له یادی (233) ساڵـه‌ی دروستكردنیدا
سلێمانی، له پایته‌ختی (میرنشینی بابان)ه‌وه بۆ پایته‌ختی رۆشنبیری كوردستان
عومه‌ر ئیسماعیل مارف-قه‌ڵادزێ *
گومانی تێدا نییه (برایم پاشا1782-1802ز)ی میری بابان، له دیرۆك و رابردووی نه‌ته‌وه‌ی كورددا كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌وه‌نده نه‌مر و شایسته‌یه، هه‌ر بۆیه پێویست بوو هه‌تا ئێستا چه‌ندین كتێبی قه‌باره گه‌وره و بچووك له‌سه‌ر ژیان و سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی و به تایبه‌ت یه‌كێك له دیارترین كاره گرنگ و ناوازه‌كانی كه دروست كردنی شاری سلێمانی یه، بنووسرایه؟! چونكه وه‌كو پێشتریش زۆرێك له نووسه‌ران و شاره‌زایان ئاماژه‌یان بۆ كردوه، برایم پاشاكه‌ی ئێمه‌ش هیچی له (ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی) دروستكه‌ری شاری ئه‌سكه‌نده‌رییه له میسر و (ئه‌بو جه‌عفه‌ری مه‌نسوور)ی بنیادنه‌ری شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق و چه‌ندین ئیمپڕاتۆر و پاشا و فه‌رمانڕه‌وای تری جیهان كه‌متر نه‌بووه كه له ئێستادا ناو و ناوبانگیان به دره‌وشاوه‌یی ماوه‌ته‌وه و بوون به جێگای شانازی نه‌ته‌وه‌كانیان.
ئێمه لێره‌دا هه‌وڵمانداوه به پشت به‌ستن به چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی جێگا باوه‌ڕ و زانستی باس له چۆنیه‌تی دروست كردنی سلێمانی و شێوازی نیشته‌جێ بوون و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیی و ئاواكاری ئه‌وێ رۆژێ بكه‌ین و ئاوڕێك له‌و كاته‌ی پایته‌ختی میرنشینی بابان بده‌ینه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی (115) ساڵ (قه‌ڵاچوالان) كه به دووری (30كلم) ده‌كه‌وێته باكووری خۆر هه‌ڵاتی شاری سلێمانی، پایته‌ختی میرنشینی بابان بووه(1). به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان؛ پێش چۆڵ كردنی له رووی ئاوه‌دانی و نیشته‌جێ بوونه‌وه، شارێكی فراوان و گه‌وره بووه كه له بینای میرایه‌تی و كاروباری حكومه‌ت و خانووی بنه‌ماڵه‌ی پاشایی به سه‌رجه‌م میر و به‌گه‌كان و خانووی پیاوه گه‌وره‌كان و مه‌لاكان و كه‌سایه‌تییه‌كان و بازاڕ و كاروانسه‌را و زیاتر له (2) هه‌زار ماڵ(2) له گه‌ڕه‌كه‌كانی؛ (ته‌كیه‌ی ده‌روێشان، ده‌رگه‌زێن، قزڵجیان، گردی شێخ حه‌سه‌ن، بابانه‌كان و ئاڵڵا چاوشی فه‌ره‌ج) پێكهاتووه، هه‌روه‌ها گه‌رماوێك و (5) مزگه‌وتی تێدا بووه. له‌وانه مزگه‌وتی گه‌وره به ناوبانگ ترینیان بووه كه خوێندنگایه‌كی ئاینیی و كتێبخانه‌یه‌كی(3) گه‌وره‌ی هه‌بووه(4)، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ڵاچوالان ناوچه‌یه‌كی شاخاوی ته‌نگه‌به‌ر و نه‌گونجاو بووه، وه‌كو پێویست ده‌ستی نه‌داوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه زیاتر به پایته‌ختی میرنشینی بابان بمێنێته‌وه، هه‌روه‌ها جگه له هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیش، دووری شوێنه‌كه له ناوه‌ندی شاره‌گه‌وره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، هۆكارێك بووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن برایم پاشاوه بیر له چۆڵ كردنی بكرێته‌وه(5).
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، به هۆی ئه‌وه‌ی برایم پاشا ماوه‌یه‌كی زۆر له به‌غدا ژیاوه و فێری كلتوور و داب و نه‌ریتێكی جیاوازی شارنشینی و هه‌ڵسوكه‌وتی پێشكه‌وتوو بووه، هه‌ر بۆیه ئاره‌زووی ژیانی سه‌رده‌میانه‌ی شارستانی كردوه و حه‌زی نه‌كردوه له شوێنێكی به‌رده‌ڵان و دارستانی وه‌كو قه‌ڵاچوالان دا بمێنێته‌وه(6).
كاتێك برایم پاشا چه‌ند جارێك به مه‌به‌ستی راوكردن هاتووه‌ته ئه‌و دیووی شاخی ئه‌زمڕ و نزیك ئه‌و قه‌ڵا سه‌ربازییه‌ی كه (3) ساڵ پێشتر (مه‌حموود پاشای یه‌كه‌م1773-1782ز)ی مامی له ساڵی (1781ز) له‌سه‌ر گردێك(7) له نزیكی گوندی (مه‌ڵكه‌ندی(8)) به مه‌به‌ستی پاسه‌وانی بۆ پارێزگاری و ئاسایشی ناوچه‌كه دروستی كردوه(9)، هانده‌رێكی باش بووه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌مان شوێن دا بیر له دروست كردنی شارێك بكاته‌وه، هه‌روه‌ها سروشتی جوان و دڵ گیر و كه‌ش و هه‌وای فێنكی ناوچه‌كه‌ش یه‌كێكی تر بووه له هۆكاره‌كان. هه‌ر بۆیه، ساڵی (1784ز) بڕیاری داوه له نزیك گوندی مه‌ڵكه‌ندی و له بناری چیای گۆیژه پایته‌ختێكی تازه بۆ میرنشینه‌كه‌ی دروست بكات(10).
دوای ئه‌و بڕیاره، دانیشتوانی قه‌ڵاچوالان خانووه‌كانیان هه‌ڵوه‌شاندوه و داروپه‌ردوی بینا و مزگه‌وت و خوێندنگاكانیان به وڵاخ گواستووه‌ته‌وه و له هه‌مان شوێنی دیاریكراودا دووباره له‌لایه‌ن وه‌ستای شاره‌زای ئه‌و كاته و كرێكاری به توانا و هاوڵاتیان و دانیشتوانی قه‌ڵاچوالان كراونه‌ته‌وه به خانوو مزگه‌وت و دوكان، بێ گومان ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی باش بووه بۆ كار ئاسان كردن و كه‌م كردنه‌وه‌ی كات و تێچووی بینا نوێیه‌كان. دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، چه‌ند گه‌ڕه‌كێك خانوو له‌گه‌ڵ گه‌رماوێك و خان-كاروانسه‌را و دوكان و بازاڕێكی گه‌وره و چه‌ند مزگه‌وتێك كه یه‌كێك له‌وانه داروپه‌ردوی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵاچوالان بووه و بۆ دروست كردنی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاره‌كه له گه‌ڕه‌كی (كانی ئاسكان)ی ئێستا بهكارهاتووهتهوه(11).
جێگای ئاماژه‌یه، دوای دروستكردنی خانووه‌كان به به‌رد و خشتی كاڵ، ئینجا به داری چنار و به‌ڕوو سهرهكهیان دارهرا كراوه و پاشان دیواره‌كانی به قوڕ سواخ دراوه، هه‌روه‌ها هه‌موو ماڵێكیش باخچه‌یه‌كی بچووكی تایبه‌ت به خۆی هه‌بووه.
دوای ئه‌وه‌ی به گوێره‌ی نه‌ریتی ئه‌و كاته، ژماره‌كاری و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ناسان ته‌واو بووه، رۆژی هه‌ینی (4-11-1784ز(12)) له ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌دا، دانیشتوانی قه‌ڵاچوالان به گه‌وره و بچووكه‌وه به‌ره‌و شاره تازه‌كه كۆچیان كردوه(13). ئه‌گه‌ر له‌و كاته‌دا هه‌موو دانیشتوانی قه‌ڵاچوالان كۆچیان نه‌كردبێت، ئه‌وا بێ گومان به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی كه سلێمانی پایته‌ختی نوێ بووه، زوربه‌ی زۆری بنه‌ماڵه‌ی بابان و كاربه‌ده‌ستانی میرنشینه‌كه، كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، بازرگانان، دوكاندار و خاوه‌ن پیشه‌كانی تر، له‌گه‌ڵ پاشادا به‌ره‌و سلێمانی هاتوون. پاشانیش له هه‌موو ناوچه‌كانی تری كوردستان وه‌كو؛ (كه‌ركوك، هه‌ولێر، ره‌واندز، شاره‌زوور، پشده‌ر، سنه، هه‌مه‌دان، سه‌قز، بانه و مهاباد …) خه‌ڵكێكی زۆر به لێشاو روویان له سلێمانی كردوه و له‌گه‌ڵی دا خاوه‌ن بیر و رای ئاینیی جیاوازی وه‌كو؛ (موسڵمان، جووله‌كه و كریستیان)ی تێدا نیشته‌جێ بووه(14).
به‌پێی زۆرێك له سه‌رچاوه‌كان؛ دوای ته‌واوبوونی شاره‌كه، برایم پاشا نامه‌یه‌كی بۆ به‌غدا ناردوه و سلێمان پاشای والی ئه‌و كاته‌ی له‌وه ئاگاداركردوه‌ته‌وه كه شاره‌كه‌ی له‌به‌ر گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی ئه‌و به (سلێمانی(15)) ناوناوه(16)!
پاشان (شێخ مارفی نۆ دێ1753-1738ز) كه له‌و كاته‌دا قازی میرنشین بووه، به پێش نوێژ و وتار خوێنی هه‌مان مزگه‌وتی گه‌وره دامه‌زراوه، هه‌روه‌ها كتێبخانه گه‌وره‌كه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵاچوالان دووباره له مزگه‌وته‌كه‌دا دانراوه‌ته‌وه(17). جگه له‌وه هه‌ر به فه‌رمانی برایم پاشا، مزگه‌وتی (حاجی شێخ ئه‌مینی خاڵ) كه ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له قه‌ڵاچوالان به‌رده‌وام خاوه‌نی مزگه‌وت و خوێندنگای تایبه‌ت و فه‌قێ بوون(18)، داروپهردوهكهی و ته‌نانه‌ت چوارچێوه‌ی ده‌رگاكه‌شی هێنراوه بۆ سلێمانی و دووباره له گه‌ڕه‌كی ئێستای (سابوونكه‌ران) مزگه‌وتێكی تازه‌ی پێ دروست كراوه‌ته‌وه(19).
دوای ئه‌وه‌ی برایم پاشا سلێمانی دروستكردوه، قه‌ڵا كۆنه‌كه‌ی مه‌حموود پاشای مامی هه‌ر به سه‌ربازگه‌ی هێزی بابان هێشتووه‌ته‌وه، پاشان بۆ خۆشتنی سه‌ربازه‌كانیش له نزیكییه‌وه گه‌رماوێكی به ناوی (گه‌رماوی قشڵه) دروست كردوه كه شوێنه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته سه‌ر شه‌قامی مه‌وله‌وی ئێستا(20).
به‌پێی سه‌رچاوه‌كان: له‌و كاته‌دا سلێمانی له (7) گه‌ڕه‌ك پێكهاتووه؛ یه‌كه‌م گه‌ڕه‌كیش كه بنیادنراوه له بناری شاخی گۆیژه بووه، هه‌ر بۆیه به ناوی (گۆیژه) ناونراوه و كه‌وتووه‌ته لای خۆرهه‌ڵات و باكووری ئه‌و كاته‌ی سلێمانی، هه‌روه‌ها گه‌ڕه‌كی (سابوونكه‌ران) كه‌وتووه‌ته به‌شی خۆر هه‌ڵات و له‌گه‌ڵ دروست كردنی سلێمانی دا بنیادنراوه كه دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه به‌رده‌وام سه‌رگه‌رمی دروست كردنی سابوون بوون. گه‌ڕه‌كی (ده‌رگه‌زێن(21))یش له‌لایه‌ن (6) بنه‌ماڵه‌ی سوننه‌وه دروست كراوه كه پێشتر له گوندێك به‌و ناوه‌وه له نزیك هه‌مه‌دان له ده‌ست سته‌م و ئازاری شیعه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه كۆچیان كردوه و له قه‌ڵاچوالان نیشته‌جێ بوون، دواتریش هاتوونه‌ته سلێمانی(22). هه‌رچی گه‌ڕه‌كی (كانی ئاسكان)ه، له‌و كاته‌دا سنووری باكوور و باكووری خۆر ئاوای شاره‌كه بووه و ناوه‌كه‌شی له‌و كانییه‌وه هاتووه كه پێشتر ئاسكهكێوییهكانی ناوچه‌كه ئاویان لێی خواردوه‌ته‌وه. گه‌ڕه‌كی (سه‌ر شه‌قام)یش له‌و كاته‌دا كه‌وتووه‌ته باشووری شاره‌كه و له‌سه‌ر ئه‌و رێگایه دروست كراوه كه پێشتر كاروانی (قه‌ڵاچوالان-به‌غدا) له كه‌لی شاخی سه‌گرمه‌وه پێی دا تێپه‌ڕبووه. گه‌ڕه‌كی (چوارباخ) كه‌وتووه‌ته خۆر ئاوای سلێمانییه‌وه(23)، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا به هۆی جیاوازی ئاینییه‌وه گونجاو نه‌بووه جووله‌كه‌كان خانوویان له‌ناو ماڵی موسڵمانه‌كان دا بێت، هه‌ر بۆیه هه‌موویان كۆبوونه‌ته‌وه و له باشووری خۆر ئاوای سلێمانی دا گه‌ڕه‌كێكیان دروست كردوه به ناوی گه‌ڕه‌كی (جووله‌كان) و كه‌وتووه‌ته به‌رامبه‌ر گوندی (وڵوبه) و به پیشه‌ی خومچێتی-ره‌نگرێژی، ده‌باغی و شه‌ڕاب دروست كردنه‌وه خه‌ریك بوون(24).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا، ئه‌و وه‌ستا و كرێكارانه‌ی له ناوچه‌كانی خۆر هه‌ڵات و به تایبه‌ت له میرنشینی ئه‌رده‌ڵان و سۆران و شاری كه‌ركوك و به‌غدا و شوێنه‌كانی تره‌وه هاتوون به‌شێكی زۆریان ماونه‌ته‌وه و له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی سلێمانی دا نیشته‌جێ بوون.
پاشان دوای (4) ساڵ و له (1788ز)دا، فاتمه خانی كچی (سلێمان پاشای كوژراو1747-1765ز) له‌سه‌ر شێوازێكی بیناسازی پێشكه‌وتوو له نزیك سه‌رای ئێستای سلێمانی، گه‌رماوێكی گه‌وره‌ی به ناوی خۆیه‌وه دروست كردوه كه دواتر به‌شێكی زۆری میره‌كانی بابان ماڵه‌كانیان له نزیكی ئه‌و گه‌رماوه دا دروست كردوه(25).
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، دوای دروستكردنی سلێمانی چه‌ند ماڵێكی كلدانی كریستیان له چه‌ند شوێنێكی وه‌كو كه‌ركوك، موسڵ، قه‌ره‌داخ و كۆیه‌وه هاتوونه‌ته گه‌ڕه‌كی گۆیژه و نیشته‌جێ بوون، دواتر به تێپه‌ڕبوونی رۆژگار ژماره‌یان زیادی كردوه هه‌تا بوون به (30) ماڵ، پاشان كه‌نیسه‌یه‌كیان به ناوی (مریه‌م عزرا) بۆ خوا په‌رستی خۆیان دروست كردوه(26).
ده‌رباره‌ی بواری ئاوه‌دانی و پێكهاته‌كانی ئه‌و كاته، دوای تێپه‌ڕبوونی (36) ساڵ به سه‌ر دروستكردنی دا، نووسه‌ر و سیاسه‌توان و خۆر هه‌ڵات ناس و گه‌شته‌وه‌ری به‌ناوبانگی به‌ریتانی (كلۆدیۆس جه‌یمس ریچ1787-1821ز) له باسی سلێمانی دا نووسیوویه‌تی؛
« … شاره‌كه هه‌مووی له گوندێكی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بی ده‌چوو كه ناو ماڵه‌كانی به‌ده‌ره‌وه‌ن(27)، به‌ڵام خانووه باشه‌كانی سلێمانی له‌سه‌ر شێوه‌ی چوارگۆشه‌یی یه‌ك نهۆمی و له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌كی گه‌وره دروست كراون، دیواره‌كانی سه‌كۆكه به قوڕی تێكه‌ڵ به كا سواخ درابوون، یه‌ك دوو ژووری خانووه‌كه‌ش له‌سه‌ر سواخی قوڕه‌كه‌وه به قسڵ سواخ درابوون. بن میچهكهیشی ته‌خت و دارهرا و رایه‌ڵی رێك و جوان كرابوون، له سه‌روو ئه‌مه‌شه‌وه گڵه‌بان كرابوو، هه‌موو خانووه‌كه‌ش له‌ناو حه‌وشه‌یه‌كی گه‌وره‌دا كه به دیوارێك له‌و سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ر كرابوو به دوو به‌شه‌وه، دیواره‌كه له نزیك ناوه‌ڕاستی خانووه‌كه‌دا له هه‌ردووك به‌ری حه‌وشه‌كه‌ی ده‌دایه‌وه و كردبووی به دوو به‌شی پاش و پێشه‌وه. یه‌كێكیان كرابوو به (حه‌ره‌م) شوێنی ئافره‌تان، ئه‌وه‌ی تریشیان كرابوو به دیوه‌خان. هه‌ردووك حه‌وشه‌كه‌ش سه‌وزه گیایه‌كی زۆری لێ روابوو، داری بیی و چنار و تووی لێ نێژرابوو، گوڵی هه‌مه چه‌شن له ناو گوڵدان و دوكانی بچكۆله‌دا نێژرابوون. له حه‌وشه‌ی ماڵه‌كانی سلێمانی دا، جۆگه‌له‌یه‌كی بچكۆله‌ی ئاویشی تێدایه كه به كارێز له شاخه‌وه راكێشراوه. وا دیاربوو له دروست كردنی ژووره‌كان دا پشتیان به هیچ نه‌خشه‌یه‌ك نه‌به‌ستبوو، هه‌روه‌ها ژووره‌كان بۆنی پیسیان لێ ده‌هات و كێچ و هه‌زار پێ و دووپشك و ماری گه‌وره و ژه‌هردار زۆر هه‌بوو(28)! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا، سلێمانی قه‌ڵای سه‌ربازی تیادا نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جوگرافیای سروشتی شوێنه‌كه به قه‌ڵای سروشتی ده‌وری دراوه، هه‌روه‌ها له‌و كاته‌دا بواری ئابووری گه‌شه‌ی كردوه، هه‌ر بۆیه له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ره‌وه هاوڵاتیان به‌رده‌وام به‌ره‌و سلێمانی له كۆچ كردان دا بوون(29).
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ئه‌و شاره دیمه‌ن ناشیرینه، (5) مزگه‌وتی رێك و جوان(30) و (5) كاروانسه‌را و (5) گه‌رماوی تێدایه كه ته‌نها یه‌كێكیان زۆر باشه(31)، هه‌روه‌ها ئاماری دانیشتوانی سلێمانی به هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی میری و داروده‌سته‌ی میره‌كانه‌وه (10) هه‌زار كه‌سن. دانیشتوانی شار له بنچینه‌دا بریتی بوون له جوتیار و گوند نشین(32) كه له (2) هه‌زار ماڵی موسڵمان و (130) ماڵی جووله‌كه و (9) ماڵی مه‌سیحی كلدانی له‌گه‌ڵ كه‌نیسه‌یه‌كی بچكۆله‌ی دارووخاو كه له گه‌ڕه‌كی گۆیژه نیشته‌جێ بوون، هه‌روه‌ها (5) ماڵی ئه‌رمه‌نی تێدایه، به‌ڵام ئه‌مانه قه‌شه و كه‌نیسه‌یان نییه … «(33).
جێگای ئاماژه‌یه، یه‌كه‌م دوكانی كتێب فرۆشتن له سلێمانی دا كتێبخانه‌كه‌ی (مه‌لا برایم قولهرهشی(34)) بووه كه له‌گه‌ڵ دروست كردنی سلێمانی دا كراوه‌ته‌وه و دواتر ناونراوه كتێبخانه‌ی مه‌لا عه‌لی سه‌حاف(35).
ئه‌گه‌رچی ئه‌و شێوازه‌ی به هۆیه‌وه شوێنی پایته‌ختی تازه‌ی تێدا ده‌ستنیشان كراوه، ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ره‌چاوی مه‌سه‌له‌ی ئابووری و ستراتیژی و سیاسی تایبه‌ت كراوه، چونكه ئه‌و كاته بۆ بابانییه‌كان كردنی شارێكی دیكه به پایته‌خت نه‌گونجاو بووه. به نموونه شاری (كۆیه) به هۆی شوێنه جوگرافییه‌كه‌ی هه‌میشه جێگای مه‌ترسی بووه له به‌رده‌م شاڵاوی سه‌ربازی دا، چونكه له ناوچه‌یه‌كی ده‌شتایی كراوه‌دا بووه. هه‌رچی (رانیه)ش بوو كه دووه‌مین شاری بابانییه‌كان بووه له رووی گرنگییه‌وه شوێنه‌كه‌ی لاپه‌ڕ و نزیك میرنشینی سۆران بووه كه نه‌یارێكی كۆنی میرنشینی بابان بووه. هه‌ر چه‌نده باس له‌وه‌ش ده‌كرێت پێشتر بڕیار بووه (قه‌ره‌داخ) بكرێت به پایته‌خت، به‌ڵام برایم پاشا نه‌خشه و به‌رنامه‌كه‌ی گۆڕیووه.
سه‌رئه‌نجام، بابانییه‌كان بڕیاریان دا له‌و شوێنه شارێكی نوێ بنیادبنێن به جۆرێك كه ره‌نگدانه‌وه‌ی شكۆمه‌ندی و خه‌ونه‌كانی ئاینده‌یان بێت. هه‌ر چه‌نده دروست كردنی پایته‌ختی نوێ، ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی جۆراوجۆری هه‌بووه سه‌باره‌ت به‌و سه‌رده‌مه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بابانییه‌كان و ئاینده‌ش.
وه‌كو پێشتر باس كرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ڵاچوالان پایته‌ختێكی بچووك بووه له رووی بیناسازی و ئابوورییه‌وه فراوان بوونی به خۆیه‌وه نه‌گرتووه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه پایته‌ختی تازه له‌سه‌ر شێوازی شارێكی كراوه دروست كراوه كه شووره‌ی هه‌میشه‌یی نه‌بووه، ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه له‌و كاته‌دا بابانییه‌كان مه‌به‌ستیان بووه پایته‌خته‌كه‌یان ببێته شارێكی ئاوه‌دانی گه‌وره، له ئاینده‌ش دا فراوان بوونی دانیشتوانی و ئابووری به خۆیه‌وه بگرێت. دواتریش، سه‌دان كه‌س له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر روویان تێ كردوه و ئاوه‌دان تریان كردوه‌ته‌وه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، وا پێده‌چێت بابانییه‌كان له‌وه دڵنیابووبن كه پایته‌خته تازه‌كه‌یان گرنگییه‌كی ئابووری ده‌بێت به به‌راورد له‌گه‌ڵ قه‌ڵاچوالانی پایته‌ختی كۆن، چونكه ئه‌و رێگا بازرگانیانه‌ی كه زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستانی به ئازه‌ربایجان و ناوچه‌كانی میسۆپۆتامیاوه ده‌به‌سته‌وه، به ناوچه‌ی سلێمانی دا تێپه‌ڕبوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووڕیانی به یه‌كگه‌یشتنی بازرگانه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی بووه، به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له كوردستانی بچووك و ئازه‌ربایجان یان له كه‌ركوك و موسڵ هاتوون. هه‌ر به هۆی ئه‌و توانا ئابووریهشهوه گه‌لێك جووله‌كه و مه‌سیحی بازرگان و پیشه‌گه‌ر به خێرایی له سلێمانی دا نیشته‌جێ بوون. ئه‌وانه له‌و كاته‌وه رۆڵێكی به‌رچاویان له بواری ئاوه‌دانی و ئابووری دا بینیووه و زۆرێك له‌وانه‌ی تازه له سلێمانی دا نیشته‌جێ بوون بوونه‌ته خاوه‌نی زه‌ویوزارێكی زۆر و خانوو بازاڕ و دوكان(36).
هه‌ر بۆیه دواتر مه‌لا (خالدی نه‌قشبه‌ندی1779-1827ز) كه ئه‌و كاته هێشتا نه‌بووه به (مه‌ولانا)، له ستایشی ئه‌و كاره ناوازه و خۆشه‌ویستی زۆری بۆ برایم پاشا، به زمانی فارسی هۆنراوه‌یه‌كی جوان و پڕ مانای نووسیووه(37) كه (حاجی تۆفیق)ی پیره‌مێرد هه‌ر به هۆنراوه كردویه‌تی به كوردی به‌و شێوه‌یه؛
حـهمـدو سـهنـا بـۆ مـهلـیـكـی (ذوالـجـلال)
نــهعـت و سـلام بۆ مه‌هی بورجـی كـهمـال
دێــمـــه ســه‌ر ئـهوسـافـی شـههــی دادگــهر
شـاهــێـــكـــی ده‌ریـــا دڵــــی واڵا تـــهبـــار
داوه‌ری دارا رهوشــــــی جـــــهم ویـــــقـــــار
كــێـوی شـه‌ره‌ف كـانـی ســهخــاو و كــهرهم
هـه‌ر كـهسـێ لای ئـه‌و كـه بـبـێـتـه خـهدهم
روتــبــهی ئــهگــاتــه كــهمــهری ئــاسـمــان
حــاجـهتی نـامـێـنـێ بـه روتـبـه و نـیـشـان
دوشــمـنـی تــرســاوه لـه شــمــشــێــری ئه‌و
چــهرخ سـه‌ری شــێــواوه لـه تــهدبیری ئه‌و
پــاشــا كـــوڕهكـــهی نـــاو نـــا ســـلــێــمــان
هـه‌ردوو له رێی هه‌ردوو جیهان دوو چران
رهغـبـهتــی وا داوه بـه ئــهربــابــی شــهرع
ئـهرچ و سـه‌ما یه‌كه به ئـه‌سڵ بـه فـهرع
نـــاوی بــه نــاوێــكــهوهیــه هــاونــیــشـــان
ئــاگــری نــهمــروود بــووه‌تــه گــوڵــســتان
هـــهرچـی كــه نــاوی كـهرهمــی ئـه‌و ده‌بــا
رۆژێــكــه تـــاریــكــی لــه نــاو ده‌ر ئــهبـــا
چــۆلــهكــه لای بــازهوه چـــیـــنـــه دهكـــا
تــرســه وه‌كــو گــورگ مــه‌ڕ ئـه‌با بۆ تكــا
مـههـدی ئـه‌گـه‌ر بـبـیـه لـه عه‌دلی خه‌به‌ر
(یــحــســبـــه ســـنـــه خـــیــر الـــبــشـــر)
حــافــزی شـــیــرازی بـــمــایـــه ئـــه‌گـــه‌ر
لای نــهدهمــا هــیـچ لـه مــوســهلـلا (أبتر)
بـانـگ ئـهكـهنـه من هه‌مـوو ئه‌هلی یه‌قین
(أنك فــیـهـــا لــمــن الــــخـــالـــدیـــن)(38).
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
1-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی چواره‌م، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ئاراس، هه‌ولێر2012، ل21.
2-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ئاراس، هه‌ولێر2012، ل42.
3-له‌و كاته‌دا، كتێبخانه‌ی به‌ناوبانگی بابان چه‌ندین ده‌ست نووسی ده‌گمه‌نی عه‌ره‌بی و فارسی تێدابووه، هه‌روه‌ها میره‌كانی بابان نووسه‌ری به‌توانایان ناردوه بۆ (قاهیره، مه‌ككه، سه‌نعا، تاران و ئیسفه‌هان) بۆ كڕینی كتێب و نووسینه‌وه و هێنانیان بۆ قه‌ڵا چوالان. به جۆرێك، ژماره‌ی كتێبه‌كان به نزیكه‌ی (6) هه‌زار به‌رگ كتێبی ده‌گمه‌ن مه‌زه‌نده كراوه و زۆر ده‌ست نووسی به ده‌ست و خه‌تی نووسهرهكانیانی تێدابووه، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك له مه‌لا به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، كتێبی تایبه‌تیان بۆ میرانی بابان داناوه و نووسووهتهوه. زۆرێكیش له‌و كتێبانه كه بۆ ئه‌و میرانه نووسراون، كتێبی به‌نرخ بوون و له كاتی ئێستادا زۆرێكیان له (دار المخگوگات العراقیه) له به‌غدا پارێزراون. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه؛ هۆیه‌كانی گه‌شه‌كردنی بزاڤی رۆشنبیری له شاری سلێمانی دا (1784-1958ز): د. ئاراس محه‌مه‌د ساڵح، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م2015، ل23-28.
4-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی چواره‌م، ل21.
5-شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه دێرینه‌كانی سلێمانی له نێوان ساڵانی (1784-1914): عبدالخالد صابر، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی گرین گلوری، به‌یروت2010، ل23.
6-مێژووی میرایه‌تی بابان: حسێن نازم به‌گ، و: حسێن حه‌سه‌ن كه‌ریم و سدیق ساڵح، بنكه‌ی ژین، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی2013، ل152.
7-ئه‌و گرده ده‌كه‌وێته ناوجه‌رگه‌ی شاری سلێمانی و پێشتر به (ده‌بۆكه) ناسراوه، له ئێستاش دا ته‌لاری (كاسۆ مۆڵ)ی له‌سه‌ر بنیادنراوه.
8-ده‌رباره‌ی راستی ناوی (مه‌ڵكه‌ندی) بۆچوون و سه‌رچاوه‌كان جۆراوجۆرن، له‌وه‌یه له (مه‌لیك گوندی) یان (مه‌لیك هیندی)یه‌وه هاتبێت. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه؛ تاریخی سلێمانی وه وڵاتی: محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ، ئاماده‌كردنی: ره‌فیق ساڵح، چاپی دووه‌م، به‌رگی سێیه‌م، بنكه‌ی ژین، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی2006، ل66.
9-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، ل37.
10-مێژووی میرایه‌تی بابان: حسێن نازم به‌گ، و: حسێن حه‌سه‌ن كه‌ریم و سدیق ساڵح، ل152.
11-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، ل41.
12-ئه‌و رێكه‌وته، به پێی گێڕانه‌وه‌ی محه‌مه‌د مه‌حموود ناسراو به (حه‌مه بۆر) كه ئه‌ویش له چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له كوێخا (ره‌شان)ی كوێخای گوندی (سپیاره)ی بیستوویه‌تی و له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی (100) ساڵ زیاتر بووه، هه‌روه‌ها ئه‌ویش له باپیری خۆی بیستوویه‌تی، دانراوه. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه؛ سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، ل71.
13-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، ل71.
14-جووله‌كه‌كانی شاری سلێمانی: رێبوار حه‌مه‌تۆفیق، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی په‌نجه‌ره، تاران2015، ل51.
15-به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر (سلێمان پاشای گه‌وره1780-1801ز) والی، له به‌غدا خوێندنگایه‌كی به ناوی خۆیه‌وه (سلێمانی) دروست كردوه، پێده‌چێت برایم پاشاش له‌وه‌وه بیرۆكه‌ی وه‌رگرتبێت. بڕوانه؛ فه‌رمانڕه‌وایی مهملوكهكان له عێراق دا (1750-1831ز): مو‌سا كازم نورس، و: عوسمان عه‌زیز عه‌للاف، ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی مێژوویی جه‌میل رۆژبه‌یانی، چاپخانه‌ی تاران2017، ل131.
16- تاریخی سلێمانی وه وڵاتی: محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ، ئاماده‌كردنی: ره‌فیق ساڵح، ل66.
17-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، ل104.
18-هۆیه‌كانی گه‌شه‌كردنی بزاڤی رۆشنبیری له شاری سلێمانی دا (1784-1958ز): د. ئاراس محه‌مه‌د، ل15.
19-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، ل104.
20-شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه دێرینه‌كانی سلێمانی له نێوان ساڵانی (1784-1914): عبدالخالد صابر، ل34.
21-ده‌رگه‌زێن؛ ناحیه‌یه‌كه له باكووری هه‌مه‌دان و ناحیه‌ی (خه‌رقان) ده‌كه‌وێته باكوورییه‌وه، (حهمیدوڵڵای مسته‌وفی قه‌زوینی1281-1349ز) له سه‌ده‌ی (14)ی زایین دا، ده‌رباره‌ی ده‌رگه‌زێن نووسیوویه‌تی؛ شارێكی پایه به‌رزه كه پێشتر گوندێكی ناحیه‌ی ئه‌عله‌م بووه. بڕوانه؛ هاتنی سوڵتان سوله‌یمانی قانونی بۆ گرتنی به‌غدا: قهرهچهلهبی زاده، و: ئه‌حمه‌د تاقانه، چاپی یه‌كه‌م، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس-هه‌ولێر2006، ل79.
22-كورد، تورك و عه‌ره‌ب: سیسیل جۆن ئیدمۆندس، و: حامید گه‌وهه‌ری، چاپی دووه‌م، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس2004، ل114.
23-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، ل356.
24-جووله‌كه‌كانی شاری سلێمانی: رێبوار حه‌مه‌تۆفیق، ل53.
25-شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه دێرینه‌كانی سلێمانی له نێوان ساڵانی (1784-1914): عبدالخالد صابر، ل34.
26-هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل54.
27-گه‌شتنامه‌ی ریچ بۆ كوردستان: كلۆدیۆس جه‌یمس ریچ، و: محه‌مه‌د حه‌مه باقی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی2012، ل107.
28-هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل106.
29-شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه دێرینه‌كانی سلێمانی له نێوان ساڵانی (1784-1914): عبدالخالد صابر، ل25.
30-گه‌شتنامه‌ی ریچ بۆ كوردستان: كلۆدیۆس جه‌یمس ریچ، و: محه‌مه‌د حه‌مه باقی، ل108.
31-هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل140.
32-سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل108.
33-هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل140.
34-له‌كاتی دروست كردنی سلێمانی دا، برایم پاشا هه‌رچی وه‌ستا و لێزانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سنووری میرنشینی بابان هه‌بووه هێناویه‌تی بۆ پایته‌خته‌كه‌ی كه مه‌لا برایمی گوندی (قولهرهشی) خوار قه‌ڵا چوالان، یه‌كێك بووه له‌و ده‌ست ره‌نگینانه. ئه‌و ناسینهشی له‌گه‌ڵ مه‌لا برایم دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكیان برایم پاشا له قه‌ڵاچوالان كتێبێكی به‌نرخی دڕا‌و و په‌ڕپووتی ده‌ست كه‌وتووه، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێك له دانیشتوانی دیوانی پاشا به مه‌به‌ستی چاك كردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه، پێشنیاری مه‌لا برایمی كردوه. دوای ناردنی كتێبه‌كه و چاك كردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن مه‌لا برایمه‌وه، ئه‌و كاره زۆر جێگای سه‌رسامی و دڵ خۆشی برایم پاشا بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه سه‌ره‌ڕای په‌ڕپووتی و دڕاوی، پێشتر دوو جاری تریش چاك كراوه‌ته‌وه و هێڵێكی پێوه دیاربووه، به‌ڵام چاك كردنه‌وه‌كه‌ی مه‌لا برایم ئه‌و هێڵهشی تێدا نه‌هێشتووه. له‌و كاته‌وه پاشا بۆی ده‌ركه‌وتووه كه وه‌ستاكه‌ی له هه‌موو وه‌ستایانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌وروپشتی رۆشنبیرتر و لێزان تره.
هه‌ر بۆیه، برایم پاشا له به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ست نووس و كه‌شكۆڵ و قورئانانه‌ی كه پێشتر مه‌لا برایم بۆ پاشایانی بابانی جز‌و به‌ند كردوه و به‌رگی تێ گرتوون، به فه‌رمانێك سه‌رپه‌رشتی كردن و خاوه‌ندارێتی گوندی قولهرهشی زێدی خۆی پێ داوه. دوای هاتنیشی بۆ سلێمانی، دوكانێكی به بێ به‌رامبه‌ر پێ به‌خشیووه. ئه‌ویش دوكانه‌كه‌ی ته‌رخان كردوه بۆ كاری كتێب فرۆشتن و نووسینه‌وه و به‌رگ تێ گرتن و چاك كردنه‌وه‌ی كتێبه كۆن و دڕاوه‌كان. له ئێستاش دا هه‌مان شوێنی دوكانه‌كه‌ی مه‌لا برایم، دوكانی قه‌سابی (عه‌بدوڵڵا عه‌لی برزوو)یه. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه؛ بنیات نانی شاری سلێمانی، كتێبخانه‌ی بازرگانی: له‌تیف قه‌ره‌داخی، گۆڤاری رۆشنبیری نوێ ژماره (110)، حوزه‌یرانی ساڵی1986، هه‌روه‌ها؛ سه‌حاف و به‌رگ تێگرتن و شیرازه و جز‌و به‌ند: دیدار له‌گه‌ڵ فه‌رهاد ئه‌حمه‌د حسێن، گۆڤاری سلێمانی ژماره (8)، شوباتی ساڵی2001.
35-گۆڤاری رۆشنبیری نوێ ژماره (110)، حوزه‌یرانی ساڵی1986، ل233.
36-سه‌رهه‌ڵدان و رووخانی سیسته‌می میرنشینی له كوردستان: د. سه‌عد به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ر، و: جه‌وهه‌ر كرمانج، چاپخانه‌ی ده‌زگای رۆشنبیری گشتی، به‌غدا2016، ل45.
37-به‌ده‌م رێگاوه گوڵ‌چنین، مێژووی سیاسی، میرایه‌تی بابان له‌نێوان به‌رداشی رۆم و عه‌جه‌م دا: نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، كتێبی سێیه‌م، به‌رگی یه‌كه‌م، لوبنان2013، ل107.
38-سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م: جه‌مال بابان، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، ل34.
*-ئه‌و بابه‌ته به‌شێكه له كتێبێكی قه‌باره مامناوه‌ندی نووسه‌ر به ناوی (برایم پاشای بابان1782-1802ز) كه له ئاینده‌یه‌كی نزیك دا چاپ و بڵاوده‌كرێته‌وه.