ئه‌نتالیا، مێژووی چه‌ند شارستانییه‌تێك ده‌گێڕێته‌وه
ژینۆعه‌بدولڵا- ئه‌نتاڵیا
ده‌كرێت بوترێت یه‌كێك له گه‌وره‌ترین سامانه نیشتمانییه پڕ بایه‌خ وكاریگه‌رییه هه‌مه‌لایه‌نه سیاسیی، ئابوریی،كۆمه‌ڵایه‌تیی،كلتوریی، ئه‌ده‌بیی، هونه‌ریی و زانستییه‌كان له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ئه‌وروپادا، شوێنه‌واره مێژووییه دێریینهكانن كه له هه‌زاران ساڵه‌وه بۆ وڵاتانی ئه‌و ناوچانه‌ی باسكران ماونه‌ته‌وه و به بابه‌تگه‌لێكی شارستانیی گرنگ داده‌نرێن بۆ خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و زانینی ڕابردوو و چه‌ندین زانیاری نه‌بیستراوی تر.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئێستا له جیهاندا شوێنه‌واره‌كان بوونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی به‌هێز بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه به‌خته‌وه‌رن به‌وه‌ی زۆرترین شوێنه‌واریان تێدایه و گه‌شتیارانیش جۆش و خرۆش و گوڕ و تینێكی زۆره‌وه ڕووده‌كه‌نه ئه‌و ناوچانانه.
ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا له باسێكی تهقلدیهوه ده‌ستپێبكه‌ین ، شوێنه‌وارناسیی چییه وگرنگیی و بایه‌خی چییه؟
شوێنه‌وارناسیی وه‌ك شاره‌زایان و پسپۆڕان پێناسه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌و زانسته‌یه كه گرنگیی به توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئهوپاشماوه و كه‌ره‌سته و كه‌لوپه‌لانه ئه‌دات كه مرۆڤ له ژیانی رۆژانه‌ی خۆیدا له‌سه‌رده‌مانی كۆندا به‌كاریهێناوه.
ئهوشارستانیهكۆنانهی كه‌ئێستا ته‌نیا پاشماوه‌یان ماوه، چه‌ندین خه‌سڵه‌ت وتایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌بووه له بیناسازیی و هونه‌ر ونه‌خش ونیگار،ئه‌مه‌ش وای كردووه گرنگیی به توێژینه‌وه ودیراسهكردنی هه‌موو جومگه‌كانی ئهوشارستانییه كۆنانه بدرێت وزانیاریان له‌سه‌ر كۆبكرێته‌وه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه میلله‌تانی هۆشیار به‌رده‌وام گرنگیی و بایه‌خی تایبه‌تییان داوه به شوێنه‌وارناسیی و پاراستنی مۆزه‌خانه‌كان و هاندانی نه‌وه‌كانیان بۆ به‌بایه‌خ سه‌یركردنی ئه‌م سه‌روه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه كه هه‌رگیز به‌پاره ناخه‌مڵێنرێت.
دروست له‌و ره‌هه‌نده‌وه كه ئاماژه‌ی پێكرا ، ناوچه‌ی ئه‌نتالیا له توركیا بۆته شوێنێكی دڵڕفێنی گه‌شتیاران به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی تامه‌زرۆی بنینی شوێنه دێرین و مێژیوویهكانی چاخه‌كانی ئه‌وروپای كۆن و ناوه‌راست و شارستانیه‌تیی ڕۆمانیی و بێزهنتنیهكانن.
– كالیتشی
مێژووی دروستبونی كالیتشی یاخود ئه‌نتاڵیای كۆن،ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 158 ساڵ پێش زایین، سه‌نته‌ری مێژوویی شاره‌كه‌یه،شورای ئه‌م شاره به‌ردی گه‌وره وبه هێز و كۆنه و ههمووشارستانیی كۆنی تێدایه له نه‌خش و نیگاری شارستانیی ڕۆمانیی و بێزهنتینیی و سه‌لجوقیی و عوسمانیی و ته‌نانه‌ت توركیای نوێش.
ئه‌م شاره مێژووییه ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌نته‌ری شار‌و له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریای ناوه‌ڕاسته، چه‌ندین ده‌روازه‌ی تێدایه بۆ چونه ژووره‌وه كه له شێوه‌ی نیمچه قه‌ڵایه‌كه.گرنگترین ده‌روازه‌یان بۆ چوونه ژووره‌وه ده‌روازه‌ی كالیكابسی-یه، جوانترینیشیان كه‌زیاتر سه‌رنجی گه‌شتیاران به‌ڕووی خۆیدا ڕاده‌كێشێت ده‌روازه‌ی هاریدیانی مێژووییه.
به چوونه ژووره‌وه به‌كۆڵان و شوێنه گشتیه‌كاندا ده‌بینرێت كه گه‌ڕه‌ك و كۆلانه‌كان زۆر ته‌نگه‌به‌رن وشێوازی كۆنی ڕۆمانی خۆیان له‌ده‌ست نه‌داوه و به زۆریی كافتریا و چێشتخانه و هۆتیل و دوكانن له سه‌ر شێوازی كۆن و زیاتر له كۆڵانه ته‌سكه‌كانی ڕۆمای پایته‌ختی ئیتالییاوه نزیكن. ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م كۆڵانانه‌ی ڕازاندۆته‌وه ئه‌و هه‌موو دوكانهیه كه بۆ فروشتنی بابه‌تی یادگاریی و دیاریی كراونه‌ته‌وه. هاوكات دیمه‌ن و روانینه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك ده‌به‌خشن بۆ شارستانیی ڕۆمای كۆن. یه‌كێك له دیمه‌نه دڵڕفێنهكا بۆ گه‌شتیاران بینینی به‌نده‌رێكی مێژووییه‌یه كه وێستگه‌ی له‌نگه‌رگرتنی ده‌یان كه‌شتیی و به‌له‌می قه‌باره و خێرایی جیاوازن و به ده‌م باوه و به تینی شه‌پۆلی راسانی ئاوی ده‌ریاوه له جێی خۆیان دێن و ده‌چن به چه‌شنی سه‌مایه‌كی هێمنانه تا ئه‌و ساته‌ی ده‌ده‌ن له ڤڕه‌ی بزوێنه‌ره‌كانیان بۆ گه‌ڕاندنی گه‌شتیاران به ناو ده‌ریادا كه له پاش گه‌ڕانه‌وه رووده‌كه‌نه تام كردنی ماسی توركیی كه به سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ندانه‌وه ئاماده‌ده‌كرێت.
– بورجی
ئه‌و بورجه به‌ربه‌رد بنیات نراوه و به‌رزییه‌كه‌ی 14 مه‌تره و مێژوویه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی دووی زایینیی . جوانیی ئه‌م بورجه ئه‌وه‌یه كه ده‌كه‌وێته كه‌ناری ڕووبار و به پاركێكی سه‌وزی گه‌وره و فراوان ده‌وره دراوه.
-مزگه‌وتی عوسمانیی
ئه‌م مزگه‌وته ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی موراد پاشاوه ، له ساڵی 1570 بنیات نراوه، سه‌قف (میچ) ی مزگه‌وته‌كه زۆر به‌رزه و به نه‌خش و نیگار و زهخرهفهیهكی ئه‌ندازه‌یی جوانی سه‌رده‌می عوسمانیی ڕازاوه‌ته‌وه. دیزانی ئه‌م مزگه‌وته به‌شێوه‌یه‌كه هه‌ر زوو سه‌رنجی گه‌شتیاران بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێت به تایبه‌ت گومه‌زی مزگه‌وته‌كه كه سێ دانه‌یه و به شێوازێكی ئه‌ندازه‌یی به‌رز له سه‌ر یه‌ك دانراوه‌و واهه‌ست ده‌كه‌یت ته‌واوكه‌ری یه‌كترین.
– مزگه‌وت و بڵندگۆی یلفی
یه كێكی تر له شوێنه‌واره دێرینه‌كانی ئه‌نتالیا، ئه‌و مزگه‌وت و منارهیهیه كه له سه‌رده‌می خهلییفهی سه‌لجوقییه‌كان عه‌لائه‌دین قهباز له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا بنیاتنراوه و به تێڕوانین و وردبوونه‌وه لێی ده‌رده‌كه‌وێت دیزان و ئه‌ندازیاریی سه‌رده‌می سه‌لجوقیه‌كان تا چه‌ند پێشكه‌وتوو بووه.دوای زیاتر له دوو سه‌ده ئه‌م مناره مێژووییه مزگه‌وتێكی فراوانیان بۆ بنیاتنراوه‌وه كه ئه‌وه‌نده‌ی تر شێواز و دیزانی ته‌لارسازیی جوان كردووه.
– قه‌ڵای ڕۆمانیی
ئه‌م قه‌ڵایه شورایه‌كی كۆن و به‌هێزه كه ده‌ڕوانێت به سه‌ر مینای كۆندا و له سه‌ده‌ی دووی زاینییدا بنیاتنراوه.به‌گوێره‌ی ئه‌و نامیلكه‌ی ڕێناماییهی ده‌درێته گه‌شتیاران بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی مێژووی ئه‌م ناوچه مێژوویانه، تائێستا زاناكانی شوێنه‌وار و مێژووناسان نازانن بۆ چ مه‌به‌ستێك ئه‌م قه‌ڵا شورایینه به‌كارهاتووه.
هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له مێژووناسان وای بۆ ده‌چن كه مه‌به‌ست له بنیاتنانی بۆ پاراستنی شاره‌كه بووه به‌ڵام له ڕووی جیپۆلۆتیكهوه هیچ بنه‌مایه‌كی به‌رگریی نیه و پێشتر ئه‌م دوو چیا سه‌خته وه‌ك هیڵی به‌رگریی و شورا به كارهاتووه، به‌ڵام زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن ته‌نها بۆ به‌سه‌ربردنی كاتی خۆش دروستكراوه به تایبه‌ت ده‌مه و ئێواران و له كاتی زه‌رده‌ی خۆرئاوادا دیمه‌نی دڵڕفێنی هه‌یه هه‌ر له روانین بۆ نغرۆبوونی خۆر پاش لاواز بوونی تینی تیشكه‌كانی له نێو ده‌ریای پان و به‌ریندا كه ده‌وری دواه ، تا سه‌رنج دانی شار كه به‌رگی تاریكیی ده‌پۆشێت و دیمه‌نه‌كان هه‌موو پێكه‌وه زیاتر له ته‌ونی ئه‌ندێشه ده‌چن نه‌وه‌ك واقع.
– ئسبندۆس
ئه‌م ناوچه‌یه پێكهاتووه له شانۆیه‌كی گه‌وره‌ی ڕۆمانییه‌كان و به گه‌وره‌ترین و باشترین ته‌خته شانۆییه‌كانی جیهان داده‌نرێت، ئه‌م ناوچه‌یه به‌ته‌واوه‌تیی مۆركی شارستانیی ڕۆمانیی بێزهنتینییهكانی پێوه دیاربووه و بنكه‌ی سه‌ره‌كیی ده‌سه‌ڵات بووه له سه‌ده‌ی دووه‌می زایینیی‌دا و به‌رده‌وام گه‌شتیارێكی زۆر له وڵاتانی جیهان ڕووی تێ ده‌كه‌ن.
– مۆزه‌خانه‌ی ئه‌نتالیا
مۆزه‌خانه‌ی ئه‌نتالیا له چاو ئه‌و هه موو شوێنه‌واره دێرینه‌ی ئه‌نتالیا زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و فراوان نیه، ده‌كه‌وێته سه‌نته‌ری شار‌و 11 هه‌زار پارچه ئاسه‌وار و كه‌ل و په‌لی مێژوویی تێدایه و ساڵی 1922 بنیاتراوه . زیاتر شوێنه‌واری سه‌رده‌می سه‌لجوقیی و عوسمانیی وتوركیای نوێ به تایبه‌ت سه‌رده‌می ئه‌تاتوركی تیایه، له چاو ئه‌و شوێنه گه‌شتیارانه‌ی باسمانكرد كه‌متر گه‌شتیار ڕووده‌كاته ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای باسه ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه له سه‌ر دیزاینێكی نوێ بنیاتنراوه و هه موو كارئاسانیه‌كی بۆ سه‌ردانكاران دابینكردوه.
ته‌واوی زانیاریه‌كان له لایه‌ن محهمهدئۆزۆن ڕێبه‌ری گه‌شتیاری و ده‌رچووی به‌شی شوێنه‌واری زانكۆی ئه‌نكه‌ره وه‌رگیراوه و شاره‌زایی پێنج زمانی ئه‌وروپی هه بوو.