سواره قه‌ڵادزیی
هه‌ر چه‌نده به‌شێكی به‌رچاو له‌توێژه‌ره‌وه‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسه بیانییه‌كان كه‌نووسین و لێتوێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه چه‌كداریه‌كانی كورد بڵاوكردۆته‌وه له‌هه‌مان كاتدا چه‌ندین مه‌به‌ستی خۆیان لێوه‌كردووه به ناوئاخن، له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستانی له‌توپه‌تكراو سه‌ری هه‌ڵدابێ.
زۆرجاریش رویداوه تۆمه‌ت و بوختانی ناڕه‌وایان داوه‌ته پاڵی، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا بزوتنه‌وه چه‌كداریه‌كانی دوابه‌دوای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، كاریگه‌ری بارودۆخی ناوچه‌كه‌و ململانێی ده‌وڵه‌تانی له‌سه‌ر بووه به‌به‌شێك لهستراتیژیكی دهوڵهتهزلهێزهكان.
به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی پاڵپشتیان كردووه
ئه‌و ده‌وڵه‌تانه تاكتیك وبه‌رنامه‌كانی خۆیان تیكه‌ڵاو بهگۆرهپانی بزوتنه‌وه كوردیه‌كه‌ش كردووه، ئه‌وه‌ی له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا جێگای سه‌رنجه، هه‌ر ده‌وڵه‌تێك له‌ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ش یان ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ته گه‌وره باڵاده‌سته‌كان ..چه‌ند زه‌مینه و هه‌لومه‌رجی راپه‌ڕینی كوردان هاوئاهه‌نگ بوبێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسیه‌كانیدا، به‌قه‌ده‌ر قه‌واره‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه پشتیوانیان لێكردووه، سه‌ركرده‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یان وه‌ك چه‌كێك بۆ مه‌رامی خۆیان خستۆته‌گه‌ڕ، دواتر هه‌ركاتێك ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه له ئارادانهما، ڕوو یان لێوهرسوڕاندووهو ده‌رگای هاریكاری و كۆمه‌كیان به‌ڕویدا داخستووه‌و بگره پیلان و سهنگهرگری دوژمنكارانهشیان بۆ وه‌گه‌ڕخستووه، تا بڵیسه‌ی ئه‌و ئاگری رزگاریخوازیهی پێ بكوژێننه‌وه.
نموونه‌ی زیندومان له‌سه‌ر راستی ئه‌و باری سه‌رنجه‌مان رێككه‌وتننامه شوومه‌كه‌ی جه‌زائیری 1975 زاینییه، كه هه‌ره‌سی به‌شۆرشی ئه‌یلول هێنا.. رۆژهه‌ڵاتناسه ئه‌وروپیه‌كان و روژئاواییهكانیش، كاتیك لێتوێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامدابێ…له هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستاندا له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیانه‌وه تاووتوێیان كردووه ئینجا له‌و تاووتوێكردنهدا، چه‌ند بۆ دژایه‌تیكردنی كورد بووبێت ئه‌وه گرنگ نه‌بووه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست بووه، چه‌ند سودیان بۆ سیاسه‌ته ئابوری و سیاسی و ستراتیژیه‌كه‌ی خۆیان لێبینیوه، دكتۆر عه‌زیزی شه‌مزینی له‌كتێبه‌كه‌یدا، جوڵانه‌وه‌ی رزگاری و نیشتیمانی كوردستان..ل 62 ، ده‌ڵێ رۆژ ههڵاتناس و مێژوونوسه‌كان به‌چاكی لهجوڵانهوهی ڕزگاریخوازی كوردیان نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه و ما فی خۆیان نه‌داوه‌تێ، هه‌رچی شۆرشی كورده ئه‌م روژههڵاتناسه یان ئه‌ویتریان بوختانی بۆ كردووه، بهیاخیبونی له‌قه‌ڵه‌م داوه.
هه‌رچی رابه‌رو سه‌ركرده‌ی شۆرشی كورد بووه، به‌نۆكه‌ری بێگانه‌و دوژمنان ته‌ماشاكراون لێره‌داو له‌سه‌ر رۆشنایی سهرژمێریهكهی دكتۆر عه‌زیزی شه‌مزینی هه‌ندێك له‌م كه‌سایه‌تیه سیاسی و له‌م روژههڵاتناسانه بهخوینهران ئاشناده‌كات، كه‌ناوبراو له‌كتێبه‌كه‌یدا ڕیزبه‌ندی كردوون، به‌ڕای دكتۆر شه‌مزینی ئه‌و كه‌سایه‌تیه رۆژهه‌ڵاتناسانه‌ی كهبوختانیان بۆ جوڵانه‌وه‌و سه‌رانی كورد هه‌ڵبه‌ستووه، پیکدین له(كیرگ – موڕگان – گنتیزوڵ – چه‌رچڵ – یه‌كی رۆف – ئافیریانوفۆ)، ل(63)، ته‌نانه‌ت رۆژهه‌ڵاتناسه سۆڤیهتیهكانیش به‌ویژدانه‌وه لێتوژینهوهیان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه رزگاریخوازیهكانی كورد نه‌كردووه. هه‌ندێ روژههڵا تناسی سالی (1931) زاینی بڵاوكراوه‌ی «ڕۆژنامه‌گه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست»، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌وردی بۆ بزوتنه‌وه نیشتمانیه‌كانی كورد لێكۆڵینه‌وه‌یان ئه‌نجام نه‌داوه. لهنوسراوهكانیاندا به‌ناڕه‌واو دوور له‌راستی شیكردنه‌وه‌یان بۆ کردوه، ئه‌وان وه‌ك پاشكۆی رۆژهه‌ڵاتناسه جیهانیه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ههربزاڤێكی رزگاریخوازی كوردداكردووه…شوێنپێیان هه‌ڵگرتوون، ته‌نانه‌ت له‌نوسینی هه‌ندێ لهروژههڵاتناسه سۆڤیهتیهكانهوه له‌سه‌رانی ده‌وڵه‌تی حه‌مه‌ره‌زاشای ئیران وه‌ك-رۆژ نامه‌ی تایمز ده‌گێرێته‌وه- نوسیویانه..كورد مرۆڤی دڕنده‌یه‌و گوایه ژیانێكی خێڵه‌كی نه‌گۆڕی بۆ خۆی ڕه‌چاوكردووه، هه‌روه‌ها كورد واپیناسهكراوه كهئاژاوهگێڕه، به‌فیتی ئینگلیزه‌كان یاخیبونی كۆنه‌په‌رستانه سازده‌كه‌ن، كتێبی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتیمانی كوردستان – ل 64.
ئه‌م باری سه‌رنج و بوختانانه قه‌ده‌ر عه‌یامێكی زۆر له رۆژنامه و گۆڤاره بهناوپێشكهوتنخوازو ئاماڵ چه‌په‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و بهناوماركسیستهكان وه‌ك قه‌وان لێده‌درایه‌وه ، گومان له‌وه‌دانیه كه‌دنیای دوو جه‌مسه‌ری جاران شووره‌وی و روژئاوای سه‌رمایه‌داری، دنیای ململانێی دیكتاتۆریانهو خۆسه‌پاندن بوون، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ر لایه‌نێكیان به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی گه‌لانیان ده‌چه‌وسانده‌وه.
هه‌ر بلۆكێكیش بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی پڕوپاگه‌نده‌ی زه‌ردوسووری ده‌كرد له‌مه‌ڕ خزمه‌تی مرۆڤ و چه‌سپاندنی دادوه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
شۆڕشه‌كانیان به‌ره‌گه‌زپه‌رستی وه‌سفکردوه
بلۆكی شووره‌وی خۆی به‌مه‌ڵبه‌ندی پارێزگاریكردن له مافی چاره‌ی خۆنوسینی گهلهژێردهستهكانی دنیا ناساندبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌زارو یه‌ك تۆمه‌تی ده‌ستكردی بۆ به‌ره‌ی رۆژئاوا وه‌ك پڕوپاگه‌نده‌ی ناشیرین و تۆمه‌تباركردنی بۆ بڵاوده‌كردنه‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وان چیان له‌ده‌ستهاتبێ درێغیان نه‌كردووه له‌م ململانیێ خۆزاڵكردن و شه‌ڕی سیاسی و ئابوری و ستراتیژیه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌بووه هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك و ره‌وتێكی رزگاریخوازی لهههردهڤهرو ناوچه‌و ولاتێكدا، ده‌ستی هاریكاری بۆراكیشرابێ، ئه‌وه لایه‌نی دووه‌م دژایه‌تی كردووه‌و به‌دواكه‌وتوویی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ناماقول له‌قه‌ڵه‌می داوه، له‌سه‌روی هه‌موو ئه‌م تۆمه‌ته نارهوایانهش ده‌سته‌واژه‌ی، نۆكه‌رانی ئیمپریالیزمی بۆ كراوه به‌كراسی ئاودامان، كوردی ساویلكه‌و خوشباوهڕیش زوڕنای بۆلێداوهو له‌حه‌وت كیوان ده‌نگی داوه‌ته‌وه.
هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو كورد چ له‌ژێر سته‌می ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته هاو ئاین و هاومیژووهكهی دهچهوسیندرایهوه، سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه چهكداریهكانیش بهنهكامڵی ده‌بوونه دۆست و هاوكاری ده‌وڵه‌ته‌كانیان، جا چ به‌كاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی كاتیه‌وه بوبێت چ به‌هاندانی فه‌توای زانایه‌كی ئاینی كه‌كاریگه‌ری زوریان هه‌بوو، له‌ناو چین و توێژه جۆربه‌جۆره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، لهسهرههرپارچهیهكی به‌زۆر لێكدابڕاوی كوردستان جیا له‌م دوو خاڵه زه‌قه ده‌توانین ئه‌وه‌شی بخه‌ینه‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی ئه‌و بزاڤه كوردیانه گه‌ر ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدابێ وه‌ك نوخبه‌ی كوردیش یان سیاسه‌تمه‌دارانی كورد، له‌هیچ ڕه‌وتێكی مێژوویی و شۆڕشگێریدا نه‌یانتوانیوه ئامانجه ره‌واكانی كورد به‌گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆبوون، نه‌خشه‌یه‌كی پیشكهوتنخوازانهو شارستانیانه‌ی بۆ بكێشن و ئه‌وه بخه‌نه‌ڕوو كه‌كورد توانیویه‌تی عه‌قڵی ئاینده‌بینی به‌كار بهێنێ.
هه‌رچی كردویانه‌و بریاریان له‌سه‌ر داوه، له‌سنوری بارودۆخه ناوچهییهكهو ململانێی دوو جیهانی باڵاده‌ست تێنه‌په‌ڕیوه، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و خاڵه‌ش كه لهكۆنسهی باڵای بزوتنه‌وه‌كاندا، چه‌ند عه‌قڵی نوێ و پێشكه‌وتنخواز به‌شداری پێكرابێ، چه‌ند ئه‌وه‌نده عه‌قڵی شێخ و مه‌لاو كۆلاك و ئهعیانانی كورد، كه‌هه‌ریه‌كه به‌دیدی ویست وخواستی تایبه‌تی و جیاوازه‌وه كیسه‌یان بۆ بزووتنه‌وه چه‌كداری و سیاسیه‌كانی كورد هه‌ڵدرووه.
شكستەكان بۆ هۆكاری جیاجیا گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه
بریارو پیشكهوتنخوازی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی كوردی سته‌ملێكراو وبێچاره، كه‌بریتی بووه له‌ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوون و پێكهینانی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی نیشتمانی، زۆرجار له‌دوای هه‌ره‌سهێنانی هه‌ربزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی كورد، خوێنده‌وارێكی ئه‌و سه‌رده‌مه هۆكاری ئه‌و شكسته‌ی گێڕاوه‌ته‌وه بۆ خاڵی جۆراو جۆر وه‌ك: زه‌مینه‌ی جوگرافی باری ئابوری ده‌ستیوه‌ردانی ده‌وڵه‌تانی ده‌ورو به‌ر….هتد، به‌ڵام كه‌س له‌وه‌ی نه‌پرسیوه، ئایا سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه به‌هۆی گه‌شه‌كردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و خواسته سه‌ره‌كیه‌كانی راسته‌قینه‌ی كوردایه‌تی وه‌ك فاكته‌ریك بۆته ده‌سپێكی بزاڤه شۆڕشگێریهكه؟ ڕه‌وتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماده‌كراوی بۆ به‌رجه‌سته‌كراوه؟
سه‌ركردایه‌تی لێوه‌شاوه‌و نه‌خشه‌یه‌كی عه‌قڵانی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ روداو‌و ئاكامه‌كانی بۆ پێكهێندراوه؟ راگه‌یاندنێكی شۆڕشگێرانه‌و سیاسی چرای پێش كاروانی ئه‌و دۆزهبووه؟ كه فه‌رهه‌نگی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێری و نه‌ته‌وایه‌تی لهسهردابمهزرێ ..
هه‌ر ئه‌و نهكامڵیهش بوو، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی سه‌ركرده باڵاده‌سته‌كان داده‌نا، به‌و ههناسهسواریهوه له‌نیوه‌ی ڕێگادا: دوودڵی نه‌بونی متمانه له‌ره‌وتی بزوتنه‌وه‌كه‌ی كورددا سه‌ریهه‌ڵده‌دا، شكستی هه‌ست پێده‌كرا، له‌سه‌ر بچوكترین تێكگیران لهگفتوگوو بریاره مهركهزیهكاندا زویربوون، ساردبوونه‌وه، پاشه‌كشێ له‌نیوه‌ی ڕێگادا، ده‌ستبه‌رداربوون، خۆشاردنه‌وه‌و خۆهه‌ڵپه‌ساردن، دووركه‌وتنه‌وه له‌چالاكی ڕه‌وته‌كه هه‌ناسه‌ی له‌هه‌ستی كوردایه‌تیه‌كه ده‌بڕی.. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندپه‌رست و شێخ و ده‌ره‌به‌گ كهلایاندهدا به‌وه‌ش نه‌ده‌وه‌ستان كه بیلایه‌ن بن، بگره هه‌ڵوێستی دژهشۆرشیان ده‌گرته‌به‌ر، ئه‌و هه‌ڵوێستانه تائێستا له‌بونیادی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌و چوارچێوه هۆزگهریهی خۆی نامێنێته‌وه، به‌ڵكو به‌هه‌مان ناوهڕۆك له‌ئایدیای پارت و رێكخراوه سیاسیه‌كانی سه‌رگۆڕه‌پانی سه‌رهه‌ڵدانی نوێ لهژێررهشماڵی پێكهاته‌یه‌كی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی سیاسی كه‌بانگه‌شه‌ی مودێرنێتهو كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕه‌وتی به‌شارستانی بوون وه‌ك كه‌ڕه‌ناو ده‌هۆڵ، گوێچكه‌ی میژووی پێ كه‌ڕ ده‌كرێ، ره‌وتێكی به‌رچاوی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌یه؟ به‌بێ ئه‌وه‌ی توانرابێت هۆكاره دۆگماییهكانی ئه‌و نه‌ریته كۆنه دیاری بكرێت، هه‌ر وه‌كو كاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤانه‌ی بۆ سه‌ر دیدو بیركردنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی كوردی رون بكرێته‌وه..تاوه‌ك شۆڕشێك ئه‌م نه‌نگیه خۆخۆری و یه‌كترقبوڵ نه‌كردنه له‌فه‌رهه‌نگی پێشكه‌وتنخوازی بزاڤی كوردایه‌تیدا بۆ تاهه‌تایه بسڕدرێته‌وه؟
ئاوڕدانه‌وه یه‌ك بۆ ڕابردوو
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌میژووی دوورونزیكی روژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و وڵاتی (میزۆپۆتامیا)، لهمهڕبوون و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد و سه‌رهه‌ڵدانی بیری نه‌ته‌وایه‌تی بده‌ینه‌وه، پرسی نه‌ته‌وایه‌تی كورد وه‌ك دیاریكردن بۆ سهردهمانیكی دوورودریژ له قه‌واره‌ی فه‌رهه‌نگی خێڵدا خولی خواردوه‌و سوڕاوه‌ته‌وه، وڵاتی زاموا و ماننا جێگای به‌خێوكردنی مه‌ڕوماڵات له‌وه‌ڕاندن وئهسپداری ئه‌وان بووه ، له‌ناوه‌ڕاستی هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می (پ.ز)دا.
واتا له‌دوای قۆناغی هه‌ره‌سهینانی ده‌وڵه‌ته كۆیلهداره كۆنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی دێرین و سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی كۆیله‌داری تازه له‌سه‌ر كاولگهكانی ئه‌ماندا وه‌كو میدیا_دواتریش (پیرسیا) كه‌جێگه‌ی میدیای گرته‌وه، ئه‌مه‌ش ئاشكرایه كه‌په‌یوه‌ندی به‌هاتن و بڵاوبونه‌وه‌ی خێلهكۆچهره زمان ئیرانیهكانهوه هه‌یه، له‌ئێران وپشت قه‌فقاس و ناوچه‌كانی كه‌ناری ده‌ریای ره‌ش له‌ئاسیای بچوكدا.
هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ ژیانی كورددا لهروبهرێكی شاخاوی به‌رفراواندا، له‌جێگه‌ی بهیهكگهیشتنهوهی ریزه چیاكانی ئاسیای بچوك و(ئێرانی رۆژئاوادا) ورده ورده بایه‌خی هۆزه چیاییه شوانكاره‌كان زیاد ده‌بوو.
به‌شی زۆری ئه‌م خێلانه كه‌چه‌ند كۆنفیدراسیۆنی به‌هێزیان پێكهێنابوو خه‌ڵكی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه نه‌بوون، ئه‌مانه ئه‌و خێله سامیانهبوون كهزوتر بۆ ئه‌و ناوچه‌یه هاتبوون، ترادیسیای ئاژه‌ڵ به‌خێوكردنی كۆچه‌ریان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوو، هه‌روه‌ها ئه‌و خێلانهش بوون كه‌به‌زمانی هیندۆ ئه‌وروپی ده‌دوان، وه‌ك زانیاری و رونكردنه‌وه له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا لهورۆژگارهشدا له‌ده‌شتایی و ناو دۆل و چیاكاندا زمانی سامی زاڵبوو بو، له‌هه‌مان كاتیش‌دا له‌ناوچه چیاییهكاندا، ورده ورده زمانانی ئێرانی بلاودهبووه ، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌دا له‌و دهڤهرهپان و به‌رینه به‌تایبه‌تی له‌چیا سه‌خت و سهركهشهكاندا، هۆزه چیاییه ره‌سه‌نه‌كانی تێدا ده‌ژیان، به‌زمانی ناوچه‌یی ده‌دوان.
به‌رگریان له‌ئازادی خۆیان ده‌کرد
ئاژه‌ڵ به‌خێوكردن و شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی كشتوكاڵ وباخچهوانی تا ده‌گاته كه‌لتوری گه‌شه‌سه‌ندوویی دروستكردنی شه‌راب، هه‌موو له‌هه‌موو پێكه‌وه به‌رهه‌م دههیندرا، كاردۆخهكانیش كههۆزیكی ره‌سه‌نی كوردبوون به‌هه‌موو هیزیكیانهوه، له‌به‌رامبه‌ر هیرشی ده‌وڵه‌تانی كۆیله‌داری تازه‌و زمانی ئیرانیدا به‌رگریان له ئازادی خۆیان ده‌كرد.
كاردۆخهكان بهزمانیكی ناوچه‌یی ده‌دوان و لهدهڤهریكی سه‌خت و شاخاویدا ده‌ژیان كهدواتربهناوی « گۆردینا- له‌لای (سترابۆن ) یان (كۆردیك) له‌لای نوسه‌ره (ئه‌رمه‌نیه‌كان) ناوده‌برا»..
ئه‌م زاراوه ئیتنیكیه واتا زاراوه‌ی (كاردۆخ) له‌لایه‌ن هه‌ندێ زاناوه هه‌میشه له‌ناوی ئیستای كوردان نزیكه‌و كاردۆخهكانیش بهباپیرهگهورهی كورده‌كان داده‌ندرێن، (له‌كتێبی: نه‌ژادی كورد 133- نوسینی.ئۆ.ل–ڤیچیفسلی–وه‌رگێرانی ره‌شاد میران).
به‌م شێوه‌یه له‌زانستدا گیروگرفتی (ئیتنۆگنیزی) میلله‌تی كورد یه‌كسه‌ر به‌ره‌نگاری ئه‌لته‌رناتیڤێك ده‌بێته‌وه، باپیره گه‌وره‌ی كورده‌كانی ئیستا یان كاردوخهكانن كهپیشهیان كشت‌وكال بووه‌و ناویكی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا هه‌بووه، یان ئه‌وه‌تا باپیره گه‌وره‌كه‌یان ئه‌و هوزه چیاییه شوانكارانهن كه‌به‌هیچ شیوه‌یه‌ك ره‌نگیان له‌ناوی كورد‌و هوزه كوردیه‌كاندا نه‌داوه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا، چه‌ندین روژههڵاتناس لێتۆژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر نه‌ژادی كوردزمان و كلتوری ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ئه‌نجامداوه
*(یه‌كیك له‌نوینه‌رانی ئه‌ڵمانه‌كانی روسیا)ی ئه‌كادیمیای پیتربورگ
*(ئا-ئا-كۆنیك) ئه‌م رایه ده‌هێنێته‌وه ئارا، ســــــهرلهنوێ دایڕشتۆته‌وه، ئا_ئا_ كۆنیك به‌پشتگیری زانیاریه مێژوویه‌كانی په‌یوه‌ست بهكوردو كلتوره دێرنهكانی رۆژهه‌ڵاتی نزیك نیشان ئه‌دات و به‌یاریده‌ی مه‌سه‌له‌ی ره‌سه‌نی ئێرانی زمانی كوردی كه‌ئه‌و سه‌رده‌مه له‌زانستدا چه‌سپابوو، لهتۆژینهوهكهیدا هه‌وڵده‌دات ره‌سه‌نایه‌تی ئێرانی و ئێرانیه‌تی نه‌ك هه‌ر خالیدیهكانی ئینجیل، به‌ڵكو هه‌موو كلتوره كۆنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نزیك بسه‌لمێنی..ئێ-ریتانی) رۆژهه‌ڵاتناس، ئه‌م بۆچونه‌ی په‌ره‌پێداو بڵاوکرده‌وه، لهروسیاشدا به‌یاریده‌ی (د.دۆرن) كهلهڕاكهی كۆنیكهوه نزیك بوو، ئه‌م بۆچوونه ده‌بێته ناوه‌رۆكی كتێبی : پ-لیرخ –قوتابی (د-دۆرن )، به‌لای(پ- لیرخهوه) قسه‌ی له‌سه‌ر نیه: كورده‌كان (ئه‌و خالیدیه ئێرانی و چیاییه به‌هێزو جه‌نگاوه‌رانه‌ن كهلهههزاری سێیه‌می (پ.ز)دا، بۆ ده‌شتاییه‌كانی دیجله‌و فورات دابه‌زین و خێله سامیه لاوازه‌كانی بابل سهرپێشۆركردن، دهولهتهكهیان زیندوكرده‌وه، له‌كتێبی (نه‌ژادی كورد-نوسینی: ئو.ل –ڤیلیچیڤسكی )-وه‌رگێرانی –ره‌شاد میران ل 137، له‌بواری مێژووی كۆنی میلله‌تی كورد، چه‌ندین سه‌رچاوه له‌نزیك و دووره‌وه قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌ژادی كورد- كلتور‌و زمانی كوردی كردووه، كه‌له‌ڕووی نه‌ژاده‌وه كورد‌و ئارین.
له‌زمانه زیندووه هیندۆئهوروپاییهكانه
زمانی كوردیش له‌بنه‌ره‌ته‌وه له‌زمانه زیندووه هیندۆ ئه‌وروپیه‌كانه، وه‌ك ره‌سه‌نایه‌تی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه، هه‌زاران ساڵه له‌سه‌ر خاك و شوێنه‌واری باوك و باپیرانی ده‌ژی، كه‌پێی ده‌وترێ كوردستان.
ئه‌گه‌رچی له‌دێر زه‌مانه‌وه له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی هۆزو دواتریش سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌كان و رۆژگاری ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌م نه‌ته‌وه سته‌مدیده‌یه توانیویه‌تی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بۆی لوابێ به‌رگری له‌بوون و كلتور‌و خاك و زمانی خۆی بكات، قوربانی زۆری بۆ داوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بێ به‌زه‌ییانه ده‌ستیان خستۆته قورگی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه، تا نه‌یه‌ڵن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ناسه بدات (ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له(9/4/2003)دا‌و له‌گۆڕنانی سته‌مكارترین ڕژێمی شۆڤێنی وه‌ك حزبی به‌عس و سه‌ر هه‌ڵدانی حكومه‌تێكی خاوه‌ن ده‌ستورو فیدڕاڵخوازو دیموكراس.
چه‌ندین كێشه‌ی كۆنی سه‌رده‌می ڕژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حسێن به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه، له‌نموونه‌ی كێشه‌ی كه‌ركوك و ماده‌ی 140 ی ده‌ستور که یهكلانهكراوهتهوهو به‌پێی پێوه‌ری دیموكراسخوازی و ئازادی و ماده ده‌ستوریه‌كان، ده‌بو له‌ئیداره‌ی حوكمه‌ته‌كه‌ی جه‌عفه‌ریه‌وه چاره‌سه‌ر بكرابایه.