مارتین ڤان بڕاونێسن ، زانکۆی ئوترێخت
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
له ساڵی 1990 له تورکییه کتێبێک چاپ بوو که هه‌ر به نێوه‌که‌ی ڕا ڕێژیمی تاقه پارتی تورکییه له ساڵانی 1930 یه‌کانی تاوانبار ده‌کرد به جێنۆساید له‌ناوچه‌ی کوردی ده‌رسیم1. ئه‌و کتێبه ده‌ستبه‌جێ قه‌ده‌غه کرا و ئه‌و دمه‌ته‌قه و مشتومڕه‌ی لێ نه‌زاوه که نووسه‌ره‌که‌ی، کۆمه‌ڵناس ئیسماعیل به‌شیکچی، هیوا دار بوو سازی کا. به‌شیکچی یه‌که‌م ڕووناک‌بیری تورک و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ تاقه که‌س بوو که به ئاشکرایی ڕه‌خنه‌ی له ئیدێئۆلۆژی ڕه‌سمی و سیاسه‌ته‌کانی تورکییه له ئاست کوردان ده‌گرت. ئه‌و ڕه‌خنه‌کانی خۆی به لێکۆلینه‌وه‌یه‌ک ده‌ست پێ‌کرد له ساڵی 1969 به نێوی هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی ئابووری ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه له زنجیره‌یەک نووسین دا که هه‌تا ده‌هات نێوه‌رۆکیان زیاتر به‌گژ ده‌وڵه‌ت دا ده‌چوو.ئه‌و بوێرییه ئه‌خلاقی و ڕووناکبیرانه‌یه به قیمه‌تی گران بۆ به‌شیکچی ته‌واو بوو؛ گشت کتێبه‌کانی قه‌ده‌غه کران و له به‌ر نووسینی ئه‌و کتێبانه زیاتر له ده ساڵی ده زیندان دا به‌سه‌ربرد. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ئاکامه‌ی ئه‌من له‌م نووسینه دا پێی ده‌گه‌م له‌وانه‌یه هێندێک له ته‌سپیته‌کانی وی جیا بێ، به‌ڵام لێره دا پێم خۆشه قه‌رزداری و پێزانینی خۆم له‌ئاست زانایه‌تی به‌رعۆده‌یانه‌ی وی ده‌رببڕم و ئه‌م فه‌سڵی ئه‌م کتێبه‌ی پێشکێش بکه‌م.
ئه‌و کوشتارانه‌ی وا کتێبه‌که‌ی به‌شیکچی باسیان لێوه ده‌کا به ده‌م دامرکاندنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌رهه‌ڵداوی کوردی ده‌رسیم
( ئێستا نێوی نراوه تونجه‌لی) له ساڵی 1937 و 1938 دا قه‌ومان. ئه‌و ڕووداوانه ڕه‌شترین ڵاپه‌ڕه‌ی مێژووی تورکیه‌ی کۆمارین و به خشکه‌یی و یان به ئانقه‌سته له لایه‌ن زۆربه‌ی مێژوو نووسانه‌وه، چ لاوه‌یی بوو بن یان تورک بێ ده‌نگیان لێ ڕا کراوه، یان شێوێندراون2. هه‌ر که به‌ربه‌ره‌کانی و سه‌رکوتی ده‌رسیم به‌رده‌وام بوو، کاربه‌دستان کارێکی وایان کرد تا ئه‌و جێیه‌ی ده‌کرێ زانیارییه‌کی که‌م له‌مه‌ر ئه‌و ڕووداوانه بگاته دنیای ده‌ره‌وه. چاوه‌دێرانی دیپڵۆماتیک له ئانکارا ئه‌وه‌یان ده‌زانی عه‌مه‌لییاتی زۆر گه‌وره‌ی نیزامی ده‌کرێ، به‌ڵام هیچ بۆیان نه‌ده‌چووه‌وه سه‌ر یه‌ک مه‌به‌ست له‌و عه‌مه‌لییاتانه چن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دوای قه‌ومانی ڕووداوه‌کان،کۆنسوولی بریتانیا له ترابزۆن، که شوێنی دیپڵۆماتیکی هه‌ره نیزیک بوو له ده‌رسیم، باسی زه‌بروزه‌نگی دڕندانە و ىی جیاوازی کرد و به ئاشکرا ئه‌و ڕووداوانه‌ی له گه‌ڵ کوشتاری هه‌رمه‌نییه‌کان له ساڵی 1915 دا، به‌راوه‌رد کرد. ئه‌و نووسی:” به‌هه‌زاران کورد ژن و منداڵیش ده‌ناویان دا کووژران، ئه‌وانیدی، که زۆربه‌یان منداڵ بوون،خرانه نێو چۆمی فرات؛ بە هەزاران کەسی دیکە لە ناوچەی کەمتر دوژمن ، کە لەسەرەتا دا ئاژەڵ و مەڕوماڵات و سامانی دیکەیان لێ ئەستاندبوون دوور خرانەوە بۆ ویلایەتەکانی ئانادۆڵی نێوەندی. بە دوای ئەو سەرکوتکردنە دا ڕاگەیێندرا ئیدی لە تورکییە مەسەلەیەک بە نێو مەسەلەی کورد بوونی نییە.3
ئه‌من له پێشدا، به‌که‌لکوه‌رگرتن له چه‌ند سه‌رچاوه‌ی به‌رده‌ست، حه‌ول ده‌ده‌م بار و دۆخی ده‌رسیم به‌ر له به‌ربه‌ره‌کانی دامرکاندنه‌وه باس بکه‌م و وێنه‌کی گشتی له ڕووداوه‌کانی 1937 و 1938 بخه‌مه به‌رچاو. دوایه حه‌ول ده‌ده‌م نیشان بده‌م ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین هه‌ر ته‌نێ سه‌رکوتکردنی بێ به‌زه‌ییانه‌ی سه‌رهه‌ڵدانێکی نێوخۆیی نه‌بووه به‌ڵکوو به‌شێک بووه له سیاسه‌تێکی زۆر به‌ربڵاوتر به دژی کورده‌کان وه‌کوو کورد.
ده‌رسیم ناوچه‌یه‌کی ده‌ستپێرانه‌گه‌یشتووی به‌رزه، به چیای سه‌ر به به‌فر،شیوی باریک و دوڵ و ده‌ره‌ی قووڵ له ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی تورکییه. له ناوچه‌که دا ژماره‌یه‌کی زۆر عه‌شیره‌تی پچووک ده‌ژیان و، به ڕێگای به‌خێو کردنی ئاژه‌ڵ،باغه‌وانیی و گرده‌وه‌کۆیی به‌رهه‌می دارستان ژیانێکی مه‌مره و مه‌ژی و په‌راوێزیان هه‌بوو.ژماره‌ی گشت دانیشتووانی ناوچه‌که، له نێوه‌ڕاست ساڵانی 1930 دا به 65000 تا 70000 ده‌قه‌بڵێندرا.4
ده‌رسیم له‌ڕووی کولتوورییه‌وه ناوچه‌یه‌کی جیاواز و تایبه‌تی بوو له کوردستان، به‌شێکی له به‌ر هۆکاری هاویردۆری و جوگرافیایی و، به‌شێکیشی له به‌ر تێکه‌ڵاوێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانی و دینی خۆی. هێندێک له عه‌شیره‌ته‌کان به کوردیی کورمانجی ، به‌ڵام زۆربه‌یان به زمانێکی سه‌ر به کوردی که به زازاکی به‌نێوبانگه قسه‌یان ده‌کرد. له ڕووی دینییه‌وه هه‌موویان سه‌ر به فرقه‌ی دینی دی عه‌له‌وی بوون، که ئه‌وانی له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له کورده سونییه‌کان جیا ده‌کرده‌وه که به‌لای ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ئه‌واندا ده‌ژیان (که له ناویاندا هه‌م زازاکی ئاخێو و هه‌م کوردی ئاخێو هه‌بوون). ئه‌گه‌رچی له زۆر ناوچه‌ی دیکه‌ی تورکییه‌ش دا عه‌له‌وی هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌رسیم ده‌سته‌یه‌کی جوێن،باوه‌ڕی جیاواز و ڕێوڕه‌سمی جیاوازیان هه‌یه.5
ده‌رسیم ، تا ناوه‌ڕاستی 1930 یه‌کان، دوایین به‌شی تورکییه بوو که به ته‌واوی نه‌که‌وتبێته ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومه‌تی نێوه‌ندی . عه‌شیره‌ته‌کانی ده‌رسیم له لایه‌ن هیچ حکوومه‌تێکی پێشتر مه‌هار نه‌کرابوون؛ ته‌نیا قانوونێکی ئه‌وان پێیان ده‌زانی و به ڕسمییان ده‌ناسی قانوونی نه‌ریتیی عه‌شیره‌تی بوو.سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان و ڕێبه‌رانی دینی ده‌سته‌ڵاتێکی زۆریان هه‌بوو بە سه‌ر هه‌ڕه‌مه‌ی خه‌ڵک دا و، زۆر جار له ڕووی ئابوورییه‌وه ده‌یان چه‌وساندنه‌وه. ئه‌وان تا ئه‌و جێیه‌ی حکوومه‌ت ده‌ستێکی زۆری له کاروباره‌کانیان وه‌ر نه‌دابا، وه‌نه‌بوو دژی حکوومه‌ت بن. له ڕاستیدا، زۆر له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان، به دامه‌زرانی پێوه‌ندی نیزیک له گه‌ڵ ئه‌و ئه‌فسه‌ره نیزامی و پۆلیسانه‌ی له هه‌رێم ده‌به‌رکار نرابوون،هه‌ڵویستی خۆیان به هیزتر کرد. نه‌ریتێکی وا هه‌بوو ده‌ست له دانی باج ده‌گێڕدراوه – دیاره شتێکی ئه‌وتۆش نه‌بوو ماڵیاتی لێ وه‌ربگیرێ،چونکه ناوچه‌که هه‌تا بڵێی ده‌سته‌نگ و هه‌ژار بوو. لاوان ئه‌گه‌ر توانیبایان خۆیان له خزمه‌تی سه‌ربازی ده‌دزییه‌وه، به‌ڵام له ڕاستیدا تا ساڵی 1935 ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌وان له ئه‌رته‌شی تورکییه دا عەسکەرییان دەکرد.
دیاره له نێو عه‌شیره‌ته‌کاندا کێشەی بەردەوام هەبوو ،که زۆر جار شێوه‌ی شهر و دوژمنایه‌تی دوور‌و درێژی به‌خۆیه‌وه ده‌گرت. زۆربه‌ی عه‌شیره‌ته‌کان چه‌کدار بوون و به سه‌ر عه‌شیره‌ته دراوسێیه‌کان دادان وه‌نه‌بێ باو نه‌بوو بێ. کاربه‌ده‌ستانی نیزامیش له ناوچه زۆر جار له کێشه‌ی نێو عه‌شیره‌ته‌کانه‌وه دهگلان،چونکه هێندێک له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان دووژمنه‌کانی خۆیان تاوانبار ده‌کرد به کاکه‌وبراله کردن به دژی ده‌وڵه‌ت. له هه‌مان کات دا کوڕانی خوێنده‌واری بنه‌ماڵه سه‌ره‌کییه‌کان له نێو عه‌شیره‌ته‌کان دا بانگه‌شه‌ی ناسیونالیستیی کوردی‌یان ده‌کرد.6 له ساڵی 1936 ده‌رسیم خرا به‌ر حوکمی نیزامی و ئامانجی ئه‌وه‌ش وه‌ک دامرکاندنه‌وه و “موته‌مه‌دین “کردنی ڕاگه‌یێندرا.ووڵامی عه‌شیره‌ته‌کان له ئاست ئه‌و مۆدێڕن کردنه‌ی که ده‌وڵه‌ت به دیاری هێنا بوو و، بریتی بوو له کێشانی ڕێگا، سازکردنی پرد و ڕێباز و پاسگای پۆلیس، ناڕوون و لێڵ بوو.هێندێک له سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان حه‌ولی سازان و هاتنه ڕه‌دایان دا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدارانی نیزامی، هێندێکی دیکه‌شیان به ده‌ستێوه‌ردانی وان لە سه‌ربه‌خۆیی پێشووی خۆیان زویر و دڵ ڕه‌نجاو بوون. تا ساڵی1937،ده‌سته‌ڵاتداران پێیان وابوو، یان کارێکی وا کرا بوو له‌و باوه‌ڕه دابن که، سه‌رهه‌ڵدانێکی سه‌ره‌کی، وه‌ک نیشانه‌یه‌ک له خۆڕاگری به دژی به‌رنامه‌ی دامرکاندنەوە، له لایه‌ن ناسیۆنالیسته‌کانه‌وه ده‌کرێ، ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌گوترا سه‌رۆکی پیلانه‌که بێ رێبه‌رێکی دینی بوو، به نێوی سه‌ید ڕزا. ده‌گوترا پێنج عه‌شیره‌ت ( له کۆی نیزیک 100 عه‌شیره‌ت) له‌و پیلانه دا ده‌ستیان هه‌بێ.
به‌ربه‌ره‌کانی نیزامی و هێرش بۆ سه‌ر ده‌رسیم له ووڵامی ڕووداوێکی به‌ڕێژه چکۆڵه ده‌ستی پێ‌کرد و،وا وێده‌چوو ئه‌ڕته‌ش له بیانوو گه‌ڕا بێ و چاوەڕوانی هۆیه‌کی ڕاسته‌وخۆی کرد بێ بۆ سزا دانی عه‌شیره‌ته‌کان. ڕۆژێک له مانگی مارسی 1937، پردێکی چرپی که له شوێنێکی ستراتێژێک بوو سووتێندرا و چه‌ند هێڵی ته‌له‌فون هه‌ڵپسێندرا. بۆ ئه‌و کاره ئه‌ڕته‌ش گومانی له سه‌ید ڕزا دەکرد و ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی کەسەر بە وی بوون. ڕه‌نگه ئه‌ڕته‌ش پێی وابووبێ ئه‌وه سه‌ره‌تای ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه چاوه‌ڕوانکراوه‌یه که پێی وا بوو ده‌قه‌ومێ. سه‌رچاوه‌یه‌کی تورک باسی ئه‌وه ده‌کا هه‌ر هاوکات له گه‌ڵ ئه‌و ڕووداوه له شوێنێکی دیکه‌ی کوردستانیش ڕووداوێکی پچووک قه‌وماوه و ده‌ڵێ ئه‌وه نیشانه‌ی هاوسه‌نگییه له نێوان ناسیۆنالیسته کورده‌کان دا.7
به‌ڵام مێژووی ڕه‌سمی ئه‌و به‌ربه‌ره‌کانییه نیزامییه، ئه‌و ڕووداوه ته‌نێ به شتێکی ناوچه‌یی باس ده‌کا و ئاماژه به پێوه‌ندییه‌ک له نێوان ئه‌و دوو ڕووداوانه دا ناکا.8 به ئاوڕدانه‌وه له ڕابردوو، زه‌حمه‌ته زبروزه‌نگیی نێوکۆیی عه‌شیره‌تی له سه‌رهه‌ڵدانێکی به ئانقه‌ست به دژی ده‌وڵه‌ت بکرێته‌وه. سه‌رچاوه‌یه‌کی لایه‌نگری تورک له ڕاستییدا ده‌ڵێ که گومان و دڕدۆنگی له سه‌ید ڕزا له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بێزاری ده‌ربڕین و مه‌حکووم کردنانه‌ی بوو که دۆژمنه‌کانی خۆجێیی وی له ئاست وی کردیان.9
هه‌ر چۆنێک بێ، ئه‌ڕته‌ش سۆنگه‌ی ده‌ست که‌وت بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی خۆی. یه‌که‌م ده‌سته له‌و سه‌ربازانه‌ی که ناردران بۆ گرتنی گومان‌لێکراوان، له لایه‌ن عه‌شیره‌تی چه‌کداره‌وه پێشیان پێ گیرا. ئه‌و تێکهه‌ڵچوونانه زۆر زوو گه‌وره‌تر بوونه‌وه. ئه‌و کاته‌ی که عه‌شیره‌ته‌کان ده‌ستیان له‌وه گێڕاوه ڕێبه‌رانی خۆیان ڕاده‌ست بکه‌ن، هێڕشێکی گه‌وره ده‌ستی پێ‌کرد. عه‌مه‌لییاتی نیزامی بۆ مه‌هار کردنی هه‌رێمه‌که له گشت هاوینی ساڵی 1937 دا به‌رده‌وام بوو. له مانگی سێپتا‌مبر، سه‌ید ڕزا و هاوکاره هه‌ره نیزیکه‌کانی خۆیان ڕاده‌ست کرد، به‌ڵام له به‌هاری دواییدا عه‌مه‌لییاته‌کان ده‌ست پێکرانه‌وه، ته‌نانه‌ت به هێزی گه‌وره‌تره‌وه. ئه‌و عه‌مه‌لییاتانه ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی نه‌دیتراو به زه‌برو زه‌نگ و بێ به‌زه‌ییانه بووبن.
چه‌ند ڕیوایەتی که سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌کان به‌ده‌سته‌وه‌ن به پێویستی لایه‌نگرانه نووسراون. کتێبێکی گرینگ له لایه‌ن پیاوێکی خه‌ڵکی ناوچه‌که نووسراوه،دوکتووری به‌یتار و چالاکی ناسیۆنالیست نووری ده‌رسیمی،که له قۆناخه به‌راییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانه‌که دا به‌شداری کرد بوو و، ژماره‌یه‌کی زۆر له خزم و که‌سوکاری خۆی له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌ڕته‌ش دا له کیس دا.
ئه‌و کتێبه که ئه‌و چارده ساڵ دواتر له تاراوگه‌ی سوورییه بڵاوی کرده‌وه به‌ڕاشکاوی به ڕه‌نگ و بۆنی باوه‌ڕی ناسیۆنالیستی وی خه‌مڵاوه و ڕه‌نگه هێندێک ڕاستکردنه‌وه‌ی ڕواڵه‌تی تێدابێ، به‌ڵام له سه‌ریه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی باوه‌رپێکراوه.کاری هه‌ره‌باش ئه‌وه‌یه لێره دا چه‌ند بڕگه‌یه‌ک له قسه‌کانی وه‌کوو خۆی بگێڕمه‌وه.
کاتێک سه‌ربازانی تورک ده‌ستیان کرد به سه‌رکوتکردنی عه‌شیره‌ته سه‌رهه‌ڵداوەکان، پیاوان ده‌ستیان ده‌کرده‌وه، به‌ڵام ژن و منداڵ چوون و خۆیان ده ئه‌شکه‌وتی قوول دا شارده‌وه. ده‌رسیمی ده‌نووسێ: ” به هه‌زاران له‌و ژن و منداڵانه له نێو چوون، چونکه ئه‌ڕته‌ش زارکی ئه‌شکه‌وته‌کانی له سه‌ر سواغ دان. ئه‌و ئه‌شکه‌وتانه له نه‌خشه نیزامییه‌کانی ناوچه دا به ژماره دیاریی کراون. له زارکی ئه‌شکه‌وته‌کانی دی دا، نیزامییه‌کان ئاوریان کرده‌وه و ئهوانەی له ئه‌شکه‌وته‌کان دابوون به دووکه‌ڵی ئه‌و ئاورانه خنکان. ئه‌وانه‌ی حه‌ولیان دا له ئه‌شکه‌وته‌کانه‌وه خۆیان ڕزگار که‌ن له ده‌رێ به سه‌رنێزان ساردیان کردنه‌وه. ژماره‌یه‌کی زۆر له ژنان و کچانی سه‌ر به عه‌شیره‌ته‌کانی قوره‌یشان و به‌ختیار [دوو عه‌شیره‌تی سه‌رهه‌ڵداو] بۆ ئه‌وه‌ی نه‌که‌ونه ده‌ست تورکه‌کان له سه‌ر ڕه‌وه‌زه به‌ردی به‌رزه‌وه خۆیان به‌رداوه نێو دۆڵی باریکی مونزوڕ و پارچیک.”11
کیرگان، عه‌شیره‌تێکی که خۆی بەدەست ئه‌ڕته‌شی تورکه‌وه دابوو و پێوه‌ندی له گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵداون پساند بوو،به‌هیچجۆر نه‌که‌وته به‌ر به‌زه‌یی و لێبوردنی ئەرتەش:” له‌به‌رئه‌وه‌ی کیرگانه‌کان باوه‌ڕیان به تورکه‌کان کرد و له گونده‌کاندا مانه‌وه، به‌ڵام به‌ختیاره سه‌رهه‌ڵداوه‌کان له گونده‌کان کشانه‌وه.کیرگانه‌کان له به‌ر ئه‌وه‌ی مابوونه‌وه له نێو چوون.سه‌رۆکه‌کانیان له پێشدا ئه‌شکه‌نجه کران و دوایه ته‌قه‌یان لێ کردن و کوشتیانن. گشت ئه‌و که‌سانه‌ی حه‌ولیان دا خۆیان ڕزگار که‌ن یان داڵده‌یان برده به‌ر ئه‌ڕته‌ش گیران.پیاوه‌کان ده‌ستبه‌جێ کووژران و ژنان و منداڵانیشیان ده کادێنان کرد و به زیندوویی ئاوریان تێبه‌ردان.” 12
کاتێک زستان به‌سه‌ر داهات و ئیدی ئه‌ڕته‌ش نه‌یده‌توانی درێژه به عه‌مه‌لییات بدا،ئاگربه‌سێکی ڕاگه‌یاند و پێشنیازی چاره‌سه‌رییه‌کی ئاشتییانه‌ی به سه‌رهه‌ڵداوان کرد، به‌ڵێنی دا خۆی له عه‌شیره‌ته‌کانی دیکه نه‌گه‌یێنێ و ئه‌و خه‌سار و سه‌دەمانەش که گه‌یاندوویه‌تی قه‌ره‌بوو بکاته‌وه.13 ئه‌و به‌ڵێنانه بووه هۆی هه‌ڵفریواندنی سه‌رۆکی سه‌رهه‌ڵداوان سه‌ید ڕزا و به‌فێڵ هێنایانه نێو شاری ئه‌رزینجان ( که ئه‌و قایممقامه‌که‌ی ئه‌وێی ده‌ناسی و باوه‌ڕی پێ ده‌کرد). سه‌ید ڕزا بۆخۆی و په‌نجا پیاوی که له گه‌ڵی هاتبوونه نێو شاری گێران. خێرا محاکه‌مه کران و یازده که‌سیان، سه‌ید ڕزاش ده‌ناویان دا ده‌ستبه‌جێ ئێعدام کران.14
له به‌هاری ساڵی 1938 ته‌نانه‌ت به شێوه‌کی به‌ربڵاوتر ده‌ستکراوه به عه‌مه‌لییاته نیزامییه‌کان.عه‌شیره‌ته‌کانی قه‌ره‌باڵ،فه‌رهاد و پیلڤانک، که خۆیان به ده‌سته‌وه دابوو، قه‌ڵاچۆ کران. ژنان و منداڵانی ئه‌و عه‌شیره‌تانه له کادێنان کران و به زیندوویی ئاوریان تێبه‌ردرا.پیاوان و ژنانی عه‌شیره‌ته‌کانی پیلڤانک و ئاشاغی عه‌بباس، که هه‌میشه به حکوومه‌ت وه‌فادار ببوون له دۆڵه‌کانی ئین و ئینجیگا له ریز دران و کووژران. ژنان و کچانی گوندی ئیرگان گیران، نه‌وتیان به سه‌ر دا کردن و ئاوریان تێبه‌ردان.خه‌چ، گوندی سه‌ره‌کی عه‌شیره‌تی شێخ محه‌مه‌دان، که خۆی ته‌سلیم کرد بوو، به شه‌و هێرش کرایە سه‌ری و هه‌موو دانیشتووانی به ئاوری موسه‌لسه‌ل و تۆپخانه کووژران. خه‌ڵکی هۆزات و عه‌شیره‌تی قه‌ره‌جا،پیاو،ژن و منداڵان،هێنرانه نیزیک ئۆردووگه‌یه‌کی نیزامی له ده‌ره‌وه‌ی هۆزات و له‌وێ وه‌به‌ر موسه‌لسه‌لانیان دان.(…) به هه‌زاران ژن و کچ خۆیان هاویشته نێو چۆمی مونزوڕ.(…) هه‌موو ناوچه‌که له به‌ر ئاوری تۆپخانه و بۆمبارانی هه‌وایی به گازی ژاراوی مژێکی ئه‌ستوور دایپۆشیبوو (…) ته‌نانه‌ت ئه‌و لاوانه‌ی خه‌ڵکی ده‌رسیمیش که له ئه‌ڕته‌شی تورک دا خه‌ریکی خزمه‌تی سه‌ربازی بوون له هه‌نگه‌کانیان جوێ کرانه‌وه و تیره‌باران کران.
کوردێکی ناسیۆنالیستی دیکه‌ی خه‌ڵکی ده‌رسیم، سه‌عید قرمزی تۆپراک،له ساڵی 1970 به نێوی خواسته‌مه‌نی دوکتور شڤان مێژویه‌کی بزووتنه‌وه‌ی کوردی بڵاو کرده‌وه که چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی ته‌رخان کردووه بۆ باسی کوشتاره‌کانی ده‌رسیم.16
ئه‌گه‌رچی ئه‌و له‌و بواره دا به ئاشکرایی قه‌رزداری ده‌رسیمی یه، به‌ڵام چه‌ند زانیارییه‌کی له سه‌رچاوه‌ی زاره‌کییه‌وه زیاد کردووه. سه‌باره‌ت به به‌ربه‌ره‌کانی ساڵی 1938 ئه‌و ده‌نووسێ: (وه‌رگێڕانی ئازادی من)
” له به‌هاری ساڵی 1938 دا حکوومه‌ت لێخۆشبوونی ڕاگه‌یاند بۆ گشت ئه‌و که‌سانه‌ی چه‌که‌کانیان دانێن و تەسلیمیان کەن.عه‌شیره‌ته‌کانی قه‌ره‌باڵ، فه‌رهاد،پیلڤانک،شیخ محه‌مه‌دان و قه‌ره‌جا ، که به ده‌م ئه‌و بانگه‌وازه‌وه چوون، به ته‌واوی قه‌ڵاچۆ کران. له قوناخێکی دواتر دا ئه‌وان زۆربه‌ی ئه‌ندامانی عه‌شیره‌تی قوره‌یشانی ناوچه‌ی مازگیرت، عه‌شیره‌ته‌کانی یۆسفان و به‌ختیار، به بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له ژنان، پیره‌پیاوان و منداڵان بپارێزن هه‌موویان به کۆمه‌ڵ کوشتن، زۆریان به‌سه‌رنێزه. به‌ره‌و کۆتاییه‌کانی هاوین عه‌شیره‌ته‌کانی هۆرمه‌کان،قوڕه‌یشان و ئاڵان ی ناوچه‌ی نازیمییه و، به‌شێک له عه‌شیره‌تی بامه‌سوورانی مازگیرتیش به بۆمبی گازی ژاراوی و به سه‌رنێزه قه‌ڵاچۆ کران. نه‌وتیان به مه‌یته‌کانیان دا کرد و ئاوریان تێبه‌ردان.” 17
ئه‌و به‌سه‌رهاتانه، گه‌رچی له‌وانه‌یه به نامومکین وه‌به‌رچاو بێن، به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر به ئه‌و به‌ڵگه‌نامه ڕه‌سمییانه‌ی که سه‌باره‌ت به مێژووی نێزامی به‌ربه‌ره‌کانییه‌که بڵاو کراونه‌ته‌وه ته‌سدیق ده‌کرێن.18 ته‌نێ ئه‌و ئیدیعایه‌ی له‌مه‌ر به‌کارهێنانی گازی ژاراوی به ده‌ست ئه‌ڕته‌ش له هێرشه‌که‌ی ساڵی 1938 دا که هه‌م ده‌رسیمی و هه‌م شڤان باسیان لێوه کردووه، ئەو به‌ڵگانه له دوویان ناده‌ن. ڕاپۆرته‌کان له چه‌ندین جێگا دا ئاماژه به گرتنی ژنان و منداڵان ده‌که‌ن، به‌ڵام له شوێنی دیکه ئێمه سه‌باره‌ت به کوشتنی بێ جیاوازی ئینسان و ئاژه‌ڵان ده‌خوێنینه‌وه.
راپۆرته ڕه‌سمییه‌کان به شانازیی پیشه‌ییه‌وه باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که چه‌نده “جه‌رده” و که‌سوکاریان “قه‌ڵاچۆ کراون” و ، چه‌ند گوند و مه‌زرا ئاوریان تێبه‌ردراوه. ئه‌و ده‌ستانه‌ی له ئه‌شکه‌وته‌کاندا خۆیان شاردبووه‌وه هه‌موویان له نێو چوون، له ڕاپۆرته‌کان دا ژماره‌ی کووژراونیش باس ده‌کرێ ( له هێندێک تێکهه‌ڵچوون دا ژماره‌ی 76 که‌س به ته‌واوی باس ده‌کرێ ، له ڕاپۆرتی دیکه دا هاتووه”گشت ده‌سته و دایه‌ره‌ی عه‌شیره‌تی حه‌یده‌ران و به‌شێک له عه‌شیره‌تی ده‌مه‌نان کووژران”) و ئه‌وه ده‌گاته ژماره‌یه‌ک له نێوان سێ تا حه‌وت هه‌زار که‌س، له هه‌مان کات دا ڕاپۆرته‌کان باسی وێران کردنی به ده‌یان گوند ده‌که‌ن. ته‌نێ له حه‌ڤده ڕۆژی په‌لاماری 1938 دا باسی کووژران یان به زیندویی گیرانی 7954 که‌س ده‌کرێ ؛ 19 به گردبڕی ئه‌وانه‌ی به زیندوویی
گیراون که‌مایه‌تی بوون. جا، به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته ڕه‌سمییانه، به ته‌خمین نیزیکه‌ی له سه‌د دا 10ی گشت دانیشتوانی تونجه‌لی کووژراون. به‌ڵام کورده‌کان ده‌ڵێن ژماره‌ی کووژراو و خه‌ساریان زۆر له‌وه زیاتر بووه.
جێنۆساید یان ئێتنۆساید؟
بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا کوشتاره‌که‌ی ده‌رسیم به‌ربڵاو، بێ ده‌ست پاراستن و ئه‌و په‌ڕی دڕندانه و بێ به‌زه‌ییانه بووه، به‌ڵام داخودا ده‌کرێ نێوی بندرێ جێنۆساید؟ داخودا ئه‌و کوشتاره ” به مه‌به‌ستی ئه‌وه کرا گشت کورده‌کان به ته‌واوی یان به‌شێک له‌وان قه‌ڵاچۆ بکرێن ( یان ته‌نێ ئامانج له نێو بردنی خه‌ڵکی ده‌رسیم بوو) “وه‌ک خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه؟ یان ئه‌وه ته‌نێ سه‌رکوتکردنی سه‌رهه‌ڵدانێکی چه‌کدارانه بوو،به کوشتنی خه‌ڵکێکی له ڕاده‌به‌ده‌ر؟ ئه‌من حه‌ول ده‌ده‌م بیسه‌لمێنم هیچکامیان نه‌بوو. هیچکات سیاسه‌تێکی ئاوا له گۆڕێ دا نه‌بوو کورده‌کان به پانه‌وه یان به‌شێکیان وه‌ک کورد له‌نێوببردرێن و ڕیشه‌کێش بکرێن. به‌ڵام، له به‌ربه‌ره‌کانی ده‌رسیم دا،مه‌به‌ستێکی به ئانقه‌سته هه‌بوو که سه‌رهه‌ڵداوان و سه‌رهه‌ڵداوانی توانایه‌کی قه‌ڵاچۆ بکرێن و، ئه‌وه به‌شێک بوو له سیاسه‌تێکی گشتی له ئاست کورده‌کان وه‌ک کورد، جا ئه‌و سیاسه‌ته زۆر به‌جێتره وه‌ک ئێتنۆساید نێو زهد بکرێ، واته تێکدانی ناسێنه‌ی ئێتنیکیی کورد.
مه‌به‌ستی به ئانقه‌ست له نێوبردن ده‌کرێ به‌و زمانه‌ی بزاندرێ که له بڕیارنامه‌ی نهێنی شووڕای وه‌زیران دا به‌کار هاتووه له مه‌ڕ له‌شکرکێشی ته‌نبێ کردنی ده‌رسیم. ئه‌و بڕیاره له 4ی مانگی مه‌ی 1937 ده‌رچووه. 20 ئه‌و بڕیاره پێشبینی ده‌کا چاره‌سه‌رییه‌ک بێ بۆ کۆتایی هێنان به سه‌رهه‌ڵدانه به‌رده‌وامه‌کان له ده‌رسیم. بڕیاره‌که ده‌ڵێ: ” ئه‌و جار خه‌ڵک له ناوچه سه‌رهه‌ڵداوه‌کان ده‌گیرێن و دوور ده‌خرێنه‌وه.” به‌ڵام هه‌ر له‌و بڕیارنامه‌یه دا فه‌رمان ده‌دا به ئه‌ڕته‌ش ” هه‌ر له‌جێدا ئه‌وانه‌ی چه‌کیان به‌کارهێناوه یان هێشتا به‌کاری ده‌هێنن بۆ هه‌میشه به چۆک دابهێنن و به سه‌ریانه‌وه مه‌چن، گونده‌کانیان بڕووخێنن و بنه‌ماڵه‌کانیان ڕاگوێزن”. به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که ده‌زاندرا له ده‌رسیم هه‌موو پیاوان چه‌ک هه‌ڵده‌گرن،نێوه‌رۆکی ئه‌و فه‌رمانه به کورتی یانی هه‌موو پیاوه‌کان له ناوچه‌که‌دا بکووژن.
له سه‌رچاوه ڕه‌سمییه‌کان ڕا ده‌ستبه‌جێ به ئاشکرایی ده‌رناکه‌وێ که به‌ربه‌ره‌کانی ده‌رسیم ڕاسته‌وڕاست به دژی کورده‌کان وه‌ک کورد بووبێ.ناڕاسته‌وخۆ و به‌سه‌رداگیراوی باسی کورده‌کان ده‌کرێ، چونکه تا ئه‌و ده‌می ئیدی کورده‌کان وه‌ک نه‌بوو داندرابوون. ڕاپۆرته نیزامییه‌کان به گشت خه‌ڵکی ده‌رسیم بێ هه‌ڵاواردن ده‌ڵێن جه‌رده (هایدوت). به‌ڵام وه‌زیری کاروباری نێوخۆ، شوکرو کایا، به پێویستی زانیبوو که زانیاری بدا به مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی و له‌وێ وه‌ک “تورکانی ڕه‌سه‌ن” باسی خه‌ڵکی ده‌رسیم بکا و به‌و شێوه‌یه به ئاشکرایی پێ له ڕه‌هه‌ندی ئێتنیکی له باسکردن نه‌شیاوی مه‌سه‌له‌ی ده‌رسیم بنێ.21 هه‌ڵبه‌ت کێشه‌که له‌وه‌دا بوو که زۆربه‌ی خه‌ڵکی ده‌رسیم هێشتا به تورک بوونی خۆیان نه‌زانیبوو. زۆر له خه‌ڵک یه‌ک ووشه‌ی تورکێشیان نه‌ده‌زانی و، کاربه‌ده‌ستان ده‌بوو به ڕێگای دیلمانجه‌وه قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن؛ 22 فڕۆکه‌کان ” به زمانی ناوچه ” ئاگه‌هییان بڵاو ده‌کردوه.23
ده‌رسیمی و شڤان ، که هه‌ر دووکیان خه‌ڵکی ده‌رسیم بوون، له نووسینه‌کانیان دا حه‌وڵێکی زۆر ده‌ده‌ن بیسه‌لمێنن سه‌رهه‌ڵدانی ده‌رسیم ده ڕاستیدا سه‌رهه‌ڵدانێکی ناسیۆنالستی کوردی بووه و، هۆی ئه‌و دڕنده‌ییه‌ش که له‌و به‌ڕبه‌ره‌کانییه دا ده‌کار کرا له به‌ر ئه‌وه بووه. به‌ڵام وا وێده‌چێ ئه‌وان زۆر زیاتر له‌وه‌ی که بووه هه‌ست و سۆزی خۆیان وه‌ک بۆچوونی سه‌رهه‌ڵداوه‌کان نیشان ده‌ده‌ن، که به پێی به‌رژه‌وه‌ندی و وه‌فاداری زۆر به‌رته‌نگتر ده‌جووڵانه‌وه هه‌تا ئه‌وه‌ی ئیدێئالی به‌رزی نه‌ته‌وه‌ییان ده مێشکی دابێ. وا وێده‌چێ ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م ووڵام و کاردانه‌وه‌یه‌ک بوو بێ له ئاست ده‌ستێوه‌ردانی حکوومه‌ت له کاروباری عه‌شیره‌ته‌کان دا و خۆڕاگری له ئاست ئه‌وه‌ی دا که حکوومه‌ت به ” ئه‌رکی موته‌مه‌دین کردن”ی خۆی داده‌نا.
ڕێژیم ئه‌و ئه‌رکه‌ی خۆی – که زۆر به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانه‌که ده‌ستی پێ‌کردبوو – به خه‌باتێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌زانی به دژی دواکه‌وتوویی و زۆرداری له خه‌ڵک به دست ئاغا فێئۆداله‌کان، سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان و ، ڕێبه‌رانی کۆنه‌په‌رستی دینی. چاوه‌دێرێکی نیزیک له کۆڕوکۆمه‌ڵی حکوومه‌ت،ماوه‌یه‌کی کورت له دوای کۆتایی هێنان به سه‌رهه‌ڵدانی ده‌رسیم، به زه‌وق وجۆشه‌وه سه‌باره‌ت به کاردانه‌وه‌ی موته‌مه‌دین کردنی ئه‌و به‌ربه‌ره‌کانییه ده‌نووسێ:
” سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان، ڕێبه‌ره نگریسه دینییه‌کان و هاوکاره‌کانیان گیراون و دوورخراونه‌ته‌وه بۆ ڕۆژئاوا، عه‌مه‌لییاته سه‌رکه‌وتووه‌کانی ئه‌ڕته‌ش بۆ هه‌میشه ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جووڵانه‌ویه‌کی جه‌رده و ڕێگرانی له تونجه‌لی له داهاتوو دا له ریشه ده‌رهێنا.ئیدی له ئێستاوه ده‌رسیم شوێنێکی ڕزگارکراو و هێمنه. هیچ جێیه‌ک له ناوچه‌ی ده‌رسیم نه‌ماوه که ئه‌رته‌ش پێی تێ نه‌نابێ و له وێ ئه‌فسه‌ران و فه‌رمانده‌ران ژێری و توانایی خۆیان به‌کار نه‌هێنابێ. ئه‌رته‌ش به ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌رکه مه‌زنه جارێکی دیکه‌ش پێزانی و سپاسی هه‌تاهه‌تایی نه‌ته‌وه‌ی تورکی کرده ئی خۆی.24
له‌گه‌ڵ ئه‌وقسانه‌ش، به کرده‌وه،چه‌قی حه‌ولی حکوومه‌ت ، له‌وانه عه‌مه‌لییاته‌کانی له ده‌رسیم، وه‌نه‌بێ هێنده‌ش به دژی “فئۆدالیزم” و پاشکه‌وتوویی بووبێ به‌ڵکوو زیاتر به دژی ناسێنه‌ی ئێتنیکی کورد بوو. به‌ربه‌ره‌کانی بێ به‌زییانه‌ی ده‌رسیم لووتکه‌ی زنجیره‌یه‌ک له‌و هه‌نگاوانه بوون که بۆ به زۆرملێ تواندنه‌وه‌ی کورده‌کان هەڵهێندرانەوە ، هه‌ر وه‌ک ئێستا له خواره‌وه نیشانی ده‌ده‌م .
سیاسه‌ته‌کانی تورکییەی کۆماری سه‌باره‌ت به کورد
تورکییه‌ی کۆماری ، که له ساڵی 1923 ڕاگه‌یێندرا، هه‌بوونی خۆی قه‌رزداری شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی خوازییه،که ئاتاتورک و هاوکاره‌کانی به دژی ئه‌و نه‌ته‌وانه کردیان که داوای به‌شیان ده‌کرد له خاک و که‌وشه‌نی پێشووی عوسمانی به دوای شه‌ڕی هه‌وه‌ڵێی جیهانی دا و بریتی بوون له یۆنانییه‌کان، هه‌رمه‌نییه‌کان، فه‌ڕانسه‌ییه‌کان و ئیتالیاییه‌کان. “میساقێکی میللی” چوارچێوه‌ی ئه‌و خاک و که‌وشه‌نه‌ی دیاری کرد که بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازی شه‌رێ بۆ ده‌کرد وه‌ک خاكی پێشووی عوسمانی که موسووڵمانه نا عه‌ڕه‌به‌کان تێیاندا ده‌ژیان – به ووته‌یه‌کی دی، تورکه‌کان و کورده‌کان، چونکه ئه‌وانه بریتی بوون له گرووپی سه‌ره‌کی موسوڵمانی ناعه‌ڕه‌ب له ئیمپراتۆرییه‌که دا. کورده‌کان له‌و خه‌باته دا شان به شانی تورکه‌کان به‌شدار بوون، له ڕاستیدا ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌که زۆر جار باسی برایه‌تی تورک- کورد یان ده‌کرد و ، ده‌یانگوت ده‌وڵەتی تازه له تورکان و کوردان پێک هاتووه. له مانگی ژانڤییه‌ی ساڵی 1923، مسته‌فا که‌ماڵ هێشتا باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که ده‌کرێ ئۆتۆنۆمییه‌کی ناوچه‌یی هه‌بێ بۆ ئه‌و مه‌ڵبه‌ندانه‌ی کورده‌کانی تێدا ده‌ژیان،25 به‌ڵام سیاسه‌ته‌کانی وی زۆر به‌خێرایی گۆڕان.هه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌کۆماری تازه نێو نرا ” تورکییه” ( ئەو ووشەیە لە زمانه ئوڕووپاییه‌کان قه‌رز کرا) نیشانه‌ی ئه‌وه بوو که هێندێک له هاو ووڵاتییان له وانی دیکه یه‌کسانتر ده‌بن.26
نوخبه‌کانی کۆماری نوێ، به ووردی ده‌یانه‌ویست ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی به زه‌حمه‌ت وه‌ده‌ستیان هێنابوو بپارێزن،لەمه‌ر هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاک و پیلانی ئیمپریالیستی بۆ چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌کی دڕدۆنگ بوون. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه کورده‌کان به مه‌ترسییه‌کی جیدی داده‌ندران. بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیی خوازی کوردی هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی لاواز بوو و، له سه‌ره‌تاوه بریتانیاییه‌کان هێندێکیان ده‌ست به پشتی دا هێنا بوو. له ماوه‌ی شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی خوازی دا، بانگه‌وازی یه‌کێتیی موسوڵمانان، ده نێو کورده‌کان دا زۆر زیاتر له بانگه‌شه‌ی ناسیۆنالیستی کوردی ده‌نگی ده‌داوه و کاریگه‌رتر بوو، به‌ڵام کاتێک تورکییه به‌ره‌و سکولاریزم چوو، ئیدی بناخه‌ی ئه‌و یه‌کێتییه له‌ق بوو و نه‌ما. که‌ماڵیسته‌کان حه‌ولیان دا جێگای ئیسلام وه‌کوو هۆکارێکی یه‌کێتی به ناسیۆنالیزمێکی شێوازی تورکییه پڕ بکه‌نه‌وه. به کردنی ئه‌وه، ئه‌وان بوونه هۆی وورووژانی ناسیۆنالیزمی کوردی هه‌ر ئه‌وه‌ی که لێی ده‌ترسان.
هێندێک له‌و سیاسه‌تانه بووه هۆی ساز بوونی ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره ده نێو کۆڕوکۆمه‌ڵی به‌ربڵاوتر دا و نه‌ک ته‌نێ هه‌ر ده نێو ناسیونالیسته کورده به‌رعۆده‌کان دا. له شه‌ڕی جیهانی دا، ژماره‌یه‌کی زۆر و زه‌وه‌ندی کورد ڕایان کرد بۆ ڕۆژئاوای تورکییه ئه‌و ده‌مه‌ی له‌شکره‌کانی ڕووسییه ئانادۆڵی ڕۆژهه‌ڵاتیان داگیر کرد. هه‌ر له به‌راییه‌کانی ساڵی 1919 دا حکوومه‌ت بڕیاری دا کورده‌کان به ئه‌ستانه‌کانی ڕۆژئاوا دا بڵاو بکاته‌وه، له ده‌سته‌ی ئاوا دا که هه‌ر کامه‌یان له سێ سه‌د که‌س زیاتر نه‌بن و، له هیچ شوێنێک ئه‌وان نه‌ده‌بوو ژماره‌یان له 5 له سه‌دی دانیشتووانی تێپه‌ڕێنێ، هێندێک له کورده‌کانی که پێیان خۆش بوو بگه‌ڕێنه‌وه کوردستان پێشیان پێ گیرا.27 له تورکییه‌ی تازه دا، گشت په‌روه‌رده‌ی مۆدێڕن ئیدی ده‌بوو به زمانی تورکی بێ؛ له‌وه‌ش زیاتر، مه‌درسه نه‌ریتییه ئیسلامییه‌کان له ساڵی 1924 داخران. ئه‌و دوو گۆڕانه ڕیشه‌ییانه به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رانه کورده‌کانی له ده‌ستراگه‌یشتن به خوێندن و په‌روه‌رده بێ به‌ش کرد. هه‌نگاوه‌کانی دیکه به‌ره‌و سکولاریزم ( هه‌ڵوه‌شاندنی خه‌لافه‌ت، داخستنی بنکه‌ی شێخولئیسلام و مه‌حکه‌مه دینییه‌کان؛ گشتیان له ساڵی 1924 دا) بووه هۆی تووڕه‌یی و بێزارییه‌کی زۆر له نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی موسوڵمان دا. ڕووناکبیرانی ناسیۆنالیستی کورد و ئه‌فسه‌رانی ناڕازی ئه‌ڕته‌ش له گه‌ڵ رێبه‌رانی دینی ناڕازی یه‌کیان گرت و ئه‌وه یه‌که‌م سه‌رهه‌ڵدانی گه‌وره‌ی کوردی لێ ساز بوو له ساڵی 1925 دا به سه‌رۆکایه‌تی شێخ سه‌عید.28
ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه به هێزێکی گه‌وره‌ی نیزامی تێک شکا و کپ کرا، ڕێبه‌رانی گیران و له سێداره دران و ، تۆڵه‌ی زۆر سه‌خت له‌و ناوچانه کراوه که به‌شدارییان له‌و ڕاپه‌ڕینه دا کرد بوو. به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌کی ناسیۆنالیستی کورد، عه‌مه‌لییاته نیزامییه‌کان بوونه هۆی تاڵان کردنی زیاتر له دوو سه‌د گوند و ڕووخاندنی زیاتر له هه‌شت هه‌زار ماڵ و کووژرانی پازده هه‌زار که‌س.29 سه‌رهه‌ڵدانی شێخ سه‌عید هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیدی نیزامی نه‌بوو له سه‌ر تورکییه، به‌ڵام نوخته وه‌رچه‌رخانێکه له مێژووی کۆمار دا. ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه ڕه‌وتی پێکهاتنی حکوومه‌تێکی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی خێراتر کرد و سیاسه‌تی ئه‌وتۆی هه‌ڵخسته‌وه که به ئانقه‌سته ئامانجی له نێوبردن و ڕیشه‌کێش کردنی ئێتنیسیته‌ی کورد بوو. هه‌ر ده‌ستبه‌جێ له دوای ده‌ستپێکردنی سه‌رهه‌ڵدانه‌که، فه‌تحی ئۆکیار که به‌ڕێژە سه‌رۆکوه‌زیرێکی لیبێراڵ بوو له سه‌ر کار لا درا و عیسمه‌ت ئینوێنووی زاڵم جێی گرته‌وه. ئینوێنوو له دیاریکردنی هه‌ڵوێستی خۆی له ئاست کورده‌کان دا به ئاشکرایی ڕایگه‌یاند، ” ئێمه به ئاشکرایی ناسیۆنالیستین. ناسیۆنالیسم ته‌نیا دۆزێکه ئێمه به‌ده‌وری یه‌ک دا ده‌هێڵێته‌وه. جگه له زۆربه‌ی تورک، هیچ کام له تۆوه‌کانی [ ئێتنیکه‌کان] دیکه نابێ چ شوێنێکیان هه‌بێ. ئێمه، به هه‌ر نرخێک ده‌بێ بڵاببێ، گشت ئه‌وانه‌ی له ووڵاتی ئێمه دا ده‌ژین ده‌که‌ین به تورک و، ئه‌وانه‌ش له نێو ده‌به‌ین که به خۆ ده‌په‌ڕموون له ئاست تورک و ووڵاتی تورکان سه‌ر هه‌ڵێنن.”30
به دوای ئه‌وه دا چه‌ندین سه‌رهه‌ڵدانی ناوچه‌یی دیکه‌ش کران، ئه‌وی هه‌ره گه‌وره‌یان له نێوان ساڵانی 30-1928 له ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری چیای ئاگری کرا. ئه‌وه له نێو سه‌رهه‌ڵدانه‌کان دا نێوه‌رۆکی له هه‌موان ناسیۆنالیستی تر بوو و له لایه‌ن پارتییه‌کی سیاسیی کوردی که له تاراوگه بوو ڕێک خرا و هاوسه‌نگی تێدا پێک هات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له گشت ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانانه دا عه‌شیره‌ته‌کان ده‌ورێکی سه‌ره‌کییان گێڕا و، له ژێر سه‌رۆکایه‌تی ئاغاکانیان (سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان) دا ده‌جووڵانه‌وه و ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانانه جار جاریش له لایه‌ن شێخه‌کان، ڕێبه‌رانی دینییه‌وه ڕێک ده‌خران که ده‌سته‌ڵاتێکی به‌رفره‌وانیان هه‌بوو.
(ئه‌وه‌ش پاساوێک بوو ،بۆ جه‌خت کردنه‌وه‌ی وێژمانی گشتیی تورکی، له مه‌ڕ پێویستی هه‌ڵوه‌شاندنی “فێئۆدالیزم”،
“عه‌شیره‌تێتی” و کۆنه‌په‌رستیی دینی.) حکوومه‌ت، به تێگه‌یشتن له‌وه، ووڵامی ئه‌و ڕاستییه‌ی به ئێعدامی هێندێک له شێخه‌خان و ئاغاکان داوه و ئه‌وانیدیشی له عه‌شیره‌ته‌کانیان جوێ کرده‌وه و دووری خستنه‌وه بۆ به‌شه‌کانی دیکه‌ی ووڵات. هێندێک له عه‌شیره‌ته‌کان ( به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له سه‌رهه‌ڵدانی ئاگری دا به‌شدارییان کرد بوو) به پانه‌وه دوور خرانه‌وه و به ڕۆژئاوای تورکییه دا بڵاو کرانه‌وه.
یه‌که‌م دوورخستنه‌وه‌کان به ئاشکرایی تۆله‌سه‌ندنه‌وه بوون به دژی عه‌شیره‌ته سه‌رهه‌ڵداوه‌کان.له ساڵه‌کانی دواتر دا دوورخستنه‌وه‌کان بوون به به‌شێک له حه‌ولێکی پلان بۆ داڕێژراو به مه‌به‌ستی تواندنه‌وه‌ی کورده‌کان، به‌رنامه‌ی به تورک کردن که له لایه‌ن ئینوێنوو ڕاگه‌یێندرا زۆر به توندیی ده‌ستپێکرا. زمانی کوردی، جلوبه‌رگی کوردی،فۆلکلۆری کوردی، ته‌نانه‌ت ووشه‌ی ” کورد” یش قه‌ده‌غه کران. زانایان ده‌ستیان کرد به “پێ سه‌لماندن”ی ئه‌وه‌ی که ” عه‌شیره‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات” له بنه‌چه‌که‌ی خالیسی تورکن و، زمانه‌که‌یان تورکی یه، ئه‌گه‌رچی هێندێک شێواوه له به‌ر دراوسێ بوونیان له گەڵ ئێران. به‌و شێوه‌یه نێوی ” تورکی شاخاوی”یان به سه‌ر دا بڕین. پێویست به گوتن ناکا هیچ جێیه‌ک نه‌بوو بۆ بۆچوون و ده‌نگی دژ له ژیانی ئاکادێمی و گشتی دا. له‌و سه‌روبه‌ندی دا به پشتیوانی و پاڵپشتی حکوومه‌ت تێۆرییه‌کی مێژوویی دیکه‌ش پێش خرا که ده‌یگوت شارستانییه‌ته مه‌زنه‌کان – چین، هیندووستان، موسڵمان ته‌نانه‌ت میسری که‌ونارا و ئێتروسکان یش – ڕیشه‌یان تورکی یه. بۆیه به تورک کردن، ته‌نانه‌ت به زۆره‌ملێش وه‌ک پڕۆسه‌یه‌کی فێرە شارستانییه‌ت کردن ده‌ناساندرا. به‌ڵام قه‌تیان ئه‌و پرسیاره له خۆیان نه‌کرد که بۆ ووڵامه‌که‌ی تێدا ده‌مان باشه چ پێویست ده‌کا خه‌ڵک بکرێنه تورک له کاتێکدا که دەگوترێ ئه‌وان هه‌میشه تورک بوون.
جێگۆڕکێ کردنی به‌ربڵاو به دانیشتووان یه‌ک له‌و هه‌نگاوانه بوو که ده‌سته‌ڵاتداران هیوادار بوون یه‌کپارچه‌یی خاکی ووڵات به‌هێز بکا و پڕۆسه‌ی توانده‌وه خێراتر کا. کورده‌کان ده‌بوو بە پانەوە دوور بخرێنه‌وه بۆ ڕۆژئاوای تورکییه و لێک داببڕێن و بڵاو بکرێنه‌وه و تورکه‌کان لە زێد و واری ئەوان دامه‌زرێن. به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی هه‌ره گرینگ له‌مه‌ر سیاسه‌تی حکوومه‌ت، قانوونی دامه‌زراندنه‌وه و ماڵ دانانی ساڵی 1934، ته‌واو به ئاشکرایی نیشان ده‌دا به تورک کردن ئامانجی هه‌ره سه‌ره‌کی ئه‌و دامه‌زراندنه‌وه‌یه بووه. ئه‌و قانوونه سێ جۆره ناوچه‌ی لێ دامه‌زران (ه‌وه) ی دیاری کرد:
— یه‌کیان ئه‌و جۆره ناوچانه‌ی ” که چۆل کردنیان له ڕووی له‌شساخی، ئابووری،کولتووری، سیاسی و ئه‌منییه‌تییه‌وه له‌باره و به قازانجه و تێیاندا دامه‌زران و ماڵ دانان قه‌ده‌غه‌یه.”
— دووه‌م ئه‌و جۆره ناوچانه‌ی ” که بۆ ڕاگویێستن و دامه‌زراندنی ئه‌و جۆره دانیشتووانه له‌به‌رچاو گیراوه که تواندنه‌وه‌یان ده کولتووری تورکی دا له‌باره و به قازانجه،”
— و سێیه‌م ” ئه‌و شوێنانه‌ی که زیادکردنی دانیشتووانیان به کولتووری تورکی یه‌وه له‌بار و به قازانجه.”31
به گوتنێکی دی، هێندێک ناوچه‌ی کوردی ( که دوایه دیاری ده‌کران) ده‌بوو به ته‌واوی چۆڵ بکرێن و خه‌ڵکیان تێدا نه‌مێنێ. له کاتێکدا له ناوچه کوردییه‌کانی دیکه ده‌بوو تۆ‌و و ژماره‌ی کورده‌کان به تێوه‌هاتن و ماڵدانانی تورکه‌کان که‌م بکرێته‌وه.( و ڕه‌نگه به دوورخستنه‌وه‌ی کوردیی خۆجێیی). دوورخراوه‌کان ده‌بوو له ناوچه تورکی یه‌کان دامه‌زرێندرێن، له جێی ئاوا که بکرێ بتوێندرێنه‌وه.
مه‌به‌ستی تێکشکاندنی کۆمه‌ڵی کوردی به ڕێگای تواندنه‌وه‌ی خێراتری له چه‌ندین بڕگه‌ی قانوونه‌که دا به به‌ڵگه‌وه ده‌سه‌لمێ. بۆ نموونه، ماده‌ی 11، پێش به حه‌ولی خه‌ڵکی ناتورک ده‌گرێ بۆ پاراستنی کولتووری خۆیان به ڕێگای پاڵوێکدان له گوندی ئاوا دا که له ڕووی ئێتنیکییه‌وه یه‌کده‌ستن یان له یه‌کێتییه کرێکارییه‌کاندا. ” ئه‌وانه‌ی که زمانی دایکییان تورکی نییه رێگایان پێ نادری وه‌ک گرووپ دێیه‌کی تازه یان ناوچه‌یه‌کی تازه ئاوه‌دان که‌نه‌وه، یان کۆمه‌ڵه‌ی کرێکاری و پیشه‌یی دامه‌زرێنن و ، ئه‌و جۆره که‌سانه ڕێگایان پێ نادرێ له گوندێک، ناوچه‌یه‌ک، ده‌زگایه‌ک یان کارگه‌یه‌کدا جێگه بۆ که‌سانی سه‌ر به ڕه‌گه‌زی خۆیان بگرنه‌وه.” 32 به‌ئاشکرایی ئه‌وه زۆر له جیاوازیی له‌گه‌ڵ کردنێکی قانوونی زیاتره و ؛ قانوونی دامه‌زراندنه‌وه و ماڵ دانان چوارچێوه‌یه‌کی قانوونی بۆ جێنۆساید داده‌نێ.
له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و قانوونه‌یه که ده‌بێ دامرکاندنه‌وه و کپ کردنی ده‌نگی ده‌رسیم له به‌ر چاو بگیرێ. ده‌رسیم یه‌کێک له یه‌که‌م هه‌رێمه‌کان بوو که ده‌بوو ئه‌و قانوونه‌ی تێدا وه‌گه‌ڕ بکه‌وێ. ساڵێک له دوای قانوونی دامه‌زراندنه‌وه،له دێسامبری 1935
مه‌جلیسی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی قانوونێکی تایبه‌تی له سه‌ر ده‌رسیم په‌سند کرد. ناوچه‌که کرا به ئه‌ستانێکی جیاواز و خرا به‌ر ده‌ست فه‌رماندارێکی نیزامی، که ده‌سته‌لاتی نائاسایی درایه بۆ گرتن و دوورخستنه‌وه‌ی تاک وته‌را و خێزانان. وه‌زیری کاروباری نێوخۆی ئه‌و ده‌می ترکییه، شوکرو کایا، پێویستی هه‌بوونی ئه‌و قانوونه‌ی شی کرده‌وه به ئاماژه کردن به دواکه‌وتوویی و سه‌روه‌به‌رنه‌هێنانی عه‌شیره‌ته‌کانی. ناوچه‌که له هه‌لومه‌رجێکی بێ قانوونی دا ده‌ژیا، ئه‌وه‌ش له به‌ر نه‌زانی، و هه‌ژاری. عه‌شیره‌ته‌کان به پێی قانوونه عه‌شیره‌تییه دواکه‌وتووانه‌کانی خۆیان، هه‌موو جۆره کار‌و بارێکی قانوونی، مه‌ده‌نی و تاوانکارییان یه‌کلا ده‌کرده‌وه، بێ ئه‌وەی هیچ گوێ بده‌نه ده‌وڵه‌ت. وه‌زیره‌که ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی به نه‌خۆشییه‌ک دانا و ، لێی زیاد کرد که یازده به‌ربه‌رەکانی و هێرشی نیزامی پێشوو ، له کاتی ده‌سته‌ڵاتی ڕێژێمی کۆن دا ، نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ ئه‌و نه‌خۆشیه بدۆزێته‌وه. ئه‌و گوتی تیمار کردنێکی ڕیشه‌یی پێویسته و، ئه‌و قانوونه به‌شێکه له به‌رنامه‌یه‌کی چاکسازی ( ئه‌و جه‌ختی کرده‌وه به ” مێتۆدی شارستانیانه”) که کارێکی ئاوا ده‌کا ئه‌و خه‌ڵکه‌ش خێر و به‌ره‌که‌تی کۆماریان به‌ر بکه‌وێ.33
کینایه‌ی وه‌زیر له مه‌ڕ نه‌خۆشی و تیمار کردنی وا وێده‌چێ له ڕاپۆرتێک له مه‌ڕ ده‌رسیم وه‌رگیرابێ که ده ساڵ پێشتر بۆ هه‌مان وه‌زاڕه‌تخانه ئاماده کرا بوو. ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه له مێژووی ڕه‌سمی ئه‌و به‌ربه‌ره‌کانییه نیزامییه دا دیسان هاته‌وه گۆڕێ، وه‌کوو ڕێنوێنییه‌ک بۆ سیاسه‌تی نیزامی. نووسه‌ره‌که‌ی، حه‌مدی به‌گ، ده‌رسیمی نێو نا به ” کوانێک که ده‌بوو حکوومه‌تی کۆماری… عه‌مه‌لییاتی بکا بۆ ئه‌وه‌ی پێش به ئێش و ژانی خراپتر بگیرێ.” ئه‌و زۆر له شوکرو که‌یا ڕه‌پوڕووتر بوو سه‌باره‌ت به ناسازی ده‌رسیم : واته بووژانه‌وه‌ی ووشیاری له زێده‌ی ئێتنیکی کورد.34
تیمارکردنه‌که به کێشانی ڕێگاوبان و دروستکردنی پرد و ڕێباز و پاسگای پۆلیس و پێگه‌ی حکوومه‌ت له هه‌موو گوندێکی گه‌وره ده‌ستی پێ‌کرد.ئه‌و نائارامییه‌ی که له ئاکامی ئه‌و داسه‌پاندنه‌ی کۆنتڕۆڵی حکوومه‌ت دا سازبوو هۆیه‌کی ڕاسته‌وخۆ بوو بۆ به‌ربه‌ره‌کانی و ده‌نگ کپ کردنی ساڵانی 38 – 1937، که له هه‌مان کات دا ڕێگه‌ی خۆش کرد بۆ ئه‌نجامدانی یه‌که‌م دوورخستنه‌وه‌ی به‌ربڵاو به پێی قانوونی ساڵی 1934. 35 دوای ئه‌وه‌ی که سه‌رهه‌ڵدانی ده‌رسیم سه‌رکوت کرا، ئه‌و هه‌رێمانه‌ی دیکه‌ی کوردستان که له سه‌ره‌وه ڕا “موته‌مه‌دین کرابوون” زۆر چاک ده‌یانزانی مانای خۆڕاگری چییه.
ده‌زگای که‌ماڵیستی حه‌ولێکی زه‌به‌لاح بوو بۆ دروستکردنی دنیایه‌کی نوێ. مسته‌فا که‌ماڵ و هاوکاره‌کانی ده‌وڵه‌تێکی نوێی به‌هێزیان له سه‌ر وێرانه‌کانی ئیمپراتۆری عوسمانی، پیاوه نه‌خۆشه‌که‌ی ئوڕووپا دروست کرد بوو. به ڕێگای قه‌ده‌غه کردنی ڕێنووسی عه‌ڕه‌بی ئه‌وان هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌کی ڕابردوویان له نێو برد و ده‌ستیان کراوه بوو به‌و شێوه‌یه‌ی که خۆیان پێیان خۆش بوو سه‌ر له نوێ مێژوو بنووسنه‌وه . که‌ماڵیسته‌کان ده‌ستیان کرد به ساز کردنی ده‌وڵه‌تێکی مۆدێڕن، پێشکه‌وتوو و یه‌کپارچه له شوێنێک که پێشتر بریتی بوو له پینه‌پینه‌ی ناوچه‌ی کۆمه‌ڵگه‌گه‌لی ئێتنیکی. هه‌رچییه‌ک به‌وه داندرابا که یه‌کێتیی نه‌ته‌وه‌یی له‌ق ده‌کا، چ جیاوازی ئێتنیکی با یان جیاوازی چینایه‌تی، ده‌ستبه‌جێ نکووڵی لێ ده‌کرا و بێ به‌زه‌ییانه سه‌رکوت ده‌کرا. له چاو که‌ماڵیسته‌کاندا، ئه‌وه پڕۆسه‌یه‌کی ڕزگاری بوو، پێداگرییه‌ک له سه‌ر قه‌در وپله‌ی ئینسانی و یه‌کسانی .
مسته‌فا که‌ماڵ ڕایگه‌یاند، ” خه‌ڵکی ئانکارا، دیاربه‌کر،ترابزۆن و مه‌قدوونییه هه‌موویان منداڵی یه‌ک ڕه‌گه‌زن، ئه‌و جه‌واهێرانه‌ی که له یه‌ک به‌رد داتاشراون.” به‌ڵام ژیانی ڕاسته‌قینه زۆر که‌متر له‌وه یه‌کسانانه بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش، که‌سێک پێناسه‌که‌ی نیشان بدا که له تونجه‌لی له دایک بووه له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانه‌وه به دڕدۆنگی و بێزارییه‌وه هه‌ڵسوکه‌وتی له گه‌ڵ ده‌کرێ و ناتوانێ به هاسانی کار په‌یدا کا ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به ته‌واویش بووبێته تورک.36 قسه‌یه‌کی دیکه‌ی به نێوبانگی مسته‌فا که‌ماڵ ، که له‌سه‌ر دیواری خانووبه‌ره ڕه‌سمییه‌کان و په‌یکه‌ره‌کانی له هه‌موو ووڵات دا هه‌ڵکه‌ندراوه،بڕێک به توێکڵه” چه‌ند خۆشبه‌خته ئه‌وه‌ی به‌خۆی ده‌ڵێ تورک!” — واته ئه‌وانه‌ی وا به‌خۆیان ناڵێن وا نین. وه‌زیری داد مه‌حموود ئه‌سه‌د زۆر که‌متر به پێچ و په‌نا بوو و ڕه‌پوو ڕوو له ساڵی 1930 ڕایگه‌یاند،” تورکه‌کان ته‌نیا ئاغاکانی ئه‌م ووڵاته‌ن، ته‌نیا خاوه‌نی ئه‌م ووڵاته‌ن، ئه‌وانه‌ی که له بنه‌چه‌که‌ی پاکی تورک نه‌بن له‌م ووڵاته دا ته‌نیا یه‌ک مافیان هه‌یه، ئه‌ویش مافی خزمه‌تکار بوون، مافی کۆیله بوونه. با دۆست و دوژمن و ته‌نانه‌ت با چیاکانیش ئه‌و ڕاستییه بزانن!” 37
دوودڵی، یان ناکۆکی نێوخۆیی، که به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه له هه‌ڵوێستی که‌ماڵیستی سه‌باره‌ت به کورده‌کان بۆ ماوه‌ی نیو سه‌ده درێژه‌ی کێشا. چه‌مکی که‌ماڵیستی تورک بوون له سه‌ر بنه‌مای ناساندنی بیۆلۆژی ڕه‌گه‌ز نییه. هه‌موو که‌س له تورکییه ( ڕه‌نگه جیا له که‌مایه‌تییه مه‌سیحییه‌کان نه‌بێ) تورکه و، زۆر کورد هه‌ن که پله‌وپایه‌ی به‌رزی سیاسی‌یان وه‌ده‌ست هێناوه به وه‌خۆ کردنی ناسێنه‌ی تورک، هه‌م پرێزیدێنت تورگوت ئوێزاڵ و هه‌م ڕێبه‌ری ئۆپۆزیسیۆن ئه‌رداڵ ئینوێنوو (نیوه)ی ڕه‌چه‌ڵه‌کیان کوردییه، به‌ڵام هه‌ستێکی باڵاده‌ستی ڕه‌گه‌زیی تورکیش هه‌یه که جار و بار به دیار ده‌که‌وێ. ئه‌گه‌رچی ئه‌و بۆچوونانه دوولایه‌نه ناکۆکن،به‌ڵام له سه‌رکوتکردنی ئێتنیسیته‌ی کوردی دا هێزیان وه‌به‌ر یه‌کتری ناوه.
دێمۆکرات کردنی تورکییه، که له دوای شه‌ڕی دوویه‌می جیهانی ده‌ستی پێ‌کرد،بووژانه‌وه‌ی ووشیاری ئێتنیکی کوردی، په‌یدا بوون و جۆششی ڕادیکالیزمی چه‌پ ئاژۆیی و ڕاست ئاژۆیی له گه‌ڵ خۆی هێنا. کوده‌تا نیزامییه‌کانی ساڵانی 1960،1971 و، 1980 حه‌ولیان دا بۆ گێڕانه‌وه‌ی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی خالێسێتی که‌ماڵیستی و. ئه‌وه ئاکامی حه‌ولی تازه بوو بۆ تواندنه‌وه‌ی زۆر ملێی کورده‌کان. تونجه‌لی، ده‌رسیمی کۆن به‌شێکی زۆر له‌و زۆردارییه‌ی به‌ر که‌تووه. ئیدی چی دی ” حه‌شارگه‌ی نه‌زانی و عه‌شیره‌تگه‌ریی دواکه‌وتوو” نییه،له ماوه‌ی چه‌ندین ده ساڵی ڕابردوودا به نێوه‌ندی کۆمۆنیسم و پاشماوه‌ی کوردایه‌تی که ڕیشه‌ی داکوتاوه، داندراوه.
چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، پلانی تازه داندرا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێکی گه‌وره‌ی تونجه‌لی چۆڵ بکرێ و دانیشتووانی له ڕۆژئاوا دابمه‌زرێندرێن،به ڕواڵه‌ت به مه‌به‌ستی پاراستنی جه‌نگه‌ڵ و دارستان.38 زۆربه‌ی خه‌ڵکی ده‌رسیم ئێستا له تاراوگه ده‌ژین، یان له ڕۆژئاوای تورکییه یان له هه‌نده‌ران. شتێکی ئه‌تۆ له کولتووری جیاواز و تایبه‌تی ده‌رسیم نه‌ماوه‌ته‌وه.
په‌راوێزه‌کان
Ismail Beşikçi, Tunceli Kanunu (1935) ve Dersim Jenosidi [The 1935 law concerning Tunceli and the١.
genocide of Dersim] (Istanbul: Belge yayınları,1990).
٢ لە دوو دەقی ستاندارد دا تەنانەت بە تاقە ووشەیەکیش باسی ئەو ڕووداوانە نەکراوە. بڕوانە:
, Bernard Lewis, The Emergence
of Modern Turkey (London: Oxford University Press, 1968), and Stanford J. Shaw and Ezel Kural
Shaw, History of the Ottoman Empire and of Modern Turkey, vol. 2, The Rise of Modern Turkey 1808-
1975 (Cambridge: Cambridge University Press, 1977).
ئەو نووسەرە تورکانەی وا ئاماژەیان بە دەرسیم کردووە بەلایانەوە پەسندە کە کوشتارەکان داپۆشن.بۆیە، ژەنەڕاڵی خانەنشین موحسین باتور لە بیرەوەریەکانی دا دەڵێ ئەو وەک سیتوانێکی گەنج لە ساڵی ١٩٣٨ لە بەربەرەکانی دەرسیم دا بەشداری کردووە بەڵام دەست لەوە دەگێڕێتەوە قسە بدرکێنێ و دەنووسێ ” داوای لێبوردن دەکەم ، ئەمن ئەو لاپەڕەیە لە ژیانم نانووسم” بڕوانە:
” (Muhsin Batur, Anılar ve
görüşler: üç dönemin perde arkası [Memoirs and views: behind the scene in three periods] (Istanbul:
Milliyet, 1985), quoted in Musa Anter, Anılarım [My memoirs] (Istanbul: Doz, 1990), 44.
٣ ڕاپۆرتی کۆنسوول لە ترابزۆنەوە، بڕوانە:
Report from the Consul in Trabzon, 27 September 1938 (Public Record Office, London, FO 371
files, document E5961/69/44).
٤ ئەو هەژمارە لە ساڵی 1935 لە لایەن وەزیری نێوخۆ شوکرو کایا را باس کراوە ( بەشیکچی، لە “تونجەلی کانونو” دا گێڕاویەتەوە) لە کاتی ئاماژە کردن بە ئەستانی تونجەلی. ناوچەی مێژوویی دەرسیم لە ڕاستیدا گەورەتر بوو لە تونجەلی و هێندێک بەشی لە ئەستانە دراوسێیەکانی سیڤاس، ئەرزینجان و ئەلازغ (ئەلعەزیز)یشی وەبەر دەگرت. ڕەنگە ئەوە شی بکاتەوە کە بۆچی نووسەرێکی هاوچەرخی دیکە ژمارەی دانیشتوانی دەرسیم بە هەژمارێکی زۆر زیاتر دادەنێ،واتە 150000 که‌س ، به ڕواڵه‌ت مه‌به‌ستی له ده‌رسیمی گه‌وره‌تره. بڕوانه:
(Naşit Uluğ, Tunceli medeniyete açılıyor (Istanbul: Cumhuriyet Matbaası, 1939, 144).
تونجه‌لی ده‌رگای به‌ڕووی شارستانییه‌ت دا ده‌کرێته‌وه]]
به‌ربه‌ره‌کانی و هێرشه نیزامییه‌کان به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کی هه‌ر له ئه‌ستانی تونجه‌لی دا کران. بۆیه ئه‌من هه‌ژماره‌که‌ی پێشووم به‌لاوه په‌سنده.
٥ سەرنجڕاکێشە ( ڕەنگە هێندێکیش گرینگی سیاسی هەبێ)، زۆر لە کوردەکانی دەرسیم بەشێک لە بنەچەکەیان دەچێتەوە سەر هەرمەنییەکان —- دەرسیم دانیشتوویەکی زۆری هەرمەنی هەبوو. تەنانەت زۆر بەر لە کوشتاری هەرمەنییەکان، زۆر لە هەرمەنییەکان دڵخوازانە توانەوە و بوون بە کوردی عەلەوی، بڕوانە:
s (L. Molyneux-Seel,
“A Journey in Dersim,” The Geographical Journal 44, no. 1 [1914]: 49-68).
ڕچه‌ی ئه‌وه هه‌م له لەهجە ناوچەییەکانی زازاکی و هەم لە باوەڕی گشتی دا دەبیندرێ.
٦ بە پێی لێکۆڵینەوەی نیزامی ووردە ڕیشاڵی ڕووداوەکان، ئەو هەرمەنیانەی لە دەرسیم لە دایک ببوون و لە جەنگەی کوشتاری هەرمەنییەکاندا ڕزگاریان ببوو و چووبوونە سوورییە، دواتر لە گەڵ ناسیۆنالیستەکوردەکان گەڕانەوە بۆ ناوچە و بە سەرکەوتوویی توانیان عەشیرەتەکان هان بدەن بۆ سەرهەڵدان. بڕوانە:
Reşat Hallı, Türkiye Cumhuriyetinde ayaklanmalar (1924-
1938) [Rebellions in the Republic of Turkey, 1924-1938] (Ankara: T. C. Genelkurmay Başkanlığı Harp
Tarihi Dairesi, 1972), 377.
[سەرهەڵدانەکان لە کۆماری ترکییە دا، 1938-1924 ]
Mahmut Goloğlu, Tek-partili Cumhuriyet, 1931-1938 [The one-party republic, 1931-1938] (Ankara, ٧
1974), 243.
Hallı, Türkiye Cumhuriyetinde ayaklanmalar,37 ٨
Hıdır Öztürk, Tarihimizde Tunceli ve Ermeni mezalimi [The place of Tunceli in our history and the ٩
atrocities by the Armenians] (Ankara: Türk Kültürünü Araştırma Enstitüsü, 1984), 31-36.
[جێگای تونجەلی لە مێژووی ئێمە دا و فاجیعەکانی هەرمەنییەکان]
M. Nuri Dersimi, Kürdistan tarihinde Dersim [Dersim in the history of Kurdistan] (Aleppo, 1952).١٠
[ دەرسیم لە مێژووی کوردستان دا ] دەرسیمی ئەو کاتە ناوچەکەی بەجێهێشت کە لیی ڕوون بوو فەرمانداری نیزامی تازەی دەرسیم ئەو بە هاندەرێکی سەرەکی سەرهەڵدانەکە دەزانێ. ئەوە بەر لەو سەروبەندەی بوو کە عەمەلییاتە نیزامییە تەواوەکان دەست پێبکەن. بۆیە دەرسیمی خۆی چاوەدێرێکی کوشتارەکان نەبوو؛ بە گشتی وا وێدەچێ ڕیوایەتەکەی وی لە ڕووی فاکتەوە دروست بێ، ئەگەرچی ئەو هەژمارانەی کە بەدەستەوەیان دەدا دەکرێ هێندێک گەورەکرابێتنەوە. ئەوەی لە کتێبەکەیدا ڕەنگە نەکرێ پشتی زۆر پێ ببەسترێ سەبارەت بە دەوری خۆیەتی وهەر وەها ئەو حەولەی کە داویە دانیشتووانی دەرسیم زیاد لەوەی کە بوون وەک ناسیۆنالیست بناسێنێ.سەرهەڵدانی دەرسیم زیاتر نیشانەی خۆڕاگریی نەریتی عەشیرەتی پێوە دیارە لەئاست دەستتێوەردانی حکوومەت دا هەتا ئەوەی کەئەوەندە مۆدێڕن بووبێ ویستبێتی دەوڵەتێکی جیاواز دامەزرێنێ.
١١ بە وەرگێڕان لە کتێبی دەرسیمی لاپەڕەکانی 86- 285 . له‌و کچانه‌ی که خۆیان کوشت کچی نووسه‌ر ‘فاتۆ’ش یان ده نێو دا بوو.
Dersimi, Kürdistan tarihinde Dersim, 286-87١٢
١٣ بە پێی قسەی دەرسیمی، لاپەڕەی 288، ئه‌رته‌ش وای ده‌نواند ئاماده‌یه داوخوازی سه‌رهه‌ڵداوان قه‌بووڵ بکا. به‌ڵام باسی ئه‌وه ناکا ئه‌و داوخوازانه چ بوون.
١٤ مەحکەمە و ئیعدامەکان بەوپەڕی خێراییەوە ئەنجام دران چونکە هەموو شت دەبوو جێ بەجێ بکرێ بەر لە هاتنی پرێزیدێنت ئاتاتورک، کە بەڕێوە بوو بۆ سەردانی هەریم و هاتن بۆ دەرسیم.ئەو کاربەدەستانەی بە سەر کارەکە ڕادەگەیشتن پێیان خۆش نەبوو پرێزیدێنت بەوە جاڕز بکەن کە خەڵکی ناوچە نامەی داوخوازی لێبووردنی بدەنێ. ڕووداوەکان بە هەستێکی ئاشکرای شەرمەوە، لە لایەن پیاوێکەوە گێڕدراونەتەوە کە فەرمانی ڕێکخستنی مەحکەمە و ئیعدام کردنی بەپەلەی دا، واتە وەزیری دواتری کار‌و باری دەرەوە ئیحسان سەبری چاغلاینگیل، ئەو قسانە لە بیرەوەرییەکانی دا هاتووە،
Anılarım (Istanbul: Yılmaz, 1990), 45-55
١٥دەرسیمی ، هەمان کتێب، لاپەڕەی 20 – 318 . ئەو بە تایبەتی باسی براکەی خۆی دەکا ، کە ئەو دەمی لە پێگەی هەوایی دیاربەکر پیشەیەکی دەفتەری هەبووە و ، لە وێوە لەگەڵ دوو دۆستی دەبردرێن و تەقیان لێ دەکەن و دەکووژرێن.
Dr. Şıvan, Kürt millet hareketleri ve Irak’ta Kürdistan ihtilalı [Kurdish national movements and the ١٦
revolution of Kurdistan in Iraq] (Stockholm, 1975; previously published clandestinely in Turkey in
1970(
[ بزووتنەوە نەتەوەییە کوردییەکان و شۆڕش لە کوردستانی عێراق] ئەو کتێبە پێشتر لە ساڵی 1970 به‌نهێنی له تورکییه چاپ کرا]
Şıvan, Kürt millet hareketleri, 98١٧
Hallı, Türkiye Cumhuriyetinde ayaklanmalar, 365-480١٨
ئەم سەرچاوە گرینگە بە ووردە ڕیشاڵ باسی ڕووداوەکانی ڕۆژانەی عەمەلییاتە نیزامییەکان دەکا و لە لایەن دیپارتمانی مێژووی شەرەوە ئامادە کراوە کە سەر بە ستادی ئەڕتەشی تورکە. ئەو کتێبە لە بەر دەستی خەڵک دا نییە، بە تیراژێکی زۆر کەم چاپ کرا و، لەوەش زیاتر زۆربەی نوسخەکانی لە ماوەیەکی کورتی دوای بڵاو بوونەوەی داوا کرانەوە و لە نێو بردران. ئەو دۆستانەی کە پێیان خۆشە نێویان نەدرکێ فۆتۆ کۆپی بەشی لە مەڕ دەرسیمیان لە بەر دەست من نا. هێندێک لە بڕگەسەرەکییەکانی وەکوو خۆی لە کتێبی بەشیکچی دا هاتوون.
Beşikçi, Tunceli kanunu
Hallı, Türkiye Cumhuriyetinde ayaklanmalar, 478.١٩
٢٠ لە کتێبەکەی بەشیکچی ، لاپەڕەی 67 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
٢١ بە پێی گێڕانەوەی بەشیکچی لە کتێبەکەی سەرەوەی دا ( لاپەڕەی ١٠) وەزیرەکە کاتێک قانوونێکی تایبەتی لە مەر دەرسیم پێشکێش دەکرد، نیزیکەی دوو ساڵ بەر لە بەربەرەکانیەکان ڕایگەیاند کە خەڵکی ئەوێ ” دەستەیەکن کە لە بناواندا سەر بە ڕەگەزێکی تورکن”. ( ئاسلەن تورک ئونسورونە مەنسوپ ئۆڵان بیر کیتلە دیر). تێکدانی ناسێنەی ئێتنیکی کورد ناکۆکانە بە کارێکی ڕەوا داندرا بە ڕێگای نکووڵی کردن لە هەبوونی ( بڕوانە خوارەوە)
Cağlayangil, Anılarım, 47.٢٢
Hallı, Türkiye Cumhuriyetinde ayaklanmalar, 39٢٣
Uluğ, Tunceli,159 (slightly abbreviated).٢٤
( بڕێک کورت کراوەتەوە) . ناشیت هاكی ئولوغ لە مەجلیسی گەورەی نەتەوەیی دا نوێنەری ئەستانی کوتاهیا بوو و پێشتر ڕیوایەتێکی ژوورنالیستی لە سەر پێوەندییە ” فێئۆدالییەکان” لە دەرسیم و پێویستی هەڵوەشاندنەوەیان بڵاو کردبووەوە.ئەو لە نووسینەکەی دا هیچ ناڵێ لە ئاست نرخی ئینسانی پڕۆسەی ” موتەمەدین کردن” و تەنانەت باسی تاقە کوشتنێکیش ناکا.
٢٥ کاتێک حەوتوونامەی ئیکیبینە دۆغرو ( ” بەرەو 2000 ” ) لە ژمارەی 6ی مانگی نۆڤامبری ساڵی 1988 ی خۆی دا یادداشته‌کانی کۆبونه‌وه‌یه‌کی چاپه‌مه‌نی بڵاو کرده‌وه که تێیدا مسته‌فا که‌ماڵ باسی ئۆتۆنۆمی ده‌کا، ئه‌وه هه‌را و زه‌نایه‌کی زۆری له تورکییه ساز کرد. گۆواره‌که ده‌ستبه‌جێ به تاوانی ” بانگه‌شه‌ی جیاوازیخوازانه” قه‌ده‌غه کرا، به‌ڵام دواتر برێارێکی مه‌حکه‌مه قه‌ده‌غه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
٢٦ له سه‌رده‌می خه‌باتی هاوبه‌ش له پێناو سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی دا، ئه‌و خاکه‌ی ده‌بوو به‌رگری لێ بکرێ نێوی ” تورکییه” نه‌بوو به‌ڵکوو پێیان ده‌گوت ” ئانادۆلی و ڕومه‌لی” ( نێوی نه‌ریتی بۆ به‌شه ئاسییاییه‌کان و به‌شه ئوڕووپاییه‌کانی ووڵاتی ئێستا).
٢٧ ڕاپۆرتی هەواڵگریی بریتانیایی سەبارەت بە هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ترکییە لە دوای شەڕ،
Foreign Office files, series
FO 371, 1919, item 44A/112202/3050 (Public Record Office, London). FO 371, 1919:
44A/112202/3050 (Public Record Office, London); A. Yamulki, Kürdistan ve Kürd ihtilalleri
(Kurdistan and the Kurdish rebellions) (Baghdad, 1946), 70-71.
عەزیز یاموڵکی [ کوردستان و سەرهەڵدانە کوردییەکان] ئەم نووسەری دوایی باسی کەیسی سەرۆک عەشیرەتێک دەکا کە پێی خۆش بوو عەشیرەتەکەی کۆ کاتەوە و لە گەڵیان بگەڕێتەوە کوردستان و، پێشیان پێ گرت و نەیانهێشت بچێتەوە. کەیسی ئاوا دواتر وەک ناڕەزایەتی و گازندەی سەرەکی ئاماژەیان پێکراوە کە بووونە هۆی یەکەم سەرهەڵدانی گەورەی کوردی. بڕاونە:
“Vom Osmanismus zum Separatismus:
religiöse und ethnische Hintergründe der Rebellion des Scheich Said,” in Islam und Politik in der
Türkei, ed. Jochen Blaschke and Martin van Bruinessen (Berlin: Express Edition,1985),109-65, at 143-
44.
Van Bruinessen, “Vom Osmanismus zum Separatismus”; Robert Olson, The Emergence of Kurdish٢٨
Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1920-1925 (Austin: University of Texas Press,1989).
Bletch Chirguh, La question kurde (Le Caire, 1930), 52.٢٩
٣٠ ووتار له تورک ئۆجاکلاری دا له ئانکارا، له 21ی ئاوریلی 1925. گوینای ئاسڵان، له کتێبه‌که‌ی ” قه‌سابانی یۆنیفۆرم پۆش” دا گێڕاویه‌ته‌وه.
Güney Aslan, Üniformalı
kasaplar (Butchers in uniform) (Istanbul: Pencere Yayınları, 1990), 14, after the popular history
magazine Yakın Tarihimiz.
٣١ تەرخان کردنی ناوچەی تایبەتی بۆ ئەو جۆرە نیشتەجێ بوونە ( کە لە بەر ڕوونتر بوون ئەمن جێگۆڕکێم بە ڕیزیان کردووە ) دەبوو بە پێی ڕوحی قانوون لە لایەن وەزارەتی نێو خۆ وە ئەنجام بدرێ. قانوونەکە خۆی،چوارچێوە سیاسییەکەی و ئاکامەکانی بە دوور و درێژی لە لایەن ئیسماعیل بەشیکچی یەوە باسیان لێوە کراوە،
Kürtlerin “mecburi iskan”ı (The “forced resettlement” of the Kurds) (Ankara: Komal,1977); the quoted
passages from article 2 are at 133. There is a French summary of the law in Rambout, Les Kurdes, 32-
33. The partial translation in Ute Baran, “Deportations: Tunceli Kanunlari,” in Documentation of the
International Conference on Human Rights in Kurdistan (Bremen, 1989), 110-16, is unfortunately
marred by serious errors. No serious study of the implementation of the law seems to have been made; a
geographer who visited Kurdistan in the late 1930s, however, observed numerous recent Turkish
settlements in the area (J. Frödin, “Neuere kulturgeografische Wandlungen in der östlichen Türkei,”
Zeitschrift der Gesellschaft für Erdkunde 79, no.1-2 [ 1944]:1-20).
لەو دەمییەوە، زۆرێک لە ماڵدانەران کە هەستیان پێکردووە وەنەبێ زۆر بەخێر هێندراو بن، دیسان باریان کردووەتەوە بۆ ڕۆژئاوای ترکیە.
Beşikçi, Kürtlerin “mecburi iskan”ı, 142.٣٢
٣٣ ووتاری کەیا لە بەردەم مەجلیسی گەورەی نەتەوەیی لە 25ی دیسامبری 1935 ( لە لایەن بەشیکچی یەوە له‌کتێبەکەی دا، تونجەلی کانونو، 10، به پێی یادداشته‌کانی پارڵمانی، گێڕدراوه‌ته‌وه).
٣٤ ڕاپۆرت سەبارەت بە هەلومەرج لە دەرسیم نووسینی پشکنێری خزمەتی مەدەنی ،حەمدی بەگ لە 2ی فێڤرییه‌ی 1926 ئاماده کراوه و له کتێبی هاللی ” تورکییه جومهوورییه‌تینده ئایاکلانمالار”، لاپه‌ره‌ی 76 – 375 دا چاپ کراوه‌ته‌وه. ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه باسی سیاسه‌تێکی درێژخایه‌نی ستادی گشتی ئه‌ڕته‌ش ده‌کا له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و فکرانه‌ی له ڕاپۆرته‌که‌دا هاتوون که ده‌ڵێ به‌ربه‌ره‌کانی و هێرشی نیزامی ته‌نێ هه‌ر له ووڵامی ڕووداوێکی چاوه‌ڕوانکراوی ساڵی 1937 دا نه‌بوون. له ساڵی 1926، کاتێک حه‌مدی به‌گ ڕاپۆرته‌که‌ی خۆی ئاماده ده‌کرد، هێشتا ده‌رفه‌تی ئه‌وه هه‌بوو ئاماژه به کورد و هه‌ست و سۆزی سیاسی کورد بکرێ؛ له ساڵانی 1930 کاندا، ده‌کرا ته‌نێ به بێژه‌ی ناڕاسته‌وخۆی وه‌ک “عه‌شیره‌تی” ،” نا موتەمەدین” ئاماژەیان پێ بکرێ. ( واتە ئەوانەی شارستانییەتی مۆدێڕنی تورک یان ” بنچەکەی تورک” یان نییە.
٣٥ تەنیا هەژمارێکی کە من سەبارەت بە دوورخستنەوه‌کانی ساڵانی 1930یه‌کان دیتبێتم له لایه‌ن ژه‌نه‌ڕاڵی خانه نشین ئه‌سه‌نگین ڕا دراوه، به پێی ئه‌وه، 3470 که‌س که سه‌ر به زۆر عه‌شیره‌تی جیاواز بوون دوور خرانه‌وه بۆ ڕۆژئاوای ترکییه. بڕوانه:
Kenan Esengin, Kürtçülük sorunu (The problem of Kurdish nationalism) (Istanbul: Su Yayınları, 1976), 145
( کێشه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد)، ژماره‌ی ڕاسته‌قینه ده‌کرێ زۆر له‌وه زیاتر بێ.
Cf. Peter Bumke, “Kızılbaş-Kurden in Dersim (Tunceli, Türkei): Marginalität und Häresie,” ٣٦
Anthropos 74 (1979): 530-48
Daily Milliyet, 19 September 193
٣٧.لە مانگی ژانڤییەی 1987 ، دانیشتووانی 233 گوند له تونجه‌لی ( له کۆی 434 گوند) له‌لایه‌ن ئیداره‌ی لێڕه‌وار و دارستانی ناوچه‌ییه‌وه ئاگادار کران که ده‌بێ گونده‌کانیان چۆڵ که‌ن و له ڕۆژئاوای ترکییه یان له باشووری ڕۆژئاوا داده‌مه‌زرێندرێن. بڕوانه ڕاپۆرتێک له حه‌ونامه‌ی ئیکیبینه دۆغرووی ئه‌سته‌نبووڵ، 21 – 15 ی فێڤرییه‌ی 1978. پڕۆتێست و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی به‌ربڵاو که هاوکات بوو له گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ڕاپۆرته به‌ڕواڵه‌ت پێ چۆل کردنی گونده‌کانی وه‌دوایه خستووه
تێبینی وەرگێڕ: ئەم بابەتە سەرەوە پوختەی نووسینێکی پڕۆفێسۆر مارتین ڤان بڕاونێسن ه بە ناوی
Genocide in Kurdistan? The suppression of the Dersim rebellion in Turkey (1937-38) and chemical war against the Iraqi Kurds 1988
“جێنوساید لە کوردستان؟ سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی دەرسیم لە تورکییە (٣٨- ١٩٣٧) و شەڕی شێمیایی بە دژی کوردەکانی عێڕاق (١٩٨٨)”. ئەم باسە لە ساڵی ١٩٩٤ لەم کتێبەی خوارەوە دا بڵاو کراوەتەوە
George J:Andreopoulos (editor), Conceptual and historical dimensions of genocide. University of Pennsylvania,1994,pp.141-170
کاتی خۆی من ئەو بابەتەم وەرگێڕا و لە گۆواری “ڕابوون” لە سوێد بڵاو کراوە. ئەم دەقەی ئێستا بە تەواوی جارێکی دیکە وەرگێڕدراوە و دەکرێ هێندێک بێژە و زاراوەی لێرەدا دەکار کراون لە دەقی پێشوو جیاواز بن