یەكەی 731 بناسە
سوپای ژاپۆن یەكێك بوو لە سوپا بەهێزەكانی دنیا لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی، یەكەی 731 كە یەكەیەكی ئەو سوپایە بوو ئەركی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی نهێنی بایۆلۆجی و كیمیایی بوو، مەترسیدارترین یەكەی سوپا بوو.
ئەو یەكە خاوەن تاقیگەی جیاجیا بوو و چەندان توێژینەوەی نهێنی ئەنجام دەدا بەمەبەستی پێشخستن و پەرەپێدانی چەكی بایۆلۆجی و كیمیایی بەمەبەستی بەكارهێنانی لە جەنگدا، ئەوەی گرنگە ئەو تاقیكردنەوەكانی راستەوخۆ لەسەر دیلەكانی جەنگ بوو.
شوێنی ئەو یەكە دەكەوتە هەرێمی بینجفانج لە باكوری چین و لە ساڵی 1932 لەلایەن جەنەرال شیرۆ ئیشی دامەزرا كە ئەفسەرێكی باڵای پزیشكی سوپای ژاپۆن بووە لەسەردەمی ساداو ئاراكی وەزیری بەرگری ژاپۆن.
لە ساڵی 1936 ئیمپراتۆر هیرۆهیتۆ رەزامەندی دا لەسەر فرەوانكردنی یەكەكە و خستییە سەر سوپای كوانتۆنگ وەك بەشی پاراستن لە كارەسات و رووداوەكان، ئەو یەكەیەكی مترسیدار بوو و تاقیكردنەوەكانی لەسەر زیندانی و دیلەكان بەزیندوویی جێبەجێ دەكرد.
وەك توێكاریكردن (تشریح) بۆ جەستەی دیلەكان بەزیندوویی و بەبێ سڕكردنیان بۆ ئەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانیان زۆر ورد بێت، هەروەها بەستنەوەی زیندانیان بەستوونی لەیەك دوور بۆ زانینی كاریگەری چەكی میكرۆبی و كیمیایی و جۆرەكانی تەقەمەنی بۆسەریان.
هەروەها درزیلێدانیان بەهەوا بۆ دیاریكردنی كاتی دەركەوتنی نیشانەكانی وەستانی دڵ و برسی هێشتنەوەی زیندانیان بەبێ خواردن و خواردنەوە تا مردنیان بۆ زانینی ئاستی بەرگەگرتنی مرۆڤ بەبێ خواردن و خواردنەوە تا دەمرێت.
وشە/یەوم ئەلسابع-و: مەحموود ئیسماعیل