ـ ئیمامی ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌ل فه‌رمووی : ( هه‌موو خۆراسان كه‌سێكی تری وه‌كو محمدی كوڕی ئیسماعیل ( واته بوخاری پێ نه‌گه‌یاندووه)
ـ ئیمامی ئیبنول مه‌دینی ، مامۆستای بوخاری : ( بوخاری كه‌سی تری وه‌كو خۆی نه‌دیووه)
ـ ئیمامی موسلیم به ئیمامی بوخاری ده‌فه‌رموو : ( كه‌س تۆ نابوغزێنێت مه‌گه‌ر كه‌سێكی به‌غیل و حه‌سوود ، شایه‌تی ئه‌وه ده‌ده‌م كه یه‌كێكی تری وه‌كو تۆ له‌م دنیایه‌دا نییه ) .
ـ ئیمامی ئیبنو خوزه‌یمه ده‌یفه‌رموو : ( له ژێر ئه‌م ئاسمانه شینه‌دا كه‌سێكی تری تێدا نییه شاره‌زای حه‌دیسی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم بێت وه‌كو محمدی كوڕی ئیسماعیل ) .
ـ ئیمامی زه‌هه‌بی فه‌رمووی : ( بوخاری ، شیخ الاسلام ، پێشه‌وای حافزان، ئه‌وی كه پێشه‌وای زیره‌كییه ، پێشه‌وای زانست و له‌خواترسان و خواپه‌رستییه ، خۆزگه باسی لایه‌نه چاكه‌كانی ژیانی ده‌خرایه دوو توێی كتێبێكی گه‌وره‌وه ، جا ده‌بینرا باسی چه‌ند سه‌یری تێدا ده‌بوو) .
ـ ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی ده‌فه‌رموێ : ( گه‌رئه‌و باس و خواسانهی ئیمامی بوخاری بكرێته‌وه كه ئه‌و زانایانه‌ی دوای خۆی كردوویانه، ده‌روازه‌یه‌ك ده‌بوو دانه‌ده‌خرا.. لاپه‌ڕه كۆتایی پێ دێت ، و هه‌ناسه‌ی تێدا سوار ده‌بێت ، بوخاری ده‌ریایه‌كه كه‌ناری نییه ).
ـ محمد بن یوسفی ئهلفهریری ـ یه‌كێكه له‌وانه‌ی كه حه‌دیسه‌كانی بوخارییان گێڕاوه‌ته‌وه ـ ده‌یفه‌رموو: ( جارێك له خه‌ونمدا به خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری نازدار گه‌یشتم صلی اللە علیە وسلم ، فه‌رمووی : ئه‌وه بۆ كوێ ؟ عه‌رزم كرد : ده‌چمه خزمه‌ت محمدی كوڕی ئیسماعیل ، فه‌رمووی : ( اِقْرَءْهُ مِنِّي السَّلامَ: سڵاوی منیشی پێ بگه‌ێنه ) .
ناو‌و نه‌سه‌بی
شیخی ئیسلام و پێشه‌وای حافزان و ئه‌میری موسوڵمانان له فهرمودهوانیدا : ئه‌بو عبدالله محمدی كوڕی ئیسماعیل كوڕی ئیبراهیم كوڕی ئهلموغیرهی كوڕی بهردیزیهی ئه‌لجه‌عفی .
بهردیزیهی باپیری له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌سێكی تیره‌ی ئه‌لجه‌عفی موسوڵمان بوو بۆیه نه‌سه‌بی بۆته ئه‌لجه‌عفی.
بوخاری : خه‌ڵكی شاری بوخارایه كه گه‌وره‌ترین شاری به‌ناوبانگی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وڵاتانی پشت روبار ( ما ورا‌ء النهر : مه‌به‌ست له روباری جهیحوونه ) بوو ، بوخارا كه ده‌كه‌وێته رۆژئاوای ئۆزبه‌كستانه‌وه پێش زایین دروست كراوه‌و ئیسلام له ساڵی نه‌وه‌دی كۆچی‌دا چووه ناوی و ئیتر بووه یه‌كێك له شاره سه‌ره‌كیه‌كانی زانست و شارستانێتی ئیسلامی ..
ئیمامی بوخاری خاوه‌ن سه‌حیحی بوخارییه ، كه له وه‌سفی حه‌دیسێكدا ووترا : له الصحيح دا هه‌یه، یه‌عنی له سه‌حیحی بوخاری !! سه‌یری ئه‌م پله‌و ناو‌و ناوبانگه‌و ئه‌م شه‌هاده به‌رزه !!
ـ محمد ( ئیمامی بوخاری ) به منداڵی چاوی نابینا بوو ، چونكه باوكیشی زانای شه‌رع بوو زوو كۆچی دوایی كردبوو ، دایكی زۆری خه‌فه‌ت له كوێرێتی كوڕه‌كه‌ی ده‌خوارد كه ناتوانێت وه‌كو باوكی ببێته‌وه به زانای شه‌رع .. ده‌ڵێن دایكی جارێك پارچه چه‌رمێكی له كتێبخانه‌كه‌ی باوكی بوخاریدا دیووه كه حه‌دیسێكی له‌سه‌ر نوسراوه خه‌م و په‌ژاره دایگرتووه له‌وه‌ی كه كوڕه‌كه‌ی كه گه‌وره ده‌بێت ناتوانێت ئه‌م دهستو خه‌ته‌ی باوكی بخوێنێته‌وه بۆیه شه‌ووڕۆژ دوعای كردووه خوای گه‌وره چاوی به‌خاری چاك كاته‌وه ، ساڵێكی نه‌بردووه خوای گه‌وره چاوی ساغی به بوخاری به‌خشیووه‌ته‌وه !!
بهردزییهی باپیره گه‌وره‌ی فارس بوو ، مه‌جووسی بوو ، له‌سه‌ر دینی فارسه‌كان بوو ، بەڵام موغیره‌ی كوڕی ( كه باپیری بوخاری ده‌كات ) له‌سه‌ر ده‌ستی ئهلیهمانول جه‌عفی موسوڵمان بوو كه ئه‌و سه‌رده‌مه والی بوخارا بوو ، ئیدی نه‌سه‌به‌كه‌ی بوو به جه‌عفی .. ئیسماعیلی باوكیشی زانایه‌كی به‌ڕێز بوو ، بووه فه‌قێی ئیبنو زه‌یدو ئیمامی مالیك له مه‌دینه ، دواییش كه خۆی پێ گه‌یشت بووه مامۆستای عێراقیه‌كان . ئیبنو حیببان له كتێبی (كتاب الثقات) ه‌كه‌یدا ناوی زۆر له فه‌قێ عێراقیه‌كانی بردووه . باوكی به‌ڕێزی له‌گه‌ڵ زانستی شهرعییشدا ته‌قواو دیندارییه‌كی ساغی كۆكردبۆوه له خواترس بوو ، بایه‌خی زۆر به دووره‌په‌رێزی حه‌رام بوو ، له كاتی سه‌ره مه‌رگیدا لێی ده‌گێڕنه‌وه كه فه‌رمووی : ( وا نازانم له هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌مدا درهه‌مێكی نه‌ك حه‌رام به‌ڵكو گومان لێكراویشی تێدا بێت ) .
كه‌وا بوو ئیمامی بوخاری عه‌زیز له ماڵێكی ئاوا ئه‌هلی ته‌قواو دینداریدا له‌دایك بووه‌و پێگه‌یشتووه‌و ئه‌و دایكه ساڵحه دوعاگیرایه شیری داوه‌تێ و گۆشی كردووه ، بۆیه جێی سه‌رسوڕمان نییه خۆشی ئاوا ئه‌هلی ته‌قواو دینداری و پێشه‌واوی زانستی شه‌رعی ده‌رچێت
له‌دایك بوون و گه‌شه‌ی
ئیمامی بوخاری دوای نوێژی هه‌ینی رۆژی ١٣ ی شه‌ووالی ١٩٤ ی كۆچی له بوخارا له‌دایك بووه . باوكی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای منداڵی ئه‌مه‌وه كۆچی دوایی كرد ، بەڵام دایكی كه بووه سه‌رپه‌رشتیاره په‌روه‌رده‌كاری ، چاكی گرته خۆی و چاكیشی پێ گه‌یاند ، میراته‌كه‌ی باوكی هه‌ر بۆ پێگه‌یاندنی بوخاری به‌كار هێنایه‌وه ..
زیتی و ووریای زه‌مانی منداڵی
هه‌ر له‌و كاته‌ی خرایه حوجره ، خوای په‌روه‌دگار دڵ و هۆشێكی زۆر به‌هێزو بیرێكی تیژی وای دایێ كه هه‌ر له ته‌مه‌نی ده ساڵیدا زۆر ئاسان بكه‌وێته له‌به‌ر كردنی هه‌زاران حه‌دیس، كه گه‌یشتیشه شازده ساڵی كتێبه‌كانی عبدالله ی كوڕی موباره‌ك و وهكیعی كوڕی جه‌ڕاحی به له‌به‌ر كردن له‌به‌ر كردبوو !! جگه له‌و شارازاییه قووڵه‌ی له زانستیه شه‌رعیه‌كان و زماندا په‌یدای كرد له راوبۆچوونی ئه‌هلی ره‌ئی و بنه‌ماو بنچینه‌ی مه‌زهه‌به‌كانیان زۆر زوو سه‌ری ده‌رچوو .. له لایه‌كه‌وه شاره‌زای بنه‌ماكانی مه‌زهه‌بی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه بوو كه یه‌كه‌مین سه‌رمه‌زهه‌بی ئه‌هلی سوننه‌ته‌و به‌ناوبانگه‌و بووه مه‌دره‌سه‌ی كوفه یان مه‌دره‌سه‌ی ره‌ئی .. له لایه‌كی تره‌وه شاره‌زایی بنه‌مای مه‌زهه‌بی ئیمامی مالیك بوو كه به مه‌درسه‌ی مه‌دینه‌و مه‌دره‌سه‌ی حه‌دیس ناسرابوو..
شێوه‌و رواڵه‌ت و ته‌قوای
ئیمامی بوخاری بهلهباریكهیهكی قه‌د مام ناوه‌ندی بوو ، نه درێژ بوو نه كورت ، زۆر زاهید بوو ، كۆڵی هێنده به دنیاوه هه‌ڵ نه‌گرتبوو ، زۆریشی له‌و سامانه زۆره‌ی كه له باوكی رهحمهتییهوهی بۆی مابۆوه ، هه‌ر كردی به خێر و به‌خشییه‌وه ، پیاوێكی كه‌مخۆر بوو، له سه‌خاوه‌ت و خێرخوازیدا كه‌م وێنه بوو .. ده‌ڵێن جاری وا هه‌بووه هه‌ر دوو گوێز یان سێ ده‌نكه چواله باده‌می ده‌كرده ژه‌مێكی خواردنی !!
ئیمامی بوخاری ـ ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت ـ ده‌فه‌رموێ : له‌و كاته‌وه‌ی زانیومه غه‌یبه‌ت حه‌رامه ، غه‌یبه‌تی یه‌ك كه‌سم نه‌كردووه .. زوو زوو ده‌شی فه‌رموو : ئومێدی ئه‌وه‌م هه‌یه كه له رۆژی قیامه‌تدا خوای گه‌وره له‌سه‌ر غه‌یبه‌تی هیچ كه‌س موحاسهبهم ناكات ..
بلیمه‌تی تیرئه‌ندازی
ئیمامی بوخاری فێری به‌كارهێنانی رم و تیر بوو ، زۆریشی مه‌شق له‌سه‌ر ده‌كردن ، مهشقهوانهكهی ده‌ڵێت : بوخاری زۆر به دیققه‌ت مه‌شقی ده‌كرد ، له هه‌موو ماوه‌ی تیرئهندازییهكهیدا ته‌نها دوو جار نیشانی نه‌پێكا !! هه‌موو مه‌به‌ستیشی له‌م تیر ئه‌ندازی و مه‌شقه ، به‌رگری له ئیسلام و جیهاد بوو دژی كافران و دوژمنانی خوا .
سه‌یری ئه‌و حاڵی بوونه له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئیسلام .. ئه‌م كهڵهپیاوهی زانست و شه‌رع، كه هه‌ر ده‌تووت له منداڵیه‌وه ته‌نها بۆ فه‌رمووده‌وانی خه‌ڵق كراوه ، كه‌چی مه‌شقی چه‌كداریشی ئیهمال نه‌كردووه چونكه ده‌یزانی ئاماده‌باشیی بۆ جیهاد ، فه‌رزه ، ده‌یزانی مادام له سێ حاڵه‌تدا جیهاد ده‌بێته فه‌رزی عه‌ین ( واته هه‌موو كه‌سێكی موسوڵمانی باڵغ و ئاقڵ ده‌بێت به‌شداریی تێدا بكات ) كه‌وابوو حه‌تمه‌ن ده‌بێت هه‌موو موسوڵمانێك خۆئاماده كردن و مه‌شق كردن له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌ك و مه‌شقی سه‌ربازی فێر ببێت .. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م تێگهیشتنهیهتی كه ده‌بینین ئیمامی بوخاری ئه‌م دوعایه‌ی خستۆته كتاب الجهادی سه‌حیحه‌كه‌ی خۆیه‌وه !! ( اللهُمَّ إنِّي أعُوذُ بِكَ مِنْ الْعَجْزِ والْكَسَلِ وأعُوذُ بِكَ مِنْ غَلَبَةِ الدَّينِ و قَهْرِ الرِّجَالِ ) واته : خوایه ، من په‌نا به جه‌نابتان ده‌گرم له بێ توانایی و له سستی ، له كه‌ڵه‌كه بوونی قه‌رز له‌سه‌رم و له ژێر ده‌سته‌یی پیاوانی دەسەڵاتدار .. چونكه ده‌یزانی هه‌ر یه‌ك له‌م چوار كێشه ناوبراوه ده‌بنه به‌ربه‌ستی رێی جیهاد كردن ..
زانیاری و بیرتیژییهكهی
ئیمامی بوخاری یه‌كێك بوو له نیشانه‌كانی كارزانی و كارجوانی و گه‌وره‌یی خوا ، ده‌ڵێن: ئه‌و كاته‌ی كه هێشتا منداڵ بوو حه‌فتا هه‌زار حه‌دیسی له‌به‌ر بووه !!! ده‌ڵێن كه یه‌ك جار سه‌یری لاپه‌ڕه كتێبی ده‌كرد له‌به‌ری ده‌كرد ! سه‌یر نییه بۆ كه‌سێك كه بفه‌رموێ: سه‌د هه‌زار حه‌دیسی سه‌حیح و دووسه‌د هه‌زار حه‌دیسی غه‌یره سه‌حیحم له‌به‌ره .. ئه‌م كتێبهشم ( مه‌به‌ستی له سه‌حیحه‌كه‌ی خۆیەتی) له كۆی شه‌ش سه‌د هه‌زار حه‌دیس كۆكردۆته‌وه .. چونكه ئیمامی بوخاری و مامۆستاكه‌ی كه ئیمامی ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌له و قوتابیه‌كه‌ی كه ئیمامی موسلیمه له‌گه‌ڵ ئیمامی ئه‌بو زه‌رعه ته‌نها چوار كه‌سانێكن له مێژووی ئوممه‌تی ئیسلامدا كه یه‌كی شه‌ش سه‌د هه‌زار حه‌دیسیان له‌به‌ر بووه !!
ده‌فه‌رموێ : جارێك چووم بۆ به‌ڵخ ( له ئه‌فغانستانی ئه‌مڕۆیه ) داوایان كرد له ده‌رسی هه‌ر زانایه‌ك كه حه‌دیسم لێوه وه‌رگرتووه ، حهدیسێكیان بۆ بهێنمه‌وه ، هه‌ر له‌و مه‌جلیسه‌دا هه‌زار حه‌دیسم له هه‌زار مامۆستی خۆم گێڕایه‌وه ..
ده‌فه‌رموێ : جارێك له كۆڕی ده‌رسدا بووین ، باسی یاوه‌رو هاوڕێكانی ئه‌نه‌سی كوڕی مالیك كرا هه‌ر ئه‌و ساته سێ سه‌د هاوڕێیم كه‌وته‌وه یاد . جا سه‌یری موعجیزه‌ی خه‌ڵقی خوایی .. ئه‌مه گه‌وره‌یی و كارزانی خوای گه‌وره‌یه‌و سه‌ره‌تای پێگه‌یاندنی ئه‌م چیایه‌ی ئوممه‌تی ئیسلامه !! بڕوانه ئه‌و بیرتیژیی و زاناییهو ئینجا بگه‌ڕێره‌وه سه‌ر ته‌قواو دینی و سه‌ر بێ هه‌واو فیزیی و دوای ئه‌ویش سه‌یری زوهدی دونیاییهكهی كه‌ره‌وه !! ئه‌مانه پێشه‌وای ئێمه‌ن و خه‌ڵكانێكیش ده‌یانه‌وێت رێمان پێ بزر كه‌ن و بمانخه‌نه دوای عهلهمانیهكی بیرگهندهڵی پاشه‌ڵ پیسی دۆڕاو!!
گه‌شتی زانست و گه‌ڕانی
ئیمامی بوخاری له زۆر گه‌ڕانیدا له جوگرافیاناسه گه‌شتیاره‌كانی وه‌كو ئیبنو به‌توته چووه ، ناوچه‌و شاری گرنگ و مه‌دره‌سه نه‌ماوه بۆی نه‌چووبێت . خۆی ده‌فه‌رموێ : دوو جار چوومه‌ته شام و میسر‌و جه‌زیره (مه‌به‌ستی له سوریا‌و عێراق و توركیای ئه‌مڕۆیه كه كه‌وتوونه‌ته نێوان دیجله‌و فوراته‌وه ) چوار جاریش بۆ به‌سره ، شه‌ش ساڵیش له حیجاز بووم ، ناشزانم چه‌ند جار چوومه‌ته كوفه‌و به‌غداد و له خزمه‌ت فهرموودهوانانیدا بووم ..
خه‌تیبی به‌غدادی ـ ره‌حمه‌تی لێ بێت ـ ده‌فه‌رموێ : بوخاری بۆ كۆكردنه‌وه‌ی حه‌دیس چۆته خۆراسان و ووڵاتی چیتاو هه‌موو شاره‌كانی عێراق و حیجازو شام و میسر‌و چه‌نده‌ها جاریش هاتۆته به‌غدا ..
ئیمامی ئیبنول حه‌جه‌ری ره‌حمه‌تی ده‌فه‌رموێ : كه له مه‌ككه گه‌ڕایه‌وه ئیدی رووی كرده هه‌موو ئه‌و جێگایانه‌ی ده‌یزانی ئه‌هلی حه‌دیسیان لێیه ، بۆیه سه‌فه‌ری كرد بۆ به‌ڵخ و نه‌یسابوور ( ئێستا له ئێراندایه‌و عایدی پارێزگای مه‌شهه‌ده ) ره‌ی ( شارێكی گه‌روه‌و گرنگ بوو نزیك تاران ، ئاسه‌وارێكی كه‌می ماوه ) هه‌روه‌ها بۆ به‌غداو به‌سره‌و كوفه‌و مه‌دینه‌و واسیت ( له نێوان به‌سره‌و كوفهدایه ) و دیمه‌شق و عه‌سقه‌لان ( نزیك غه‌ززه‌یه له فه‌له‌ستین ) هه‌روه‌ها حەما ( له سوریایه ) وه‌ی تریش ..
مامۆستاكانی بوخاری
ئیمامی بوخاری به خزمه‌ت هه‌موو كهڵهپیاوان و زانا شه‌رعناسه گه‌وره‌كانی زه‌مانی خۆی گه‌یشتووه‌و ده‌رسی لێ وه‌رگرتوون . ئیمامی ئیبنول حه‌جه‌ر لێیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه فه‌رموویه‌تی : ته‌نها ئه‌و زانایانه‌ی شاره‌زای حه‌دیس بوون و من حه‌دیسم لێ وه‌رگرتوون ١٠٨٠ هه‌زارو هه‌شتا فه‌رمووده‌وان بوون . ( هدي الساري ـ مقدمة صحيح البخاري/ابن حجر ل ٤٧٩ ) ده‌رباره‌شیان فه‌رموویه‌تی : حه‌دیسی هیچ زانایه‌كم وه‌رنه‌گرتووه ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی وا نه‌بوو بێت كه باوه‌ڕ : گوفتارو كرداره .. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ : هیچ كه‌س نابێته زانا تا له كه‌سانی به‌رزتر له خۆی و له هی وه‌كو خۆی و له هی خوار خۆیه‌وه فێر نه‌بێت و لێیانه‌وه ریوایه‌ت نه‌كات .. بۆیه ده‌بینیت دوای ئه‌وه‌ی له شاره‌كه‌ی خۆی له بوخارا زانستی له گه‌وره زانایانی ئه‌وی فێر بوو وه‌كو محمد بن سلام و المسندی و محمد بن یوسف ئهلبهیكهندی ، چووه به‌ڵخ بۆ خزمه‌ت مه‌ككی كوڕی ئیبراهیم ، ئینجا بۆ خزمه‌ت عه‌ففان له به‌غداد و له‌وێشه‌وه بۆ خزمه‌ت المقرئ له مه‌ككه‌و پاشان بۆ خزمه‌ت ئه‌بو عاسم و الانساری له به‌سره‌و ئیدی بۆ لای عوبهیداللهی كوڕی مو‌سا له كوفه‌و ابو ئهلومغیرهو ئهلغهریانی له شام و ئینجا بۆ خزمه‌ت ئاده‌م له عه‌سقه‌لان و ئه‌بو ئه‌لیمان له حیمس و ئه‌بو سیه‌ر له دیمه‌شق .. وه هه‌روه‌ها ..
ئیمامی ابن حجر العسقلانی مامۆستاكانی ئیمامی بوخاری پۆلێن كردوون ! كردوونی به پێنج پۆل ، پاشان باسی هه‌ر پۆلێكیان له پێشه‌كی كتێبه به‌نرخه‌كه‌ی خۆیدا ( فتح الباری ) باس ده‌كات و ناویشی لێ ناوه : هدی الساری ) . ئه‌مه پێگه‌یشتنی زانایانه‌و ئه‌وه‌ش مه‌لای ئیتتیحادول عوله‌مای عه‌مامه پیسی كورد !! كه هه‌ر هه‌موویان به قهرهچهنهغهكانی په‌رله‌مانیشه‌وه كۆكه‌یته‌وه ناكه‌نه فه‌قێیه‌كی سه‌ره‌تایی به‌رده‌ستی ئیمامی بوخاری و خۆشیان به مامۆستای بوخاری ده‌زانن !!
فه‌قێكانی ئیمامی بوخاری
قوتابیان و فه‌قێكانی ئیمامی بوخاری ئه‌وه‌نده زۆرن له ژماره نایه‌ن ، بۆیه كه‌س خۆی هێنده ماندوو نه‌كردووه بگه‌ڕێت تا هه‌ر هه‌موویان ناونووس ده‌كات ! چونكه یه‌كێكی وه‌كو ئهلفهریری ده‌فه‌رموێ : نه‌وه‌د هه‌زار كه‌س كتێبه‌كه‌ی ئیمامی بوخارییان له خۆیه‌وه وه‌رگرتووه !! (تاريخ بغداد ٢/٩). جاری وا هه‌بووه بیست هه‌زار كه‌س بۆ وه‌رگرتنی حه‌دیس له دهرسێكیدا دانیشتوون !! ئیتر كێ ده‌یتوانی خۆی بۆ ناونووسی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه ته‌رخان كات ؟ !!
ئه‌وی كه حه‌دیسی زۆری لێوه گێڕابێته‌وه : ئیمامی موسلیمه ( موسلیمی كوڕی ئهلحهججاجی كوڕی موسلیم ) كه ئه‌ویش هه‌ر كتێبی سه‌حیحی نووسیووه ، هه‌روه‌ها ئیمامی ترمزی ( خاوه‌نی كتێبی ( السنن) ئه‌بوعیسا محمدی كوڕی عیسای كوڕی سوره‌و ئیمامی ئهننهسائی خاوه‌نی ( السنن ) و ئه‌بو عبدالرحمن ئه‌حمه‌دی كوڕی شوعه‌یب و ئه‌بو حاتم و ئه‌بو زه‌رعه‌ی رازیان و ئه‌بو ئیسحاق ئیبراهیمی كوڕی ئیسحاقی حه‌ربی الامام ، وساڵحی كوڕی محمد جه‌زره وئهبوبكری كوڕی خوزهیمهو یه‌حیای كوڕی محمدی كوڕی ساعید ومحمدی كوڕی عبدالله‌ی مه‌تین .. هه‌ر یه‌كێكیش له‌م به‌ڕێزانه بۆ خۆیان ئیمامی ترن چ له زانستی حه‌دیس و گێڕانه‌وه‌ی چ له ئه‌حكامی شه‌رعدا .. كۆتا فه‌قێی ئیمامی بوخاری ئه‌لحوسه‌ینی كوڕی ئیسماعیلی ئهلمهحامیلی بووه ..
………………….
تاقی كردنه‌وه‌ی بوخاری له به‌غداد
ئیمامی بوخاری له‌سه‌ره‌تای لاوێتیدا ناوبانگی ده‌ركردبوو ، كه چوو بۆ به‌غدا زانایانی حه‌دیس لێی كۆ بوونه‌وه‌و ووتیان تاقی ده‌كه‌ینه‌وه ، سه‌د حه‌دیسیان هێناو سه‌نه‌د و مه‌تنه‌كه‌یان (پشتاو پشت و ده‌قه‌كه‌یان ) گۆڕی ، هه‌موویان تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ كرد ، ئینجا به‌سه‌ر ده زانادا بهتێکەڵاوی دابه‌شیان كردن تا هه‌ر یه‌كه‌یان به جیا له بوخاری بپرسێت ، كات و شوێن دیاری كرا‌و خه‌ڵكانێكی زۆری ناوچه‌كانی تری وه‌كو به‌غداد و خۆراسانیش له‌وێ بوون ئینجا یه‌كێ له زاناكان ده‌رباره‌ی یه‌كێك له‌و حه‌دیسانه‌ی له لای بوون لێی پرسی . بوخاری فه‌رمووی : حه‌دیسی وا به‌و سه‌نه‌د و مه‌تنه نازانم ، ئینجا یه‌كێكی تریان ده‌رباره‌ی حه‌دیسێكی تر لێی پرسی ، به‌ویشی فه‌رموو نازانم ، ئینجا یه‌كێكی تر‌و حه‌دیسێكی تر ، تا هه‌ر سه‌د حهدیسهكهیان لێ پرسی ، له وەڵامی هه‌موویاندا هه‌ر ده‌یفه‌رموو : نازانم . زاناكان سه‌یری یه‌كترییان دهكردو ده‌یانووت : وا دیاره كابرا هه‌ستی پێ كردووه ! هه‌ندێكیشیان هه‌ر ده‌یان ووت : نازانێت كه پرسیاره‌كانیان ته‌واو كرد ، ئیمامی بوخاری رووی كرده یه‌كێكیان و فه‌رمووی حه‌دیسی یه‌كه‌م كه جه‌نابت لێت پرسیم ، سه‌نه‌ده‌كه‌ی لای فڵان كه‌ستانه ، سه‌نه‌دی فڵان حه‌دیسی جه‌نابیشت هی حه‌دیسی ژماره ئه‌وه‌نده‌ی لای ئه‌ویانه , ئاوا به‌و شێوه‌یه هه‌ر سه‌د ده‌قی حه‌دیسه‌كانی خسته‌وه سه‌ر هه‌ر سه‌د سه‌نه‌ده‌كان !! ئاماده بووان چاویان چووه پشتی سه‌ریان و واقیان ووڕما . زانیان كه ئیمامی بوخاری نه‌ك هه‌ر ده‌گمه‌نه به‌ڵكو بێ وێنه‌یه.. ئه‌وجا ئیعتیرافیان به زانایی و شاره‌زایی و بیرتیژییهكهی كرد ..
ئیمامی ئیبنو حەجەر ده‌فه‌رموێ : سه‌یره‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه نییه كه هه‌موو سه‌نه‌د و مهتنهكانی گه‌یانده‌وه به یه‌ك ، به‌ڵكو له‌وه‌شدایه كه هه‌ر له‌و كۆڕه‌دا زانی سه‌نه‌دی كام حه‌دیس له‌گه‌ڵ مه‌تنی حه‌دیسی لای كامیانه !! ئه‌مه‌ش هه‌ر جێی سه‌رسوڕمانه ، كه هه‌ر له‌و سات و ئانهشدا هۆشی له‌و هه‌موو گۆڕانكارییه بووه ..
كێشه‌كه‌ی نهیسابوورو حهسادهتهكهی الذُهلي
ساڵی ٢٥٠ ك ئیمامی بوخاری ره‌حمه‌تی چوو بۆ نه‌یسابوور ، ئیمامی موسلیم ده‌فه‌رموێ: كه ئیمامی بوخاری هات بۆ نه‌یسابوور ، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و كرا بۆ هیچ والی یان زانا یان كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌م نه‌دیووه بكرێت ، هه‌ر هه‌موو شار چوو بوون به پێشوازییه‌وه ، ماوه‌ی دوو فه‌رسه‌خ به قۆناغ خه‌ڵكی راوه‌ستا بوون بۆ پێشوازی . ( هدی الساری لا ٤٩٠ ) پێش گه‌یشتنی ئیمامی محمد بن یه‌حیا الذهلی ـ كه له زانا بهناوبهانگهكانی ئه‌وێ بوو ـ به خه‌ڵكه‌كه‌ی ووت سبه‌ینێ من ده‌چمه پێشوازی محمدی كوڕی ئیسماعیل هه‌ر كه‌س له‌گه‌ڵ من دێت با خۆی ئاماده بكات ، بۆ سبه‌ی كه چوونه سه‌ر رێی دیتیان شار رژاوه‌ته سه‌ر رێی ! كه گه‌یشته ناو شاریش چووه خانه‌ی بوخارییهكان ، ئیتر شه‌وو رۆژ كۆڕی هه‌ر جمه‌ی ده‌هات ، له‌ملاشه‌وه كه الذهلی به خه‌ڵكه‌كه‌ی ووتبوو كه بچنه ده‌رسی بوخاری ، هه‌ستی كرد وا فه‌قێكانی خۆشی رۆیشتوون و كۆڕی ده‌رسی خۆی چۆڵ بوو ، ئه‌مه‌ش وورده وورده ده‌بووه مایه‌ی حه‌ساده‌تی ..
ئینجا حه‌ساده‌ت و غیره‌و به‌غیلی زانای تریشی تووشی غه‌یبه‌ت و دووزمانی كرد ، تا رۆژێك فه‌قێی یه‌كێكیان چووه كۆڕی ده‌رسێكی ئیمامی بوخاری و لێی پرسی : ئه‌رێ هۆ ئه‌بو عبدالله تۆ رات چییه له مه‌سه‌له‌ی قورئان ؟! ئایا له‌فزی قورئان دروست كراوه یان نا ؟! ئیمامی بوخاری وەڵامی نه‌دایه‌وه ، بەڵام كابرا دووسێ جاری له‌سه‌ر یه‌ك پرسییه‌وه ، ئیدی ئیمام فه‌رمووی : قورئان فه‌رمایشتی خوای گه‌وره‌یه ، دروست كرا‌و نییه ، كرده‌وه‌ی مرۆڤه‌كان دروست كراوه ، تاقی كردنه‌وه‌ی خه‌ڵكیش به‌م پرسیاره بیدعه‌یه .. بەڵام كابرا كه‌وته غه‌ڵبه غه‌ڵب و هاواری كرد : ئه‌وه‌تا محمدی كوڕی ئیسماعیلیش هه‌ر ده‌ڵێ : قورئان دروست كراوه !
ئیتر له‌و ساته به دواوه فیتنه‌و ئاژاوه دروست بوو چونكه له‌و زه‌مانه‌دا هه‌ر كه‌س وای بووتایه ، مانای وایه دژی ره‌ئی خه‌لیفه مه‌ئموون ده‌وه‌ستایه‌وه ، كه مه‌سه‌له‌كه گه‌وره‌تر بوو ، كه‌وته كۆڕی دەسەڵاتدارانی سیاسی و زانایانی حه‌سوود ، تا الذهلی بڕیارێكی ده‌ركرد و ووتی : قورئان فه‌رمایشتی خوایه‌و دروست كرا‌و نییه ، بەڵام هه‌ر كه‌س بڵێت له‌فزی قورئان دروست كراوه ، ئه‌وه بیدعهچییهو نابێت كه‌س قسه‌و و ره‌فتاری له‌گه‌ڵدا بكات ، له‌به‌ر ئه‌وه بڕیارم دا كه هه‌ر كه‌سێك بچێته كۆڕ‌و ده‌رسی محمدی كوڕی ئسماعیلی بوخاری، تۆمه‌تباری كه‌ن ، هه‌ر كه‌سێك بچێته كۆڕ‌و ده‌رسی ئه‌و ، ئه‌وه ئه‌ویش له‌سه‌ر رای ئه‌وه‌و پێویسته قسه‌ی لێ داببڕرێت !!
ئیمامی ئه‌بو عبدالله ئهلحاكم ده‌فه‌رموێ : كه الذهلی ئه‌و بڕیاره‌ی دا ، ئیدی كه‌سانێكی زۆر كه‌م نه‌بێت ، كه‌س نه‌یوێرا بێته ده‌رسی ئیمامی بوخاری! مه‌گه‌ر یه‌كێكی وه‌كو ئیمامی موسلیم وئه‌حمه‌دی كوڕی سه‌له‌مه !
محمدی كوڕی نه‌عیم ده‌فه‌رموێ : ئه‌و زه‌مانه‌ی ئه‌و كێشه‌یه بۆ ئیمامی بوخاری پێش هات، چوومه لای ده‌رباره‌ی پێناسه‌ی باوه‌ڕم لێ پرسی ، فه‌رمووی : باوه‌ڕ گوفتارو كرداره‌و زیادو كه‌م ده‌كات ، قورئانیش فه‌رمایشتی خوای په‌روه‌ردگاره‌و دروست كرا‌و نییه ، باشترین یاوه‌ری پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم ئه‌بو به‌كری سددیقه ، پاشان عومه‌ر ، پاشان عوسمان ، پاشان عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب . له‌سه‌ر ئه‌م ئیعتیقاده ژیاوم و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌مرم و ان شا‌ء الله له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش زیندوو ده‌كرێمه‌وه . (هدی الساری ل٤٩١ ) . بۆیه تا له ژیانی پیرۆزیدا مابوو ، هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر ده‌ربڕینی ئه‌و راو بۆچوونه‌ی ، ته‌نانه‌ت له سه‌ره مه‌رگیشیدا ، كه خه‌ڵكی له ده‌وری بوون ، ریشی پیرۆزی خۆی گرت و فه‌رمووی : (پشت به خوای خۆم ده‌به‌ستم و كاره‌كان ته‌سلیم به‌و ده‌كه‌م ، خوا خۆی بینه‌ره ، خوایه گیان ، جه‌نابت ده‌زانی له هاتنم بۆ نه‌یسابوور نه شانازی و نهخۆبادانم وویستووه به‌سه‌ر كه‌سدا ، نه پله‌و پایه‌ی ناو خه‌ڵكیشم وویستووه ، بەڵام كه نه‌موویست بچمه‌وه ووڵاتەکەی خۆم هه‌ر له‌به‌ر حه‌ساده‌تی خه‌ڵكی بوو ، ئه‌وا لێره‌ش كه‌وتمه به‌ر شاڵاو ، خوایه گیان ، جه‌نابت ده‌زانیت كه ئه‌و حهسادهتهی ئه‌و كابرایه پێم ده‌بات هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و خێره‌یه كه جه‌نابت پێت به‌خشیووم .. ( هدی الساری ل ٤٩١) .
ئیمامی ئهلحاكم له ئه‌بو عبدالله‌ی ئهلئهخرهمهوه ده‌گێڕێته‌وه كه فه‌رمووی : كه ئیمامی موسلیم و ئه‌حمه‌دی كوڕی سه‌له‌مه كۆڕ‌و ده‌رسی الزهلییان بۆ كۆڕ‌و ده‌رسی بوخاری واز لێ هێنا ، پێی ووتن : والله ناهێڵم كه‌سێك بچێته كۆڕی ئه‌وه‌وه‌و بێته‌وه كۆڕی من ، ناشهێڵم من و ئه‌و له شارێكدا نیشته‌جێ بین !! كه هه‌واڵه‌كه‌یان دا به ئیمامی بوخاری ، خۆی پێچایه‌وه‌و نه‌یسابووری به‌ره‌و بوخارا به‌جێ هێشت .
كێشه‌كه‌ی ئه‌میری بوخارای
كه ئیمامی بوخاری نه‌یسابووری جێ هێشت و به‌ره‌و بوخارا گه‌ڕایه‌وه ، خه‌ڵكی بوخارا زۆر دڵخۆش بوون ، له زۆر چاوه‌ڕوان كردنیاندا ، چادرو ده‌واریان له‌سه‌ر رێی هه‌ڵدا بوو !! كه گه‌یشته جێ خه‌ڵكه‌كه پاره‌و شیرینییان به‌سه‌ردا هه‌ڵ ده‌دا .. ئیتر بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ر له‌وێ مایه‌وه‌و له مزگه‌وتێكی خۆیه‌وه ده‌رسی ده‌ووته‌وه .
جارێك والی بوخارا ، خالیدی كوڕی ئه‌حمه‌د داوای لێ كرد كه بچێته ماڵی و ده‌رسی (مێژوو ) و ( حه‌دیس ) به كوڕه‌كانی ئه‌و بڵێت ، بەڵام ئه‌م وا وەڵام دایه‌وه كه من زانستی زه‌لیل ناكه‌م و نایبه‌مه لای كه‌س ، ئه‌وی پێویستی به زانسته ، ده‌بێت خۆی بچێت به شوێنی‌دا ، جگه له‌وه‌ش من بۆ خۆشم زانست نابه‌مه ده‌رگای دەسەڵاتداران و زانستیش مافێكی گشتییه‌و تایبه‌ت ناكرێت به كه‌سه‌وه . ئه‌وجا به كابرای قاسیدی والیشی ووت : ئه‌گه‌ر ئه‌و پێویستی به زانستی شه‌رعییه با بێته ئێره بۆ مزگه‌وت بۆ لام یان با بێته ماڵه‌وه ، ئه‌گه‌ر جه‌نابی والی ئه‌مه‌شی پێ ناخۆشه با فه‌رمانێك ده‌ركات و كۆڕ‌و ده‌رسم لێ مه‌نع كات ..تا بۆ منیش ببێته به‌هانه‌و هه‌نجه‌تی قیامه‌تم . چونكه من زانست ناشارمه‌وه‌و هه‌ر ده‌یڵێمه‌وه .. ئیدی ئه‌مه بووه سه‌ره‌تای زویر بوون و ناخۆشی نێوان ئه‌وو والی بوخارا . ئینجا خالیدی والی كابرایه‌كی بۆ ده‌رده‌سه‌ری كرده به‌رپرس كه ناوی ئهحرەسی كوڕی ئه‌بول وهرقاء بوو ، زۆر بێ ئینسافانه كه‌وتنه زمان لێدان و تۆمه‌تبار كردنی به تاوان و فیتنه‌ی وه‌كو دروست كردنی قورئان و به‌رهه‌ڵستی كردنی دەسەڵاتی سیاسی !! تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی والی فه‌رمانی نه‌فی كردنی ده‌ركرد ..
كه ئیمامی بوخاری گهێنرایه قه‌راغ شار بۆ ده‌ركردنی ، رووی كرده ئاسمان و ئاوا پاڕایه‌وه : خوایه گیان ، ئه‌و شته‌ی نیشان ده‌ره‌وه كه له كێشه‌ی مندا مه‌به‌ستیان بوو ، خوایه له خۆیان و ماڵ و منداڵیان ده‌رهێنه‌ره‌وه ) .. مانگێكی نه‌برد خالیدی والی فه‌رمانی ده‌ركردن و زه‌لیل كردنی بۆ ده‌رچوو ، نه‌ك هه‌ر له والێتی لایان برد ، به‌ڵكو سواری ماكهرێكیشیان كرد‌و به شاردا به چاوشۆڕی گێڕایان ! ئهلحهربیش خۆی و ماڵ و منداڵی تووشی بەڵاو موسیبه‌تێكی وا بوو ، كه هه‌ر وه‌سف ناكرێت !! ( هدی الساری لا ٤٩٣ ) .
كۆچی دوایی كردنی
ئیمامی بوخاری چووه لای خزمه‌كانی له گوندی خهرتهنگی لای سه‌مه‌رقه‌ند ( ئێستا به خه‌رته‌نگ ده‌ڵێن خواجا ئاباد ) له‌وێ بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م مایه‌وه ، نه‌خۆش كه‌وت ، بۆیه خه‌ڵكی سه‌مه‌رقه‌ند به تكاو رجاوه ناردیان به شوێنی‌دا كه ته‌شریف بهێنێته شاره‌كه‌ی ئه‌وان ، ئه‌ویش رازی بوو ، ئه‌سپێكیان بۆ زین كرد و عه‌مامه‌كه‌ی له‌سه‌ر كرد‌و خوففه‌كانی له پێ كرد ، كه نزیكی بیست سی هه‌نگاوێك به‌ره‌و ئه‌سپه‌كه رۆیشت ، تا سواری بێت ، بەڵام هه‌ستی به داهێزران و نه‌ساغی كرد ، فه‌رمووی : لێ گه‌ڕێن با دانیشم ، با راكشێم ، كه راكشا كه‌وته پاڕانه‌وه‌و دوعا كردن ، ئه‌وه‌نده‌ی ئاره‌ق كرده‌وه كه خه‌ڵكی سه‌ریان سوڕما، ساته وه‌ختێكی كه‌می نه‌برد گیانی سپارد ، بەڵام تا خستیشیانه ناو كفنه‌كه‌یه‌وه هه‌ر ئاره‌قی ده‌رده‌دا !!
ئه‌وانه‌ی نزیكی بوون ، گێڕایانه‌وه كه ئه‌و شه‌وه‌ی بۆ سبه‌ی به‌ته‌ما بوو بچێت بۆ سه‌مه‌رقه‌ند ، زۆری ئه‌م دوعایه دووباره ده‌كرده‌وه :( اللهُمَّ قَدْ ضَاقَتْ بِيَ الارضُ بِمَا رَحُبَتْ ، فَاقْبِضْنِي اليكَ ) واته : خوایه ئه‌م سه‌رزه‌مینه بهرفراوانهم لێ ته‌سك بۆته‌وه ، خوایه بمبه‌ره‌وه بۆ خزمه‌ت خۆت !!
ئاوا ـ هه‌زاران ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت ـ له شه‌وی شه‌ممه دوای نوێژی عیشا كه شه‌وی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی ساڵی ٢٥٦ ی كۆچی بوو ، گیانی پاكی به‌ره‌و عه‌رشی خوای په‌روه‌ردگار به‌رز بۆوه و له ته‌مه‌نی ٦٢ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد .. رحمه الله ..
به‌رهه‌مه‌كانی
قه‌سته‌لانی ـ ره‌حمه‌تی ـ له ( مقدمه ) كه‌یدا ده‌فه‌رموێ : ئه‌مما كتێبه‌كانی ، ئه‌وه‌نده زۆر‌و به نرخ و به ناوبانگ ده‌رچوون ، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و كات و شوێنه‌ی هه‌تاوی گه‌یشتۆتێ ، یان ده‌یگاتێ و ئه‌و كات و شوێنه‌ش كه ده‌ورانی زه‌مانه‌ی به‌سه‌ردا دێت ! كه‌سیش ناتوانێت نكوڵی له فه‌زڵ و گه‌وره‌یی ئه‌م زاته پاكه بكات مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی شه‌یتان گه‌مه به ئاقڵی ده‌كات ، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه له به‌ناوبانگترین كتێبی ئیمامی بوخاری :
٢- الادب المفرد |
١- الجامع الصحيح . |
٤- القراءة خلف الامام |
٣- رفع اليدين في الصلاة |
٦- التاريخ الكبير |
٥- بر الوالدين |
٨- التاريخ الصغير |
٧- التاريخ الاوسط |
١٠- الضعفاء |
٩- خلق افعال العباد |
١٢- التفسير الكبير |
١١- المسند الكبير |
١٤- الهبة |
١٣- الاشربة |
١٦- الوحدان |
١٥- أسامي الصحابة |
١٨- العلل |
١٧- المبسوط |
٢٠-الفوائد |
١٩- الكتى |
٢١- قضايا الصحابة |
ئازادي