مێژووه‌كه‌یان بۆ 400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه،ناوه‌كه‌یان له‌گوندی دزێ-ی ناوچه‌ی ورمێ هاتووه
دزه‌ییه‌كان و مێژوویه‌ك له‌خه‌باتكردن بۆ كوردستان و به‌شداریكردنیان له‌چه‌ندین شۆڕشی كورد
هۆزی دزه‌یی یان بنه‌ماڵه‌ی دزه‌یی، یه‌كێكه له هۆزه ناوداره‌كانی كورد كه ئه‌ندامه‌كانیان رۆڵی كاریگه‌ریان له مێژووی كورد‌و كوردستان هه‌بووه.
به وته‌ی رزگار ئه‌حمه‌د حه‌مه‌دئه‌مین دزه‌یی كه بۆ PUKmedia ی ئاشكراكرد، به‌پێی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژوویی دروستبوونی ئه‌و هۆزه بۆ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌می زایینی ده‌گه‌ڕێته‌وه، واتا 400 ساڵ به‌ر له ئێستا‌و هۆكاری ناونانیشیان به دزه‌یی بۆ كۆچكردنیان له ناوچه‌ی سۆرانی باشووری كوردستان بۆ گوندێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و نیشته‌جێبوونی ئه‌ندامه‌كانی له گوندێكی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان و له نزیك شاری ورمی به‌ناوی (دزێ) به‌ر له چوار سه‌ده ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه دوو نه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له‌وی نیشته‌جێ ده‌بن، دواتر به‌هۆی زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتیان له ناوچه‌كه‌و ناكۆكیان له‌گه‌ڵ شا تههمازی سه‌فه‌وی شای ئێران كه به له‌شكرێك هێرش ده‌كاته سه‌ریان، دووباره ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ باشووری كوردستان و سه‌ره‌تا له ناوچه‌ی كۆیه‌و دواتر له ناوچه‌ی قوشته‌په نیشته‌جێ ده‌بن.
دزه‌ییه‌كان و میری سۆران
رزگار دزه‌یی باس له په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی له نێوان سه‌ردارانی دزه‌یی و میر مسته‌فا به‌گی میری ئه‌ماره‌تی سۆران ده‌كات كه له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌می زایینی دروستبووه‌و له‌وكاته‌دا به‌شێك له سوپا‌و سوارچاكه‌كانی ئه‌و میرنشینه له پیاوانی دزه‌یی بوونه‌و له چه‌ندین جه‌نگی ئه‌و میرنشینه‌ش به‌شداریان له شه‌ڕه‌كان كردووه، یه‌كێك له‌و شه‌ڕانه له‌دژی سوپای والی به‌غدای عوسمانی بوو له نزیك ناوچه‌ی ئیمام ئه‌عزه‌م كاتێك دزه‌ییه‌كان به سهركرداریهتی خان ئاوده‌ل-ی میری دزه‌ییه‌كان له یه‌كێك له جه‌نگه‌كانی ئه‌ماره‌تی سۆران به‌شداری ده‌كه‌ن و میر مسته‌فا به‌گی میری سۆران له شه‌ڕه‌كه‌دا ده‌كوژرێت، بۆیه خه‌ڵكی ئه‌ماره‌تی سۆران، خان ئاوده‌لی دزه‌یی ده‌كه‌ن به میری میرنشینی سۆران، دوای چه‌ندین ساڵ له فه‌رمانڕه‌وایه‌تی میرنشینهكهو كۆچی دوایی كردنی، كوڕه‌كه‌ی ده‌بێته میری میرنشینی سۆران، به‌ڵام دوای گه‌وره‌بوونی نه‌وه‌كانی میر مسته‌فای سۆران داوای ته‌ختی میرنشینه‌كه ده‌كه‌ن، بۆیه دزه‌ییه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه ده‌ستبه‌رداری میرنشینه‌كه ده‌بن و به‌ره‌و ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆچ ده‌كه‌ن و ده‌چنه گوندێك له نزیك شاری ورمێ و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن كه ئه‌ویش گوندی (دزێ) یه.
له بنه‌ماڵه‌وه بوون به‌هۆز
دزه‌ییه‌كان هه‌ندێكجار به هۆزو هه‌ندێكجاریش به بنه‌ماڵه یان تیره بانگیان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌گوێره‌ی وته‌ی د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌لاحه‌دین، له سه‌ره‌تادا ئه‌وان وه‌ك بنه‌ماڵه بوون، به‌ڵام دواتر به‌هۆی زۆربوونی ژماره‌یان له ئێستادا وه‌ك هۆز ده‌ناسرێن، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی كێشه له نێوان سێ كوڕی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له سه‌رده‌می رابردوودا كه سێ برا ده‌بن، ئه‌وانیش قه‌ره‌نی ئاغا‌و عیسا ئاغا‌و پیرداود ئاغان ئێستا ئه‌و هۆزه به‌شێكیان له ده‌شتی دزه‌ییاتی پارێزگای هه‌ولێر نیشته‌جێن كه له نه‌وه‌ی قه‌ره‌نی ئاغان، به‌شی دووه‌میشیان كه بنه‌ماڵه‌ی عیسا ئاغان له پارێزگای سلێمانی ده‌ژین و پێیان ده‌ڵێن ئاغای گه‌وره، به‌شی سێیه‌میشیان كه بنه‌ماڵه‌ی پیرداود ئاغایه رووده‌كه‌نه ناوچه‌ی جه‌زیره‌ی بۆتانی باكووری كوردستان و له‌وێ نازناوی ههرتووشی-یان وه‌رگرتووه.
هاتنی قه‌ره‌نی ئاغا بۆ هه‌ولێر
رزگار دزه‌یی ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه بوونی ئه‌ندامانی دزه‌یی له سه‌ده‌ی ههژهیهمی زایینی له پارێزگای هه‌ولێر بۆ هاتنی قه‌ره‌نی ئاغای سه‌رداری دزه‌یی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دوای ناكۆكی له‌گه‌ڵ براكانی روو له‌و پارێزگایه ده‌كات كه له مێژوودا باس له قاره‌مانێتی و ژیری ئه‌و پیاوه ده‌كه‌ن و ده‌بێته خاوه‌ن زه‌ویه‌كی زۆری كشتوكاڵی و ژماره‌یه‌كی زۆری ئاژه‌ڵ كه چوار كوڕی هه‌بووه، ئه‌وانیش مهحمودو ئیبراهیم و خوله‌و مام زێندین بوون، كه توانیویه‌تی هه‌ریه‌ك له كوڕه‌كانی له شوێنێك جێگیربكات و بیانكات به ئاغای شوێنه‌كه‌و ده‌ستیان به كشتوكاڵ و به‌خێوكردنی مه‌ڕو ماڵات كردووه‌و دوای گیانله‌ده‌ستدانی قه‌ره‌نی ئاغا، مه‌حمود ئاغای كوڕی سه‌رۆكایه‌تی دزه‌ییه‌كان ده‌كات و دوای نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك ئه‌م هۆزه بوون به هێزێكی گه‌وره له ناوچه‌كه‌و له والی به‌غدا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و باجی ساڵانه‌یان نه‌ده‌دا، بۆیه عوسمانیه‌كان له ساڵی 1837 به داود پاشای والی به‌غدایان راگه‌یاند كه مه‌حمود پاشای بابان راسپێرێت كه له‌شكر بنێرێته سه‌ر دزه‌ییه‌كان و ده‌ستبه‌سه‌ر به‌روبوومی كشتوكاڵیان و مه‌ڕو ماڵاتهكانیاندا بگرن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش مه‌حمود پاشای بابان له‌شكرێكی 500 سواری كۆده‌كاته‌وه‌و به‌ره‌و هه‌ولێر ده‌چن، هه‌رچه‌نده دزه‌ییه‌كان ژماره‌ی له‌شكره‌كه‌یان زۆر له بابانه‌كان كه‌متر بوو، به‌ڵام له‌به‌ر پاراستنی سه‌رو ماڵیان شه‌ڕێكی مان و نه‌مان ده‌كه‌ن كه كاوێسی كوڕی مه‌لای مه‌حمود ئاغا‌و ره‌حمان كوڕی كاكه‌خان مه‌حمود ئاغا سه‌رۆكایه‌تی له‌شكری دزه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن، دوای شه‌ڕێكی قورس له ئه‌نجامدا له‌شكری بابان ده‌شكێن و نه‌یانتوانی هیچ له‌گه‌ڵ خۆیان به‌رن، به‌مجۆره دزه‌ییه‌كان سنووریان فراوانتر ده‌بێت و زۆربه‌ی گونده‌كانی باشووری هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه‌و له‌هه‌ر گوندێك نه‌وه‌یه‌كی قه‌ره‌نی ئاغا داده‌نێن وه‌ك ئاغای گونده‌كه كه ئه‌و ناوچه‌یه تا ماوه‌یه‌كی زۆر به ده‌شتی دزه‌ییاتی به‌ناوبانگ ده‌بێت تا له ده‌یه‌ی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به هۆكاری سیاسی ناوی ناوچه‌كه بۆ ده‌شتی هه‌ولێر ده‌گۆڕدرێت و ده‌شتی دزه‌ییش پێكهاتووه له سێ ناوچه، ئه‌وانیش (ملكیه) و (كه‌ندێناوه) و (قه‌راج)، دزه‌ییه‌كان له‌و سێ ناوچه‌یه خاوه‌نی زیاتر له 150 گوند بوون.
دزهییهكانی پارێزگای هه‌ولێر له ئێستادا له هه‌شت به‌ره‌باب پێكهاتوون كه هه‌موویان له نه‌وه‌ی قه‌ره‌نی ئاغای دزه‌یین كه ئه‌و بهرهبابانهش بریتین له بهرهبابهكانی (بایز) و (پاشا) و (فارس) و (كاكه‌خان) و (كاوێسی مه‌لا) و (مام زێندین) و (برایم ئاغا) و (خولهیی) كه ئه‌و بهرهبابانهش له‌ناو خۆیاندا ده‌بنه چه‌ند تیره‌یه‌ك.
شه‌ڕی برایم ئاغا‌و عه‌ره‌به‌كان
یه‌كێك له كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی بنه‌ماڵه‌ی دزه‌یی برایم ئاغای دزه‌ییه كه له نێوان ساڵانی (1840-1920) ژیاوه‌و رۆڵێكی باڵای هه‌بووه له به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئه‌و هۆزه له ده‌شتی دزه‌ییاتی، كه ده‌گێڕنه‌وه هه‌وڵێكی زۆری داوه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌ی مه‌خموورو نه‌یهێشتووه ناوچه‌كه داگیربكه‌ن و شه‌ڕیشی له دژیان به‌رپا كردووه‌و له ناوچه‌كه دهریپهڕاندوون و هه‌ندێكیشی له زێی دیجله ئاودیو كردووه، هه‌روه‌ك ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئینگلیزه‌كانیش رۆڵی برایم ئاغای دزه‌ییان له‌به‌رچاو گرتووه‌و هه‌وڵیانداوه په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت و قه‌ڵای مه‌خمووریش دروستده‌كات و شارۆچكه‌كه‌ش ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه، دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و هاتنی ئینگلیزه‌كان بۆ عیراق كاپتن های (w.r.hai) حاكمی سیاسی ئینگلیز له هه‌ولێر له په‌رتوكه‌كه‌ی خۆی (دوو ساڵ له كوردستان) (1918-1920) باسی په‌یوه‌ندی خۆی ده‌كات له‌گه‌ڵ دزه‌ییه‌كان كه رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بووه له داڕشتنی سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌و پشتگیری سیاسه‌تی ئینگلیز بوون، هه‌روه‌ها چۆن خۆیان حوكمڕانی ناوچه‌یه‌كی فراوانیان كردووه، كاپتن های باس له په‌یوه‌ندییه باشه‌كانی خۆی و برایم ئاغا ده‌كات و له‌باسی كه‌سایه‌تی برایم ئاغادا ده‌ڵێت: كه‌سێكی زیره‌ك و قسه‌كه‌رێكی نایاب بوو، پیاوێكی دنیا دیدهیهو به كه‌سایه‌تی برایم ئاغا سه‌رسام بووه‌و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ند كه‌سێكی دزه‌ییه‌كان به حاكمی ناوچه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه داده‌مه‌زرێنێت.
دزه‌ییه‌كان و شۆڕشه‌كانی كورد
دزه‌ییه‌كان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی پاره‌دار بوون، به‌ڵام له مێژوودا پاڵپشتی زۆربه‌ی شۆڕشه‌كانی كوردیان كردووه، بۆ نموونه پشتگیری خۆیان بۆ شۆڕشه‌كانی شێخ مه‌حمودی حه‌فید كردووه‌و له ساڵی 1930 كاتێك دژی په‌یماننامه‌ی ئینگلیزه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق خۆپیشاندان له به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی ئه‌نجامدرا، دزه‌ییه‌كان له رێگای عه‌لی مه‌حمود كاكه‌خان و خدری پاشا كه دوو سه‌رداری ئه‌وكاتی دزه‌ییه‌كان بوون پاڵپشتی خۆیان بۆ خه‌ڵكی سلێمانی نیشانداوه، عه‌لی ئاغای دزه‌یی دۆستی شێخ مه‌حمود ده‌بێت و به شێخ راده‌گه‌ینێت كه ئێمه‌ی دزه‌یی پاڵپشتی ته‌واوی خۆپیشاندانه‌كانی شاری سلێمانی ده‌كه‌ین و خدری پاشاش كه یه‌كه‌م ئه‌ندامی كوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌بێت له ساته‌وه‌ختی خۆپیشاندانه‌كه‌ی سلێمانی له ساڵی 1930 و له‌كاتی هاتنی وه‌فدێكی ده‌وڵه‌تی پاشایه‌تی له عیراق، پشتگیری خۆی بۆ شێخ مهحمودو خه‌ڵكی سلێمانی به ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه راده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ك دزه‌ییه‌كان به‌شداری له حزبه‌كانی هیواو ژێ كاف و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانش ده‌كه‌ن و رۆڵی به‌رچاویان تێدا هه‌بووه.
كه‌سایه‌تییه دزه‌ییه‌كان
دزه‌ییه‌كان چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیار‌و سه‌ردارو ئاغایان له‌ناودا ده‌ركه‌وتووه كه رۆڵی گرنگیان له مێژووی كورد‌و هۆزهكهشدا هه‌بووه، له‌وانه (عه‌لی مه‌حمود كاكه‌خان) و (خدری پاشا) و (ئه‌حمه‌د پاشا) و (برایم ئاغای بایز) و (ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ده‌مین دزه‌یی) و (موحسین دزه‌یی) و (هۆمه‌ر دزه‌یی) و (موشیری برایم ئاغا) و (هاوار برایم ئاغا) و (خورشیدی بایز) و (حسێنی مه‌لای) و (مه‌عروفی حاجی پیرداود) و (قه‌ره‌نی ئاغا) و (هادی ئاغای پونگینهیی) و (د.ئه‌رسه‌لان بایز) و (سه‌لیم ئاغای) و چه‌ندین كه‌سایه‌تی تری دزه‌یی.
رزگار ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ده‌مین دزه‌یی باس له‌وه‌ش ده‌كات كه له ئێستادا په‌رتوكێك بۆ دیاریكردنی سهرجهلهو ره‌چه‌ڵه‌كی به‌ره‌باب و خانه‌واده‌ی ئه‌ندامانی دزه‌ییه‌كان نوسراوه كه به‌ر له 40 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن مه‌لا خالیدی مورتكه‌یی نوسراوه، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌و په‌رتوكه به شێوه‌یه‌كی باشتر‌و فراوانتر دووباره نوسراوه‌و چاپكراوه كه تێیدا ناوی ره‌گه‌زی نێری زۆربه‌ی ئه‌ندامانی هه‌شت بهرهبابهكهی دزه‌یی تێدا نوسراوه كه ناوی 2200 كه‌سی دزه‌ییه‌كان له‌خۆده‌گرێت.
دزییه‌كان و زوو رۆشنبیر بوون
دزه‌ییه‌كان به‌وه ناسراون كه خه‌ڵكانی زۆر كراوه‌و رۆشنبیر بوون و له پارێزگای هه‌ولێر به‌ر له ئه‌ندامانی هه‌موو هۆزه‌كانی تر خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری ژیان و ژیانی مۆدێرن گونجاندووه.
له‌وباره‌یه‌وه د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی ده‌ڵێت: ئه‌م زوو رۆشنبیریهی دزه‌ییه‌كان به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتداری سه‌رداره‌كانیان و خاوه‌ن موڵك و ماڵێكی زۆر‌و ئارهزووكردنیان بووه له فێربوونی خوێنده‌واری و خۆرۆشنبیركردن كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دزه‌ییه‌كان به‌ر له هه‌موو هۆزه‌كانی تری بوون له ناوچه گوندنشینه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر قوتابخانه له گونده‌كانیان بكه‌نه‌وه.
دزه‌یی و ئاغایه‌تی
له رابردوودا‌و ئێستاش هه‌موو كه‌سایه‌تییه دزه‌ییه‌كان به ئاغا ناوزه‌د ده‌كران، كه ئه‌مه‌ش به‌هۆی خاوه‌نداریه‌تی زه‌وی و زاری كشتوكاڵی بوو، چونكه به وته‌ی دزه‌ییه‌كان هیچ ئه‌ندامێكیان كاری ره‌نجبه‌ری و زه‌حمه‌تی ئه‌نجام نه‌داوه‌و به‌رده‌وام خه‌ڵكی هۆزه‌كانی تر جوتیاری ئه‌وان بوون، بۆیه هه‌ركاتێك ناوی دزه‌ییه‌كان بێت ئه‌وا نازناوی ئاغاشی به‌دوادا دێت.
هۆمه‌ر دزه‌یی روونیده‌كاته‌وه كه ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی دزه‌ییه‌كان له كۆندا به كاری كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری سه‌رقاڵ بوون و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا كاری بازرگانیشیان ئه‌نجامداوه‌و زه‌ویه‌كی زۆری كشتوكاڵیشیان هه‌بووه، بۆیه زۆربه‌ی ئه‌ندامانی پارهدارو خاوه‌ن موڵك و ماڵێكی زۆر بوون و به‌رده‌وام به خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند ناسراون.
دوای ده‌رچوونی یاسای چاكسازی زه‌وی كشتوكاڵی عیراق له ساڵی 1958 ی دوای شۆڕشی 14ی تهمموز، به‌شێكی زۆری زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كانی عه‌شیره‌تی دزه‌یی به‌ر ئه‌و یاسایه كه‌وت و به‌شێكی زۆری له خاوه‌نه‌كانیان سه‌ندرایه‌وه، بۆیه ئێستا دزه‌ییه‌كان خاوه‌نی ئه‌و زه‌ویه كشتوكاڵیه فراوانه نین كه به‌ر له ساڵی 1958 خاوه‌نداری بوون و زۆربه‌یان موڵكداریه‌كه‌ی بۆ میری گه‌ڕایه‌وه.
پێشتر نازناوی تریان هه‌بووه
دزه‌ییه‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی كۆچكردنیان بۆ گوندی (دزێ) ی ناوچه‌ی ورمێ ئه‌و ناوه‌یان لێنراوه، بۆیه به‌پێی كتێبی نوسه‌ری عیراقی عه‌بدوڵڵا عه‌زاوی كه له‌سه‌ر هۆزه‌كانی عیراق نوسیویه‌تی، ده‌ڵێت: له‌وانه‌یه دزه‌ییه‌كان پێشتر له ئه‌ندامانی هۆزی (پیران) ی باكووری كوردستان بووبن، به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی تری مێژوویی كوردیش له‌وانه‌یه دزه‌ییه‌كان پێشتر سه‌ر به هۆزی (زه‌رزا) ی ناوچه‌ی شنۆ-ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووبن، هه‌ر به‌پێی سه‌رچاوه‌ی تری مێژوویی ده‌وترێت له‌وانه‌یه دزه‌ییه‌كان سه‌ر به هۆزی (بڵباس) بووبن.
هێزو ده‌سه‌ڵاتی دزه‌ییه‌كان
رزگار دزه‌یی باس له‌وه‌ش ده‌كات كه دزه‌ییه‌كان له مێژووی خۆیاندا هه‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدارو به‌هێز بوون و له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه رۆڵی ئه‌وانیان له‌به‌رچاو گرتووه‌و پۆستی باڵایان له حوكمڕانی ناوچه‌كه هه‌بووه، له‌وانه پۆستی وه‌زیر له حكومه‌تی عیراق و وه‌زیر له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پۆستی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه هۆكاری به‌هێزی دزه‌ییه‌كان به به‌راورد به هۆزه‌كانی تر به‌هۆی پاره‌داری و خاوه‌ن موڵكێكی زۆر له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تر به‌هۆی زیره‌كی سه‌رداره‌كانیان له سیاسه‌تكردن و هه‌بوونی هێزێكی زۆری سوارچاكی و چه‌كداری ئه‌و پێگه به‌هێزه‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌و ته‌نانه‌ت یه‌كێك له والیه‌كانی عوسمانیه‌كان به مه‌به‌ستی دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دزه‌ییه‌كان نازناوی پاشا ده‌به‌خشێته ئه‌حمه‌د حسێن عه‌لی ئاغا، كه ئه‌ویش نه‌وه‌یه‌كی قه‌ره‌نی ئاغایه‌و هه‌ر له‌وكاته‌وه ئه‌و تیره‌یه به به‌ره‌بابی ماڵی پاشا ناسراون.
خورشیدی بایزو ویلایه‌تی موسڵ
له‌كاتی روخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیه‌كان له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و هاتنی ئینگلیزه‌كان بۆ عیراق، كێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ له نێوان ئینگلیزه‌كان و توركه‌كان دروستده‌بێت، بۆیه یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌وڵ بۆ نه‌لكاندنی ئه‌و ویلایه‌ته بۆ ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عیراق و ده‌وڵه‌تی توركیای كۆماری ده‌دات، خورشید ئاغای بایزی دزه‌یی ده‌بێت كه له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د عوسمانی یه‌كه‌م موته‌سه‌ریفی هه‌ولێر هه‌وڵ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و خاكه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو نابێت.
بزووتنه‌وه‌ی جوتیارانی دزه‌یی
هۆمه‌ر دزه‌یی ئاشكرایده‌كات كه له ساڵی 1953 بزوتنه‌وه‌ی جوتیارانی دزه‌یی له ده‌شتی دزه‌ییاتی ده‌ركه‌وت كه ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئایدۆلۆژیای چه‌پ گه‌رایی له‌وناوچه‌یه سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌ندامانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ش له كوڕه ئاغاكانی دزه‌یی بوون كه ئه‌مه‌ش به‌هۆی خوێنده‌واریان بوو كه ته‌نها ئه‌وان خوێندنیان له قوتابخانه‌كان خوێندبوو، كه تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ خه‌ڵكی چه‌وساوه‌و جوتیاران ده‌رده‌بڕی، بۆیه زۆرجار ئه‌و كوڕه ئاغایانه‌ی دزه‌یی جووتیار‌و ره‌نجبه‌رانی ناوچه‌كه‌یان له‌دژی باوكه ئاغاكه‌ی خۆیان هانده‌دا كه ئه‌مه‌ش له‌ناو هۆزه‌كاندا كارێكی بێ وێنه بوو.
دزه‌ییه‌كان و ژن و ژنخوازی
یه‌كێك له دابونهریتهكانی دزه‌ییه‌كان كه جیاوازی هه‌بوو له‌گه‌ڵ هۆزه‌كانی تر، ژن و ژنخوازی بوو كه له‌كاتی كچ به‌شوودانیان كچی خۆیان ته‌نها به كوڕانی بنه‌ماڵه‌ی دزه‌یی ده‌داو هه‌ر ژن و ژنخوازیهكهیان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ندامانی هۆزه‌كه‌یان ره‌تده‌كرده‌وه، به‌ڵام ئێستا ئه‌و دابونه‌ریته به‌هۆی گۆڕانكاری له ژیانی ئێستادا نه‌ماوه‌و ژن و ژنخوازی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی تری دزه‌ییش ئه‌نجامده‌ده‌ن.