده‌وڵه‌تی ئومه‌ویدا هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگبێت له‌به‌رئه‌وه‌ بووبێت كه‌ بزووتنه‌وه‌ شیعه‌كان خۆیان له‌ چه‌ند بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕێكخراودا بینیبێته‌وه‌ و پڕۆگرامێكی شۆڕشگێڕانه‌ی كرداره‌كی دیاریان نه‌بووبێت، هه‌روه‌ها هه‌ڵایسانی زۆرێك له‌ جه‌نگه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی خاكه‌كه‌ی ئه‌ماندا بووه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه ‌درووست بوونی په‌یوه‌ندی له ‌نێوان كورد و شیعه‌كاندا و گوێزانه‌وه‌ی بیر و فیكره‌یان بۆ ناو كورد شتێكی هه‌روا سانا نه‌بێت(13)، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك له‌ نێوان كورد و بزووتنه‌وه‌ شیعه‌كاندا نه‌بووه‌، به‌ڵكو چه‌ند بزووتنه‌وه‌یه‌كی كه‌می سه‌ر به ‌شیعه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌ كوردیيه‌كان و به‌تایبه‌تی ناوچه‌كانی جه‌زیره‌ و شاره‌زوور كه‌ په‌نایان بردۆته‌ به‌ر هه‌رێمه‌كه‌ و په‌یوه‌نديیان كردووه‌ به ‌خه‌ڵكه‌كه‌يی و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئه‌م هه‌رێمه‌ش باوه‌ڕیان به ‌فیكره‌ و بیر و بۆچوونه‌كانیان هێناوه‌ و بوونه‌ته‌ شیعه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیشیان شه‌ڕه‌كانیان له‌ خاكی ئه‌م هه‌رێمه‌دا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ش له‌چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكدا بووه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و ڕیوایه‌تانه‌ی كه‌ باسی ئه‌م په‌یوه‌نديیانه‌ ده‌كه‌ن له‌ سه‌رچاوه‌ ڕه‌سه‌نه‌كاندا له‌ چه‌ند ڕیوایه‌تیكی كه‌م تێپه‌ڕناكه‌ن(14)،  هه‌روه‌ك لێی دەدوێین…
باسی دووه‌م: بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی شیعه‌ له‌ هه‌رێمی جه‌زیره‌ و شاره‌زووردا(15):

یه‌كه‌م: كورد و بزووتنه‌وه‌ی (التوابین)  (65ك، 684ز):
ته‌وابینه‌كان بریتین له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ شیعه‌كانی كوفه‌ له‌ پاش ئه‌وه‌ی حسه‌ینی كوڕی عه‌لی شەهید كرا هه‌ستیان به‌ په‌شیمانیيه‌كی زۆر كرد و خۆیان به‌تاوانبار ده‌زانی كه‌ به‌ده‌میه‌وه‌ نه‌چووبوون و یارمه‌تیان نه‌دابوو به‌تایبه‌تیش كاتێك ‌ئه‌مان هۆكاربوون بۆ كوشتنی، چونكه‌ خۆیان نامه‌یان بۆ ناردبوو وه به‌یعه‌تیان پێدابوو بچێت بۆ كوفه‌ و له‌وێ به ‌خه‌لیفه‌ی خۆیانی هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام پشتیان تێكرد، بۆیه‌ بۆ ئه‌مه‌ په‌شیمانی خۆیان ده‌ربڕی و لێره‌وه‌ به‌ ته‌وابین ناسران(15)، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ پێنج كه‌س له‌ دیارترین كه‌سایه‌تيیه‌ گه‌وره‌كانی كوفه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌كردن یه‌كه‌میان (سلیمان كوڕی صردی خزاعی) بوو كه‌ بۆ خۆی یه‌كێك بوو له‌ هاوه‌ڵه‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) (16) و هه‌روه‌ها له‌ كه‌سه‌ زۆر نزیكه‌كانی ئیمامی عه‌لیش بوو، به‌جۆرێكی وا كه‌ به‌ (شیخ الشیعه‌‌) به‌ناوبانگ بوو، ئه‌وانی تریش كه‌ (مسیب كوڕی نجیه‌ی فزاری و عبدالله كوڕی سعد ئه‌زدی و عبدالله كوڕی وال ته‌میمی و رفاعه‌ كوڕی شداد به‌جلی) بوون ئه‌مانیش له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ئیمامی عه‌لی بوون و سه‌ر به ‌چه‌ند هۆزێكی زۆر به‌ناوبانگی ناوچه‌كه‌ بوون(17)، له‌ ماڵی (سلیمان كوڕی صردی خزاعی) كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاریاندا بۆ سڕینه‌وه‌ی تاوانه‌كانیان له‌وه‌ی كه‌ پشتیان له‌ حسه‌ین كوڕی عه‌لی كرد تۆڵه‌ی بستێننه‌وه‌ و شه‌ڕی هه‌موو ئه‌وانه‌ش بكه‌ن كه‌ دژی بوون،

لێره‌وه‌ له‌ ساڵی 61ك، 683ز  وه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ سه‌ریهه‌ڵدا و به‌نهێنی كه‌وتنه‌ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان تائه‌و كاته‌ی خه‌لیفه‌ یه‌زید كوڕی عه‌بدولمه‌ليك مرد ئه‌وكات بڕیاریاندا به‌ ئاشكرا بكه‌ونه‌ بانگه‌وازكردنی خه‌ڵك بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌یان و خه‌ڵكانێكی زۆریش به‌ده‌میانه‌وه‌ هاتن، سلێمان نامه‌ی نارد بۆ لایه‌نگرانی له ‌ناوچه‌كانی به‌سڕه‌ و مه‌دائين كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یه‌وه‌ بكه‌ن تا تۆڵه‌ی حسه‌ین بستێنن و ئه‌وانیش پشتگیری خۆیان بۆ ده‌ربڕی(18)، به‌مجۆره‌ لایه‌نگرانی زۆر بوو، پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شوێنه‌كه‌وتوانیدا ڕێككه‌وت سلێمان بڕیاریدا له‌ كوفه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌وێ ناوچه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ تا بیكاته‌ بنكه‌یه‌ك بۆ هێزه‌كانی ئه‌وه‌ بوو له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 65ك ، 684ز ته‌وابینه‌كان له‌ (نخیله‌‌) كه‌ شوێنێكه‌ ئه‌كه‌وێته‌ نزیكی كوفه‌ كۆبوونه‌وه‌، ‌نزیكه‌ی چوار هه‌زار كه‌س ئه‌بوون ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی شوێنكه‌وتوانیان له‌ مه‌دائين و به‌سڕه‌ ئاماده‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نه‌ببوون كه‌ بێگومان به‌وانیشه‌وه‌ ژماره‌كه‌ زۆر زیاتری ئه‌كرد، پاش ئه‌مه‌ به‌ره‌و كه‌ربه‌لا چوون و سه‌ردانی گۆڕی حسه‌ین یان كرد و له‌وێ په‌یمانیان به‌ست كه‌ تۆڵه‌ی حسه‌ین بسێنن(19)، پاشان به‌سه‌ركردایه‌تی سلێمان له‌ ڕووباری فوڕات په‌ڕینه‌وه‌ و چوون به‌ره‌و ناوچه‌كانی جه‌زیره‌ و له‌وێ له‌ ناوچه‌ی (قرقیسیا)(20)) كه‌ ناوچه‌یه‌كی كورديیه‌ له‌ هه‌رێمی‌ جه‌زیره‌ له‌مكاته‌دا لێره‌ یه‌كێكی تر له‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئومه‌وی به‌ناوی (ظفر كوڕى حارسى كلابى) لێ ئه‌بێت كه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ پشتگیریان لێده‌كات و هانیان ئه‌دات بۆ كاره‌كانیان و پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بڕۆن به‌ره‌و (عین الورد)(21)) كه‌ هه‌رێمێكی كورديیه‌ له‌وێ نیشته‌جێ ببن(22)، لێره‌دا كاتێك ئه‌مانه‌ ڕوویان كردۆته‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ كوردیانه‌ دوورنیه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكانی ناوچه‌كه‌ كه‌ كوردبوون به‌شداریيان له‌گه‌ڵدا نه‌كردبێت و لایه‌نگريیان له‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌بووبێت به‌تایبه‌تیش كاتێك ئه‌وه‌ بزانین كه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی بانگه‌واز كا‌ر بووه‌،  ئه‌گه‌رنا چۆن ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ بیكه‌ن به‌ بنكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، به‌هه‌رحاڵ كاتێك ئومه‌ويیه‌كان به‌مه‌یان زانی سوپایه‌كیان به‌سه‌ركردایه‌تی (عبیدالله كوڕی زیاد) له‌ شامه‌وه‌ نارده‌ سه‌ریان كه‌ له‌ سی هه‌زار كه‌س(23) پێكهاتبوو به‌یارمه‌تی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی تری ئومه‌ویيه‌كان و له‌ ساڵی 65ك، 684ز شه‌ڕ له‌ نێوانیاندا هه‌ڵگيرسا(24) هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ته‌وابینه‌كان توانیان كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام ده‌ره‌نجام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام ئومه‌ویيه‌كان یارمه‌تیان به ‌سوپا و به‌ سه‌ركرده‌ی به‌هێز بۆ ده‌هات و ئه‌مه‌ش ببووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هێزه‌كانیان هاوتا نه‌بن، بۆیه‌ ته‌وابینه‌كان به‌ته‌واوه‌تی تێكشكان و سه‌ركرده‌كه‌شیان سلێمانى كوڕی صرد خزاعی كوژرا سه‌ره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌ری مسیب كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی تری ته‌وابینه‌كان بوو نارده‌وه‌ بۆ خه‌لیفه‌ و پاشماوه‌كه‌شیان هه‌ڵاتن و چوونه‌وه‌ له‌ كوفه‌ نیشته‌جێ بوون(25)، به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌ بزووتنه‌وه‌ كه‌یان هات…

دووه‌م: كورد و بزووتنه‌وه‌كه‌ی موختار كوڕی ئه‌بی عبیدی سه‌قه‌فی (66ك ،685ز):
موختار كوڕی ئه‌بی عوبه‌یده‌ى سه‌قه‌فی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ بەیه‌كێكه‌ له‌ دیارترین ئه‌و كه‌سانه‌ دائه‌نرێت كه‌ سه‌رۆكایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكاری شیعی كردووه‌ له‌ دژی ده‌وڵه‌تی ئومه‌وی، باوكی یه‌كێك بووه‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی فتوخاتی عێراق و خۆشی كه‌سایه‌تییه‌كی دیار و زیره‌ك و سیاسی و لێزانی گه‌وره‌ی هه‌بووه،‌ به‌جۆرێكی وا سیاسه‌تی كردووه‌ كه‌ له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی پله‌وپایه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌نديیه‌كانیدا سڵ له‌ هیچ نه‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر چه‌ند په‌تێكیش یاری بكات، بۆیه‌ سه‌رچاوه‌كان زیاتر به ‌كه‌سێكی بێ پره‌نسیپ (مبدء) ناوزه‌ندی ده‌كه‌ن(26)، ڕه‌نگبێت ئه‌مانه‌شی له‌به‌رئه‌وه‌ كردبێت تابتوانێت كه‌سایه‌تییه‌كی دیار و خاوه‌ن پێگه‌ بۆ خۆی دروست بكات، ئه‌وه‌شی ئه‌م بۆچوونانه‌ ده‌سه‌لمێنێت ئه‌و ڕووداوانه‌یه‌ كه‌ له‌ ژیانیدا ڕوویداوه‌، بۆ نمونه‌: هه‌رگیز ئه‌م خۆی نه‌خستۆته‌ ژێر ده‌ستی والییه‌كانی ئومه‌ويیه‌كانه‌وه‌ و دانیپیادا نه‌ناون، هه‌میشه‌ به‌دوای بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌ڵستكاردا گه‌ڕاوه‌ درووست ببێت و ئه‌م خۆی پیادا هه‌ڵبواسێت، له‌م سه‌روبه‌نده‌دا كاتێك كه‌ عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیب شەهیدكرا په‌یوه‌ندی كرد به‌ حه‌سه‌نه‌وه،‌ به‌ڵام كه ‌ئه‌م وازی له‌ خەلافەت هێنا بۆ موعاویه‌ په‌یوه‌ندی كرد به‌ حسه‌ینی كوڕی عه‌لی، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ حسه‌ین شەهیدكرا په‌یوه‌ندی كرد به‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵاى كوڕی زوبێره‌وه‌(27) به‌ڵام عه‌بدوڵڵاى كوڕی زوبێر زۆر متمانه‌ی پێ نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌م زۆر به‌هه‌ڵپه‌تر بوو بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و له‌ چالاكیيه‌كانی ئه‌ترسا، بۆیه‌ هیچ پله‌یه‌كی وای له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یدا پێنه‌به‌خشی و موختار وازی له‌میش هێنا و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوفه‌، لێره‌ ئه‌و بارودۆخه‌ تایبه‌تیه‌ی له‌ پاش كوژرانی حسه‌ین و شكانی بزووتنه‌وه‌ی ته‌وابینه‌كانه‌وه‌ كه‌وتبۆوه‌ به‌هه‌لزانيی و كه‌وته‌ بانگه‌شه‌كردن به‌ناوی شیعه‌كانه‌وه‌ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی تۆڵه‌ی حسه‌ین و واخۆی پیشاندا كه ‌ئه‌م نوێنه‌ری محه‌مه‌د كوڕی عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیبه‌ كه‌ به‌ (محمد بن الحنیفه‌) ناسرابوو.

هه‌روه‌ها واخۆی پیشان ئه‌دا كه‌ ئه‌م وه‌زیری (محمد الحنیفه)‌یه‌ و له‌وپێناوه‌دا شۆڕش هه‌ڵئه‌گیرسێنێ(28)، به‌هه‌رحاڵ لێپرسراوانی كوفه‌ لێی دڕدۆنگ بوون و ئه‌وه‌ بوو زیندانیان كرد، به‌ڵام له‌ زیندانیشدا زیاتر خۆی نیشاندا و كه‌وته‌ بانگه‌شه‌كردنی زیاتر بۆ بیره‌كه‌ی، به‌ڵكو زیاتریش ته‌نانه‌ت بانگه‌شه‌ی شێوه‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تییه‌كیشی ده‌كرد به‌وه‌ی كه ‌ده‌یگوت (جبرئیل) له‌لایه‌ن خوداوه‌ سه‌ردانی ئه‌كات بۆ زیندان(29)،  لێره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك لایه‌نگری بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌ی زیاد كرد و پاش ئه‌مه‌ش عه‌بدوڵڵاى كوڕی عومه‌ر كه‌ مێردی خوشكی بوو توانی  شه‌فاعه‌تی بۆ بكات و له‌ زیندان به‌رببێت پاش ئه‌وه‌ی موختار سوێندی خوارد كه‌ جارێكی تر ئه‌م كارانه ‌نه‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك چووه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی ووتی ئه‌و به‌و سوێنه‌ی كه ‌خواردوویه‌تی پابه‌ند نابێت(30)، بۆ په‌ره‌پێدانی بزووتنه‌وه‌كه‌شی پێویستی به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ و ناسراو له‌گه‌ڵیدا به‌شداری بكه‌ن بۆ ئه‌مه‌ باشترین كه‌سێك بریتی بوو له‌ (ئیبراهیم كوڕی ماليك ئه‌شته‌ر) كه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی دیاربوو و هۆزێكی گه‌وره‌شی له‌ پشته‌وه‌ بوو، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕازی نه‌بوو له‌گه‌ڵیدا به‌شداربێت، به‌ڵام له ‌دواجاردا كاتێك موختار نامه‌یه‌كی له‌لایه‌ن (محمد الحنیفه)‌وه‌ بۆ برد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئیبراهیم له‌ ڕاستی نامه‌كه‌ دوودڵ بوو، به‌ڵام ڕازی بوو به‌شداری له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یدا بكات، به‌م جۆره‌ش بووه‌ پشتێكی به‌هێز بۆی(31). له ‌پاش ئه‌مه‌ بڕیاریدا بزووتنه‌وه‌كه‌ی له‌ مانگی ربیع الاول ی ساڵی 66ك ، تشرینی یه‌كه‌می 658ز له‌ كوفه‌ ڕابگه‌یه‌نێت، به‌هۆی یارمه‌تی ئیبراهیم ئه‌شته‌ره‌وه‌ توانی ده‌ست به‌سه‌ر كۆشكی ئیماره‌تدا بگرێت له‌ كوفه‌ و (عبدالله كوڕی موتیع)ی كه‌ والی كوفه‌ بوو له‌ لایه‌ن عبدالله كوڕی زوبێره‌وه‌ ده‌ربكات،  هه‌روه‌ها زۆرێكیش له‌ ئه‌شرافه‌كانی كوفه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌وه‌ هه‌ڵاتن به‌ره‌و به‌سڕه‌، ئه‌وانی تریش به‌یعه‌تیان پێدا هه‌روه‌ها توانی  نفوزی خۆی به‌سه‌ر زۆرینه‌ی عێراق،

هه‌روه‌ها چه‌ند هه‌رێمێكی تریشی له‌ ده‌وڵه‌ت خسته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه(32)، له‌م هه‌رێمانه‌دا ناوچه‌ كورديیه‌كان به‌ئاشكرا ده‌رئه‌كه‌ون كه‌ موختار خستنیه‌‌  ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌ و والی لێداناون، بۆ نمونه‌ عه‌بدوڵڵاى كوڕی حارسی كرده‌ والی ئه‌رمینیا و نارديیه‌ ناوچه‌كانی هه‌مه‌دان و ماهین (نهاوه‌ند، دینور) كه ‌گومان له‌ به‌ كوردی بوونی ئه‌م ناوچانه‌دا نیه‌، محه‌مه‌دى كوڕی عومه‌یرى كوڕی عه‌تاردی كرده‌ والی ئازه‌ربایجان و (عبدالرحمن كوڕی سعید كوڕی قیس)ى كرده‌ والی موسڵ (سعید كوڕی حوزه‌یفه‌ یمانی) كرده‌ والی حلوان و ئیبن ماليك به‌كراوی كرده‌ والی ماسبدان(33)، موختار كاتێك ئه‌م ناوچانه‌ی گرته‌ده‌ست ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مه‌والی هاتنه‌ ناو بزووتنه‌وه‌كه‌يی و پشتگیریان لێكرد به‌تایبه‌تیش مه‌والی كورد كه‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی ئه‌مانی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ناوچه ‌كوردیيه‌كانی وه‌ك جه‌زیره ‌و چیا و ئازه‌ربایجان و ئه‌سفه‌هان به‌رده‌وام یارمه‌تی و كه‌لوپه‌لی بۆنێردراوه‌(34).

موختار زۆر به‌ سیاسه‌ت بوو له‌ به‌رامبه‌ر مه‌والییه‌كان و خۆی نزیك ده‌كرده‌وه‌ لێیان و دانی به‌ مافه‌كانیان ده‌ناو یه‌كسانی پێده‌به‌خشین له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كاندا له‌ ماف و ئه‌ركیشدا، بۆیه‌ شتێكی ئاساییه‌ كه‌ پشتگیری لێبكه‌ن، بۆ نمونه‌ چه‌ند كه‌سێكیانی لێكردن به‌ لێپرسراو له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یدا وه‌ك (كیسان ابا عمیره‌) كه‌ كردی به‌ لێپرسراوی پاسه‌وانه‌كانی، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی لای مه‌والییه‌ك دانابوو ئه‌مه‌ش ڕاده‌ی متمانه‌ی موختارمان به‌ مه‌والییه‌كان بۆ ده‌رده‌خات(35)، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و یاسایه‌ی لابرد كه‌ مه‌والی له‌ خوار عه‌ره‌به‌وه‌ بێت له‌ ڕێ ڕۆیشتن و سواربوونی ئه‌سپدا (هەروەك لە هەندێك كتێبی ئەدەبی مێژووی ئیسلام باسی ئەم بابەتە كراوە كە گومان لە ڕاستێتی ئەم بابەتە دەكرێت)، به‌ڵكو پێویستی كرد كه‌ مه‌والیيه‌كانیش به‌ هاوشانی عه‌ره‌به‌كان به‌ سواری ئه‌سپ بڕۆن، ئه‌م كارانه‌ی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ عه‌ره‌به‌كان لێی دردۆنگ ببن و گله‌یی لێبكه‌ن، به‌ڵام  ڕاڤه‌ی ئه‌م كارانه‌ی به‌وه‌ لێكده‌دانه‌وه‌ و پێی ده‌گوتن: ((ئێوه‌ كاتێك كه‌ ڕێزم لێده‌گرتن و لوتتان به‌رز ڕاده‌گرت و كاتێك ده‌مكردن به‌ والی خه‌راجتان نه‌ئه‌دا، بۆیه‌ مه‌والییه‌كان زۆر له‌ ئێوه‌ بۆم باشتر و به‌وه‌فاترن هه‌رچیم ویستبێت بۆیان كردوم))(36)، بۆیه‌ عه‌ره‌به‌كان لێی كه‌وتنه‌ گومانه‌وه ‌و به‌ره‌به‌ره‌ لێی ده‌ته‌كينه‌وه‌، به‌ڵكو عه‌ره‌بی هۆزه‌كانی (كنده‌ و ئه‌زد و بجیله‌ و نه‌خع) كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنی(37)…

له‌ پاش ئه‌مانه‌ له‌ به‌رده‌م موختاردا چه‌ند مه‌ترسیيه‌كی گه‌وره ‌هه‌بوو بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، له‌وانه‌ مه‌ترسی ئه‌و هۆزه‌ عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ به‌ره‌و به‌سڕه‌ هه‌ڵاتبوون، هه‌روه‌ها مه‌ترسی هێزی عه‌بدوڵڵاى كوڕی زوبێر و مه‌ترسی ئومه‌ويیه‌كانیش لەلایه‌كی تره‌وه‌، كه‌ سوپای ئومه‌ويیه‌كان به‌ سه‌ركردایه‌تی عوبه‌يدوڵڵاى كوڕی زیاد، پاش ئه‌وه‌ی  ته‌وابینه‌كانی شكاندبوو له‌ (عین الورد) به‌ره‌و موسڵ كه‌وتبووه‌ ڕێ تا به‌ره‌نگاری والییه‌كه‌ی موختار ببێته‌وه‌ له‌ موسڵ و له‌ دژیان بجه‌نگێت، ئه‌وه‌ بوو والی موسڵ له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌وه‌ هه‌ڵات و نامه‌ی بۆ موختار نارد تا یارمه‌تی بدات(38)، موختاریش هێزێكی گه‌وره‌ی به‌ سه‌ركردایه‌تی ئیبراهیم ئه‌شته‌ر كه‌ زۆربه‌ی له‌ مه‌والیيه‌كان پێكهاتبوون بۆ ناردن، ئه‌م دوو سوپایه‌ له‌سه‌ر ڕووباری (خازر) له‌ 10ی محمرم، 67ك – 6،ئاب 686 دا به‌یه‌ك گه‌یه‌شتن له‌ ده‌ره‌نجامدا سوپاكه‌ی موختار توانی سه‌ركه‌وتێكی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنێت و تیایدا عوبه‌يدوڵڵاى كوڕی زیاد بكوژرێت، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی كه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له ‌شەهیدكردنی ئيمامی حسه‌یندا بینی بوو، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری تری وه‌ك (حصین كوڕى نمیر السكونی و شرحبیل ذى الكلاع)ی ئومه‌ویيه‌كانیش له‌م جه‌نگه‌دا كوژران(39).

له‌دوای ئه‌مه‌وه‌ ئیبراهیم به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ناوچه‌ كوردیيه‌كانی هه‌رێمی جه‌زیره‌دا و له‌ هه‌ریه‌كه‌یان والی خۆی دانا و پاش ئه‌وه‌ی چووه‌ ناو موسڵه‌وه‌ عه‌بدولڕه‌حمانى برای نارد بۆئه‌وه‌ی ببێت به‌ لێپرسراوی نه‌صیبین و سه‌فاحی كوڕى دانا به‌ لێپرسراوی (سنجار)(40) و عه‌بدوڵڵاى كوڕی موسليمى دانا به‌سه‌ر (میافارقین)(41)ه‌وه‌ و پێی ڕاگه‌یاند كه‌ شوێن پاشماوه‌ی ئومه‌ویيه‌كان بكه‌وێت له‌ ناوچه‌ شاخاويیه‌كان و ناوچه‌كانی میافارقین له‌ناو كورده‌كان نیشته‌جێ بوون، هه‌روه‌ها حاته‌مى كوڕی لوقمانى باهلی دانا به‌سه‌ر (رها)(42) و سلێمانى كوڕی ڕه‌بیعه‌شی دانا به‌سه‌ر (ئامه‌د)(43)ه‌وه‌، به‌م جۆره‌ موختار توانی بۆماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌ژده‌ مانگ ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر شا ده‌ماری لایه‌نی ئابووری جه‌زیره‌ و خه‌ڵكه‌كه‌یدا(44)، به‌ڵام ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ی موختار زۆری نه‌خایاند، به‌ڵكو عه‌بدوڵڵاى كوڕی زوبێر كه‌ له‌ ناوچه‌كانی حیجاز بانگه‌شه‌ی خه‌لیفایه‌تی ئه‌كرد و به‌شێكی عێراقیشی له‌به‌رده‌ستدا بوو لێی كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و به‌ موصعه‌بى كوڕی زوبێری برای، كه‌ والی  به‌سڕه‌بوو ڕاسپارد‌‌ بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی موختار هه‌نگاوی پێویست بنێت، و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ عه‌ره‌به‌ ڕاكردووه‌كانی كوفه‌ له‌ ده‌ستی موختار كه‌ له‌ به‌سڕه‌بوون به‌رده‌وام هانی موصعه‌بیان ئه‌دا تا له‌ دژی موختار شه‌ڕ بكات، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی  محه‌مه‌دى كوڕی حه‌نیفه‌ كه‌ موختار به‌ناویه‌وه‌ شۆڕشی ئه‌كرد و خه‌ڵكی كۆئه‌كرده‌وه‌ به‌رائه‌تی خۆی لێ  ڕاگه‌یاند و پاش ئه‌مانه‌ش ده‌سته‌ ڕاستی موختار، كه‌ ئیبراهیم ئه‌شته‌ر بوو لێی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و وازی له‌ موختار هێنا و به‌یعه‌تی كرد به‌ موصعه‌بى كوڕی زوبیر، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌وری مایه‌وه‌ ته‌نها چه‌ند عه‌ره‌بێكی كه‌م و ئه‌وی تریشی مه‌والییه‌كان بوون و ئه‌مانه‌ش تاڕاده‌یه‌كی باش موختاریان لاواز كرد(45).

 له‌ دوای ئه‌مه‌وه‌ موصعه‌ب هێزێكی گه‌وره‌ی نارده‌ سه‌ر موختار، هێزی موختاریش دوو كه‌سایه‌تی دیار سه‌ركردایه‌تیان ئه‌كرد ئه‌وانیش (أحمر كوڕی شمیشر) كه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی بوو و (كیسان ابو عمیره‌) كه‌ سه‌ركردایه‌تی مه‌والییه‌كانی ئه‌كرد له‌ سوپای موختاردا، پاش هه‌ڵایسانی شه‌ڕێكی گه‌وره‌ له‌ نێوانیاندا سوپاكه‌ی موختار تووشی شكستێكی زۆر‌ بوو، به‌جۆرێكی وا ته‌نها چه‌ند كه‌سێكی كه‌میان لێ ده‌رچوو ئه‌وانی تر به‌سه‌ركرده‌كانیشیانه‌وه‌ كوژران، كاتێ ئه‌م هه‌واڵه‌ گه‌یشته‌ موختار و پاشماوه‌ی شوێنكه‌وتووانی هیچ چارێكیان نه‌ما، هێنده‌ نه‌بێت تا له‌ قه‌ڵایه‌كدا خۆیان حه‌شار بده‌ن له‌ كوفه‌، به‌م جۆره‌ بۆ ماوه‌ی چوار مانگ گه‌ماڕۆ دران لەكۆتايیدا موختار به‌خۆيی و نۆزده ‌كه‌سه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و پاش شه‌ڕێكی قورس له‌ 14،رمه‌زانی 67ك دا كوژرا. به‌م جۆره‌ كۆتایی به‌ خۆی و بزووتنه‌وه‌كه‌ی هات و ده‌سه‌ڵاتی عه‌بدوڵڵاى كوڕی زوبێر بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی عێراق و هه‌رێمی چیا گه‌ڕایه‌وه‌(46)، هه‌رچی ناوچه ‌كورديیه‌كانی هه‌رێمی جه‌زیره ‌و ئازه‌ربایجانه‌ عه‌بدوڵڵاى كوڕی زوبێر (مهلب كوڕی ئه‌بی صفره‌)ی بۆنارد و كردیه‌ والی به‌سه‌ریه‌وه‌، به‌م جۆره‌ش ناوچه‌ كوردیه‌كان كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی عه‌بدوڵڵاى كوڕی زوبێر(47)، ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه ‌ئه‌م بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌ی ده‌وڵه‌تی ئومه‌وی به‌ده‌ستی ئومه‌ويیه‌كان كۆتایی پێنه‌هێنراوه‌ و كۆتایییه‌كه‌ی به‌ده‌ستی به‌رهه‌ڵستكارێكی تری ده‌وڵه‌تی ئومه‌وییه‌كان بووه‌ ئه‌ویش عه‌بدوڵڵاى كوڕی زوبێره‌ ئه‌مه‌ش به‌هێزيی و به‌توانایی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌مان بۆ ده‌رده‌خات…

سێیه‌م: كورد و بزووتنه‌وه‌كه‌ی زه‌یدی كوڕی عه‌لی (121ك،739ز):
زه‌یدی كوڕی عه‌لی كوڕی حسینی كوڕی عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیب، له‌ گه‌وره‌كانی ئال و به‌یت بوو خاوه‌ن كه‌سایه‌تی و پله‌پایه‌ و زانا و دیندار بووه‌، له‌ مه‌دینه‌ له‌ ناوچه‌ی حیجاز نیشته‌جێ بووه‌(48)، ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ هه‌موو كات وه‌رگرتنی خەلافەت به‌ مافی خۆيی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌زانی و داكۆكی لێ ئه‌كرد و هه‌مووك ات ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی له‌ پێش چاوبوو كه‌ به‌ده‌ستی ئومه‌ویيه‌كان به‌سه‌ر باپیريی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی هاتبوو(49)، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش به‌ هۆكاری ژێرینه‌ و نهێنی شۆڕشه‌كه‌ی دابنرێت، كە له‌ بیری ئه‌وه‌دا بێت وه‌ك به‌رهه‌ڵستكارێكی سیاسی دیار بزووتنه‌وه‌یه‌ك دروست بكات و دژی ده‌وڵه‌تی ئومه‌وی هه‌ستێت، به‌ڵام هۆكاری ڕاسته‌وخۆی شۆڕشه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وكاته‌ی والی عێراق خالیدی قه‌سری لائه‌برێت، له‌مكاته‌دا له‌ لایه‌ن یوسفى كوڕی عومه‌ر، كه‌ ده‌بێته‌ والی له‌جێی خاليد تاوانبار ئه‌كرێت به‌وه‌ی پاره‌ و سامان له‌ لایه‌ن خالیده‌وه‌ لای زه‌یدى كوڕی عه‌لی دانراوه‌، ئه‌مه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ خه‌لیفه‌ هيشامی كوڕی عه‌بدولمه‌ليك (105 – 125 ك، 723-242ز) خه‌لیفه‌ش ده‌نێرێت به‌شوێن زه‌ید و پاش ئه‌وه‌ی هیچ ڕێزێكی لێ ناگرێت و تاوانباری ده‌كات كه‌ بانگه‌شه‌ی خەلافەتی كردووه‌ و قسه‌ی پێ ئه‌ڵێت كه‌ ئه‌و كوڕی جاریه‌یه‌ و چۆن داوای خەلافەت ئه‌كات، هه‌روه‌ها داوای لێده‌كات بچێت بۆ كوفه ‌و له‌وێ له‌ زینداندا ڕوو به‌ ڕووی خالیدی بكه‌نه‌وه،‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر زه‌ید ده‌بێت و سوكایه‌تی كردن ده‌بێ بۆی، بۆیه‌ ڕووئه‌كاته‌ كوفه‌ و پاش ئه‌وه‌ی له‌وێ سوێند ئه‌خوات كه‌ لای ئه‌و نیه‌ و و به‌رائه‌تی ده‌رئه‌كه‌وێت، ئازادی دەكەن و ڕێگه‌ی ئه‌ده‌ن تا به‌ره‌و مه‌دینه‌ بكه‌وێته‌ ڕێ، ئه‌مه‌ش به‌ فه‌رمانی خه‌لیفه‌ ئه‌بێت(50)، به‌ڵام خه‌ڵكی كوفه‌ له‌مكاته‌دا شوێنی ئه‌كه‌ون و داوای لێئه‌كه‌ن بگه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ڵێنی ده‌ده‌نێ كه ‌سه‌ری بخه‌ن و له‌پێناویدا بجه‌نگن هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و متمانه‌ی زۆر پێیان نابێت، هه‌روه‌ك پێیان ئه‌ڵێت: كه‌ ئه‌وان هه‌موو كات له‌ به‌ڵێنه‌كانیاندا ڕاستگۆ نه‌بوون له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌مدا، چونكه‌ پێشتر نه‌ له‌گه‌ڵ باوكی و نه ‌له‌گه‌ڵ باپیریدا به‌ڵێنه‌كانیان نه‌بردبووه‌ سه‌ر و پشتگیریيان لێ نه‌كردبوو.

به‌ هه‌رحاڵ  هه‌رچۆن بێت شوێنیان كه‌وت و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوفه‌ و(51)، له‌وێ نزیكه‌ی ده‌ مانگ مایه‌وه‌ و له‌م ماوه‌یه‌دا به‌نهێنی كه‌وته‌ بانگه‌وازی خه‌ڵكی بۆ شۆڕشه‌كه‌ی و خه‌ڵكی له‌ ده‌وری خۆی كۆئه‌كرده‌وه‌ به‌ جۆرێكی وا هه‌وڵی ئه‌دا له ‌هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وڵه‌تی خەلافەتدا لایه‌نگری هه‌بێت و نامه‌ی بۆ ئه‌ناردن، بۆ ئه‌مه‌ش خه‌ڵكانێكی زۆر وه‌ڵامی بانگه‌وازه‌كه‌یان دایه‌وه‌ له ‌نێوانیاندا خه‌ڵكانی جه‌زیره‌ و موسڵ بوون، به‌دوور نازانرێت خه‌ڵكانێكی زۆری كوردیش له‌م ناوچانه‌ په‌یوه‌نديیان پێوه‌كردبێت و شوێنی كه‌وتبن(52)، پاش ئه‌مه‌ خه‌ڵكی كوفه‌ به‌یعه‌تیان پێدا كه‌ ژماره‌یان گه‌یشته‌ نزیكه‌ی پانزه‌ هه‌زار كه‌س(53) ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ شوێنكه‌وتووانی له‌ هه‌رێمه‌كانی تری وه‌ك مه‌دائین و به‌سڕه‌ و واست و موسڵ و خوراسان و ڕه‌ی و جرجان و جه‌زیره‌ و شاره‌زوور(54)، سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌رێمی شاره‌زووردا شوێنكه‌وته‌یه‌كی زۆری هه‌بووه‌ و خه‌ڵكی له‌ ناوچه‌ی شاره‌زوور په‌یوه‌نديیان پێوه‌كردووه‌ و باوه‌ڕیان به‌ بیروڕاكانی هێناوه‌ و واش پێده‌چێت كه‌ زه‌یدى كوڕی عه‌لی خۆی سه‌ردانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی كردبێت و خه‌ڵكی له‌سه‌ر ده‌ستیدا به‌یعه‌تیان پێدابێت(55)، ابن مهلهل كە لە سەدەی چوارەمی كۆچی ژیاوە و سەردانی شارەزووری كردووە له‌ باسی شاری (بیرر یان پیر(56))دا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌كانی ناوچه‌ی شاره‌زوور ده‌ڵێت ((خه‌ڵكه‌كه‌ی شیعه‌ی صاڵحیه‌ی زه‌یدین(57)))، كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین: بیروباوه‌ڕه‌كانی زه‌ید له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌یشتۆته‌ ناوچه‌ كوردیيه‌كان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌ كورديیه‌كان هه‌بووه‌، هه‌رچۆنبێت پاش ئه‌وه‌ی ئومه‌ویيه‌كان هه‌ستیان به ‌مه‌ترسی زه‌یدى كوڕی عه‌لی و بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كه‌ی كرد كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنی و له‌ ساڵی 121ك ،740ز پاش ئه‌وه‌ی والی عێراق سوپایه‌كی گه‌وره‌ی له‌ شامه‌وه‌ هێنا كه‌ نزیكه‌ی دوانزه‌ هه‌زار كه‌س ئه‌بوو به‌ره‌نگاری یه‌زید بووه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵی ئه‌دا دووبه‌ره‌كی بخاته‌ نێوان هێزه‌كانی زیده‌وه‌ و له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو ئه‌وه‌ بوو زۆرێك له‌ لایه‌نگرانی زید وازیان لێهێنا، له‌ ده‌ره‌نجامدا و پاش چه‌ند شه‌ڕێكی سه‌خت له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی هێزه‌كه‌ی زه‌یددا توانیان كه‌ زه‌ید بكوژن و هه‌روه‌ها سه‌ری ببڕن ولاشه‌كه‌ی هه‌ڵبواسن و پاشان بیسوتێنن و فڕێی بده‌نه‌ ئاوی فوڕاته‌وه‌(58).

 به‌تێڕامانمان له‌م ده‌قه‌ مێژوویییه‌ ئه‌توانین بگه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستیيه‌ی كه‌ زه‌یدى كوڕی عه‌لی چ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نابێته‌وه‌ و چه‌نده‌ مه‌ترسی بۆیان هه‌بووبێت تا به‌و جۆره‌ پاش كوژرانیشی نواندن به‌لاشه‌كه‌ی بكه‌ن، به‌هه‌رحاڵ له ‌پاش كوژرانی زه‌ید كۆتایی به ‌بزووتنه‌وه‌كه‌ی نه‌هات، به‌ڵكو چه‌ند كه‌سێك له‌ شوێن كه‌وتووانی توانیان هه‌ڵبێن له‌وانه‌ (یحیی)ی كوڕی كه‌ له ‌خوراسان درێژه‌ی به‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی بده‌ن، به‌ڵام ئه‌میش له‌ ساڵی 125ك،742زدا به‌ده‌ستی والی خوراسان (نصر كوڕی سیار) كوژرا و كۆتایی به‌بزووتنه‌وه‌كه‌یان هات(59)…

پەراوێز و سەرچاوەكان:
1- شیعه‌‌: ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ پاش كوژرانی عه‌لییه‌وه‌ به‌سه‌ر شوێنكه‌وتووانیدا دابڕا، له‌زمانی عه‌ره‌بیدا به‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گوترێت شیعه‌ كه‌ شوێن كه‌سێك بكه‌ون و هه‌وڵی سه‌ركه‌وتنی بده‌ن، یان هه‌ر كۆمه‌ڵێك له‌سه‌ر شتێك كۆببنه‌‌وه‌ پێیان ده‌گوترێت شیعه‌، ئه‌م ناوه‌ به‌م جۆره‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌دا دابڕا كه‌ خۆشه‌ویستی بۆ عه‌لی و ئال و به‌یتی هه‌بێت، بڕوانه‌: د.أحمد محمد الحوفي: أدب السياسة في العصر الاموي ، ط2، مصر (ب.س) ، ل29.
2- عدنان علي فراجي: حركات المعارضة للخلافة الاموية ( 96 –105 ،714،723م ) ط1 ، بغداد-1990،ل71 ؛ د.محمد طيب نجار: الدواة الاموية في الشرق ( بين عوامل البناء و معاول الفناء ) ،القاهرة –1962م،ل80  ؛ د.محمد عمارة: الخلافة ونشأة الاحزاب الاسلامية ،ط2،بغداد-1984،ل151.
3- الشهرستاني: كتاب الملل والنحل ، ط2 ، القاهرة (ب.س) ، ج1،ل131 ؛ د.صباح محمد برزنجي:أهم الفرق الإسلامية، ط2 –2003 السليمانية ،ل32-33 ؛ د.عبدالله سلوم السامرائي: الغلو والفرق الغالية في الحضارة الاسلامية ، ط1-بغداد –1972م،ل82-83  ؛ د.علي حسني الخربوطلي: 10 ثورات في الاسلام ،ط2 ، بيروت –1978، ل71.
4- هه‌مان سه‌رچاوه‌كانی پێشوو.
5- التقیة‌: خۆپارێزی مه‌به‌ست پێی شاردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌ له‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت واته‌ كاتێك تۆ له ‌دڵه‌وه‌ بڕوات به‌شتێك هه‌یه‌، به‌ڵام به‌كرده‌وه‌ له‌به‌ر ترس ئه‌وه‌ ئه‌نجام ناده‌یت له ‌ترسی كوشتنه‌ زۆرجار ، الشهرستانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل112 ؛ زریان حاجی: بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی فیكری خه‌وارج ، گ(ڕێنیسانس) ،ژ(5) ،2005 ، ل39 ؛ عدنان علی فراجی: هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل72.
6- ئه‌م بۆچوونه‌ش زیاتر بۆچوونی شیعه‌كان خۆیانه‌ ، بڕوانه:‌ الشيخ محمد حسين آل كاشف الغطاء: أصل الشيعة وأصلها، ل70 له ‌كتێبی د.مصطفى حلمي: نظام الخلافة في الفكر الاسلامي، ط2 الاسطندرية ،مصر – – 2001م ، ل156وه‌رگیراوه‌.
7- د.مصطفى حلمي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل156 ؛ د.عبد الله سلوم السامرائي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل83.
8- د. أحمد أمين: ضحى الاسلام ، ج3،ل209 ؛ د.مصطفى حلمي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل157 ؛ بۆ زیاتر شاره‌زابوون له‌م باره‌یه‌وه‌ بڕوانه‌: د.محمد عماره‌: هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل151،152.
9 – له‌یاره‌ی ئه‌م كه‌سایه‌تی یه‌و ژیاننامه‌ی و كاره‌كانیه‌وه‌ بڕوانه‌: الطبري : تاريخ الرسل والملوك ، ج2،ل647 ؛ محمد عبد الرؤوف المناوي: التوقيف على مهمات التعاريف ، ط1، بيروت –ديمشق ،1410ه ، ج1،ل394 ؛ د.حسن إبراهيم حسن : تاريخ الاسلام السياسي والديني والثقافي ، ج1،ل395 –396.
10- السيوطي : تاريخ الخلفاء ، ط1، بغداد-1952م ،ل191-192 ؛ د.علي حسني الخربوطلي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل71،72 ؛ د.محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل81 ؛ د.علی إبراهیم حسن، التاریخ الاسلامی العام ، القاهره‌، ل269.
11- ابن الأثير : الكامل في التاريخ ، ط2 ، بيروت –1995 ، ج3،ل252 ؛ اليعقوبي: تاريخ اليعقوبي، بيروت ،(ب.س) ، ج2،ل242 ؛ ابن قتيبة الدينوري: الامامة والسياسة ،ط2،القاهرة –1959، ج2،ل4 ؛ ابن طقطقي: كتاب الفخري في الاداب السلطانية والدول الاسلامية، ط1 ،مصر-1317ه، ل103-106  ؛  د.محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل81 ؛ د.لبيد ابراهيم احمد وآخرون : الدولة العربية الاسلامية في العصر الاموي ،بغداد ،1992، ل40-41   ؛ د.محمد جمال الدين السرور: الحياة السياسية في الدولة اللعربية الاسلامية خلال القرنين الاول والثاني بعد الهجرة، ط5،ل1134-137 1975 .
12- له‌باره‌ی گرووپ و لقه‌كانی شیعه‌ و بیروباوه‌ڕیانه‌وه‌ بڕوانه‌: الشهرستانی: هه‌مان سه‌رچاوه‌ ، ج1، ل131 ؛ فخرالدين الرازي : إعتقاد فرق المسلمين والمشركين ،ط1 ،القاهرة –1993، ل33 به‌دواوه‌ ؛ د.عبدالله سلوم السامرائي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل82 به‌دواوه‌.
13- فرست مرعي إسماعيل : الكرد مصادر ومعامل تاريخهم في صدر الاسلام ، رسالة ماجستير غير منشورة ، 1997 _خرطوم ،ل174 ؛ زرار صديق توفيق : الكرد في العصر العباسي حتى مجئ البويهيين ، رسالة ماجستير غير منشورة ،1994 – اربيل ، ل86- 87 .
14- هه‌مان سه‌رچاوه‌كانی پێشوو.
15 دیاره‌ ئێمه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌ستمانه‌ و ده‌مانه‌وێت لێی بدوێین ته‌نها ئه‌و بزووتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌ شیعانه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ كورديیه‌كانی هه‌رێمی جه‌زیره‌ و شاره‌زووردا ڕۆڵیان هه‌بووه‌ و بزووتنه‌وه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و شه‌ڕه‌كانیان له‌وێ‌ كردووه‌ نه‌ك سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه‌كانی شیعه‌ كه‌ چه‌ندین بزووتنه‌وه‌ی زۆر بوون و به‌درێژایی سه‌رده‌می ئومه‌ويیه‌كان له ‌ناوچه‌كانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تدا ڕۆڵیان بینیوه‌.
16- ابن طقطقي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل88 ؛ ابن سعد : طبقات الكبرى ،دارالصادر ،بيروت (ب.س )، ج4، ل292  د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل43 ؛ ثابت إسماعيل الراوي : العراق في العصر الاموي ،بغداد- 1959 ، ل167 ؛ د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل104-105 ؛ د.علي حسني الخربوطلي: العراق في ظل الحكم الاموي ، ل133-136.
17- الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل417 ؛ ابن الأثير : الكامل في التاريخ ،ط2،بيروت –1995 ، ج4، ل160 ؛ ابن سعد: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل292-293 ؛ محمود شاكر : تاريخ الاسلامي ، ط8، بيروت،2000م ، ج4، ل153-154.
18- الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل257 ؛ المسعودي : مروج الذهب ، بیروت ، 1968، ج3، ل37  ؛ ثابت اسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل168-169 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل44 ؛ د.حسن ابراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل400 ؛ د.علي حسني خربوطلي : 10ثورات في الاسلام، ل107 ،108؛ محمود شاكر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل154.
19-  ابن الاثير : سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل6 ؛ ابن سعد: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل292-293 ؛ ابن الكثير: البداية والنهاية ،مكتبة المعارف ، بیروت، ج8، ل253  ؛ ثابت اسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل168-169.
20 قرقیسیا: یه‌كێكه‌ له‌شاره‌ كورديیه‌ دیاره‌كانی هه‌رێمی جه‌زیره‌ ئه‌كه‌وێته‌ لایه‌نی ڕۆژئاوای فوڕاته‌وه‌ و شارێكی ئاوه‌دان و پڕ سه‌وزایی و بێستان بووه‌  بڕوانه‌ كي لسترنج : بلدان الخلافة الشرقية ط1،بغداد –1954، ل 136-137.
21 عین الورد: ناوچه‌یه‌كی كوردیيه‌ و شارێكی به‌ناوبانگه‌ له‌ هه‌رێمی جه‌زیره‌دا ئێستا به‌ (راس العین ناسراوه‌) واته‌ سه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر كانی تیایه‌ و كانیه‌كانی سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كین بۆ ئاوی فورات و هه‌روه‌ها بۆ كشتوكاڵ و گوڵ و گوڵزار بۆیه‌ به‌ (عین الورد) ناسراوه‌ بڕوانه‌ شوان عوسمان مسته‌فا: كوردستان و پڕۆسه‌ی به‌ئیسلام كردنی كورد ، سلێمانی 2002 ، ل31،32.
22- اليعقوبي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل257 ؛ الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج 3، ل419 ؛ ابن سعد: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل292-293 ؛ ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل7 ؛  د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل44 ؛ ثابت إسماعيل الراوي : العراق في العصر الاموي ،ل168 ؛ د.محمد جمال الدين السرور: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل135-140.
23 ابن سعد ده‌ڵێ‌ بیست هه‌زار كه‌س بوون بڕوانه:‌ الطبقات الكبرى، ج4، ل292-293.
24- الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل257 ؛ البغدادي : تاريخ بغداد، دار الكتب العلمية ،بيروت، ج1، ل210  ؛ الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج 3، ل419 ؛ ابن سعد: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل292-293 ؛ ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل7 ؛  د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل44 ؛ ثابت إسماعيل الراوي: العراق في العصر الاموي،، ل168 ؛ د.علي حسني خربوطلي : 10ثورات في الاسلام ، ل113-114 ؛ د.علي حسني الخربوطلي : تاريخ العراق في طل الحكم الاموي (السياسي ،الاجتماعي ،الاقتصادي )، مصر ،1959 ،ل133-137 ؛ د.محمد جمال الدين السرور: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل135-140.
25- البغدادی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل210 ؛ ابن سعد: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل293 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل257 ؛ المسعودی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل37 ؛ ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل7 ؛ الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل415 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل44 ؛ ثابت إسماعيل الراوي: العراق في العصر الاموي، ل168 ؛ د.علي حسني خربوطلي : 10ثورات في الاسلام ، ل115 ؛ عدنان علی الفراجی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل71-72 ؛ د.محمد جمال الدین السرور: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل140-141.
26- الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل401 ؛ الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل264 ؛ الدمشقی: شذرات الذهب في أخبار من الذهب ،دار الكتب العلمية –بيروت (ب.س) ، ج1، ل74 ؛ ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج7، ل31 ؛ العسقلاني : الإصابة في تميز الصحابة ،ط1-بيروت –1992 ، ج6، ل349 ؛ فخر الدين الرازي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل54 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل45 ؛ د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل107-108 ؛ محمود شاكر: تاریخ الاسلامی ، ج4، ل155؛ د.محمد جمال الدین السرور: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل141 ؛ ثابت إسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل211.
27- الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3،ل402 ؛ المقدسي : البدء والتاريخ ،القاهرة (ب.س ) ، ج6، ل15: ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج7، ل37 ؛ د.علی ابراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل293-294 ؛ د.حسن إبراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1،ل402 ؛ د.علي حسني الخربوطلي : تاريخ العراق، ل141 ؛ ثابت إسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل212.
28- الدمشقي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل77 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل258 ؛ المقدسي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج5، ل131 ؛ د.علي حسني الخربوطلي : تاريخ العراق، ل141 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل45-46 ؛ د.حسن إبراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل402 ؛ ثابت إسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل214 ؛ د.بدير متولي حميد : من أدب الحركات الاسلامية ،دار المعريفة ،القاهرة (ب.س)، ل104-107.
29 له‌باره‌ی بیروباوه‌ڕه‌كانی موختار بڕوانه‌: المقدسی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج5، ل131 ؛ الشهرستانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل12 ؛ فخر الدین الرازی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل54 ؛ د.محمد جمال الدین السرور: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل148.
30- الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل404-407 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل258 ؛ الدمشقی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1،ل74 ؛ ابن الكثير: هه‌مان سه‌رچاوه‌، ج6، ل237 ؛ د.علی إبراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل293-294 ؛  محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل107-108 ؛ محمود شاكر: تاریخ الاسلامی، ج4، ل155.
31- الطبري: هه‌مان سه‌رچاوه‌، ج2، ل611 ؛ الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل265 ؛ فخر الدین الرازی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل54 ؛  د.علي حسني الخربوطلي : تاریخ العراق ،ل141 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل45-46.
32- الطبري: هه‌مان سه‌رچاوه‌، ج2، ل611-613 ؛ الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل265-266 ؛ المسعودی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل81 ؛ د.محمد جمال الدین السرور: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل143 ؛ د.حسن ابراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل403.
33- ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل227 ؛ الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل270 ؛ د.علي حسني الخربوطلي : تاریخ العراق ، ل491 ؛ محمود شاكر: تاریخ الاسلامی ، ج4، ل156.
34- الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل264 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل260 ؛ ثابت إسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 215.
35- الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل264 ؛ الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل237 ؛ د.علي حسني الخربوطلي : 10 ثورات في الاسلام ، ل130 ؛ د.علي حسني الخربوطلي : تاریخ العراق ، ل166 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل49.
36- الدمشقی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل77 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل258 ؛ المقدسی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج5، ل131 ؛ د.محمد جمال الدین السرور: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل146 ؛  الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 264 ؛ الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل237.
37- ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل227 ؛ الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل270 ؛ د.علي حسني الخربوطلي : تاریخ العراق ، ل491 ؛ محمود شاكر: تاریخ الاسلامی ، ج4، ل156 ؛ ثابت إسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 254.
38- الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل479 به‌دواوه‌ ؛ ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج8، ل282 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل49.
39- الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل479 ؛ ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج8، ل282 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل258 ؛ المقدسی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج6، ل58؛  الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل26: د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل108 ؛ محمود شاكر: تاریخ الاسلامی ، ج4، ل157 ؛ د.حسن جاف: الوجیز فی تاریخ ایران، ج1، ل174 ؛ د.علي حسني الخربوطلي : 10 ثورات في الاسلام، ل119.
40 سنجار(شه‌نگار ): یه‌كێكه‌ له‌شاره‌ كورديیه‌كانی هه‌رێمی جه‌زیره‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای شاری موسڵ شارێكی به ‌پیت و به‌ره‌كه‌ته‌ و بێستانی زۆره‌، ئه‌م شاره‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك چیایه‌ك كه‌ هه‌ر به‌ناوی ئه‌م چیایه‌وه‌ ناونراوه‌، له‌نێو شاره‌ كوردیيه‌كانی جه‌زیره‌ ته‌نها ئه‌م دار خورمای هه‌یه‌ بڕوانه‌: الأصطخرى:  المسالك و الممالك،  ل 53 ؛ صورة الأرض ، ل199 ؛ شوان عوسمان: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل37.
41- میافارقین: یه‌كێكه‌ له‌ شاره ‌كورديیه‌ دیاره‌كانی هه‌رێمی جه‌زیره‌ به‌ بنكه‌ی دیاربه‌كر داده‌نرێت  و ده‌كه‌وێته‌ نێوان جه‌زیره‌ و ئه‌رمینیا، سه‌رچاوه‌ی ئاو و هه‌روه‌ها باغ و بێستانیشی زۆره‌، دانیشتوانه‌كه‌ی تێكه‌ڵاون له‌ مسوڵمان و مه‌سیحی هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ كوردی تیادا نیشته‌جێ ‌بووه‌ بڕوانه‌: معجم البلدان، ج5، ل 236؛  هه‌روه‌ها بڕوانه‌ فائزة محمد عزت:  الكرد في أقليم الجزيرة و الشهرزور في صدر الأسلام ، په‌ڕاوێزی ژماره‌ (1)، ل 41.
42- رها(ئورفه‌): ئه‌م شاره‌ یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌ كوردییه‌ به‌ناوبانگه‌كانی جه‌زیره‌ كه‌ هه‌ر له ‌كۆنه‌وه‌ به‌ ( جه‌زیره‌ی كوردان ) ناسراوه‌،  ده‌كه‌وێته‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی ڕووباری فورات، شارێكی كۆنه‌ و سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان له‌ سه‌ده‌ی یه‌كه‌می زاینی به‌ شارێكی ئاوه‌دان ناویان هێناوه‌ بڕوانه‌: شوان عوسمان مسته‌فا: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل25-26 ؛ فائزة محمد عزت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل42.
43-ئامه‌د(دیاربه‌كر): شارێكی كوردی دیاری هه‌رێمی جه‌زیره‌یه‌، له‌ كۆنه‌وه‌ جێنشيگای كوردبووه‌، به‌تایبه‌تی هۆزه‌كانی حه‌میدی ولاری و هازبه‌نی، شاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری دیجله‌وه‌ و ڕووباری دیجله‌ وه‌ك ده‌مه‌داس ده‌وری داوه‌ ، بڕوانه‌: الأصطخرى:  المسالك و الممالك، ل53 ؛ ليسترينج:  بلدان الخلافة الشرقية. ل 140 ؛ صورة الأرض، ل28،315.
44- الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل265-270 ؛ المسعودي : مروج الذهب ، ج3، ل298 ؛ السعودي : التنبيه والاشراف، بیروت ، 1968، ل286 ؛ ابن خلدون: تاریخ ابن خلدون ، بیروت ، 1979، ج3، ل28-29  ؛ فائزة محمد عزت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل122
45-ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج8، ل282 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل260 ؛ المقدسی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج6، ل60 ؛ محمود شاكر: تاریخ الاسلامی ، ج4، ل157 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل49 ؛ د.محمد جمال الدین السرور: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل143 ؛ د.حسن إبراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل403.
46 -الدمشقی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل77 ؛  الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل479 ؛ ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل282 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل262 ؛ المقدسی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج6، ل62؛ المسعودي : مروج الذهب، ج3، ل3001 ؛ الشهرستانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل133: محمود شاكر: تاریخ الاسلامی، ج4، ل157 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل49 ؛ د.حسن إبراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل403 ؛ د.حسن جاف: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل174.
47- ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل282 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل260 ؛ ابن خلدون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج3، ل28-29 ؛ المقدسی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج6، ل60؛ محمود شاكر: تاریخ الاسلامی ، ج4، ل157 ؛ د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل108-109.
48- ابن طقطقي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل118 ؛ ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج9، ل327 ؛ ابن قتیبه‌: الامامه‌ والسیاسه‌ ، ج2، ل125-126 ؛ ثابت إسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل171 ؛  د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل54 ؛ د.حسن إبراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل406.
49- الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل193 ؛ د.حسن إبراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل406 ؛ د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل111.
50- الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل193 ،194 ؛ الدمشقی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل164 ؛ ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج9، ل327 ؛ ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل443 ؛ ابن الجوزي : المنتظم في تاريخ الملوك والامم ،ط1 ، بيروت، 1992 ، ج7، ل207 ؛ ابن طقطقي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل118 ؛ د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل111 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل54 ؛ ثابت اسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل172.
51- الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل326 ؛ الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل194 ؛ الدمشقی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل164 ؛ ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل443 ؛  د.حسن إبراهیم حسن: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل406 ؛ د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل111.
52- الكوفی: كتاب الفتوح، ج8، ل110 به‌دواوه‌ ؛ ابن طقطقي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل118 ؛ ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج9، ل327 ؛ ناجي حسن: ثورة زيد بن علي ، ل109 ، بغداد-نجف، 1966؛ د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل111.
53 مقدسی ئه‌ڵێت چل هه‌زار كه‌س بوون  بڕوانه‌: البد‌و والتاریخ ، ج6، ل50.
54- الكوفی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج8، ل110 به‌دواوه‌ ؛ ابن طقطقي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل118 ؛ ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج9، ل327 ؛ ناجي حسن: ثورة زيد بن علي، ل109 ، بغداد-نجف، 1966 ؛ د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل111.
55-  ابن المهلهل : الرسالة الثانية ،القاهرة، 1959، ل11 ؛ یاقوت الحموی: هه‌مان سه‌رچاوه‌، ج3، ل375 ؛ فائزة محمد عزت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل1236.
56- ابن المهلهل : الرسالة الثانية ،القاهرة، 1959، ل11 ؛ یاقوت الحموی: هه‌مان سه‌رچاوه‌، ج3، ل375 ؛ فائزة محمد عزت: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل1236.
57- الرسالة الثانية، ل11.
58- الدینوری: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل316 ؛ الیعقوبی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج2، ل،277-326 ؛ الطبري: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل204-205 ؛ الدمشقی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج1، ل158 ؛  ابن الاثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج4، ل443 ؛ القلقشندي : مآثر الاناقة في معالم الخلافة ، ط1 ،الكويت –1985 ،اج1، ل152 ؛ ابن الكثير: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج9، ل327 ؛ المقدسی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ج6، ل49 ؛ ابن طقطقي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل119 ؛ د. محمد طيب نجار: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل112 ؛ د.لبيد ابراهيم وآخرون: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل55 ؛ ثابت اسماعيل الراوي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 172.
59- هه‌مان سه‌رچاوه‌كانی پێشوو.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

نووسینەوەی مێژوو بەپێی حەز و ئارەزوو!

چەند تێبینییەک لەسەر کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد: ئەم کتێبە کە نووسەرەکەی سۆران حەمەڕەشە …