عه‌تا قه‌ره‌داخی
( بڕگه‌یه‌ك له به‌رگی سێیه‌می گوتارى ناسیونالیزمی كوردى، ئه‌مڕۆ 10-7-2017 یادى تێپه‌ڕینی 69 ساڵه به‌سه‌ر كۆچی دوایی ئه‌م مێژوونووسه گه‌وره‌یه‌ى كورددا، كه 10-7-1948 كۆچی دوایی كرد.)
محه‌مه‌د ئه‌مین حاجی عه‌بدوره‌حمان مه‌حمود 1880 له گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ى شارى سلێمانی له دایكبووه و ساڵی 1920 له كۆلێژى سهرهبازى و ئه‌ركانی عوسمانی ده‌رچووه، تا ساڵی 1924 چه‌ندین پله‌ى سه‌ربازى له سوپاى عوسمانی‌دا وه‌رگرتووه.
ساڵی 1925 چووه‌ته به‌غداو بووه‌ته دوو پشكنه‌رى فه‌رمانده‌ی فێرگه‌ى سه‌ربازى.
ده جار له كابینه‌كانی سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا بووه‌ته وه‌زیرو دواجار ساڵی 1942 وازى له كاری حكومه‌ت هێناوه. له 10-7-1948 له سلێمانی كۆچی دوایی كردووه. له دواى شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی دیارترین كه‌سه كه به شێوه‌یه‌كی زانستیانه به‌شێك له مێژووى كوردى نووسیووه‌ته‌وه.
كتێبه دیاره‌كانی له بوارى مێژوودا بریتین له :
1- خولاسه‌یه‌كی ته‌ئریخی كورد‌و كوردستان، به‌شی یه‌كه‌م ساڵی 1931 و به‌شی دووهك ساڵی 1937.
2- ته‌ئریخی وڵاتی سلێمانی، ساڵی 1939.
3- تاریخ الدوله و الامارات الكردیه، ساڵی 1945.
ئێمه لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین له‌سه‌ر بنه‌ماى لێكدانه‌وه‌ى دیدو بۆچوونه‌كانی ئه‌م مێژوونووسهو به پشت به‌ستن به به‌رهه‌مه مێژووییه‌كانی گوتارى مێژوویی ئه‌و دیارى بكه‌ین و له‌وێشه‌وه شوێنی ئه‌و گوتاره به پێی گوتارى ناوسیونالیزمی كوردى دیارى بكه‌ین، پێش ئه‌وه‌ش ده‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌م مێژوونووسه به‌شدارى به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ربازى و مه‌ده‌نی كردووه‌و له سیستمی دووان له ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كورستاندا كارى كردووه و جێگه‌و پێگه‌ى هه‌بووه، سه‌ره‌تا وه‌كو ئه‌فسه‌ر له سوپای عوسمانی‌دا به‌شداربووه تا ئه‌و كاته‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و له شوێنی‌دا به‌ڵام به قه‌واره‌یه‌كی بچووكترهوه ده‌وڵه‌تی نوێى تورك درووستبووه، واته تا ئه‌و كاته‌ى ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌وڵه‌تی فره ئیتنیك بووه، ده‌یان ئه‌فسه‌رو كاربه‌ده‌ستی كوردى باشوور له ناو داموده‌زگاكانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا كاربه‌ده‌ست بوون، ئه‌مین زه‌كی به‌گیش یه‌كێك بووه له‌وانه.
دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقی و لكاندنی ولایه‌تی موسڵ یان باشوورى كوردستان به‌و ده‌وڵه‌ته نوێیه‌وه به مه‌به‌ستی درووستكردنی هاوسه‌نگی مه‌زهه‌بی له پێكهاته‌ى دهوڵهتهكهداو بۆ دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندى زیاترى ده‌وڵه‌تانی بڕیاربه‌ده‌ست، ئه‌مین زه‌كی به‌گ و چه‌ندین كه‌سی تر له كوردانی كاربه‌ده‌ستی نێو ده‌وڵه‌تی عوسمانی پێشتر، ئه‌مجاره‌یان په‌یوه‌ندییان كردووه به ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقه‌وه و له‌وێش پله‌و پایه‌یان وه‌رگرتووه، به تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌فسه‌ر بوون له جۆرى ئه‌مین زه‌كی به‌گ و ته‌نانه‌ت رۆڵی كاریگه‌ریشیان هه‌بووه له درووستكردنی سوپاى ده‌وڵه‌ته نوێیه‌كه‌دا.
بێگومان به كاریگه‌رى كاركردنی له دامه‌زراوه‌كانی دوو ده‌وڵه‌تی داگیركه‌رى كوردستاندا‌و باڵاده‌ستی نه‌ته‌وه‌ى تورك و عه‌ره‌ب له‌و دوو سیستمهداو كاریگه‌رى تێكه‌ڵاوبوونی به رۆژئاوا وه‌كو خۆیشی ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات و زانینی زمانه‌كانی فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی و ئینگلیزى كه رۆڵیان هه‌بووه له‌وه‌دا كه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لاى ئه‌م مێژوونووسه به‌ره‌و ده‌ركه‌وتن و گه‌شه‌كردن بچێت و ئه‌وه‌ش ببێته پاڵنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى بیر له نووسینه‌وه‌ى مێژووى كورد بكاته‌وه، ئه‌ویش به سه‌ربه‌خۆیی واته جیا له مێژووى تورك و عه‌ره‌ب و فارس یان جیا له مێژووى ئیسلام مێژووى كورد وه‌كو نه‌ته‌وه بنووسێته‌وه، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ى بیر له بوون و پێگه‌ى كورد بكاته‌وه كه ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆكار بۆ گه‌ڕان به دواى بابه‌تێكدا كه له لاى ئه‌و ونبووه، نووسه‌ر له خۆى ده‌پرسێت: قه‌ومی كورد له چ نه‌ته‌وه‌یه‌كه، چی به‌سه‌ر هاتووه؟
(1)
گه‌یشتن به‌وه‌ى كه پرسیارێكی له‌م جۆره به‌رز بكاته‌وه به‌ڵگه‌ى بوونی هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌ییه كه واى لێده‌كات به دواى ئه‌سڵ و بوونی خۆى و ئه‌و هۆكارانهشدا بگه‌ڕێت كه كوردیان والێكردووه له بارێكدا بێت به دڵی ئه‌و نه‌بێت، خاڵێكی تر‌ى گرنگ له نووسینه‌وه‌ى مێژووى كورد‌و كوردستاندا له لایه‌ن ئه‌مین زه‌كی به‌گه‌وه ئه‌وه‌یه كه بۆ یه‌كه‌مجار كه‌سێك مێژووى كورد به كوردى بنووسێته‌وه، ئه‌مه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه ئه‌مین زه‌كی به‌گ له دواى شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی یه‌كه‌م كه‌سه كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ دانراو و به زانیارى و ورده‌كارییه‌وه مێژووى كوردى نووسیووه‌ته‌وه‌و به زمانی زكماكی خۆى كه زمانی كوردیه ئه‌و كاره‌ى ئه‌نجامداوه‌و ئه‌وه‌شی وه‌كو ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یر كردووه، له‌و باره‌شه‌وه ده‌ڵێت: به‌عزێ له دۆستان ویستیان كه ئه‌م كتێبانه یا به عه‌ره‌بی یا به توركی بنووسم، به‌ڵام به راستی لام موناسیب نه‌بوو، كه تاریخی كورد‌و كوردستان، له ته‌ره‌ف كوردێكه‌وه و له هه‌موو زیاتر بۆ كورد به زمانێكی غه‌یرى كورد بنووسرێ.
(2).
ئه‌گه‌ر سه‌یرى ئه‌وه بكه‌ین كه بۆچی ئه‌م مێژوونووسه كتێبه‌كانی خۆیی به زمانه‌كانی تر‌ى وه‌كو عه‌ره‌بی و توركی نه‌نووسیووه كه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه باوبووه‌و نووسین به زمانی كوردى جێگاى گرنگی پێدان نه‌بووه، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه پاڵنه‌رێكی نه‌ته‌وه‌یی له پشتی ئه‌و هه‌نگاوه‌وه بووه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر خۆى ده‌ڵێت ئه‌و مێژووى كورد و بۆ كوردیشی ده‌نووسێته‌وه ئیتر چ پێویست ده‌كات به زمانێكی تر بنووسرێت.
هه‌ر لێره‌شه‌وه سه‌ربارى ناوه‌رۆكی كتێبه‌كانی، نووسین به كوردى كاركردنه له‌سه‌ر یه‌كێكی تر له پایه هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی بوونی نه‌ته‌وه ئه‌ویش زمانه، گه‌ڕانه‌وه بۆ نووسین به زمانی نه‌ته‌وه له بوارى مێژوودا‌و وه‌كو یه‌كه‌م ده‌ستپێك، ئه‌زموونی هه‌نگاوێكی پڕبایه‌خه به گوێره‌ى كاره‌كانی ئه‌م مێژوونووسه.
هه‌روه‌ها ئه‌و ناونیشانانه‌شی كه بۆ كتێبه‌كانی هه‌ڵبژاردووه به تایبه‌تی” خولاسه‌یه‌كی مێژووى كورد‌و كوردستان، ده‌وڵه‌ت و ئیماراته كوردیه‌كان، پیاوه گه‌وره‌كانی كورد،…). ده‌بینین ناوى كورد‌و كوردستان ئاماده‌بوونێكی ته‌واوى هه‌یه له ناونیشانه‌كاندا، ئه‌مه‌ش له ئاستێكی تردا جیاكردنه‌وه‌ى مێژووى كورده له مێژووى ئه‌وانی تر به تایبه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ى نزیك له كوردن و ده‌وڵه‌ت و ئایینه‌كانیان كاریگه‌رى زۆریان هه‌بووه له‌سه‌ر كورد، ئه‌ویش له‌وه‌دا كه هه‌م كورد سه‌ركوت بكرێت و نه‌بێت به خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ربه‌خۆى خۆى، هه‌م له رووى كه‌لتوورى و عه‌قڵیه‌وه رۆڵیان هه‌بووه له دواخستنی درووستبوونی هه‌ست و هوشیارى نه‌ته‌وه‌یی كوردیدا. هه‌روه‌ك نووسه‌ر خۆیشی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه كاركردن له نێو ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا رۆڵی هه‌بووه له‌وه‌ى كه وه‌ها سه‌یر بكرێت كه هه‌مووان هاووڵاتی سایه‌ى ئه‌و ئیمپراتۆرێتهن، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: كه‌لیمه‌ى جامیعه‌ى عوسمانلی ئه‌عصابی قهومیهى هه‌موومانی تا ده‌ره‌جه‌یه‌ك خاوكردبۆوه.
(3).
ئاشكرایه كه سیاسه‌تی باوى ئیمپراتۆرێتی عوسمانی ئه‌وه بووه به‌رامبه‌ر به هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئیتنیكه جیاوازه‌كانی سایه‌ى ئه‌و ئیمپراتۆرێته كه هه‌موویان هاووڵاتی عوسمانین و جیاوازى نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیكی گوایه بوونی نیه، له‌م رووه‌شه‌وه توانیوویانه بۆ ماوه‌ى درێژخایه‌ن هه‌مووان به‌كاربهێن ئه‌ویش زیاتر به كاریگه‌رى ئه‌وه‌ى كه ئه‌و ده‌وڵه‌ته گوایه ده‌وڵه‌تی هه‌موو مسوڵمانانه.
دیاره ئه‌م سیاسه‌ته تا ئه‌و كاته به‌رده‌وام بووه كه كاریگه‌رى ده‌ركه‌وتنی ناسیونالیزمی ئه‌وروپی و درووستبوونی ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان گه‌یشتووه‌ته سنوورى قه‌ڵه‌مڕه‌وى عوسمانی و به‌رده‌وام كاریگه‌رى له‌سه‌ر تورك و ئیتنیكه‌كانی تریش هه‌بووه، سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لاى ئیتنیكی توركی به پله‌ى یه‌كه‌م و لاى ئه‌وانی تریش دواتر بووه‌ته هۆى درزبردنی ئه‌و یه‌كێتیه‌و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بیرى به‌لاى ئه‌وه‌دا چووه كه ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی خۆیی هه‌بێت، له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا دهستبژێرى كورد له ناو دامهودهزگاو له شاره گه‌وره‌كانی عوسمانی‌دا ئه‌و هه‌سته‌یان لادرووست بووه، كه ئه‌وانیش به دواى بوون و شووناسی خۆیاندا بگه‌ڕێن.
پێشتر به‌درخانیه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته راپه‌ڕینیان كرد له پێش ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ى نۆزدهیهمداو به نزیكه‌ى سێ ده‌یه دواى ئه‌وه‌ش له ژێر كاریگه‌رى هه‌مان هۆكاردا شێخ عوبه‌یدوڵاى نه‌هرى راپه‌ڕینی به‌رپاكرد، بنه‌ماڵه‌ى به‌درخانیه‌كان له ساڵی 1898 دا رۆژنامه‌ى كوردستانیان ده‌ركرد كه به‌رهه‌می هه‌ست و هوشیارى نه‌ته‌وه‌یی بوو له لای ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه منه‌وه‌ره، دواتریش له‌سه‌رده‌می ئیتیحاد‌و ته‌ره‌قیدا به‌شێكی تر له كوردانی خوێنده‌وارو ئه‌فسه‌رانی نێو سوپاى تورك له ئه‌نجامی كاركردنی توركه‌كان به چه‌مكی نه‌ته‌وه‌یی تورك له‌برى چه‌مكی گشتگرى هاووڵاتی عوسمانلی هه‌ستیان به‌و جیاوازیه كردووه، كه یه‌كێك له‌و كه‌سه دیارانه گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ى له دواى خۆناسین و ناسینی نه‌ته‌وه‌ى خۆیان بگه‌ڕێن محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ بووه. وه‌كو خۆى ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات ئه‌و هه‌ستكردنه به جیاوازى نه‌ته‌وه‌یی هۆكارى سه‌ره‌كی بووه بۆ ئه‌وه‌ى دواى مێژووى نه‌ته‌وه‌كه‌ى بكه‌وێت.
نووسه‌ر به به‌رنامه‌یه‌كی ئاشكراوه ده‌ستیكردووه به نووسینه‌وه‌ى مێژووى كورد‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌و تێڕوانینه له كاره‌كانیدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه ئه‌و دڵنیابووه كه كورد ده‌بێ مێژووى تایبه‌تی خۆیی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشان ده‌دات كه ئه‌و پێیوابووه كورد نه‌ته‌وه یان پێكهاته‌یه‌كی جیاوازه له ئه‌وانی تر‌و به‌و پێیه‌ش ده‌بێ بوون و شووناسی خۆیی هه‌بێت.
به‌لاى ئه‌وه‌وه شووناسی جیاوازیش له‌سه‌ر دوو بنه‌ماى سه‌ره‌كی دیارى ده‌كرێت كه یه‌كه‌میان خاكه‌و دواى ئه‌ویش بوونی مرۆڤه كه مه‌به‌ست مرۆڤى كورده كه خاوه‌نی زمان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆى بێت به هه‌موو ره‌گه‌زو توخم و پایه‌كانی جیاوازییه‌وه، كه ئه‌مانه ده‌بنه بنه‌ما بۆ به‌رهه‌مێنانی شووناسی جیاواز كه لێره‌دا مه‌به‌ستمان شووناسی كوردیه. به‌شی یه‌كه‌می خۆلاسه‌ى مێژووى كورد‌و كوردستان به‌م ناونیشانه ده‌ست پێ ده‌كات: كوردستان و جێگه‌و میقدارى كورد، كوردستان به كوێ گوتراوه؟
(4).
سه‌ره‌تا نووسه‌ر هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى كه كوردى تێدا نیشته‌جێیه‌و ده‌ژی به كوردستان ناو ده‌بات كه ئه‌وه‌ش پێناسه‌ى خاكی كوردانه‌و نه كۆنتر خاكی عوسمانلی و سه‌فه‌وى بووه، نه له مێژووى نوێشدا خاكی ئه‌و دهولهَتانهیه كه كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه له عه‌ره‌ب و تورك و فارس. هه‌روه‌ك جێگه‌ى كوردستانیش دیارى ده‌كات كه جوگرافیایه‌كه سنوورى دیاریكراوى خۆیی هه‌یه‌و ئه‌گه‌رچی له سیاسه‌تی نێو دهولهَتی نوێ‌دا هێڵی سنوورى ده‌ستكرد به ناو جه‌سته‌ى ئه‌م نیشتیمانه یان جوگرافیا یه‌كگرتووه‌دا كێشراوه به‌ڵام له رووى نه‌ته‌وه‌یی و دانیشتوانه‌وه ئه‌و هێڵه ده‌ستكردانه نه‌یانتوانیووه جه‌سته‌ى كورد یان نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تی كوردستان له‌ت بكه‌ن.
هه‌وڵدان بۆ دیاریكردنی جوگرافیاى كوردستان و سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێیدا ده‌ربڕى بوونی پاڵنه‌رێكه كه هوشیارى نه‌ته‌وه‌یی جوڵێنهرێتی. بۆیه له‌م رووه‌وه مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌مین زه‌كی به‌گ له‌گه‌ڵ نووسینه‌وه‌ى مێژووى كورددا ده‌شێ بۆ ئه‌و قۆناغه وه‌ها سه‌یری بكرێت كه ناسیونالیستێكی كورد ئه‌و مێژووه ده‌نووسێته‌وه، گه‌ڕان به دواى سنووره جوگرافیه‌كان و ژماره‌ى كوردى ئه‌و شوێنانه‌ى لێی ده‌ژین و ته‌نانه‌ت كوێ به كوردستان ناوده‌برێت، به‌گشتی ئه‌و بنه‌مایانه روون ده‌كه‌نه‌وه كه به چه‌مكی كلاسیك نه‌ته‌وه پێكده‌هێنن.
له‌م رووه‌وه ئه‌مین زه‌كی به‌گ له مێژووه‌كه‌یدا به دواى ئاشكراكردنی ئه‌و بنهمایانهوهیه كه كورد به دیدى كلاسیك ده‌كه‌ن به نه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش رووناكی ده‌خاته سه‌ر گوتارى مێژوویی ئه‌م مێژوو نووسه‌و گوتاره‌كه‌ى بارگاوى ده‌كات به ره‌گه‌زه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد یان به چه‌مكی نوێ به ره‌گه‌زه‌كانی ناسیونالیزمی كوردى، بۆیه لێره‌وه به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه گوتارى مێژوویی محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ گوتارى نه‌ته‌وه‌یی كورده.